Skip to Content

Monday, September 21st, 2020

ڕۆشنبیری ڕۆمانسی و کولتوری قەرەقۆزەکان.

Be First!
by May 16, 2008 گشتی

ئیسماعیل حەمەئەمین………

1
 ئێمەی ڕۆشنبیر  لەچەنابەزیدا کۆمەڵێک ئاژەڵی هیلاکین، کۆمەڵێک خەڵکین بەردەوام دنیا تەفسیر دەکەین، لەو وەهمەدا دەژین لەزۆر شت تێگەیشتووین کەمرۆڤی ئاسایی تێنەگەیشتووە. بەو وەهمەوە سەر دەخەینە سەر سەرین بۆ ئەوەی بەیانی بچینەوە بەردەمی شاشەو ڕووبەری ڕۆژنامە وژووری پارتە سیاسیەکانمان وبڵێین: واهاتینەوە بۆ ڕۆژێکی نوێی ڕۆشنبیری!. ئێمەی ڕۆشنبیر خەونبینەرێکی تەواونین، کۆمەڵێک خەڵکین لەنێو وەهمی بچوکدا گینگڵدەدین ودەگەوزێن. لەوبڕوایەداین ئەو وەهمە بچوکانە یۆتۆبیان ولەداهاتوودا دنیا دەگۆڕن،کەچی دوای ئەم هەموو ساڵە دەچینەوە بەردەمی کۆنە هەوار، بەردەمی تەکیەی حزبە خێڵەکیەکان.

