Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
گەرمیان و ساڵێکى ترى دەسەڵاتى کاک نێچیرڤان بارزانى ..ئارام ئیکرام

گەرمیان و ساڵێکى ترى دەسەڵاتى کاک نێچیرڤان بارزانى ..ئارام ئیکرام

Closed
by January 23, 2008 گشتی

 1
گەرمیان بەهۆى ئەو بار و دۆخە تایبەتەى کە بەدرێژایى مێژووى دوور و درێژى پێیدا تێپەڕیووە لەلایەک و بارى کۆمەڵایەتى لەلایەکى ترەوە،لەڕووى شوێنى گەشتیارى وگەشت و گوزار بەگشتى زۆر بەجێ ماوە ، ئەمە لەکاتێکدایە کەش و هەواو شوێنى جوگرافى و ئاو و هەواکەى لەبارە بۆ کردنەوەو ئەنجام دانى زۆر پرۆژەى خزمەتگوزارى گەورەو گرنگ .
بۆ نمونە هەر لەشارى دەربەندیخانەوە تا دەگاتە سنوورى ئێَستاى حکومەتى هەریم لەگەڵ حکومەتى ناوەنددا ، ڕوبارى سیروان درێژ دەبێتەوەو بەشارى کەلاردا تێپەڕ دەبێت کە ئێستا بووەتە ناوەندى گەرمیان ، ئەم ڕوبارەو ئەو شوێنانەى پێیدا تێپەڕ دەبێت بەگشتى و کەلار بەتایبەتى زۆر لەبار و گونجاوە و دەکرێ زۆر پرۆژەى گەشتیارى و بەرهەم هێنى گەورەى تێدا بەئەنجام بگەیەنرێ کە بەداخەوە تا ئێستا بیرى لێ نەکراوەتەوە . هەر لەوێدا کە سیروان بەتەنیشت قەڵاى مێژوویى شێروانەدا تێپەڕ دەبێت شوێنیکى زۆر باشە بۆ ئەوها کارێک،ئێستا کە هیچى تێدا نەکراوە خەڵک هۆگرى دەبن و بەردەوام بۆ کات بەسەر بردن دەچنە ئەوێ ، ئەگەر بێتو پرۆژەیەکى گەشتیار ى و مۆدێرن لەسەر ڕوبارى سیروان لەکەلار بکرێت ، ئەوا لەگەڵ شوێنەوارى قەڵاى شێروانەدا دەبنە نموونەى پرۆژەى گەشتیارى سەرکەوتوو .
نەک هەرئەوە ، هەموو گەرمیان بەدەربەندیخان و کەلار و کفرى و شوێنەکانى تریشەوە ، باخچەیەکى گەورە یاخود شوێنێکى تێدا نی یە کەپێێ بڵیێ پارک!! ئەمەش لەم سەردەمەدا بەشتێکى زۆر گرنگ دادەنرێت و بۆشاییەکى گەورەى لەگەرمیان درووست کردووە و ناکرێت لەشێوێنکدا کە لەبارترین شوێن و کەش وهەواى هەیە،پارک نەبێت، ئاخر گەنجانى ئەم دەڤەرە سوتاوە لەکوێ هەناسەیەکى خۆشى هەلمژن ؟ تاکو ئێستاشى لەگەڵ بێت خەڵکى گەرمیان بۆ بۆنەو یادەکان دەچنە هەولێر و سلێمانى ئەمەش چونکە شوێنیان نى یە کە ئەو کاتانەى تێدا بەسەر بەرن ، سەربارى ئەوانەش گەرمیان دەروازەى کوردستانە لەگەڵ ناوەڕاست و بەغداشدا،کەئەوەش زیاتر پێویستى بەپارک وپرۆژەى گەشتیارى دووپات دەکاتەوە لەناوچەکەدا،هیچ نەبێ بۆ ئەوەى دەروازەیەکى جوان بێت .
