Skip to Content

Tuesday, January 26th, 2021

لە پاگەندەی (كۆمونیست)بوونەوە بەرەو (پان- ناسیوناسیونال- فێمینیزم)…1

Be First!
by June 10, 2013 ژنان

 

 

 

 

 

 

خوێنەری ھێژا، ئەم نووسینەی بەردەستتان، ڕەخنەیەكە لە ئایدیۆلۆجیای فێمینیزمی بۆرجوازی، كە چەند ساڵێكە ژنانێك بەناوی ڕزگاری ژنانەوە، بە شێوازی جۆراوجۆر دەخوازن لەنێو بزووتنەوەی یەكسانی و ڕزگاری ھەمەلایەنەی ژنان و پیاواندا، بەرجەستە و جێكەوتەی بكەن. ھەرچەندە لە ساڵانی ڕابوردوودا بە وەڵامدانەوەی چەند كەسێك لەو ژنانە و تەنانەت پیاوانێكیش، كە وەك ھەوڵی فریوكاریی یا چاولێگەریی لەو بارەدا قۆڵیانلێھەڵماڵیوە، بۆچوونی خۆمم دەربڕیووە، بەڵام لەبەرئەوەی كە بابەتەكەی خاتوو (ھۆزان مەحموود، فۆبیای فێمینیزم لە كوردستان ) فرەتر دێوجامەكەی تەنكتر و لیتەی ئایدیۆلۆجیاكەی خەستتركردووەتەوە، بەپێویستمزانی، وەك نۆژەنكردنەوەی بۆچوون و ڕەخنەكانی خۆم و خستنەڕووی ئەو گۆڕانە شێنیییانەی كە لە بیركردنەوەی خۆشمدا سەریانھەڵداوە، لەتەك نووسەر و خوێنەراندا بكەومە ئاڵووێری بۆچوون و پێگەییشتنە نوێیەكان.

 

ژنی کورد ساڵانێکی زۆر دوچاری چه‌سانه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی  و جێنده‌ری بوه‌، چ وه‌ک کورد چ وه‌ک ژن.

ستەمی نەتەوەیی لەسەر خەڵكی كوردستان ستەمێكی ڕەگەزیی نەبووە و ھۆكارەكەشی ڕەگەزپەستیی داگیركەر نەبووە، ھەروا كە لەلایەن سەربازان و دەزگە سەركوتگەرەكانی داگیركەرانەوە، ژنانی كورد تووشی توندوتیژی بوون، ئاواش لەلایەن ھێزە چەكدارە بەرھەڵستكارە بەناو نەتەوەییەكانەوە ژنان دووچاری توندوتیژی بوون، چونكە ھەردوولا چ داگیركەران و چ ھێزە بەرھەڵستارەكان لەسەر یەك بنەما و ئایدیای چینایەتی ھاتوونەتەبوون و بۆ پاراستنی پێگەی چینایەتییان، ھەر ھەوڵدانێك كە ویستبێتی لە بازنەی سەروەرییدا دەربچێت، ئەوا لەلایەن لەتەك توندوتیژی ڕووبەڕووبووەتەوە. ھەر ئاوا كە ڕژێمی بەعسی داگیركەر، ژنانی وەك خاڵی لاوازی بەرھەڵستكاران بەكاردەبرد، ھەرئاواش ھێزە بەرھەڵستكارەكان ژنانیان وەك نامووس و شەرەفی پیاو و نەتەوە ھەژماردەكرد.

بەڵام ئەگەر بەویژدانەوە و دوور لە كەفوكوڵی ڕەگەزپەرستییەوە بەراوردی ستەم و توندوتیژی لە ژنان و پیاوان لە سایەی داگیركەردا بكەین، ئەوا پیاوان گەورەترین قوربانی بوون و گەورەترین توندوتیژییان بەرامبەركراوە، ئەمەش بەدڵنیاییەوە لەبەر بوونە ڕەگەزیەكەیان (نیرینەبوونیان) نەبووە، بەڵكو لەبەر بەشداری و چالاكی و ئامادەیی خەباتكارانەیان بووە. ھەڵبەتە ژنانیش بەو ڕادەی كە بەشداربووبن، بەھەمان شێوە تووشی توندوتیژی و ئەتك و فشار و ئەشكەنجەی سێكسی بوونەتەوە، بەڵام پیاوانیش لەوە بێبەش نەبوون و كەم نین ئەو پێشمەرگە و زیندانیانەی كە بەھۆی ئەتك و ئەشكەنجە و فشارەوە، توانای سێكسییان لەدەستداوە یا تووشی نەخۆسی دەروونیی بوون.

