Skip to Content

Sunday, May 9th, 2021

ونبوونی ڕۆشنبیری ڕەخنەگر لەناو ڕۆشنبیریی کوردیدا

Be First!
by November 29, 2012 گشتی

 

 

 

 

 

سەرەتای ڕاپەڕین بە دەرکەوتنی ڕۆشنبیری ڕەخنەگر، یان ڕۆشنبیری ئیلیتە (Elite) دەناسرێتەوە. لەم سەردەمەدا بۆ یەکەمجار ئێمە ڕۆشنبیرێک دەناسین کە مەودایەکی فراوان لەنێوان خۆی و تێڕوانینی کۆمەڵگەدا دروست دەکات. بۆ یەکەمجاریش کۆمەڵگە دەنگی بەرز دەکاتەوە و دەڵێت من لە ئێوە تێناگەم. ناڕەزایی لە ئاستی زمان و دەربڕینی ئەو ڕۆشنبیرەدا دەردەبڕێت، بەڵام ناشتوانێت گوێی لێ نەگرێت. ناتوانێت ئەو ڕۆشنبیرە فەرامۆش بکات، کە ئەمە گرنگترین پێوەندی لەنێوان ڕۆشنبیر و جەماوەردا دروست دەکات و دواجار ئەو پێوەندییە بۆ پێوەندیی نێوان ڕۆشنبیر و دەستەڵاتیش دەپەڕێتەوە. لە هەردوو ئاستەکەشدا پێوەندییەکە دژایەتییە، نەوەک ئاشتەوایی. واتە ڕۆشنبیر لە لایەک شەڕ بە تێڕوانینەکانی کۆمەڵگە دەفرۆشێت، بەڵام بەرگری لە مافەکانیان دەکات و لە لایەکی تر میکانیزمەکانی دەستەڵاتی پێ دەناسێنێت و گومان لە هەموو نیازپاکییەکی ئەو دەستەڵاتە دەکات. لەو سەردەمە و لای ئەو ئیلیتەیەدا دەستەڵات تەنیا مانایەکی سیاسییانەی نییە، بەڵکو پێش ئەوە مانایەکی سیمبۆڵیی هەیە. هەموو شتێک دەستەڵاتە کاتێ بەرگری لە مانەوەی دۆخی ئێستا دەکات و لەگەڵ تێپەڕاندندا نییە. لە دامودەستگای پەروەردە و تەندرووستییەوە بۆ دامودەستگای حزبە سیاسی و ئایینییەکان، هەموویان دەستەڵاتن و گومان لە نیازپاکییان دەکرێت. ڕەخنە لە پێکهاتە و میکانیزمەکانیان دەگیرێت. سەیر نییە ئەگەر بۆ یەکەمجار ئەدەبیاتی ئێمە هەندێک لەو فەیلەسووفانە دەناسێت کە لە بواری دەستەڵاتناسیدا کاریان کردووە لەوانە (مێشێل فۆکۆ). لەمەوە نە خەڵک و نە دەستەڵاتی سیاسی و دینی توانیویانە گوێی خۆیان لە هەبوونی ئەو ئیلیتەیەدا بخەوێنن، بەڵکو یان ئەوەتا بە گژیاندا چوونەتەوە و یان حیسابیان بۆ کردوون، کە لە هەردوو بارەکەدا یەک مانامان دەست دەکەوێت، ئەویش ئەوەیە ئەو ڕۆشنبیرە ڕەخنەگرە کاریگەریی هەبووە. ئەو ئیلیتەیە هەر زوو تووشی کۆمەڵێک قەیران دەبێت و ڕۆڵی خۆی لە دەست دەدات. بۆ ئەوەی بە شێوەی گشتگیرییانە قسە نەکەین، ئەوە دەبێت بڵێین بەشێکی ئەو ڕۆشنبیرانەی وەک ئیلیتە دەناسران بۆ ڕۆشنبیری ئاسایی گۆڕان. تێنەگیشتی ئەو ئیلیتەیە لە زەمەن هۆکاری سەرەکیی ئەو قەیرانەیە. واتە ئەو ڕۆشنبیرە بۆ زەمەنێک ئیلیتەیە، کە ئەو هۆشیارییەی هەیەتی لە واقیعەکە گەورەترە، بەڵام کاتێ واقیعەکە دەگۆڕێت و ئەو بە هەمان هۆشیاری و بە هەمان کەرەستە کار