Skip to Content

Tuesday, March 19th, 2024
سەرى مەنهۆڵ …. نەوزاد بەندى

سەرى مەنهۆڵ …. نەوزاد بەندى

Closed
by January 24, 2013 گشتی

 

 

 

 

 

( تکایە با منداڵەکان نەچن بۆ مەکتەب ،

سەرى مەنهۆلێک باوێشک ئەدات ،

پێدەچێ بیەوێ بنوێ ….)

 

وتارێکى زۆر ئەنوسرێت ..پڕن لە ڕاوێژ و بۆچوون و لێکدانەوە و تێکدانەوە سەبارەت بە چۆنێتى چاکسازى و کارکردن بۆ مەدەنیکردنى ڕەوتى سیاسى و کۆمەڵایەتى و کولتورى ..بەو جۆرە دەیان و ڕەنگە بلًیًَم سەدان ، دەزگا و بڵاوکراوە و دەستە و کۆمەڵە پەیدا بوون ..ڕووبە ڕووبونەوە و مێزگرد و ڕەخنە و دژایەتى و تەنانەت شەڕە جنێویش لە برەودایە ، ئیتر لەو نێوەندەدا خەڵکى وا ئەبێتە بیریار و خاوەن ئایدیۆلۆژیا ، هەتاکو دوێنێ چەقۆ کێش بووە و خۆشترین کاتەکانى ژیانى لە زیندانى مێرمنداڵان بەسەر بردووە و یەکێکە لە محەلەبى شکێنەکان ڕەنگە بڵێم لەسەر ئاستى جیهان ..واتە تێکەڵەیەک دروست بووە ، واى لە هەندێک خاوەن هزرە ڕاستەقینەکان کرد واز لە قەڵەم بێنن و خو بدەنە لاستیک بۆ کوژاندنەوەى هەرچى شتێک کە پێشتر نوسیویانە …

نوسەرەکان تەماشاى سەرباسى وتارەکان ئەکەن بۆ ئەوەى لەو بارەیەوە وتار بنوسن ، جوینەوە و کاوێژ کردنەوەى بابەت و دارچینى دروشم و ..سینەمەکى خەتابە بۆ خۆشڕۆشتن لە دەرگاى دەزگاکانەوە ، لە کۆتاییدا یاخیبونێکى کۆمەڵایەتى دروست ئەبێ لە بەرامبەر کتێب و ڕۆژنامە و خوێندنەوە ..ئیتر میدیاکان ئەکەونە تانە و تەشەر لە کۆمەڵگا ، گوایا خویان داوەتە پلەیستەیشن و پى ئێس پى و سەتەلایت و ئینتەرنێت و ..کتێبیان پشت گوێ خستوە..نازانن مەسەلەکە چەندێک خەتاى جەماوەرە ، دە ئەوەندە خەتاى ئەو تاسکەبابى نوسانەیە ، کە ساچمەزەن و قەڵەم شیڤەرى چل و چوار لە یەکتر جیا ناکەنەوە ، بە هەردوکیان ئەنوسن و .. لەکاتى تەنگانەیشدا بە هەردوکیان ئامادەن شەڕ بکەن ..ئەوەیش هەر بۆ خۆى پراکتیزەکردنى گوتەیەکى ئەبو عەداى بوو کە ئەیوت : قەڵەم و کڵاشینکۆف یەک نوکیان هەیە ..

من تا ئیستایش کاتێ بیر لە سەردابى پیازى گۆنتەر گراس ئەکەمەوە ، چاوەکانم ئەچوزێنەوە و ..گریانم دێ ..ئامادەم نەک جارێک ، بەڵکو زیاتر لە دوو جار ئەو کورتە چیرۆکە بخوێنمەوە بە بێ ئەوەى نە لێى تێر بم و نە حەزیش بکەم کەس تەکلیفى ئەوەم لێبکات ئەو کتێبەى بە خواستن بدەمێ ، وەک چۆن ستالین و سەدام حوسێن تێریان نەدەخوارد لە (میر)ەکەى مەکیاڤیللى و ئەیانخستە ژێر سەرینەکانیان ، بۆیە لە جێى خۆیدایە کە کورد وتوێتى : بۆچى نازانم چى لە ژوور سەرتایە ..ئێستایش بە بینینى کەمانچە ، ڕوخسارى ڕۆچێڵدم دێتەوە یاد ، چیخۆف هێند خەمگینانە لە ناخمدا بەجێى هێشتوە ، لە بینین و خوێندنەوەى تێر ناخۆم ..بڕوانە ، کتێبەکانى عەلا ْ ئەسوانى بۆچى لە بازاڕدا نامێنن ؟؟بە ڕێکەوت چومە دەزگایەکى ڕاگەیاندنەوە کۆمەڵێکى زۆر کارتۆنى گەورەى پێچراوەم بینى لە ڕێڕەوەکاندا ڕیز کرابوون ، بە کارگوزارێکم وت : ئەم کارتۆنانە چى تێدایە مام حاجى ؟؟ .. وتى : ئەمانە کتێبەکانمانن ، لێرە نەفرۆشران ، وەلڵا خرانە ناو پیکابى دوو تەنى و ..مەریوان و سەقز و سنە و چوارچراو شنۆ خۆت بگرە وا هاتین .. وەڵا چى بێ لە تۆ نهێنى ، چۆنیان برد ، هەر بەو جۆرە هێنایانەوە ..

