Skip to Content

Sunday, January 24th, 2021

لە تورکیا چ روو دەدات؟ ..1 … د.کەمال میراودەلی

Be First!
by June 4, 2013 گشتی

 

 

 

بەشی یەکەم: خۆکراسیی ئەردۆگان

 

دەسەلاتخوازەکان هەموو وەک یەکن: لە جەوهەردا فاشیستن!

لە چەند وتارێکی جیاوازی ئەم مانگەدا، دوو روانگەی تیۆرییم پێشکەش  کردن کە بۆ لێکدانەوەی رەوشی تورکیاش و تێگەیشتنی هۆکارەکانی تەقینەوەی راپەرینی خەڵک دژی ئەردۆگان و رژێمە دەسەلاتگەرییەکەی رووناکیبەخشن:

١ وەهمی دەنگۆ-کراسیی: ئەوەی کە ئەوسەرکردانەی مەیلی دیکتاۆریەتییان  هەیە یان ئەجندای سیاسیی ئایدیۆلۆجیی  تایبەتی خۆیان هەیە، بردنەوەی هەلبژاردن بە دەنگی زۆرینەی خەلک بە هەموو پرۆسەی و پراکتیسی دیمۆکراسی دەزانن  و لەمەوە  دەیکەنە پاکانە بۆ هەر بڕیارو  وکردارێک بە ناوی زۆربەی دیمۆکراسییەوە. 

ئەمەشم ناونا : دەنگۆکراسی واتە (حوکمی  دەنگەکان) کە وەک فاکتێکی جیا لە دەرەوەی رێوشوێنی کارکردنی دەزگاو ستراکتورە دیمۆکراسییەکان وەردەگیرێت. 

واتە سەرۆکی حیزبی دەسەلاتخواز دەیەوێ هەر بە ناوی دیمۆکراسی و دەنگی زۆربەوە یەک بە یەکی دامەزراوە دیمۆکراسییەکان پەک بخا یان بیانخاتە ژێر دەسەلات و  بەرژەوەندی حیزبی براوەوە بۆ ئەوەی تاهەتایە گەر بتوانێت لە دەسەلاتدا بمێنێتەوە.  

 

بەم جۆرە دوای هەڵبژاردن:  

 

دیمۆکراسی [دەسەلاتی خەلک] دەبێ بە دەنگۆکراسی [دەسەلاتی دەنگەکانی زۆربە]

دەنگۆکراسی دەبێ بە حیزبۆکراسی (دەسەلاتی حیزبی براوە)

حیزبۆکراسی دەبێ بە سەرۆکراسی [دەسەلاتی سەرۆکی حیزبی براوە]

سەرۆکراسیی دەبێ بە خۆکراسیی[دەسەلاتی خۆم]

بەم جۆرە دەسەلاتی دیمۆکراسی: دەسەلاتی خەلک لە لایەن خەڵکەوە بۆ خەڵک

دەبێ بە خۆکراسی: دەسەلاتی خۆم لەلایەن خۆمەوە بۆ خۆم

واتە دیمۆکراسی دەبێ بە: [دەمەوێ کورسیی] و دەستی لێبەرنادەم.

ئەم خەیالی خۆکراسییە: وەک چۆن لە هەرێمی کوردستاندا بەسەر بارزانی هاتووە، لە تورکیاش بەسەرئەردۆگان هاتووە. 

بەلام لە کاتێکدا لە تورکیا ئەردۆگان بەرامبەر بە هێزی سیاسیی و کۆمەلایەتی فروان بۆتەوە، لە کوردستان بارزانی وەک  ئاهەنگی چاخواردنەوە بریارەکان تێدەپەرێنێ ، دوای ئەوە ئۆپۆزیسۆن دەلێن: چایەکە لە زاری ئێمەدا تاڵ بوو.

ئەردۆگان لە تورکیا هەمان گەمە دەکات و دەیەوێ سسیتمی حوکم بکاتە سەرۆکایەتی و خۆی ببێتە سەرۆک کۆمارو تا چەند دەورەی تر بەلای کەمەوە دە ساڵی تریش حوکم بکات و سیستمی حوکمرانیی تورکیا بە پێی بەرنامەی ئایدیۆلۆجی  خۆی و خەونی زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دابڕێژێتەوە.

هۆی سەرەکی هەوڵی ڕێکەوتنی لەگەڵ کوردیش ئەم ئامانجە دیکتاتۆریەیە. 

ئەردۆگان بەرژەوەندیی لەوە دایە دەستوورەکە بگۆرێت بۆ سسیتمی سەرۆکایەتی بۆ خاتری مانەوەی خۆی.

ئۆجەلانیش بەرژەوەندی لەوەدا دەبینێت دەستووری تورکیا بگۆڕدرێت بۆ فرە-نەتەوەیی بۆ خاتری پاشەرۆژی نەتەوەکەی خۆی.

 واتە لە جیاتی ئەوەی کە تەنیا تورکیا وەک ولاتی یەک نەتەوەی نەژادپەرستیی تورک بناسرێت وەک ولاتی هاوبەشی تورک و کوردو نەتەوەکانی تر بناسرێت.

