Skip to Content

Friday, April 26th, 2024
ونبوونی ڕوح لە تێکستی ئەدەبی ئەمڕۆدا

ونبوونی ڕوح لە تێکستی ئەدەبی ئەمڕۆدا

Closed
by May 5, 2013 ئەدەب

 

 

 

 

لەم دونیا ساردوسڕەی دەربڕینی ئەمڕۆی ئەدەبی کوردی بە تایبەتی شیعر دەبێت دەستەو نزا بین بە وجودی مەحوی و نالی و مەولەوی و کەڵەشاعیرەکانیتر، ئەگەر چی ئەوەی توێشووی دەوڵەمەندی لە هەگبەی ئەدەبیدا نەبێت لە تێگەیشتنی ئەوانیش بێ بەش دەبێت، ئەو مەودایەی نیوان توانەوە لە نوسین و ئەو ڕۆچوونە ڕوحییە و مانا قوڵ و هەتا هەتا پڕ چێژ و کلاسیکییەی ئەوان لەگەڵ ئەم تێکستە ساردوسڕانەی گەرەلاوژەی ئەم سەردەمەی ڕاگەیاندن و سایتەکان ئەوەندە مەودایەکی فراوانە کە ئەمسەروئەوسەریان ناگەنە یەك خانەی کاتیگوری و ناتوانرێ پردی نێوانیان بە بەرهەمی ئەمڕۆ دروست بکرێ، ئەو سەرپێی و ساردییەی ئەو تێکستانە تەنانەت بە خولەکیش گاریگەری خۆی لەسەر ڕوح دانانێت، ئەو هەڵپەهەڵپە وپەلەپەلەی ئەمڕۆی ئەو هەموو قەڵەم بەدەستە کێبڕکێیەکی ناعادیلانەو پڕکردنەوەیەکی بەزۆری دونیای نوسینە، لێرەدا ئەوەی کە تینووێتی تۆ ناشکێنێ ئەو بۆشاییەیە کە خاوەنەکەی ئاڵوودە نییە پێوەی، واتە نوسەر خۆی کەسێکی بریندار و ڕۆچوو و تینوو و تا لێهاتوو و ڕوح گڕ تێبەربوو نییە بۆیە ناتوانێ ئەو تێکستەی هەبێت، ئەمڕۆ ئێمە لە چۆڵەوانییەکی ترسناکی ڕوحدا دەژین هەر لەم ڕوانگەیەوە توینێتیمان بەم چۆڵەوانییە لە مانا و ئەم دێڕە ڕێزکراوە ساردانە ناشکێت و ناخیشمان ناپێکێت.

لە نێو چۆڵەوانی ڕوحدا ئەوەی کە غائیبە و شوێن بەتاڵە ئارامییە، سەرگەردان و بێ ئەنجام و ماندوو زاتێکە ڕوح داماڵراو و پوكە لە بڕوا، تینوویەکە ناگاتە ئاو، شڵەژاوێکە سەرەداوی ژیانی لێ ونبووە، زاتێکە ناتوانێ بگریێ و دەروونی لە پەڵەی ڕۆژگار بشواتەوە، ناخی لە بازنەی دەستەوەستانا دەچەقێ و دەروازەکانی ژیانی تەنها دەبنە ونبوون و پەراوێزەکانی تەمەنیشی لێوانلێوی لەدەستچوون و پەشیمانی و نائومێدی دەبن. لەو چۆڵەوانی ڕوحەی هیچ کۆڵەکەیەکی تیا شك نابەی بۆ پشوودان و هیچ هەناسەیەکی ئۆخەی تیادا نادرێ، هەر لەو ساتەدا لە گەرەلاوژەی نێو شەپۆلێکی توندا بارێکی قورسی سزای ویژدان و بڕوانامەیەکی پڕ لە هەڵەی تەمەنت پێ دەسپێررێ، هەر لەو ساتەشدا کە هێشتا تەمەن قورس قورس بە نێو جەنگەڵی بێ هیواییدا پەلکێشت دەکات زەنگی دوا هانای ئاسمان گەرمتر و بەرزتر و ڕوونتر لێدەدا، تەمەن با کەمیشی مابێت هێشتا بۆی هەیە پریشکی شیرینی ڕوحێکی لە  عەشق هەڵکێشراوی بەرکەوێ ئەگەر ئەگەر چمکێکی ئەو ڕاچڵەکینی زەنگە ڕۆبچێتە ناختەوە. توانەوەی ڕوح و تا لێهاتنی وەکو کامڵبوونی مرۆڤە ، وەکو ناسینی ئەودیوی خودە وەکو ئاشنابوونە بە ئەزەلییەتێك و کۆچە بەرەو دونیایەکی ئەبەدی و جاوید، خۆدۆزینەوەیە لە توێی خودێکی ڕاستی و بەرجەستەکردنی ویستە لە ئارامی و سەپاندنی ئەمری ڕوحە بەسەر ناخدا و ئازادکردنی کۆیلەکانی زاتە و ڕادەستکردنی نییەتەکانە بە پاکژی و نەهێشتنی خڵتەی ڕاڕایی و دوودڵی و شێواویە لە نێو ناخدا.

