ژیانی ئینسان ڕوو له دۆزه‌خه یان ڕوو له ئاشتی!
پێداگرتن له‌سه‌ر پێناسه‌یه‌کی ڕێک و ته‌واو بۆ ئه‌وه‌ی ژیانی ئینسان له‌م سه‌ر گۆی زه‌ویه دوور که‌وێته‌وه له دیاره‌ده‌ی ڕوودانی جه‌نگه ماڵ‌وێران که‌ر و داته‌پینی زیاتری ژیانی ئینسان، وه‌ر چه‌رخانه به‌ره و دابین کردنی ژیانێکی ئاشتیانه بۆ سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی. به‌ڵام ئه‌م داخوازیه ڕه‌وایه چۆن به‌دی دێت؟
کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی، به‌تایبه‌ت ئه‌و چینه‌ی هه‌میشه ده‌سه‌ڵاتی له‌ده‌ستدا بووه، هه‌ر ئه‌و به پێی ئه‌و پێگه سیاسی و ده‌ست ڕۆیشتوه ئابوریه‌ی هه‌یبووه، هه‌میشه بانگه‌وازی بۆ ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه کردوه، که ژیانی ئینسان پێویستی به جۆرێک له ئاشتی و سه‌قامگیری و هێمنی هه‌یه.(دیاره سه‌رجه‌م دینه‌کانیش ئه‌م بانگه‌وازه‌یان کردوه له مێژووی دروست بونیانه‌وه) له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تا ڕۆژگاری ئه‌مڕۆمان سه‌رجه‌م ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه‌ی هه‌ن، نه‌یان توانیوه بگه‌ن به دابین کردنی ژیانێکی پڕاوپڕ له ئاشتی و ئارامی بۆ مرۆڤایه‌تی. ده‌بێت بپرسین هۆکاری ئه‌م نه‌گه‌شتنه له چیه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت؟ ئاخۆ ته‌نها لێکترتێنه‌گه‌یشتنه له نێوان سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاتدارانی جیهاندا، یاخود هۆکار ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بوونی مانای ده‌سه‌ڵات وه‌ک خۆی؟
پێناسه‌ی ده‌سه‌ڵات به‌مانای فه‌رز کردنی هه‌یمه‌نه‌تێک و چه‌مک گه‌لێک دێت که پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه ئابوری و سیاسیه‌کانی چینێک له ئه‌ستۆ ده‌گرێت بۆ مانه‌وه‌یان، یانی دابین کردنی ژیانێک بۆ چینێک به‌سه‌ر چینێکی دیکه‌دا، کاتێک کۆمه‌ڵگا دابه‌ش ده‌کرێت بۆ چینه‌کان و جیاوازی خستنه نێو فه‌رهه‌نگی مرۆڤ بوونه‌وه به‌مانای گه‌وره‌ی و بچوکی، لێره‌دا بۆخۆی به‌بێ هیچ هۆکارێکی ده‌ره‌کی ناهاوسه‌نگیه‌ک دروست ده‌بێت له مانای بوونی ده‌سه‌ڵاتدا. هه‌ر لێره‌وه‌یه واته له‌م ناهاوسه‌نگی بوونه‌وه، زۆرترین جار بووه به هۆکاری دروست بونی جه‌نگ، چ جه‌نگی ناوخۆی بووبێت یان ده‌ره‌کی. ده‌سه‌ڵات بۆ مانه‌وه‌ی خۆی ئه‌و چینه‌ی که له‌خزمه‌تیدایه- ناچار- کردوه بچێته نێو جه‌نگێکه‌وه دژی ئه‌و لایه‌ی ناڕازی بووه به‌و جۆره ژیانه.بۆیه تا ئێستا چینی ده‌سه‌ڵاتدارانی جیهان هه‌رچ کات ده‌سته‌واژه‌ی ئاشتی و پێکه‌وه ژیان به‌رز ده‌که‌نه‌وه،( به‌ڵام له باری عه‌مه‌لیه‌وه نه‌توانراوه یه‌ک هه‌نگاویش به‌ره‌و پێشه‌وه بروات) تا هاتوه به‌پێی گۆرانکاریه مێژوویه قۆناخ به‌نده‌کاندا، هه‌میشه ده‌سته‌واژه‌ی به‌ره‌و دۆزه‌خ زیاتر خۆی سه‌پاندوه له بری ده‌سته‌واژه‌ی ڕوو له ئاشتی.