بێجگە لەوە، ئەوەی كە ژنانی فێمینیستی دەسەڵاتخواز و پیاوانی دیوانەكانی دەسەڵات نایانەوێت، قسەی لەسەر بكەن، ڕیشەی كولتووریی و ئابووریی و ڕامیاریی ستەم و توندوتیژییە چ بەرامبەر ژنان و چ بەرامبەر پیاوان. ستەمی ڕەگەزیی؛ چ لە ژنان بە پلەی یەكەم و چ لە پیاوانی ھاوڕەگەزباز (ھۆمۆسێكسوێل) بە پلەی دووەم و چ لە پیاوان بەگشتی بە پلەی سێیەم، بەشێكی جیانەكراوەیە لە كولتووری خیڵەكی و باشترین  بەڵگەش بەبێ ئەوەی بچینە پای توێژینەوەی بنەما ئابووریی و پێكھاتەییەكانی خیڵ و دابەشكردنی دەسەڵات یا چۆنییەتی دەسەڵاتداریی و بەرێوەبەرایەتی خێڵ، ئەوا بەراوردێكی زۆر خێرا و گوزەریی لەنێوان ناوچە خێلەكییەكانی كوردستان و ناوچە ناخێڵەكییەكانی كوردستان، واتە ئەو ناوچانەی خیڵیان ھەیە و ئەوانەی كە خێڵیان نییە، بدەین، ئەوا بە ئاسانی ئاست و ڕادەی ڕەنگدانەوەی تاكایەتی و سەربەستی تاك لە كولتووری ھەردوو ناوچەكەدا دەبینین و ئامارەكانی كوشتنی ژنان چ پێش ڕاپەڕین و چ پاش ڕاپەڕین، ئەوە نیشاندەدەن و ھیچ پێیوست بە بەدواداچوون ناكات، ھەڵبەتە شتێك كە نابێت، فەرامۆشی بكەین، كارایی دیاردەی چەكداركردنی خەڵكی گوندە ڕاگوازراوەكان و دووبەرەكی پارتەكان و جەنگی نێوخۆیی و ھاندانی پارتە بەرھەڵستكارەكان بۆ چەكھەڵگرتنی سەرۆكخێڵەكان و نۆژەنكردنەوەی خێڵایەتییە لە شێوەی “ئەفواج خەفیفە و سەقیلە”دا، كە پایەگا و لەشكرگەكان، جێگەی گوندە خێڵەكییە ڕاگوازراەكانیان گرتبووەوە، لەسەر تاودانی ستەم لە ژنان، كارایی زۆر ھەبوو.

له‌لایه‌ک ده‌بێته‌ هۆی لێ سە‌ندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات لێی، وه‌کو به‌ شێک، له‌ گروپێک ،له‌چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تێکی نه‌ته‌وه‌یی فاشیستی وه‌کو عێراقدا.

بە بۆچوونی من، ئەوەی كە نووسەر لەم دێڕانەدا بەدوایەوەیە، ئامانجێكی زۆر دوورە لە پرسی ڕەگەزیی و ستەم لە ژنان، چونكە دەوڵەت لە ھیچ سەردەمێكدا نەتەوەیی نەبووە و ناشبێت، لەبەرئەوەی كە خودی نەتەوە بریتی نییە لە پێكھاتەیەكی پێكھاتوو لە كۆمەڵێك ئەندامی ھاوبەرژەوەند و  ھاوخەون، ئیدی دەوڵەت چۆن دەتوانێت نوێنەری چون یەكی گشت ئەندامانی وەھا پێكھاتەیەك بێت؟

 

لەو دەربڕینەی سەرەوەدا نووسەر بیەوێت یا نەیەوێت، خەریكە ئاو بە ئاشی دەسەڵاتی بۆرجوازی كورددا دەكات و  دەیھەوێت بە وێناكردنی وەھا بوونێك “دەوڵەتی نەتەوەیی”، پەیامێكی لەم جۆرە بەگوێی تاكی ستەملێكراوی كورددا بدات، كە ” ئەوە نەتەوەی عەرەبە، كە ستەمی لە تۆ كردووە و  پێویستە تۆش لە پشت دەسەڵاتی نەتەوەیی خۆت [بۆرجوازی كورد]ە بوەستیت و سەنگەر لە نەتەوەی بەرامبەر بگریت”!

 

پاشان، فاشیستبوون، دیاردەیەكی دیاریكراوی جۆرێك لە دەوڵەت نییە، بەڵكو كڕۆكی دەوڵەت پێكدەھێنیت، ئیدی ئەو دەوڵەتە بەناو نەتەوەیی بێت یا بەناو نیشتمانی، پاشایەتی بێت یا پارلەمانی، تاكپارتی بێت یا سەربازیی، ھەر كات، چین و توێژە ژێردەستەكانی ڕاپەڕین، ئەوا وەك دەوڵەتەكەی مۆسۆلۆنی و ھیتلەر و فرانكۆ، دێوجامە نەتەوەیی و نیشتمانییەكەی دادەدڕێت و لە پارلەمانەوە بڕیارە فاشیستییەكان پەخشاندەكات!

نووسەر دەیھەوێت، ئەو ڕاستییە ئاوەژووبكاتەوە، كە ژنانی كورد پێش ئەوەی دەسەڵاتی داگیركەر دەسەڵاتیان لێبسێنێتەوە، لەلایەن دەسەڵاتدارانی خێڵەوە وەك كۆیلە ڕاگیراون و خاوەنی دەسەڵات نەبوون، چونكە كوردستان پێش داگیركردن، كۆمەڵگەیەكی ناچینایەتی نەبووە، تاوەكو ژن وەك تاك و وەك بەشێك لە كۆمەڵگە، خاوەنی دەسەڵات بووبێت. ئەگەر ناسیونالیزمی عەرەب وەك ڕژێم و وەك داگیركەر، شانازییە شوناسییەكانی لە شانازیی خێڵایەتییەوە وەرگرتبێت، ئەوا ناسیونالیزمی كورد چ وەك سروشت و چ وەك لاساییكردنەوە لە بەرپەرچدانەوەدا، ھەمان پێكھاتەی ھەبووە و ھەیەتی. ئەو سروشتە خێڵەكییەی ڕژێمی داگیركەر و بزاڤی بەرھەڵستكاریی چەكداری، بۆ سروشت و ڕەچەڵەكی ناسیونالیزم دەگەڕێتەوە، كە بێجگە لە ھەوڵی گەورەكردنەوەی قەوارەی خیڵ لە نەتەوەدا ھیچی دیكە نییە و نەبووە.

