Skip to Content

Tuesday, March 19th, 2024
كامەیە ئەو بەهایەى كە دۆلار لەسەرییەوە جێگیر دەبىَ؟

كامەیە ئەو بەهایەى كە دۆلار لەسەرییەوە جێگیر دەبىَ؟

Closed
by September 12, 2008 گشتی

 كامەیە ئەو بەهایەى كە دۆلار لەسەرییەوە جێگیر دەبىَ؟
 مارتن فیلیشتاین- مامۆستاى زانستە ئابورییەكان لە زانكۆى هارفارد
 و. جەمال پیرە
 ئایا دۆلار تا كام ئاستو مەودا لەدابەزیندا دەبێت؟ یان ئایا بە كردار دۆلار گەیشتۆتە نزمترین ئاستەكانى دابەزینى خۆىو لێرەوە بەرەو ئاستى بەرزتر لەجوڵەدادەبىَ؟
 نرخەكان لە وڵاتە یەكگرتووەكانى ئەمریكا تاڕاددەیەكى باش بۆ گەشتیارانى ئەوروپاو ئاسیا لەخوارەوەیە، بەبەراورد لەگەڵ وڵاتەكانى خۆیاندا.رەنگە نرخى هۆتێلو خواردنى ئێوارە لە چێشتخانەكانى نیۆیۆرك سەفقەیەكى نوىَ بێت، ئەگەر لەگەڵ هۆتێلو چێشتخانەكانى لەندەنو پاریس یاخود تۆكیۆدا بەراورد بكرێتو كڕیارانى دەرەكیش بەر لەگەڕانەوەیان سوربن لەسەر كڕینى بەشێكى زۆرى بەروبومە ئەمریكییەكان.
 بەڵام وێڕاى ئەو بەڵگە واقیعیىو بەرجەستەیە، هێشتا هەڵەیە گەر پێمانوابىَ نرخى كاڵاكان لە وڵاتە یەكگرتووەكاندا نزمبۆتەوە، بەو نرخەى كە حالى حازر خراوەتەڕوو، تەنانەت ئەگەر بێتو پێویستیش بىَ نرخى دۆلار لە ئاستى ئێستاى خۆیدا بەرزتربێتەوە. لەگەڵ ئەوەى ئەو كاڵاو خزمەتگوزارییانەى گەشتیارەكان لە وڵاتەیەكگرتووەكاندا دەستیاندەكەوێت بەنرخێكى كەمتر دەوەستێت لەچاو وڵاتانى ترى دەرەوە، بەڵام  كۆنرخى بەروبومى ئەمریكا تا ئێستاش زۆر بەرزترە لەوەى كە ببێتە هۆى نەهێشتنى كەموكوڕیى ئەو هاوسەنگیە بازرگانیە گەورەیەى لەنێوان ئەمریكاو جیهاندا هەیە.
 گومانى تێدا نییە كە دابەزینى نرخى دۆلار لەماوەى چەند ساڵى رابردوودا هۆكارێك بووە بۆ ئەوەى بەروبومى ئەمریكى توانایەكى گەورەتر لە پێشبڕكىَ بەدەستبێنێت، هەروەك بەهاى راستەقینەى بەروبومى هەناردەى بەرزكردەوە، بەشێوەیەك كە لەماوەى سىَ ساڵى رابردوودا بەهاى هەناردەى وڵاتە یەكگرتووەكان بەڕێژەى25% بەرزبووەوە، بەڵام كورتهێنانى(عجز) بازرگانى ئەو وڵاتە لەماوەى ساڵى 2007دا گەیشتە 700 ملیار دۆلار، واتە نزیكەى 5%ى كۆى بەرهەمى ناوخۆى وڵاتە یەكگرتووەكان.
