Skip to Content

Wednesday, December 8th, 2021

لە پیاسەوە تا شەراب

Be First!
by January 16, 2013 ئەدەب

 

 

 

 

لە پیاسەوە تا شەراب

هەوڵی خوێندنەوەیەکی خەیاڵناسییانە

 

توانا ئەمین

 

 

“بترسە لەوەی کە دەڵێ ئاسمان سنووردارە، چونکە ئەو خەیاڵی سنووردارە”

ئۆسکار وایڵد

“سەرەتا وشە هەبوو”؛ ئەو ڕیزبەندییە کرۆنۆلۆژییە هەڵدەوەشێنێتەوە کە پێش (کات) چی هەبووە..! ئەم حوکمە پێشوەختە ناچاری قسەکردن لە شتێکی ترمان دەکات کە خەیاڵە.. قسەکردن لەبارەی خەیاڵەوە قسەکردنە لە دژواریی، دژوارییەک کە تێیدا نووسین و ئاخافتن کەرەستەیەکی گونجاو نین بۆ ناسکردن و ئێرا پنتێکە لەو وێستگا سنوریانەی ڤیتگنشتاین واتەنی؛ زمان بە ناچارییەوە تێیدا دەوەستێ..

سارتەر لە (بوون و نەبوون)دا دەنووسێت؛ “خەیاڵ بریتیە لە جیاوازیی نێوان درککردن و وێناکردنی ئەسپێک لەسەری هەریەکەماندا”، بە باوەڕی بچکۆلانەی من؛ خەیاڵ وێناکردن نییە، بەڵکو بینینی ئەسڵی وێنەکە خۆیەتی، وێنەیەکی سێنسی شتێک، کە نییە..! کتێبە ئاسمانییە گەورەکان ئەندێشەی هێجگار واڵای خودان و سەرشارییان لەخەیاڵ، ڤیزای تەمەنی درێژییان بووە لەو هەموو ساڵەدا.. شارە گەورە و شەقامە بەیەکداچووەکان بەر لەوەی شوێن بن، خەیاڵی سەری ئەندازیارەکانن.. هێڵە درێژەکانی ڕێی ئاسن، کەشتیی زەبەلاحی ناو زەریاکان، ئاسمانگەڕە گەورەکان، فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان لە بۆشاییدا.. هەموویان بەرلەوەی مادەی خاو بووبن، خەیاڵی خاو بوون.. 

خەیاڵ هەر کێشیەکی کونسێپتوێلی ناو زانستی بەلاغە نییە، لەدەرەوەی دونیا بێت، بەڵکو تەواوی ئیمکاناتە بێ سنورەکانی ئێمەیە لە دونیایەدا.. ڕامان لەو پارادایمەی کە خەیاڵ دونیاییە و لە دەرەوە بۆ ئێمە نەهاتووە، هەم خەیاڵی ئاینی لە چاپە یۆتۆپییەکەیدا پووچ دەکاتەوە و هەم جەخت لە مرۆڤبوون وەک شتێکی پەیوەست بەم زەویە تەنیایەوە توند دەکات.. ئەوەی کۆمەکی کەسێک دەکات لە دۆزەخە خوێناویەکانی نیشتمانەکەیدا لە سوریا بژی و بەردەوام بێت، خەیاڵی گۆڕینی نیشتیمانێتی بۆ سەر بەهەشت، یان تەیب ساڵح واتەنی خەیاڵی کۆچێتی بۆ باکور، ئەندێشەی پیشەسازیی دروستکردنی فیردەوسە لە خاکەکەیدا.. ئاوها خەیاڵ جێدەستیکی سەنگینی هەیە لە دروستکردنی نەتەوەدا، لە مانەوەی مرۆڤ لە شوێنێکدا و قبووڵکردن و دروستکردنی ئەو هەموو دۆزەخەی ناوی وەک ڕێگایەکی پەڕینەوە بۆ خودی بەهەشت..

***

ئەگەرچی لە پرۆسەی دروستکردنی منداڵدا، ئینسان بە بازدانێکی باوەڕنەکردە و بەڕیزپەڕێک شوێنگەکەی لە مەخلوقەوە بگۆڕێت بە خالیق، کەچی هێشتا ئەوەی ڕێشەی ئەم ئادەمیزادە دەباتەوە سەر پاوەرێکی میتافیزیکی، منداڵ دروستکردن نییە، بەڵکو؛ توانایەکی گەورەترمانە کە بریتییە لە هێزی خەیاڵکردن و لەخۆیدا لە سیفەتە هەرە گرنگەکانی خوداشە..

