Skip to Content

Sunday, October 24th, 2021

هەور لاقى لە جێ چووە !

Comments
by February 13, 2009 ئەدەب

هەور لاقى لە جێ چووە !
  قوبادى جەلى زادە

 

 

1
رەشەبا ،
لقى دارهەنارێکى شکاند
بەفر بۆى گرتەوە !

2
( با ) ییخخە
لە مێگەلى هەور دەکات .

3
قەرسیل لە ترسانا ، کەروێشکە دەکات ..
واتێ دەگات  ( با )
تانجى یە !

4
(با ) باوەشى کردووە بە قامیشێکدا .
هەتا خەو دەیباتەوە ،
خۆى پێ رادەژەنێ .

5
( با ( شوانێکى لاسارە
گۆچان دەخاتە لوولاقى ،
مێگەلە هەور .

6
هەور قاچى لەجێ چووە
بە دارشەقى  ( با ) ،
رێ دەکات .

7
( با ) وەک گورگ وایە ، کە لە داروو درەخت دەدات ن
دەیان گەڵا دەوەرێنێ
بەڵام تەنیا هەر دانەیەکیان ، دەفرێنێ .

8
( با ) بە تووڕەیی و بە بۆڵە بلۆڵ
لەسەرى کۆڵانە تەنگژەکەماندا،
بە شوێن کڵاوەکەیدا دەگەڕێ !

9
رەشەبا هەڵى کرد..
پەنجە ناسکەکانى بەفرى ساواى ،
لە گەردنى درەخت ترازاند .

10
رەشەبا ،
 چى ئاوەڵ کراس و مەمکبەندوو دەرپێ
بە تەنافەوە بوون ، بردنى .
بەڵام ئاوڕى لە جەمانە و لە  پشتێندو  ستارخانى
نەدایەوە !

11
شەو دەرگەمان لە بەفر نەکردەوە .
بۆ بەیانى بەسەر شیشى پەنجەرەوە ،
کۆترێک بوو لە سەهۆڵ .

12
هەردوو شانم سپى دەچنەوە  ..
بەفرە باریوە ،
یا تاڵ تاڵى قژمە ، بە باى پیرى وەریوە !!

13
کڵۆیەک بەفر ، نیشتە ناو لەپى یار ..
دەست بەجێ بوو ،
بەشڵپە شڵپى رووبار .

14
هەتاو ، لە ترسى هەڵدێران
هەردوو دەستى لە گەردنى چلوورە ،
توند کردووە .

15
لەناو پرچى بەفر ،
پەنجە باریکەکانى تیشک ،
لەگۆ کەوتن !

16
هەور زۆر نەوى بووە ..
مەمکى چیاى ،
خستۆتە ناو گەڵى خۆیەوە .

17
لە بەیانییەوە خۆر ،
مەمکى بەفر ،
تیشک ئاژن دەکات .

18
لوتکەکانى (( گۆیژە  )) ، پۆلێک مەمکن
پاڵیان داوە بە یەکترى.

19
مانگ لە قەراغ رووبارێکدا ،
خۆى دەشوات .
دەرپێ و مەمکبەندە زیوینەکەى ،
بە لقى شنەوە ، هەڵواسیوە .

20
مانگ سەرەتا ،
بەسەر لقى شۆڕەبییەکە هەڵنیشتەوە .
پاشان خۆى هەڵدایە ناو ( کانی )  یەکەوە .

21
مانگ تا سەر ئەژنۆ ، تریفەى هەڵکردبوو ..
کەچى لەسەر بەردێکى قەوزە گرتوو هەڵخلیسکاو ،
کەوتە رووبارەوە .

22
ئاو لەپێ کەوتوە ..
ئەستێرە دەستى تەزیوى خستۆتە ناو گەڵى یەوە .
مانگ بە چڵێک هەور پاووپووزى داپۆشیوە .

23
مانگ هاتە ژوورەوە ..
لەگەڵ کچەزاکەمدا بەیێکەوە ،
دەرسى سبحەینێ یان نووسییەوە .

24
کە شەڕ هەلاڵیسا ، مانگ
لە ئامێزى گەواڵە هەورێکدا
خۆى گرمۆڵە کرد.

25
لە باخچەدا ، هەنگ و پەپوولە
زیکزیکە قیرى موزیقە دەکەن !

26
مبَخەکى ناو ئینجانەکە دوور بە دوور ،
دەستى خستۆتە ژێر چەناگەو
تەماشاى باغ دەکات .

27
بەر لەوەى بچنە باخچەوە …
پەپوولە دەستنوێژ هەڵەگرێ
هەنگ غوسڵ لە خۆى دەردەکات .

28
گلۆپەکانى سەر جادە ،
بە دەنوکى روناکى ،
کراسى شەو دادڕ دادڕ دەکەن .

29
شاعرەکان ن گۆرانى بۆ مەمک دەلێن .
پزیشکەکان ، لەڕەگەوە هەڵى دەکێشن .
باخەوانەکان یێژن :
هەنار بەقەدى درەختەوە جوانە .

30
لەتاو ئازار ،  مەمکە غەمگینەکانى (( پەپوولە )) ،
لە سینە ترازاون و
چونەتە بەر پەنجەرەى تریفە .

31
بە ئومێدى گەڕانەوەى
مەمکە بڕاوەکەى ،
شەوان پەنجەرە داناخات !!

 

Previous
Next

Leave a Reply