ڕامان و خوێندنه‌وه‌یه‌كی تر بۆ ڕۆمانی خاك و خۆڵه‌مێش
(( له‌جه‌نگدا هه‌موو كه‌س دوژمن و شه‌ڕخواز نیه،له ئاشتیشدا هه‌موو باڵنده‌یه‌ك كۆتری ئاشتی نیه ))
“ده‌سه‌ڵات بووه به ئیمانی خه‌ڵك،له‌بری ئه‌وه‌ی ئیمان ببێت به‌ده‌سه‌ڵاتیان”
لێره‌دا قسه له‌سه‌ر ئه‌وه نیه كێ جه‌نگ هه‌ڵده‌گیرسێنێ،كێ جه‌نگ ده‌كات،كێ براوه‌یه كێ دۆڕاوه،به‌ڵكو قسه له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه جه‌نگ بۆچی و به به به‌رده‌وام بوونی،ژیان چ مانایكی هه‌یه،چونكه چه‌ند جه‌نگ به‌رده‌وام بێت ئه‌وه‌نده مرۆڤی شه‌ڕخواز بۆ رودان و به‌رده‌وامی جه‌نگ له دایك ده‌بێت.هه‌ر چه‌ند من پێم وایه له جه‌نگدا هه‌مو كه‌س دوژمن و شه‌ڕخواز نیه،هه‌روه‌ها له ئاشتیشدا هه‌مو باڵنده‌یه‌ك كۆتری ئاشتی نیه.
خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر لاپه‌ڕه‌یه‌كی ڕۆمانی “خاك و خۆڵه‌مێش” كه باس له ڕوداوی شه‌ڕ و ماڵوێرانی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوی ژیانی خه‌ڵكی ئه‌فغانستان ده‌كات،هه‌ر وه‌ك ئه‌وه وایه ئه‌م به‌یانیه گوێ بیستی هه‌واڵه‌كان بوبیت،ئه‌گه‌ر ئه‌مه مانای زیندو بونی ڕۆمانه‌كه بێت،
مانای وایه هێشتا زه‌مه‌نی ئه‌وكات به‌بێ تێپه‌ڕ بونی ڕابردو له ئێستای ئه‌م وڵاته له بازنه‌یه‌كی داخراودا ده‌خولێته‌وه ساڵ و ته‌مه‌نی مرۆڤه‌كان به‌بێ گۆڕانكاری تێپه‌ڕیوه و له ئێستادا زه‌مه‌ن هه‌ر زه‌مه‌نی ئه‌وسایه.
شه‌ڕ بۆچی و ئامانجی شه‌ڕ چیه؟،ئایا شه‌ڕ له پێناو نه‌مانی شه‌ڕ یانی شه‌ڕه له پێناو ئاشتی؟،ئایا ئاشتی بۆ خۆی چه‌كێك نیه له پێناو نه‌مانی شه‌ڕ؟،ئه‌ی چ پێویست ده‌كا شه‌ڕ چه‌كی ده‌ستی ئاشتی بێت؟. مه‌گه‌ر ئه‌ویتر كه شه‌ڕ ده‌كات شه‌ڕی ئه‌ویش له پێناو ئاشتی نیه؟. خۆ ئه‌گه‌ر وه‌ڵامی تۆ نه‌خێره،ئه‌ی وه‌ڵامی مه‌نتیقی تۆ چیه بۆ ئه‌م پرسیاره كه ده‌ڵێ ئه‌ی شه‌ڕی تۆ له‌پێناو چیه؟. كه‌واته مادام ئێمه شه‌ڕ ده‌كه‌ین،له‌شه‌ردا شتێك ِنیه پێیی بوترێت شه‌ڕ له پێناو ئاشتی،به‌ڵكو له شه‌ڕدا شه‌ڕی شه‌ڕه له‌پێناو شه‌ڕدا.له شه‌ڕیشدا خاك و ناخی مرۆڤ و باڵی كۆتری ئاشتیش به‌و شه‌ڕه ده‌سوتێت كه له‌دوا هه‌مو شه‌ڕێكدا ده‌رده‌كه‌وێت شه‌ڕه‌كه له پێناو شه‌ڕێكی هیچدا كراوه.