2
لەهەشتاکانی سەدەی بیستی ئەم وڵاتە بەقوڕگیراوەدا هەموومان خاوەنی یۆتۆبیایەک بووین،یۆتۆبیایەک پابەندبوو بەڕۆحی ئەو سەردەمە،یۆتۆبیایەک گەورە لەسنوری خۆیدا وبچوک لەنێو گوندە بەنێو شارەکانماندا. یۆتۆبیایەک خەیاڵی ئێمەی دەجوڵاند، یۆتۆبیای گۆڕینی دنیا. کەلەمانگی ئایار  نێزیک دەبووینەوە خەون بەدنیایەکی یەکسانی پڕئازادی بۆ کرێکاران   خەیاڵی ئێمەی  هەراشتر دەکرد، کرێکارێک بەهەقەت لەسەر زەوی ئەم وڵاتە تاوەکو ئێستای گڵۆباڵیەتی لەگەڵدا بێت بوونی نەبووە. کەچی ئێمە هەر خەونمان بەو کرێکارە هوشیارەوە دەبینی بۆ ئەوەی ئێمە لەپێناو ئەواندا دنیا بگۆڕین. بۆ خەباتی گۆڕینی دنیا، خەونمان بەکارگە ومانیفاکتۆر وفابریکەوە دەبینی، لەوڵاتێکدا، تاکە کارگەیەکی بۆ ئێمەی بۆرجوازی بچوک نەبوو خەباتی تێدا بکەین. کەچی  خۆمان بەوەهمی یەکی ئایار و ئۆکتۆبەر و بلیخانۆف و شەڕەکانی لینینەوە هەڵواسیبوو.
3
هەمووان لەو هەراوزەنایەدا تەنها یەکی ئایارمان لەبیر بوو، ئەوەی کەلەمانگی ئایاردا فەرامۆشمان کردبوو شۆڕشۆچکەی 1968 بوو، ئەو شۆڕشۆچکەیەی ئازادی جەستە وسێکس وتاکەکەسی فراوانتر کرد. ئەو زەمەنە مای 1968 لەچاو شۆڕشی گەورەی پڕۆلیتاریا ڕووداوێکی بچوک بوو. ئێمەی ڕۆشنبیری کاریگەر بەڕۆحی سەردەمی خۆمان، ئاسودە سەرمان  دەخستە سەر سەرین، ئاسودەبووین بەدۆزینەوەی ئەو وەهمە بچوکانەی لەخەیاڵبەندی خۆماندا ڕێخۆشکەربوون بۆ ڕزگاری کوردستان. وەهمی ئێستای بچێتە سەر، هەمووان خەونمان بەوە دەبینی (نوسین)  شۆڕش بەرپا دەکات. یاخود  چ نەبێت نوسین دەتوانێت زیندووکردنەوەی ڕۆحی (ئایاری 1968) بێت، ڕۆحی گۆڕانکاری بێت لەدژی جەنگی ناوخۆی  سیاسیە پیرەکانی کوردلەدژی باوکسالاری وسوستێمی کۆنی پواوی پەروەردە ولەدواجاریشدا لەدژی چەوساندنەوەی سێکسواڵی کوردی. ڕۆشنبیرە ڕۆمانسیەکان لەو  چرکەساتە وەهمیانەدا دەژین،وامەزندە دەکەن لەدوای ئەم گوتارانەیان ڕێگەکان بەرەو گۆڕانکاری و دیموکراسی سەردەکەوێت.
4
ئیدی لەژێر ڕیتمی ڕۆحی مای 1968 ڕۆشنبیرانی ڕۆمانسی خەونیان بەئاوابوونی  کولتوری دەستپەڕو ئەشقی پاکی پلاتۆنیەوە دەبینی. لەچاوی ڕۆشنبیری ڕۆمانسیەوە ئەو وەهمە بچوکانەیان داهێنانی گەورەو یۆتۆبیای مەزنن. مەزندەی ئەوە دەکەن،کەئەو ڕۆشنبیرانەن  دەتوانین واقیعی هەموو جیهان لەڕێگەی وشەوە بگۆڕن. کەچی بەیانیان بەردەمی ماڵەکان هەر وەکو چل وپێنج ساڵ لەمەوبەر ماوەتەوە، بێگومان گەر لەجاران ناشرینتر نەبووبێت. ئێوارانیش لەسەر شاشەی تەلفیزۆنەکاندا مەلاکان ئامۆژگاریەکانیان لەجاران زیاتر گوڕ وتینی پێبەخشراوە،  ونیوەڕوانیش خێڵەکەیەکان لەبەرامبەر بێدەنگی هەموواندا لەسەر کورسیەکان وەنەوزیان دەدا. ئێمەی ڕۆشنبیر دێن ودەچین ولەڕۆژنامەو گۆڤارەکاندا قەرەباڵغی وهەرا دروستدەکەین ولەدوایشدا لەلای دەرگای دەرەوەی دیوەخانی شێخێکی حزبی دەسەڵاتداردا دەگیرسێینەوە،یاخود لەبارەگایەکدا ڕێنوسی دورشمە درۆیەکانی حزبە خێڵەکیەکان هەڵەچن دەکەین، یان لەشۆڕشگێرترین حاڵەتدا لەگەڵ فەڕاشێکی هیلاکی لێپسراوێکی خێڵدا بەشەڕ دێین. ئێمەی ڕۆشنبیر جگە لەکۆمەڵێک قەرەقۆزی هیلاک نەبێت هیچی ترنین.