2
بەهۆى پرۆسەى   ئەنفالەوە کە ژمارەیەکى زۆر خەڵکى ئەم ناوچەیەى بەرکەوت ، هەروەها بەهۆى ئەوەى کە گەرمیانیەکان هەمیشە و هەردەم هاوشانى کوردانى تر لە پێشەوەى بەرەکانى شەڕدا بوونە،ژمارەیەکى زۆر لە خێزانەکانی گەرمیان بەتایبەتى هەردوو ناوچەى شۆڕش و ڕزگارى خێزانەکانیان بێ سەرپەرشت مانەوە ، یاخود زۆریک لەئەندامانى خێزانەکانیان لەدەست داوە ، بەشێویەک ڕێژەیەکى زۆر لەخێزانەکان پێرەژنێک یاخود پێرپیاوێکیان لێ بەجێ ماوە ئەمەش وا دەکات دوو کار لێرە زۆر گرنگ بن و زۆر جێگاى بایەخى خەڵکەکەى دەبن ئەگەر ئەنجام بدرێن .
یەکەمیان دۆزینەوەى هەلى کار و سەرچاوەى بژێوییە بۆ خێزانەکانى سنورەکە ، جا لەڕیگەى کەرتى تایبەت یاخود حکومیەوە بێت جیاوازى ناکات گرنگ ئەنجام دانێتێ . بۆنموونە هێزى کارى زۆر هەیە بۆ دروست کردنى کارگەى جۆرا و جۆرى گەورە . دەتوانرێت کارگەى ڕستن و چنین و دروومانى گەورە لەشۆڕش و ڕزگارى دروست بکرێت . ئەمە جوڵەیەکى ئابورى لە ناوچەکەدا درووست دەکات و سەرچاوەیەکى داهات دەبێ بۆ لایەنى جێ بەجێ کار و سەرچاوەیەکى بژێوى باشیش دەبێت بۆ خەڵکى سنورەکە .
درووست کردنى کارگەى لەو جۆرە لەلایەن گەرمیانیەکانەوە پێشوازییەکى زۆرگەرمى لێ دەکرێت و خەڵکى دڵ شکاوى ئەنفال لەگەڵ حکومەتدا ئاشت دەکاتەوە و زۆر خێزان لە نەهامەتى ڕزگار دەکات . بە تایبەت ئافرەتانى پاشماوەى ئەنفال .
ئەوەى تریان کردنەوەى خەڵوەتگەى پیرییە کە ساڵێکە ئێمە هەرگوێ بیستى ئەوە دەبین کە سەرۆکى حکومەت بڕیارى داوە بکرێتەوە ، بەڕاستى ئەوەى کە ناشارێتەوە بۆمان بوونى دەیان و سەدان ژن و پیاو و پیروپەک کەوتەى پاشماوەى ئەنفال هەیە کە بەتەنها ماونەتەوە یاخود لاى کەسێکى نزیک وخزمیان ماونەتەوە و لە بار و دۆخێکى تەواوخراپدا ژیان بەسەر دەبەن. هەندێک لەوانە ئێستا بەیارمەتى و هاوکارى خێرخواز و مرۆڤ  دۆستان دەژین ، هەم خەڵک لێان بێزارە هەم خۆیان لە خۆیان بێزار بوونە . بۆیە باشترین خزمەت بەم جۆرە خەڵکانە خزمەت کردنیانە لەخەڵوەتگەى پیریدا .                                