 

هه‌روه‌ها دووچاری جۆرێکی تریش له‌چه‌وسانه‌وه‌ بوه‌و هه‌یه‌. ئه‌ویش (نه‌بوونی شانازیە به‌خودی خۆی)

نەبوونی شانازی ڕەگەزیی بۆ ستەم و نەبوونی دەسەڵات ناگەریتەوە و خودی ڕەگەزپەستی شایانی شانازیی نییە، تاوەكو بەشێك یا بنەمایەك بێت بۆ ئازادی و ڕزگاربوون. نەبوونی شانازی، چەوسانەوە نییە، تا لە دەرەوەی خودەوە بەسەر تاكدا بسەپێنرێت، بەڵكو پەیوەندی بە ڕادەی خۆھوشیاری و ئامادەیی دەروونی خودی تاكەوە بۆ ئازادی و ڕزگاربوون، ھەیە.  كاتێك كە ژن ئامادەیی كۆیلەبوونی لەوە زیاتربێت، كە دەسەڵات و پیاوی پاوانگەر دەیخوازێت، ئیدی شانازییەكان وەك ڕەنگدانەوەی دەركی ئازادی، دەگۆڕدرێن و شانازی بە سەربەخۆیی خود و ھەبوونی توانانی ھزرین و فیلۆسۆفی ژیان، شانازیكردن بە پێگەی توانانی ئابووریی خاوەنەكەی و بڕی خشڵ و زیڕ و پانوپڕۆی ئۆتۆمەبێلەكەی و مۆدیلگەرایی، جێگەی دەگرێتەوە.

ڕاستە ئەمە پەیوەندی بە كۆی پەیوەندییە كولتوورییەكان و بۆڕەخسانە ئابووریی و كۆمەڵایەتییەكانەوە ھەیە، بەڵام بێجگە لە نادەربەستی خودی تاكی كۆیلە [لەم بابەتەدا ژن] ھیچ شتێك نەبووتە ڕێگر لەوەی كە ژنانێك بوار و سەربەستی خوێندن و كاركردن و چوونەدەریان ھەیە، لەجیاتی دەبەنگبوون لە كولتووری بەكاربەرییدا، لەجیاتی ساخكردنەوەی مۆدێلە بێئەژمارەكان، خۆیان بە خۆڕۆشنبیركردنەوە خەریكبكەن و لەو رێگەوە شانازییە كەسییەكانیان ڕۆبنێن و سەربەخۆییەكی ھزریی و فیلۆسۆفی بەدەستبھێنن. 

ھەڵبەتە من مەبەستم شانازی تاكەكەسە بە سەربەخۆبوون و ئەندێشمەندی و كاراكتەری بڕوابەخۆبوو، نەك شانازی ڕەگەزیی، چونكە شانازیی ڕەگەزیی شەرمەزارییە بۆ تاكی ئازادیخواز و ژنانێك، كە شەیدای ئازادی و ڕزگاربوونن، یەكەم ھەنگاو،ھەر ئاوا كە پێویستە بە ھەموو بوونێكیانەوە دژایەتی شانازی ڕەگەزیی نێرینە بكەن، پێویستە ئەو شانازییە ڕەگەزییەی كە فێمینیستە دەسەڵاتخوازەكان خەریكن لە بیری ژنانی ناڕازیدا دەیچێنن، فرێدەنە تەنەكەی زبڵەكەیانەوە، چونكە مرۆڤی ئازادیخواز پێویستی بە شانازی ڕەگەزیی، نەژادیی، نەتەوەیی، ئایینی، ئایدیۆلۆجی و دەستەبژێریی و سەروەرانە نییە و تا كاتێك ئەو شانازییانەی ژێرپێ نەخستبێت، ئەوا ئازادییەكەی لە خەیاڵەوە نابێتە تان و پۆی كەتواری ژیانی.

شانازیی ڕەگەزیی بەژنبوون یا بە پیاوبوونەوە، وەك بوونێكی كولتووری، شانازی بە كۆیلەبوونەوە دروستدەكات، ھەروەك چۆن لەژێر كارایی پاگەندە و بیركردنەوەی پارتە كۆمونیستەكاندا شانازی بە كرێكاربوونەوە تا ئێستاش بووەتە ھۆی كۆیلە مانەوەی كرێكاران لەنێو جاڵجڵۆكەی ئایدیۆلۆجیاكاندا، ھەروا ژنبوون و پیابوونیش لە چەمكە كولتووریی و ڕامیارییەكەیاندا، تەنیا شوناسی كۆیلەبوونن لە چوارچێوەی سیستەمی كولتووری و ڕامیارییدا، لەبەرئەوە نەك ناتوانرێت مایەی شانازی بن، بەڵكو پێویستە تاكی ئازادیخواز وەك نەنگییەك وەریانبگرێت!

 

له‌ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵیدا،

 

دەسەڵاتی خۆماڵی چییە؟ خوێنەری ھێژا، ھیچ مەبەستم گاڵتەپێكردن و لاقرتێكردن نییە، بەڵام من ڕۆن و برنجی خۆماڵێم بیستوون، بەڵام دەسەڵاتی خۆماڵێم نەبیستووە ! ئەوە لە كەیەوە دەسەڵاتی بۆرجوازی و پیاوسالارانەی ھەرێمی كوردستان، بووە بە دەسەڵاتی خۆماڵی ژنانی ستەمدیدە و كۆمونیستەكان ؟

ھەڵبەتە من دەزانم لەكەیەوە ئەم پووچوێژییە لەنێو خۆبەكۆمونیستزانەكاندا سەریھەڵداوە و سەرچاوەكەی بۆ كامە گۆمی لیخن و لیڵ دەگەرێتەوە، لێرەدا خۆم لەو باسە لادەدەم و ئەگەر پێویستیكرد، لە داھاتوودا پەردە لەسەر ئەم  بۆچوونە شەرمنۆكانەیە لادەدەم، كە ناوێرێت بە ئاشكرا كراسە سوورە دێوجامەیەكەی فڕێبدات و ئاڵای دەسەڵاتە خۆماڵییەكە بە شانیدا بدات !

