كۆمپانیا نه‌وتیه‌كان و ئاواییه‌كانی گه‌رمیان
خۆزگه هه‌مووتان ، هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵاتن ، له‌سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه تا ده‌گاته سه‌رۆكی پارله‌مان و سه‌رۆكی حكومه‌ت و هه‌موو سه‌رۆك و ئه‌وانه‌ی تر گه‌وره‌كانی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن وه‌زیره‌كان و پارله‌مانتاره‌كان و مودیر عامه‌كان و ئه‌وانی تریش ، هه‌مووتان یه‌ك رۆژ ته‌نیا یه‌ك رۆژ حه‌وسه‌ڵه‌ی ئه‌وه‌تان ئه‌بوو سه‌رێكتان ئه‌دا له گوندێكی ئه‌و گه‌رمیانه، بۆ نموونه ئه‌چوونه ” كۆر‌و مۆر ” ئه‌و گونده‌ی خه‌ریكه نه‌وت و گازی لێوه ئه‌ڕواته هه‌موو دنیاوه، كه‌چی خۆی به هیچ جۆرێك بۆنی ژیانی لێنایه‌ت، یان ئه‌چوونه وێڵه ئه‌و گونده‌ی ئه‌مساڵ خۆیان و له‌سه‌ر حسابی خۆیان یادی كۆستی ره‌شی ئه‌نفالیان كرده‌وه، ئه‌وان چه‌ند شه‌و پێشتر سه‌ردانی منیان كرد و ووتیان نامانه‌وێ هیچ حزب و لایه‌نێك ووتار بخوێنێته‌وه، ده‌مانه‌وێ خۆمان ئه‌و یاده بكه‌ینه‌وه‌و ئیتر چاومان له‌ده‌ستی كه‌س نیه.
خۆزگه یه‌كجار سه‌رۆكی هه‌رێم سه‌ردانی قه‌یتول یان جه‌له‌مۆردی ده‌كردو له‌نزیكه‌وه گوێی له ئازاری ئه‌و به‌ساڵاچووانه ده‌گرت، چه‌ند ساڵ له‌مه‌و به‌ر یه‌كێكێیان له قه‌یتول به‌منی ووت ئه‌وه بۆ تا چوار كوڕم بوو ئه‌وان شه‌و رۆژ لێره بوون له‌سه‌ر سینگ و به‌رۆكی ئێمه له‌وه‌ته‌ی كوڕه‌كان نه‌ماون و ئه‌وان گه‌یشتوونه‌ته كورسی ئیتر كه‌سیان روویان نه‌كردوه‌ته ئه‌م ئاواییه، خۆزگه یه‌ك له‌سه‌دی داهاتی ئه‌و” 57″ كۆمپانیا نه‌وتیه‌ی هه‌رێمی كوردستان كه خێر‌و بێره‌كه‌ی بۆ حزبه ، بۆ گونده‌كانی گه‌رمیان خه‌رج ده‌كراو یه‌كجاریش بۆ یه‌ك سه‌عات كوڕی به‌رپرسه‌كانی ئه‌م وڵاته وه‌ك كوڕی خه‌ڵكی ئاسای ئه‌م وڵاته ده‌ژیان.
من بۆخۆم بڕوام به خۆزگه نیه‌و بڕواشم به‌وه نیه ئیتر له‌به‌ر بۆنی نه‌وت ئه‌و براده‌رانه ئاگایان له خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته مابێت مه‌گه‌ر له‌كاتی هه‌ڵبژاردنا خه‌ڵك بیر بكه‌وێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی فریو بدرێت و ببرێته‌وه سه‌ر سندوقی ده‌نگدان بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگ به مانه‌وه‌ی ئه‌م نادادیه بداته‌وه، هه‌ڵبه‌ت من له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردندام و پێم وایه هه‌ڵبژاردن یه‌كێكه له رێگه‌كانی به‌شداری كردن ، به‌ڵام به‌م جۆره وه‌ك ئه‌وه وایه هیچمان نه‌كردبێت ، ئه‌گه‌ر كۆرومۆر، هه‌روا چۆڵ و كاوله بێت و سه‌رجه‌م گونده‌كانی گه‌رمیان هێشتا بۆنی سه‌ره‌تای ئه‌نفالیان لێبێت هه‌ڵبژاردن بكرێت یان ته‌كرێت هیچ له مه‌سه‌له‌كه ناگۆڕێت.
له ئاواییه‌كانی گه‌رمیاندا ژیان نه‌وه‌ستاوه ژیان گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ دواوه، ئه‌وان هه‌ست به‌و گه‌ڕانه‌وه ترسناكه ده‌كه‌ن بۆیه هیچ دڵێكیان به‌و شوێنه زایه خۆش نیه له‌م رۆژانه‌دا له‌یكێ له‌و گوندانه بووین ئاوای “خدربه‌گ” له بان قه‌ره‌حه‌سه‌ن له نزیك له‌یلان ئه‌و گونده جگه له چه‌ند خانوویه‌كی قوڕی داڕوخاو هیچی تر نه‌بوو، ته‌نانه‌ت یه‌ك ماڵیشی لێنه‌بوو، سه‌ره‌ڕای نزیكیان له جاده‌ی سه‌ره‌كی له‌یلان خاڵه‌بازیانیه‌وه، بۆ له‌وێ بن له كاتێكا هیچ خه‌مێك نیه بۆ ئه‌وه‌ی دنیای سبه‌ینێی باشوری كوردستان له دنیای ئه‌مڕۆ به تایبه‌ت له گونده‌كان باشتر بێت .
سته‌مكاریه‌كی گه‌وره ده‌رهه‌ق به‌ژیان ده‌كرێت له‌كوردستان ، ئه‌گه‌ر له‌رابردودا ئه‌و سته‌مكاریه به‌عس به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك بۆ سڕینه‌وه‌ی كورد‌و خاكی كوردستان كردبێتی ئێستا ئه‌وه خۆمانین به هۆی هه‌وڵنه‌دان بۆ لادانی ئه‌و سته‌مكاریه درێژه‌ی پێئه‌ده‌ین.
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج