Skip to Content

Wednesday, December 2nd, 2020

ژن یان كتێب كامیان چێژدارتره‌؟!!

Comments
by June 28, 2011 گشتی

هه‌رچه‌ند چێژو چێژوه‌رگرتن له‌ كه‌سێكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكی تر جیاوازه‌، ئه‌وه‌ی تۆ چێژی له‌ته‌ك وه‌رده‌گری له‌وانه‌یه‌ من پێیه‌وه‌ هه‌راسان بم، ئه‌وه‌ی تۆ بۆی عه‌وداڵ و سه‌ودا سه‌ری  له‌وانه‌یه‌ لای من به‌ ئه‌ندازه‌ی سه‌ره‌ ئه‌لفێك بایه‌خی به‌های نه‌بێ، به‌ڵام هێندێ‌ چێژی گشتیمان هه‌یه‌ هه‌موومان كه‌م تا زۆر تیایدا به‌شدارین، چێژ له‌مێیینه‌ یاخود له‌ژن یه‌كێكه‌ له‌و باس و خواسانه‌ی  مێشك و خه‌یاڵی نێرینه‌ی هه‌ڵپێچاوه‌ به‌شێوه‌یه‌ك زانایانی ده‌روون ناس جگه‌ له‌وه‌ی به‌ گه‌وره‌ترین چێژیان له‌قه‌ڵه‌م داوه‌ سه‌رسوڕمان و مه‌دهۆشی خۆشیان له‌ هه‌مبه‌ر ده‌ربڕیوه‌.  نه‌رم و نیانی و میهره‌بانی ژن، شۆخ و شه‌نگی و زوهره‌ ڕه‌نگی، ده‌ست ڕه‌نگینی و دڵرفێنی ، ڕووح سووكی و هه‌ست ناسكی،   به‌شێكن  له‌خه‌سڵه‌ته‌ جوانه‌كانی ژن،  پیاو ئه‌گه‌ر ڕۆژانه‌ سه‌رقاڵ و جه‌نجاڵ بێ‌، ماندو و شه‌كه‌ت و بێزاربێ‌،  شه‌وانه‌ ته‌نها به‌یه‌ك باوه‌شی ژن ئارام ده‌بێته‌وه‌و ماسولكه‌كانی هێورده‌بنه‌وه‌، من وای ده‌بینم زۆربه‌ی دكتاتۆر و خوێنخۆرانی جیهان كه‌سانێك بوون له‌ چێژی:  دایك، خوشك ، هاوسه‌ریان … به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان بێ‌ به‌ش بوون، یان فه‌رامۆش كراون.  زۆرجار به‌ هاوڕێیانم ده‌ڵێم: ژن خولقێنه‌ری جوانی یه‌، گه‌ر ژن نه‌بوایه‌ ئاوێنه‌و شانه‌ بوونیان نه‌ده‌بوو، پیاویان  ریش و قژیان  تێكه‌ڵ به‌یه‌ك ده‌بوو، ڕووناكی و تاریكی یه‌كسان ده‌بوو، پیسی و خاوێنی  ناو و نیشانیان نه‌ده‌بوو، جیهان  ده‌بۆوه‌  تۆپه‌ڵه‌یه‌ك  له‌ دوكه‌ڵ  و  گێژه‌ڵۆك.
خوێندنه‌وه‌ی وته‌ی ئه‌م فه‌یله‌سوف و زانایانه‌ بێ‌ تاقه‌تمان  ناكات  كه‌ ده‌ڵێین: (بۆ پیاو باشتره‌ باوه‌ش به‌ئاگر دابكا نه‌ك باوه‌شی  ژن) یان ( ژن قژی درێژه‌و عه‌قڵی كورته‌) یان ( له‌ دونیادا ژنێكی عاقڵ ده‌ست ناكه‌وێت)… چونكه‌ دڵنیاین ئه‌وان  له‌ ناخه‌وه‌  ژنیان  زۆر خۆش ویستووه‌، به‌ڵام خۆبه‌زل زانین و گه‌وره‌كردنی پله‌و پێگه‌ی پیاو له‌ سه‌رحیسابی ژن بۆ ئه‌م قسه‌ بێ‌ سه‌روبه‌رانه‌ی په‌لكێش كردوون.
  ماوه‌یه‌ك به‌ر له‌ ئێستا قسه‌ی نووسه‌رێكی پایه‌داری كورد منی خسته‌ نێو گومان و بیركردنه‌وه‌ كه‌ وتبووی: ( بۆنی په‌ڕه‌كانی كتێب زۆر خۆشتره‌ له‌بۆنی باوه‌شی ژن)  بۆچی؟  كه‌ی؟  چۆن؟  له‌به‌رچی؟   به‌ده‌م  بیركردنه‌وه‌كه‌ وه‌ڕێنه‌ی خۆم ده‌ست پێ‌ كرد، بۆچی؟ وتم: چونكه‌ چێژی خوێندنه‌وه‌ی كتێب بۆ كه‌سانێك هۆگری و دڵداری له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن و شه‌وانه‌ ڕاموسان و شه‌ونخوونی له‌گه‌ڵ ده‌گرن زۆر خۆشترو به‌تامتره‌ له‌ شڵپه‌شڵپی ماچ و موچی ژن.  كه‌ی؟  ئه‌و كاته‌ی نووسه‌ر ئاره‌زوه‌كانی خامۆش ده‌بن و چرای سێكس كردنی كز ده‌بێت، خاوه‌نی ئه‌م قسه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌ش پیرو به‌ساڵادا چووه‌، بێگومان له‌تافی لاویه‌تی ئه‌م قسه‌یه‌ی نه‌ده‌كرد! چۆن؟ كاتێك كتێب هه‌موو خه‌ون و خه‌یاڵه‌كانت ده‌سته‌به‌رده‌كات و واقیع و ئه‌ندێشه‌ به‌یه‌ك ده‌گه‌ێنێ‌، گه‌ر له‌ماڵ و سامانیش هه‌ژارتكا له‌ بیرو هۆش وزانیاری ده‌وڵه‌مه‌ندت ده‌كات.
له‌به‌رچی؟ چونكه‌ ژن داوای  هه‌مووشتێك ده‌كه‌ن ماڵی خۆش، خانووی خۆش… به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی ڕه‌چاوی بار و زروف بكه‌ن، رۆژێك نه‌مبینی و نه‌مبیست كچێك به‌ده‌سگیرانه‌كه‌ی بڵێ‌ له‌جیاتی زێڕو خشڵ له‌سه‌ر كتێبخانه‌یه‌كی پڕكتێب ماره‌م ببڕه‌!!!
ژنێك نه‌یووت له‌ گه‌ڵ بۆفیه‌و كه‌وه‌نته‌رو كانتۆر (په‌رتوكخانه‌)یه‌كی خنجیلانه‌شم بۆ بكڕه‌. هه‌ربۆیه‌ش ده‌بینی ژن ماڵێكی خۆشی هه‌یه‌ به‌ڵام هه‌ستی پڕه‌ له‌ئازار، ئه‌مه‌ چی یه‌ خانم خاتوون؟ وه‌لڵا مێرده‌كه‌م له‌گه‌ڵ خراپه‌. به‌ڵی خانم چونكه‌ تۆ هه‌ر فێری چێژی خۆت كردوه‌، فێری خوێنده‌وه‌ی كتێبت نه‌كردوه‌، جاروبار گه‌ر كتێبت به‌ده‌سته‌وه‌ دیبێ‌ ڕقت لێ‌ هه‌ڵساوه‌ چونكه‌ واتزانیوه‌ چێژی كتێب چێژی تۆی له‌بیر ده‌باته‌وه‌!
گه‌ر به‌راوردێكی خیرا له‌نێوان ئه‌م دوو چێژانه‌ بكه‌ین 1- چێژی ژن گشتی یه‌،خوێنده‌وارو نه‌خوێده‌وار، نه‌زان و زانا تیا به‌شداره‌. 2- چێژی كتێب تایبه‌ته‌ به‌وكه‌سه‌ خوێنده‌وارانه‌ی  ئالوده‌ی خوێندنه‌وه‌ی بوون. 3- چێژی ژن، له‌گه‌نجی دا دێته‌ لوتكه‌ له‌پیری دا ده‌پوكێته‌وه‌. 4- چێژی كتیب  به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، له‌گه‌نجی دا ساردو ساده‌یه‌ له‌پیریدا گه‌وره‌و شیرینه‌.
به‌ڵام وروژاندنی ئه‌م باسه‌ له‌ڕیگای پرسیار: (كتێب یان ژن كامیان چێژدارتره‌)؟ چه‌نده‌ سوود ئه‌خاته‌وه‌؟ چه‌نده‌  سوود به‌ژن و پیاو ده‌گه‌ێنێنێ‌؟ له‌وانه‌یه‌ بڵێ‌ ی  ئه‌مه‌ به‌دیهیه‌و نێوانیان ئاسمان و ڕێسمانه‌، به‌ڵام بمبووره‌ كه‌من بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ نه‌گه‌یشتمه‌ ڕاستێكی ته‌واو  هیوادارم تۆش پێ‌ ی نه‌گه‌ی چونكه‌ وا ده‌زانم بیروبۆچوونێك ده‌هێنی و خۆت په‌ڕ گیرده‌كه‌ی! ئایا ژن چێژدارتره‌ یان كتێب؟ یان هه‌ردووكیان به‌یه‌كه‌وه‌؟ یان له‌ بنچینه‌دا ئه‌مه‌ نالۆژیكی  یه‌؟…یان…؟  بێگومان تۆ هه‌رچۆنێك  شیكاری بۆده‌كه‌ی  ئازادی و هیچ  كه‌س موحاسه‌به‌ت ناكات.

Previous
Next

Leave a Reply