تراژیدیاکە لەوەدایە ئەو چەتانەى کە هەڵگرى دەمامکى نوسەرن و ڕۆژانە نوسین ئیغتیساب ئەکەن ، لە هەمان کاتدا بە شێوەیەکى بەرنامە بۆ داڕێژراو دژایەتى نوسەرى ڕاستەقینە و فیکرى نوێ و دەقى جوان ئەکەن ، بە شێوەیەک هەر داهێنان و داهێنەرێک بە دوژمنى خۆیان .. بە نانبڕى خۆیان .. بە تێکدەرى جێگا و شکێنەرى هەر چوار قاچى کورسیەکانیان ئەژمار ئەکەن ..لەو بۆچونەیشیاندا نیشانە پێکن ، چونکە بە هەموو یاسایەک کاتێک شتێکى ڕەسەن پەیدا بوو ، پێویستە شتە ساختەکان جێگاى بۆ چۆڵ بکەن …شەڕەکەیش لێرەدایە : ئەمان چۆڵى ناکەن ..ئامادەیشن سەد ساڵى تر بە دەقى تاق تاقکەرە مێشکى خەڵک بەر بدەنەوە و تۆبە بە خەڵک بکەن لە خوێندنەوە و ..بۆ یەک چرکەیش واز لەو نازناوە ساختانەى خۆیان نەهێنن : سەرنوسەر ..بەڕێوبەرى نوسین ..سەرۆکى ..سکرتێرى ..ئیلا ئاخیریهى ..

ئەگەر زۆرى بە تاندا نەچین ، ئەمەوێ بڵێم مەرج نیە هۆکارى کەمبوونەوەى خوێنەر ، هەر هۆکارە تەقلیدییەکان بن ، بەڵکو هۆکارى تریش هەیە هەرچەندە سەرەکى نین ، بەڵام کەم و زۆر پەیوەندییان بەو باسەوە هەیە ، وەکو چۆن ئەگەر شاتوبریان نەبووایە ، فەریدە گێلە پیاوەکەى عەزیز نەسین توشى ئەو هەموو گۆڵمەزە نەدەبوو ..

من واى بۆ دەچم (سەرى مەنهۆڵ ) کاریگەریەکى زۆرى هەبێ لەسەر خراپبوونى ئاستى نوسینى کوردى و کەمبوونەوەى ڕێژەى خوێنەران لە کوردستاندا ..هەروەها کاریگەرییەکى دیارى هەبێ لەسەر ڕەوشى سیاسى و کۆمەڵاەیەتی هەرێم ..بۆ نمونە لە بنارى گۆیژەوە ، بە ڕاستە شەقامەکەى پشت گەڕەکى برایم ئەحمەددا وەرە خوارەوە ، ڕەنگە ئوتومبیلەکەت بکەوێتە زیاتر لە بیست قۆرتەوە کە دەمى مەنهۆڵە ، بەڵام بەرزترە لە ئاستى شەقامەکە یان نزمترە ..لە هەندێک شوێندا ، سەرى مەنهۆڵەکە بە گۆشەى نەوەد وەکو قەڵغان ڕاوەستاوە و ئامادەیە پۆرتى هەرچى ئوتومبیلە بیشکێنێت ..لە هەندێک شوێن ، سەرى مەنهۆڵەکە شکاوە یان نەماوە ، ڕووداوى خنکانى مناڵەکەى نەخۆشخانەى مناڵبونیش ، دوور نییە و نزیکە ، کاتێک کەوتبووە ناو مەنهۆڵێکى بێ سەرەوە و عومرى درێژى بۆ مەنهۆڵەکان بەجێهێشت ..لە هەندێک شوێندا مەنهۆڵەکە بە بلۆک بەرز کراوەتەوە ، ئینجا دارێکى سوورە چناریشى لێ چەقێنراوە ، لە ئاڵاى قەراسینەکانى سەدەکانى ناوەڕاست ئەچێ ..لە هەندێ جێگایش قۆرتى مەنهۆڵ بووە بە تەنەکەى خۆڵ و سیخناخە لە پاشماوەى کەل و پەل و حەیوانى مردارەوە بوو ..!!

