
بـه‌ره‌و ئـاشـــتیهكی ئـه‌بـه‌دیی
بـهرایــی
كتێبی (به‌ره‌و ئاشتییه‌كی ئه‌به‌دیی) ی ئیمانوێل كانت كه ساڵی 1775 له‌شاری كۆنیگسبێرگ نوسیویه‌تی، ره‌نگدانه‌وه‌و سه‌دای ئه‌و ئایدیا‌و ترس‌وله‌رزو تۆقینهیه كه بۆ ماوه‌ی ساڵانێكی درێژ پاش جه‌نگێكی وێرانكه‌ری نێوان بروسیاو كۆنسه‌رڤاتیڤه ئه‌وروپیه‌كان لهلایهكو نێوانی كۆماری فه‌ره‌نسا له‌لایه‌كی دیكه‌وه به‌رده‌وامبوو.
ئه‌و كات ته‌واوی خه‌ڵكی خه‌ونیان بهئاشتیهوه ده‌بینی، ئه‌وروپاش به‌ده‌ست جه‌نگه‌وه ده‌یناڵاندو داڕمابوو. راسته كتێبه‌كه له‌دژی ئه‌و جه‌نگه نوسرا، به‌ڵام به‌دیوێكی دیكه‌شدا به‌بۆنه‌ی سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی فه‌ره‌نسیه‌وه بوو به‌سه‌ر كۆنسه‌رڤاتیڤه پادشاییهتیهكاندا.
یه‌كێك له‌دراوسێكانی ده‌یگێڕێته‌وه كه رۆژێك كانتیان له‌شه‌قامه‌كانی شاردا بینیوه هاتوچۆیكردوه، له‌و رۆژه‌دا كه شاری كۆنیگسبێرگ له‌پاریس ده‌گاته جاڕدانی ئه‌و یاسایانه‌ی كه شۆڕشی فه‌ره‌نسی دایڕشتونو كردونیهته ده‌ستور.
كانت له‌سه‌ركه‌وتنی سیستمی كۆمارییدا، سه‌ركه‌وتنی ئایدیاكانی خۆی بینیه‌وه، وه‌ك چۆن هه‌نگاوێكی تایبهتیو جه‌وهه‌ریشی له‌مێژووی مرۆیی‌دا به‌ره‌و پێشه‌وه بینی. ئه‌م كتێبه‌ی كانت ته‌عبیر بوو له‌به‌هاكانی شۆڕشی نوێ، كه له‌ئازادی‌و یه‌كسانی‌و برایه‌تیدا بهرجهستهدهبوونو رهنگیاندهدایهوه، هه‌ره‌وه‌ها ته‌واو ناكۆكیش بوون به‌حوكمه ناسیۆنالییه پێشوه‌خته‌كان. وه‌ك "مانفێرد كۆن" یش له‌كتێبه‌كه‌یدا (بیۆگرافیای كانت) ده‌ڵێت: كانت هاوڵاتییه‌كی بروسی نه‌بوو، به‌ڵكو هاوڵاتییه‌كی جیهانی بوو، خه‌ونی بهمرۆڤایهتییهكهوه ده‌بینی كه به‌ئاشتی دهژیو ئه‌قڵ فه‌رمانڕه‌وایه‌تی ده‌كات.
ئامانجی كانت تێپه‌ڕاندنی ئه‌و یاسا كلاسیكیهیه كه كۆنترۆڵی په‌یوه‌ندی نێوان ده‌وڵه‌ته‌كانی كردووه، به‌مه‌به‌ستی دامه‌زراندنی یاسایه‌كی جیهانی. به‌م هه‌وڵه‌یشی رێگا بۆ دامه‌زراندنی جۆرێك له‌ئایینی مه‌ده‌نی خۆشده‌كات، یان جۆرێك لهئایدیالیزمی سیاسی كه ئه‌ویش بۆ خۆی بهردهوامیو پراكتیزه‌كردنێكی واقیعیانه‌ی ئایدیالیزمه مۆراڵیو ترانسێندنتالیهكهیهتی.
1ـ فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی كانت ئه‌و چه‌مكه باوه‌ی تێپه‌ڕاندووه كه ئاشتی كورتده‌كاته‌وه بۆ بوونی په‌یمانێك له‌نێوان دوو ده‌وڵه‌ت یان زیاتردا. له‌تێڕوانینی كانتدا ئاشتی پرۆژه‌یه‌كه دوورهمهودا، یان نمونه‌و ئامانجێكه كه ده‌بێت به‌دیبهێنرێت. ئه‌و كاته‌ش ئاشتی دێته دی كه مرۆڤـ گهشهیكردبێتو گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتبێت. گرنگیهكهی كانت له‌وه‌دایه كه بنه‌مایه‌كی یاسایی ده‌به‌خشێته ئاشتی، به‌و ئامانجه‌ی كه ئه‌گه‌ری هه‌ڵگیرسانی جه‌نگ بكاته شتێكی مه‌حاڵ. هه‌ر بۆیه ئه‌و جیاوازی ده‌كات له‌نێوان دوو جۆر له‌ئاشتیدا:
یه‌كه‌م: ئاشتی وه‌ك په‌یمانێكی مێژوویی، په‌یوه‌ست بهچركهساتێكی مێژوویی دیاریكراوه كه سنور بۆ جه‌نگێكی هه‌ڵگیرساو دادهنێتو ته‌نها حه‌وانه‌وه‌و پشوویه‌كی كورتی جه‌نگاوه‌ره‌كانه، به‌بێئه‌وه‌ی بهیهكجارییو بۆ هه‌تاهه‌تایه خێوی جه‌نگ لهگیانو جه‌سته‌مان دهربكاتو دووربخاته‌وه.
