Skip to Content

Friday, April 26th, 2024
بەنیازم سەفەركەم

بەنیازم سەفەركەم

Closed
by April 24, 2008 ئەدەب

  بەناز كوێستانی……

 بەنیازم لەساتێكی دیاری نەكراو
 لەكاتژمێرێكی وەستاودا
 لەئوتومبیلێكی بێ بەنزیندا
 لەشەقامێكی پڕ تاسەدا
 سەفەركەم
 ***
 بەنیازم
 لەشەمەندەفەرێكی شكاودا
 لەسكەیەكی ئاسنینی ژەنگرتوودا
 لەبەلەمێكی نقووم بوودا
 لەفرۆكەیەكی بێ باڵدا
 سەفەركەم
 ***
 بەنیازم
 ئەم جارە كەمنداڵ بوومەوە
 لەگەڵ سەیركردنی فیلم كارتۆندا
 لەگەڵ عەلی بابادا
 بەسەر بەرماڵەكەیەوە
 بفڕمو
 سەفەركەم
 ***
 بەنیازم
 ئەم جارە كەعاشق بومەوە
 لەگەڵ بادا بفڕم
 بەسەر پەڵە هەورەكانەوە
 باز بازێن بكەم
 لەگەڵ ئەستێرەكاندا چاوشاركێ بكەم
 شەوان لەگەڵ نمەی شەونمدا ببارێمە
 سەر گەڵا مێوەكان
 چاوی بەرسیلە سەوزەكان بشۆمەوە
 ***
 ئاڵودەم بەسەفەر
 حەزم لێیە وەك جاری جاران
 هەمیشە جانتا بەدەستو
 چاو لەسەر كاتژمێرەكەم بێت
 تاكاتی ماڵئاوایی
 ***
  بەنیازم
 ئەمجارە لەگەلأ شنەی بادا برۆم
 لەگەڵ ئەستێرەدا ژوان بكەم
 لەسپێدەیەكی زوودا
 لەسەر دۆندی ئەزمڕەوە ئاوڕێك
 لەشارەكەم بدەمەوەو
 ناڵی ئاسا
 دڵۆپێك فرمێسك بەگۆنامدا بێتە خوارەوە
 لەپەنجەرەی فرۆكەیەكەوە سەرێك
 بەسەر سلێمانیدا شۆڕ بكەمەوە
 وێنەی لەهزرمدا چێ بكەم
 لەپەنجەرەی شەمەندەفەرێكی خەیاڵدا
 بای بای لەدارو سەوزایی بكەمو
 بەخێراییی بەرق گوزەر بكەم
 وێنەكانیان وەك تارمایی
 لەنێوچاوانمدا جێگیر بكەم
 ***
 ئەم جارە كەئیشتهای سەفەرم كرد
 چاوەكانم دادەخەم
 گوێیەكانم بەكلویەك پەموو دەئاخنم
 لێوەكانم بەددانم دەگەزم
 تاجارێكی تر زكری دووری تۆ نەكەم
 ***
 جاران
 رۆژێك پێش ئەوەی سەفەر بكەم
 سەرم لەهەموو كوچەو كۆڵانەكان دەدا
 بەیانیان دەبوومە میوانی ناوبازارەكان
 نیوەروان خۆشترین خوردنی شارم دەخوارد
 ئێواران پیاسەیەكی ماڵئاوایی شەقامەكانم دەكرد
 شەو تابەیانی ژوانم لەگەڵ بیرەوریەكانت دەبەست
 بەیانیەكەشی پێش ئەلەند
 ماڵئاوایم لێ دەكردی
 ***
 بیرتە
 بۆ یەكەمجار كەرۆیشتم بەجێمهێشتی
 لەبەرەبەیانیەكی تاریكو رووندا
 پیاسەی هەموو شەقامەكانت پێ كردم
 لەبۆنەكەی خۆتدا لەدەسڕەكەم
 كاتێكیش لێك دوور كەوتینەوە
 تۆ لەپەنا دیوارێكدا
 لەتاو سەفەری من رشایتەوەو
 منیش هۆن هۆن بەفرمێسك
 روومەتەكانم شتەوە
 تا دەروازەی شار بەدوام كەوتیو
 بەچاو ماڵئاوایت لێكردم
 ئەمجارە دڵنیات دەكەم
 ئەگەر بەنیازی سەفەر بووم
 هەموو شتەكان دوو دوو دەكڕم
 هەموو جێگاو تكتەكانیش
 دوو دوو دەبڕم
 دڵنیات دەكەم
 بەبێ تۆ سەفەر نەكەم
 
 18-11-2007
 یەك شەممە
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.