له باره‌ی پرۆژه‌قانوونی پاراستنی پیرۆزییه ئاینییه‌کان…1
دوای زه‌وتکردنی ئازادیی خۆپێشاندان
نۆره‌ی ئازادیی راده‌ربڕینه
د.ره‌فیق سابیر
* تکایه رێزی ئاین بگرن و به‌ناوی ئاینه‌وه ئازادیی راده‌ربڕین تیرۆر مه‌که‌ن!
* قانوونی رۆژنامه‌وانی وه‌ک مووس له گه‌رووی هه‌ندێک لایه‌ندا گیر بووه، نه پێیان قووت ده‌درێت نه ده‌شده‌توانن به ئاسانی له گه‌رووی خۆیانی ده‌ربێنن
1
چه‌ند ساڵێکه، هه‌ندێک وڵات و رێکخراوی عه‌ره‌بی و ئیسلامی قسه له دیارده‌ی بێڕێزیکردن به ئیسلام و پیرۆزییه ئاینییه‌کانی موسڵمانان ده‌که‌ن، که له هه‌ندێک وڵاتی رۆژئاوادا ده‌رکه‌وتووه. به‌هانه‌ی قسه‌کانیشیان چه‌ندان نووسین و به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی و کاری هونه‌رییه، که له رۆژائاوا بڵاو بوونه‌ته‌وه و خاوه‌نه‌کانیان ره‌خنه له ئاینی ئیسلام ده‌گرن. یان به‌جۆرێکی نه‌شیاو باسی قورئان و پێغه‌مبه‌ر ده‌که‌ن. ئه‌وان ئه‌و جۆره کارانه به به‌شێک له دژایه‌تیکردنی ئیسلام داده‌نێن. بۆیه به‌رده‌وام داوا له‌و وڵاتانه ده‌که‌ن، به قانوونێکی تایبه‌ت، رێگا له‌و جۆره کارانه بگرن. پێداگرتن له‌سه‌ر ئه‌و داواکارییه، گه‌یشته ئه‌وه‌ی که سه‌رۆکی کۆمکاری عه‌ره‌بی، نه‌بیل ئه‌لعه‌ره‌بی، مانگی پێشوو، له کۆبوونه‌وه‌ی رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کاندا داوای کرد که ئه‌و رێکخراوه بڕیارێکی تایبه‌ت، بۆ رێگرتن له بێرێزیکردن به ئاین و سیمبوله ئاینییه‌کان ده‌ربکات.
که‌چی وڵاتانی رۆژئاوا، ئه‌و جۆره کارانه به به‌شێک له ئازادیی ده‌ربڕین داده‌نێن. به‌ڵگه‌شیان ئه‌وه‌یه که له‌و وڵاتانه‌دا، چه‌ند ره‌خنه له ئاینی ئیسلام و پێغه‌مبه‌ر و قورئان ده‌گیرێت، ده‌یان هێنده ره‌خنه له ئاینی مه‌سیحی و مه‌سیح و ته‌ورات و ئینجیل ده‌گیرێت. که‌سیش له‌سه‌ر ئه‌و ره‌خنانه، کێشه و هه‌را نانێته‌وه. چونکه مافێکی هاووڵاتییانه و له یاسا و ده‌ستووری وڵاتیاندا، وه‌ک مافی بنچینه‌یی، چه‌سپێندراوه و هیچ که‌س و ده‌سه‌ڵاتێک ناتوانێت سنوورداری بکات.
ئه‌و دوو تێڕوانینه جیاوازه، بۆ یه‌ک دیارده، ره‌نگدانه‌وه‌ی دوو کو‌لتوور و سیستمی سیاسیی جیاواز و دوو جیهانبینیی جیاوازه، جیهانبینییه‌کی پێشکه‌وتنخوازانه و ئازادیخوازانه جیهانبینییه‌کی کۆنپه‌رستانه و ئیستیبدادییانه. هه‌ر یه‌که‌یان به جۆرێکی جیاواز بۆ ئینسان، ئازادی، کۆمه‌ڵ و ئاین ده‌ڕوانێت.
به چاولێکه‌ری له‌و داواکارییه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی، چه‌ند ساڵێکه، هه‌ندێک مه‌لای سیاسی و سه‌له‌فی و ریکخراوی ئیسلامی و ته‌نانه‌ت یه‌کێتیی زانایانی ئاینیی ئیسلامی له هه‌رێمی کوردستان، داوا ده‌که‌ن یاسایه‌ک بۆ رێگرتن له ره‌خنه له ئاین، یان وه‌ک خۆیان ده‌ڵێن، بۆ پاراستنی پیرۆزییه ئاینییه‌کان، ده‌ربکرێت. هه‌ر ده‌رفه‌تێک بڕه‌خسێت، کۆمه‌ڵێک سه‌له‌فی و توندڕه‌وی ئیسلامی ده‌که‌ونه خۆپێشاندان و فشارهێنان، داوای ده‌رکردنی قانوونه‌که ده‌که‌نه‌وه. کار گه‌یشته ئه‌وه‌ی که پێش چه‌ند مانگێک، هه‌ندێک له‌و مه‌لا سیاسییه توندڕه‌وانه، به بیانووی بڵاوکردنه‌وه‌ی وتاری نووسه‌رێکی دووره‌وڵات، له گۆڤارێکی سه‌ر به پارتی، که له هه‌ولێر ده‌رده‌چێت، خۆپێشاندانێکیان له هه‌ولێر رێک خست. به جۆرێکی شه‌ڕخوازانه و توندوتیژانه ده‌ستدرێژییان کرده سه‌ر په‌رله‌مان. داوایان کرد گۆڤاره‌که رابگیرێت و یاسایه‌کی تایبه‌ت له په‌رله‌مان، بۆ رێگرتن له بێڕێزی به‌رامبه‌ر ئاینی ئیسلام ده‌ربکرێت. سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێم، له پاداشتی ده‌ستدرێژییه‌که‌یان، به‌ڵێنی پێدان که هه‌ردوو داواکارییه‌که‌یان جێبه‌جێ بکات. ئه‌مه‌ش هه‌ندێک که‌سی به‌ره‌و ئه‌و گومانه برد، که ره‌نگه خۆپێشاندان و په‌لاماره‌که، شانۆگه‌رییه‌کی پارتی بێت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌و ناوه‌وه هه‌م سنووری ئازادیی نووسین و ده‌ربڕین، له هه‌رێمی کوردستاندا، به‌رته‌سک بکاته‌وه، هه‌م به‌رتیلێکیش به هه‌ندێک لایه‌نی ئیسلامی بدات.