که‌م نین ئه‌و ڕوداوه دڵته‌زین و کاولکاریانه‌ی تا ئیستا مێژووی مرۆڤایه‌تی به خۆیه‌وه بینونی. پێم وایه هه‌ر له دروست بوونی پێگه‌ی ئه‌نانیه‌تی به‌رژه‌وه‌ند خوازی چینێکه‌وه به‌سه‌ر چینێکی دیکه‌دا، ناسه‌قامگیری و نه‌بوونی ئاشتیه‌کی هه‌میشه‌یی بووه به ئاڵای چینی ده‌سه‌ڵاتدار. ئێستا له‌م سه‌روبه‌ندی سه‌ده‌ی بیست و یه‌که‌دا، به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌ژموونه گه‌وریه‌ی جیهانبینی زانستی ته‌کنه‌لۆژی به‌رهه‌می هێناوه، له هه‌رچ بوارێکی ته‌کنیکی و زانستی( که‌شف کردنی جینه‌کان) و تا ده‌گات به توانای کۆپی کردنی ئینسانیش، بۆخۆی به‌رهه‌مێکی یه‌کجار گه‌وره‌ی مرۆڤه له پێناو ڕوو هه‌ڵماڵینی زیاتری ئه‌و نهێنیانه‌ی مرۆڤایه‌تی پێشتر نه‌یتوانیه‌وه پێی بگات. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌مڕۆ ده‌بینین هێشتا خه‌ڵکانێکی زۆر بێبه‌شن له خۆپاراستنیان به‌رانبه‌ر هه‌زاران دیاره‌ده‌ی نه‌خۆشی و په‌که‌وتنیان له نه‌بوونی ئیمکانیاتی پێویست له چاره‌سه‌رکردنی ژیانێکی ته‌ندروستدا.
به‌رانبه‌ر به‌م پێشکه‌وتنه‌ی ته‌کنه‌لۆجیا، ده‌بینین ئه‌و دیارده سلبیانه‌شی له گه‌ل خۆیدا هێناوه که بۆخۆی ده‌بێته نیشانه‌ی کاول کردنی ژیان له‌م سه‌ر زه‌ویه‌دا. دروست کردنی بۆمبه ئه‌تۆمیه‌کان و چه‌که بایلۆژیه کوشنده‌کان، که له‌سه‌ده‌ی ڕابردوه‌وه ده‌سه‌ڵاته زلهێزه‌کانی جیهان ئیستغلالی ئه‌م زانسته گه‌وره‌یان کرد بۆ به‌ره‌نگاری کردن له خۆیان، دژی دوژمنه‌کانی ئه‌و دیوو سنوره‌کانیان، سه‌یر ده‌که‌ین ئه‌مڕۆ له هه‌رچ کات زیاتر ژیانی مرۆڤایه‌تی ڕوو به ڕووی هه‌ڕه‌شه‌ی زیاتر و ناردنی ماناکانی ژیان به‌ره‌و جیهانی دۆزه‌خ، ده‌بێته‌وه.
