Skip to Content

Friday, December 4th, 2020

له‌ جیاتی شیعر…. ته‌یب قادر

Be First!
by January 15, 2014 ئەدەب

 

 

 

 

 

 

61

ژیانی خۆم، به‌شی خۆم و به‌شی ئێوه‌ش ده‌كا!

62

له‌ هه‌ر كوێیه‌كبم هه‌ر هی خۆمم، من بۆ فرۆشتن نیم!

63

تاكه‌ شوێنه‌ له‌نێویدا ئاسووده‌م، خه‌یاڵ.

64

ته‌نیا مردن نه‌بێ، هیچ شتێكی تر له‌نێو ژیاندا جێگه‌ی نابێته‌وه‌.

65

له‌نێو تۆدا خۆم لوول ده‌ده‌م و تا ئه‌به‌د ئاسووده‌یی جێناهێڵم، مردن.

66

دواجار تێگه‌یشتم، به‌خته‌وه‌ری ته‌نیا له‌نێو به‌خته‌وه‌ری دایه‌.

67

هێشتا كات ماوه‌، جارێكی دیكه‌یش بیر له‌ بیركردنه‌وه‌ بكه‌ینه‌وه‌ و ئه‌م ڕسته‌یه‌ی پێ ته‌واو بكه‌ین.

68

به‌دیار وێنه‌كه‌ته‌وه‌ تێر تێر گریام، چونكه‌ خۆت نه‌بوویی!

69

ئه‌مه‌ چ جۆره‌ مردنێكه‌، من ده‌ژیم؟

70

دڵخۆشی كه‌رسته‌یه‌كی سارده‌، به‌س مرۆڤه‌ گێله‌كان ده‌توانن به‌كاری بهێنن.

71

تێنوومه‌، با بچین شتێك بخۆین!

72

ئه‌رێ به‌ چ پاسێك بۆ مردن بچم؟

73

دوو سبه‌ی گوتم: با ئه‌مڕۆ نه‌مرم، بیری دوێنێ ده‌كه‌م.

74

ئاوازه‌كانت له‌ پێ كرده‌وه‌ و له‌ ته‌نیایی داتكوتام.

75

شه‌قامێك ساتمه‌ له‌ به‌ردێك ده‌كا و شه‌رم ده‌كا بگری.

76

ترپه‌ی زمانت له‌ ده‌ره‌وه‌ی ته‌نیایی كه‌وتووه‌.

77

پرس به‌ كه‌س ناكه‌م، كه‌ی بمه‌وێ ده‌مرم، كه‌ی بمه‌وێ ده‌ژیم!

78

به‌م حاڵه‌وه‌یش، ژیان خۆشه‌، به‌بێ مردن.

79

كیفی ژیانت ده‌ربێنه‌، بزانه‌ چه‌ندی تێدا ماوه‌!

80

ئای ته‌نیایی، تۆ بینیوته‌، چ حه‌رشێك به‌ ئازار ده‌كرێ و چۆن به‌ باوشی گه‌وره‌ گه‌وره‌ دابه‌ش ده‌كرێ؟

81

له‌ میهره‌بانیتدا خۆشه‌ویستی چۆڕاوگه‌ی به‌ستوه‌.

82

مردن باشترین ڕێگایه‌، بۆ له‌بیركردنی ژیان.

83

بدوێ، پێمخۆشه‌ بزانم له‌ چاوتدا چ ڕه‌نگێك ده‌ڕژێ؟

84

هێشتا بڕیارم نه‌داوه‌، جارێ به‌نیازنیم بمرم.

85

شه‌قامێكی تریشم پێویسته‌، بۆ ئه‌و ده‌رگایه‌ی قه‌ول وایه‌ لێره‌وه‌ تێبپه‌ڕێ.

86

خه‌مه‌كان جێی دڵخۆشین، به‌هۆی خه‌مه‌كانه‌وه‌ ده‌زانین شتێك ڕوویداوه‌.

87

گوێم لێت نییه‌، كه‌مێ ده‌نگت به‌رزتركه‌، زمان.

88

سه‌یركه‌، خه‌تم وه‌ك دڵم ناخۆش بووه‌.

89

قسه‌یه‌ك بكه‌، بۆ ڕسته‌یه‌ك ئیشم پێیه‌.

