
تارماییه‌كانی مه‌رگ …. زانا سامان
خه‌می قوڵی گێڕانه‌وه‌ی حیكایه‌تێك، ته‌واوی ڕۆژه‌كانی ناموراد كردووه‌و هه‌میشه به‌ده‌م داڵغه‌لێدانی نووسینه‌وه‌ی چیرۆكێكه‌وه ده‌كه‌وێته ناو زه‌مه‌نی گێڕانه‌وه‌یه‌كی ته‌سكه‌وه، هه‌ر له‌و شوێنه‌وه كه بیری به‌لای حیكایهتێكدا ده‌چوو وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر ئه‌م دنیایه‌وه نه‌بێت ، وه‌ها ده‌هاته پێشچاو…، دادگا له‌بیری ئه‌ودا باشترین شوێن بۆ گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتێكی له‌مێژینه، به‌ڵام ده‌ره‌قه‌ت نه‌هاتنی گێڕانه‌وه‌كه هێنده‌ی تر بێتاقه‌تی ده‌كرد، دواجار به بێهودهیهكی له‌ڕاده به‌ده‌ره‌وه، له‌سه‌ر كاغه‌زه‌كانی به‌رده‌می نووسی……
"دادگا" ئه‌و شوێنه‌یه، چیرۆك و ڕووداوه‌كانی ڕابردوو دهخوڵقێنێتهوهو هزرو بیری چه‌ند تاكێكی كۆمه‌ڵگه كه له هۆڵی دادگادا دانیشتوون به‌لای گێڕانه‌وه‌كاندا ڕاده‌كێشێت…
وایدههاته پێشچاو كه‌ئه‌وانه‌ی ده‌بنه شایه‌ت به‌سه‌ر ڕووداوه‌كانه‌وه، پێش هه‌ر كه‌سێك ده‌بنه حیكایه‌تخوان و له‌ڕێگه‌ی گێڕانه‌وه‌كانی ئه‌وانه‌وه، هه‌رچی له‌ناو هۆڵه‌كه‌دا دانیشتووه لهناخیادا چیرۆكه‌كه دروست ده‌بێته‌وه، به‌ڵام جیاوازییه‌كان ئه‌وه‌یه كهههریهكهو به‌پێی تێفكرینی خۆی چیرۆكه‌كه ده‌گێڕێته‌وه.
لای یه‌كێك له شایه‌ته‌كان… شوێنی ڕوودانی چیرۆكه‌كه له‌لای ماڵێكه‌وه بووه‌و لای شایه‌تێكی تریش له‌سه‌ر شهقامێكداو دانه‌یه‌كی تر له‌ناو كۆڵانێكدا…… ،
به‌و جۆره كه‌له دادگادا چه‌ندین شایه‌ت قسه له‌سه‌ر ڕووداوێكی به‌رده‌ستی دادوه‌ران ده‌كه‌ن و له‌لایه‌ن كه‌سایه‌تییه‌كانی دادگاوه گێڕانه‌وه‌كان وه‌رده‌گیرێن، تائه‌و كاته‌ی خوودی شایه‌تی ڕاسته‌قینه، كه‌ئه‌مه‌ش شێوازی گێڕانه‌وه‌كه ده‌بێت وه‌كو خۆی‌و به‌پێی سه‌لیقه‌یی قسه‌كردنی وا له دادوه‌ران بكات كه ڕووداوه‌كه به باشی بگێڕێته‌وه‌و كارێك بكات كه ڕاسته‌وخۆ به‌پێی یاساكانی به‌رده‌ستیان دادگایی كردنی تاوانباری ناو قه‌فه‌سی دادگا، دادگایی بكه‌ن.
له پێشچاوی ئه‌و،په‌سه‌ندكردنی چیرۆكه‌كه‌ی دادگا، وه‌ك ئه‌وه وایه كه چۆن له ڤیستیڤاڵێكی ئه‌ده‌بیدا، لیژنه‌یه‌ك ده‌بنه دادوه‌ر به‌سه‌ر په‌سه‌ندكردنی ئه‌و ده‌قه چیرۆكانه‌ی به‌مه‌به‌ستی پێشبڕكێ ده‌چێته به‌رده‌ستیان.