تا چ رادەیەک دەبێ (ئەردۆگان) ێك  باوەڕی پێبکرێت کە ئاوا دڕندانە دوو ساڵە نەخشەی  جێنۆسایدی رۆژانەی خەلکی سوریا بۆ خاتری ئیسرائیل و خەونی پانتورانیزم  جێبەجێ دەکات و دوژمنایەتی سوننەو شیعەی بە توندترین شیوە ژیاندۆتەوە و ئاوا ئێستاش وەک هەردیکتاتۆرێکی فاشیست بە زەبری جەندرمەو ئەوپەڕی توند وتیژیی بەرامبەر خەڵکی خۆی دەوەستێ کە سەرەتا وەک سەیرانێکی کۆمەلایەتی لە باخەکەی تەقسیم کۆبوونەوە؟

 ئەوە دەبێ چاوەریی حوکمی رورداوەکان بین. 

بە پێی راپۆرتی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا خۆی و خەستەخانەکانی تورکیا، ١٧٠٠ کەس گیراون و ١٧٠٠ کەسیش بریندار بوون و دووکەسیش کوژراون. ئەمە تەنیا لەبەرئەوەی خەلک بە ئاشتی سەیرانئاسایی دژی بریارە قەرەقوشییەکانی ئەتاتورکی نوێ وەستان.

 

روانگەی دووەم: 

 

لە وتارێکدا دەربارەی مردنی حیزب ئەوەم روون کردەوە کە سیاسەت بۆ گەنجان و نەوەکانی ئێستا بە پلەی یەکەم ستایل و شێوەی ژیانە کە ئازادیی تاکەکەس لە هەڵبژاردندا و بڕیاردانی جۆری ژیان و چارەنووسی خۆی جەوهەری ئەو سیاسەتە پێک دێنێت، نەک  دین و نەتەوایەتی و ئایدیۆلۆجیاو ناسنامەی چینایەتی بە مانا تەسکەکەی. 

 ئەمە مانای ئەوە نییە زۆر پرس و بابەت نییە تاکەکان کۆبکاتەوە: هەموو ئەو پرسانەی پێوەندییان بە ئازادی تاک، پێوەندییە کەسییەکان،  پاراستنی ژینگە،  ژیانی کۆمەڵگایی، یەکسانیی و دادپەروەریی کۆمەلایەتی، دژایەتی رەگەزپەرستی و جیاوازیگەری دەرهەق ژنان و منال و کەمئەندامان و هتد ئەو گروپانە کۆدەکەنەوەو تٶڕەکۆمەلایەتییەکانی ئینتەرنێت [وەک فەیسبووک و تویتەر] لە لایەکەوەو شەقام و باخ و شوێنە گشتیەکان، چاخانەکان، یانەکان لە لایەکی ترەوە ئەو شوێنانەن ئەو تاکانە پێکەوە کۆ دەکەنەوە.  

بۆیە سەریر نییە کە راپەرینەکەی تورکیا لە سەر پرۆژەی سەرمایەدارییانەی ئەردۆگان بۆ لە ناوبردنی باخێکی گشتی کە ژینگەی کۆمەلگایی هاوبەشی خەلکی ئەستەمبول پێکدێنێت، و گۆڕێنی بە مۆڵی بازرگانی بتەقێتەوە. بەلام دیارە ئەمە تاکە هۆکارەکە نییە: ئەمە رەمزو کۆکەرەوەی هەموو هۆکارەکانی هەوڵی تاکێکی خاوەن ئەجندای دیکتاتۆرییە [ئەردۆگان] کە دیمۆکراسی بکاتە خۆکراسیی و ملهوڕانە بڕیار دوای بریار بۆ هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەو بنسازییەکانی دیمۆکراسی و تەسککردنەوەی پانتایی ئازادییەکانی خەلک و تێکدانی ژینگەیان دەربکات و  پەرچەکرداری تاکەکانی خەڵکیشە کە  بە هێزی گیانبەخشانەی یەکگرتوویان ئازادییەکانیان و ژینگەیان و  دیمۆکراسییەکەیان بپارێزن

دیارە هەروەک  میسر چەپەکان و ژنان و [ لە تورکیا کوردیش وەک قەبتییەکانی میسر] ئەو ‌هێزە ناوکییە هوشیارە رێکخراوو بنەڕەتییانەن کە ناهێڵن بلێسەکە بکوژێتەوە تا هەموو ولات دەگرێتەوە. بە پێچەوانەی درۆکانی ئەردۆگانەوە هیچ حیزب و رێکخراوێک لە پشت ئەم راپەرێنەوە نییە.

وەک تونس و میسر، گەل خۆرسکی وەک کاردانەوە دژی ستەمگەریی رۆژهەڵاتیی دەستی پێکرد  کە رۆژ بە رۆژ ئەردۆگانی عەقڵ-فاشیست زیاترو زیاتر بەهێزی دەکات.

تا دەسەلات  زیاتر توندوتیژی بەکاربێنێت و خوێن بڕژێت زیاتر بڵێسەی شۆڕشی بەهاری تورکیی پەڕەدەستێنێت..

Previous
Next

Leave a Reply