داماڵینی پێسته ده‌ستكرده‌كان
چیرۆك
دنیا ته‌متوومانه، قسه‌و باسی ئه‌وه‌یش هه‌یه، كه بارانێكی به‌لێزمه‌یش به‌ڕێوه‌یه. خۆت له ژووره‌كه‌دا شاردۆته‌وه، دڵت به‌و كه‌شوهه‌وا سه‌خته خۆشه، چونكه هه‌ست ده‌كه‌یت، ئه‌گه‌ر كێشه و ناحه‌زیشت نه‌بوایه، ئه‌وا هه‌ر له ژووره‌وه ده‌مایته‌وه. ئه‌و ڕۆژانه‌ی كه بیر له ڕۆژه‌خۆشه‌كان ده‌كه‌یته‌وه، ته‌واو دڵته‌نگ ده‌بیت. بڕوات به‌وه هه‌یه، خۆ شاردنه‌وه زۆر باشتره له زیندان، ئه‌وه زه‌مه‌نێكه له‌و ژووره نه‌چوویته ده‌ره‌وه، جگه له‌و تیشكه خۆره‌ی، كه له په‌نجه‌ره‌كه‌وه بۆ ژووره‌وه دێت، هیچ ترووسكاییه‌كی دیكه‌ت نه‌بینووه. دیواری لای په‌نجه‌ره‌یش به ته‌واوی به‌رزه، بۆیه ئه‌و تیشكه ڕۆژه‌یش زوو كۆتایی دێت. بۆ بابه‌تی نانخواردنیش كێشه‌ت نییه، چونكه به‌پاره‌ی خۆت كه‌سێكت گرتووه و خواردنت بۆ دێنێت. له ڕۆژی یه‌كه‌مه‌وه، ده‌رگه‌ت كلیل داوه و كلیله‌كه‌ت خسته ناو بیری ئاوده‌ست، سه‌رئاوێك له به‌شی پشته‌وه‌ی ژووره‌كه‌ت هه‌یه، كه به‌دیوارێك له ژووره‌كه جیاكراوه‌ته‌وه. ته‌واو دڵخۆشی، كێشه‌یه‌كی ئه‌وتۆت نییه، هه‌واڵه‌كانی ده‌ره‌ویش نازانی، جگه له ده‌نگوباسی كه‌شوهه‌وا، بڕیارت داوه گوێ له هیچ هه‌واڵ و ده‌نگوباسێكی ژیانی دنیا نه‌گریت. ژووره‌كه‌ت ته‌واو نامۆیه، چونكه جگه له كه‌لووپه‌لی خه‌وتن هیچ شتێكی دیكه‌ی لێ نییه. ته‌واو چۆڵه، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه بڕیاری ئه‌وه‌ت دا، كه خۆت له ژیان جیابكه‌یته‌وه.
چۆن ژووره‌كه چۆڵه، ده‌ته‌وێت ناخ و بیركردنه‌وه‌یشت چۆڵ بكه‌یت. گه‌ره‌كته ئاوێك به چڵكی ژیاندا بكه‌یت و له‌گه‌ڵ خۆت ئاشتبیته‌وه. چ جۆره ئاشتبوونه‌وه‌یه‌ك؟ وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆت ده‌ته‌وێت، ده‌بێ خۆت فێری ئه‌وه بكه‌ت به‌س بیر له هه‌ناسه‌دان بكه‌یته‌وه. گوێگرتن بۆ ده‌نگی هه‌ناسه‌كانت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ڕاهێنانێكی به‌رده‌وامت ده‌كرد. ته‌نانه‌ت به‌و خزمه‌تكاره‌شت گوتبوو، كه ته‌نها به‌یانی و نیوه‌ڕۆ خواردنت بۆ بێنێت. جگه له‌و دوو كاته هیچ جووڵه و ده‌نگێكت نه‌ده‌بیست. ئاخر ئه‌و شوێنه ته‌واو چۆڵه، ئه‌و بیست دۆنم زه‌ویه، كه میراتی باپیره‌ته، سوودی ئه‌وه‌ی هه‌بوو، كه ئه‌و دۆخه بێده‌نگییه‌ی بۆ مه‌یسه‌ر كردی. شوێنێكه ته‌واو دووره له شار‌و گوند و چیا‌و دۆڵ و ڕووبار، ڕه‌نگه ئه‌و جۆره شوێنانه ته‌واو كه‌م بن له جیهاندا…”ئه‌وه بیرۆكه‌یه‌كی باش بوو”، به‌رده‌وام ئه‌و قسه‌یه‌ت له دڵی خۆتدا دووباره ده‌كرده‌وه.
