مرۆڤی میهره‌بان و لێبووردوو
یه‌كێك له ده‌ستكه‌وته گه‌وره‌كان له ژیانی هه‌ر یه‌كێك له ئێمه‌دا ناسینی مرۆڤه باشه‌كانه. ئه‌مه‌ش ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه نا كه مرۆڤی باش جگه له‌وه‌ی هیچ مه‌ترسییه‌كی بۆ سه‌رمان نابێت، چاكهیشمان ده‌رباره ده‌نوێنێت. بێگومان ئه‌و دوو خاڵه زۆر گرنگن، به‌ڵام له‌وانه‌یش گرنگتر ئه‌وه‌یه مرۆڤی باش، خۆیشمان به‌ره‌و باشی ده‌بات. من زۆرجار له خه‌یاڵی خۆمدا په‌یوه‌ندییه‌كانی مرۆڤ وه‌ك یاری دوو گۆڵی، یان هه‌ر یارییه‌كی دی كه له‌یه‌ك كه‌س و لایه‌ن زیاتر تیایدا به‌شدار ده‌بن، ده‌بینم. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه له هیچ په‌یوه‌ندییه‌كدا مرۆڤ ته‌نیا نییه و به ته‌نیا بڕیار نادات. وه‌ك چۆن له یاری دووگۆڵییدا ئه‌وه‌ی یارییه‌كه دیاری ده‌كات هه‌ردوو تیپه‌كه‌ن، له په‌یوه‌ندی مرۆڤه‌كانیشدا ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كه دیاری ده‌كات هه‌ردوو لان. تیپێك هه‌رچه‌ند به‌هێز بێت كاتێك له‌گه‌ڵ تیپێكی بێهێزدا یاری ده‌كات، ناتوانێت باش یاری بكات، چونكه وه‌ك وتمان ئه‌وه‌ی یارییه‌كه ده‌كات هه‌ر تیپه به‌هێزه‌كه نییه، هه‌ردوو تیپه‌كه‌ن. مرۆڤیش ئه‌و كاته‌ی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی باش‌دا په‌یوه‌ندی درووست ده‌كات، ڕۆیشتنی به‌ره‌و باشی ده‌بێت. مرۆڤه‌كان له‌كاتی په‌یوه‌ندییدا كار له‌یه‌ك ده‌كه‌ن. كاتێ كه‌سێكی توڕه و هه‌ڵچوو دێته ژیانمانه‌وه، بێئه‌وه‌ی به‌خۆمان بزانین به‌ره‌و توڕه‌یی و هه‌ڵچوونمان ده‌بات، كاتێك ده‌زانین ئێمه مرۆڤه‌كه‌ی به‌ر له‌و په‌یوه‌ندییه نین. به پێچه‌وانه‌یشه‌وه كاتێ مرۆڤێكی میهره‌بان و لێبووردوو دێته ژیانمانه‌وه، ئه‌گه‌ر پێشتریش وا نه‌بووبین، هێدی هێدی ئێمه‌یش به‌ره‌و میهره‌بانی و لێبووردوویی ده‌ڕۆین. كاتێك ده‌زانین مرۆڤه‌كه‌ی به‌ر له‌و په‌یوه‌ندییه نین. كه واته بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ڕابردوویه‌كی جوان و ئێستا و ئاینده‌یه‌كی جوانترمان له‌گه‌ڵ كه‌سێكدا هه‌بێت، پێویستمان به‌وه‌یه له‌گه‌ڕان به‌دوای مرۆڤه باشه‌كاندا ماندوو نه‌بین. هه‌میشه‌یش مرۆڤی باش هه‌ن و كه‌میش نین، به‌ڵام هه‌ندێجار ئێمه كهمحهوسهڵهین و زوو له گه‌ڕان به دویاندا ماندوو ده‌بین. به‌ڵگه‌ی ڕوون و ئاشكرایش بۆ ئه‌وه‌ی كه هه‌میشه مرۆڤی باش هه‌ن ئه‌وه‌یه كه ژیان به‌رده‌وامه. ئه‌گه‌ر مرۆڤی باش و هێزی چاكه نه‌مێنن ژیانیش نامێنێت. سڵاو له‌و مرۆڤه میهره‌بان و لێبووردووانهی كه دێنه ژیانمانه‌وه و مانا به ژیانمان ده‌به‌خشن و یارمه‌تیمان ده‌ده‌ن میهره‌بان و لێبووردوو بین.
محه‌مه‌د كوردۆ
******
*گۆشه‌ی ڕاز و نیاز، كوردستانی نوێ، ژماره (5835) 20/ 7 / 2012