ڕاسیونالیسەتەکان لە دونیای مۆدێرندا؛ ئەم توانای خەیاڵکردنەمان دوای فیلتەرگەلێکی زۆر، پاش بە سیستماتیک کردن، وەک بەرهەمی عەقڵ پێدەفرۆشنەوە و ئەهلی ئیمان وەک چاوی ڕۆح.. بەڵام خەیاڵ زیندەوەرێکی میتافیزیکی نییە، ئەگەرچی موعجیزەش بخولقێنێت، هێشتا قاچێکی لەسەر زەوییە، مێنتاڵەکانی دەوروبەر لە خەیاڵدا بە فۆرمی تر دێنەوە، گەرنا هەر ئەوانن، هەر خۆیانن و خۆیان گۆڕیوە. بۆیە لە هونەری سوریالییشدا کە بانگەشەی داهێنان لەناو نەستی پەتیدا دەکات؛ قسەکردن لە خەیاڵی بێگەرد و ئەبستراکت، بێ فۆرم و فیگەرەکانی دونیای ڕیاڵ، بەو گشتاندنە ڕەهایە و لە کۆنتێکستێکی هێندە فراوان و کراوەدا تەواو بەتاڵە.. ئەوەی دالی لە جیهانی سوریالیەتدا دای هێنا، کەرەسەتەی دەرەوەی دونیا نەبوو، لە تابلۆکانی ئەودا کەشتیی و کاتژمێر و پڵنگ و ماسیی و فیل و ئەسپ و ڕوخسار هەن، بەڵام فۆرمیان بە شێوە باوەکە تێکشکاوە.. ئەوەی شێرکۆ بێکەس لەم چەند دێڕە کورتەی خوارەوەدا ئیشیان پێدەکات، ئۆبژێکتی دەرەوەی دونیا نین، کەچێ بەهەموویان ساختومانێک لەزماندا دروست دەکەن لە دەرەوەی دونیا:

“…… ئەو وەختەی زریانێکی شوم و چەمووش

لەسە رڕا دێ و بە چەپۆکەکانی گڤەو لوورەوە

لە لوو زەوی بێ ئامانی مەرگیا..

لەڕەگەوە

سوورە شاتووەیەکی پژوپۆداری

سەرچڵ بەخەندەی

سێبەرکڕی 

توێکڵ بە ئەزموون

بەروە قووڵایی کەندێ

تلاوتل ڕاپێچ دەکا..

………..”

ڕوونە کە خەیاڵ شتێکە تەنیا لە ئێمەدا هەیە، لێ پرسیارێکی شاعیرانەش نییە، ئەگەر بپرسین تۆ بڵێی خۆمان خەیاڵی کەسێ.. شتێکی تر نەبین..؟ ئەو ڕۆژە لە کوێیە کە خاوەنی ڕاستەقینەی ئەم خەیاڵە سەر ڕادەوەشێنێت و ئێمە وەک تەمێکی سپی تەنک دەڕەوینەوە..!

ئێستا ئیتر نمونەی خەیاڵ وەک گیانلەبەرێکی زەمینی بۆ مەسەلەی نابینایەکی زگماک و وێناکردنی ڕەنگ لەسەری خۆیدا، هەر ڕاستە.. ئەو هەرگیز لەم تاقیکردنەوەیە دەرناچێت، چونکە پلەی زانین و ناسینی لە بەرانبەر شتێکی وەکو ڕەنگدا سفرە.. بۆیە بە باوەڕی بچکۆلانە من؛ خەیاڵ ئەگەر توانای دۆزینەوەی دونیای تریشی هەبێت، ئەگەر نامومکینەکانیش مومکین بکات، ئەوە هێشتا هی ئەوەیە، کە لێرەوە و لەسەر زەوی و لەسەری بونەوەرێکی بچکۆلەی وەکو مرۆڤدا دەتروکێ..