به‌ڵام پاش كه‌مێك تێڕامان له بیرۆكه‌كه‌ی، هه‌ڵوێسته‌یه‌كی دهكردو له بڕیاره‌كه‌ی په‌شیمان ده‌بوویه‌وه‌و ده‌یوت:
ئه‌وه‌ش خۆی له‌خۆیدا تاوانه كه‌من ده‌یكه‌م، ئاخر به چ پێوه‌رێك چیرۆكه واقیعییهكانی دادگا‌و به‌رده‌ستی دادوه‌ران له‌گه‌ڵ چیرۆكه خه‌یاڵییه‌كاندا هاوتا ده‌كه‌م، كه‌له فه‌نتازیای نووسه‌ره‌كانه‌وه خوڵقاونو خراونه‌ته سه‌ر په‌ڕه‌ی كاغه‌ز.
ئه‌و ده‌یتوانی ئه‌و بیرۆكانه‌ی كه به‌زه‌ینیدا دێن چیرۆكێكی باشیان لێ سازبكات، به‌ڵام هه‌رجاره‌ی بیركردنه‌وه‌یه‌ك و بازدان له خهیاڵێكهوه بۆ خه‌یاڵێكی تر هه‌میشه تووشی شۆكی ده‌كرد، شتێك كه ئه‌وی نه‌ده‌گه‌یانده هیچ ئامانجێك، په‌شیمانی و پاشگهزبوونهوهبوو له‌و بڕیار‌و بیرۆكانه‌ی به‌خه‌یاڵیدا ده‌هاتن.
ده‌بێت ئه‌مجاره واز له بیرۆكه‌ی خه‌یاڵكردنه‌وه له‌مه‌سه‌له‌ی دادگا نه‌هێنم، ئاخر چۆن ده‌بێت له‌خه‌یاڵ و بیركردنهوهیهكهوه بازبده‌م بۆ یه‌كێكی تر..!!
به‌لاتانه‌وه سه‌یر نه‌بێت كه ڕۆحیانه‌تی یه‌كێك لهكوژراوهكه ده‌بینم به‌ناو هۆڵی دادگادا ده‌سوڕێته‌وه‌و به‌شه‌رمه‌وه ته‌ماشای براكه‌ی ده‌كات و هه‌ناسه هه‌ڵده‌كێشێت، هه‌روه‌ها جار جاره‌ش ڕووی خۆی به‌ره‌و دادوه‌ر ده‌سوڕێنێت و ورته‌یه‌ك له‌ده‌می ده‌رده‌چێت، به‌س تێناگه‌م ده‌ڵێت چی….
ئه‌و مردووه….!! ڕه‌نگه مردووان به زمانێكی تر قسه بكه‌ن، دوور نییه هه‌ڵاتنی ئه‌وان له‌م سه‌ر زه‌وییه پۆخڵه‌دا، بۆ پاكبوونه‌وه نه‌بێت له‌هه‌موو تاوانێك و ته‌نانه‌ت ئه‌و زمانه دزێوه‌ی كه ڕۆژانه سه‌دان بوختان و درۆی پێده‌كه‌ین، بۆنا… هیچ شتێك له‌م وڵاته‌ی ئێمه‌دا مه‌حاڵ نییه…؟!