دووه‌م: ئاشتیه‌كی ئه‌به‌دیی.
2ـ ئه‌گه‌ر هۆبس وه‌ك جه‌نگێكی به‌رده‌وام ده‌ڕوانێته سروشت‌و وه‌ك چه‌مكێكی سروشتییش ده‌ڕوانێته جه‌نگ، هه‌روه‌ها وه‌ك گورگێگ ده‌ڕوانێته مرۆڤ بۆ براكه‌ی خۆی له‌دۆخی سروشتی‌دا، هه‌ر بۆیه شیاوترین رێگه بۆ تێپه‌ڕاندنی سروشت‌و جه‌نگیش بریتیه له‌بونیادنانی ده‌وڵه‌ت، ئه‌گه‌ر رۆسۆیش به‌پێچه‌وانه‌وه‌ی تێڕوانینه‌كه‌ی هۆبسهوه مرۆڤـ له‌دۆخی سروشتی‌دا بهپاكو بێگوناه پێناسهدهكاتو وه‌ك چه‌مكێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ـ نه‌وه‌ك سروشتی ـ ده‌ڕوانێته جه‌نگ، چونكه پێیوایه مرۆڤه‌كان له‌دۆخی سروشتی‌دا دژایه‌تی یه‌كتری ده‌كه‌ن، به‌ڵام جه‌نگ بهرپاناكهن، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ی كه ئه‌وه كۆمه‌ڵگه‌یه مرۆڤی گه‌نده‌ڵ كردووه‌و خودپهرستیو كێبه‌ركێ‌و دوژمنایه‌تی تێدا چاندووه، ئه‌وا كانتیش تاڕاده‌یه‌كی زۆر هاوڕای هۆبسه، چونكه پێی وایه ته‌نها ڕێگه‌یه‌ك بۆ سهپاندنو سه‌قامگیربوونی ئاشتی بریتیه له‌نوسینه‌وه‌ی ده‌ستورو داڕشتنی یاسا.
3ـ به‌بڕوای كانت ئه‌وه‌ی كه له‌جه‌نگه‌كان ده‌كه‌وێته‌وه، ته‌نها زیانێكی ئابووری‌و مرۆیی گه‌وره‌یه، هه‌ر بۆیه بانگه‌شه بۆ وازهێنانو ده‌ستهه‌ڵگرتن لهسوپاكان ده‌كات. جه‌نگ مرۆڤـ له‌مافه سه‌ره‌كیه‌كانی خۆی بێبهشو مهحرومدهكات، بهردهوامبوونو مانه‌وه‌ی سوپاكانیش ته‌نها هه‌ڕه‌شه نین بۆ سه‌ر ئاشتی، به‌ڵكو له‌نرخ‌و به‌های مرۆڤیش كه‌مده‌كه‌نه‌وه. به‌ڕای ئه‌و پێویسته واز له‌و په‌یوه‌ندییانه بهێنین كه له‌سه‌ر بنه‌مای هێز دامهزراونو روو بكه‌ینه په‌یوه‌ندیه یاساییه‌كان، هه‌روه‌ك رۆسۆیش ده‌ڵێت: ((هێز یاسا نییه)). یاسا شتێكه مۆراڵئامێز، به‌ڵام هێز سروشتییه. ته‌نها شتێك كه هێز له‌ده‌ستی بێت بیكات دروستكردنی په‌یوه‌ندی كۆیلایه‌تییه، به‌ڵام یاسا له‌توانایدایه‌و له‌باره بۆ خوڵقاندن‌و دروستكردنی په‌یوه‌ندی نێوان میلله‌تان له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌كسانی.
كانت بانگه‌شه بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و شته ده‌كات كه پێی ده‌ڵێن ((ماكیاڤیللیزمی سیاسی))، واته ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت (هێز) ده‌خاته سه‌روی مۆراڵه‌وه. به‌مانایه‌كی دی، كانت بانگه‌شه بۆ هاوپهیمانێتیو هاوسه‌رێتی ده‌كات له‌نێوان سیاسهتو مۆراڵدا.
