Skip to Content

Sunday, October 24th, 2021

دیدی یه‌ک پارچه‌یی خاکی ئێراق و یه‌ک ده‌وڵه‌تی سه‌رتاسه‌ری…

Be First!
by August 31, 2008 گشتی

  دیدی یه‌ک پارچه‌یی خاکی ئێراق و یه‌ک ده‌وڵه‌تی سه‌رتاسه‌ری
مانای پێشێلکردنی مافی پێکهاته……‌ 
 ‌کامه‌ران عه‌زیز

 
 
 ( کیشه‌ له‌وه‌دا نی‌یه‌ جیاوازی مرۆڤه‌کان زۆرن یان که‌من ، کێشه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ نه‌توانرێت
 مافه‌کانیان بسه‌لمێنرێت .. بدرێت .. قبوڵ بکرێت ..! )

 
 گه‌ر له‌ ڕووی مێژوویه‌وه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵگای ئێراق بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که‌ ئه‌م‌ کۆمه‌ڵگایه‌ خاوه‌نی چه‌ند پێکهاته‌یه‌کی جیاوازی نه‌ته‌وه‌یی و  ئیتنی‌  سه‌ره‌کی‌‌یه‌ و هه‌ر پێکهاته‌ش له‌ جێ ژینگه‌و شوێنی جوگرافی خۆیدا به‌رده‌وامی به‌ژیان ومانه‌وه‌و پاراستنی نه‌سڵی سروشتی خۆی داوه‌ . وه‌ ئه‌م پێکهاتانه‌ له‌ هه‌ر سات و سه‌رده‌مێکدا ململانێ‌ی شوێنی جوگرافی و کولتورو فه‌رهه‌نگ و زمان و مافی میللی و ئایینی خۆیان کردوه‌ و قوربانیان بۆ داوه‌ و تایبه‌تمه‌ندی پێکهاته‌ی خۆیان  به‌ سه‌ر ڕژێمه‌ سه‌رتاسه‌ری و دیکتاتۆره‌کاندا سه‌پاندوه‌  .
 وه‌ ڕژێمه‌ شمولیه‌ یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌کانی ئێراق که‌ له‌ سه‌ربنه‌مای مافی یه‌کسانی و گشتی پێکهاته‌کان و شۆڕش و ڕاپه‌ڕینی خۆڕسکی کۆمه‌ڵگای ئێراق  نه‌هاتونه‌ته‌ بون ، وه‌‌ به دوور له‌ خواستی خه‌ڵکی ئێراق و له‌ ناکاو و له‌ ئه‌نجامی کوده‌تایه‌کی سه‌ربازی و به‌ ده‌ستی سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تانی کۆڵۆنیالی هاتونه‌ته‌ سه‌ر حوکم و ده‌سته‌ڵاتیان گرتۆته‌ ده‌ست و ده‌وڵه‌ت و ڕژێمێکی سه‌رتاسه‌ری و  تاک ڕه‌هه‌ندی و تاک سه‌رۆکی  به‌ پێشێل کردنی مافی پێکهاته‌کانی دی‌ی ئێراق  پێکهێناوه‌  . بۆیه‌ ده‌توانین بڵێین ده‌وڵه‌تی سه‌رتاسه‌ری ئێراق ، یه‌ک پارچه‌یی خاکی ئێراق و یه‌ک په‌رچه‌می یه‌ک ئیداری و یه‌ک ده‌سته‌ڵاتی ئێراق دووربینیه‌کی باش بوه‌ بۆ داگیرکاران و کۆڵۆنۆنیالیه‌کانی  ئه‌وسای ئێراق، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ڕێگای ئه‌و جۆره‌ ڕژێمه‌وه‌ به‌ ئاسانی کۆنتڕۆلی ته‌واوی ئه‌و وڵاته‌ بکه‌ن ،تا کار و بار و به‌رخوردیان ته‌نها له‌ گه‌ڵ یه‌ک ده‌سته‌ڵات و حوکومه‌تدا یه‌کلا بکه‌نه‌وه‌ ، تا به‌ زۆری به‌رژه‌وه‌ندی‌یه‌ ئابوری و سیاسی‌یه‌کانیان بگه‌ن . واته‌ دروست بونی ڕژێمه‌ سه‌رتاسه‌ریه‌کانی ئێراق نه‌ک نه‌یتوانیوه‌ مافی پێکهاته‌کان به‌ ده‌ست بهێنێت و مسۆگه‌ر بکات به‌ڵکو وه‌سیله‌یه‌کی هێریش به‌ریش  بون بۆ لێ سه‌ندنه‌وه‌و بێبه‌ش کردنی پیكهاته‌کان له‌ هه‌موو مافێکی ئابوری و سیاسی و میللی و فه‌رهه‌نگی خۆیان تا ئاستی جینۆسایدو پاکتاو کردن و سڕینه‌وه‌ . که‌ هه‌ر ئێستا ده‌وڵه‌تی ئێران و تورکیا و سوریا و ڕێکخراوه‌ ئیسلامی و فاشیه‌کانی ئێراق نمونه‌یه‌کی زیندوون .
 گه‌ر ئێمه‌ زیاتر له‌ تاک ده‌سته‌ڵات و تاک حیزبی  ڕژێمی دڕنده‌ی سه‌ربازی به‌عس ده‌ست پێ بکه‌ین ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه‌ ، که‌ له‌ سایه‌ی ئه‌م ڕژێمه‌دا هیچ ڕه‌هه‌ندێکی تری فکر و بزاڤی سیاسی دی نه‌ی ده‌توانی به‌ ئاشکرا و به‌ قانونی چالاکی بکات و خۆی به‌ کۆمه‌ڵگا بناسێنێت ، ده‌رگای له‌ هه‌موو بیرکردنه‌وه‌یه‌کی تاک و کۆی تری جیاوازی کۆمه‌ڵگای عێراق داخستبو ، وه‌ به ‌دیکتاۆری خۆی  توانێبوی هه‌موو بزوتنه‌وه‌و و ره‌هه‌نده‌ جیاوازه‌کانی ئێراق به‌ تاکه ‌فکرو تاکه‌‌ سیاسه‌ت و تاکه‌ سه‌رۆک و تاکه‌ به‌رنامه‌ی ناسێۆنالێزمی عه‌ره‌بی  خۆی یه‌ک ڕه‌نگ بکات و دا ببۆشێت . وه‌ توانیبوی هه‌موو مافه‌ تایبه‌تی و گشتیه‌کان له‌ پێکهاته‌ جیاواز و نه‌گونجاو به‌ ده‌سته‌ڵاتی ، زه‌وت بکات .
 وه‌ هیچ میلله‌تێکی تر نه‌ک هه‌ر بۆی نه‌بو باسی مافی جیایی و میللی و نه‌ته‌وه‌یی و ده‌سته‌ڵاتی سه‌ربه‌خۆی خۆی  بکا ، به‌ڵکو به‌رنامه‌ی داهاتوی پێش مه‌رگی ئه‌وه‌ بوو  که‌ میلله‌تی جیاوازی دژی ده‌سته‌ڵات  له‌ ئێراقدا به‌ ته‌واوی پاکتاو بکات و بسڕێته‌وه ،‌ به‌ تایبه‌ت کورد جونکه‌ کورد له‌ هه‌موو ڕویه‌که‌وه‌ نامۆ بوو له‌و ده‌وڵه‌ته‌  .
 