ئەمە كڕۆكی فێمینیزمی دەسەڵاتخواز (بۆرجوازییە)، ئەگەر مەبەستم لەم ڕەخناندنە، فرەتر ڕاكێشانی ژنانی ناڕازی نەبووایە بۆ وردبوونەوە لە كۆدی پەیام و پشتپەردەی دەستەواژە پێچراوەكانی فێمینیزمی دەسەڵاتخواز، كە چەند ساڵێكە دەسەڵاتداران و پارتە ڕامیارەكان ئاو بە ئاشیدا دەكەن، ئەوا ئەوەندە بەس بوو بنووسم “فێمینیزمی بۆرجوازی بەبێ توانج !” .

ئه‌وهه‌وڵانه‌ی تا ئێستا بوون له‌ کوردستان بۆ ئازادی و ڕزگاری ژنان، ناکرێ به‌ ئاسانی له‌ چوارچێوه‌ی فێمینیزمدا پۆلێنی بکه‌ین. هۆکاره‌کانی ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆنه‌بونی ژنان و هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ی ڕێکخراوی ژنان له‌منداڵدانی  پارتە سیاسیەکان، که‌خۆیان له‌ بنه‌ڕه‌تدا کڵه‌بێکی( یانە) پیاوانه بوون. 

بەداخەوە كات و گرفتاری ڕۆژگار بوارنادات، ئەگیا لێرەدا قسەیەكیشم لە وێرانی زمانی نووسەر دەكرد، تكادەكەم، بۆ خاتری ئەھریمەن، ئەم ڕستەیەت ” ئه‌وهه‌وڵانه‌ی تا ئێستا بوون له‌ کوردستان بۆ ئازادی و ڕزگاری ژنان، ” لە كام زمانی نا(ھیند و ئەوروپیەوە) وەرگێڕاوە، كامە ژنی بەدبەخت، كە بەو شێوە قسان دەكات؟

دەكرێت بزانین فێمینیزم چییە و لە كامە پێناسەدا جێگەی دەبێتەوە و دەربڕی خەون و ئاواتی كامە توێژ لە ژنانی كۆمەڵە و ئەو سەربەخۆبوون و ئازادییەی كە پاگەندەی دەكات، لە كوێدا سنوورەكانی دەستپێدەكەن و لە كوێدا كۆتاییاندێت، چ بەستەرگەلێك بە بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەكانی كۆمەڵگەوە دەیبەستنەوە و داخوازییە ھاوبەش و ناكۆكەكانی لەتەك بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەكانی دیكەدا، كە ژنان وەك بوونەوەرێكی كۆمەڵایەتی تیایاندا ھاوشانی پیاوان، توێژێكیان تێدا پێكدەھێنن، چین؟

ئایا ئەم (پان-فێمینیزم)ە ڕەوتێكی تازەیە و نووسەر داھێنەریەتی یا دێوجامەیەكی دیكەیە لە جۆری دێوجامەكانی دیكەی وەك “ھاونەتەوە” و  “ھاونیشتمانی” و “ھاووڵاتی” و “ھاوشاری” ؟

ئایا ئەم فێمیزمە گوتارێكی پێیە، كە قسەگەرانی یەكسانی ھەمەلایەنەی ژن و پیاو دەركیاننەكردبێت؟ ئایا توانای تێپەڕبوون و برینی سنوورەكانی پێكھاتەی قووچكەیی (ھیرارشیانەی) ڕێكخستنی ڕامیارییانەی كۆمەڵگەی ھەیە؟ ئایا بەتەمایە بەرامبەر دەسەڵاتی كولتووریی، كە ھەمان دەستی شاراوەی دەسەڵاتی ڕامیارییە، ئاڵای جەنگی ڕزگاریی بەشانیدا بدات ؟

لەبەرئەوەی كە نووسەر ھەر لە سەرەتاوە، ئاڵای دەسەڵاتخوازیی بەرزكردووەتەوە، ھیچ كات نایەوێت بە ڕەوتی مێژوویی پێكھاتە سەروەرییەكاندا بچێتە خوار و لە ڕەگەوە ستەم لەنێوبەرێت، بۆیە زۆر ڕواڵەتییانە، گرفتی ناكارایی ڕێكخراوەكانی ژنان لە وابەستەیی پارتەكاندا دەستنیشاندەكات. بەڵام ئەمە بۆ دێوجامەیی فێمینیزمەكەی نووسەر دەگەرێتەوە، كە ھیچ كات نایەوێت ڕەگی ستەم لە ژنان بخاتەڕوو، كە دەسەڵاتی كولتووریی و ڕامیارییین و ئامانجەكەشیان، مسۆگەركردنی بەرتەریی ئابووریی و سەروەریی كەمینەی مشەخۆرە بەسەر زۆرینەی ڕەنجدەردا.

ئایا ڕێكخراوگەلێك كە نووسەر، دەیەوێت بیانكاتە ئەڵتەرناتیڤی ڕێكخراوەكانی ئێستا، لە ڕووی پێكھاتنی ڕێكخستن و شێوازی كاركردن و چۆنیەتی دابەشكردنی كار و چالاكی و بوار و مافی ئەندامان لە بڕیاردانەوە چ جیاوازییەكیان لەتەك ڕێكخراوەكانی ئیستادا ھەیە؟ ئایا ڕێكخراوەكانی نووسەر ئۆتۆریتەی ڕابەر و سكرتێر و ھەوڵی پاوانگەرانەی كەسانی دەسەڵاتخواز، ڕەتدەكەنەوە؟ ئەگەر نا، چۆن دەتوانن، كۆپیكردنەوەی یانە “كڵەب”ەكانی دەستەمۆكردنەوەی تاكی ناڕازی و ڕۆنانی دەسەڵاتی دەستەبژێر بەسەر ئەندامانی خوارەوەدا نەبن؟