ئه‌و ده‌مه‌و به‌یانییه‌ی ده‌یویست بچێت بۆ جێژوانهكهیان و دڵداره‌كه‌ی ببینێت، به‌یانییه‌كی نامۆبوو به‌لایه‌وه، هه‌ر له‌خۆیه‌وه ترس له‌شی داگیر دهكردو ئاره‌قه به‌ناوچه‌وانیدا ده‌چۆڕایه خواره‌وه‌و ده‌یوت: واهه‌ست ده‌كه‌م شتێك ڕووبدات.. تۆ بڵێیت نه‌كه‌وتبێته داوی مه‌فره‌زه‌كانی پیاوانی ئاسایشی شاره‌وه‌و نهیانگرتبێت..؟؟
ئاخر هێشتا زۆری ماوه ڕۆژ ببێته‌وه‌و وا تێبگه‌ن كه پیاوێكی به‌دڕه‌وشت و خراپه‌كاره‌و بۆ دزیی یان هه‌ر كارێكی نامرۆڤانه به‌م ده‌مه‌و به‌یانییه هاتووه‌ته ئه‌م كۆڵانه‌وه.
تارماییه‌ك به‌به‌ر په‌نجه‌ره‌كه‌دا تێپه‌ڕی، تارماییه‌كی به‌سه‌رو سیما نه‌ناسراو، به‌بینینی ئه‌و تارماییه ئه‌وه‌ی به‌خه‌یاڵدا هات كه دڵداره‌كه‌ی هاتبێته نێو حه‌وشه‌كه‌وه، ترسی هاتنی دڵداره‌كه‌ی ئۆقره‌ی له‌به‌ر بڕیوو ده‌توت تووشی نه‌خۆشه ده‌روونی بووه هاتوچۆی به‌نێو مهتبهخهكهدا دهكردو هه‌موو جارێك كه ده‌گه‌یشته‌وه برده‌م په‌نجه‌ره‌كه به‌ده‌م خۆیه‌وه ئه‌یوت: " ئه‌ترسم هاتبێته حه‌وشه‌كه‌مانه‌وه..!!"
سه‌ری دنیای لێهاته‌وه یه‌ك و نه‌یده‌زانی چۆن ده‌رگا بكاته‌وه‌و بچێت بۆلای، پاش ماوه‌یه‌ك وه‌ستان له‌به‌ر په‌نجه‌ره‌ی مهتبهخهكهدا، له‌تاو ترسی بینینی تارماییه‌كه سه‌راپای گیانی دهلهرزیو هه‌ر زۆر زۆر به‌ترسه‌وه به هێواشی ده‌سكی ده‌رگاكه‌ی گرت و كردیه‌وه‌و به ترس و له‌رزه‌وه چووه حه‌وشه‌كه‌وه، دوای چاو خشانێكی زۆر به حه‌وشه‌كه‌یاندا هیچی نه‌بینی… هیچ كه‌س و بوونه‌وه‌رێك له‌نێو حه‌وشه‌كه‌دا نه‌بوو..!!، به‌خۆی وت ))بێگومان ترساوم بۆیه ئه‌و تارماییه‌م هاته به‌رچاو))، دواتر ده‌رگای سه‌ر كۆڵانی كرده‌وه‌و به‌هێواشی چووه ده‌ره‌وه‌و له‌پاش خۆی ده‌رگاكه‌ی پێوه‌دا.
ئه‌و له‌وێبوو… له‌سه‌رسوچی كۆڵانهكهو له‌ته‌نیشت به‌رمیلی زبڵه‌كه‌وه له‌به‌ر كزه‌بای ده‌مه‌و به‌یان خۆی گرمۆڵه كردبوو، به‌ده‌ركه‌وتنی دۆسته‌كه‌ی، گه‌رمی هاته‌وه بهلهشیداو ڕووه‌و لای ڕۆیشت، به‌گه‌رم و گوڕییه‌كی به‌تین و بهبێدهنگییهكی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر، باوه‌شیان به‌یه‌كدا كرد‌و چه‌ند ماچێكیان گۆڕییه‌وه‌و كه‌وتنه قسه‌كردن، له‌ناكاو كچه‌كه وتی: ((ئائه‌وه‌تا ئه‌وه خۆیه‌تی))، كوڕه‌كه به بیستنی ئه‌و قسه‌یه یه‌كسه‌ر له‌جێی خۆی دانیشتوو له‌ترساندا ئه‌ژنۆی شكاو به پچڕ پچڕی به‌كچه‌كه‌ی وت)) چی….. ئه‌وه…. خۆیه‌تی..؟؟))
– تارماییه‌كه..!!