 ئه‌م شێوازه‌ شمولیه‌ی به‌عس ئێراقی کرده‌  زیندانێکی گه‌وره‌ بۆ پێکهاته‌کانی  که‌ ده‌بوایه‌  هه‌موو بۆ شکاندنی ده‌رگای ئه‌و زیندانه‌  ده‌ستیان له‌ نێو ده‌ستی یه‌کدا بوایه ( تا ده‌ره‌وه‌ی زیندانه‌که‌ )، وه‌ به‌ خواست و داوای مافی تایبه‌تی خۆیانه‌وه‌ .وه‌ ئه‌م جۆره‌ی حوکم‌ بوه‌‌ هۆی دروست بونی بێزاری و ناڕه‌زایه‌تی پێکهاته‌ بێ به‌شه‌کانی ئیراق ، له‌هه‌ناوی ئه‌م نه‌زم و نیزامه‌دا  چه‌نده‌ها گروپ و ڕێکخراو و حیزبی جیاوازی وه‌ک خۆی توندو  ڕه‌ق هێنایه‌ بون و ده‌ستیان بۆ چه‌ک و جه‌نگ برد ، دژی ئه‌م ڕژێمه‌ تێکۆشان و خه‌باتیان کرد و خوێنیان ڕشت و قوربانیان دا ، به‌ کورد و عه‌ره‌به‌وه‌ به‌ ئه‌فکاره‌ جیاوازه‌کانه‌وه‌ به‌کۆمۆنیست و ئیسلامیه‌وه‌ ، هه‌ریه‌که‌شیان به‌ مه‌هامی جیای خۆیانه‌‌وه‌ ، بۆ نمونه‌ عه‌ره‌به‌کانی شیعه‌ بۆ شیعه‌یی خۆیان ،  وه‌ ڕێکخراوه‌ ئیسلامی‌یه‌کانی تریش له‌ چه‌شنی ئیخوان و وه‌هابیه‌کان و توندڕه‌وه‌کان  بۆ ده‌سته‌ڵاتی ئایینی خۆیان و به‌ ئایین کردنی ئێراق تێده‌کۆشان ، نه‌ک بۆ کێشه‌ی کورد ، وه‌ بزتنه‌وه‌ی میللی کوردیش بۆ ڕزگاربون له‌ سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و جیابونه‌وه‌و ڕزگاربونیان  له‌ یه‌ک پارچه‌یی خاکی ئێراق خه‌باتیان ده‌کرد ، مه‌به‌ست بزوتنه‌وه‌و ناڕه‌زایه‌تی و قوربانی خه‌ڵکی بێ به‌ش و سه‌ربه‌خۆی کوردوستانه‌ نه‌ک (حیزبه‌کانی کوردوستان ، چونکه‌ ئه‌وانیش بۆ مه‌هامی تایبه‌تی و  ده‌سته‌ڵاتی تایبه‌تی خۆیان تێکۆشان  که‌ ده‌سته‌ڵاتی نا عادیلانه‌ی ئه‌مڕۆیان به‌ڵگه‌یه‌کی زیندوو و ڕۆشنه‌ ) .
 