بەبۆچوونی من، گرفتەكە لە بوونی ڕێكخستنی قوچكەیی (باڵا و پایین)، خەباتی ناڕاستەوخۆ یا جێبەجێكاریی فەرمانی دەستەبژێر، نایەكسانی ئەندامان لە بڕیاردان و جێبەجێكردن و بەرپرسیارییەتیدایە، لە تێڕوانین بۆ ئازادی تاك و چۆنیەتی ڕزگاری تاكدایە، لە بوونی زمینە و ئایدیا و ئامانج و شێواز و  كاركردنی ئەو ڕێكخراوانەدایە، كە ھیچ جیاوازییەكیان لەتەك پێكھاتە و شێوەی خێزان، فێرگە، كارگە، مزگەوت، پارت، دەوڵەتدا نییە، چ ئەو ڕێكخراوانەی كە تا ھەنووكە بوون و ھەن، چ ئەو ڕێكخراوانەی فێمینیزمی دەسەڵاتخواز بۆ داھاتوو مژدەیاندەبەخشێتەوە !

ھەڵبەتە نەوتراو نەمێنێتەوە، پێویستە ژنانی ناڕازی و ئازادیخواز، دڵخۆشبن بەوەی كە ئەگەر لەو یانە پیاوانانەدا، ژنان جێگەیان نەبووبێتەوە، چونكە ئەركی پیاوانی ئازادیخوازیش ئەوەیە، كە پیاوانی خۆشباوەڕ و دەستەمۆكراو لەو یانانە (پارتانە)دا دەربكێشن. بەڵام پیاوانەبوونی ئەو پارتانە، بەو ئاراستە و جۆرە نییە، كە فێمینیزمی دەسەڵاتخواز دەیھەوێت، وێنای بكات. نەخێر لەو پارتانەدا پیاوانیش وەك ژنان ژێردەستە و دەستەمۆن، ڕێك بەپێچەوانەوە، كە ھاوبیرانی نووسەر دەیانەوێت لە بەرامبەر دەبەنگبوونی پیاوانی پارتدا، لەشكرێك ژنی دەبەنگراو لە پارتی دیكەدا پەروەردەبكەن، چونكە فێمینیزمی بۆرجوازی، یەكسانی مرۆڤەكان و بەدیاریكراوی ژن و پیاو، بە ھەبوونی ھەمان ماف بۆ ژنان، كە پیاوانی كۆیلە ھەیانن، واتە پۆلیسبوون، سەربازبوون، سیخوڕبوون، ئەشكەنجەدەربوون، بەڕێوەبەربوون، سەركردەبوون، سەرۆككۆماربوون، چەنەبازبوونی ڕامیارانە، مشەخۆڕبوون؛ بەواتایەكی دیكە، دارابوونی ھەموو مافێكی نەرێنیی نێرینەی ژێردەستە، یەكسان و وێنادەكات!

بێجگە لەمەش، ڕەخنەگرتن لە ھەر بیركردنەوە و پێكھاتەیەك چ خێزان بێت یا پارت و ڕێكخراوی پیشەیی و جەماوەریی و لە ھەر كولتوورێك، بەبێ ڕەخنەگرتن لە ڕۆڵ و ڕابوردووی خۆمان لەناویاندا، ناكرێت بەھەند وەربگیردرێت، ئاخر ڕابوردوو واتە چالاكی و ڕۆڵی كۆمەڵە كەسێك و لە دەرەوەی ڕۆڵی كۆمەڵەكەسەكان، مێژوو بوونی نییە و ھیچ رێكخراوێك ناتوانێت بوونی ھەبێت! ئایا دەكرێت نووسەر ھەر ئاوا وەك ئەوەی لە دەرەوەی ئەو مێژووەوە ھاتبێت، دوو ھێڵی چەپ و ڕاست بەسەر ڕێكخراوانەدا بھێنێت، بەبێ ئەوەی پێداچوونەوەی مێژووی ڕۆڵ و كاركرد و ئەندامبوونی خۆی لەو پێكھاتانەدا لە ساڵی ١٩٩٣تا مانگكێك لەمەربەر، بكات و  بیداتە بەر ڕەخنە و  لەوێوە وەك ئەزموونگیریی كەسیی خۆی لەتەك ژنانی كەم ئەزمووندا بەشی بكات و  بیكاتە كۆمەكێك لە پێگەیینی كردەیی و ڕوانگەیی و ژنان لەوە بیانگێڕێتەوە، كە وەك خودی نووسەر، زیاتر لە دوو دەھە تەمەنیان لەو یانانەدا بەسەر نەبەن، كە پاشكۆی پارتەكان یا دەسەڵاتن !

سه‌رتاپای په‌یڕه‌وو پڕۆگرامی ئه‌م حیزبانه‌ له‌لایه‌ن پیاوه‌وه‌ دانراوه‌. که‌واته‌ ژنی کورد به‌هێزنه‌کراوه‌ وڕێگه‌نه‌دراوه‌ له‌ سه‌ر ماف وئازادی یه‌کانی خۆی، ته‌نانه‌ت له‌ حیزبه‌کانیشدا قسه‌ی خۆی هه‌بێت.

ئەوەی كە یەكسانی ژمارەی ژنە-پارلەمانتاران و ڕێژەی داڕێژەرانی پەیڕەوپرۆگرامێك، بە مەرجی بوونی یەكسانی بزانرێت، یەكێكە لە سەرەكیترین و گەورەترین گرفتەكانی تێگەیشتنی فێمینیزمی دەسەڵاتخواز بۆ ئازادی و ڕزگاری و سەربەخۆیی تاك. ئەگەر بەو پێوەرەبێت، ئەوا ھەموو پارتەكان لە خزمەتی كرێكاران و  ھەموو سەندیكا زەردەكان پێشەنگی قسەكەرانی سۆشیالیزم دەبن و ھەموو ژنكوشتنەكان كاری ژنان دەبن! چونكە ئەوەندەی ژنان [دایك، خوشك، ئامۆژن، خاڵۆژن، براژن] پیاوان بۆ پیاوەتی و بۆ زاڵبوون بەسەر  ھاوسەرەكانیانیدا ھانیدەدەن، ئەوەندە خودی نێرینەكانی خێزان و بنەماڵە بەو كارە ھەڵناستن، باشترین بەڵگەش ناكۆكی نێوان خەس و بووك و دش و براژنە. 