 كورتهێنانى زەبەلاحى بازرگانىو ئەو كورتهێنانە بەرامبەرە فراوانەى كە لە حسابەكەدا هەیە(كە تیایدا داهاتى وەبەرهێنانەكان لەخۆوەدەگرێت) واتە پێویستە لەسەر وەبەرهێنەرە بیانییەكان بەهاى 700 ملیۆن دۆلار لە قەواڵەى وڵاتە یەكگرتووەكاندا بخەنە سەر وەبەرهێنانەكانیان، دواجار خۆدوورگرتنیان لەم كارە بەو نرخەى ئێستا هۆكارێكە بۆ دابەزینى نرخى دۆلار لەچاو دراوى وڵاتەكانیاندا. بە دابەزینى بەهاى دۆلاریش بەهاى قەواڵەى دۆلاریى وەبەرهێنانى بیانیش دادەبەزێت بەتایبەت كاتىَ لەگەڵ دراوى یۆرۆ یا هەر دراوێكى تردا هەڵدەسەنگێنرێت، ئەمەش وادەكات كە بەشى دۆلار لە وەبەرهێنانى بیانیدا كەمبكرێتەوە، هەروەك تواناى ئەو دراوە لەداهاتوودا بێهێزتر دەكات لە كەمكردنەوەى مەترسى بەردەوامى بەهاكەى لەسەر هێڵى پێشبڕكێدا، چونكە ئەمە واتاى ئەوە دەگەیەنێت كە دابەزینى دۆلار  هەر دەبێت لەداهاتوودا كەمتر بێتەوە لە گۆڕینى هاوسەنگى بازرگانى بەرەو ئاستێكى چەسپاوتر.
 بەڵام دەپرسین ئەو ئاستە چەسپاوەى هاوسەنگى بازرگانىو دۆلار كامەیە؟ وێڕاى هەوڵدانى پسپۆڕو شارەزایان بۆ وەڵامدانەوەى ئەو پرسیارە، بەڵام خاڵى هەرە گرنگو راستەقینە لێرەدا ئەوەیە كە كورتهێنانى بازرگانى ئەمریكى واتاى ئەوە دەگەیەنێت كە ئەمریكییەكان كاڵاو خزمەتگوزارى زۆرتر لەدەرەوە دەهێنن وەك لەوەى كە دەینێرنە دەرەوە_ بەوەى كە بەهاكەى لەساڵى 2007دا 700 ملیار دۆلار بووە،وڵاتە یەكگرتووەكانى ئەمریكا هەوڵیداوە بە بەهاى 700 ملیار دۆلار پشكو قەواڵە(أسهم و سندات) بگوازێـتەوە، ئەمەش واى لێدەكات  بەهۆى ناردنى "دراوى كاغەز"ى زیاتر رێگە لە سودو قازانجەكانى خۆى بگرێت، لەو كاتەى كە ساتى داخستنى ئەو قەواڵانەش دێت وڵاتە یەكگرتووەكان دووبارە دەبێت پارەدارى بكاتەوە، ئەمەش لەرێگەى دەركردنى پشكو قەواڵەى زیاترەوە دەبێت.
 كەس ناتوانێت پێشبینى ئەوەبكات سیستمى ئابورى جیهانى تاسەر رێگە بە ولاتە یەكگرتووەكان دەدات كاڵاو خزمەتگوزارى هەناردەى خۆى لەچاو كاڵاى هاوردەدا زیاتربێت. لەو خاڵەدا وا لەسەر وڵاتە یەكگرتووەكان پێویست دەبێت دووبارە رێگە لەو بڕە زۆرەى هاوردەیە بگرێت كە لە وڵاتانى ترەوە بۆى دێت، بۆ ئەوەى ئەم كارەش بەئەنجام بگەیەنێت پێویستى بە زێدەبایى بازرگانى دەبێت. ئەمە واتاى ئەوە دەگەیەنێت كە فاكتەرى سەرەكى لە دیاریكردنى بەهاى دۆلار بۆ ماوەیەكى درێژخایەن لە زەرورەتى وەستانى خۆیدا دەبینرێت لەسەر ئاستی پێویستى گۆڕانى هاوسەنگى بازرگانى لە كورتهێنانى ئەمڕۆكەوە بەرەو زێدەبایى لە داهاتوودا. ئەم كارەش بەمزووانە نایەتەدى، بەڵام ئەمە ئەو ئاراستەیەیە كە هاوسەنگى بازرگانى ناچاردەكات هەنگاوى بۆ بنێت. راستەوخۆش واتاى زیاتر دابەزینى بەهاى دۆلار دەگەیەنێت.