خێرا رۆژنامه‌که راگیرا. به په‌له پرۆژه‌قانوونه‌که‌ش به ناوی (پرۆژه‌قانوونی پاراستنی پیرۆزییه ئاینییه‌کان) نێر‌درایه په‌رله‌مانی کوردستان. رۆژی 8-10-2012 په‌رله‌مان، دیسان به په‌له، خوێندنه‌وه‌ی یه‌که‌می بۆ کرد. سێ رۆژ دواتر، (11 ی ئوکتۆبه‌ر) سایتی (په‌یام) بڵاوی کرده‌وه که که‌مپینێک بۆ (پشتیوانی له په‌سه‌ندکردنی پرۆژه یاسای پاراستنی پیرۆزییه ئاینییه‌کان راده‌گه‌یه‌ندرێت). جێگای سه‌رنجه، که که‌مپینه‌که به ناوی (پارێزگاری له ئازادیی بیروڕا و بڵاوکردنه‌وه‌و، له پێناو رێزگرتن له ئازادیی ره‌خنه و پیرۆزییه ئاینییه‌کان و…) راگه‌یه‌ندراوه. ره‌حمه‌ت له کابرای فڕه‌نسایی که هه‌ر زۆر زوو وتوویه‌تی: ئای ئازادی! چه‌ند تاوان به ناوی تۆوه ده‌کرێت!!
به‌ڵام رۆژی 14ی ئوکتۆبه‌ر، هه‌واڵێک بڵاو کرایه‌وه که (به‌زۆرینه‌ی ده‌نگی ئه‌ندامانی لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مانی كوردستان، پرۆژه یاسای پاراستنی پیرۆزییه ئاینییه‌كان ره‌ت كرایه‌وه). ئه‌م بریاره‌ی لیژنه‌ی یاسایی زۆر گرنگ و قانوونیانه‌یه. به‌ڵام ده‌بێت په‌رله‌مان، به زۆرینه‌ی ده‌نگی ئه‌ندامانی، په‌سه‌ندی بکات. چونکه پرۆژه‌قانوونه‌که، له کۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌ماندا، خوێندنه‌وه‌ی یه‌که‌می بۆ کراوه. بۆیه ده‌بێت له کۆبوونه‌وه‌یه‌کی په‌رله‌مانیشدا، چاره‌نووسی دیاری بکرێت.
رۆژی دواتر، له به‌رامبه‌ر هه‌ڵوێستی لیژنه‌ی قانوونی‌دا، (یه‌کیتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان) به‌ده‌نگ هات. له روونکردنه‌وه‌یه‌کدا، پشتگیریی خۆی بۆ ده‌رچوونی قانوونه‌که راگه‌یاند، که به (كاركردن بۆ بەپیرۆزهێشتنەوەی ئازادی‌و نووسین‌و گووتنی بەرپرسیارانە) ناوی برد!!
ئایا هه‌رێمی کوردستان پێویستی به قانوونێکی له‌و جۆره هه‌یه، وه‌ک ئه‌و رێکخراو و لایه‌نانه داوای ده‌که‌ن؟ ئایا به ڕاستی پیرۆزییه ئاینییه‌کان ئه‌وه‌نده به‌ر هه‌ڕه‌شه و په‌لامار که‌وتوون، هێنده رووبه‌ڕووی له‌ناوچوون بوونه‌ته‌وه، که پێویست بکات، به قانوونێکی تایبه‌ت، بپارێزرێن و رزگار بکرێن؟
پێش ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه بده‌مه‌وه، یان باسی ناوه‌رۆکی پرۆژه‌قانوونه‌که بکه‌م، به گرنگی ده‌زانم ئاماژه بده‌م، که ئه‌و دیارده‌یه‌ی به بێڕێزی به ئاینی ئیسلام ناو ده‌بردرێت، دیارده‌یه‌کی زۆر کۆنه. به‌شێکی په‌یوه‌ندیی به شێوازی خوێندنه‌وه‌ی هه‌ندێک نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند و بیرمه‌ندی رۆژئاواییه‌وه هه‌یه بۆ ئاینی ئیسلام و قورئان و ژیاننامه‌ی پێغه‌مبه‌ر، که خوێندنه‌وه‌یه‌کی میژووییه و له زۆر رووه‌وه، له خوێندنه‌وه‌ی موسڵمانان و بۆچوونیان له‌باره‌یانه‌وه ته‌واو جیاوازه. یان پێیان ناکۆکه. هه‌ندێک موسڵمانی سه‌له‌فی و توندڕه‌و، ئه‌و کاره‌ی رۆژئاواییه‌کان، به سووکایه‌تیی به ئیسلام داده‌نێن و ناتوانن، وه‌ک جۆریک له جیاوازیی بیروڕا، قبووڵی بکه‌ن.
