Skip to Content

Saturday, September 26th, 2020

1-6 ڕۆژی وتنی( نا )به‌ژیانی منداڵان

Be First!
by May 30, 2008 گشتی

هیدایه‌ت مه‌لا عه‌لی……..

 کاتێک ئه‌م وێنه‌یه‌م گرت بیرم له‌وه‌ ده‌کرده‌وه‌ که‌ به‌بۆنه‌ی ڕۆژی دایکه‌وه‌ ووتارێکی له‌سه‌ر بنووسم ، له‌و نووسینه‌دا باسی  ڕۆژ ڕه‌شی و ژیانی پڕ له‌ نه‌هامه‌تی و کووله‌مه‌رگی دایکان بکه‌م ، به‌ڵام کاتێک به‌ووردی سه‌رنجی وێنه‌که‌مدا له‌باوه‌شی دایکه‌که‌دا منداڵێکی قوماته‌کراوی چه‌ند مانگانه‌م بینی ، کاتێک مناڵه‌که‌م بینی له‌دڵی خۆمدا ووتم چی له‌وه‌ ئینسانیتره‌ پێش هه‌ر‌که‌سێک خه‌م و بێمافیه‌کانی منداڵان بکه‌ینه‌ هۆکاری نیشاندانی ناعه‌داله‌تی ئه‌م ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ی ئێستای کوردوستان ، ئه‌و ڕۆژه‌ی ئه‌و وێنه‌یه‌ی تێدا گیراوه‌ یه‌کێکه‌ له‌و ڕۆژانه‌ی له‌ کوردوستان له‌سه‌رمانا ته‌نکی سه‌ربان و بۆری به‌لوعه‌ ئه‌یبه‌ست ، له‌و ڕۆژه‌دا ته‌نها هۆکاری گه‌رم بوونه‌وه‌ی ئه‌و مناڵه‌ هه‌ناسه‌ پڕ خه‌م و ناسۆر و ڕۆژ ڕه‌شیه‌که‌ی دایکی بوو ، له‌ کوردوستان منداڵان ته‌نها هاوبه‌شی ( برسیه‌تی ، سه‌رما ، گه‌رما ، نه‌بوونی ، بێخانه‌ولانه‌ی ) خێزانه‌کانیان نین  به‌ڵکو هاوبه‌شی ( سواڵ ) و په‌یداکردنی نانی ڕۆژانه‌شیانن ، منداڵان هه‌ر له‌ ( چوار ، پێنج ) مانگیه‌وه‌ مۆری ( سواڵکه‌ری و ژیان به‌سه‌ر بردن له‌ کۆڵان و بازاڕه‌کان) ده‌درێت له‌ نێوچه‌وانیان ، که‌ سه‌یری مناڵه‌که‌م ئه‌کرد له‌ باوه‌شی دایکیدا ، قسه‌یه‌کی زۆر فریوده‌رانه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردوستانم  ئه‌‌هاته‌وه‌ به‌یادا ، له‌ کوردوستان هه‌رکاتێک لاوان ناڕه‌زایه‌تی بکه‌ن بۆ خواسته‌کانیان  ده‌سه‌ڵاتداران به‌خێرای له‌بری وه‌ڵام به‌ داواکاریه‌کانیان  پێیان ده‌ڵێن ئاخر ئێوه‌ خۆشتان پرۆژه‌تان نییه‌ ، زۆر سه‌یرم لێهات له‌به‌ر خۆمه‌وه‌ ووتم تۆ بڵێی ده‌سه‌ڵاتداران به‌ مناڵانیش بڵێن ئاخر بۆیه‌ ژیانتان باش ناکه‌ین چونکه‌ ئێوه‌ خۆشتان پرۆژه‌تان نییه‌ ، قسه‌ کردن له‌سه‌ر سه‌ختی و گرانی ژیانی منداڵان له‌ کوردوستان به‌ جۆرێکه‌ هه‌رگیز قابیلی وێنا کردن نییه‌ ، نازانی له‌ کوێوه‌ ده‌ست پێ بکه‌یت ، نازانی کام ناخۆشی به‌کام خۆشی قه‌ره‌بوو بکه‌یته‌وه‌ چونکه‌ هه‌رگیز خۆشیان لێنابینیت ، له ‌( خوێندنگا لێیانده‌ده‌ن و له‌ ترسا خۆیان ده‌کوژن ، له‌بازاڕ کاریان پێده‌که‌ن و ده‌ست درێژی ده‌که‌نه‌ سه‌ریان ، له‌نێو کێشه‌ی خێزانی و کۆمه‌ڵایه‌تیدا ده‌یانکه‌نه‌ بارمته‌و ژیانیان لێده‌سه‌ننه‌وه‌ ، سواڵیان پێده‌که‌ن و که‌سا‌یه‌تیان ده‌شکێنن ، له‌ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌و تێگه‌شتنی  خۆیان بیروباوه‌ڕی مه‌زهه‌بی و سیاسیان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنن ) له‌ کوردوستان هیچ شتێک نییه‌ بڵێت ئه‌مه‌ مافی مناڵه‌و ئه‌مه‌ یاسای پاراستنی حورمه‌تی منداڵانه‌ ، له‌ کاتێکدا منداڵانی کوردوستان له‌م دۆزه‌خه‌دا ده‌ژێن ، هه‌ر ئه‌م کوردوستانه‌ بۆ ( سه‌رمایه‌دار و ده‌سه‌ڵاتداران ) بۆته‌ هێلانه‌ی خۆشبه‌ختی و پێکه‌وه‌نانی سامان و  