ئایا ھێشتا بوونی ژمارەی زۆری كرێكاران لە پارتێكدا یا لە سەندیكایەكی زەرددا یا بوونی ھەژماری زۆری كرێكاران لە پارلەماندا وەك نوێنەر، دەكاتە ئەوەی كە پارتەكان و سەندیكا زەردەكان و پارلەمانەكان لە خزمەتی كرێكاراندان؟! ئایا ئەمە وایە؟ ئەدی چۆن دەتوانین ناسەربەخۆبوونی ڕێكخراوەكانی ژنان تەنیا بۆ ئامادەنەبوونی ژنان لە نووسینەوەی پەیڕەووپرۆگرامدا یا لە سەركردایەتی پارت و رێكخراوەكاندا ببینین؟ ئایا ژنبوونی ژنەشای بریتانی، سەرۆكشالیاریی (ئەنجێلا میركل)ی ئاڵمانیا یا بەێوەبەربوون و سەرمایەداربوونی ژنانێك، دەكاتە ئەوەی كە لە بریتانیا و ئەڵمانیا ژنان بە تەواوەتی یەكسان و ئازادن؟ ئایا لەو كۆمپانیا و كارخانانەدا كە خاوەنەكانیان ژنانی ملیاردلێر و ملیۆنێرن، ژنان یەكسان و ئازادن؟ تكادەكەم بە دواداچون بكەن، بزانن لە بریتانیا و ئاڵمانیا وەك تۆپ-دێمۆكراتی پارەلەمانی، ژنان ھەمان مووچەی یەكسان بۆ ھەمان كاری یەكسانی وردەگرن؟ بزانن لەو كۆمپانیا و كارخانانەدا كە ژنان خاوەنیانن، ژنان ھەمان ماف و مووچەی یەكسانیان ھەیە؟ ئایا لەو فێرگە و فەرمانگە و كارگێڕییانەدا كە ژنان سەرۆك و بەرێوەبەرن، ژنان لەلایەن بەڕێوەبەر و سەرۆكەكانەوە باشتر و مرۆڤدۆستانەتر ، ڕەفتاریان لەتەكدا دەكرێت؟

بە بۆچوونی من، گرفتەكە بۆ نەبوونی خوێندنەوە و لێكۆڵینەوەی مێژوویی و سەرنجنەدانی ڕەگە سەرەكییەكانی ستەم لە ژان، دەگەرێتەوە، كە وەك ھەر ستەمێكی دیكە بۆ سەروەریی سیستەمی كولتووریی و ھەبوونی سیستەمی ڕامیاریی دەگەرێتەوە، كە تەنیا سەنگەر و ڕێگەچارەی بەرەنگابوونەوەی ستەمی كولتووریی و سیستماتیكی ڕامیاریی، یەكگرتووی خەباتی كۆمەڵایەتییە، خەباتێك كە ئامانجی ھەڵوەشاندنەوەی پێكھاتە قوچكەیی و سیستەمە ڕامیارییەكانە، كە بە لەنێوبردنی زەمینە كولتووریی و كۆمەڵایەتیی و ئابوورییەكانی مەیسەردەبێت، واتە شۆڕشی كۆمەڵایەتی. بەڵام تكادەكەم، ئەم بۆچوونە لەبەردەم ئاوێنەی بالانوێنی ئاراستە ڕامیاریی و سۆشیالیزمە دەسەڵاتخوازەكاندا لێكمەدەنەوە، چونكە بە سەرەنجامێكی تەواو ئاوەژوو لە مەبەستەكەی من دەگەن.

من نامەوێت، بڵێم، دەبێت ژنان، نەتەوەكان، كەمینە و چین و توێژە ژێردستەكان، تا لەنێوچوونی كۆمەڵگەی چینایەتی؛ تا سەركەوتنی یەكجارەكی شۆڕشی كۆمەڵایەتی بوەستن و چاوەڕێی “بەڵێنی سەرخەرمان” بن. نا و نەخێر و زۆر بە پێچەوانەوە، لەبەر ڕۆشنایی ئەوەی لە تێڕوانینی مندا شۆڕش كردە و چالاكییەكی ھەر ڕۆژەی بەردەوامە و سەنگەرەكانی تەنیا خەباتی سەربەخۆی جەماوەریین، بەدەسەڵاتگەییشتنی پارت و قوتكردنەوەی  دەوڵەتێك بەناوی نەتەوە و پڕۆلیتاریا و …تد بە شۆڕش نازانم و زیاتر لەوەش بە دژەشۆرشی دەزانم، كەواتە خەبات و دەستكەوت و ڕزگاری و كولتوورییكردنەوەی ئازادی و ڕزگاری و یەكسانی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی، ھەر ئەمڕۆ و ھەر لە شوێنی ژیان و كار و فەرمان و خوێندنی خۆماندا و بە دەستپێشخەریی خودی تاك لە خەباتێكی ڕاستەوخۆ و ڕێكخستنێكی سەربەخۆ و خۆھوشیارییەكی شۆڕشگیرانەدا، تەواو پێچەوانەی بیركردنەوە و بۆچوون و تێڕامان و ئامانجی پارتەكان و ڕامیاران و دەسەڵاتداران و دەستەبژێران و دەسەڵاتخوازانەوە، كە ھەردەم لە ھەوڵی دەستەمۆكردنەوەی تاكی ناڕازین بۆ سەروەریی و بەرتەریی خۆیان وەك ڕابەر، دەستەبژێر، ھۆشی سەرووخەڵكی، سۆپەرمرۆڤ! ئەمە ئەو ئامانجەیە، كە فێمینیستانی بۆرجوازی ھەوڵی بۆدەدەن، واتە جێگرتنەوەی پیاوانی دەسەڵاتدار، بە ژنانی دەسەڵاتدار، پیاوانی سەركوتگەر، بە ژنانی سەركوتگەر، …تد.