– تارمایی چی، تۆباسی چی ده‌كه‌یت..؟!، ئه‌م كۆڵانه له‌من و تۆ زیاتر كه‌سی تری تێدا نییه، بڕوابكه له‌كاتێكی زۆر باش‌دا هاتیته ده‌ره‌وه، چه‌ند خوله‌كێك پێش تۆ مجێورهكه له مزگه‌وت گه‌ڕایه‌وه‌و چووه ماڵه‌وه‌و له‌دوای خۆی ده‌رگای ماڵه‌كه‌ی داخست، ئه‌و منی نه‌بینی.. چونكه له‌تاو كزه‌ی سه‌رما به‌ته‌واوی خۆی گرمۆڵه كردبوو، به‌ڵام من له ههنگاوهكانیم ده‌ڕوانی كه ده‌توت به‌زۆر ناردویانه بۆ بانگدان و نوێژكردن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به بێزارییه‌كی زۆره‌وه قاچی به زه‌وییدا ده‌خشاند.
– نا… به‌رله‌وه‌ی له‌ماڵ بێمه ده‌ره‌وه، تارماییه‌ك به‌به‌ر په‌نجه‌ره‌ی مهتبهخهكهماندا تێپه‌ڕی و واقم وڕماو وامزانی تۆی..؟؟!!
– به‌هه‌ر حاڵ واز له‌م قسانه بێنه… هیچ نییه ترساویت…؟؟!!. كوڕه ئه‌مه‌ی وتوو ده‌ستیان كرده‌وه به‌قسه‌كردن و ئاوێته به‌دنیای ئه‌وینداری خۆیان بوونه‌وه، گه‌ر له‌دووره‌وه ته‌ماشات بكردنایه واتدههاته پێشچاو كه تاكه كه‌سێكه وه‌ستاوه، هێند به په‌رۆشه‌وه باوه‌شیان به‌یه‌كدا كردبوو، ده‌توت دووگیانن له‌یه‌ك جه‌سته‌دا.
تارماییه‌كه یه‌ك دوو جاری‌تر هاته‌وه پێشچاوی كچه‌كه، به‌ڵام له‌به‌ر دڵخوازه‌كه‌ی خۆی ڕاگرت و هیچی نه‌وت،ده‌مه‌و به‌یانی .. كزه‌ی به‌ره به‌یان.. ئه‌مانه جیاوازن، چونكه سپێده له‌پێش ئه‌وانه‌وه‌بوو.
بۆ ماڵئاوایی كردن له‌یه‌ك و هه‌ر یه‌كه‌و گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵی خۆی، كوڕه‌كه به په‌رۆشییه‌كی زۆره‌وه توند باوه‌شی بهكچهكهدا كردوه‌و چه‌ند ماچێكی تریان گۆڕیه‌وه، ئالێره‌دا ده‌نگی ته‌قاندنی ڕیزێك گووله‌و له‌خوێن گه‌وزاندنی كوڕ‌و كچه‌كه له‌و به‌ره به‌یانه‌دا، بێده‌نگی سپێده‌ی شڵه‌قاند.
