Skip to Content

Friday, April 26th, 2024
کتێب وەک نەفرەتێک! …  توانا ئەمین

کتێب وەک نەفرەتێک! … توانا ئەمین

Closed
by June 8, 2013 گشتی

 

 

نسێ: بەرلە نووسین کردەی خوێدنەوە بوونی ھەیەو دەبێت ھەبێت، ھەڵبەتە بەر لەوەی نووسیار بین، خوێنەربووینە. تۆ یەکەم کتێب کە خوێدبێتتەوە چی کتێبێک بوو؟ ناوەڕۆکی ئەم کتێبە کاریگەریی بەسەر ھزر و نووسینی تۆدا چی بووە؟ تۆ لە پێناوی چیدا کتێب دەخوێنیتەوە؟ ئەگەر کردەی خوێندنەوە بوونی نەبێت، نووسین ماھییەتی چییە؟ بەبڕوای تۆ کەی ئەو رۆژە دێت تاکی کوردی (بەشێوەیەکی گشتی) کتێبی لە پارەو زێڕ و سەروەت خۆشتر بوێت؟ لەپاڵ ئەوەی کە ھەیەو دەگووترێت: ” کتێب باشترین ھاوڕێی مرۆڤە”، کتێب لەدیدی زۆرێک لە بیرمەندەکان جیاواز لەوە کەوتۆتەوە، ئایا کتێب بەلای تۆوە چییە؟ ئەو کتێبەی حەز دەکرد تۆ نووسیارەکەی بوایە، چی کتێبێکە؟ ھەروەھا ئەو کتێبە چی کتێبێکە حەز دەکەی چەندین بارە بیخوێنیتەوە؟ ھەروەک ئاماژەمان بۆی کرد، نووسیار بەر لەوەی بنووسێت دەبێت بخوێنێتەوە، ئایا ئێستا خەریکی خوێندنەوەی چی کتێبێکی؟