تای ڕوح سەفەرە بەرەو نەبینراوێکی فراوان لە ئارامییەکی فراوانتردا، سەفەرێکی ئەفسوناوی و خەمڵاو بە هاوڕێیەکی ئەبەدی عەشق، سەفەری گریانێکی بە کوڵ و هەنسکێکی خەم ڕەوێن، نیگای ڕوانینێکی بێ دەنگە، لەهجەی دیالێکتێکی جیهانی عیشقە، ڕامانی نێو دوو نیگای ڵاڵ و دوانی نێو دوو زمانی کەڕە، لەو سەفەرە تایەکی ئیشتیاق دەبێتە میوان، خۆی لە دەروازەی ئۆقیانوس و دەریا و بیابانەکانی ناخدا  دەپەڕێنێتەوەو پسولەی دانەبڕانی لە ئارامی دەوێت، تای ڕوح لایلایەیەکە لە نێو ڕۆچوون و ڕامانی نیگایەکی بێ دەنگ، پەرژینێکە لە چێژی توانەوەیەکی هەتاهەتایی و دوور زۆر دوور لە سەراپا شانۆی ژیانی ڕاگوزەر و لە سوێندە بەتاڵەکانی سەر لێو و لە دیدارە وشکهەڵاتووەکانی جەستە، تای ڕوح لە هەڵپڕوکانی ڕوح و لە ئاوارەیی ناخدا، لە لەرزینی لێو و لە تەزینی دڵدا، لە پەلاماری گڕ و لە خەندەی شارراوەدا خۆی حەشار داوە.

بەرهەمەکانی مەلانا ڕومی یەکێکە لەو متەسسەوفانەی زیاتر لە حەوسەد ساڵە بووەتە زادی ڕوح و نەفس لە چێژی ڕاگوزەر پاك دەکاتەوەو بە چەکی تێڕامان و بێ دەنگی عیشق دەڕژێنێتە هەموو 

ڕوبارەکانی دونیاوەو هەر چی سۆمای چاوی بۆ ڕوح برسی هەیە پڕ دەکات لە تەمای گەیشتن بە ژوانی هەتاهەتایی، لە خەڵوەتە بەردەوامەکانی گەیشتن بە دیوی ئەودیوی ئێستاو ئەولاتری جەستە.

ئەمڕۆ نوسین زەلیلە، ئەمڕۆ نوسین هەڕاجێکە تەنها خۆی لە قەرەی ڕوح و هەست نادا، ئەمڕۆ ڕوحی هەموو لایەکمان تینووی تێکستێکی دەوڵەمەند و بەبەهایە، تێکستێك کە چاو خوێندیەوە لە ناخدا ماناکەی هەڵکۆڵێت و وەکو بەیتەکانی نالی و مەحوی ئەزەلییەت بهۆنێتەوە.

 

 


مەدیحە سۆفی/ ئەڵمانیا

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.