Skip to Content

Saturday, September 26th, 2020

مه‌ی ورووژێنن به‌ که‌یفی خۆمان ده‌بێت!

Be First!
by May 7, 2008 گشتی

تایه‌ر حاجی حه‌سه‌ن….

سیاسه‌تکردن له‌ دنیا بینی سه‌رۆک و ده‌سه‌ڵاتدارانی تاکڕه‌وی ئه‌مڕۆی بازاڕی ئازادا، وێنه‌ی پیشه‌یه‌که چۆن بڵێی  هه‌رخۆم ده‌یزانم و به‌که‌ستانی ناڵێم، وایه. ئه‌مه‌ چ نوێنه‌رایه‌تیه‌کی گشتی کۆمه‌ڵگه‌یه‌!

به‌ڕیز تاڵه‌بانی ، خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندیه‌کی جیاوازتره‌ له‌ نێو سیاسه‌تمه‌دارانی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا و هه‌میشه‌ جۆریک له‌ گاڵته‌جاڕی به‌زمانێکی کۆمیدی ئاسا  ده‌بینرێت له‌ لێدوانه‌کانیدا، چ له‌ ئاستی دانیشتنه‌ فه‌رمیه‌کاندا بێت یاخود به‌رانبه‌ر ڕۆژنامه‌ نووسان. زۆرجار ده‌بیستم ده‌ڵێن ئه‌مه‌ کابرایه‌کی خه‌ڵه‌فاوه‌ و توانای سیاسه‌تکردنی له‌ناو گه‌مه‌ سیاسیه‌کانی  ئه‌مڕۆی ده‌سه‌ڵاتدارانی دنیای سه‌رمایه‌داریدا نه‌ماوه‌و  جێگاو ڕێگای که‌م بایه‌خ  ده‌بینرێت. به‌ڵام ده‌کرێت به‌ جۆرێکی دی خوێندنه‌وه‌ی بۆ بکه‌ین و بڵێین به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌م دیده‌وه‌، ئه‌م که‌سایه‌تیه‌ شیاوی ناو گه‌مه‌ سیاسیه‌کانی ئه‌مڕۆی جیهانبینی ده‌سه‌ڵاتدارێتی نیزامی جیهانگیری سه‌رمایه‌داریه‌ ، ئه‌وه‌ی لێی تێناگه‌ین ئاستی هوشیاری ئه‌م که‌سایه‌تیه‌ تاکره‌وه‌یه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنی حیزبه‌که‌یدا و له‌ هه‌مانکاتدا جۆرێکی گاڵته‌جاڕی کردنه‌ به‌ جیهانبینی ئاستی هوشیاریه‌ کۆمه‌لایه‌تیه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی. ئه‌مه‌ چۆن!
ئه‌م که‌سایه‌تیه‌ له‌ مێژووی خۆیدا توانایه‌کی تایبه‌تمه‌ندی هه‌یه‌ له‌ ڕاکێشانی به‌رانبه‌ردا بۆ نێو لێکدانه‌وه‌کانی خۆی و به‌ پێی بارودۆخه‌کان گۆڕانکاری ده‌کات له‌ که‌سایه‌تی خۆیدا، له‌مسه‌ری چه‌پی ناسیۆنال تا ئه‌وپه‌ڕی باڵی راست، به‌ پێی جۆری گونجان و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی هه‌میشه‌ له‌ یارکردنێکی به‌رده‌وامدایه‌. واقیعه‌ن مێژوی خه‌باته‌که‌ی نیشانده‌ری
ئه‌م ڕاستیه‌ن.
   ، له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو ڕاکێشانه‌ی به‌رانبه‌ر بۆ لای خۆی ،ئاستی ناهوشیاری کۆمه‌ڵگه‌ش نیشان ده‌دات له‌ کاتێکدا و به‌ناچاری له‌ نه‌ بوونی بزوتنه‌وه‌یه‌کی به‌رچاو ڕۆشن به‌ ئاسۆیه‌کی جیاوزتره‌وه‌، خه‌ڵکی ئاره‌زوه‌کانی خۆیان گرێداوه‌ به‌ جۆری ئه‌و یاری کردنانه‌ی ناو سیاسه‌ت بینی تاڵه‌بانی و به‌رزانیوه‌. به‌ڵام ئه‌مه‌ی دووه‌میان به‌ جۆرێکی ‌‌جیاوزتر له‌ یه‌که‌میان خۆی له‌ نێو دنیابینی سیاسه‌ته‌کانی ئه‌مڕۆ وه‌ده‌ر ده‌خات و بۆ هه‌میشه‌ له‌ وێنه‌ی یه‌که‌م ناچێت وا به‌ په‌له‌ په‌ل و هه‌ناسه‌ بڕکێ بێت، بۆ گه‌یاندنی ئه‌وه‌ی پێیه‌تی بۆ وتن.