دەکات، ئیتر دەبێتە ڕۆشنبیری ئاسایی و لە توانایدا نامێنێت جیاوازی دروست بکات. بەردەوامیی ڕۆشنبیری ڕەخنەگریش بەندە بەوەی تا چەند دەتوانێت جیاوازیی نێوان خۆی و جەماوەر، جیاوازیی نێوان خۆی و دەستەڵات دەربخات، بێ ئەوەی تێکەڵ هیچیان ببێت و بێ ئەوەیش نە جەماوەر و نە دەستەڵاتی لێ ون ببێت. بەردەوام دەیانبینێت و بۆ ساتێک بە تێڕوانینەکانیان ڕازی نابێت. بەرگری لە یەکەمیان دەکات و لە ئاستی دووەمیاندا دەوەستێتەوە. ئەو ڕۆشنبیرەی جاران ئیلیتە بووە بە هۆی ئەو سەرمایە سیمبۆڵییەی لەو ماوەیەدا بە دەستی هێناوە، ئێستا بەرگری لە مانەوەی خۆی دەکات و باکی بە ڕەخنە نییە، چونکە پێی وایە هێزێکی کۆمەڵایەتیی گەورەی هەیە. ئەمەیش ڕاستییە کە ئەو ڕۆشنبیرانە، بە تایبەتی هەندێکیان خزاونەتە ناو ئۆپۆزیسۆنەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ لە ڕێگای دەستبەرداربوونیان لە ڕەخنە و ڕازیبوونیان بە تێڕوانینە باوەکانی کۆمەڵگە، جەماوەریان پەیدا کردووە و ئەو جەماوەرە وەک پاڵپشتی خۆیان سەیر دەکەن. بەشێک لەوانە لەپێناوی پاراستنی ئەو سەرمایە سیمبۆڵییەی خۆیاندا پشتیان بە ئۆپۆزیسیۆن داوە، بۆ ئەوەی لەوێوە جەماوەری خۆیان لە دەست نەدەن، بەڵکو هی ئەوانیشی بخەنە سەر. من ڕۆڵی ڕۆشنبیری ناو ئۆپۆزیسیۆن فەرامۆش ناکەم، بەڵکو بە گرنگیشی دەزانم، بەڵام ئەوەی من لەسەری دەوەستم ئەوەیە ئێمە ڕۆشنبیرە ڕەخنەگرەکانمان، واتە ئەوانەی وەک ئیلیتە دەرکەوتوون، وازیان لە ڕۆڵی خۆیان هێناوە و بۆ ئەوێ گواستوویانەتەوە. ئەمەیش وا دەکات جیاوازییەکان ون ببن و لەیەکچوونەکان شوێنیان بگرنەوە. ئەوەی ئەمڕۆ زۆر ترسناکە تێکەڵبوونی جەماوەری ڕۆشنبیر و جەماوەری حزبە سیاسی و دینییەکانە. ئەمە یەکێکە لەو خاڵانەی سەردەمی ئێستامان لە سەردەمی ڕاپەڕین جیا دەکاتەوە. ڕۆشنبیری ڕەخنەگر یان ڕۆشنبیری ئیلیتە پێویستی بە جەماوەر نییە، چونکە ئەو هەموو کاتێ ئاستی جەماوەر جێ دەهێڵێت و بۆ ئاستێکی دیکە دەپەڕێتەوە. ئەمە پڕۆسیسی گۆڕانکارییە و تەنیا ڕۆشنبیری ڕەخنەگر دەتوانێت درێژەی پێ بدات. جەماوەر بۆ حزبەکان باشە و وەک مافێکی خۆیشیان هەر لەو پێناوەدا کار دەکەن. ئەگەر ئەو ڕۆشنبیرانە سەرەتا دەستەڵاتیان لە هەموو شوێنێک، لە هەموو کونوکەلەبەرێکی کۆمەڵگەدا دەبینی، ئەوە ئێستا تەنیا لە سیاسەتدا دەیبینن کە ئەمە سادەکردنەوەی فکرە و دەستهەڵگرتنە لەو پڕۆژە ڕەخنەییەی دەستەڵاتی لەناو سیاسەت و لە دەرەوەی سیاسەتیشدا دەبینی. ئەمڕۆ ئەو ڕۆشنبیرە زیاتر خەریکی چەمکە سیاسییەکانە. ئەمەیش زیاتر لە تێڕوانینی جەماوەری نزیک دەکاتەوە، بەڵام