من لێرەدا ئەپرسم : ئایا هاوسەنگى نێوان ئاستى شەقام و مەنهۆڵەکان ئەرکێکى گرانە ؟؟بڕۆ هەموو جیهان بگەڕێ ، لە دواکەوتووترین وڵات هەتاکو پێشکەوتوترین وڵات ، نە کێشەى ئاستى مەنهۆڵیان هەیە ، نە کێشەى خولانەوەى سەرى مەنهۆڵو ونبونى سەرى مەنهۆڵیان هەیە …ئایا ئەکرێ بپرسین : چ کاتێک و بە گوژمى لە سەدا چەندى بودجە ، بۆ هەتا هەتایە کێشەى چۆنێتى و چەندێتى سەرى مەنهۆڵەکان چارەسەر ئەکرێن ؟؟

کابرا لەناو ئوتومبیلێکدایە و بیرۆکەیەکى بۆ دروست بووە هەر ئەوەندەى ماوە بیخاتە سەر کاغەز ، کە لە ناکاو تایەى ئوتومبیلەکەى لە گۆشەى تیژى مەنهۆڵێکى سندوقى دەدات و ستێرنەکە لە دەستى وەریدەگرێ ، نەک هەر بیرۆکەى نامێنێ ، بگرە ترسێک ئەچێتە دڵیەوە مەگەر کاتى خۆرئاوابوون پیاز بدەن لەبەر سمێڵەکانى ..

بەرپرسێک بڕیار ئەدات واز لە گەندەڵى بێنێ و عومرێکە دێت و دەڕوا ، وا چاکە ڕوو بکەینە خوا ، کە لە پڕێکا تایەکەى ئەکەوێتە قۆرتى مەنهۆڵێکەوە ، بە جۆرێک ئەعسابى ئەسوتێ ، گەندەڵى لێ ئەبێتە جۆرە جیهادێک ..

ژنێک بە هێمنى قسە بۆ مێردەکەى ئەکات و ئەویش بە ئارامى ستێرنى ئوتومبیلەکەى بە دەسەوەیە و لە ناکاو قۆرتى مەنهۆڵێک ، سەرى زمانى ئەکاتە نێچیرى ددانەکانى ، ناچار بە ژنەکەیدا ئەتەقێتەوە و ئەنەڕێنێ : هەمووى خەتاى ئەلف لەیلە وە لەیلەکانى تۆیە کەوتمە ناو ئەو مەنهۆڵەوە …!!

پێویستە پەرلەمانتارەکان سوێندى یاسایى بخۆن کە کێشەى مەنهۆڵەکان چارەسەر ئەکەن ..هەروەها حەق وایە لە دادگاکاندا لە جیاتى وێنەى تەرازوو ، سکێچى مەنهۆڵێک هەڵواسرێ ..

سەرى مەنهۆڵ و قۆرتى مەنهۆڵ ئەو مقەستە ناشیرینانەن ، کە زنجیرەى قسە و بیرکردنەوە و ئارامیەکانمان ئەپچڕێنن ..سەرى مەنهۆڵ و قۆرتى مەنهۆڵەکانمان ، ئەو شاهید حاڵانەن کە ئەیسەلمێنن لە وڵاتى ئێمەدا نە ئەندازەى ڕێگاو بان ، ئەندازەى ڕێگا و بانەو .. نە جوانى هیچ وجودێکى هەیە و .. نە مەدەنیەت و شار هێشتا سەرى دەرهێناوە ..تەنها بە بینینى سەرى مەنهۆڵە خوار و خێچ و پڕ لە قۆرت و چاڵ و تاسەکانمان ، بەسە بۆ ئەوەى بڕیار بدەى لەسەر وڵاتێک کە هەرچى ناشیرینى دونیایە تێیدا کۆ بۆتەوە و .. لەسەر گیانى ئەو مناڵە چاوگەشەى نەخۆشخانەى مناڵان کە بووە گاو گەردوونى سەرى مەنهۆڵ : هەدیەتەن ئەلفاتیحا …

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.