Skip to Content

Saturday, January 23rd, 2021

یەکێك لە ڕەهەندەکانی جینۆسایدی کورد لە عێراق

Be First!

 

 

 

 

 

پرۆسەی جینۆسیادی کورد لە عێراق، پرۆسەیەك بوو هەر لە دامەزراندنی بەعسەوە، پرسی پێکهاتەکانی ناعەرەبی “ناو نیشتمانی عەرەبی” قسەی لەسەر دەکرا و بە خواست و ستارتیژیەتی کۆلۆنیالیزمەوە دەبەسترایەوە. بێجگە لەوەی کە ئەو پێکهاتە و کەمایەتیانە مەترسیەکی گەورەن لەسەر ئێستا و ئایندەی عەرەب، یا بەشێکن لە نەتەوەی عەرەب و دەبێت لە خزمەتی ئامانجەکانی نەتەوەی عەرەب تێبکۆشن. بێجگە لەوە هیچ چارەسەرێکی ئەوتۆیان بۆ ناعەرەبەکان پێنەبوو. بۆیە پرۆسەی بێ ئیرادەکردنیان و پەرتوبڵاوکردنیان و دابەشکردنیان بەسەر ناوچەی جیاواز و ڕۆشنبیرکردنیان بە میکانیزمی جیاواز، بەشێكی بنەڕەتی بوو لە تێروانینی بەعس بۆ ناعەرەبەکان، تەنانەت لە دەستوری ١٩٤٧ی بەعسدا لە مادەی ١١داهاتووە “ئەوەی بانگەشە بکات یا بچێتە ڕیزی پێکهاتەیەکی رەگەزی لە دژی عەرەب، لە نیشتمانی عەرەبی وەدەردەنرێت، هەموو ئەوانەش کە بە مەبەستێکی داگیرکاریانە کۆچ بکەن بۆ نیشتمانی عەرەب”. بەم جۆرە جینۆساید لەسەر هەموو ئاستەکانی حیزب و دەوڵەتدا کاری لەسەر دەکرا. 

شاڵاوەکانی ئەنفال، تروپك و لوتکەی جێبەجێکردنی پرۆسەی جینۆسایدە، لەوانەیە هەمووی نەبووبێت، هێشتا زۆر هەنگاوی دیکە لەبەردەم بەعس مابوون بۆ ئەوەی ئامانجەکانی بپێکێت، چونکە هێشتا نەیتوانی بوو ئیرادەی بەڕەنگاربوونەوە و ئازادی و ڕزگاری لە دڵ و دەروونی خەڵکی کورددا بکوژێت، هێشتا نەیتوانیبوو کورد وەکو قەوارەیەکی یەکگرتوو لەڕووی زەوی و زمان و خواستی گشتیەوە لەبەین بەرێت، بۆیە بە دڵنیاییەوە شاڵاوەکانی ئەنفال بەشێکە لە لوتکەی گەیشتن بە ئامانجەکان، بەڵام هەمووی نیە. کە خۆشبەختانە بەعس هێندە تەمەنی درێژ نەبوو بۆ ئەوەی بتوانێت پرۆسەکە بە ئاکام بگەیەنێت. بۆیە لەبیرکردن و پشتگوێ خستنی هەموو ئەو سیاسەتەی کە بەعس ئەنجامی دەدا، شالاوەکانی ئەنفال دەکاتە ڕووداوێکی کتوپڕ و لە ڕەگوڕیشەکانی دادەماڵێت و ماناکانی لێ دەسەنێتەوە. تا قۆناغەکانی بەر لە شاڵاوەکانی ئەنفال باس نەکرێن ئەستەمە بتوانین لە ئەنفال تێبگەین، تا پرۆسەی ڕاگواستن شێنەکرێتەوە و لێکدانەوە بۆ ئامانجەکانی نەکرێت ئەستەمە بزانین بۆ ئەنفال ڕوودەدات! خەڵكێك ساویلکانە باس لە ئەنفال دەکەن بە هەڵەبجەشەوە. دەڵێن چونکە حیزبە کوردیەکان چوونە ناو هەڵەبجە بۆیە کیمیاباران کرا، بەڵام ئەم تێڕوانینە لە نەزانینەوە بە خودی پرۆسەی جینۆسایدەوە سەر دەگرێت. چونکە هیچ پرۆسەیەك بێ ڕەهەند و بێ هۆکاری درێژخایەن لە ستراتیژیەتی جینۆسایدکاردا دروست نابێت.