به‌ڵام به‌شێکی دیکه‌ی دیارده‌که، که به‌شه هه‌ره گه‌وره‌که‌یه‌تی، له ناوه‌رۆکدا مه‌سه‌له‌یه‌کی سیاسی و میژووییه، په‌یوه‌ندیی به کێشه‌ی سیاسی و ئاینیی سه‌دان ساڵه‌ی نێوان ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی و ده‌وڵه‌تانی رۆژئاواوه هه‌یه. ئه‌و کێشه‌یه، له‌و کاته‌وه ده‌رکه‌وتووه که له‌شکری عه‌ره‌بیی ئیسلامی، له سه‌ده‌ی هه‌شته‌می زاینییه‌وه، ده‌ستی به فتوحات و داگیرکردن و تاڵان‌کردنی وڵاتانی دی کرد. به‌شێک له‌و وڵاتانه (سوریا، لوبنان، فه‌له‌ستین، میسر..تاد.) ناوچه‌ی نفووزی سیاسی و ئاینیی مه‌سیحییه‌کان بوون و زۆرینه‌ی خه‌ڵکه‌که‌شی مه‌سیحی بوون. خه‌ڵکه‌که به‌شێکیان، وه‌ک مێژوونووسانی ئیسلام ده‌گێڕنه‌وه، به کۆیله و که‌نیزه کران. له‌گه‌ڵ ده‌ستکه‌وته‌کانی دیکه‌ی شه‌ڕ، بۆ دوورگه‌ی عه‌ره‌ب نێردران. ئه‌وانی دیکه‌یان ناچارکران له نێوان زه‌میبوون و موسڵمانبووندا، یه‌کێکیان هه‌ڵببژێرن. دواتر له‌شکری عه‌ره‌بیی ئیسلامی به‌ره‌و رۆژئاوا و ئیسپانیا چوو. به‌وه‌ش کێشه و دوژمنایه‌تیی نێوان نوێنه‌رانی سیاسیی هه‌ردوو ئاین قووڵتر و، کینه‌ی نێوان مه‌سیحی و موسڵمانان زیاتر بوو. شه‌ڕی خاچپه‌رستان، که وه‌ک گه‌وره‌ترین شه‌ری نێوان له‌شکری مه‌سیحییه‌کان و له‌شکری موسڵمانان ناسراوه، ئه‌نجامێکی دیکه‌ی ئه‌و کێشه‌یه بوو، که له هه‌مان کاتدا، خۆی بوو به هۆکارێکی نوێی قووڵکردنه‌وه‌ی کێشه و دوژمنایه‌تییه‌که.
دوای هه‌ره‌سهێنانی خه‌لافه‌تی عه‌ره‌بی (عه‌بباسی) تورکه‌کان ده‌ستیان به‌سه‌ر خه‌لافه‌تی ئیسلامی‌دا گرت. ئه‌وان ساڵی 1453 شاری کۆسته‌نتینیه‌ی سه‌نته‌ری که‌نیسه‌ی رۆمیان داگیر کرد و کردیانه پایته‌ختی ده‌وڵه‌ته‌که‌یان، که به (ئیمپراتۆریای عوسمانی) ناسرا. به‌و کاره‌ش زه‌برێکی توندیان به مه‌سیحیه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی مه‌سیحییه‌کان، له ناوچه‌که گه‌یاند. دوای ئه‌وه تورکه‌کان، به زه‌بری شه‌ر و کوشتار، به‌ره‌و رۆژئاوا کشان. یۆنان و ناوچه‌ی به‌ڵکانیان گرت و تا ده‌روازه‌ی نه‌مسا چوون. له‌وێ راگیران.
کێشه‌ی نیوان رۆژئاوا و وڵاتانی ئیسلامی تا هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی(1914) و تێکشکاندنی ئیمپراتۆریای عوسمانی به‌رده‌وام بوو. دوای ئه‌وه ده‌وڵه‌ته سه‌رکه‌وتووه‌کان (بریتانیا، فڕه‌نسا و ئیتالیا) وڵاتانی عه‌ره‌ب و ناوچه‌که‌یان داگیر و دابه‌ش کرد.
له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، کاتێک بزاڤی ناسیۆنالیستی، له هه‌ندێک وڵاتی عه‌ره‌بی و ئیسلامی‌دا ده‌رکه‌وت، کێشه و دوژمنایه‌تییه‌که هه‌ر به‌رده‌وام بوو، به‌ڵام له شێوه‌ی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی و رزگاربوون له کۆلۆنیالیزم و ئیمپریالیزمدا خۆی ده‌رخست. دروستبوونی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل (ساڵی 1948) کێشه‌که‌ی ئاڵۆزتر و توندتر کرد. دوای شوڕشی ئیسلامیی ئێران (فابریوه‌ری 1979) شه‌پۆلی ئیسلامی سیاسی، له وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی‌دا، به‌ره‌و هه‌ڵکشان چوو. کێشه و دوژمنایه‌تیی رۆژئاوا (هه‌روا ئیسرائیلیش) دیسان به‌رگێکی ئاینیی به به‌ردا کرایه‌وه. ئه‌مڕۆ به‌شێکی ئیسلامییه سیاسییه سوننه‌مه‌زهه‌ب و شیعه‌مه‌زهه‌به‌کان، کێشه‌که به شه‌ڕی نێوان ئیسلام و نه‌سرانییه‌ت و یه‌هوودی، یان شه‌ڕی نێوان ئیمان و کوفر، ناو ده‌به‌ن. به‌و به‌هانه‌یه‌وه، توندڕه‌وانی ئیسلامی جاڕی جیهاد و شه‌ڕی ئه‌و (کافر)انه‌یان داوه و خوێنیان حه‌ڵاڵ کردوون. بیرمه‌ندی ناسراوی ئه‌مریکایی سامۆئێل هانتنگتۆن، ئه‌و کێشه‌یه به به‌شیک له کێشه‌ی شارستانییه‌کان، ناوه ده‌بات.