5
چیرۆکی بەقەرەقۆزبوون بەمشێوەیەی خوارەوەیە، بالەوانەوە دەستپێبکەین کەنەیانتوانی لەگەڵ کاروانە مەزنەکەی ڕۆشنبیرانی شۆڕشگێڕ وخەباتکاری شاخ وشارداهەڵبکەن. ئەوانە مەنفایان بۆ خۆیان هەڵبژارد، لەوێ بەدووی وێنەیەکی دیکەی  خۆیاندا دەگەڕان. بەدووی دەم و چاوێکی نوێ بتوانێت لەشکستەیی بیانپارێزێت، لەخۆخواردنەوەی ڕۆحی و تەنگەتاوەی خەمۆکی ولەرزینە لەپڕەکانی شێتایەتی مەزنی. بەجۆرێک زۆر جار لەتەریکی مەنفاکاندا خۆیان لێدەبووە ئەو کەسانەی بەشێکیان لەم جیهانە گۆڕیوە!. بەمشێوەیە ڕابوردوویان وەک نەخۆشیەکی شێرپەنجە بەدووی خۆیاندا ڕادەکێشا. ئەمەچیرۆکێکی خەمناکی ڕۆشنبیری نێو مەنفاکانە،ئەمە فۆرمێکە لەو ڕۆشنبیرە شۆڕشگێڕانەی وڵاتیان جێهێشت. فۆرمی دووهەم ئەوانە بوون بڕیاریاندا لەگەڵ کاروانەکەدا بمێننەوە. ئەمانەش چارەنوسیان باشتر نەبوو. لەبەر دەرگای هاوەڵە دێرنەکانیان، قارەمانی نەبەردەکانی شۆڕشی شاخ،  بەملخواری وەستان. ئەوانەش هەر لەمەنفادا بوون، ئەو مەنفایەی ئەدەب بەمەنفای ڕۆح ناوی دەبات. ملیان خوارکردەوە نەبادا ڕەشەبای دیموکراسی دوای ڕاپەڕین بیانبات، نەک هەر ئەوەندە بەڵکو هەوڵیاندا لەئسوڵی یاریەکە تێبگەن، یاریەک پێویستی بەفیکر و یۆتۆبیا وخەون وتەفسیری دنیا نیە. پێویستی تەنها بەیەک شتە، زۆر ئاسان، زۆر سادە،ئەویش ئەوەیە لەناوەوەی خۆتدا وەک شێوازێکی ژیان قەناعەت بەقەرەقۆزبوون بهێنیت.

6
ئیدی مۆدێلی ڕۆشنبیری شۆڕشگێڕ کۆتایی پێهات برادەران، لەگەڵ ڕوخانی سۆڤیەتدا هەمووی چووە ئاوەوە. گوزەشت ئەو ڕۆشنبیرەی بەتەعبیری مارکس تەنها دنیا تەفسیر ناکات بەڵکو دنیا دەگۆڕێت،ئەوەش بەتەواوەتی لەگەڵ خۆری گۆرباتشۆفدا ئاوابوو. مۆدێلی ئەو ڕۆشنبیرانەش گۆڕانی ڕادایکاڵیان بەسەرداهات. لەئەنتی کاپیتالزمەوە بوون بە پڕۆ کاپیتاڵ،لەئەنتی ئەمریکانیزمەوە بوون بەپڕۆ ئەمریکان. ئەمانە کاتی  خۆی دنیای ئێمەی کوردیان تەفسیر دەکرد ودەیانگووت: شۆڕشەکانی لەمەوبەر ئاغاوات وکۆنەپەرست وخێڵەکین وئێمە تەفسیری تازەمان هەیە بۆدنیای کوردی، ئێمە ئەم دنیایە دەگۆڕین. ئیدی ئێمەی ڕۆشنبیری شۆڕشگێڕ کەپاشماوەکانی لەڕۆشنبیری ڕۆمانسیدا بەجێماوە، لەژێر ئەو چەترەدا کەوتینە شەڕکردن لەگەڵ باوکەکان، یەخەی مەلاکانمان گرت وبەجوتیارەکانیشمان گووت مەچنە تەکیەی ئاغاکان وبانگەشەی شۆڕشمان کرد وهاتینەوە نێو چیرۆکەخوێناویەکان. زۆرمان کوشت و زۆریشمان لێکوژراو  وزۆرمان سەقەت بووین. ئەنجامی چیرۆکی ئەم پاڵەوانانە، ئەم پڕۆتاگۆنیستیە تیژڕەویە، ئەوەیە کەئەمڕۆ دەیانبینن. نەک هەر بەعس، بەڵکو سەرانیشیان دەپارێزین. نەک لەگەڵ کۆنەپەرستانی دوێنی بەتەعبیری خۆیان،بەڵکو خۆیان لەهەموو کۆنەپەرستێک گەندەڵترن.. ئەمانە ڕۆشنبیری شوڕشگێڕی دوێنی بوون وئەوانەشی لەگەڵ ئەم کاروانەدا ڕێگەیان نەکرد ودواکەوتن،ئێستا هەوڵدەدەن لەئسوڵی ئەم یاریە تێبگەن. دەبێت بەوە دەستپێبکەن وەک قەرەقۆزێک لەبارەگاکانداچەندجارێک سەرەموقلات بدەن ولەگەڵ نوکتە جيڕەکانی لێپسراو وقەیتولەکانیاندا پێبکەنن. بەمشێوەیە ڕۆشنبیری سیاسی، ئەدیبی باڵا،ئەکتیڤیستی کۆمەڵایەتی، پۆستی  قەرەقۆزێکی هیلاک  لەم کاروانە دیموکراسیەکەدا وەردەگرێت. ئەو پەیامەی لەپشت ئەم پڕۆسەوەیە ئەوەیە، نابێت  کەس مەزندەی ئەوەبکات لەدەرەوەی بازنەی قەرەقۆزبوونە، پەیامی ئەوەی ئێمە جگە لەپڕۆژەیەکی قەرەقۆزبوون نەبێت هیچیتر نین، پەیامێگی ئاشکراو بێپەردەیە.. 

7
ئەی چیرۆکی ئەو شۆڕشگێڕە شکستخواردوانە چیە کەلەمەنفاکانەوە دەگەڕێنەوە بۆ نێو نیشتمان؟. بەتایبەت ئەوانەی بڕوانامەی گەورەیان خستۆتە بن هەنگەڵ وخاوەنی ڕۆشنبیریەکی فراوانن،ئەوانەی هاتنەوە نێو کاروانە دیموکراسیەکەمان!. ئەمانەش زۆر زوو بەرامبەر چارەنوسی قەرەقۆزی بوونەوە.لەبەر دەرگای هاوڕێ دێرینەکانیاندا خۆیان بینیەوە، لەو وەهمەدا دەژیان دەتوانن ئەوان سەرسامبکەن بەئیدیا تازەکانیان، نەیاندەزانی کەدینەمۆی قەرەقۆزبوون لەو ساتەوە دەستیپێکردووە کەلەگەڵیاندا دادەنیشین وباسی پاشەڕۆژیان بۆ دەکەن. ئەوانە هەر وەک جاران  گێل بوون، لەنهێنی پاشەڕۆژ تێنەگەیشتبوون، کەئەویش بوونتە بەقەرەقۆزێکی عەنابی لەسەر ڕیتمی هەمووفیکەیک هەڵقونەت بێت. ئەمە مۆدێلی پاشەڕۆژە بۆ هەمووان وئەوانەشی مەزندەی ئەوەیان دەکرد بەهێنانی پڕۆژەی کارەبا  وپڕۆژەی ڕۆشنبیری و وەرگێڕانی شاکاری دنیا دەتوانن ئاسۆیەکی تەنک بۆپاشەڕۆژ ڕابکێشن،ئەوانە زۆر زوو کەوتنە نێو وەهمەکانی خۆیانەوە. هاتن وچوون وتێگەیشتن وتێنەگەیشتن. هەندێکیان تێگەیشتن لەوەی بوون بەقەرەقۆزی چارەنوسێکە بۆمرۆڤی ئاقڵ، بۆ ئەوەی بتوانێت پاشەڕۆژ لەسنوری گەندەڵیدا زامن بکات. هەندێکیشیان وەک هەموو شۆڕشگێڕێکی ڕۆمانسی گەڕانەوە بۆ مەنفاکانیان، بۆ ژوورەتەنیاکانی پاڵتاک وبەرشاشەی کۆمپیتەرەکانیان وکەوتنە جنێودان. ئەمانەش نەیاندەزانی بەم جنێودانەیان،دەبنە قەرەقۆزێکی بەلاش بۆ کولتورێک کەناوی کولتوری قەرەقۆزیە.