90

ڕێك له‌ قۆڵایی ده‌ستی تۆدا، بوومه‌ته‌ ئه‌و ڕێچكۆكانه‌ی به‌ ده‌ستی تۆوه‌ نووساون و ته‌نیایی ناتوانێ هه‌ڵیانگرێته‌وه‌.

91

مردنیش ناتوانێ ڕێ له‌ ئیشكردنی زمان بگرێ!

92

نیو كوپ ژیان، ته‌نیا نیو كوپ ژیان به‌سه‌ بۆ ئاسوده‌بوون.

93

خه‌ریكه‌ ببمه‌ به‌فر و به‌ گه‌رمای خه‌مگینی بتوێمه‌وه‌.

94

ناوی تۆ له‌نێو ڕسته‌یه‌كدایه‌، ده‌مه‌وێ بیڵێم و پێم ناگوترێ.

95

برینه‌كان، منداڵه‌كانیان ناویان ئازاره‌.

96

به‌ پیته‌كانی ناوی تۆ خه‌ونه‌كانم لێكده‌ده‌مه‌وه‌.

97

هه‌میشه‌ به‌ته‌نیا، ته‌نانه‌ت بۆ مردنیش.

98

دووریت ڕاده‌كێشمه‌ نزیكی خۆم.

99

شه‌ڕی گه‌رمی من و خۆم نه‌خۆشییه‌كی خۆشه‌!

100

هه‌ندێك جار برینه‌كان پێویستیان به‌ برینێكی تره‌ بۆ چاره‌سه‌ربوون.

101

دڵته‌نگیت زۆر شیرینه‌.

102

مردم و كه‌س نه‌یگوت پیرۆزه‌.

103

به‌ مردن ڕاناگه‌ین و ده‌مرین.

104

ده‌مه‌وێ مردنێك بمرم، نه‌مرم.

105

ده‌نگی دڵته‌نگیم ڕۆژه‌ڕێیه‌ك ده‌ڕوا.

106

په‌له‌مه‌كه‌، خه‌م په‌له‌ی كرد و چاوی خۆشیی شكاند!

107

سفر، بناخه‌ی ژماره‌ كه‌شخه‌كانه‌.

108

له‌سه‌ر په‌ڕه‌كاخه‌زێك ده‌نووسم جه‌نگ و فڕێی ده‌ده‌م.

109

بارانت باش، ئه‌ی زه‌وی خراپ.

110

تێكتدا، نێوله‌پی پێنج پارچه‌ی من.

111

مرۆڤ به‌ ساده‌ییه‌وه‌ خۆشه‌!

112

نووسین، هێڵنجی زمانه‌.

113

له‌نێو گۆڕدا له‌من مه‌گه‌ڕێ، ئه‌مه‌تام له‌به‌رده‌متدا، ئه‌گه‌ر من له‌نێو گۆڕدام تۆ چ كارت به‌منه‌؟

114

هاوڕێ، ئاگات له‌ پێڵاوه‌كانت بێ، به‌بێ ئه‌و پێڵاوانه‌ ناتوانی بگه‌ڕێیته‌وه‌ بۆ ژێر باڵی سێبه‌ره‌كه‌ت.

115

سه‌رچاوه‌ی خۆت جێمه‌هێڵه‌ و له‌ سه‌رچاوه‌ی خۆت بخۆره‌وه‌، ئه‌گه‌رنا هه‌میشه‌ به‌ تێنیوێتی ده‌مێنیته‌وه‌.

116

ئازادی ڕژانی هه‌موو وشه‌یه‌ك نییه‌. ئازادی ده‌ست گرتنه‌ به‌ وشه‌وه‌، له‌ پێناو سه‌لامه‌تی مانادا.

117

ژن، زمانی دووه‌می پیاوه‌.

118

بۆچی ئه‌م دێڕه‌ ناخوێنیته‌وه‌، هێشتا نه‌منووسیه‌وه‌؟ 

119

مێز بۆ ئه‌وه‌ درووست بووه‌، تا چایه‌كان باشتر یه‌كتر بناسن.

120

ژیان، به‌ قاوه‌ خواردنه‌وه‌ به‌ڕێ ناكرێ.

 

 

 

تێبینی: له‌ جیاتی شیعر، پرۆژه‌یه‌كه‌ به‌رده‌وامی هه‌یه‌.

 

Previous
Next

Leave a Reply