 

هۆشیاری یه‌کی فێمینیستی لای تاکی کورد به‌ ژن و پیاوه‌وه‌ دروست بکرێ.

 

من تێناگەم، نووسەری ئەم دەستەواژانە، چەندە خۆی لە دەربڕینەكان و بۆچوونەكانی خۆی تێدەگات و چەندە بەخۆی لە پارادۆكسی بۆچوونەكانیدا سەردەردەكات؟

كاتێك، كە فێمینیزم، گەڕانەوە بێت بۆ سەر ڕەگەزی مێیینە و دروستكردنی شانازیكردن بە مێینەبوونەوە، ئەگەر ئەو وێنا دژە-ژنییەی پیاو، كە نووسەر و ھاوبۆچوونەكانی بۆ پیاو بەگشتی و پیاوی كورد بەتایبەتی دروستی دەكەن، دروستبێت، ئیدی چۆن دەكرێت، ھوشیاریی فێمینیستی لەلای پیاوان دروستبكرێت ؟!

ئەگەر نووسەر بینووسایە ھوشیاریی سەربەخۆیی (ئۆتۆنۆمی) تاك یا ھوشیاریی ناڕەگەزیی یا یونیسێكسی، ئەوا من ناچار بە ئاراستەكردنی ئەم پرسیارانە نەدەبووم، بۆیە حەزدەكەم بزانم، لە ڕوانگەی نووسەرەوە “ھوشیاریی فێمینیستی” چییە و چ ئامانجێك بە دوای خۆیدا دەھێنیت؟ كامە ئاراستەی فێمینیستی؟ تا چەندێك نووسەر دەتوانێت لەژێر خێوەتی (پان-فێمینیزم)ەكەیدا؛ فێمینیزمی ئیسلامی كە ژن وەك “جوانكاریی و دیارییەكی خودا و زەمینەێك بۆ كێلان و كەرستەیەك بۆ دامركاندنەوەی ھەوەسی پیاو و دەزگەیەك بۆ خستنەوەی وەچە” بۆ پیاو ڕەتناكاتەوە لەتەك فێمینیزمی ئەناركیدا كە ھەموو دەسەڵاتێكی سەرووتاك ڕەتدەكاتەوە و ھەموو سەروەرییەك چ سەروەری خوا، چ ھی باوك و ھاوسەر، چ ھی ڕابەر و پارت، چ ھی پارلەمان و دەوڵەت، ڕەتدەكاتەوە، پێكەوە لەسەر خوانی ڕەگەزپەرستیی دابنێت و دەیانكاتە تەواوگەری یەكدی؟

به‌ڵام گرنگه‌ ئێمه‌ ته‌رجومه‌ی ئه‌و باس ودیباته‌ فیکریانه‌ی که‌هه‌یه‌ له‌ئاستێکی نێونه‌ته‌وه‌یدا، له‌ کۆنتێکستی خۆماندا بگونجێنین وگرێکان بکه‌ینه‌وه‌…

یەكێكی دیكە لە گرفتە سەرەكییەكانی فێمینیزمی بۆرجوازی، ئەوەیە، وەك ھەر ھزر و بۆچوون و تیڕوانین و پێكھاتەیەكی سەرووخەڵكی، چارەسەرەكان بۆ وردكردنەوە و لێكدانەوەی ھۆشە باڵاكان و ھۆش بۆ پێش ماددە، دەگێڕیتەوە و ژنانی ئازادیخواز وابەستەی تێڕوانێك دەكات، كە بووەتە مۆدێڵ و نووسەر دەیھەوێت وەك دیاری بیھێنێت و خۆی بەھۆی شارەزایی زمانی سەرچاوەكانی ئەو ئایدیۆلۆجیایەوە، ببێتە پەیامبەری!

ئاخر، ئەگەر فێمینیزم، ھوشیاریی ڕزگاریخوازییە و بەرەنجامی ئەزموونگیری خەبات و پێگەییشتنی تێكۆشەرانی ئەو پێناوەیە، ئیدی چ پێویستییەك بە وەرگێڕانی دەكات، بۆ لە بوونە كۆمەڵایەتییەكەی خەباتی ڕزگاریخوازانە و یەكسانیخوازانەی ژنانی كوردستان خۆیاندا بۆی ناگەرێن، بۆچ پێویستی بە ھاوردن و سپاردنی وەستایی موتۆربەكردنی بە كەسانێكی دیكە دەسپێرن؟

ئەگەر ستەم لە ژنان لە كۆمەڵگەیەكدا، بوونێكی ماددی و كەتواریی ھەبێت، ئەوا بنەما ھزرییەكانی و فیلۆسۆفی و شێوازەكانی خەباتی لە كەتوارە ماددییەكەیدا سەرھەڵدەدەن و ھیچ پێویستیان بە قەرزكردن و موتوربەكردن نییە! بەڵام لەبەرئەوەی كە نووسەر بەخۆی دوو دەھەیە، ھەڵگری ئەو ھزریەیە، كە سۆشیالیزم داھێنراوی كەسانێكی دیاریكراوە و كاری تیئۆریی لە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی و یەكسانیخوازییدا كاری ھەموو تاكە بەركەوتووەكانی سەركوت و نایەكسانی نییە و ئەوە تەنیا ڕابەرانن، كە توانانی بیركردنەوە و تێگەییشتنیان لە ھۆكاری ستەم و چۆنیەتی خەبات و شێوازی بەرەنگارییان ھەیە و ئەوانی دیكە، پێویستە وەك كۆیلەكانی بەردەم كلیسا و دەوڵەت، ڕێنوێنییەكانی سەرەوە ئەنجامبدەن، بۆیە لە دەرەوەی بزووتنەوەی ژنانی كۆمەڵگەی كوردستان، بۆ سەرخەتەكانی فێمینزیمەكەی دەگەڕێت. 