توانا ئەمین: بە دروستی نازانم یەکەم جار چیم خوێندۆتەوە. هەرچی بووبێ، بەوەی لە زەینمدا وەک تەمێکی سپی کاڵ جێماوە، کتێبێک بووە سترەکتورێکی داستانیی هەبووە، بەڵام ئەوە کتێبێکی ئەوەندە قورس و کاریگەر نەبووە تا من لە ژێری دەرنەچم، هەرخۆی ئەوە تەلیسمی کتێبە، کە هەر ئەوەندەی بە کتێبێکی دیکەی نایاب گەیشتیت، ئەوی پێشوو جێی خۆی دەداتێ.. لەگەڵ ئەوەشدا تەنیا مێنتاڵی کاغەز نییە کە دەتوانرێ بخوێنرێتەوە، تۆ کە لە سوچی گالەرییەکدا بەدیار تابلۆیەکەوە ڕادەمێنی دەخوێنیتەوە، کە فیلمێکی جوان دوور دوور لەگەڵ خۆی دەتبات دەخوێنیتەوە، کە لە باخچەیەکدا پیاسەیەک بە تەنیا دەکەیت، هەموو شتەکان وەک و خۆی نا! وەک ئەوەی چاوی تۆ دەیبینێ دەخوێنتەوە، بەم جۆرە خوێندنەوە ساتی بەرکەوتنی تۆ و دنیایە، ئەو دونیا بچووکەی منیش کە هەمیشە حەز دەکەم تیایدا بخوێنمەوە، هەر ئەو کتێبانەن کە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سەر ئەم زەوییە حەز دەکەن بیخوێننەوە و پێیان وایە خودا نووسیونی..
تەورات و قورئان و ئینجیل‌، لە ڕیزی پێشەوەی فاڤۆرێتەکانی منن.. لەو ساڵانەی ڕابردوودا نوسخەیەکی دەستنووسی لەبەرگیراوەی (زەبور) لە مۆزەخانەی ئەسفەهان‌دا زۆر سەرنجی ڕاکێشام -کە ئۆرگیناڵەکەی کۆنترین نوسخەی زەبورە و لە کتێبخانەی ئایەتوڵا مورعەشی نەجەفی‌یە لە قوم-  پاشتر کۆپیەکیم دەست خست و خوێندمەوە، تەواو چێژم لێ برد، یەک پارچە ستایش، یەک پارچە شیعر بوو.. ئینسان مینا عارفێکی پیر، هەموو جارێ دەکارێ وێنە و مانا و نەخشەی تازە بۆ ژیان، لەو کتێبە کۆن و کاغەزە زەردانەدا هەڵهێنجێت.. ئەمە ڕەنگە بەشێکی پەیوەندیی بەوەوە ببێ، کە من لام وایە مرۆڤی ڕۆژگاری زوو؛ کتێبی نەنووسیووە، کتێبی کۆدڕێژ کردووە.. ئەگەرنا نەمان دەتوانی تا ئێستاش دانتێ و شەکسپیر بخوێنینەوە.. نەمان دەتوانی لە کاتێکدا لەچەرخی فیزیای کوانتەمی‌ داین، ئیبن سینا بخوێنینەوە..!
دەخوێنمەوە تا بزانم من لە کوێم..؟ من چی دەکەم…؟ ئیرە کوێیە..؟ دەبێ پێت بڵێم من لە زومڕەی ئەوانەم؛ کە مرۆڤ وەک ونبویەک تەماشا دەکەم؛ وێڵێک چاوی کردۆتەوە و دەبینێ لەسەر ئەم زەویە ڕەقە بەتەنیا جێهێڵراوە، لە ساتێکی ئاوادا خوێندەوە سەرەتای سەرسامییە قورسەکەیە، ئەوانەی لەو سەرسامییەدا تەنیا بۆ کات کوشتن، پاگەندەی چێژ، حەزی زانین دەخوێننەوە، جیاوازن لە تۆ.. ئەوان دەتوانن نەخوێننەوە.. چوون بۆ هەریەکێ لە پاساوەکانیان ڕێگای تر کەم نییە، بەڵام بۆ من پرسیارەکە دەبێ بە ماهیەتم، وجودی من ڕاستە لە مندا، لەو پرۆژانەدایە کە هێشتا تەواوم نەکردوون، بەڵام کاتالۆگەکەی لەناو کتێبەکاندایە.. دەخوێنمەوە بۆ ئەوەی بزانم من کێم…؟
