Skip to Content

Saturday, October 31st, 2020

کورسى نەعنا …. نەوزاد بەندى

Be First!

 

 

 

 

بە یەک پیاسەى ئێواران ، ئەتفرۆشم

بە یەک نوقوڵى ترش و شیرین ..

بە یەک فیلمى عادل ئیمام .. ئەتفرۆشم ..

بە یەک بەیانى جەژنى ڕەمەزان ،

کە مەلاکان ئەڵێن : ئەڵاهو ئەکبەر ..

کە بۆنى شلە و برنج ،

دەرگا و پەنجەرەکان ئەکەنەوە و

لە بەردەرگا ،

چاوبڕکێ لەگەڵ یەکتر ئەکەن ..

بە یەک پێنج فلسى ، ئەتفرۆشم ،

کە باوکم ئەیدامێ و

ئەچوم بۆ دوکانى عەبە لێفە ..

یان بۆ دوکانى مەجە لوتە و

ئەمگۆڕیەوە بە هەڵماتى ،

زەرد و سوور و شین ..

بە یەک بۆڵبڕین ، ئەتگۆڕمەوە ،

کە لەگەڵ پارچە تەختە ئەمانبەستن و

لە شێوەى سێگۆشەیەکدا ،

لەو سەرى سابونکەرانەوە ،

لاى عیادەکەى بەکرى دانساز ،

هەتاکو چایخانە قامیشەکەى بەردەرکى سەرا ،

خلۆر ئەبوینەوە ..

بە یەک سەرە سۆدە ، زایەت ئەکەم ،

کە لەبەردەم چایخانەى حەمە ڕەق کۆمان ئەکردنەوە و

ئەمانکردن بە تایە بۆ عەرەبانەى تەل ..

کۆڵانەکانى کارێزى وەستا شەریف و

برایم پاشامان پڕ ئەکرد 

لە دەنگێکى وەکو دەنگى مارى زەنگۆڵەدار..

دواجار ..

ئەتگۆڕمەوە بە یەک مژ جگەرە ..

بە یەک بلیتى فڕۆکە ..

بە یەک ڤیزە..

بە یەک کورسى نەعنا ..

ئەى نیشتمان !! ..

چونکە لە تۆدا ، منداڵیم ون کرد ..

چەند دەست و دامانت بوم ،

بۆت نەدۆزیمەوە ..

جاڕێکت بۆ نەدام ..

بەدیلێکت بۆ نەدۆزیمەوە ..

بە قژێکى ماش و برنجى و

لوتێکى زللەوە ،

لە بەردەم مۆڵێکدا

بەجێت هێشتم

 

Previous
Next

Leave a Reply