کێشه‌که، گیانی کینه و دوژمانایه‌تی، له نێوان به‌شێکی موسڵمانان و مه‌سیحییه‌کاندا، به تایبه‌تی له نێو توندڕه‌واندا، به‌هێز کردووه. توندڕه‌وانی سه‌ربه هه‌ردوو ئاین، کینه‌ی ئاینی بڵاو ده‌که‌نه‌وه. ده‌یانه‌وێت کێشه‌که بۆ ئامانجی سیاسیی خۆیان، به‌کار بهێنن و سوودی لێ وه‌ر‌بگرن.
توندڕه‌وانی مه‌سیحی ، که ژماره‌یان له رۆژئاوا زۆر که‌مه، ره‌خنه‌ی توند له ئاینی ئیسلام ده‌گرن. هه‌ندێکیان، بێڕێزی به‌رامبه‌ر به ئیسلام و پێغه‌مبه‌ری مسوڵمانان پێشان ده‌ده‌ن. قورئان ده‌دڕێنن و ده‌سووتێنن. تازه‌ترین کاریشیان، که حه‌تمه‌ن دوا کار نابێت، ئه‌و چه‌ند کلیپه پووته‌ی فیلمی Innocence of Muslims (پاکژیی موسڵمانان) بوو، که کۆمه‌ڵێک کاری توندره‌وانه و تیرۆریستانه‌ی، له چه‌ند وڵاتێکی عه‌ره‌بی و ئیسلامی‌دا، به‌دوای خۆیدا هێنا. به هۆیانه‌وه چه‌ندان که‌س، له‌وانه سه‌فیری ئه‌مریکا له لیبیا، کوژران و بریندار بوون.
له به‌رامبه‌ردا، ئیسلامییه سیاسییه سه‌له‌فی و توندڕه‌وه‌کان، که خۆیان به تاکه پارێزه‌ری ئیسلام ده‌زانن، ئه‌و کێشه‌یه بۆ دژایه‌تیی رۆژئاوا و ئه‌مریکا و ئیسرائیل و، وه‌ک به‌هانه‌ی په‌نابردنه به‌ر توندوتیژی و تیرۆر، به‌کار ده‌هێنن. ئه‌وان سووکایه‌تی به ئاینی مه‌سیحی و یه‌هوودی و ره‌مزه ئاینییه‌کانیان ده‌که‌ن. ئینجیل و ته‌ورات ده‌سووتێنن. ته‌نانه‌ت هێرشی تیرۆریستانه ده‌که‌نه سه‌ر په‌رستگاکا و قوتابخانه‌ی منداڵانیان و به ده‌یانیان تیرۆر ده‌که‌ن. بۆمباته‌قاندنه‌وه له‌سه‌ر جاده و ناو بازاڕی شاره‌کانی رۆژئاوا، ته‌قاندنه‌وه یان هه‌وڵی ته‌قاندنه‌وه‌ی فرۆکه‌ی مه‌ده‌نی، به سه‌دان سه‌رنشینی بێ خه‌تاوه، له لایه‌ن تیرۆریستانی ئیسلامییه‌وه، بوونه‌ته دیارده‌یه‌ک، که ده‌شێت هه‌ر رۆژێک، له هه‌ر وڵاتێک دووبار ببێته‌وه.
مه‌سیحییه‌کان، به پێچه‌وانه‌ی هه‌ندێ موسڵمان و ئیسلامییه توندڕه‌وه‌کان، هێمنانه بۆ ئه‌و ره‌خنه و قسه‌و قسه‌ڵۆکانه ده‌ڕوانن، که ئیسلامییه سه‌له‌فی و توندره‌وه‌کان، به‌رامبه‌ر به ئاین و ره‌مزه ئاینییه‌کانیان ده‌یکه‌ن. نه هه‌را و کێشه دروست ده‌که‌ن، نه په‌نا بۆ توندوتیژی ده‌به‌ن. هیچ توندڕه‌وێکیش، به‌هۆی ئه‌و کارانه‌یه‌وه، نه هه‌ڕه‌شه‌ی کوشتنی لێ ده‌کرێت، نه په‌لامار ده‌درێت. مه‌سیحییه‌کان به گشتی، ته‌نانه‌ت ئیماندار و قه‌شه‌کانیشیان، زۆر له‌مێژه خۆیان له‌و گرفته ده‌رباز کردووه که به ناوی گوایا بێڕێزی به ئاینه‌که‌یان (دڕاندن و سووتاندنی ئینجیل، یان جنیودان به خوا و تومه‌تهه‌ڵبه‌ستن بۆ مه‌سیح) هه‌ڵبچن و په‌نا بۆ شه‌ڕ و توندوتیژی به‌رن. ئه‌وان زۆر بێباکانه و خه‌مساردانه بۆ ئه‌و جۆره کارانه ده‌ڕوانن. دواتر له‌و باره‌یه‌وه ئاماژه به نموونه‌یه‌کی زۆر سه‌رنجڕاکێش ده‌ده‌م.
2
له ساڵی 1988 دا رۆمانی نووسه‌ری بریتانی (به ئه‌سڵ پاکستانی) سه‌لمان روشدی (ئایه‌ته شه‌یتانییه‌کان) بڵاو کرایه‌وه. نووسه‌ر، له رۆمانه‌که‌یه‌دا، به جۆرێک باسی ئاینی ئیسلام و پێغه‌مبه‌ر ده‌کات که، هه‌ندێک له موسڵمانان، به بێ‌ڕێزییان دانا.