لەناو کتێبەکاندا بە دوای شتێکدا دەگەڕێم کە وا دێتە زەینمەوە زۆر بۆی پەرۆشم، لە هەر یەکیاندا پاژێکی دەدەۆزمەوە، لە کۆتایدا ئەگەر ڕۆژێک هەموو ئەو پارچە دۆزراوانەم نابەیەکەوە و هەستم کرد کۆی وێنەکەم تەواو کردووە، ئیتر دەنووم و ناخوێنمەوە.. بەڵام ئەوە تەنیا ڕۆژێکە کە لە کۆمەڵەی کاکێشاندا نییە، لەبەر ئەوەی ئیتالیۆ کالڤینۆ واتەنی “مرۆڤ لە دنیایەکدا خەریکە بەدوای خۆیدا دەگەڕی، کە هی ئەو نییە”!.
وێناکردنی کۆمەڵگایەک کە تاک تێیدا وەک لە پرسیارەکەتاندا هاتووە؛ “کتێبی لە پارەو زێرو سەروەت خۆشتر بوێت”!! یۆتۆپیایەکی میسالی ترسناکە، کە تێیدا دەیەوێت ئەو دڵخوازی هەموو بەنیئادەم هەڵبژێرێت و نەخشە ڕێگاکەشی کتیب‌ـە..! وەک ئەوەی کتێب چەند پەڕەکاغەزێکی سیحراوی بێ، بە تۆزێک هێلمەوە، هەر ئەوەندەی کردمانەوە، دونیا بکات بە باخی بەهەشت..! من لێت ناشارمەوە لە کتێبی ئاوها و لەو کەسەش کتێبی ئاوامان پێشکەش و پێشنیار دەکات، لە دڵەوە دەترسێم.. بە درێژای مێژوو کەس وەک خاوەنی کتێبەکان بە هۆی زەخرەفەیەکی بەلاغییەوە سەودای زەوی و ئاسمانیشی نەکردووە.. خەونی بوونی زێڕ بۆ ناشرینە..؟ زەوی هی هەموومانە کێ حەزی لە چییە با هەڵبژێرێ، بەڵام بژاردەکەی خۆی وەک پەسەندترن نەفرۆشێتەوە بەوانی تر، تۆ کە نووسەریت و کتێبت هەیە، چەند لە جوتیارێکی کێڵگەی برنج لە ڤێتنام بەختەوەرتری، کە ناتوانێ بخوێنێتەوە..؟
ئازیزم.. دروستکردنی کتێب وەک دروستکردنی چەک پیشەسازییە، ڕاستە ڕێگایەکی ئاسان و کورتی فراوان کردنی ئەپستمی مرۆڤە، بەڵام ڕێگایەکی خاوێن نییە، ڕێگایەکە زۆر نزیکە نەگات.. کتێب خاچێکە دەبێ شانێکت بۆی هەبێ، من لە چاپی نوێی کتێبێکمدا، لەسەر بەرگەکەی نووسیومە؛ ((خوێنەری خۆشەویست.. من تۆ بم، ئەم کتێبە ناخوێنمەوە..!)) بەم شێوەیە چوون پاکەتی جگەرە، ڕۆژێک دادێ لەژێر کاریگەری یاسایەکدا لەسەر کتێبەکان دەنوسرێ؛ ڕەنگە خوێندنەوەی ئەم کتێبە سەرت لێ تێکبدات، نەزمت هەلاهەلا بکات و ڕیتمت بشێوێنێ. بەم جۆرە ئەگەرچی کەس بەهۆی خوێندنەوەی ئەو دێڕە ئینفۆماخونەی سەر پاکەتی جگەرە، وازی لە جگەرە نەهێناوە، بەڵام تۆ وەک نوسەرێکی گومانکار لە بەرانبەر بەرپرسیارێتییە ئەخلاقییەکەی خۆتدا وەفادار دەبیت..
ئەو کتێبەی من حەزم دەکرد نووسەری بام؛ (ماڵباتی باسکواڵ دوئارتێ‌‌)ی کامیلۆ خوسێ سێلایە، دروست لەو کتێبانەیە کە ئێستا باسمان دەکرد، ئەوەی ژیانت ژێرەوژوور هەڵدەگێڕیتەوە، ئەوەی گومان لە هەموو ئەو شتانە دەکەیت، کە بەناوی یاسا و پیرۆزیی و ترادیشیۆن و تەنانەت مۆڕاڵی گشتییەوە لە تۆ پەرژینیان کردووە.. کتێبێکە نازانی لایک یان ئەنلایکی بکەیت، نازانی بگریت یان پێبکەنیت.. لەو کتێبانەیە بە دیاریەوە دەحەجمێی، ماتریاڵەکەت هەرچییەک بێت، دوای خویندنەوەی ئەو کتێبە ناتوانێ بە ئاسانی بخەوێت..
