Skip to Content

Monday, November 30th, 2020

کۆنگرەی شەشی یەکگرتوو و لەسەر وەستانێک

Be First!
by May 11, 2012 گشتی

 

 

رۆژانی  ١ و ٢ و ٣ی  مانگی ئایار یەکگرتوی ئیسلامی  کۆنگرەی شەشەمی خۆی بەست ، ئەم کۆنگرە لەزۆر ڕوەوە  قسە هەڵدەگرێت  ئەویش لەبەر چەند هۆیەکی دەرەکی و ناوەکی . یەکەم، ناوچەکە  بە  قۆناغێکی ڕاگوێزانی گرنگ دا تێدەپەڕێت و باڵە ئیسلامیەکان  و ئیخوانەکان تا ڕادەیەک سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە لە هەندێ وڵاتدا. دووەم، ئەمینداری یەکگرتوو پێش وەخت بڕیاری خۆ کاندیدنەکردنەوەی دا بەر لە کۆنگرە ئەمەش راستەوخۆ کاریگەری هەبوو لەسەر دەرئەنجامی کۆنگرەوە و  بگرە کارە تەکنیکیەکانی کۆنگرە لەوانە پەخشکردنی راستەوخۆ. هەرچەندە بەندە بەهۆی ئەو ئەزمونەی هەمبووە لەگەڵ ئەم  پارتەدا  لەمیانی ساڵانی ١٩٩٢-١٩٩٩ ،بەڕێز محمەد فەرج بە شیاوترین کەس دەزانم دوای بەڕێز سەلاحەدین بەهادین، بەڵام ئەم خوێندنەوە کورتە لێرەدا تەواو سەربەستە لە کاریگەری ئەو ئەزمونەی هەمە لەتەک یەکگرتوو، هەرگیز ڕێگە بەخۆم نادەم رستەیەک بڵیم لەسەر ئەو حزبە وەک کاردانەوەیەک و ئەوانەیش شتی بەندەیان خوێندبێتەوە  گەواهی ئەو راستەین کە مەلەفی خودی تیکەڵی نوسینی بابەتی ناکەم.
هەروەک چۆن هەمووجار دەسەڵات گلەیی و گازاندەی خۆی ئاراستەی ئۆپۆزسیۆن دەکات بەوەی ئەوان واتە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن گۆڕان و یەکگرتوو وکۆمەڵ، هەر چاویان هەڵەکان دەبینین و کارە چاکەکانی حوکومەت و دەسەڵات بەرزنانرخێنن. لەوەڵامدا ئۆپۆزسیۆن دەڵێ کاری ئێمە راستکردنەوەی دەسەڵاتە لەکەموکوریەکان  ئیتر کارە باشەکان ئەوە ئەرکی خۆیەتی. ئەمە قسەیەکی لۆژکیەوە هەر دەبێت وابێ، لەم ڕوانگەوە من لەبری ئەوەی دەستخۆشی بۆ یەکگرتوو بنێرم بۆ ئەو کۆنگرە سەرکەوتو کراوەو و ئەنجامە باشەی لێیکەوتەوە ، ئەوا لەسەر چەند وێستگەیەک دەوەستم سەرنجی خۆم دەردەبڕم وەک چاودێرێک و هیوادارم برایانی یەکگرتوش وەک دەسەڵات ئەمە بە دەستی دەرەکی و ناحەز بە ئەزمونی یەکگرتوو سەیر نەکەن بەڵکو لە بابی بیربۆچونی جیاواز ئەژمێریکەن.

تەکنیکی پێشوەخت :
زۆربەی ڕووداو و بەرنامەکانی رۆژانی کۆنگرە بە ئاشکرا پلانی داڕێژراوی پێشوەختی پێوە دیاربوو؛ بەمانا ئەو بۆچونەی پێیوایە کارەکان و دەرئەنجامەکانی کۆنگرە بە هەڵبژاردنەکانەوە لە خودی کۆنگرەکەدا یەکلاکرانەوە من بەوشێوە  نایبینم. چونکە چوار بەرێز خۆیان کاندید کردبوو بۆ پۆستی ئەمینداری هەرچواریان پێشتر نەخشەی کاری خۆیان نوسی بوو ئامادەکردبوو ، واتە لەوێ لەناو کۆنگرە شتەکە یەکلا نەبوەتەوە بەڵکو بە پرس  و ڕەزامەندی پێشوەخت  کاندیدەکان دانرابوون. هەر ئەمە بوو چەند ناوێک وونبوون کە خەڵک چاوی زۆری لەسەربوون لەوانە لەبەرەی کراوەو سیاسەت مەولود باوە مراد ، ئەبوبەکر عەلی و لەباڵەکەی دی عومەر عەبولعەزیز ، حەسەن شەمێرانی و دیندار نەجمان دۆسکی. واتە پێش کۆنگرە زۆرشت لەسەری رێکەوتبوون و دانرابوو ئیدی بەشداری ئەندامانی کۆنگرە لە ئاراستەکردنی ڕووداوەکان و دانانی ناوەکان هیچ نەبوو جگە لە دەرئەنجامی ئەو پلانە پێشوەختە واتە هیچ لەدەرەوەی کۆنترۆڵ یا شتی خۆڕسکی ڕووینەدا. بەڵام لەبەر ئەوەی حزبەکانی تری کوردستان ئەمەشیان نەکردوە ئیدی لەوانەیە  لای هەندێک ئەمەی ئێمە دەیڵێن نادیدە گرتنی ئەو هەوڵەی یەکگرتوو بێت.

