Skip to Content

Saturday, April 27th, 2024
ئایا بەڕاستی كورد ڕەخنەی نییە؟

ئایا بەڕاستی كورد ڕەخنەی نییە؟

Closed
by July 30, 2012 گشتی

 

 

زۆر جار و لە زۆر بۆنەی جیاوازدا دەبینم و دەبیستم هەندێك لە شاعیران دەڵێن: كورد ڕەخنەی نییە. (هەڵبەت لێرەدا مەبەست ڕەخنەی ئەدەبییە). من كە ئەو دەستەواژەیە دەبینم یان دەبیستم، هەست دەكەم شاعیری كورد كاتێ‌ دەڵێت ئێمە ڕەخنەمان نییە لە ڕاستییدا دەیەوێ‌ بڵێت ئێمە ڕەخنەیەكمان نییە بەو جۆرەی من خەونی پێوە دەبینم. بێگومان لە خەونی ئەودا ڕەخنەی كوردی تەنها ئەو كاتە دەبێتە خاوەنی بوون كە بەر لە هەر كەسێك لەسەر شیعرەكانی ئەو بنووسێت و تا خۆی و خوێنەریش ماندوو دەبن بە شان و باڵی شیعرەكانیدا هەڵ بدات. هەست دەكەم ئەو جۆرە لێدوانە ڕەهایانە، كەمتر پەیوەندییان بە ئاستی ڕەخنەی كوردییەوە هەیە و زیاتر پەیوەستن بە هەڵچوونێكی ناسرووشتییەوە كە ئەو شاعیرانە لە ئەنجامی هەستكردن بەوەی فەرامۆش كراون، تووشی دەبن. بەڵام سڕینەوەی هەوڵی خەڵك، كارێكی بەو ڕادەیە سانا نییە كە هەندێ‌ لە شاعیرانی ئێمە تێی گەیشتوون. ئەو جۆرە توندوتیژییە، جیاوازییەكی زۆر گەورەی لەگەڵ توندوتیژییەكانی دیكەی نێو ژیانی كوردەوارییدا نییە. پێویستە هیچ كەسێك ئەو مافە بە خۆی نەدات خەڵكی دیكە بسڕێتەوە. ئەوە كە بیروڕای جیاوازمان لەسەر ئاستی ڕەخنە، یان هەر بوار و كایەیەكی دیكە هەبێت، نەك كارێكی ئاساییە، زۆریش پێویستە. بەڵام سڕینەوە و فڕێدانەدەرەوەی خەڵك، كارێكی ترسناكە و جۆرێكە لە تیرۆركردنی مەعنەوی. ئەو شاعیرانەی ئێمە، كە لێدوانی لەو جۆرە دەدەن، زیاتر روحی تۆڵەكردنەوە و كەمتر روحی هەڵسەنگاندنێكی بابەتیانەیان تێدایە. ئەو شاعیرانە وا دەزانن ڕەخنە فرمانێكە تا ئەوان ئیمزای لەسەر نەكەن، كاری پێ ناكرێت. بەڵام ڕاستیەكەی ئەوەیە وەكچۆن شیعری باش پێویستی بە ئیمزای كەس نییە، ڕەخنەی باشیش پێویستی بە ئیمزای كەس نییە. ئەوەی لەم نێوانەدا گرنگە ئەوەیە ئەم جۆرە شەڕ و تۆڵەكردنەوەیە لە بناغەوە لەسەر هیچ هەڵچنراون لەبەر ئەوە چاوەڕوانی هیچیان لێ ناكرێت. بە بڕوای من ئەدەب بۆ شاعیران و بۆ ڕەخنەگرانیش هەمان كێڵگەی بەپیتە، ئەوەی بزانێت چی تێدا بڕوێنێت، هەم خۆی و هەم خەڵكیش بەری ڕەنجەكەی دەبینن، ئەوەیش كە نەزانێت چی تێدا بڕوێنێت، نە خۆی و نە خەڵكیش چاویان بە بەری ڕەنجەكەی ناكەوێت.

**********

*گۆشەی راز و نیاز، كوردستانی نوێ‌، ژمارە (5841) 27/ 7 / 2012

محەمەد كوردۆ

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.