وتنه‌کانی مام جه‌لال له‌به‌رانبه‌ر ڕۆژنامه‌نوساندا ئه‌مڕۆ واته‌ 06/05/2008 بۆخۆی جۆرێک له‌ په‌له‌ په‌لی پێوه‌دیاربوو، وه‌ک ئه‌وه‌ی منداڵێکی تازه‌ پێگه‌یشتوو چۆن هه‌واڵێکی تایبه‌ت به‌خۆی پێبێت و به‌ هاوه‌ڵانی بگه‌یه‌نێت، له‌ حه‌یبه‌تدا ده‌می ته‌ته‌ڵه‌ ده‌کات بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی دیویه‌تی یان ئه‌یزانیت، ئاوا بوو. ئه‌م له‌ به‌رانبه‌ر پرسیارێکی یه‌کێک له‌ ڕۆژنامه‌نووساندا، پرسیاری ده‌رباره‌ی ماده‌ی 140 لێکرد، له‌وه‌ڵامی ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسه‌دا ده‌ڵێت، هه‌واڵی تایبه‌تم پێیه‌ سه‌باره‌ت به‌ ماده‌ی 140، به‌ڵام مه‌یورووژێنن به‌ که‌یفی خۆمان ده‌بێت. ئاخۆ ده‌کرێت له‌ ڕۆژگارێکی وه‌ک ئه‌مڕۆدا کۆمه‌ڵێک پرس هه‌ن بتوانرێت به‌ شاراوه‌یی جێبه‌جی بکرێت؟ له‌ کاتێکدا پرسی ماده‌ی 140 بۆ خۆی پرسێکی ته‌واو کۆنه‌په‌رستانه‌ و نابه‌جێیه‌! مه‌سه‌له‌ی که‌رکوک به‌ گشتی مه‌سه‌له‌یه‌کی نه‌ کوردیه‌ نه‌ عێراقی ، هێنده‌ی مه‌سه‌له‌یه‌کی ئه‌مریکیه‌ و په‌یوه‌ندی به‌ ستراتیژیه‌تی ئه‌مریکاوه‌ هه‌یه‌ له‌ عێراق و ناوچه‌که‌دا. ئه‌وه‌ی بۆ خه‌ڵکی که‌رکوک  ده‌مێنێته‌وه‌ دروستکردنی ئاستی بارگرژیه‌ له‌ ناویاندا بۆ ئه‌وه‌ی دژی یه‌کدی به‌رده‌وام له‌ سه‌نگه‌ردابن  به‌رانبه‌ر یه‌کتری.
 ئاخۆ ئه‌مریکا ئه‌گه‌ر له‌ به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و سه‌رجاوه‌ زه‌به‌لاحه‌ی نه‌وتی عێراق نه‌ بێت ئاماده‌یه‌ ئه‌و هه‌موو بودجه‌یه‌ بدات له‌ گه‌ڵ ئه‌و یه‌کجار کوشتاره‌ زۆره‌ی له‌ نێو سه‌ربازه‌کانی خۆیدا؟