له‌م کاته‌دا ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوان ده‌کرێت هه‌ژمونی ڕه‌گه‌ز په‌رستانه و ڕاسیستیانه‌ی نێو ده‌سه‌ڵاتی ئاخونده‌کانی ئێرانه به‌دروست کردنی چه‌کی ئه‌تۆمی بۆ به‌ره‌نگار بوونه‌وه و وه‌ستاندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان، به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ئیسرائیل و ئه‌مریکا،تا دێت بارودۆخه‌کانی نێوانیان ڕوو له ناسه‌قامگیری زیاتر ده‌کات. لێره‌دا ده‌بێت پرسیار بکه‌ین ئاخۆ کام یه‌ک له‌م ده‌سه‌ڵاتانه به شوێن هاتنه‌دی جیهانێکی ئاشتی خوازانه‌وه‌ن بۆ سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی؟ دیاره له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه‌ش ده‌سه‌ڵاتی ڕوسیا و چینیش وه‌ک دوو زلهێزی جیهانی و خاوه‌ن چه‌کی ئه‌تۆمی هیچیان که‌متر نیه له‌و سێ ده‌سه‌ڵاته‌ی دیکه، ئه‌گه‌ر هاتوو به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان به‌ره‌و لاسه‌نگ بوون بچێت، تا ئه‌وکات هێزی خۆیان به‌چه‌که وێران کاریه‌کانیان نیشانی به‌رانبه‌ر بده‌ن. به‌ڵام ئێستا ئه‌م سێ پاڵه‌وانه‌ی خوازیاری ئه‌وه‌ن ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێکیان بسه‌پێت به‌سه‌ر گشت ترین تێگه‌یشتنه‌کانی ئه‌وانی دیکه‌دا، کاراکته‌ری سه‌ره‌کی نێو ململانێکانی ئه‌م ڕۆی سه‌ر ئه‌م زه‌مینه‌ن.
ئه‌مریکا وه‌ک خۆی خاوه‌ن مێژویه‌کی دوور و درێژه له چوونه نێو جه‌نگه‌کان و توانای ئه‌وه‌شی هه‌بووه وه‌ک یه‌کلاکه‌ره‌وه خۆی ده‌ربخات، ئه‌گه‌ر چی تا ئێستا خاون زۆرترین دڕندایه‌تی کردن بووه به‌رانبه‌ر کوشتنی ملیۆنان مرۆڤ . ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل وه‌ک منداڵه خۆشه‌ویسته‌که‌ی ئه‌مریکا هه‌میشه هێز و قودره‌تی خۆی له‌و پاڵپشته به‌هێزه‌ی باوکیه‌وه وه‌ر گرتوه بۆ ڕوو به ڕوو بونه‌وه له گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ربی و نه هێشتنی به‌رپابوونی ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ بۆ فه‌له‌ستینیه‌کان. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وه‌ی زۆر به توندی دژی خۆی ده‌یبینێته‌وه ده‌سه‌ڵاتدارانی ئاخونده‌کانی ئێرانه، که له‌م نێوه‌دا هه‌ریه‌ک له هه‌وڵی کۆتا هێنانی ژیانی ئه‌وی تریانه له‌سه‌ر ڕووی زه‌وی. ده‌وڵه‌تی سه‌رده‌می ئاخونده‌کانیش نه‌ک هه‌ر مایه‌ی بێزاری وڵاتانی نێو ئه‌م ململانێیه‌یه، به‌ڵکو بۆخۆی بووه به مۆته‌که‌یه‌کیش به‌سه‌ر خه‌ڵکی سته‌م دیده‌ی ئیرانیشه‌وه. ئاغایانی ئایه‌توڵاکان ئه‌مڕۆ هه‌ر به‌ته‌واوه‌تی ژیانیان له خه‌ڵکی ئازادی خواز و ژنانی سته‌م دیده‌ی ئه‌و وڵاته کردۆته دۆزه‌خێک و هه‌رچی سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌و وڵاته هه‌یه خراوه‌ته خزمه‌تی پاراستنی جیهانبینی ئاخونده‌کانه‌وه. خه‌ڵکی کرێکار و زه‌حمه‌ت کێشی ئێران، به‌ده‌ر له‌وه‌ی وه‌ک زۆرینه‌ی خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێشی جیهان