رابه‌ری شۆڕشی ئێران، خومه‌ینی، که رۆمانه‌که‌ی نه خوێندبۆوه، ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی قۆسته‌وه و به ناوی داکۆکیکردن له ئاینی ئیسلام، فه‌توای کوشتنی سه‌لمان روشدی ده‌رکرد. پاداشتێکی چه‌ند سه‌دهه‌زار دۆلاری، یان چه‌ند ملیۆن دۆلاری(باش له‌بیرم نه‌ماوه) بۆ ئه‌و که‌سه ته‌رخان کرد، که نووسه‌ری رۆمانه‌که ده‌کوژێت. ئه‌و کاره‌ی خومه‌ینی، له بنه‌ڕه‌تدا، به ئامانجی تۆڵه‌کردنه‌وه له بریتانیا و رۆژئاوا بوو، که پێشتر دۆستی هه‌ره نزیکی شای ئێران بوون و، ئه‌و کاته له شه‌ڕی نێوان عێراق و ئێرانیشدا پشتی عێراقیان ده‌گرت.
فه‌تواکه‌ی خومه‌ینی رووداوێکی زۆر ده‌گمه‌ن و سه‌یر بوو. چۆن و به چ هه‌قێک و به‌پێی کام قانوونی نێوده‌وڵه‌تی، سه‌رکرده و رابه‌ری سیاسی و رۆحیی وڵاتێک، رێگه به خۆی ده‌دات، به‌و جۆره سوکایه‌تی به وڵاتێکی دیکه بکات و بڕیاری کوشتنی هاووڵاتییه‌کی بدات؟!
دوای فه‌تواکه‌ی خومه‌ینی، موسڵمانان، له چه‌ندان وڵات‌دا، بێ ئه‌وه‌ی رۆمانه‌که‌یان خوێندبێته‌وه، یان بزانن ئه‌و سوکایه‌تییه چییه و چۆنه که نووسه‌ره‌که‌ی پێ تومه‌تبار کراوه، رژانه ناو سه‌ر جاده‌کان. چه‌ندان خۆپێشاندان، له وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی و بریتانیا و ئه‌وروپا، دژی روشدی و رۆمانه‌که‌ی رێک خران، که هه‌ندێکیان توندوتیژانه بوون و ده‌یان قوربانییان لێکه‌وته‌وه. هاوکات به سه‌دان نووسه‌ری عه‌ره‌ب و موسڵمان، له بری ئه‌وه‌ی فه‌توای کوشتنی نووسه‌رێک، به هۆی کتێبێکییه‌وه، مه‌حکوم بکه‌ن، که‌وتنه سوکایه‌تیکردن به سه‌لمان روشدی و زه‌مینه‌یان بۆ قبووڵکردنی فه‌تواکه‌ی خومه‌ینی خۆش کرد.
د.سادق جه‌لال ئه‌لعه‌زم، له کتیبی (ذهنیه التحریم)دا ده‌یسه‌لمێنێت که نزیکه‌ی هه‌موو ئه‌و نووسه‌ره عه‌ره‌بانه‌ی دژی روشدی نووسیبوویان، رۆمانه‌که‌یان نه‌خوێندبۆوه، چونکه ئه‌و کاته رۆمانه‌که ته‌رجومه‌ی عه‌ره‌بی نه کرابوو. ئه‌و نووسه‌رانه‌ش ته‌نیا زمانی عه‌ره‌بییان زانیوه!!
له دوای رۆمانه‌که‌ی روشدییه‌وه تا ئه‌مرۆ، ئه‌م مه‌سه‌له‌یه، به‌شێوازی جۆراوجۆر، له وڵاتانی جۆراوجۆردا دووباره ده‌بێته‌وه. بۆ نموونه: که‌سێکی موسڵمان، یان غه‌یره موسڵمان، ره‌خنه له ئاینی ئیسلام، یان له دیارده‌یه‌کی ئاینه‌که ده‌گرێت، یاخود به‌جۆرێک باسی قورئان و پێغه‌مبه‌ر ده‌کات، که هه‌ندێک موسڵمان، به بێڕێزی ده‌زانن به‌رامبه‌ر ئاینی ئیسلام. یان کاریکاتێریستێکی وه‌ک (لارش ڤیکس) چه‌ند وێنه‌یه‌کی کاریکاتێریانه‌ی پێغه‌مبه‌ر ده‌کێشێت و بڵاویان ده‌کاته‌وه. شێتێک، توندڕه‌وێکی مه‌سیحی، یان سه‌ربازێکی ئه‌مریکایی، بێزار له عه‌سکه‌ری، یان قه‌شه‌یه‌کی توندڕه‌وی وه‌ک (تێری جۆنس) نوسخه‌یه‌کی قورئان ده‌سوتێنێت، یاخود نه‌ناسێک فیلمێکی پووتی وه‌ک (پاکیی مسوڵمانان) ئاماده ده‌کات…تاد. هه‌موو جارێک، دوای هه‌ر کارێکی له‌و جۆره، هه‌رایه‌کی جیهانی دروست ده‌بێت. هه‌ندێک که‌س و لایه‌نی توندڕه‌وی ئیسلامی هه‌له‌که به ئامانجی سیاسی، ده‌قۆزنه‌وه و خۆیان وه‌ک محامیی پێغه‌مبه‌ر و تاکه پاسه‌وانی ئیسلام و نوێنه‌ری خوا له‌سه‌ر زه‌وی پێشان ده‌ده‌ن. به ناوی خواوه، فه‌توای کوشتن ده‌رده‌که‌ن. به چه‌پ و راستدا ده‌که‌ونه هێرش و په‌لاماری توندڕه‌وانه. ئه‌وان که له ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی وڵاته‌که‌یان تووڕه‌ن و رۆژئاوا به دوژمن ده‌زانن و کێشه‌یان له‌گه‌ڵ خۆیان و ئاینی مه‌سیحی و جوو‌دا هه‌یه، په‌نا بۆ تیرۆر و کوشتن ده‌به‌ن. به‌و کاره‌شیان زیانی زۆر به ناوبانگی ئیسلام ده‌گه‌یه‌نن. چونکه به ناوی ئیسلامه‌وه ئه‌و کارانه ده‌که‌ن و موسڵمانان، له‌به‌رچاوی خه‌ڵکی رۆژئاوا، وه‌ک که‌سانی توندڕه‌و زه‌برپه‌روه‌ر و بێحه‌وسه‌له پێشان ده‌ده‌ن. دوای ئه‌وان نۆره‌ی مه‌لا و زانایانی ئاینی ئیسلامی سه‌ر به‌ده‌سه‌ڵات دێت کاره‌که مه‌حکووم بکه‌ن. بۆ ئه‌وه‌ی توندڕه‌وان به که‌مته‌رخه‌م، به‌رامبه‌ر به ئاین و پێغه‌مبه‌ر تومه‌تباریان نه‌که‌ن، ئه‌وانیش به هه‌وای توندڕه‌وان ده‌خوێنن، ده‌که‌ونه بانگه‌واز و ده‌رکردنی به‌یاننامه‌ی ئیدانه‌کردن. دوای ئه‌وانیش (وه‌ک ده‌ڵێن ختامها مسکن) چه‌ند به‌رپرسێکی فاسید و مونافیقی ئه‌م یان ئه‌و وڵات و ده‌وڵه‌تی ئیسلامی، بۆ رازیکردنی توندڕه‌وان و گوایا داکۆکی له ئیسلام، دێنه ده‌نگ و داوای راگرتنی ئه‌م جۆره کارانه ده‌که‌ن. ئه‌گه‌ر که‌مێکیش غیره‌ت بده‌نه خۆیان هه‌ڕه‌شه‌ی بڕینی په‌یوه‌ندیی ئابووری له‌و وڵاته ده‌که‌ن، که رێگای داوه ئه‌و بێڕێزیه به پیرۆزییه‌کانی ئاینی ئیسلام بکرێت. (بۆ نموونه هه‌ڕه‌شه‌ی بایکۆتکردنی په‌نیر و که‌ره‌ی دانمارکی دوای، بڵاو کردنه‌وه‌ی چه‌ند وێنه‌یه‌کی کاریکاتێری له باره‌ی پێغه‌مبه‌ر، له گۆڤارێکی دانمارکیدا!). سه‌یر ئه‌وه‌یه ئه‌و سیاسه‌تمه‌دارانه خۆیان باش ده‌زانن، که هاتوهاواریان له‌نێو تونێلێکی داخراودا ده‌مێنێته‌وه و رۆژئاوا نایبیستێت. چونکه له رۆژئاوادا که‌س ناتوانێت رێ له‌م جۆره کارانه بگرێت. بۆیه ئه‌و داوایه هێنده ناماقووله، وه‌ک ئه‌وه وایه، بۆ نموونه به‌رپرسێکی ده‌وڵه‌تێکی رۆژئاوا، خۆی بێ ئه‌قڵ بکات، داوا له ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بی و ئیسلامییه‌کان بکات که رێگا نه‌ده‌ن تیرۆریستانی ئیسلامی، له ئه‌وروپا و رۆژئاوا بۆمبا بنێنه‌وه و خۆیان بته‌قیننه‌وه. (دیاره که‌س کاری بێ ئه‌قڵانه‌ی له‌و جۆره ناکات.)
ئه‌و جۆره کارانه و ره‌خنانه‌گرتن له ئیسلام، له داهاتووشدا درێژه‌یان ده‌بێت. چونکه هه‌ندێک که‌س ره‌خنه‌گرتن له ئاین و تێکسته ئاینییه‌کان به کار و مافی خۆی ده‌زانێت. هه‌ندێکی دی به رێگایه‌کی داده‌نێت بۆ ناوبانگده‌رکردن و خۆزلکردن. هه‌یه ره‌نگه به توڕه‌کردن و هه‌راسانکردنی موسڵمانان شاد و دڵخۆش بێت. له‌وانه‌یه ئه‌و کاره، به‌لای هه‌ندێکی دیکه‌وه، گه‌مه‌یه‌کی سه‌یر و ناخۆش نه‌بێت، کاتێک ده‌توانێت له رێی جنێودان به ئینسانێک (به پێغه‌مبه‌ری مسوڵمانان) یان سووتاندن و ژێرپێخستنی کتێبێکه‌وه (قورئان) بۆمبایه‌کی ده‌نگیی جیهانیی بته‌قێنیته‌وه و ملیۆنان که‌س له سه‌رانسه‌ری دنیا بووروژێنێت!! هه‌ر ئه‌و که‌سه ئه‌گه‌ر به ئاشکرا و، له ناوه‌ڕاستی شاره‌که‌یدا، که زۆربه‌ی مه‌سیحین، سه‌د جنێو به مه‌سیح بدات، یان دووسه‌د نوسخه‌ی ئینجیل (که کتێبی پیرۆزیانه) یان ته‌ورات بسووتێنێت، که‌س ئاوڕی لێ ناداته‌وه.
له رۆژئاوا که‌س له‌رێی سوکایه‌تیکردن به مه‌سیح و سوتاندنی ئینجیله‌وه ناوبانگ ده‌رناکات، هه‌روا که‌س به‌هۆی ئه‌و جۆره کارانه‌وه سزا نادرێت. ره‌نگه هه‌ندێک که‌س به کارێکی شێتانه و هه‌ندێکی دیکه به منداڵانه‌ی دابنێن.