هاوکات لە ئەرکی خۆی وەک ڕەخنەگر دووری دەخاتەوە. بۆ نموونە بەهاری عەرەبی چەمکێکی سیاسییە و ئەنجامی تووڕەیی جەماوەرە لە ڕژێمە دیکتاتۆرەکان. ئەو ڕۆشنبیرە تا ئەو ئاستەی بەرگری لە مافەکانی ئەو جەماوەرە دەکات لە پەیامە ڕاستەقینەکەی خۆی لای نەداوە، بەڵام کاتێ چەمکەکە قەبووڵ دەکات و بەو ڕووداوە سەرسام دەبێت، بێ ئەوەی لێکدانەوەی فیکریی بۆ بکات، ئەوسا لەو دەردەچێت ئەو وەک ڕۆشنبیری ڕەخنەگر مامەڵەی لەگەڵ بکات. لێرەدا ئەو ڕۆشنبیرە دەبێتە کەسێکی ناڕازی و بەرگری لە پەیامێکی مرۆڤایەتی دەکات، بەڵام دەست لە تێڕوانینی ڕەخنەییانە هەڵدەگرێت. واتە تێڕوانینی خۆی یەکسان دەکات بە تێڕوانینی جەماوەر و بۆ دوای ئەوە قسەی نامێنێت. تێڕوانین و لێکدانەوەی دیکەی نابێت. نموونەیەکی تر ئەو کۆنگرەیەی دوایی یەکگرتووە. ئەمە هەرچەند کارێکی پۆزەتیڤ بێت ناگاتە ئەوەی ڕۆشنبیر سوپاسی بکات. ئەوە کاری ڕۆشنبیری ڕەخنەگر نییە، کاری ڕۆشنبیرێک نییە خاوەنی پڕۆژەی ڕەخنەیی بێت و بەرگری لە شتێکی ئاوا بکات. ئەو هەنگاوە لە رووی سیاسییەوە چەند گرنگ بێت و لە مێدیاکان چەند دەنگ بداتەوە، لای ڕۆشنبیری ڕەخنەگر هێشتا کۆمەڵێک نهێنی و وردەکاری دەمێنن تاکو بیاندۆزێتەوە و ڕەخنەیان لی بگرێت. ڕۆشنبیری ڕەخنەگر بەوە دەناسرێتەوە زەمەنی کۆمەڵگەی تێپەڕاندووە. ئەو کۆنگرەیە و هەر ڕووداوێکی تر سەر بە زەمەنی کۆمەڵگەن و ڕۆشنبیر جێی هێشتوون. ئەگەر ئەو کۆنگرەیە چاک بە ڕێوە چووە ئەوە ئەنجامی ئەو ڕەخنەیەیە کە چەند ساڵە ڕۆشنبیر گرتوویەتی. بە هۆی ئەو ڕەخنانەوە ئەوە ڕووی داوە، کە دەبێت ئێستا ئەو ڕۆشنبیرە چووبێتە ناو زەمەنێکی تر و ڕەخنەی تر بگرێت، نەوەک ئاوڕ بداتەوە و سوپاسی بکات. سوپاسکردن واتە گەڕانەوە بۆ ئەو زەمەنە. بۆ بیرکردنەوەی جەماوەر. واتە ئەو پڕۆسێسە تەواو بووە. لە فکردا هیچ پرۆسێسێک ناوەستێت و تەواو نابێت. کەلتووری سوپاسکردن لای ئەو ڕۆشنبیرە لە سەردەمی دەستپێکردندا بوونی نییە، واتە لە سەرەتای ڕاپەڕین تۆ هیچ یەکێ لەو ڕۆشنبیرە ڕەخنەگرانە نابینیت سوپاسی هێزێکی سیاسی یان دینی بکات، بەڵکو ئەوە تەمەنی چەند ساڵێکە. لەو کاتەوە دەست پێ دەکات کە ئەو ڕۆشنبیرە ناتوانێت فکری خۆی پێش بخات و هێزێکی ڕەخنەیی وا لە خۆیدا پەیدا بکات کە لە هی کۆمەڵگە گەورەتر بێت. هەمان شت بۆ پڕۆژە یاسای پاراستنی پیرۆزییەکانیش هەر ڕاستە. هەندێک لەو هێزانە ئەوە چەند ساڵە خەریکی سەپاندنی ئەو یاسایەن، بەڵام ئەگەر ئەمڕۆ قسەیەکی دیکەیان هەیە ئەوە مانای وا نییە لای ڕۆشنبیری ڕەخنەگر دەبێت شتەکە لێرە بوەستێت و ستاییشیان بکات.