گیرۆده‌ی چه‌وساندنه‌وه و کوێره‌وه‌رین، له هه‌مان کاتیش‌دا به هۆکاری بوونی جیهان بینیه‌کی ئیسلامیانه و فه‌رز کردنی سه‌رجه‌م ئه‌حکام گه‌لێک که ئیلهامیان له سونه‌ته‌کانی دینه‌وه وه‌رگرتوه، بێبه‌شن له هه‌رچ مانایه‌کی ئازادیخوازی و ئه‌و شێوازه بۆرژوازیانه‌ش که له وڵاتانی دیکه‌ی جیهاندا هه‌یه، کاتێک خۆیان به دیموکرات خواز و کراوه و عه‌لمانی له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن.ئه‌گه‌ر پاراستنی که‌رامه‌ت و حورمه‌تی ئینسان په‌یوه‌ست بێت به‌دابین کردنی هێزی چه‌که کۆکوژه‌کانه‌وه، که به‌قه‌ولی ئه‌م ده‌سه‌ڵاتدارانه بۆ خۆپاراستنیانه له هێرشی ده‌ره‌کی، پێده‌چێت تا ژیانی مرۆڤایه‌تی ماوه نه‌توانێت خۆی له‌م گه‌مه هه‌ڵخه‌ڵتێنه‌ر و قێزه‌ونه ڕزگار بکات! ئاخۆ ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌سه‌ڵاتدارانه(دیاره مه‌به‌ستم سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مڕۆی جیهانه) خوازیارن ژیان و گوزه‌ران وه‌ر چه‌رخێت به دابین کردنی پێداویستیه سه‌ره‌کیه‌کانی ژیان بۆ گشت مرۆڤایه‌تی، چ پێویستیان به فیڕۆدانی ئه‌و هه‌موو توانا و ڕه‌نجه هه‌یه بۆ دابین کردنی جبه‌خانه زه‌به‌لاحه‌کانی هێزی سه‌ربازی؟ له کاتێکدا زۆرترین خه‌ڵکی ئه‌و وڵاتانه‌ی جه‌نگ تێیدا ڕووی داوه گیرۆده‌ی برسێتی و بێ‌کاری و نه‌خۆشی کوشنده بوونه‌ته‌وه؟ ئاخۆ ئه‌و تێچونه‌ی ده‌کرێت بۆ دروست کردنی بۆمبێکی ئه‌تۆمی، به‌س نیه بۆ ئه‌وه‌ی ژیانی ملیارده‌ها ئینسان له برسێتی و کوێره‌وه‌ری ڕزگار بکرێت؟ یان بابڵێین تێچونی ئه‌و بڕه زۆه‌ره‌ی له ئیمکانیاتی مادی ته‌رخان ده‌کرێت بۆ به‌رهه‌م هێنانی چه‌کی ژه‌هراوی، به‌س نیه بۆ ئه‌وه‌ی بخرێته کار بۆ پاک کردنه‌وه‌ی ژینگه له پیس بوون؟
ئایا ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئه‌مڕۆی ئه‌مریکا توانی چ سه‌رکه‌وتنێک به‌ده‌ست بهێنیت له ئه‌فغانستان و عێراقدا، وا ئیستا خه‌ریکی چاوشارکێیه له‌گه‌ڵ سه‌رانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی له نێوی دان، بۆ ئه‌وه‌ی جارێکی که بگه‌ڕێنه‌وه نێو ده‌سه‌ڵاته‌کانی ئێستا و برایانه خه‌ریکی دزینی پاروی ده‌می خه‌ڵکه‌که‌ی بن؟ ئاخۆ چ هۆکارێک له‌وه ڕه‌زیلانه‌تره کاتێک ده‌ته‌وێت وڵاتێک داگیر بکه‌یت به ناوی ڕزگار کردنیه‌وه؟ بۆ تا ئێستا ئه‌م ده‌سه‌ڵاته نه‌یتوانیوه هیچ هه‌نگاوێکی به‌رچاو هه‌ڵبگرێت، ئه‌گه‌ر خوازیاری ئاشتی و ئارامی بوایه بۆ خه‌ڵکی عێراق و ئه‌فغانستان؟ له کاتێکدا ده‌بینین ئاستی به‌ره‌و پێشچونه‌کان هێنده‌ی ڕوو له دۆزه‌خ بوونه، نیو هێنده ڕوو له ئاشتی نیه؟ لێره‌دا ده‌بێت بڵێین تا مانه‌وه‌ی ژیان له نێو به‌رپابوونی هه‌رچی زیاتری دیارده‌ی چه‌وساندنه‌وه و کوشتنی مرۆڤدا به‌رقه‌رار بێت، ئه‌وا به‌ڕونی دیاره ژیان له نێو ئه‌م سیستمه‌دا هێنده‌ی ده‌بێت به به‌رکه‌ماڵ بوونی ژیانێکی ڕیفاهیانه بۆ چینێک که حاکمیه‌تیان به‌ده‌سته، له به‌رانبه‌ریشدا ده‌بێت به دۆزه‌خێک بۆ چینێک که هه‌ڵگری مه‌ینه‌تیه‌کانی ژیانه.