هه‌ڵلوشینی  سه‌رچاوه‌ی ژیانی خه‌ڵک ، ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردوستان به‌جۆرێک منداڵانیان خستۆته‌ پشتی که‌نوی بێباکی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی خۆیانه‌وه‌  ئینسان به‌ته‌واوی هه‌ست به‌شه‌رمه‌زاری ئه‌کات ، هه‌موومان ڕۆژانه‌ ئه‌یبینین که‌ چۆن ده‌یان منداڵی نه‌خۆش و په‌که‌وته‌ له‌سه‌ر سایت و ماڵپه‌ڕه‌کان داوای هاوکاریان بۆ ده‌که‌ن و ئینساندۆستان و ئازادیخوازان ئاسانکاریان بۆ ده‌که‌ن ، بیهێنه‌ به‌رچاوی خۆتان ناوچه‌یه‌کی گه‌وره‌و فراوانی وه‌ک ( هه‌ڵه‌بجه‌ )و ده‌ووروبه‌ری ته‌نها  ( یه‌ک دکتۆری منداڵانی ) هه‌یه‌ ،( هه‌ڵه‌بجه‌ی ) دوای کیمیاباران که‌ هه‌تا ئێستاش (ساڵانه‌‌ چه‌ندین منداڵی که‌مئه‌ندام و نووقسانی لێدێته‌ دنیاوه‌ ) ، ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردوستان هه‌میشه‌ بۆ چاوبه‌ست و فریودانی خه‌ڵکی کوردوستان باسی ئه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ هۆکاری ئه‌م که‌م و کوڕیانه ‌( نه‌بوونی داهات و سنوردار بوونی ئیمکانیاتی حکومه‌ته‌ ) ده‌سه‌ڵاتداران کاتێک ئه‌م قسانه‌ ده‌که‌ن ، کاتێک کوردوستان وه‌ک واقیعی بانێکه‌و دوو هه‌وا پیشان ده‌ده‌ن ، ئینسان تووشی شۆک ده‌بێت و ده‌پرسێت باشه‌ بۆ ده‌بێت منداڵان به‌و شێوه‌یه‌ بژێن ؟ بۆچی ئه‌بێت منداڵان ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تێربن  ژیانیان له‌ناو بازگه‌و سه‌ربازگاکان و ناو هێزی چه‌کداردا به‌سه‌ربه‌رن و له‌به‌شه‌ خۆراکی ئه‌وان بخۆن ؟   له‌کاتێکدا کوردوستان بۆ چه‌ند که‌سێکی که‌م بۆته‌ مه‌یدانی بلۆک کردنی پاره‌و سه‌رمایه‌گوزاری ، بۆچی ئه‌بێت منداڵی ( چوار پێنج ) مانگی به‌چله‌ی زستان له‌باوه‌شی دایکدا سواڵ بکات ؟ له‌کاتێکدا بودجه‌ی کوردوستان (شه‌ش تریلۆن و حه‌وت سه‌دو حه‌فتاملیارو سێسه‌دو حه‌فتاونۆ ملیۆن و دووسه‌دو چل هه‌زار دیناره‌ ) ( ڕۆژنامه‌ ژماره‌ 205 ڕۆژی 23 / 4 / 2008 لاپه‌ڕه‌ی 15 ) ، کاتێک منداڵان هیچ سه‌رچاوه‌یه‌ک بۆ ژیانیان دابین ناکراوه‌  له‌داهاتی کۆمه‌ڵگا ، به‌ڵام  ( سه‌رۆکی حکومه‌ت و جێگری سه‌رۆک حکومه‌ت ته‌نها موچه‌ی مانگانه‌یان نۆ ملیۆن دیناره‌ ) ، کاتێک دایکێک بۆ دابین کردنی ژیانی کوله‌مه‌رگی منداڵه‌کانی ناچاره‌ زۆر به‌شه‌رمه‌وه‌ ده‌سته‌کانی بۆ خه‌رجیه‌کی که‌م به‌رز کاته‌وه‌ ، به‌ڵام هه‌ر له‌ولاوه‌ ته‌نها سه‌رمایه‌دارێک زیاتر له‌ ( 7000 تا 8000 )کرێکار و کارمه‌ندی هه‌یه‌ ، ئه‌م ناعه‌داله‌تیه‌ سه‌رچاوه‌ی کێشه‌و نه‌هامه‌تیه‌کانی ژیانه‌ ، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ژیانێکی شایسته‌و ئینسانی بۆ کۆمه‌ڵگا به‌گشتی و منداڵان به‌تایبه‌تی ده‌سته‌به‌ر بکه‌ین ، هه‌وڵ و خه‌باتمان بۆ  کۆمه‌ڵگای ئازادو یه‌کسان ده‌بێت یه‌کبخه‌ین و له‌ده‌وری شیعاری ( یه‌که‌م منداڵان کۆببینه‌وه‌ ) به‌ره‌و ژیانێکی ئارام و ئینسانی بۆ منداڵان   .
 
 
hidayat_malaali@yahoo.com
 28 / 5 / 2008
 تێبینی ( مێژووی وێنه‌که‌ هه‌ڵه‌یه‌ ، وێنه‌که‌ له‌ سه‌ره‌تای مانگی یه‌کی 2008 گیراوه‌ )
 

Previous
Next

Leave a Reply