Skip to Content

Friday, April 26th, 2024
شتێک  وەک شیعر …. نەوزاد بەندى

شتێک وەک شیعر …. نەوزاد بەندى

Closed

 

 

 

 

-1-

کە شیعر بازاڕى نامێنێ ،

بزانە نەخوێندەواریى بڵاو بۆتەوە و

دیکتاتۆرێ لە دایکبووە و

چاوەڕوانە ،

بازى پاشایەتى بە شانیەوە بنیشێتەوە ..

کە شیعار بازاڕى گەرم ئەبێ ،

بزانە ئاوایى شیعرى تیا نەماوە و

باز لەسەر شانى دیکتاتۆرە و

مرۆڤایەتى ، قوڵپ – قوڵپ ، ئەڕشێتەوە ..

 

-2-

لاى ئێمە کە شوویان کرد  ،

ئەبن بە پاسەوانى دوو مەنجەڵ ،

یەکەمیان برنج

دووەمیان شلە ..

هەردووکیشیان زیانبەخشن ،

یەکەمیان بۆ نەخۆشى شەکرە ..

دووەمیان بۆ وروژانى قۆڵۆن..

 

-3-

چەند چڵکن و ناشیرینى ، شارەکەم !

هەموو پێنج شەممەیەک ،

ئەمەوێ بتشۆم و

پرچەکانت بۆ بدۆزم ..

بەڵام خۆڵبارین ناهێڵێ ..

( لە دۆرگەى عەرەب گەرمترى ..)

ئەم دۆزەخە

کەى  گەرووى کارێزەکانت ،

بەجێ دێڵێ .. ؟

 

-4-

جاران هەرچەند هەژاریش بووم ..

سەدامیش لەسەر کورسى بوو ..

کەچى جانتایەکم هەبوو ،

دوور و نزیک و زۆر و کەم ،

جار جار سەفەرێکم ئەکرد ..

ئێستا  بیست ساڵ و زیاترە ،

جانتاى سەفەرم نەماوە و

بۆ ساتێکیش بیرى ناکەم..

 

-5-

ئێمە ڕووباریش پیس ئەکەین ..

بە بێ ئەوەى هیچ ڕووبارێ ،

حەمام و

سابون و

خاولى و

لفکەى هەبێ ..و

بتوانێ نەختێ خۆى بشوات ..

( خواى ڕووبارە ،

ئەوا دنیا ئاخر ئەبێ و

هێشتا  کورد نەبووە بە وڵات )

 

-6-

شاعیرەکانمان مردن و

هیچیشیان لێ تێنەگەیشتین ..

تەمەنمان زۆربەى بەسەر چوو ،

هیچ کەسیشمان پێنەگەیشتین ..

 

-7-

بە دەست خۆم نییە ڕقم لەم شتانەیە :

کورتەى هەواڵەکان ..

ڕێ و ڕەسم ..

دەقى چاو پێکەوتن ..

فەخامەت ..

بەرز ڕاگرتن..

ئاهەنگى جەماوەریى ..

فانیلەى نیو قۆڵ ..

سروودى کۆمارى ..

هێلکەى دەڵەمە ..

شەقامى چڵکن ..

قات و بۆینباخ  بە هاوین ..

میدیاکان

ساڵیاد ..

چلە ..

سەمونى وورگن ..

 

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.