ئاوها کتێب هەموو جارێک دەرمان نییە، کتێب خۆی برینەکەیە.. لەو ڕۆژانەدا کەوتم بەسەر پەیجێکی ئینگلیزیی‌دا بە ناونیشانی (من ڕقم لە خوێندنەوەیە)! دەوروبەری 200 هەزار ئەندامی هەبوو، خۆ ناکرێت نزیکەی ئەو چارەکە میلیۆنە لە مرۆڤ، وەکو گەمژە سەیر بکەین، ئەوانیش ئارگۆمێنتی دژە خوێندنەوەیان لە خۆیاندا هەیە، بڕێکی باش لە حەقیقەتیش لای ئەوان هەیە. کتێب دەتوانێ حەرەم بشکێنێ، لە کەلێنی ناشوێنتەوە دزە بکات، هێدی هێدی شتەهایەک لە تۆدا بگۆڕیت کە ڕۆژێک لە ڕۆژان تۆ مەبدەئت بوون، ڕاستە کتێب دینامیکی دژە چەقبەستنە.. ڕاستە کۆمەکێکی گەورەیە لە خۆدۆزینەوە، بەڵام ئیبلیسێکیشە کە دەتوانێ باش ونت بکات..! بۆیە پرسیارەکە وای لێدێت ئەگەر دوای هەموو کتێبێک بگۆڕێین، ئەگەر کتێب بتوانێ بمانکات بە شتێ کە ئێستا ئەوە نین، ئەی خۆمی خۆمان کواین….؟!
خوێندنەوە ئینسان قاژ دەکات بۆ دوو زەمەن، بۆ پێش خۆی و دوای خۆێ.. ساتی دەستبردن بۆ کتێب ساتێکی جەسارەتلییە، ئەو کائینە مەلعوونە سامی هەیە، تەنیا ئەوە بێ ڤیزا و بە ئاسانی تا ژووری نوستنمان دێ، ئارامگایەک کە دەتوانێ لێمان تێکبدا و تێکیشی دا..! دۆستی من.. کتێب هەیە فێرت دەکات لە چێشتخانەکتدا، بۆمب دروست بکەیت..! کتێب هەیە فێرت دەکات چۆن خوشکەکەمان بکوژین لەسەر ئەوەی لەگەڵ کوڕێکدا یەکتریان ماچ کردووە.. ئێستا سەردەمێکە ترۆریست کتێبی هەیە، خواپەرست کتێبی هەیە، شەیتانپەرست کتێبی هەیە، گنۆستیک کتێبی هەیە، ئاتیست کتێبی هەیە، جا کێ کتێبی نییە قوربان…؟!
بۆیە هەنگاوی یەکەم تێپەڕاندنی ئەو پارادایمە دیماگۆژییە کە کتێب وەک کەرەستەیەکی بێلایەن، وەک دنیایەکی سپی، وەک نوورێکی گەورە سەیر دەکات.. ئەو ژمارە مرۆڤە بهێنەرەوە بەرچاوت کە لەسەر دەستی کتێبێک خۆیان کوشتووە، ئەوانەی بەهۆی کتێبێکەوە خەڵکیان کوشتووە، ئەوانەی بەهۆی کتێبێکەوە خۆیان داوە بەکوشت.. لە شارەکەی من و تۆشدا خەڵک هەیە بە کتێبێکەوە گیراوە و بردویانە خنکاندویانە.. بیر لەو وشەیە بکەرەوە خــنـــکـــانـــدن.. ئەوەندە سامی هەیە نامەوێ کۆمایەک دانێم نامەوێ بووەستم لەسەری گوێم لە لرخەلرخیانە.. تۆ ئەم قوربانییە ناو دەنێی چی..؟ بەدێڕێک دەڵێی “شەهیدی نەمر”! ئەیکەیتە چوارچێوەیەکی ڕەش‌وسپیەوە..؟ بە هەزار منەت چوار دیناری شەهیدانەکەیت پێدەدەن، ئەمەیە شەرەفی گەورە..؟ ئەمە بوو بەهای مرۆڤ.. بۆهیچ نا بۆ کتێب..! بۆ ئەو دەستە وەرەقە ناشرینەی کە ئێستا لەمەزادێکی سەرجادەدا، ئامادە نیت دۆلارێکی پێ بدەیت، تاقەتت نییە سەیری بکەیت.. تاقەتم نییە هیچ بڵێم، وەک ئیزاک بابێل دەمەوێ لەم چەرخی هات‌وهاوارەدا من تەنها مامۆستای بێدەنگی بم.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.