ئایا داواکردنی پۆست نەشیاوە:
یەکێک لە ئەدەبیاتە دیارەکانی نێو ئیسلامیەکان و ئیخوان بەتایبەتی ، ئەوە بوو گەر یەکێک خۆی بەدەمی خۆی داوای لێپرسراوی بکردایە لەناو  ئەو گروپەی تیایدا ئەندام بوو ئەوا    وەک نەنگی و کەمو و کەسەر سەیر دەکرا ئیتر دەیان ناوناتۆرەی وێنەی  ئەو کەسە ‘کرمی زەعامەتی’ هەیە بۆدادەتاشرا. بەڵام لەڕاستیدا ئەمە هیچ نیە جگە لە خەفەکردنی حەزو داوایەکی سروشتی مرۆڤەکان لەپرۆسەی کاری سیاسیدا. ڕێگەگرتن لەو داوا سروشتیەی مرۆڤ کە لە ئەنجامی سەرکەوتن و دەستکەوتەکانی ژیانی سیاسی خۆی پێشکەشی ئەو گروپەی دەکات بە جۆرە بەدیلێکی ئیمانی وەک ئەمە بۆ خوایە و پاداشتی رۆژی دوایی گرنگترە هتد ، لەڕووی بنەماکانی زانستی دەرووناسی ئەو کەسانە توشی داڕمان و گرفتی دەروونی دەکات. بۆیە داواکردنی پۆستی ئەمینداری یەکگرتوو بەلای بەڕێز موحەمەد فەرەجەوە هەرزوو چەکەرەی کردوە و بۆی کۆشاوە، منیش پیرۆزبای گەرمی لێدەکەم کە کۆڵی نەدا تا وەدەستی هێنا و هەر ئەمەش بارێکی سروشتیە  و دەشێ ڕێگا بدرێت ئەو ئارەزوە خەفە نەکرێت. بەڵکو ئەوەی گرنگە ڕێگەی لێبگیرێت ئەوەیە یاساو رێسا و دەزگای تایبەت هەبن بۆ خراپ بەکارنەهێنانی ئەو پۆستە نەک ڕیگەگرتن لە وەدەستخستنی ئەگەرنا هیچ مانایەک بۆ ململانێی رەواو تواناو لێهاتووی نامێنێتەوە. بەداخەوە ئەوەی بینرا لە کۆنگرەدا تەواو پێچەوانەی ئەم بارە بوو واتە زۆربەی زۆری پێشهاتەکان لەخزمەت ئەو گوتارەدا بوو کە نکوڵی بکرێت لە هەوڵدان بۆ وەدەستخستنی ئەو پۆستە ئەگەرچی  ئەوکەسە شیاویشی بیت، من لێرەدا تەنها ئاماژە بەچەند نمونیەکی بچوک دەکەم. ١- بەڕێز هادی عەلی و محمەد فەرەج هەردووک لەهەوڵی ئەو پۆستەدا بوون ، بەڵام مادام هادی عەلی دەریخست و بەڕێز فەرج شاردیەوە ئەوا ئەو واتە بەڕێز عەلی کەوتە بەر نەفرەتی ئەمیندار و ئەمەش کاریگەری گەورەی هەبوو لەسەر هەڵنەبژاردنی هادی عەلی. ئەمینداری یەکگرتوو لە میانی خوێندنەوەی راپۆرتی چوارساڵی ڕابردووی حزب بەئاشکرا ئاماژەی کرد بە گوزارشتەکانی هادی عەلی لەرووپەڕی رۆژنامەکان و گفتوگۆی هەندی مەسەلەی هەستیاری ناو حزب  لەمیدیاکاندا ( بڕوانە ڕاپۆرتی چوار ساڵی یەکگرتوو لەلایەن ئەمینداری پێشو). بەڕای بەندە ئەمە کاریگەری گەورەی هەبوو لەسەر ئەندامانی کۆنگرە بۆ دەنگ نەدان بە هادی عەلی ، سەرباری ئەمەش زۆربەی کەشوهەوای  کۆنگرە شەحنکرابوو بە نۆستالیژیاو عاتیفەگەری هەتا کار بکرێتە سەر دەروونی ئەندامان و گریاندنیان زیاد لەجارێ. ٢- هەر لەمڕوەوە بە چەندین کۆپلە شعر  وئاماژە سەرەکۆنەی ئەو کەسانە کران کە لەهەوڵی دەستخستنی مەکسەبدا بوون لەوانە پۆستی ئەمیندار. وابزانم ئەوەی گوێی لە هۆنراوەکەی بەڕێز جوتیاری شاعر بوبێت بە تەواوی ئەمەی بۆ ئاشاکرا دەبێت. ئەمە راستەوخۆ لێدان بوو لە کەسایەتی هادی عەلی و ئەوانەی لە هەوڵی ململانێ هەر پۆستێکن ، وا دەزانم ئەمەش خۆخەڵەتاندنە و کاری سیاسی وا ناڕوات بەڕێوە تۆ پێیەکت لە قیامەت بێ و یەکێک لە دونیا. ئەمەش مانای ئەوە نییە من هانی هەر هەلپەرست و دەسەڵاتخوازێک بدەم نەخێر بەڵکو من دەڵیم گەرەکە هەموشت سروشتی خۆی وەرگرێت بەڵام لەڕێگەی  بە دەزگایکردنەو نەک عاتیفە جوڵاندن و خەفەکردن.

٠٣/٠٥/٢٠١٢ بریستۆڵ

عەلی موحمەد زەڵمی

 

Previous
Next

Leave a Reply