سه‌له‌فی و توندڕه‌وانی ئیسلامی، بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی قین و گیانی توڵه‌ستاندن و توندوتیژی، ئه‌و بازاڕه‌یان گه‌رم کردووه، به‌و کاره‌شیان که‌سانی فاشیل و گه‌مژه و ته‌وه‌زه‌ل، یان توندڕه‌و و داخله‌دڵ، له ئه‌وروپا، هان ده‌ده‌ن، که په‌لاماری ئاینی ئیسلام بده‌ن و قورئان بسووتێنن. جێی داخیشه مه‌لا و زانایانی میانڕه و منه‌وه‌ری ئیسلامی و ده‌زگا ئاینییه ئیسلامییه‌کان، له وڵاتانی ئیسلامی‌دا، له به‌رامبه‌ر سه‌له‌فی و توندڕه‌واندا، توانای ده‌ستپێشخه‌رییان له‌ده‌ست داوه. له‌چاو ئه‌واندا، کاریگه‌رییان له‌سه‌ر موسڵمانان، به تایبه‌تی لاوان، لاواز بووه. سه‌له‌فی و توندڕه‌وان، وه‌ک تاکه نوێنه‌ر و پارێزه‌ری ئیسلام، خۆیان ده‌ناسێنن و ره‌فتار ده‌که‌ن.
3
ئازادیی راده‌ربڕین و خۆرێکخستن و خۆپێشاندان، له وڵاتانی دیموکرات‌دا، به بنچینه‌ی دیموکراتی و مافی بنه‌ره‌تی و ده‌ستووریی هاووڵاتییان داده‌ندرێن. هه‌ر هاووڵاتییه‌ک ده‌توانێت ئازادانه، ره‌خنه له هه‌ر حیزب و لایه‌ن و که‌س و به‌رپرسێک، به سه‌رۆک و پاشای وڵاتیشه‌وه، بگرێت. ئه‌و ئازادییه له بواری ئاینیشدا به هه‌مان شێوه‌یه. ئیماندار و بێ ئیمان، بۆیان هه‌یه به قسه، یان نووسین و نیگارکێشان و فیلم، ئازادانه بیر و بۆچوونی خۆیان ده‌رببڕن. وه‌ک چۆن ئیمانداران ئازادن پروپاگنده بۆ باوه‌ڕ و ئاینه‌که‌یان بکه‌ن و ره‌خنه له بێئیمانان بگرن. به هه‌مان شێوه که‌سانی نائاینی وعه‌لمانی و مولحیدیش ئازادن پروپاگنده بۆ بیروڕای خۆیان بکه‌ن و ره‌خنه له‌وان بگرن. ئاین له بنه‌ڕه‌تدا به په‌یوه‌ندییه‌کی رۆحی و ئیمانیی نێوان که‌سێک و خوا داده‌ندرێت. که‌سانی دی هه‌قیان پێوه‌ی نییه. باوه‌ڕهێنان به هه‌بوون یان نه‌بوونی خوا، مه‌سه‌له‌یه‌کی شه‌خسی و تاکه‌کسییه. ره‌خنه‌گرتن له ئاین و پێغه‌مبه‌ران و کتێبه ئاینییه‌کان به تاوان، یان بێڕێزی به خوا و ئاین داناندرێن. رێگه‌ش نادرێت که‌س خۆی بکات به محامیی خوا و مه‌سیح و به‌و ناوه‌وه په‌لاماری خه‌ڵک بدات. یان سنووری ئازادییان به‌رته‌سک بکاته‌وه.
ساڵانه له رۆژئاوا به ده‌یان و سه‌دان وتار و فیلم و وێنه و کاریکاتێر و لێکۆڵینه‌وه‌ی ره‌خنه‌گرانه له باره‌ی ئاینی مه‌سیحی و جوله‌که، ئینجیل و ته‌ورات، مه‌سیح و مو‌سا بڵاو ده‌کرێنه‌وه. ئیمانداران و ته‌نانه‌ت کڵێسا و قه‌شه‌کانیش ئه‌م ره‌خنه و بۆچوونانه به ئاسایی، وه‌ک رای شه‌خسیی خاوه‌نه‌کانیان، یان وه‌ک کارێکی فیکری و ئیجتیهاد و راده‌ڕبرین له باره‌ی ئاین و ئاینناسی (تیۆلۆجی) داده‌نێن، نه‌ک وه‌ک بێڕێزی به خوا و ئاینه‌که‌یان. بۆیه خه‌ڵکی رۆژئاوا ناتوانێت له‌وه بگات که چۆن و له‌به‌رچی ره‌خنه‌گرتن له ئاینی ئیسلام و پێغه‌مبه‌ر و قورئان، ده‌بیت تاوان و بێڕیزی بێت به ئاین و خوا! هه‌ڵچوون و توڕه‌بوون، په‌لامار و توندوتیژی ناتوانن له‌م باره‌یه‌وه، روونکردنه‌وه‌یه‌کی قه‌ناعه‌تهێنه‌ر بده‌ن.
له مانگی حوزه‌یران (جون)ی ساڵی دا 1998 له شاری ستۆکهۆڵم، سوێد، هونه‌رمه‌ند خاتو ئێلیزابێس ئۆلسۆن واللین (له‌دایکبووی ساڵی 1961) له پێشانگایه‌کی فۆتۆگرافیدا، حه‌زره‌تی مه‌سیحی وه‌ک که‌سێکی نێرباز (هۆمۆسێکسوال) وێنا کرد. هونه‌رمه‌ند له رێی دوازده وێنه‌ی فۆتۆگرافییه‌وه، به مه‌به‌ست مه‌سیح له که‌شوهه‌وای نێربازنه و وه‌ک نێرباز پێشان ده‌دات. دیاره ئه‌و خانمه هیچ به‌ڵگه و ئه‌ساسێکی بۆ ئه‌و بۆچوونه‌ی نییه، بۆیه هه‌ندێک به تومه‌ت، زۆربه‌ش به خه‌یال، یان فانتازیای هونه‌رییان دانا. به‌ڵام به قسه‌ی هونه‌رمه‌نده‌که، ئیلهامی وێنه‌کانی له ئینجیله‌وه بۆ هاتووه. ئه‌وه‌نده‌ی ئاگادار بم، ئه‌وه یه‌که‌مین جار بوو، له مێژووی هونه‌ری فۆتۆگرافیدا (ره‌نگه له هونه‌ردا به گشتی) که مه‌سیح به‌و جۆره وێنا کرابێت.