  به‌ ڕوخاندنی ئه‌م ڕژیمه‌ له‌لایه‌ن ‌هێزی هاوپه‌یمانانی ئه‌مه‌ریکا به‌ ئیستیفاده‌ کردن له‌ به‌ره‌ی سه‌ر به‌ هاوپه‌یمانان  و ناڕازی  جه‌ماوه‌ر ،  هه‌مووڕه‌نگه‌ جیاوازه‌کان و ڕه‌هه‌نده‌ جیاوازه‌ فکری و سیاسی و مه‌زهه‌بی و میللی‌یه‌کان ده‌رکه‌وتن و هاتنه‌  بۆشایی مه‌یدانی ده‌سته‌ڵاتی پێشو و نمایشی سیاسی خۆیان ده‌ست پێکرد ، یه‌ک بون  و هاوکاری و  شه‌ڕ و ئاشتی له‌ نێوانی ئه‌م پێکهاته‌ سیاسیه‌نه‌دا دروست بوو ، سنوره‌ جوگرافی‌یه‌کانیش له‌ نێوانیاندا جێگیر بو وه‌ ده‌سته‌ڵاتی جیایی خۆیان تێدا دامه‌زراند  . که‌سنوری جوگرافی عه‌ره‌ب و کورد که‌ له‌ مێژه‌وه‌ دوو ناوچه‌ی جوگرافی سه‌ره‌كی جودا بون ، که‌ جیایی .. نه‌ته‌وه‌یی.. مه‌زهه‌بی ..زمان .. کولتور.. بنه‌مای  گرنگی ئه‌م دوو سنوره‌ جۆگفرافیا مێژویی‌یه‌ جیاوازه‌ بون به‌ زه‌قی دهرده‌کوه‌ێت .
 
 
  که‌ ئێستا له‌ ژێر سایه‌ی دوو ئێداره‌ی حیزبی_ سیاسی میلیشیایی جیاواز دوو ده‌سته‌ڵاتی جیاواز ده‌ژین به‌بێ ئاوێزان بون و تێكه‌ڵ بونی ڕاسته‌وخۆی کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی و دینی ، که‌ ئه‌م دوو ناوچه‌ جوگرافیا‌یه‌ هیچ هاو به‌شیه‌ک له‌ نێوانیاندا نه‌بوه‌ بێجگه‌ له‌ یه‌ک ده‌سته‌ڵاتی سیاسی ،  یه‌ک هێزی سه‌ربازی  ،  یه‌ک قائیدی سه‌رکوتکه‌ر و یه‌ک ده‌وڵه‌تی سه‌پاوی هاوبه‌ش .
 