 ده‌کرێت بڵێین، به‌ڕێزم مه‌سه‌له‌ی که‌رکوک مه‌سه‌له‌ی- نه‌وته‌- نه‌ک ئاستی بارودۆخێک که‌ خه‌ڵکی دانیشتوی که‌رکوک به‌ هه‌موو جیاوازیه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کانیه‌وه‌ تێیدا ده‌ژین؟ باشه‌ گریمان که‌رکوک ده‌که‌وێته‌وه‌ سه‌ر کوردوستان ئاخۆ ده‌کرێت چاوه‌نواڕی ئه‌وه‌ بین که‌ خه‌ڵکی ساده‌ی کوردستان ده‌توانن ژیانێکی باشتر له‌مه‌ی ئێستایان هه‌بێت؟ ئاخۆ ئێستا بڕی داهات له‌ هه‌موو عێراق و کوردستاندا به‌ شی ئه‌وه‌ ناکات که‌ سه‌رجه‌م خه‌ڵکی به‌ئاسوده‌یی پێی بژین و دنیایه‌کیش له‌ داهێنان له‌ گه‌ڵ خۆیدا بهێنیت!
 مه‌سه‌له‌کان په‌یوه‌ندی به‌ ئاستی گوزه‌رانی خه‌ڵکی کوردستان و عێراقه‌وه‌ نیه‌ هێنده‌ی مه‌سه‌له‌یه‌کی تایبه‌ت مه‌نده‌ به‌ جۆری ئه‌و دابه‌شکردنانه‌وه‌ که‌ خودی کۆمپانیا ئه‌مریکی و سه‌رمایه‌داره‌ زه‌به‌لاحه‌کان له‌سه‌ری ڕێک که‌وتوون، ئه‌مه‌ مه‌سه‌له‌ سه‌ره‌کیه‌که‌یه‌. نه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر که‌رکوک گه‌ڕایه‌وه‌ سه‌رکوردستان ژیانی خه‌ڵکی ئاواره‌ و ئه‌نفالکرا و به‌شمه‌ینه‌ت باشتر ده‌بێت!
  ده‌کرێت له‌ دنیای سیاسه‌ت کردندا که‌سی سیاسه‌تمه‌دار بڕێک ورێایانه‌تر مامه‌ڵه‌ بکات و کۆمه‌ڵگه‌ به‌ گێل و نه‌فام سه‌یر نه‌کات که‌ ده‌توانێت به‌ئاره‌زوی خۆی هه‌ڵیانبسوڕێنێت. ئه‌مڕۆ باردوخی عێراق و کوردستان ڕه‌نگه‌ له‌ خودی بزوتنه‌وه‌که‌ی ئێوه‌ و بزوتنه‌وه‌ کۆنه‌په‌رسته‌کانی ئیسلامی سیاسی زیاتر هه‌ڵنه‌گرێت ، ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ک په‌یوه‌ندی به‌ ئاستی ئه‌و داروخانه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ کۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی به‌ گشتی تێی که‌وتوه‌ و له‌لایه‌کی دیش په‌یوه‌سته‌ به‌و ئاسته‌ نێو نه‌ته‌وه‌یه ‌یه‌ی که‌ ئه‌مڕۆ خودی ده‌سه‌ڵاتی نیزامی سه‌رمایه‌داری به‌ ڕابه‌رایه‌تیه‌کی بازاڕی مه‌ینه‌ت باری ئازاده‌وه‌ خه‌ریکی هه‌لسوڕاندنی ژیانی کۆمه‌ڵگاکانه‌،  به‌ غه‌یری به‌شمه‌ینه‌تیه‌کی زیاتر و هینانه‌ گۆڕی شه‌ڕ و ڕق و قینه‌یه‌کی زیاتر له‌ نێو خودی کێشمه‌کێشه‌ چینایه‌تیه‌کانی ناو ده‌وڵه‌تانی حاکمدا، چ به‌رهه‌مێکی پۆزه‌تیفی به‌ شوێن خۆیدا نه‌هێناوه‌.
 من زۆر بڕوام به‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ ئاستی ئاسایش و ژیانێکی ئینسانیانه‌ له‌ دنیای ژێر ده‌سه‌ڵاتی زلهێزانی ئه‌مرۆی جیهاندا، په‌یوه‌سته‌ به‌ ته‌حه‌ولێکی گرنگ له‌ نێو هاتنه‌وه‌مه‌یدانی جارێکی دی بزوتنه‌وه‌ سیاسیه‌کانی ناو چینی کرێکاره‌وه‌، به‌ پێشڕه‌وایه‌تیه‌کی ته‌واو شۆڕشگێڕانه‌وه‌، به‌ غه‌یری ئه‌م ته‌حه‌وله‌ ناکرێت، ئومێد ببه‌خشرێت به‌ ڕابه‌رانێک که‌ به‌ هه‌قه‌ت نوێنه‌ری چینی سه‌رمایه‌دارانن و خودی خه‌ڵکانێکی ساده‌ و به‌ ش مه‌ینه‌ت ده‌که‌ن به‌ خۆراکی نێو به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیان.

هۆڵه‌ندا
06/05/2008

Previous
Next

Leave a Reply