ئەوەی لای زۆربەی خەڵكی کورد لە باشووری کوردستان ئاشکرایە، لەگەڵ هاتنی بەعس بۆ دەستەڵات لە ١٩٦٨ پرۆسەی ڕاگواستن دەست پێ دەکات، سەرەتا بە دەسنیشناکردنیان و خوێندنەوەی تەواوی بارودۆخی کورد لەلایەن بەعسەوە، دەستکاری کردنی کوردە فەیلیەکان بەشێكی گرنگ و بەڵگەیەکی گرنگە بۆ ئەو بیرکردنەوە و لێکدانەوەیە. ئەوە ئاشکرایە کە تەنها کوردی فەیلی شیعە نەبوون لە بەغدا بەڵکو شیعە عەرەبەکان ناوچەی تایبەت بەخۆیان هەبوو و لەهەموو شوێنێکی بەغدا دەژیان، بەڵام تەنها کوردە فەیلیەکان کەوتنە بەر ئەو شاڵاوە، چونکە پێکهاتەیەکن کۆمەڵێك تایبەتمەندیان هەن و بۆ بەعس قبوڵ نەدەکران. ئینجا دوای هەرەسی شۆرشی ئەیلول تەواوی لادێکانی کوردستان کەوتنە بەر شاڵاوی ڕاگواستن، بەر لەوەی دەنگوباسی جەنگی عێراق/ ئێران لە ئارادا بێت. بۆیە ترسناک ترین قۆناغ و سەرەتای دەستپێکردنی جینۆساید لە کوردستان، ڕاگواستنی تەواوی لادێ نشینەکانی کوردستان بوو لەلایەك، لەلایەکی دی نیشتەجێکردنەوەیان لەچەند کۆمەڵگایەکی جیاواز بەناوی کۆمەڵگا هاوچەرخەکان (القری العصرية) کە زۆر زیرەکانە و ستراتیژیانە شوێنەکانیان دیاری کراوە و ناوی هاوچەرخیشیان بۆ دانراوە. ئەوە بێجگە لەو بارودۆخەی کە ئەو خەڵکە لەناو ئەو ئۆردوگایانە ڕووبەڕووی دەبوونەوە. تائێستا توێژینەوەیەک نیە لەسەر جیاوازی بارودۆخی دەروونی خەڵکی کورد بەر لە ڕاگواستن و دوای ڕاگواستن. 

لەو بارەیەوە، نۆربێرت ئێلیاس چەمکی دەستدرێژی یا (هێرشکردن)ی شارستانی داهێنا کە بە ئینگلیزی دەبێتە (civilisation offensive)، مەبەست لەو چەمکە ئەو دۆخەیە کە داگیرکەر یا گەلی سەردەست بۆ “بەشارستانی کردنی” لایەنی ژێردەست پەنا بٶ کۆمەێك ڕێوشوێنی جیاواز دەبات بۆ ئەوەی لەدواکەوتن و ناشارستانی بوون دەریان بێنێت، بەڵام لە بنەڕەتدا ئەمە شکستی شارستانیەتە، وەها پرۆسەیەك بە تەواوەتی نامرۆڤانە و ناقانونیە و هەڵوەشاندنەوەی هەموو بنەما ئەخلاقیەکانە، چونکە لە ئەقلیەتێکی دژوار و ڕەگەزپەرستەوە سەر دەگرێت، ئەقڵیەتێك لەبەر هەر هۆکارێك بێت پێی وایە ئەو لایەنە هێشتا ناشارستانین و لە دونیا و ژیان تێناگەن، دواکەوتوون و لەجڕوجامشت دەچن، بۆیە لەسەریانە بیناکەنەوە بە مرۆڤ. لە بنەڕەتدا گۆڕینی ئەو پێکهاتەیە لەبەرژەوەندی لایەنی سەردەستە و بەجۆرێکی زۆر بەربەریانە و نامرۆڤانە پیادەی دەکەن. نموونەی ئەم جۆرە ڕەفتارەش کۆلۆنیالیزم لە ئوسترالیا لەدژی خەڵکی ڕەسەنی ئەو وڵاتە ئنجامیان دا، هەرچی منداڵی ڕەسەنەکان هەبوون کۆیانکردنەوە، بە مەبەستی ئەوەی لەسەر شێواز و ئەتەکێتی ئەوروپیانە پەروەردەیان بکەن. ئەوەی بەعس ئەنجامی دا ڕێك ئەو پرۆسەیە بوو بۆ ئەوەی لەڕوانینی بەعسیەکان کوردەکان لەو ناوچانە ناتوانن شارستانیانە بژین، ناوچەکان دوورە دەستن لە خزمەتگوزاریەکان و ئەوان ناتوانن ئەو خزمەتانەیان پێ بگەیەنن، دز و جەردە و چەتەکان ڕێگری لە هەوڵ کۆششەکانی دەوڵەت دەکەن و کرێکار و فەرمانبەرەکانی دەوڵەت دەکوژن، ئەوەچش لەوەی کە پێی وایە ئەو ناوچانە سەرچاوەیەکی سەرەکی پشتیوانی کردنن لەوەی کە پێیان دەگوتن هەڵگەراوەکان و دەرچوان لە قانون، کە مەبەستی هێزی پێشمەرگە بوو. 