ڕۆژ دوای ڕۆژ هه‌سته‌كانت گۆڕانیان به‌سه‌ردا دێت، گرفتی هیچ بابه‌تێكت نییه، جگه له مه‌رگی خزمه‌تكار، ترسی ئه‌وه‌ت هه‌یه ڕۆژێك ئه‌و بمرێت و ئیتر تۆیش له چاوه‌ڕوانیدا هه‌مان چاره‌نووسی ئه‌وت هه‌بێت. هه‌وڵت ده‌دا بیر له‌هیچ شتێك نه‌كه‌یته‌وه، كه‌چی سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ت، ئه‌و جۆره بیركردنه‌وانه هه‌ر هه‌بوون. متمانه‌ت به‌خۆت هه‌بوو، كه ده‌كاریت چینه‌كانی پێستی ئه‌ستوری دنیا له‌خۆت بكه‌یته‌وه. ئه‌و دنیاییه‌ی سه‌دان چینی پێستی بۆ جه‌سته‌ت زیادكرد بوو. ئه‌گه‌رچی ئازاری زۆره، به‌ڵام ئێستا له كاردایت و یه‌ك به‌یه‌ك ئه‌و پێستانه داده‌ماڵیت. بڕیاره هه‌موو ئه‌و پێستانه دوای داماڵین بخه‌یته ئاوده‌سته‌كه‌وه.
ئه‌مرۆ ڕۆژێكی جیاوازه، كه‌شوهه‌وا ناڕوونه، به‌هۆی بارانه‌وه هه‌ست به گۆڕانی وه‌رزه‌كان ده‌كه‌یت، خزمه‌تكاریش هه‌واڵێكی تازه‌ی هێناوه له‌باره‌ی دۆخی بارانبارین…
” ئه‌گه‌ر هه‌یه ئه‌مساڵ، زستانه‌كه‌ی زۆر سارد بێت.”
به زانیارییه‌كی له‌و جۆره دڵته‌نگ ده‌بوویت، چونكه له‌به‌ر سه‌رما ده‌بوو له‌ژێر جێگه نه‌یه‌ته ده‌ره‌وه، وه‌ك ڕاشهاتووی، ڕاهێنانه‌كانی گوێگرتن له ئاوازی هه‌ناسه‌دان به ڕۆیشتن و به دانیشتنه‌وه ئه‌نجامده‌درێن، ئیتر ئه‌وه كێشه‌یه‌ك بوو. هه‌رچه‌نده زۆرجار له‌و كاتانه بیرت له ژماردنی تنۆكه بارانه‌كان ده‌كرده‌وه.