ھەنگاوی یەكەم، ئەمە پەیامێكە بۆ ژنان كە دەڵێت “ئێوەی ژنانی ژێردەستە، بەخۆتان توانای بیركردنەوە و ھوشیاربوونەوە و  تیئۆریزەی ئەزموونەكان و خۆڕزگاركردنتان نییە، لەبەرئەوە پێویستان بە پەیامبەرانێكی وەك من ھەیە، كە دەستم بە سەرچاوەی ئایەتە پیرۆزەكانی فێمینیزم دەگات”! بەڵێ ئەمە ئەو گاڵتەجارییەیە، كە دەستەبژێری ڕامیار، ڕۆشنبیر و خوێندەوار، دەیكاتە بەردەبازی پەڕینەوە بەرەو بەھەشتی دەوڵەتی باش و كۆمەڵگەی یەكسانی ماتریاكی (ماتەریاشات)!

 

فێمینیزم چ وه‌ک بزوتنه‌وه‌ و چ وه‌ک تێرم و تیۆرە له‌ ئه‌وروپاوه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌.

 

ئەگەر منیش بەبێ خوێندنەوەی پاشخانی ئەم بڕیاردان و  پێگەیینە، وەڵام بدەمەوە، دەبێت بێژم، كەواتە فێمینیزم، ھیچ پەیوەندییەكی بە ستەم لە ژنان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی ژنانەوە نییە و یەكسانیش ئامانجی نییە! چونكە ئەگەر ئێمە بڕوامان بەوە ھەبێت، كە لە كوێ ستەم ھەبێت، لەوێش بەرھەڵستكاری بەرامبەر ستەم ھەیە و لە كوێش بەرھەڵستكاری ھەبوو، لەوێش ھزر و بۆچوون و ئەزموون و تیئۆری ئازادیخوازانە بوونی ھەیە! لەبەرئەوە، یا ئەوەتا فێمینیزم، ھیچ پەیوەندییەكی بە خەبات و بەرھەڵستكاریی خودی ژنانی ئازادیخوازی كوردستانەوە نییە و ئایدیۆلۆجیاییەكی ھاوردە و چێكراوی دەستەبژێری دەسەڵاتخوازە، كە دەخوازێت لە خەباتی یەكسانیخوازانە و ڕزگاریخوازانەی ژنانی ستەملێكراودا، كایەی بەدستھێنانی دەسەڵات و پێگەی ئابووریی باڵاتر چێبكات، یان بەلایەنی كەمەوە خۆی لە دەستەبژێری پیاوان بە شیاوتر دەبینێت، لەوەی كە باشتر دەتوانێت چەوسێنەر و سەروەری ژنان بێت، یا ئەوەتا فێمینیزم [بەڵام فمینیزمی دەسەڵاتخواز نا] ئاراستەیەكی ئازادیخوازانەی نێو خودی بزووتنەوەی ڕزگاری ژنان و كۆمەڵگەكانە و ئیدی لەو بارەدا ھیچ پێویستی بە قەرزكردن و ھاوردن و وەرگیرانی ئایدیۆلۆجییایەك، كە لە نێو ژنانی ڕیفۆرمیست و دەسەڵاتخوازدا سەریھەڵداوە، نییە و خەباتی جەماوەریی و كۆمەڵایەتیی خودی ژنان، وەڵام بە پێداویستییەكانی خۆی و دەداتەوە!

 

ھەڵبەتە مەبەستم ئەوە نییە، كە پێویستمان بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی بزووتنەوەی ژنان لە وڵاتان و كیشوەرەكانی دیكە نییە، نا و نەخێر، بەڵكو مەبەستم ڕەتكردنەوەی ھاوردنی فێمینیزمە وەك ئایدۆلۆجیاییەكی پان-ڕەگەزیی دەسەڵاتخواز! ھەروەك چۆن كەسانێك بەناوی نەتەوە و ھاوبەرژەوەندیی ھەموو ئەندامانی نەتەوە و بە ئایدیۆلۆجیای ناسیونالیستی، توانییان بەدەسەڵاتێك بگەن، كە لە ئەمڕۆدا دووبارە كەسەكان ناچارن خەبات بۆ لەنێوبردنی بكەنەوە، ھەر ئاواش ئەگەر پان-فێمینیزمەكەی نووسەریش، وەك ئایدیلۆجیایەك، كە خزمەت بە بەدەسەڵاتگەییشتنی دەستەبژێرێك لەنێو ژناندا دەكات، بە دەسەڵات بگات، پاشان دووبارە ژنان ناچار بە خەبات بۆ وەڵانان و لەنێوبردنی پێگە و دەسەڵاتیان دەبنەوە!

 

ھەژێن

 

تەواوگەری لە بەشی دووەمدا دەخوێننەوە …

 

***********************************

خوێنەری ھێژا، لەم بەستەرەدا داتوانیت نووسینەكەی خاتوو (ھۆزان مەحموود) بخوێنیتەوە :

http://www.hawlati.co/%D9%81%DB%86%D8%A8%DB%8C%D8%A7%DB%8C-%D9%81%DB%8E%D9%85%DB%8C%D9%86%DB%8C%D8%B2%D9%85-%D9%84%D9%87%E2%80%8C-%DA%A9%D9%88%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86/

 

Previous
Next

Leave a Reply