پێشانگاکه له که‌ناڵه‌کانی میدیادا لێدوانی له‌باره‌وه کرا. له‌ناو هه‌ندێک سێکته‌ی ئاینی و که‌سانی زۆر ئیماندار و توندڕه‌ودا، قسه و بۆڵه‌بۆڵ و جۆره بێزارییه‌کی دروست کرد. چونکه ئه‌وان پێیان وابوو که مه‌سیح نێرباز نه‌بووه و هونه‌رمه‌نده‌که بوختان به مه‌سیح ده‌کات. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و کاره وه‌ک به‌شیک له ئازادیی داهێنان و خه‌یاڵ و راده‌ربڕین داده‌ندرێت، مه‌سه‌له‌که به‌بێ ئاژاوه و گرفت تێپه‌ری.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رسوڕمانی هه‌مووان بوو، سێ مانگێک دواتر، له 19ی سپته‌مبه‌ردا، ئیداره‌ی گه‌وره‌ترین و ناودارترین کڵێسا‌ی شاری ئوپسالا (کاتێدراڵی ئوپسالا) بڕیاری دا که پێشانگاکه بۆ کڵێساکه‌ی خۆی بگوازێته‌وه. ئه‌و بریاره ئازایانه‌ی ئیداره‌ی کڵێسا، قسه و لێدوانێکی زۆری به‌دوادا هات. کڵێسا ئازاده‌کان و هه‌ندێک سێکته‌ی توندڕه‌وی ئاینی و ئه‌رسه‌دۆکسانی سوێد و خه‌ڵکانی دی ره‌خنه‌یان له بڕیاره‌که‌ی کاتێدرالی ئوپسالا گرت، چونکه پێیان وابوو که ئه‌مه کاری کڵێسا نییه مه‌سیح وه‌ک نێرباز پێشان بدات. کار گه‌یشته ئه‌وه‌ی که‌سێکی مه‌سیحی (که خه‌ڵکی سووریا بوو) هه‌ڕه‌شه‌ی بۆمبانانه‌وه‌ی له کڵێسا‌ی ئوپسالا کرد.
پێشاندانه‌وه‌ی وێنه‌کان له کاتێدراڵی ئوپسالا، ئه‌وه‌نده باس و لیدوانی، له میدیادا، له‌باره‌وه کرا که ته‌نانه‌ت سه‌رنجی میدیای جیهانیشی بۆ لای خۆی راکێشا و دواتر هه‌مان پێشانگا، له چه‌ند شارێکی دیکه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپا، له‌وانه له رۆمای پایته‌ختی فاتیکان، پێشان درایه‌وه.
له گه‌رمه‌ی ئه‌و باس و لیدوانانه‌دا که‌نالی (ئه‌گه‌ر به‌هه‌ڵ نه‌چووبم) یه‌کی ته‌له‌ڤزیۆنی سوێدی، له کاتی په‌خشی به‌رنامه‌ی هه‌واڵ، له سه‌عاتی شه‌شی ئێواره‌دا، دیدارێکی خێرای له‌گه‌ڵ گه‌وره ئه‌سقه‌فی که‌نیسه‌دا کرد. له دیداره‌که‌دا (که من خۆم بینیم) رۆژنامه‌نووسه‌که لێی پرسی که ئایا گه‌وره‌ئه‌سقه‌ف له باره‌ی ئه‌و خانمه هونه‌رمه‌نده، که مه‌سیح به نێرباز داده‌نێت، چی ده‌ڵێت؟ ئه‌و، له‌وه‌ڵامدا، زۆر هیمنانه و به بڕوابوونی ته‌واو به خۆی و به مه‌سیح، وتی: ئه‌وه رای ئه‌و خانمه خۆیه‌تی. به‌ڵام ئێمه باوه‌ڕه‌مان به‌وه هه‌یه که حه‌زره‌تی مه‌سیح نێرباز نه‌بووه. ئیدی کێشه‌که دوایی هات. هیچ که‌س و لایه‌نێکیش نه‌یتوانی بۆ مه‌سه‌به‌ستی سیاسی، بازرگانی به‌و مه‌سه‌له‌یه‌وه بکات و خۆی به محامی مه‌سیح و پۆلیسی خودا و ئاین دابنێت و په‌نا بۆ توندوتیژی و کاری تیرۆریستی به‌رێت. یان په‌لاماری هونه‌رمه‌نده‌که و ئه‌و که‌س و لایه‌نه بدات که رێگای پێشانگاکه‌یان داوه.
جێگای سه‌رنجه که ده ساڵ دواتر، له 13ی سپته‌مبه‌ری 2008 دا، جارێکی دی هه‌مان پێشانگا له شاری ئوپسالا خرایه‌وه روو. ئامانج له پێشاندانه‌وه‌ی وێنه‌کان ئه‌وه بوو بزاندرێت که، دوای ده ساڵ، رای خه‌ڵک به‌رامبه‌ر به پێشاندانی مه‌سیح، وه‌ک نێرباز و به‌رامبه‌ر به مه‌سه‌له‌ی نێربازی به گشتی، چۆنه و چ گۆڕانێکی، له‌م بواره‌دا، به سه‌ردا هاتووه. تا چه‌ند پێشانگاکه و ئه‌و لیدوان و نووسینانه‌ی له باره‌یه‌وه ده‌رکه‌وتن، کۆمه‌کی به پێشختنی رای گشتی کردووه.
درێژەی هەیە…
بەشی دووەم ….