کاتێک ڕۆشنبیری ڕەخنەگر هێڵە فکری و مەعریفییەکانی خۆی جێ دەهێڵێت و دەخزێتە نێو کێشمەکێشی سیاسیی نێوان گروپ و تاقمە سیاسییەکانەوە، لەوێدا ئیتر دەست لە زمانی خۆی هەڵدەگرێت و بە هەمان زمانی ئەوان دێتە گۆ. لە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی کوردستاندا ئەمە بە زەقی دەبینین کە داکۆکی لە ڕەوتی فکریی گروپ و لایەنی سیاسیی دیارکراو دەکەن. ستایشی هەندێک لە ڕۆشنبیران بۆ یەکگرتووی ئیسلامی، کە گوایە دەنگی بە یاسای “بەرگریکردن لە پیرۆزە ئاینییەکان”  نەداوە بەڵگەیەکی تری ئەو بەجێهێشتنی هێڵە مەعریفییەیە. خاوەنی ئەو ستاییشانە ئەوەیان لە بیر چووە، کە ماوەیەکی زۆر نییە بەیاننامەیەکیان لە دژی یەکگرتوو و مەلاکانی ئەوقاف نووسیوە کە چۆن هێرش دەکەنە سەر ئازادیی خەڵک و دەیانەوێت ڕۆشنبیر بێدەنگ بکەن. لەو دۆخە نوێیەی لە ئەنجامی کرژیی نێوان حوکوومەتی هەرێم و حوکوومەتی بەغدادا هاتۆتە پێشەوە دیسان ئەو ڕۆشنبیرانە بە زمانی دەستگا فەرمییەکان قسە دەکەن. لەمەیشدا خزاونەتە ڕیزی جەماوەرە و کەوتوونەتە ڕازاندنەوەی دروشمی شۆڕشگێڕیی سپارتاکۆسی و بەخشینەوەیان بەسەر جەماوەردا. بارودۆخێکی لەم جۆرە پێویستی بەو وروژاندنانە نییە، بەڵکو پێویستی بەوە هەیە خەڵکی بخرێتە ژێر کاریگەریی گفتوگۆی قوڵی فیکریەوە، تاکو لەوێوە باڵانسی ناکۆکییە سیاسییەکانیان بۆ بخوێنرێتەوە و تێبگەن، کە لە بارودۆخێکی ئاوادا ئەم کێشمەکێشە، جگە لە فریودانی خەڵک چیتر نییە. ئەو بارودۆخە دەستکردی ئەو قەیرانە سیاسیی و ئابوورییانەیە کە هەردوو حوکوومەتی بەغدا و هەرێم تێی کەوتوون و دەیانەوێ لەوێوە پەردەپۆشی داواکارییەکانی بیست ساڵەی خەڵک بکەن! دیارە ناڵێم ڕۆشنبیری ڕەخنەگر دژی سوپای عێراق بەرگری لە خەڵکی کوردستان نەکات، بەڵام دەڵێم ڕووداوەکان قەبارەیان هەر چەندێک بێت و لە هەر زەمەنێکدا بێنە پێشێ ڕۆشنبیری ڕەخنەگر دەست لە زمانی خۆی هەڵناگرێت و بە زمانی خەڵک و حوکوومەت قسەیان لێوە ناکات.