3
هەردوو تەورى ڕۆشنبیرى و ڕاگەیاندن ئێستا لاى گەرمیانیەکان گرنگى یەکى تەواو بێ وینەیان هەیە ، ئەمەش لەدواى ساڵى(1999) ەوە زیاتر و بەبایەخ  تر دەرکەت ، بەهۆى ئەوکەش و هەوای ئازادى ڕادەربڕین و دیموکراسیەتەوە کە لە ووڵاتماندا هەیە و ئەو بارودۆخە تایبەتەى کە گەرمیان و گەرمیانیەکانى پێدا تێپەڕیوە ،جوڵانەوەیەکى زۆر باش و بەرچاوى ڕۆشنبیرى و ڕۆژنامەوانى لە گەرمیان بەدەردەکەویت کەدەتوانم بەسەردەمى هەستانەوەى گەرمیانى ناو ببەم ، ئەوەشى هاتبێتە گەرمیان هەر لەوەزیر و کەسانى باڵاى حزبى وحکومى و ڕۆشنبیر و ڕۆنامەنووسانى بەناوبانگى کوردستان ، زوو دەرکیان بەوە کردووە و دانیان پێداناوە . هەر لەدواى ڕاپەرینەوە ژمارەیەکى بەرچاو گۆڤار و ڕۆژنامە و رۆژنامەنووس لەگەرمیان دەرکەوێت لەدواى سالێ (2000) یشەوە بەگڕوتینێکى زیاتر و گۆڤار و ڕۆژنامەکانى [بەروشار ،گەرمیانى ئەمرۆ ، کەنار ، زەنگ ، خۆرنەوەزان ، خەڵک ، کەنارى ژن ، گۆڤارى گەرمیان ، گۆڤارى شیروانە ، ئایندەى گەرمیان و زۆرى تر]. ئەمە جگە لەچەندین کەنالێ ڕادیۆ  و T.V کە لەسنورەکەدا هەن و خزمەتى بەرچاو بە ناوچەکە دەکەن جگە لەوانەش گەرمیان هەر لەدواى ڕاپەڕینەوە چەندین ڕۆژنامەنوس و نوسەرى گەورە و بەتواناى بەرهەم هێناوە ، لەدواى (2000) یشەوە بەدەیان ڕۆژنامەنووس و نوسەرى لاوى پڕ بەرهەم هێناوە کەخۆیان دەدەن لە زیاتر لە(300) ڕۆژنامەنوس کە تیایاندا هەیە لە ڕۆژنامە ڕۆژانەکانى کوردستاندا{خەبات ،کوردستانى نوێ ، ئاسۆ }چێگەوپێگەى گرنگیان هەیە و لەوێ خزمەت دەکەن . ئەمە جگە لەوەى کە بەدەگمەن ڕۆژنامە یاخود کەناڵێکى ڕاگەیاندن هەیە کە لەگەرمیان پەیامنێرێک یان زیاترى نەبێت .
ئەمەم وەکو ناساندنێک نووسى بەڵام مەبەست ئەوەیە کە بلێم بەداخەوە تاوەکو ئێستا ئەوانەى لەگەرمیان کار دەکەن بێ بەشن لە هەمووپشتگیرى و یارمەتییەکى جدى حکومەت ، لەکاتێکدا کە زۆر ناوچەى تر  کە لە رووى پێشکەوتنى ڕۆژنامەوانیەوە ناگەنە ئاستى گەرمیان و حکومەت لەو ڕوەوە خزمەتى باشى کردوون کەمایەى دەست خۆشی ئێمەیە ، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کە بۆ دەبێ تائێستا گەرمیان لەوە بێ بەش بێت؟ لەکاتێکدالەهەمووان زیاترپێویستى پێیەتى و دەتوانم بڵێم لەهەمووانیش زیاتر خاوەن ئەو مافەیە؟
من نامەوێ زیاتر لەسەر هۆکارى بێ بەش بوونى گەرمیانیەکان لەم ڕووەى حکومەتى بدوێم ، دەمەوێ باس لە داهاتوو بکەم و چارەسەرێک بخەمە ڕوو ، چونکە من دەبینم کە سەرۆکى حکومەت دەیەوێ هەم کار لەسەر لاو بکات وەکو گرنگترین پێکهاتەى کۆمەڵگا ، هەم کار لەسەر لایەنى ڕۆشنبیرى و ڕۆژنامەنووسى بکات وەکو کاریگەرترین پێکهاتەى کۆمەڵگا ، بۆیەپێشنیار  دەکەم حکومەت هەوڵ بدات ڕۆنامەنووسانى گەرمیان لە ژێر چەترى دەزگایەکى ڕۆشنبیرى و ڕاگەیاندن تاڕادەیەک سەربەخۆ کۆبکاتەوە ، ئەمەش نەک بەو مانایەى بیانکات بەفەرمانبەرى حکومەت ، بەڵکو تەنها هەلى کار وپشتگیرى پیشەکەیان بکات ، یاخود حکومەت لەڕووى مادییەوە بەشێوەیەکى کاریگەر پشتگیرى گۆڤار و رۆژنامەکانى گەرمیان بکات ، بۆ ئەم مەبەستە من لەڕیگەى براى بەرٍێز کاک (بەدران ئەحمەد حەب )ى بەرپرسى دەزگاى ئاراسەوە پرۆژەیەکەم پێشکەش کرد کە بەڵکو ئاراس وەک  چۆن لە سۆران و کەرکوک بەشى هەیە ئاوایش پەلێکى لە گەرمیان بکاتەوە و تاوێکى باشیش پێوەى هیلاک بووم بەلام  وادیارە نەهاتە بەرهەم .