8
بەمشێوەیە کولتوری قەرەقۆزی ڕوونمای دنیای گڵۆباڵە، دنیایەک لەڕووکەشی وتوێژاڵیەوە نێزیکە، وەک لەمانا جەوهەریەکانی مۆراڵ و پڕنسیب و بیروڕا هیومانیەکان. ئێمە لەدنیایەکی بێباوەڕو مۆدێلێکدا دەژین کەمرۆڤی بەتاڵی بەرهەمهێناوە، لەبەر ئەوە سەیرنیە ئیسلامیەکان ببن بەفیگوری سەرنجڕاکێشی زۆرانبازیە سەختەکانی ئەم دنیایە. قەرەقۆزبوون لەم فۆرمەدا کەباسمکرد چارەنوسی ئێمەی ڕۆشنبیری کوردە لەنێو سیاسەت ولەنێو ژیانی نوێی کولتوریدا. شەڕکردنی ئێمە لەئێستادابۆ دنیا گۆڕین نیە، بەڵکو بۆ ئەوەیە گەر بووین بەقەرەقۆز تۆزێک ئاوی ناوچەوانمان پارێزراوبێت. مردنی یۆتۆبیا و سیسبوونەوەی خەون بەپاشەڕۆژ  تۆبۆگرافیای ئەم چەند ساڵە دوایی  کولتوری سیاسەتە لەم دەڤەرەدا. بەدیوێکی تردا، ئەمە مردنی ڕۆحە لەنێو بازاڕیەتی سیاسەتدا، هەڕەمەکیەتی ژیان وچارەنوس خستنە دەستی هەموو قەرەقۆزێکە بیەوێت لەسەر شانی ئێمەوەبازهەڵداتە نێو دەسەڵات.

9
لەوانەیە جوانترین دیاردەی ئەم یازدەساڵەی دوایی ئەوە بووبێت کەڕزگاربووین لەدووکەس، لەدوو فیگور کەبەردەوام چەقی ژیانی ئێمەیان داگیربوو: یەکەمیان فیگوری سیاسەتمەدار و دووهەمیشیان فیگوری ڕۆشنبیرە. خۆشبەختانە هەردووکیان لەنێو یەکتردا توانەتەوە وهەردووکیشیان خۆیان داوەتە دەست قەدەر. ئیدی هێڵی جیاوازیان کاڵبۆتەوە،بەجۆرێک  هەردوو فیگورەکە بەلۆجیکی پیاوێکی سادەی قەدەریی سەرجادەکان  قسەدەکەن.
10
ئەمە دیوێکی بینراوی ڕۆشنبیری قسەکەرە،نەک ڕۆشنبیری نوسەر. بەڵام ڕۆشنبیری نوسەر لەبەرامبەر خەتیبی ڕۆشنبیردا، لەبەرامبەر ڕۆشنبیری قسەکەردا، کەچۆن قسە دەکات ئاوەها دەنوسێت، ژیانی تەنگەربەر بووە. هیلاک بووە لەکولتورێکدا هەمووان قسەدەکەن وکەس گوێ ناگرێت،هەمووان قسە دەنوسنەوە وکەس ناخوێنێتەوە. بەکورتی وبەکوردی ئەمە کولتوری قەرەقۆزە لەنێو بواری ڕۆشنبیریدا، ڕۆژ بەڕۆژ سنورەکانی فراونتر دەبێت.
 