بۆ ئەوەی تۆ ڕۆشنبیری ئیلیتە بیت دەبێت پێش هەموو شتێک بەوە ڕازی بیت سەرمایەیەکی گەورەی کۆمەڵایەتی و سیمبۆڵی لە دەست بدەیت. ناوت لەپاڵ ڕۆشنبیرە گەورەکان نەیەت، لە فێستیڤاڵەکان بانگهێشت نەکرێیت، لەبارەی بەرهەمەکانتەوە نەنووسرێن، تیراژی کتێبەکانت کەم بن و زۆری تر، کە بەشێک لەو ڕۆشنبیرە ڕەخەنەگرانەی سەرەتای ڕاپەڕین بەرگەیان نەگرتووە و بۆ ناو کۆمەڵگە گەڕاونەتەوە. بەشێک لەو ڕۆشنبیرانە ئەگەر بەو گوتارانە دەستیان پێ کرد، کە لەبارەی ڕەخنە لە دەستەڵاتەوە نووسییان و پشتیان بە سەرچاوە فیکری و فەلسەفییەکان بەست، دەبووایە لە ماوەی ئەو بیست ساڵەدا بەرهەمی گەورەی فکرییان بە دەستەوە بدابووایە، بەڵام دوای ئەوەی نەیانتوانی پەرە بەو توانایەی خۆیان بدەن و بەردەوام هێزی ڕەخنەیی لە خۆیاندا پەیدا بکەن، بە نیوەچڵی وازیان لەو پڕۆژەیە هێنا و بەوە ڕازی بوون وەک ڕۆژنامەنووسی ئاسایی چ لە ڕۆژنامە و چ لە کەناڵەکانی سەتەڵایتدا دەربکەون. ئەگەر ئەو ڕۆشنبیرە سەرەتا بە زمانێک دەستی پێ کرد، کە کۆمەڵگە لێی تێینەدەگیشت و بە هۆی ئەو تێنەگیشتنەوە مەودای نێوان خۆی و تێڕوانینی باوی دروست دەکرد، کە هەر ئەمەش وەک وتمان بووە هۆی ئەوەی هەم کاریگەری لە بیرکردنەوەی خەڵک بکات و هەم لە ئاست دەستەڵاتی سیاسی، کۆمەڵایەتی، دینی و فەرهەنگی بوەستێتەوە، ئیتر ئەمڕۆ بە زمانی خەڵک قسە دەکات و هەموو جیاوازییەکانی نێوان خۆی و ئەوانی سڕیوەتەوە. ئەو ڕۆشنبیرە دوو ئاستی تێکەڵی یەکتر کردووە. یەکەمیان، بەرگری لە کۆمەڵگە و لە مافی هاووڵاتی، دووەمیان، قەبووڵکردنی تێڕوانینی کۆمەڵگە. بێگومان ڕۆشنبیری ڕەخنەگر بەرگری لە مافی هەموو هاووڵاتییەک دەکات بێ جیاوازی لە خوێندکارێکەوە بۆ مەلایەک و لە مامۆستایەکەوە بۆ کرێکارێک، بەڵام لەپێناوی ئەواندا دەست لە ئەقڵی ڕەخنەیی هەڵناگرێت و ئەقڵی ئەوان قەبووڵ ناکات. ئەمە ئەو دوو ئاستەیە کە ئەمڕۆ نەک تێکەڵ دەکرێن، بەڵکو هەر ڕۆشنبیرێکی ڕەخنەگر جیایان بکاتەوە تۆمەتی ئەوەی دەدرێتە پاڵ دژی گۆڕانکارییە و لەگەڵ دەستەڵاتە. کەلتووری تۆمەت کە لە دنیای عەرەبی بە تایبەتی لە دوای شکستی حوزەیرانی ساڵی 1967ەوە بڕەوی پەیدا کردووە بە یەکێک لە هۆکارەکانی شکستی پڕۆژەی تازەکردنەوەی ئەقڵی عەرەبی دادەنرێت، بەڵام بۆ ئێمە کە لە ڕووی فکرییەوە زۆر لە عەرەب هەژارترین کاریگەرییەکەی زۆر لەوە خراپترە.

 

تێبینی: سوودم لە کتێبی (گوزارشتی خود)ی (سۆران ئازاد) وەرگرتووە، بە تایبەتی لە هەردوو گوتاری (زمانی رۆشنبیران له‌دوای حه‌ڤده‌ی شوباته‌وه‌) و (مۆدێرنه‌تی و ڕووکه‌شیی ڕۆشنبیران!).

 

 

ئاراس وەهاب

 

 

Previous
Next

Leave a Reply