Skip to Content

Sunday, September 20th, 2020

سه‌فه‌ر… حەمە سەعید كەلارى

Be First!
by January 17, 2008 ئەدەب

   (راستە خۆ من، نە بە شێوە نەبە تەمەن كەڵكى دڵداریم نەماوە
 بەڵام چبكەم كەوا ئەوین وەك پەتایەك سەرى لە گیانما هەڵداوە
 " پۆشكین "
      1-
  هەتا باى ژەهراوى سەفەر
 شیعرى  تەڕچكم پیر  نەكا
  وەرە تێرمكە لە ڕشاقەتى پێكەنین
  بەچپە دووى شەكەر بارت
  دەمم  پڕكە
  لە سوورایى دەنكە نارى مزرى ئەوین
 پێش هەڵهاتنى هەسێرەى كاروان كوژە
 كونجێك لە دنیایى دڵى خۆتم بۆ وازكە و
 لە دڵى گەورەم بڕوانە
 غەیرى غەمی كەنارییەكى دڵشكاو
 هیچى ترى تیادا نییە
 گەرووم هەڵدڕەو بژنەوە
 پڕە لە ئاوازى خنكاو ،
 لە پێنجەمین وەرزى ساڵدا
  دڵم چۆڵكەو (وەرە نێو جەنەتى دیدەم) *
 ئالەوێوە  نیگاى پەپوولەیەكى بێ داڵدە بكە
 ئەوە رۆحى تامەزرۆمە
  تاسەى  تەماشاى  ناشكىَ و
  بەسەر كەڵە گیایەكەوە هەموو جەستەى بوە بە چاو
                                     
                         2-
 شەوىَ لە تەك یەكەم فەسڵى دوا نۆڤلێتى منداڵیما
 لە ساتێكى بەهاریى پڕ مەحەبەتدا
 گوڵە چنەى پەرێزى تەمەنم دەكرد
 دەنگى ئەو بوو، دنیاى خەیاڵى پەرتبووى كردە چراخان
  خوڵكى گەرمى شەوە شیعرم بێسەمەر بوو
 دادى نەدام
 بەدەم دەرگاى ژوورى بێدەنگیەكى پڕ كوشندەوە
 هەڵتروشكا
 چاوەڕوانیم شین بوو بەدیار ئەرخەوانى تەماشاوە
 هەند تێى ڕوانیم  دوو چاوى بون بەدوو كانى
 دوو چاوم بوون بە هەسێڵى بەر باخچەى گوڵ 
 وەكو بەفر كلۆ كلۆ شى بوومەوە
 باریم  بەسە ر چنارى  باڵاو بژنیدا
 بێفایدە    بوو
 كەمىَ كوڵمى  ئاونگى گرت
 گۆناى شەرمى سوور هەڵگەڕا
 سەیر بو كەچیى
 خونچەى دەمى هەر نە پشكوت !!
 وەكو جاران پێى نەوەتم
 دەدەى شێتە ،نەختىَ خەمى خۆشەویستى بدە بادا
 باڕۆحم مەست بىَ بەعەترى گوڵە شەوبۆ
 نەیوت :
  ئوَوَ هۆۆ بێقەزابیت
 ئەم چەپكە تامەزرۆییە
 تاكەى بەدەم بێدەنگیەوە بژاكىَ؟
 بیشەكێنە
  باهەست پڕبىَ لەبۆنى ڕشە ڕەیحانە
 ئەو شەوە ئەو مەكربازە
 بێ لە دانە ڕێزى فرمێسك 
 گوێلىَ نازى نەباران بەسەر رۆحمدا
 ماڵئاوایى كردو رۆیشت .
 
                     3-
 لەماوەى ساڵە شیعرێكدا
 ریشى رەشى چامەى شیعرم بوو  بە  لۆكە
 دووانزە مانگە  بە پێوەرى عیشقێكى شێت
 هەند روانیمە ئاسمانى شینباوى  بەڵێن
 دوو چاوى تاسەم ئەبڵەق  بوون
 كەچى دەمەو بەیانیانىَ شەونم ئاسا
 نەباریە سەر گوڵزارى  خەونێكمدا
 جارىَ نەیكرد (بادى خۆش مروور) رابسپێرىَ و پێى بڵىَ:
 (قربانى تۆزى رێگەت بم)**
 بەم ناو نیشانەى خوارەوە ،
  ئەم نامەیەم بگەیەنە ( كاكە حەمە)
 كوردستان
 پیرە شارى نوێپۆش
  (قەریە)ى ئەوساو گەڕكى تازەى (بەختیاریى)
 كۆڵانى ژمارە " هیچ "
 نزیك ماڵى سیاچەم
 بەرانبەر خانووى ژمارە حەوت لەسەر   هەشتى كەوڵ ئاڵۆشین ،
 رۆژىَ نەیكرد بەباڵى پەڵە هەورێكى ئاوس بە فڕینى وەفا
 پۆستێكم بۆ رەوانەكا
 بڵىَ هاوڕێم
 ئەوە كەوچكێ وزمەى سەوز
 ئەمەشیان كیسەیەك زەردە خەنەى قاچاخ
 لە (قەسرشیرین )ى عەشقەوە بەدیاریى دەینێرم بۆت
 قژى  چامە شیعرەكەتى پىَ رەنگ بكە
 ئەوەش پڕ بە چاڵیى ناوكى كیژە شیعرێكى پێست مێوژیى بە هەشتیى
 حەشیشەى زەرد
 سەرى گێژى شەوێكى هەینیى هۆشنكە ،
 پاش گۆچى ئەو گشت ویژدانە
 دواى مەرگى خۆم
 بە (یاهوو)ى چاوشینا رۆژىَ
 پرسە نامەیەكى نەنارد
 بە (دانا) بڵىَ :
 عەزیزەكەم ،قەترە قەترە
  فرمێسكى چاوە حۆلەكانت
  تەمى  پڕ حوزنى روخسارت  
 حەسرەتى توێژ بەستوى لێوە وشكەكانت
  بە ماچ دەسڕم
 "مرۆدۆس" ، ئامانەتى عەشقى بۆ تۆ بە جێهێشتبىَ
 خۆم خۆش
 شیعر سەڵامەت.
  *"نالى" دەفەرموێ :
 تۆ كە حۆریت ، وەرە نێو جەنەتى دیدەم ، چ دەكەیت
 لە دڵەى پڕ شەرەرو سینە ى سۆزانمدا؟! 
 ** هێمایە بۆ چامە ناودارەكەى "نالى " كە  لە وڵاتى شامەوە بۆ سالمى ناردوە
  دەفەرموێت  (  قوربانى تۆزى ریگەت بم ئەى بادى خۆش مروور ……)
 "دانا" كوڕە بچكۆلەى شاعیرە  .
 
 

Previous
Next

Leave a Reply