4
کەمى خزمەت گوزارى .. تووڕە بوونى خەڵک
گەرمیان پێناسەى ناوێت ، بەلاى کەمەوە بۆ بەرپرسانى ئەم ووڵاتە دیارە کوێیە ، بەڵام ئەوەى دێتە گەرمیان زۆر جوان بۆى بەدیار دەکەوێت کە ئەوەى بۆى کراوە لەخزمەت گوزارى بەرتاقاى یەک لەسەدى قوربانیەکانى نییە ، کە ئەمەش واى کردوە نەک گەنج بەڵکو هەموو گەرمیانیەکان تووڕەبن لەحکومەت .
لەگەرمیاندا تا ئێستا ئاوى پاکى خواردنەوەى نى یە،لەکاتێکدا ناوچەیەکى گەلێک دەولەَمەندە بە ئاوى سەر زەوى و ئاوى ژێر زەوى ! لە گەرمیانى سوتاودا تائێستا شەقامێکى بێ تاسە و چوڵى نادۆزیتەوە و دوو سایدێکى بەماناى دووساید نابینى ،لەکاتێکدا ناوچەیەکى تەختە و شاخاویی نى یە! دەگمەن دەبینى پرۆژەیەک لە گەرمیان لەکاتى خویدا تەواو ببێت ، تا ئێستاش تاکە کەسێک لەسەر ئەمە سزا نەدراوە ! زیاد لەپێنج ساڵە بەردى بناغەى پرۆژە دانراوە و تا ئێستا هەر بەردى بناغەکەى بنیات نراوە و وەکو خۆیەتى! دوو سایدى نێوان دوو گەڕەکى کەلار  دواى حەوت ساڵ دواکەوتن و نەمانى چەند جارى پارەکەى تازە بە تازە ساڵى ئایندە تەواو دەبێت!(ئەم پرۆژەیە سێ سەرۆک شارەوانى بەڕێ کردووە!) .
لە گەرمیان تەنها یەک پردى پەڕینەوە هەیە لە سەر ئاوى سیروان کە هەردوو دیوى سیروان پێکەوە گرێ دەدات بەهەموو شار و شارۆچکە و ناحیە و گوندەکانیەوە ، کە ئەویش پردى گردەگۆزینەى ئاسنینە ، ئەم پردە ئەوە چەند ساڵە بەردەوام خراپەو دەشکێ و هەر هەفتەیەک چەند جارێک رَێگە دەبڕێت ، تاوەکو ئێستاش حکومەت پرۆژەیەکى جدى نى یە بۆ بەستنەوەى هەر دوو دیوى سیروان !
شارى کەلارى ناوەندى گەرمیان چوار  هێندەى جارانى زیادى کردووە ، کە گەڕەکى شەهیدان زۆرترین و گەورەترین گەڕەکە ، کەچى تائێستا ئاو و کارەبا و زێزابى نى یە!پێنج ساڵە پرۆژەى یەکەى نیشتەجێ بوون (شوقە) تەواو بووە کەچى نەک بەخەڵک نەدراوە بەڵکو تازە بە تازە کراوەتە فەرمانگە! لەهەر بیناى قوتابخانەیەکدا زیاتر لەدوو دەوام و سێ دەوام هەیە !