زۆرینه‌ی جار جه‌ختت ده‌كرده‌وه، كه نابێت بیربكه‌یته‌وه، نابێ گوێ به هیچ شتێك بده‌یت، به‌ڵام له بچوكترین ده‌نگوباسه‌وه، بیركردنه‌وت وه‌ئیش ده‌كه‌وته‌وه. هه‌رچه‌نده خۆت باش وریاكردبووه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر بیركردنه‌وه‌ت كه‌وته ئیش، له‌كاری بخه‌یت…
كۆی ئه‌و ڕووداوانه له ڕووداوی بیركردنه‌وه‌ی نادروسته‌وه ڕوویان دا، ئه‌وه‌ی ئیستا ئه‌نجامی ده‌ده‌یت له‌بری خۆ كوشتن بوو. ڕووداوه‌كه ناخۆش بوو، به‌ڵام ئیتر قه‌ده‌ر بوو، تۆیش ته‌واو په‌ست ده‌بوویت به‌م باسانه، ته‌واوی وشه‌ی ژیانت تیاچوو، به هۆی بیركردنه‌وه‌وه بوو. ئه‌و ڕۆژه‌ی له‌سه‌یران ده‌گه‌ڕانه‌وه، ئه‌و داڕووخانه مه‌زنه ڕووی دا، له‌و كاته‌وه تا ئێستایش ناتوانی مۆته‌كه‌ی وشه‌ی ژیانكردنی كۆمه‌ڵایه‌تی په‌راوێز بخه‌یت. ئه‌و هه‌موو هه‌وڵه‌ت دا، كه‌چی به‌بێ خزمه‌تكار نه‌توانی پلانه‌كه‌ت جێبه‌جێ بكه‌یت. ئه‌وه‌تا ئه‌و خزمه‌تكاره‌ت خۆشده‌وێت…ئه‌مه‌یش جارێكی دیكه ڕیشه‌یه‌كی په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه، به‌هه‌مه‌حاڵ، تۆ له تۆقه‌ڵانی كاره‌ساتێكی زۆر مه‌زن خۆت دۆزییه‌وه. تاكه هیوایه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی بژیت به جۆرێكی دیكه، ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ت بوو. هێشتا دیار نییه، تاچه‌ند سه‌ركه‌وتووی، به‌ڵام هه‌وڵه‌كانت به‌رده‌وامن. ڕووداوی وه‌رگه‌ڕانی بیركردنه‌وه له خۆكوشتن، تۆی به‌م چیرۆكه گه‌یاند. ئێستا تۆ هه‌موو كه‌سه‌نزیكه‌كانت نارده دنیای نادیاره‌وه، خۆشت ده‌ته‌ویت له‌م دنیایه تامی دنیایه‌كی نادیار بكه‌یت. هه‌ر له‌دوای ڕووداوه‌كه، تۆ ته‌رمه‌كانت جێ هێشت، ئێستا كه‌س نازانی تۆ زیندووی یا مردووی، به‌هیچ جۆرێك نه‌شت ویست بزانی، خه‌ڵك چۆن باست ده‌كه‌ن، گرینگ ئه‌وه‌یه تۆیش له‌گه‌ڵ مردنی هه‌مووانی، تۆیش مردیت.
چه‌ندین بیرۆكه‌ی جیاواز له‌خه‌یاڵت دا له پێشبركێ دابوون، به‌ڵام ئه‌م بیرۆكه‌یه‌یان ته‌واو تازه‌بوو، سه‌رنجكێشی كردی، بۆیه هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كانت به‌جێ گه‌یاند، ئیستا زۆر دڵخۆشیت. پێشتر ئه‌وه‌ت له خه‌یاڵ بوو، كه تاوانێك ئه‌نجام بده‌ی، كه سزاكه‌ی هه‌تاهه‌تایی بێت، دواتر ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ت هه‌ڵنه‌بژارد، چونكه زیندان جارێكی دیكه ده‌تخاته‌وه ناو ژیان، ژیانی پووچ، ژیانی بێ مانا…له ئێستادا به‌هیچ پێوه‌رێك ناته‌وێ بیر له مه‌رگ بكه‌یته‌وه، ناته‌وێ بیر له‌ژیان بكه‌یته‌وه، ناته‌وێ بیر له‌وه بكه‌یته‌وه، كه ده‌كه‌وێته نێوان ژیان و مردن.
ته‌متوومانه‌كه تێپه‌ڕی و باران ده‌ستی پێ كرد. كاته‌كانت دیار نییه. خۆیشت ئه‌وه‌ت ده‌ویست.
ده‌چیته ژێر جێگه‌كه‌ته‌وه…به‌تانییه‌كه ده‌خه‌یته سه‌ر چاوت. حه‌زت به‌و تاریكییه هه‌یه، ڕاهێنانه‌كان ئه‌نجام ده‌ده‌یت. ژماره ده‌ژمێریت، له‌گه‌ڵ هه‌ر ژماره‌یه‌ك گوێ ڕاده‌دێریت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی هه‌ناسه‌ت ببیستی، ڕاهێنانێكی پووچه، خۆیشت ئه‌وه‌ت ده‌زانی، ئه‌و ماوه درێژه‌ی به‌ڕێت كردووه، هیچ شتێك نه‌گۆڕاوه. ته‌نها ئه‌وه‌یه، كه به‌رده‌وام فشارێكی زۆر ده‌خه‌یته سه‌ر خۆت بۆ ئه‌وه‌ی بیرنه‌كه‌یته‌وه. فشارێك بۆ ئه‌وه‌ی وا هه‌ست بكه‌ی گوێبیستی ده‌نگی هه‌ناسه‌ت ده‌بێت له كاتی بێده‌نگی و ئاخفتن. ئێستا ده‌بی له‌ژێر به‌تانییه‌كه‌وه خۆت تاقی بكه‌یته‌وه. ئایا ده‌توانیت چی بكه‌یت؟ ئه‌وه پرسیاره‌كه‌یه، ڕه‌نگه هه‌ندێ خه‌یاڵت بۆ بێت، كه باس له سه‌ركه‌وتنی پرۆژه‌كه‌ت ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌و خه‌یاڵانه‌یش زوو كۆتایی دێن، چونكه مه‌به‌ستت نییه هیچ خه‌یاڵیك به ئاسمانی ناخت‌دا بفڕێت. ئیتر هه‌ر ئه‌وه‌یه، ده‌ته‌وێت وه‌ك مردووییه‌ك هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ جه‌سته‌ت بكه‌یت. نه تاریكی و نه ڕووناكی خه‌یاڵت ناگۆڕن، ژیانت وه‌ستاوه.ته‌مه‌ن ڕۆژانه به‌تیژی تێ ده‌په‌رێت. ئه‌و كه‌مه چالاكییانه‌ی ئه‌نجامیشیان ده‌ده‌یت، مه‌به‌سته هه‌ڵبێیت له خۆكوشتنی كرداری. گه‌ره‌كته هه‌ناسه بده‌یت و بشمریت.
تۆ گه‌ره‌كته له‌لای دنیا بمریت، به‌ڵام له‌لای خۆت زیندوو بیت. هه‌ر ئه‌و بیرۆكانه‌یش بوو، كه تۆیی خسته سه‌ر ئه‌م ڕێگه‌یه…
له‌ژێر جێگه‌كه‌دا، هه‌ناسه‌كانت داده‌خه‌یت. ده‌ته‌وێت بزانیت هیچ ده‌نگێك هه‌یه، هه‌وره بروسكه‌یه‌ك هه‌موو هه‌نگاوه‌كانت دێنیته‌وه خاڵی سه‌ره‌تا، ترسی ئه‌وه‌ت هه‌بوو، بێیته ده‌ره‌وه سه‌رمات بێت، بۆیه له ژێر جێگه‌كه مایته‌وه. ئه‌مجاره ڕاهێنانه‌كه‌ت دووباره كرده‌وه، هه‌مدیسان خزمه‌تكار له‌په‌نجه‌ره‌كه‌وه خواردنی بۆت دانا، به‌و هۆیه‌شه‌وه ئه‌مجاره‌یش بچڕایت. بڕیارت دا ئه‌مجاره ڕاهێنانه‌كه ته‌واو بكه‌یت. ئیتر نازانرێ ته‌واو بوویت یان نا، به‌ڵام ده‌نگی لێزمه‌ی بارانه‌كه ئه‌وه‌نده بوو، كه نه‌توانیت گوێت له ده‌نگی هه‌ناسه‌ت بێت. پاش چه‌ندین ساڵ، ئاسه‌وارێك دۆزرایه‌وه و به‌شێك له شوێنه‌وارناسان، گومانیان هه‌بوو له‌و كه‌لاوه‌یه، هه‌روه‌ها له‌و ئێسكوپرووسكانه، به‌ڵام پاش پشكنین ده‌ركه‌وت ته‌نها ڕووفاتی یه‌ك كه‌سه. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رسامی بوو، هیچ شتێكی ئه‌وتۆ له‌و ژووره نه‌دۆزرایه‌وه، كه ئه‌و كه‌سه‌ی پێ بناسرێته‌وه. له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی تیمی شوێنه‌وارناسان، به‌دووری یه‌ك كیلۆمه‌تر، ئێسكوپروسكی كه‌سێكی دیكه‌یان دۆزییه‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆزینه‌وه‌یه‌دا ئه‌م چیرۆكه‌یش بڵاوبووه‌وه…
……………………….
(له ژماره( 9) ی گۆڤاری 23بڵاوبۆته‌وه )