***

خەیاڵ کارگەی بەرهەم هێنانەوەی ڕیاڵە لە فۆرمگەلێکی تردا، پیشەسازیی دروستکردنی دونیایە بە یاساکانی فیزیکێکی تر.. ئەوکاتەی ڕۆبن ویلیامز لە ڕۆڵی دکتۆر نیڵسن لە فیلمی (What Dreams May Come)، دەستی بە گوڵەکانی بەهەشت ڕەنگاوڕەنگ دەبێت، ئەوە ساتی بەرکەوتنی ئێمەی ڕیاڵە بە باخێکی سێنسی و لوتکەی پەیوەندی گرتنە بە مێنتاڵێتە بنچینەییەکانی خەیاڵەوە.. ڕەنگە لەڕاستیدا خەیاڵ خودی واقیع بێت، بەڵام واقیعێک کە هێشتا هەلومەرجی هاتنی بۆ نەلواوە. ئەوەی خەیاڵ وا نهێنیئامێز و مەرموز دەکات ئەو ناگرەنتی هاتنەیەتی بۆ جیهانی ڕیاڵ، بۆیە یەکەم کەس کە دەگاتە مانگ ئارمسترۆنگ نییە، بەڵکو ئەوکەسەیە کە یەکەمجار خەیاڵی چوونە سەر مانگ دەکات.. ئەوەی سێپتێمبەریكی تر دروست دەکات، پیاکێشانی فڕۆکە نییە بە هەوربڕەکاندا، خەیاڵی پیاکێشانی فڕۆکەکانە بە هەوربڕەکاندا.. بەمشێوەیە خەیاڵ هەمیشە جێگا گرتنێکە لە داهاتوو.. ئەوەی مێژوو دەجوڵێنێ هێزی خەیاڵە، نەک باسکی کرێکار وەک مارکسیزم بانگەشەی دەکرد، لە ڕاستیشدا ئەوەی ئایندە بونیاد دەنێت هەر خۆیەتی.

لای ئەرستۆ خەیاڵ پردێکە لە نێوان وێنە و ئایدیادا پردێکی مائیلیشە لە خودی کاتدا، خەیاڵ مەلێکی تیژڕەوە لە ڕابردووە وە بە ئێستادا بۆ داهاتوو.. هەموو خەیاڵێک و بێ ئاوارتە ئەم دۆخە زەمەنیانە دەبڕێ.. لەم ڕەوگەیەدا ئاراستەکردن لە یەکەمیانەوە بۆ دووەم کاری عامەپەسەند و پۆپولیست و لە دووەمیانەوە بۆ یەکەم، کاری هونەر و لە یەکەمیانەوە و بە تێپەڕاندنی دووەم و ڕاستەوخۆ بۆ دۆخی سێیەمی زەمەن، کاری بلیمەتەکانە.. لێ پەیوەندیگرتنی توند لەگەڵ خەیاڵ، ئەگەر نەبێت بە هونەر، ئەگەر نەیەتە دەرەوە و لەسەر نەخشەی واقیع جێنەگرت، سەریەشەیەکی گەورەیە بۆ خاوەنەکەی، هەموو شێتەکانی ناو مێژووی مرۆڤایەتی قوربانییگەلێکن کە بێ زیان لەم دۆستایەتییە گەرمەی خەیاڵی خۆیان دەرنەچوون.. خەیاڵ جێگایەکە لە قووڵایی وجودی هەریەکەماندا کە تەنیا ژمارەیەکی کەمی خەڵک دەتوانن ڕوناکیی لێی هەڵگۆزن.. 

پەیوەندی نێوان خەیاڵ و مۆراڵی گشتییش لە پارادۆکسێکی قووڵدا دەژی و بەردەوام لەسەر تەرمی یەکتر خۆیان ئەپدەیت دەکەنەوە، ئەوەی نووسەرەکانی تێدان؛ سەر مەرزی خەیاڵ و واقیعە.. بۆیە زۆرجار لە ژیانی کۆمەڵایەتیان کە ئەستونگەکانی وا لەواقیعدا سەرکەوتوو نابن، لە کیرکەگۆر بڕوانە، لە کافکا، کە نمونەی دۆڕاندنی ژیانی خێزانین لە پێناو خەیاڵیاندا، سەیری دیستۆیڤسکی و ژان ژینییە بکە، دی ساد بخوێنەرەوە، کامیلۆ خۆزێ سێلا..سۆدێربێرگ؛ پیاوگەلێک لە خەیاڵی خۆیان شەرابی خوێن دەدڵۆپێنن.

***

خیام گوتوبوی شەراب تەنیا شتی دونیایە کە تاریک و ڕوونە پێکەوە، لەڕاستیدا ئەم حوکمە ‌بۆ خەیاڵیش لەنگ نییە.. پەیوەندی نێوان شەراب و خەیاڵ پەیوەندییەکی دێرین و تاریکە، لە مێژووی هەزاران ساڵی تەمەنی شەراب و خەیاڵدا، ئەوەی ڕوونە تەنیا ئەوەیە؛ کە دووەمیان یەکەمیانی دروست کردووە و دواتر وەک زنجیرەیەکی بەدوایەکداهاتوو هاودژ، ئێستە بە ڕۆژانێک گەیشتوون کە هاوکێشەکە پێچەوانە بۆتەوە و بە ئاسانی شەراب دەتوانێت خەیاڵ دروست بکات..

