Skip to Content

Sunday, May 9th, 2021

قوربانی …. پۆڵا سەعید

Be First!
by December 11, 2012 گشتی

 

 

 

کۆمه‌ڵگای کوردیی وه‌ک هه‌ریه‌ک له کۆمه‌ڵگاکانی جیهانی سێ، لێوانلێوه له کاره‌سات. ڕۆژێک بێ ڕوودانی کاره‌ساتی کۆمه‌ڵایه‌تیی له‌و نیشتیمانه‌دا بوونی نییه. ئه‌وانه‌ی، که ده‌که‌ونه به‌رچاو، ته‌نها ئه‌و ڕێژه که‌مه‌ن، که له ڕێگای میدیای کوردییه‌وه پێمانده‌گات، لێ به‌شێکی گه‌وره‌ی کاره‌ساته‌کان له تاریکییدا ده‌مێننه‌وه. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه: قوربانیی کێیه‌ له‌ناو ئه‌م هه‌موو پراکتیز‌ه‌کردنی تووندوتیژییه‌دا؟ دوعا یان به‌رده‌بارانکه‌ره‌کانی؟ لوت و گوێچکه بڕاوه‌کان یان ئه‌وانه‌ی لوت و گوێچکه‌کانیان بڕیوه؟

تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگای ئێمه به‌وشێوه‌یه مامه‌ڵه ده‌که‌ن، که فێربوون، به‌وشێوه‌یه چاره‌سه‌ری کێشه‌کانیان ده‌که‌ن، که فێربوون، ئاخۆ ئه‌مانه ده‌توانن به‌شێوه‌یه‌کی تریش مامه‌ڵه بکه‌ن، یاخوود ئاخۆ ده‌توانن بێجگه‌له‌وه‌ی بکووژن، لوتببڕن، ده‌ستدرێژیی سێکسیی بکه‌ن …هتد. شتێکی تریش بکه‌ن، به واتایه‌کی تر نه‌کووژن، لوت نه‌بڕن، ده‌ستدرێژیی سێکسیی نه‌که‌ن؟ ئه‌گه‌ر فه‌لسه‌فییانه وه‌ڵام بده‌ینه‌وه ئه‌وا مامه‌ڵه‌کانیان پابه‌ند ده‌که‌ین به ئازادییه‌وه و ده‌ڵێین: به‌ڵێ ئه‌وان له‌بری ئه‌م کرده خراپانه ده‌توانن شتێکی تریش بکه‌ن، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، که کرده‌ی خراپ نه‌که‌ن و بچن شتێکی تر له ژیانی ڕۆژانه‌‌یاندا بکه‌ن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر پسیشۆلۆگییانه وه‌ڵام بده‌ینه‌وه ئه‌وا ده‌ڵێم: نه‌خێر ناتوانن شتێکی تر بکه‌ن بێجگه له‌م کاره خراپانه. مامه‌ڵه‌کانی ئه‌مانه له پرۆسه‌یه‌کی فێربووندا کراوه به سروشتی ئه‌وان، به‌مشێوه‌یه پسیشۆئه‌نالیزیانه ئه‌مانه له سروشته‌وه خراپن. کارێکی مه‌حاڵه ئه‌مانه فێری شتێکی تربن، ئه‌گه‌ر له‌ژێر چاودێریی په‌روه‌رده‌یه‌کی نوێشدا بۆ فێربوونێکی نوێی باشتر یارمه‌تیی ئه‌مانه بدرێت، ئه‌وا پێویسته زیاد له نیوه‌ی ته‌مه‌نیان له‌م پرۆسه‌یه‌دا خه‌رج بکرێت، به‌وهیوایه‌ی، که نه‌ک خودی خۆیان به‌ڵکوو نه‌وه‌کانیان له ئاینده‌دا وه‌ک ئه‌مانیان لێنه‌یه‌ت. چاککردنی کۆمه‌ڵگا له چاککردنی تاکه‌کانه‌وه ده‌ستپێده‌کات.