جاری وا هه‌یه خه‌م جیاوازی نیه له‌گه‌ڵ شه‌ڕ،شه‌ڕ،ئه‌گه‌ر شه‌ڕكه‌ر بیكات و خه‌م له‌گه‌ڵ ئارامی ناخی مرۆڤدا شه‌ڕ بكات،شه‌ڕ هه‌ر شه‌ڕه،
هه‌روه‌ك خه‌م هه‌ر خه‌مه. له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌وه‌ی شه‌ڕ ده‌یسوتێنێت خاكی مرۆڤه ئه‌وه‌ی خه‌میش وێرانی ده‌كات ناخی مرۆڤه.
به‌ڵام ” عه‌تیق ڕه‌حیمی ” نوسه‌ری ڕۆمانه‌كه ئه‌وه‌ی له خاك وێرانتر ده‌بینێت ناخی مرۆڤه،ئه‌وه‌ش ڕاسته چونكه ڕه‌نگه كه‌سێك بمێنی خاك ئاوه‌دان بكاته‌وه،به‌لام ئایا ئه‌لترناتیڤ بۆ ناخ وێرانی مرۆڤ چیه چ ئاوه‌دانی ده‌كاته‌وه؟ ئه‌ی مه‌گه‌ر ئه‌وه مرۆڤه‌كان نین له نیشتمان ڕا ده‌كه‌ن؟.
” ده‌زانیت خه‌م یان ده‌بێت به ئاو و له چاوه‌وه ده‌ڕژێت،یان ده‌بێت به شمشێر و ده‌كه‌وێته سه‌ر زمان،یاخود ده‌بێته بۆمبێكی ته‌وقیتكراو له‌ناخدا ڕۆژێكدێت ده‌ته‌قێته‌وه و وێرانت ده‌كات ” هه‌روه‌ك چۆن باوكه پیره‌كه‌ی موراد “داستاگیر” خه‌می لێبوه به خونجهر و ده‌ڵێ
” خه‌م و كه‌سه‌رم هه‌یه.كه‌سه‌رێكی قوڵ كه جاری وایه ده‌بێت به خه‌نجه‌ر “
” یاسای جه‌نگ یاسای قوربانیدانه.له قوربانیدانیشدا یان ملت خوێناوی ده‌بێت یان ده‌ستت ” كه‌واته ” شه‌ڕ واته مه‌نتیقی قوربانیدان.”
چونكه ” ئه‌وه‌ی گرنگه كرده‌ی شه‌ڕه‌كه خۆیه‌تی.نه‌ك هۆ و ئه‌نجامه‌كانی.بۆیه لێره مرۆڤه‌كان هه‌مویان وه‌ك “مراد”ی كوری “داستاگیر”ن
“یا ده‌سوتێ و یان ده‌سوتێنێت.یا ویران ده‌كات و یان خۆی ویران ده‌بێت”
من وه‌ك خوێنه‌رێك كه ئه‌م ڕۆمانه‌م ده‌خوێنده‌وه ئه‌وه‌نده‌ی خه‌مم له خه‌می ” داستاگیر ” ده‌خوارد،ئه‌وه‌نده خه‌می ئه‌و شه‌ڕه‌م نه‌بو كه ته‌ڕ و وشكی گونده‌كه‌یانی سوتاند.جارێكی تر داستاگیر ئه‌وه دهڵتهوه”خه‌م و كه‌سه‌رم هه‌یه.كه‌سه‌رێكی قوڵ كه جاری وا هه‌یه ده‌بێت به خه‌نجه‌ر”.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر مرۆڤ نه‌یتوانی خه‌می كۆنترۆڵ كردنی خه‌مه‌كانی بخوات،خه‌مه‌كانی سه‌ر ده‌كێشێت زامی ڕۆح قوڵتر بكاته‌وه،ڕه‌نگه دواجار ببێته ئه‌و مرۆڤه‌ی خه‌می شه‌ڕیه‌تی نه‌ك شه‌ڕ بۆ نه‌مانی خه‌مه‌كانی بكات.ڕه‌نگه تۆی خوێنه‌ری ئه‌م بابه‌ته بپرسی ئه‌گه‌ر ڕۆمان نوس ئه‌وه‌نده به‌خه‌مه،ئایا له ڕێگه‌ی ئه‌م ڕۆمانه تا چه‌ند توانراوه خوێنه‌ر قایل بكات به كه‌م كردنه‌وه‌ی خه‌م و ئازاره‌كان ؟. ئایا ئه‌وه‌ی ئه‌و كردویه‌تی به ڕۆمان خه‌مێكی ئه‌ده‌بیه یان باسكردنی شه‌ڕێكی تاڵی ئه‌و مرۆڤانه‌یه خه‌می ژیان هاڕیونی؟.