دواتر ئەم ئۆردوگا زۆرملێیانە دەکرێن بە بناغەی پرۆسەی جینۆساید و سڕینەوەی سیما نەتەوەییەکانی کورد، لەلایەك بە دابڕینی لە ڕەهەندی لادێ و کشتوکاڵ، ڕوخاندنی هەموو ئەو پرد و پێگانەی کە شار و لادێ بەیەکەوە دەبەستنەوە، لەلایەکی دی، دابڕانی هێزی بەرگریکار لە جەماوەر. ئەم ئۆردوگایانە کۆمەڵێك خزمەتی زۆر گەورەی بە ستراتیژیەتی بەعس کرد، کە دەتوانین لەو خاڵانەی خوارەوەدا کورتیان بکەینەوە:

یەکەم: توانی لەو ڕێگایەوە زۆر بە ئاسانی کۆنترۆلی سەدان هەزار خێزانی کورد بکات و بەو ئاراستەیەوە بیان بات کە خۆی دەیەوێت.

دووەم: سەدان هەزار خێزانی کوردی لە یەکەیەکی بەرهەمهێنەرەوە گۆڕینی بۆ یەکەیەکی بەرهەمبەر یا مشەخۆر. تەواوی ئەو خێزانە کوردانە بە کشتوکاڵ و ماڵیات و کاری پیشەیی هەمەجۆر خەریك بوون، لەپڕ لەهەموو ئەو سروشتە دابڕێنران و لەچەند کۆمەڵگایەکی قەڵەباڵغ و جەنجاڵی ڕەق و ڕووتدا قایم کران، خرانە ژێر چاودێری ڕاستەخۆی پیاوانی ڕژێم و ژێر گەمارۆی خیوەتگا سەربازیەکان و دەرچوون و بۆچوونیان بە خاڵی پشکنینی توندا دەبوو.

سێیەم: بێکاری لەو کۆمەڵگا نوێیانە وای کرد تاکی کورد بکەوێتە بۆشاییەکی دەروونی ترسناکەوە، لەوێوە دەستدرێژی بۆ سەر ژنان و خۆکوشتن و کێشە کۆمەڵایەتیەکان بەشێوەیەکی زۆر بەرفراوان دێنە کایەوە، کە لە بنەڕەتدا لە لادێکان ئەو دیاردانە نەبوون، تەنانەت دیاردەی کوشتن لە یادەوەری خەڵكدا لە ڕمانی ئاسمان ئەستەم تر بوو. کەسێك لە ناوچەیەك بکوژرابایە بە مانگیش بەو شوێنەدا نەدەچوون.