11
بواری ڕۆژنامەنوسی کوردی،بۆتە قاپێکی بەجێهڵدراو بۆ کولتوری قەرەقۆزەکان. بوارێکە هەموو کولتورێکی ڕاستەقینەی خنکاندووە،خوێنەرێکی بێشوماری نەخوێندەواری تەمەڵی بۆخۆی گردکردۆتەوە وسەدەها ڕۆژنامەنوسی موفەکیری سەیری لەکۆڵانی عەتارەکانەوە هێناوەتە گۆڕێ، کەهەموویان بەلۆجیکی سیاسەتبازەکانی دەسەڵات قسەدەکەن، بەڵام بەزمانی قەرەقۆزێکی ئۆپۆزیسیۆن. بەمانای هەردووکیان بەیەک زمان قسەدەکەن. بەمشێوەیە ئەم کەڕنەڤاڵە پڕە لەژاوەژاوە بەردەوامە، کەڕنەڤاڵێک ڕێگرە لەخوێندنەوەی ئەدەب،لەبەر ئەوە سەیر نیە لەبەرامبەر ئەم هەموو ڕۆژنامە عەجایبانە، پاشکۆ ئەدەبی وگۆڤارە فیکریەکان ڕۆژ بەڕۆژ  پەراوێز بکەونەوە.

12
سیاسەتبازەکان، قەرەقۆزە گەورەکان، فێڵێکی باشیان دۆزیوەتەوە. ئەویش فەراهەمکردنی  ئازادی بێ قەیدوشەرتە. ئێمە بەئازادی بڵاودەکەینەوە وئەوانیش بەئازادی دەژین. ئێمە لەسەر ئەوان دەنوسین وئەوانیش وەڵامدەنەوە. بەمشێوەیە کەرنەڤالی قەرەقۆزەکان شوێنی یەکتری دەگۆڕنەوە. ئێمە ئەرکی خۆمان لەڕەخنەگرتن بەجێدەهێنین وئەوانیش ئەرکی خۆیان  (بەشەفافی) لەمومارەسەی دیموکراسی پراکتیزەدەکەن.. براڤۆ.. لەمەجوانترت دەست ناکەوێت، ئیدی بۆ چی ئازادی نیە!. بنوسە و قسەبکە بەئارەزووی خۆت، هەڵقونەبکە وەک قەرەقۆزێکی ڕۆشنبیر یان چەنەبازی بکە وەک قەرەقۆزێکی ناشرین، یاخود توڕەبە وەک قەرەقۆزێکی حکومی. ئەمە کولتوری قەرەقۆزەکانە وهەمووان لەسەری ڕێکەوتووین، گەر پەیامێکی نوسراو نەبێت، ئەوا پەیامێکی نەنوسراوی کۆمەڵایەتی هەیە لەنیوان ئێمە ودەسەڵاتدا. هەمووان پەنجەرەی ماڵەکانمان بۆ ئەو کەش وهەوا قەرەقۆزیە خستۆتە سەرپشت، بۆ ئەوەی هەموو خێڵەکی وساختەچی وفەتواچی وسیاسەتچی وئەنفالچی وماستاوچی وقەیتولچی وهەموو چیەکان بێن وچارەنوسی ژیانمان بگرنە دەست. ئیدی بابەس بێت خەونی ڕۆشنبیرە ڕۆمانسیەکان بەگۆڕینی دنیا. بابەس بێت،چونکە ئێمە هەمووان  لەژیانی ئێستاماندا بەو شێوە ژیانە قەرەقۆزیەتە ڕازین، هەمووان  کۆکین لەسەر ئەو  لۆجیکەی  کەناتوانین لەوە زیاتر بکەین وخۆشمان لەوە زیاترمان پێناکرێت وگەر پێشمان بکرێت نامانەوێت لەوە زیاتر بکەین ولەهەڵبژاردنی داهاتووشدا هەر قەرەقۆزەکانن کەدەیبەنەوە .

نورنبێرگ 28.04.2008

• لەهاوڵاتی ژ 421 دا بڵاوبۆتەوە. 

Previous
Next

Leave a Reply