ئایا ئێوه پێتان وایه ده‌بێ ڕۆمان نوس له چی قایل بێ؟،ئایا ئه‌و شته چیه ده‌بێ قایلی بكات؟،پێتان وایه ده‌بێ چۆن و له چی بیر بكاته‌وه؟.
له كوشتنی ژن و داماڵینی هه‌ستی مرۆڤایه‌تی ؟،له‌سه‌ر بڕینی ئاوازی موزیك و سوتاندنی كتێب و ڕه‌شكردنه‌وه‌ی جوانیه‌كانی ژیان؟.
من وه‌ك خۆم به‌وه ڕازی نیم له‌وه‌ی له ئه‌فغانستان ڕویداوه و رو ده‌دات،به‌ڵام به‌وه ڕازی و قایلم كه توانراوه زۆربه‌ی ئه‌وانه كه‌شف بكرێت كه له‌و وڵاته كاوله‌ی ده‌ستی شه‌ڕ ئه‌و روداوانه‌ی رویان داوه به زمانی كتێب به‌ڵام به‌زمانێكی ساده و پاراوی ئه‌ده‌بی باسیان بكاته‌وه،بۆ ئه‌وه‌ی به‌بێ قایل بونی مرۆڤ جارێكی تر ئه‌وه رونهداتهوه كه قایلمان ناكات.
ئه‌م نۆڤڵێتهی عه‌تیق ره‌حیمی كه ئازاد به‌رزنجی له ئینگیزیهوه وه‌ری گێڕاوه،هه‌ست ده‌كه‌ی ئه‌فغان و كورد خاڵی هاوبه‌شیان زوره،ئه‌و “یاسین ” و ” داستاگیر ” و ” موراد ” ی ئه‌و باسیان ده‌كات هه‌مان ئه‌م منداڵ و باپیر و باوكه‌یه كه له سه‌رده‌می شه‌ڕی ناوخۆ له كوردستان
ماڵ وێران و بێكه‌س سه‌ریان نایه‌وه.لاپه‌ڕه‌كانی نێو رۆمانه ده‌نگی ئه‌و مرۆڤانه‌یه كه وه‌كو به‌رده‌كانی ده‌ستی یاسین ده‌نگیان ناگات به هیچ گوێیه‌ك.
چه‌ند گوێ كهڕهكانی یاسین ده‌نگی لێكدانی به‌رده‌كان ده‌بیستێ،مرۆڤایه‌تیش ئازاری ئه‌و مرۆڤه بێده‌نگ كراوانه هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌بیستێ.
ڕۆمانه‌كه پێمان ده‌ڵێ یاسین پێناسه‌یه بۆ ئه‌م نه‌وه‌یه،بێده‌نگ كردنی یاسین به ده‌نگی تۆپ،بێده‌نگیه له ئاست هاواری هه‌مو منداڵه بێده‌نگ كراوه‌كان،بێده‌نگی گڕی بێ ئامانی ناو شه‌ڕه وێرانه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌یه.ئای زه‌مه‌ن ” بۆچی به‌ردی بێده‌نگیت داوه به یاسین ”
” ئه‌و “یاسین” كه گوێی له ده‌ست داوه ئه‌ی خه‌ڵك بۆ زمانی گۆ ناكات ئه‌گه‌ر بۆ یه‌كجاریش بێت بڵێ به‌سه.به‌سه.به‌سه .”