چوارەم: لەڕێی ئەو ئۆردوگایانەوە ڕژێم توانی زۆرترین ژمارەی خەڵك لە میلیشیای جاشەکانی بەناو”افواج خەفیفە” بخاتە ڕیزی خۆیانەوە و “تەجنید”یان بکات و لەخزمەتی سیاسەتی بەعسدا وەگەڕیان بخات. ئەو ئۆردوگایانە نەبوان مەحاڵ بوو بتوانێت ئەو هەموو ژمارەیەی جاش لەکوردستاندا بەسەر یەکدیدا کەڵەکە بکات، چونکە زۆربەی ئەوانە لەسەردەمی لادێدا جوتیار و کاسبکار بوون و دەیانتوانی خۆیان بژیەنن، هەروەها دەوڵەت دەستی بە ژمارەیەکی زۆر لەوانە ڕانەدەگەیشت. کەواتە تا ئەو کاتە دیاردەی جاشایەتی لەسنوورێکی زۆر بەرتەسکدا بوو، بەڵام ئۆردوگا زۆرملێکان وایان کرد پیشەی جاشایەتی ڕەواجی بۆ دروست ببێت و دەوڵەتیش بە خراپترین شێوە لەدژی خەڵکی خۆیان بەکاریان بێنێت. هەروەها لەهەموو ئەو ئۆردوگایانە بنکەی بەعسیەکان کرانەوە و لەو ڕێیەوە خەلکێکی زۆریان کردە بەعسی و کاری سیخوریان پیدەکردن.

پێنجەم: لەڕووی ئادیۆلۆژیەوە، بەعس کۆمەڵێك ڕێوشوێنی دیکەی گرتنە بەر، هەر بۆ بە “شارستانی کردنیان” لە دیدی بەعسدا، بۆیە هەر خێزانەو تەلەڤیزیۆنێکی بەسەردا دابەشکردن. هەڵبەت مەبەستی سەرەکی لەو کارە ئاشناکردنی خەڵك بوو بە سیاسەتەکانی حکومەتی بەعس و ئایدیۆلۆژیاکەی. ئاشناکردنیان بە سەردان و خۆنمایشکردنەکانی سەددام. گەیاندنی فەرمان و ڕێڕەویەکانی ڕژێم بە خەڵك بە ئاسانی. ئەوەچش لە خافڵاندنیان و سەرقاڵکردنیان بە زنجیرە تەلەفیزیۆنیەکان و دوورخستنەوەیان لە هەر بیروبۆچوونێکی دژ بە دەستەڵات. 

شەشەم: ئەو ئۆردوگایانە بوون بە هێلانەیەکی شیا و گونجاو بۆ دەرچوون لە بەها کۆمەڵایەتیە بنەڕەتیەکانی لادێ نشینەکان، بەمەش توانی ئەو خەڵکە لە ژمارەیەك بەهای هاوبەشی وەکو وەفاداری و ڕاستگۆیی و دەستپاکی و هاوکاری نێوانیان داببڕێت بۆ خیانەتکردن لەیەکدی و درۆکردن و دەستی یەکدی بڕین و بەرپاکردنی ناکۆکی لە نێوان تەواوی خەڵكی کوردستان.

حەوتەم: خاڵێکی دی کە جێگای لێ وردبوونەوەیە تێکدان و خاپورکردن و هەلابەهەلاکردنی لادێکانی کوردستان، لەڕووی ئابووری، سروشت، بیناسازی و کولتوری کوردەواری. زۆرێك لەو لادێیانەی لە دوای راپەڕین بیناکراونەتەوە هیچیان ئەو جوانی و ڕۆحی کوردبوونەیان پیوە نەماوە. زۆربەی ئەو لادییانە بە جۆرێکی زۆر بێسەروبەر و پەرتوبڵاو دروست کراونەتەوە، کە پێشتر وەکو ئێسك و گۆشت خانووەکان دەبەریەك ڕاچووبوون. بەمەش توانی خەڵكی کورد لەڕەهەندە مێژوویەکانیەوە دابڕنێت و بەشێکی زۆری ئەو سەرماییە مێژوویە بفەوتێنێت.

 لەوەدا تێدەگەین کە ئۆردوگا زۆرەملێکان هەوڵە سەرەتاییەکانی داگیرکەر بوون بۆ ئەوەی هەموو پەیوەندیە سترکتۆریەکانی ناو کۆمەڵگای کوردی بپسێنێت و بشێوێنێت، یا بە ئارەزوو و خواستی خۆی دایڕێژێتەوە. بیانکات بە کۆمەڵێك گیتۆ و دوورگەی لەیەك دابڕاوی بێ کاریگەر. 

 

ئیبراهیم مەلازادە

 

تێبینی: رۆژی 14/4/2013 ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی هاوڵاتی بلاو بۆتەوە

 

Previous
Next

Leave a Reply