سه‌یره … به‌لای منه‌وه زۆر سه‌یره، مه‌راقی هه‌میشه‌یی من ئه‌وه‌یه كه ده‌مویست ڕۆحیانه‌تی كوڕه‌كه‌ش بهێنمه بۆ ناو هۆڵی دادگا، ئه‌و هۆكارانه‌یه كه نایه‌ڵێت بگه‌مه كۆتایی هیچ ئامانجی نووسینێكم، سه‌یره‌كه له‌وه‌دایه كه هه‌موو بیرۆكه‌كان به شێواوی له خه‌یاڵمدا كه‌ڵه‌كه ده‌بن،ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێت وا ده‌رناچێت، هه‌ست ده‌كه‌م كه‌سێك هه‌یه خه‌یاڵه‌كانم ده‌شڵه‌قێنێت، چه‌ند له‌لام بووه‌ته ئه‌سه‌ف كه ڕۆحیانه‌تی كوڕه‌كه‌م بۆ نه‌هاته ناو هۆڵی دادگاكه‌وه، ئاخر هه‌ر هیچ نه‌بێت به‌خاتری ئه‌وه‌ی كه به‌چاوی خۆی ببینێت جهللادهكهیان، چۆن له قه‌فه‌سی یاسادا ملی شۆڕكرووهتهوهو ویژدانی تنۆك تنۆك داده‌چۆڕێته سه‌ر زه‌وی هۆڵه‌كه‌و ته‌نانه‌ت ناتوانێت به چه‌ند قسه‌یه‌كی كه‌میش بێت به‌ره‌نگایی له‌خۆی بكات و پاكانه بۆخۆی بهێنێته‌وه، وه‌ك هه‌موو ئه‌و تاوانبارانه‌ی له‌كاتی دادگایی كردن‌دا پاكانه‌ی نابه‌جێ بۆ خۆیان ده‌هێننه‌وه
خوێنه‌رانی ئازیزی ئه‌م چیرۆكه…. تكاتان لێده‌كه‌م كه بمبورن ئه‌وه‌تا به‌بێ خواستی من و له‌ده‌ره‌وه‌ی خه‌یاڵ و گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م چیرۆكه‌وه برادهرهرێك هاتووه‌و به‌نیازه چیرۆكه‌كه ببات بۆ خۆی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌یه‌وێت هه‌موو فكره‌و خه‌یاڵه‌كانی منیش ونبكات و له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌ی كه نازانم به‌و خێراییه ئه‌و كه‌سه چۆن ده‌ركه‌وت و ئێستاش به‌نیازه به‌ناوی خۆیه‌وه ئه‌م چیرۆكه بنێرێت بۆ ڤیستڤاڵێكی ئه‌ده‌بیی،
ئه‌و براده‌ره پێیوایه كه من مه‌خلوقێكی خۆیم و ده‌توانێت ئه‌گه‌ر زۆر له‌سه‌ریشی بڕۆم خۆشم وه‌كو هه‌ردوو عاشقه‌كه به‌كوشت بدات، با ئه‌وه‌م له‌گه‌ڵدا بكات قه‌یچێكه، به‌س ئه‌م براده‌ره نازانێت كه خۆیشی بووه به‌یه‌كێك له تارماییه‌كان و حه‌زو ئاواتی كه‌سانی تر ده‌كوژێت و ده‌سڕێته‌وه، دواجار داوا له خوێنه‌رانی ئه‌م چیرۆكه ده‌كه‌م كه ببنه دادوه‌ر به‌سه‌ر ئه‌م چیرۆكهوهو بڕیاری ئه‌وه بده‌ن كه ئاخۆ كاممان خاوه‌نی چیرۆكهكهین، چونكه له‌به‌ر دووانی وه‌ك ئه‌م براده‌ره‌یه كه ئێمه ده‌بێت هه‌میشه ماف خوراوبین، ئه‌م جۆره خه‌ڵكانه ئه‌وانه‌ن كه‌وه‌ك تارماییه‌كانی مه‌رگ دێنه به‌رچاومان و پاشان ونمان ده‌كه‌ن
ده‌زانم ئه‌و براده‌ره هه‌ر ونم ده‌كات، چونكه گوێ به‌قسه‌كانی ناده‌م و گرنگیش نییه به‌لامه‌وه چیم لێده‌كات یان نا بۆیه ده‌ڵێم، تكایه.. تكایه منتان له‌یاد نه‌چێت…. هه‌مووتانم خۆشده‌وێت خوێنه‌رانی ئه‌م چیرۆكه…………. هه‌مووتان.