ده‌ستدرێژیی سێکسیی به‌گشتیی، به‌شێکه له کولتووری پیاو. ئه‌وه‌ی لێره‌دا پراکتیزه‌ ده‌کرێت بریتییه له ده‌سته‌ڵات، واته پیاو ده‌یه‌وێت ده‌سته‌ڵاتی خۆی به‌سه‌ر که‌سی دووهه‌مدا بسه‌پێنێت. له‌کاتێکدا سێکس پرۆسه‌یه‌کی ڕۆحییه بۆ پێدانی ئه‌نه‌رگیی زیاتر به ڕۆح، که‌چیی مرۆڤ وه‌ک چه‌کێک بۆ چه‌وساندنه‌وه و شکاندنی شکۆی تاکه‌کان به‌کاریده‌هێنێت. به‌وپێیه‌ی، که له جیهانی سێدا سێکس پایه‌یه‌کی پته‌وی شکۆی تاکه، هه‌میشه بۆ شکاندن به‌کارده‌هێنرێت. ئه‌و تاکه‌ی له هه‌بوونی کێشه‌یه‌کدا پراکتیزه‌ی سێکس ده‌کات، ئامانجی تێیدا شکاندنی شکۆی به‌رانبه‌ره‌که‌یه. له کۆمه‌ڵگایه‌کی وه‌هادا تاک فێرنه‌بووه مامه‌ڵه‌یه‌کی تر له‌گه‌ڵ کێشه‌کانیدا بکات، به‌مشێوه‌یه ده‌ستدرێژیی سێکسیی به‌شێکه له سروشتی ئه‌و.

ده‌ستدرێژیی سێکسیی  له ژن و مێردایه‌تییشدا بوونی هه‌یه، پیاو لێره‌دا پراکتیزه‌ی سێکس وه‌ک تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه و شکاندنی شکۆی ژن ده‌کات، پێچه‌وانه‌که‌شی ڕاسته. به‌شێک له پیاو سادیستانه پراکتیزه‌یه‌کی ڕادیکاڵانه‌ی سێکس ده‌که‌ن، ئالێره‌دا درک به تێکچوونێکی نۆیرۆزانه‌ی تاک ده‌کرێت، که له بارێکی ئاساییدا شاراوه‌یه.

 

ئه‌وانه‌ی وه‌ک بکه‌ر پراکتیزه‌ی ئه‌مجۆره تووندوتیژییانه ده‌که‌ن، هیچ نین بێجگه له قوربانیی. ئه‌مانه چه‌ند پراکتیزه‌ی تووندوتیژیی بکه‌ن ئه‌وه‌نده هه‌ست به ده‌سته‌ڵات ده‌که‌ن. شکاندنی به‌رانبه‌ر واتای گه‌وره‌یی ئه‌وان و شکاندنی به‌رانبه‌ر، له‌کاتێکدا قوربانیی ڕاسته‌‌قینه خۆیانن نه‌ک ئه‌وه‌ی ده‌ستدرێژیی ده‌کرێته‌سه‌ر. پۆنتیۆس پیلاتۆس و جه‌للاده‌کان قوربانیی بوون، نه‌ک خودی ێسووس. ێسووس ده‌ڵێ: ده‌تانبه‌خشم، چونکه ئێوه نازانن چییده‌که‌ن. ێسووس ڕۆژانه له‌ خاچده‌درێته‌وه، له‌پێش و له‌پاش له‌خاچدانی ێسووسه‌وه مرۆڤایه‌تیی تۆزقاڵ چییه گۆڕانی به‌سه‌ر خۆیدا نه‌هێناوه، مرۆڤ هێشتا ئاژه‌ڵێکی بڕیار له‌سه‌رنه‌دراوه.

