Skip to Content

Wednesday, September 23rd, 2020

لێبوردنیش سنوورى هەیە*

Be First!
by March 29, 2008 گشتی

 عومەر جەلال…..
 
 سادەترین دیاردەى تایبەتمەندى شكستى كۆمەڵگەیەك ئەوەیە كە سەرۆكەكانى بڕیارى چارەنووسساز بدەن بەتایبەت كە كاریگەرى نێگەتیڤى هەبێت لەسەر تاك ,چ جاى ئەوەى بڕیاردان لەسەر لێبووردنى كەسێكى وەك (سوڵتان هاشمى ) جەلاد لە لایەن سەرانى كوردەوە لە پشتى یاساو داوەرییەوە بێت .
 هەرچەندە لەم ووڵاتەخوێناوییەى بەناو عێراق گومان لەوە دەكرێت شتێك هەبێت بەناوى یاسا ئەمەگەمە كردنەكەیە بە رۆحى تاكى كورد بەتایبەت خاوەن قوربانییانى دەستى تاوانبارانى جەنگ كە سەرانى كورد تۆلێرانسبن بەرابەر جەلاد و بێدەنگ بن لە مافى تاكى كورد ,ئەوەتا كەسێكى وەك (مالیكى ) دەڵێت من دەست لەكار دەكێشمەوە بەلەسێدارەنەدانى (سوڵتان هاشم).
 من هەرگیز خۆشبەخت نیم بە لەسێدارەدان , وەلێ ئەوەى دڵخۆشم دەكات  رێزگرتنە لەیاساو بەختەوەركردنى رۆحى خاوەن قوربانییەكان,روونتر بڵَێین ئەوەى لێبوردن وەك كۆنسێپتێكى سیاسی بەكار دەهێنێت  زۆر هەڵەیە نابێت سەرانى كورد ئەوە لە یاد بكەن رۆژانێك بووە بە شێوازى نامرۆڤانە دژى بەرانبەرەكەیان وەستاون بەتایبەت ئەو كارە كوشندەیانەى لەشەڕى ناوخۆدا رووى دا, .كە سەرانى كورد شارەزاى چەمكى تۆلێرانس نەبوون , گۆرانییە ترسناكەكە لەوەدایە ئەى بۆچى هەنووكە لێبووردن بووەتە بەرگێكى داپۆشراو بە عەقڵَیەتى سیستمى سەرانى كورد بە تایبەت تاڵەبانى.
 ئێمە وەك كورد ئەوەندەى نەتەوە دوژمنكارەكانمان توندوتیژبووە بەرابەرمان نیو هێند لێبوردە نەبوون یان هەر رێزیان لەبوونى مررۆڤانەمان نەگرتووە , ئەنفال و هەڵەبجە و داگیركردنى وڵاتمان سیمایەكى روونە لە گەلكوژ و جینۆسایدكردنمان.
 ئەم دیمەنە كاریكاتۆرییەى هەنووكە لە سەر شانۆى عێراق نمایش دەكرێت بۆ كورد خوێندنەوەى پسپۆریانەى دەوێت بەتایبەت گەمە كردن بە مادەى (140) و كێشەى بودجەى هەرێم و خۆگێلكردن لە تۆپباران كردن و هەڕەشەى توركیا بەرابەر بە كوردستانى باشوور, بێدەنگبوون لەوەها  قەیرانگەلێك ئەوەمان نیشان دەدات ترسێكى گەورەمان هەبێت لەئایندەى كورد بەدەست پاڵەوانەكانى كورد بەتایبەت ئەوانەى ئەمڕۆ رۆڵى سەرەكى دەبینن لە عێراق و پسولەى دوا رۆژى نەتەوەكەمانیان بەدەستە.
 نكۆڵى لەوە ناكرێت چەمكى لێبووردن یەكێكە لە تایبەتمەندییەكانى  وڵاتێكى دیموكراس و گەڕانەوەى رێز بۆ مرۆڤایەتى و لیكتر نزیكبوونەوەى دەنگە جیاوازەكان و بونیادى كۆمەڵگەى سیكۆلار,وەلێ كێشەكە لەوەدایە حكومەتێك بەناو دیموكراس لە پشتى بێدەنگكردنى كۆمەڵگەیەكەوە گەمە بە چارەنووسی قوربانیگەلێك بكات كە كاریگەرى هەبێت لەسەر رۆحى تاك.
 پارێزگاریكردن و پەردەپۆشكردنى كەسانى تاوانبار لە لایەن دەسەڵاتى كوردییەوە گومانى ئەوەمان لا درووست دەكات كەوا هەماهەنگییەك هەبووبێت لەنێوان دەسەڵاتى كوردىو سەرانى بەعسیزم بە تایبەت ئەوانەى كە تاوانبارن بە پێ ى یاسا جگە لەو كارە نهێنى و پەیوەندییە هاوكاریانییەى كە لە پاش ئەنفال و هەڵەبجە لە نێوان بەعس و سەرانى كورد هەبووە.
 نابێت ئەوەش لەیاد بكەین كە ئەگەرى  زۆر هەیە دەستێوەردانى ئەمریكا لە پرۆسەكى وا كە پەیوەندى بە داوەرىو یاساوە هەیە رەنگدانەوەى نێگەتیڤى هەبێت بۆ كورد و بەتایبەت دەبێتە رێگەخۆشكەر بۆ لەبارچوونى مادەى (140) و سەرجەم هاوكێشەكانى نێوان كورد_ئەمریكا بە دیوێكى دیكەدا ببات , هەروەك و چۆن ئەمریكا تاهەنووكەش هەست بەوەناكات هەرێمێك هەبێت بەناو كوردستان و بەرژوەندى نیوانى توركیا-ئەمریكا ببێتە هۆى لە پێخستنى هەرێم و كوژاندنەوەى ئەو هەموو خەونەى لەچاوەڕوانى ئەوەدایە ئەمریكا بۆى بهێنێتە دى.
 هەروەك چۆن بەلەسێدارەدانى (سەدام ) نهێنیگەلێك لەتەك ئەودا چوونە ژێر گڵَەوە بەهەمان ئەندازەش یەكلاى نەكردنەوەى بڕیارى سزاى (سولتان هاشم ) وئەوانەى  كە تاوانبارن ئەوەندەى دى نزیكمان دەكاتەوە لەو هاوكێشەى كە لێبوردن ئەوە نییە كە سەرانى كورد ئەنالیزەى دەكەن ,وەلێ دەتوانین بڵَێین پێچەوانەى چەمكى لێبوردن كار دەكەن ,لێبوردن بەوە دەبێت بۆ سەرجەم تاوانباران هاوسەنگ بێت نەوەك سنوورێكى جوداى بۆ دابنرێت كە لەسەرووى لێبوردنەوە یاسا پێشێل بكرێت و  ئامرازى سیاسەت ببێتە ئەلتەرناتیڤى لیبَوروردن و ئیش لەسەر گونجاندنى ئایدۆلۆژیا بكرێت بە لێبووردن.
 
omerjelal@yahoo.com
 
 
 ـــــــــــــــــــــــــــ
 *لە رۆژنامەى ( هاوڵاتى)  ژمارە (408) ى 26/3/2008 بڵاوبووەتەوە
 

Previous
Next

Leave a Reply