 ‌به‌ کۆتایی هاتنی ئه‌م ڕژێمه‌ هار ‌و پاوان خواز و تاک ده‌سته‌ڵاته‌ی  به‌عس و سه‌دام ، ئه‌و دیوارو چوارچێوه‌ ترسناک و سه‌پاوه که‌ سه‌رتاسه‌ری ئێراقی داگرتبو ڕما و له‌م هه‌ل ومه‌رجه‌  کراوه‌دا ، میلله‌ت و پێکهاته‌ جیاوزه‌کان  ئیمکانی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ مافه‌ مێژوویی و سروشتیی‌یه‌کانیان په‌یداکرد و تا به‌ ته‌واوی ڕزگاریان ببێت و به‌ ئارامی ژیان بکه‌ن .
   به‌ڵام  فکر و سیاسه‌تی شمولی و موتڵه‌قی حییزبه‌ ئیسلامی و فاشیه‌کانی عه‌ره‌ب و عه‌قڵی کورت و ته‌ماعخوازی سه‌رکرده‌ی حیزبه‌ کوردیه‌کان بونه‌ کۆسپ له‌ سه‌ر دروستبونی جیایی و سه‌ربه‌خۆیی پێکهاته‌ سه‌ره‌کیه‌کان ، جارێکی تریش به‌ ناوی دیموکراتی و په‌رله‌مانه‌وه‌ بۆئێراق و به‌ ناوی وه‌حده‌ی ئێراقه‌وه‌ نه‌یانهێشت پێکهاته‌کان به‌ مافی مێژوویی خۆیان بگه‌ن ! وه‌ جارێکی تریش ده‌یانه‌وێت ئه‌م وڵاته‌ یه‌ک ڕه‌نگ و یه‌ک پارچه‌ بکه‌نه‌وه‌‌ یه‌ک ده‌سته‌ڵاتی شمولی و سه‌رتاسه‌ری تێدا پێکبهێنن ‌ ، که‌ مافی هه‌موو پێکهاته‌ جیاوه‌زه‌کان بکه‌نه‌‌ قوربانی پاراستنی تاکه‌ مافی ناوه‌ندی (مرکز) ئێراق و ناوه‌ندی ئێراق به‌ پێ‌ی سروشتی پێکهاتن و چۆنیه‌تی و چه‌ندیه‌تی پێکهاتنی ، مافی پێکهاته‌کانی تری نیو ئێراق چاو لێ بکه‌ن و بپارێزن  ، هه‌ر وه‌ک ئه‌مڕۆ ده‌بینن  که‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی ئێراقدا که نه‌ک هه‌ر‌ ناوی کورد و کوردوستان به‌ سه‌ر زاریاندا نایه‌ت ، کاریش بۆ ئه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ کورد له‌ مافه‌ نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌کانی دوور بخه‌نه‌وه‌و جارێکی تریش به‌ پاشکۆیی بیهێڵنه‌وه‌ و بیگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ ژێر په‌رچه‌می سه‌رتاسه‌ری ڕه‌شی ئێراق .
  ئێستا وشه‌ی  ئێراق ، کۆمه‌ڵگای ئێراق ، خاکی ئێراق ، ده‌وڵه‌تی ئێراق ، ده‌سته‌ڵات له‌ ئێراق ، له‌ ژێر پرسیاردایه‌ ؟ خه‌ریکه‌ دابه‌ش بونه‌کانی جێگیر ببێت و ئێراق ‌بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سروشتی پێکهاته‌ی خۆی گه‌رهێزه‌ شمولیه‌خوازه‌کان و دیکتاتۆره‌کان و وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ و دراوسێکانی واز بهێنن .
 له‌ ئێستاشدا گه‌ر ڕاپرسی گشتی بکرێت هیچ پێکهاته‌یه‌کیان نایه‌نه‌وێت تێکه‌ڵ به‌ یه‌ک بن …! گه‌ر هه‌ر هێزێک له‌ ئێستادا بیه‌وێت ئه‌م پێکهاتانه‌ بکاته‌ یه‌ک و حوکومه‌ت و ده‌سته‌ڵاتی هاوبه‌شیان بۆ دروست بکات ، یان هه‌ر هێزێک مافی جیایی و سه‌ربه‌خۆیی بۆ هه‌ر پێکهاته‌یه‌ک نه‌سه‌لمێنێت ئه‌وا ده‌بێت ڕێگای سه‌رکوت و دیکتاتۆری و سڕینه‌وه‌ بگرێته‌ به‌ر ، په‌نا بردنیش بۆ ئه‌م ڕێگایه‌ مانای دروست بونی شه‌ڕ و جه‌نگ( شه‌ڕ و جه‌نگی ناوخۆیی نا ) به‌ڵکو شه‌ڕی بێ ماف کردن و  به‌ ده‌ستهێنانی ماف و سه‌لماندنی مافی جیایی .
 که‌واته‌ بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕ و کێشه‌ له‌ نێو پێکهاته‌کان کۆتا بکرێت و ئارامی بێته‌ بون ده‌بێت مافه‌ جوگرافی و ئابوری و سیاسی و فه‌رهه‌نگیه‌کان  بۆ پێکهاته‌کان بگه‌ڕینرێته‌وه‌ و  له‌ ئێستادا دیدو بڕوای یه‌ک ده‌وڵه‌تی سه‌رتاسه‌ری و یه‌ک پارچه‌یی و یکگرویی خاکی ئێراق له‌ بیر بکرێت و هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌ ..!
  
 به‌هۆی ئه‌و بارودۆخه‌ی که‌ له‌ کوردستان هاتۆته‌ پێشه‌وه‌ ،به‌باشم زانی سه‌رله‌ نوێ ئه‌م وتاره‌ بڵاو بکه‌مه‌وه‌…
                  24.07.2007
 

Previous
Next

Leave a Reply