تێکۆشان و هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ی جه‌نگێکی دیکه‌ی وێران که‌ر ڕوو نه‌دات بۆ خۆی ئامانجێکی پیرۆزه، خۆ ئه‌گه‌ر جه‌نگێکی بێئاکامی دیکه‌ی وه‌ک عێراق و ئه‌فغانستان دروست ببێت،(بۆنموونه، دروست بونی جه‌نگ له نێوان ئیسرائیل و ئێران‌دا) ئه‌وا جارێکی که مرۆڤایه‌تی و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته حاکمه ده‌بێت ئاره‌قی شه‌رمه‌زاری بسڕێت ، چونکه به‌رپاکردنی جه‌نگێکی نیوه ناچڵ، ته‌نها ده‌توانێت ژیانی ملیۆنانی دیکه به‌ره و مه‌رگ ببات. یان به‌رپاکردنی جه‌نگێکی دیکه به‌کام لۆژیک خۆی ئاماده ده‌کات؟ ئایا ته‌نها بۆ له ناوبردنی ده‌سه‌ڵاته‌کانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌یه که ئه‌مڕۆ دژایه‌تی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئه‌مریکا و ئیسرائیل ده‌که‌ن، یاخود بۆ به‌ده‌ست خستنی ژیانێکی ئینسانیانه‌یه بۆ خه‌ڵکی ئێران، بۆ ئه‌وه‌ی له‌وه‌و دوا بتوانن وه‌ک مرۆڤ سود مه‌ند بن له ئازادی و سه‌ربه‌ستی ژیانیان؟ ئه‌و موسیبه‌تانه‌ی خه‌ڵکی عێراق ئێستا تێی که‌وتوون به‌ده‌ستی ده‌یان حیزب و گروپی تائیفی و قه‌ومی و مه‌زهه‌بی، هیچی که‌متر نیه له ڕۆژانێک که ژیان بۆخه‌ڵکی سته‌م دیده و ئازادیخواز وه‌ک زیندانیه‌کی گه‌وره وابوو، کاتێک ژیانیان ده‌گوزه‌راند له سایه‌ی ڕژێمی دیکتاتۆری به‌عسدا، ئێستاش ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی لێده‌کرێت بۆ ئاینده‌ی خه‌ڵکی عێراق و ئه‌فغانستان مانه‌وه‌ی ژیانه له نێو ده‌سته‌واژه‌ی بێ‌ئارامی جه‌نگی به‌رده‌وامدا.
ئاخۆ ده‌بێت ژیانی مرۆڤایه‌تی تاکه‌ی له نێو چه‌مکی نادیاری ڕوو له دۆزه‌خ بوون یان ڕوو له ئاشتی بووندا بمێنێته‌وه؟ تاکه‌ی خه‌ڵکی چه‌وساوه‌ی نێو ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه قبوڵی ئه‌م هه‌موو مه‌ینه‌تیه‌ی سه‌رشانیان ده‌که‌ن؟
خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتی به (باراک ئۆباما) ده‌درێتو به‌ڵام جه‌نگیش هه‌ر به‌رده‌وامه و خه‌ڵکێکیش هه‌ن، هێشتا چاوه‌ڕوانی پارویه‌ک نانن، ئه‌مه چ درۆیه‌کی مه‌زنه ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه ده‌یده‌ن به گوێی چه‌وساوه‌کاندا؟تایه‌ر حاجی حه‌سه‌ن
هۆله‌ندا
10/10/2009