ئایا ” ئه‌وه خه‌ڵكن كه ده‌نگیان له ده‌ست داوه.یان بهردهكانن كه ده‌نگیان لێ نایات .” یان ” دنیایه‌كه بێده‌نگ بوه .”.
” ئه‌و گوێی له ده‌نگی به‌ریه‌ك كه‌وتنی به‌رده‌كان نه‌بو،ئه‌و حه‌په‌ساوه له‌وه‌ی كه هیچ شتێك ده‌نگی لێوه نایه‌ت. “
” منداڵه‌كه هاوار ده‌كات:وام لێ مه‌كه.وازم لێ بێنه.ئه‌م به‌ردانه بۆ ده‌نگیان نایه‌ت “
لێره له نێو ئه‌م ڕۆمانه‌دا هه‌مو شتێك بۆنی بێده‌نگی لێدێت و زه‌نگی شهڕگوێچكهی هه‌موانی كه‌ڕ كردوه و شه‌ڕ بهكهڕی شه‌ڕی خۆی ده‌كات.
بێده‌نگی هاواری بێده‌نگ بونی هه‌مو ئه‌و ده‌نگانه‌یه كه له بێده‌نگیدا بێده‌نگ كراوون. چونكه شه‌ڕ هه‌میشه له پشت هه‌مو بێده‌نگ بونێكهوهیه،
زۆرجار دۆزه‌خ ئه‌وكاره ده‌كات”ئه‌وه تانێ هێشتا قیامه‌ت نه‌هاتوه تۆ ده‌سوتێت.چ باكێكت له ئاگری دۆزه‌خ و له‌ئاگری توننهكهی دۆزه‌خ هه‌یه”
ئه‌م ڕۆمانه پێی وایه شه‌ڕ مرۆڤه‌كان ده‌كات به ده‌ریا و دڵیان ده‌كات به‌بیابان.
” قوڵپی گریان قورگت ده‌گرێت.چاوه‌كانت به فرمێسك ته‌ڕ ده‌بن.نا فرمێسك نیه،خهمهكانته ده‌توێنه‌وه و له چاوته‌وه ده‌ڕژێن …لێگه‌ڕێن بابڕژێن.” چونكه له‌به‌ر شه‌ڕ ” لێناگه‌ڕێن ئارام بیت. بۆ چۆڕێك ئاو هاتیت ،نه‌ك فرمێسك .” .
دواجار به‌خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانه له یاسا وێرانه‌كانی شه‌ڕ تێده‌گه‌ین و ده‌زانین شه‌ڕ چه‌ند وێرانكهرو تێكده‌ره،هه‌مو یاساكی ژیان ڕه‌تده‌كاته‌وه
ژیان جگه له بۆنی مه‌رگ و باروت و چڕه دوكه‌ڵ و بێده‌نگی،بۆنی شتێكی تر نایه‌ت.ئه‌م ڕۆمانه گێڕانه‌وه‌یه‌كی به ئازاره كه داستاگیری پیره باوكی موراد و باپیری یاسین،زۆر بهسوییه بۆ ماڵ و منداڵ و ژیانه ساده‌كه‌ی ڕابردوی.ئیێستَا لهگهڵً نه‌وه كهڕهكهی “یاسین” ژیان ده‌گوزرێنێت و مورادی كوڕیشی له كانه‌كان كرێكاری ده‌كات.
نوسه‌ری ڕۆمانه‌كه سینهماكاریشه ئه‌م ڕۆمانه‌ی كردوه به فیلم و له‌ڕێگه‌ی شاشه‌ی سینه‌ماكان ئێش و ژانی ئه‌فغانستان و گه‌له‌كه‌ی ده‌خاته به‌ر چاوی جیهانی بێده‌نگ،كه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت ئه‌وه‌ی ڕوده‌دات شه‌ڕ و ماڵوێرانیه بۆ خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته.
به‌نگینه پیرۆت نوری / چوارقوڕنه