ئه‌و تاکه‌ی ده‌ستدرێژیی سێکسیی کراوه‌ته‌ سه‌ر، پێویسته له‌سه‌ری جه‌سته‌ی و ڕۆحی لێکجیابکاته‌وه، پێویسته به خۆی بڵێ: بکه‌ران ته‌نها هێرشیان کردۆته سه‌ر جه‌سته‌م و زیانیان به ڕۆحم نه‌گه‌یاندووه. ئه‌گه‌ر تاک لێره‌دا به‌ختداربووبێت، ئاگایانه یان نائاگایانه توانای پاراستنی ڕۆحی هه‌بووبێت، ئه‌وا بکه‌ران، نه‌یانتوانیوه زیانی پێبگه‌یه‌نن، ئه‌وان ته‌نها زیانێکی فیزیکییان پێگه‌یاندووه، که له ئاینده‌دا توانای بیرچوونه‌وه‌ی ده‌بێت. تاک پێویسته بکه‌ران ببه‌خشێت وه‌ک ێسووس، هه‌تا خۆی له ئاینده‌دا به‌خته‌وه‌ر بژیی. ئه‌ی تاک به بکه‌رانت بڵێ: من ده‌تانبه‌خشم، چونکه ئێوه نه‌تانده‌توانی شتێکی تر بکه‌ن، بێجگه‌له‌وه‌ی، که کردتان. ئێوه قوربانیی په‌روه‌رده‌کردنێکن، که ژیانی له ژیانی ڕۆژانه‌تاندا نه‌هێشتووه، که نه‌هیشێتووه ببنه خاوه‌نی “خود”ی خۆتان.

بکه‌ران ده‌بوایه ده‌ستدرێژیی سێکسیی بکه‌نه سه‌ر ئه‌م تاکه، ده‌بوایه بیکه‌ن چونکه هیچی تریان له‌ توانادا نه‌بووه بۆ کردن بێجگه له‌م کاره نه‌بێت. به‌شێکی گه‌وره له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا تاکی خاوه‌ن تێکچوونی که‌سایه‌تیین، تاکی نۆیرۆزه‌ن، هه‌ربۆیه هه‌موو چرکه‌ساتێک وه‌ک بۆمبایه‌کی کاتکراو ئاماده‌‌ن بۆ ته‌قاندنه‌وه و پراکتیزه‌کردنی تووندوتیژیی.

 مرۆڤه‌کان بچووکن، بچووکیی خۆیان له پراکتیزه‌کردنی تووندوتیژییدا ده‌شارنه‌وه. من ناویان ده‌نێم پیاوه بچکۆلانه‌کان، ژنه بچکۆلانه‌کان. ئه‌مانه یان ئه‌وه‌تا هه‌رگیز هه‌ست به‌وه‌ ناکه‌ن، که خه‌تاکارن یان ئه‌وه‌تا دره‌نگ درکی پێده‌که‌ن و هێشتا ئاماده‌ی ئاشکراکردنی نین. من له‌مجۆرانه‌م زۆر دیوه، ئه‌مانه‌م به ڕووتیی دیوه، ڕۆحیانم دیوه، که خۆیان بۆ تاکه جارێک چییه ته‌ماشای خۆیان نه‌کردووه. به چ مافێک هه‌قێکی بێ سنوور به خۆیان ده‌ده‌‌ن، بۆ پراکتیزه‌کردنی تووندوتیژیی به‌رانبه‌ر که‌سانی تر؟! ئه‌مانه مرۆڤی ترسنۆکن، ده‌ترسن له به‌دی کردنی “خود”یان، که چ ڕێگایه‌کی قێزه‌ونیان گرتۆته‌به‌ر. ده‌ترسن له ڕه‌خنه، ده‌ترسن له‌وه‌ی، که خاوه‌نی خود بن. له ده‌ڤه‌رێکی ئاوهادا تاک نه توانیوویه‌تی خاوه‌نی خود بێت نه‌ده‌شتوانێت ببێته خاوه‌نی خود، هه‌ربۆیه هه‌موو تاكێک به‌وشێوه‌یه مامه‌ڵه ده‌کات، که پێناس له سروشتی ده‌کات. به‌مشێوه‌یه ده‌بێت بڵێین: که تاک لێره‌دا له سروشته‌وه خراپه، چونکه مامه‌ڵه‌‌کانی به‌شێکه له سروشتی ئه‌و.

هه‌موو مرۆڤه گه‌وره‌کان جارێک بچووک بوون، لێ ئه‌مان زوو درکیان به بچووکیی خۆیان کردووه و هه‌وڵی چاککردنی خۆیانداوه، ئه‌مانه بوونه‌ته خاوه‌نی خودێکی ڕاسته‌قینه، که پێناس له خۆیان ده‌که‌ن.