ئەمڕۆ تاقیگە و سەنتەری گەورەی شەرابناسیی لە دونیادا هەیە، لە فرانسا ژمارەیەک خەڵک بەهۆی مەهارەتی زمانیان لە تامدۆزی و چەشتن و تاقیکردنەوەی شەرابدا، قووتی ڕۆژانەی خۆیان دەچڕن.. بەڵام ئەی چۆن بتوانین خەیاڵ چیژ بکەین..؟ خەیاڵ ئەوەندە توناوتوونە بەتەنیا گەمارۆدانی لە کۆلێژ و قەتیس کردنی لە ڕشتەیەکدا، داد نادا و بیرکردنەوە لە ناسین و ڕامکردنی خەیاڵ مادام بیرکردنەوەیە لە خودی خەیاڵدا، بەداخەوە هیچ کات ناگاتە ئەنجام، بە لۆژیکی قەدیم ئێمە هەڵەکە لەویادا دەکەین؛ کە دەمانەوێت بە هەمان کەرەستەی شتێک خودی شتەکە بناسین و ئەمەش بۆ هاتنە تەعریف، ڕێگایەکە تا دڵ حەزبکات هەڵەیە..

من خەیاڵ تەواو وەکو شەراب سەیر دەکەم، پایەی شەراب لە ئەدەبیاتی عیرفانییدا، وەک پایەی خەیاڵ، مەقامێکی بڵندی ناو تووناوتوونی مەغزە کە حاڵیی بوون لێی تەنیا کاری (مەستانە)یە..! لە ڕێسا سەرەتاییەکانی دروستکردنی شەراب و خەیاڵیشدا واهاتووە؛ بۆ ئەوەی باش بگەن، دەبێ هەوایان بۆ نەچێت.. دەبێ ماوەیەکی باش لە شوێنی خۆیان بمێننەوە، هەردووکیان کاتیان پێویستە، هەردووکیان تەنیایی، هەردووکیان خۆیبوون، جەوهەری خەیاڵ و جەوهەری ئەم نووسینە کورتەش دەیەوێت لەسەر ڕامان لە ماوەی نێوان مانەوە و جوڵاندن بووەستێت..

***

هەنوکە خەریکم دەڵێم؛ پیاسەکردن جوڵە و جێگۆڕکێیە بە خەیاڵێکی نیشتوو تا ببێت بە شەراب.. ئەنیشتاین هەر ئەو پیاوەی خەیاڵی لە زانین پێ گەورەتر بوو، (تیۆری ڕێژەیی) لە ڕێ ڕۆیشتندا دۆزییەوە، سپینۆزا گەڕاڵی ژێر پردە نزمەکانی ئەمستردام بوو.. هایدگەر لە پیاسەی دارستانی ڕەشدا (بوون و کات)ی نووسیی، نیچە پاش هەڵزنان بە چیاکانی ئەڵپدا (وەهای گووت زەردەشت)ی نووسیی.. پاموک بە پیاسەی نیوەشەوانی قومقاپی و ئەمینونودا (ناوم سوورە)ی تەواو کرد..

فاڤۆرێتی من پێاسەیەک بەتەنیایە.. پیاسەیەک بە پێ.. تۆ بە دووچەرخەیەکی کۆن بڕۆ و ئەو بە ترۆمبیلێکی شڕۆڵە.. کەسێکی تر بە شەمەندەفەرێکی پیر.. ئەگەر ئەمەی دواییان من بووم، وەک هەمیشە لە کورسیی پێچەوانەی ئاراستەی ڕۆیشتن، لە تەنیشت پەنجەرەکەوە دادەنیشـم.. با دەنگی هەوا، لە کۆنۆچکە ژەنگاوەیەکانی کۆپاکەوە، وەک جێ چەقۆی هەڵکێشراوە لە قوڕگی دڕاوی پیاوێکدا، مینا لوورەی بــایەکی دوور بێتە گوێ، فەرامۆشی بکە.. کە قەتار لۆژەلۆژ بەسەر سکەی ژەنگاوی ئاسندا خۆی دەخشێنێ، تۆ دونیای جێھێڵڕاوی ڕاستەقینە لە پەنجەرەکەوە دەبینیت، بۆ یەک سات؛ ساتێکی کورت، تۆ و دونیا دەدەن بەلاییەکدا و ھەردووکتان بەھەمان خێرایی لەیەکتر دوور دەکەونەوە.. ئەمە هەوڵی مەلەیە لەو شەتی شەرابەی کە حافز وتبوی، لەو ڕووبارە ڕاستەقینەیەدا کە خەیاڵە.

 

 

 

*ئەم کورتە وتارە لە ژمارە ٣٤٤ی ڕەخنەی چاودێردا بڵاوبۆتەوە.

 

Previous
Next

Leave a Reply