ئەوانە و دەیان کێشە و کەم و کورتى تر تەواوى چین و تویژەکانى گەرمیانى توڕە کردووە کە ئەوان ئێستا پێویستان بەئاشت کردنەوەیە، ئەمەش کار و پرۆژەى دەوێ و هەموو لایەکیشمان بە ئەرکى حکومەتى دەزانن .

5
زۆرینەى خەڵکى گەرمیان پێشتر سەرقاڵى کارى کشتوکاڵ و ئاژەڵدارى بوون ،کە بەهۆى بەپیتى زەوییەکەى و بوونى ئاوى سەر زەوى تێیدا ناوچەیەکى زۆر لەبارە بۆ کشتوکاڵ و لە ڕابردووداپێداویستى بەشێکى زۆرى ناوچەکانى کوردستانى  لەو ڕوەوە دابین کردووە ، بەڵام چەند ساڵێکە ئەم کەرتە تەواو بەرەو کزبوون چووە و خەڵکیش پشتیان لێ کردووە .
هۆکارەکانى ئەمەش تەواو دیارن کە زۆربەى لەئەستۆى حکومەت و لایەنى دەسەڵاتدارە .. حکومەت چونکە تا ئێستا لەم ناوچەیەداپرۆژەیەکى جدى و کاریگەرى نەبووە و هیچ هاوکارییەکى جدى جوتیارانى نەکردووە تاپەرە بەم کەرتە گرنگە بدەن ، بۆنموونە دوا کارى حکومەت بۆ جوتیاران دابەش کردنى ئۆتۆمبیل بوو کە ئەوەى جوتیار بێت ناتوانێ لێى سودمەند بێ چونکە نرخەکانیان زۆر گرانە ، تەنها خەڵکى پارەدار سودمەندن لێى و بۆ هەر جوتیارێک دەر بچێ دەبێ دەوڵەمەندێک شەریک بکاتەوە کە هیچ سودێکى واى بۆ ئەو نامێنێ .
لایەنى دەسەڵاتداریش بەهەڵمەتى دامەزراندنى خەڵک بەپۆلیس و سەربازى بێ کار و فێرکردنى خەڵک بەمووچە و داهێنانى سیتەمى (البگالەالموقنعە )، هۆکارێکى هەرە گەورە و کاریگەر بوون بۆ ئەوەى هێزى کار ببن بەهێزى مووچەخۆرى بێ سود و خەڵکیش پشت لە کەرتى هەرە گرنگى کشتوکاڵ و ئاژەڵدارى بکەن. ئێستا ئەوەى پێویستە لەسەر حکومەت ئەوەیەکە لەڕێگەى دەزگا پەیوەندیدارەکانیەوە کەرتى کشتوکاڵ لەم ناوچەیە بەپرۆژەى جدى و کارا زیندوو بکاتەوە نەک بەپێدانى ئۆتۆمبیلێک کە جوتیاران تواناى کڕینیان نەبێ ، بەڵکو بە دۆزینەوەى بازاڕ بۆ بەرهەمەکانیان وپێدانى قەرزى بچوک بۆ ئەنجام دانى پرۆژەى جوتیاران و نۆژەن کردنەوەو زیاتر کردنى پرۆژەکانى ئاودێرى و ئاوى سەرزەوى .

ئەوانەى سەرەوە نموونەى چەند کێشەیەکى سەرەکى ناوچەى گەرمیانن کە لە ماوەى چەند ساڵى رابردووى دەسەڵاتى خۆماڵیدا نەک هەر چارەسەر نەکراون بەڵکو ساڵ لە دواى ساڵ زیادیان کردووە ، ئێستا کاتى ئەوە هاتووە کە بە جدى کار بۆ چارەسەر کردنیان بکرێت .. وا دیارە بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانى وەکو سەرۆکى حکومەت کارنامەى تایبەتى هەیە بۆ تەواوى کوردستان کە هیوادارین لەم ساڵەى ماوەى سەرۆکایەتییەکەیدا گەرمیانیش بە پرۆژە و کارەکانى خۆى بەسەر بکاتەوە ، ئەمەش لە پێناوى بەرژەوەندى گشتى و ئەو خەڵکە ماندوو و شۆڕشگێڕەى گەرمیاندا .

کەلار

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.