 

مرۆڤی بچووک به‌د و به‌دکاره، مرۆڤی گه‌وره، میهره‌بان و خاوه‌ن شاکاره. له پیاوه بچکۆلانه‌کانی ناو خۆتانه‌وه ده‌ستپێبکه‌ن، له ژنه بچکۆلانه‌کانی ناو خۆتانه‌وه ده‌ستپێبکه‌ن، هه‌تا له ئاینده‌دا شانازیی به گه‌وره‌یی خۆتانه‌وه بکه‌ن. مرۆڤی بچووک پێویستی به خاوه‌ن کۆیله‌یه‌ک نییه هه‌تا هه‌ڵیبسووڕێنێت، چونکه چ خۆی کۆیله و چ خۆی خاوه‌نی خۆیه‌تی، واته جارێک کۆیله و جارێک خاوه‌ن کۆیله‌یه. که‌س ناتوانێت ڕزگاریان بکات، ته‌نها خۆیان نه‌بێت. نموونه‌کانی وه‌ک ئه‌مانه گاردی کۆماریی، جه‌للاد، پۆلیس و پارێزگاری ده‌سته‌ڵاتێکی تۆتالیتارن. باوکی خراپ، ژنی خراپ، دایکی خراپ، مێردی خراپ، خاوه‌‌ن کار و کۆلێگای خراپن. ئه‌مانه هه‌رگیز خاوه‌نی بۆچوونی خۆیان نین، به‌ڵکوو کۆپیی سه‌رۆک، دایک و باوک، کولتوور …هتد.

مرۆڤی بچووک چاوه‌ڕوان ده‌کات تۆ سڵاوی لێبکه‌یت، یان به‌یانی باشی لێبکه‌یت، هه‌تا ته‌ماشات نه‌کات و وه‌ڵامت نه‌داته‌وه. مرۆڤی بچووک به ویستی خۆی و له ئازادییدا له‌گه‌ڵتدا ده‌خه‌وێت و پاشان به تاوانی ده‌ستدرێژیی سێکسیی ڕاپێچی به‌ر کورسیی لێپێچینه‌وه‌ت ده‌کات. ئه‌مه‌ش کاری به‌شێکی گه‌وره‌ی ژنه بچکۆلانه‌کانی جیهانن.

له کۆمه‌ڵگایه‌کی ئاوهادا تاک ئازاد نییه، به‌ڵکوو ده‌توانێت ته‌نها له هه‌ڵبژاردندا به‌شداربێت. له کۆمه‌ڵگایه‌کی ئاوهادا تاک چه‌ندیینجار بۆ ئازادیی له تێکۆشاندا چ برییندار بووه، چ گیانی خۆی به‌ختکردووه، که‌چیی ئیمڕۆ له‌بیرچوونه‌ته‌وه. له کۆمه‌ڵگایه‌کی ئاوهادا تاک چه‌ندیینجار برسیی بووه، له‌برساندا مردووه، که‌چیی ئیمڕۆ له‌بیرچوونه‌ته‌وه. له کۆمه‌ڵگایه‌کی ئاوهادا پیاوه بچکۆلانه‌کان تێروته‌سه‌ل و سه‌ردارن، هاووڵاتییانیش چ پاسیڤ چ له‌که‌دارن.

 

تاک لێره‌دا ته‌نها فونکسیۆنێک بووه بۆ فێربوونێكی نوێ، قوربانیی بکه‌ره، پیاوی بچووکه. به‌ڵام ئه‌مه‌ش یاسای سروشته، ده‌شێت بۆ ئێمه‌ی مرۆڤ دڵڕه‌قانه و تراگۆدیانه بێت، لێ بۆ سروشت فێربوون کارێکی ڕێله‌ڤانته‌. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه: کۆمه‌ڵگایه‌کی ئاوها پێویسته چیی تری تێدا ڕووبدات، هه‌تا هه‌ست به هه‌ڵه‌کانی خۆی بکات و خۆی چاکبکات؟ چیی ماوه ڕوونه‌دات؟

 

Previous
Next

Leave a Reply