 یەكىَ لەو فاكتەرانەشى كە لەم پرۆسەیەدا بایەخى هەیە، نرخى نەوتە لە داهاتوودا، هەروەها ئاستى پشتبەستنى وڵاتە یەكگرتووەكانە بە داهاتەكانى نەوت، لەماوەى چوار ساڵى رابردوودا ئەمریكا 3.6 ملیار بەرمیلى نەوتى كڕیوە، بەنرخى ئێستایش كە 140 دۆلارى تێپەڕاندووە، ئەمەش واتاى ئەوە دەگەیەنێت كە تێونى هاوردە 500 ملیار دۆلارى تێپەڕاندووە. هەر كە تێونى هاوردەش بەرزبووەوە پێویست دەبێت بەهاى دۆلاریش دابەزێت لەپێناو كەمكردنەوەى قەبارەى كورتهێنانى بازرگانیدا. لەسەر ئەم پێوەرەى بەردەوامیى بەرزیى نرخى نەوت، ئەگەر دۆلار لەگەڵ یۆرۆ یاخود یەن بەراورد بكرێت، ئەوا دەردەكەوێت كە بەهاى دۆلار نزمبونەوەى زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت، لەهەمانكاتدا واتاى زیاتر بەرزبوونەوەى نرخى نەوت دەگەیەنێت ئەگەر بێتو بە دۆلار بپێورێت.
 بۆچونێكى ترى پڕ بایەخ هەیە گەر بمانەوێت بەهاى دۆلار لە داهاتوودا هەڵسەنگێنین بەمشێوەیە: لەناو وڵاتە یەكگرتووەكانى ئەمەریكاو دەرەوەدا لەتێكڕاى هەڵاوسانى رێژەییدا كورتدەبێتەوە، بەوەى كە كورتهێنانى بازرگانى ولاتە یەكگرتووەكان پشت بە بەهاى راستەقینەى دۆلار دەبەستێت_ ئەمەش واتاى ئەوە دەگەیەنێت كە بەهاى دۆلار بەپێى جیاوازییەكان لە ئاستى نرخى ناو ئەمریكاو دەرەوەیدا دەوەستىَ. هەر كاتێك ئەمریكا بەبەراورد لەگەڵ شێوازە بازرگانییەكانى ئێستاى خۆى، زیاتر بەرزبونەوەى تێكڕاى هەڵاوسانى نرخەكان بەخۆیەوە ببینێت، پێویستە دابەزینى بەهاى دۆلارەكەى بەردەوام بێت، تا بتوانێت دەست بەهەمان بەها راستەقینەكەى دۆلارەوە بگرێت.
  جیاوازى هەڵاوسان لەنێوان دۆلارو یۆرۆ لە ئێستادا بەشێوەیەكى رێژەیى زۆر كەمە_ساڵانە تەنها 1%_دەبێت، بەڵام لەو وڵاتانەى كە بەدەست بەرزبوونەوەى تێكڕاى هەڵاوسانەوە دەناڵێنن بەرزترین رێژە بەر دراوى یەن دەكەوێت لەچاو دراوى رێنمینبى(دراوى چین).لەكاتێكى دوورتردا ئەو جیاوازییەى هەڵاوسانە دەبێتە هێزێكى گەورە لەبایەخى دیاریكردنى ئەو رێڕەوەى كە دۆلار لەداهاتوودا دەیگرێتەبەر.
 
 
 سەرچاوە رۆژنامەى (الاقتێادیە)
 جریدە العرب الاقتێادیە الدولیە
 http://www.aleqtisadiah.com/article.php?do=show&id=9980
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.