4ـ پاش خوێندنه‌وه‌و باسكردنی ته‌واوی سیستمه سیاسیه‌كانی فیكری مرۆیی، كانت پێیوایه ته‌نها سیستمی كۆماریی ـ كه له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوری پاراستنی ماف‌و سه‌ربه‌خۆیی هه‌موو هاوڵاتیان دامه‌زراوه ـ گه‌رانتییه بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و ئاشتییه ئهبهدیو هه‌تاهه‌تاییه. چونكه له‌سایه‌ی سیستمی كۆمارییدا، یه‌كسانی له‌نێوانی هاوڵاتیاندا دێته‌دی‌و ده‌سته‌به‌رده‌بێت، ته‌واو هاوشێوه‌ی ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ی كه رۆسۆ له‌په‌یمانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا به‌رگری لێ‌كرد. ئایدیاڵترین سیستمی سیاسیش ئه‌و سیستمه‌یه كه ده‌توانێت ئازادی مرۆیی به‌دیبهێنێت.
5ـ كانت بانگه‌شه بۆ دروستكردنی جۆرێك لهفیدراڵیزمی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كات له‌نێوان ئه‌و ده‌وڵه‌ته سه‌ربه‌خۆیانه‌دا كه رێز له‌مافی مرۆڤـ دهگرنو كار بۆ وه‌دیهێنانی ئاشتییه‌كی جیهانی ده‌كه‌ن. چونكه ده‌وڵه‌ته‌كان له‌نێو خۆیاندا هاوشێوه‌ی تاكه‌كانن له‌دۆخی سروشتی‌دا، به‌ر له گهشهكردنو په‌ره‌سه‌ندیان به‌ره‌و په‌یمانی كۆمه‌ڵایه‌تی.
ئازادی سروشتی له‌سه‌ر بنه‌مای هێز دروستده‌بێت، به‌ڵام ئازادی ژیارییو مه‌ده‌نی له‌سه‌ر بنه‌مای یاسا. پێویسته بیرۆكه‌ی فیدراڵیزم هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌كان بگرێته‌وه، تاوه‌كو ئاشتی جیهانیی سه‌قامگیر بێت‌و بچه‌سپێت.
6ـ پێویسته له‌سه‌ر مێژوویش ئیش بۆ ئه‌وه بكات كه ئاشتی ببێته شتێكی شیاو. پێویسته له‌سه‌ر مێـژوو پێشبكه‌وێت، هه‌روه‌ها پێویسته سروشتیش كۆمهكیبكات. چونكه داینه‌مۆی سه‌ره‌كی مێـژوو ئابووری نیه به‌و شێوه‌یه‌ی كه لای ماركس ده‌یبینین، وه هه‌روه‌ها ئه‌قڵیش نیه، به‌ڵكو سروشته.
هه‌ر یه‌ك له‌ئه‌نتۆنیۆ گرامشی له (ده‌فته‌ره‌كانی زیندان) و میشیل فۆكۆ له (ئاركیۆلۆژیای مه‌عریفه) دا ره‌خنه‌یان لهمیكانیكیبوونو قهدهرسالاری فه‌لسه‌فه‌ی مێژووی كانتیزمو تێڕوانینه ساویلكهكهی بۆ پێشكه‌وتن گرتوه، تێڕوانینێك كه له‌لای زۆرربه‌ی فه‌یله‌سوفانی رۆشنگه‌ری ده‌یبینین. ئه‌وه‌ی كه له‌م ره‌وته‌دا گرنگ‌و سه‌ره‌كیه، په‌رده‌هه‌ڵماڵینه له‌سه‌ر رووی هه‌ندێك له‌و وه‌همانه‌ی كه لكاون بهچهمكهكهی كانته‌وه بۆ ئاشتی، له‌وانه‌ش بڵاوبوونه‌وه‌ی بازرگانی وه‌ك دانانی سنورێك بۆ جه‌نگ. چونكه مێژووی مرۆیی ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه ده‌سه‌لمێنێت. یان ئه‌و ئایدیای كه پێیوایه بڵاوبوونه‌وه‌ی دیموكراسی مانای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئاشتی دهگهیهنێتو جه‌نگیش وه‌ك زمانحاڵی سیستمه پادشایه‌تیه بۆماوهییو ئهریستۆكراتیهكان ده‌مێنێته‌وه. ئه‌وه‌تا له‌مڕۆدا ده‌یبینین كه سیستمه دیموكراسیه‌كان جه‌نگ به‌رپاده‌كه‌ن، زۆربه‌ی كاتیش له‌پێناوی هه‌ندێك مه‌به‌ستدا كه ته‌واو ناكۆكن به‌دیموكراسی، ئه‌مه سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه دامه‌زراندنی یاسایه‌كی جیهانیو ده‌زگایه‌كی جیهانی بۆ پاراستنی ئاشتی له‌جیهاندا (نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆنمونه) نه‌یتوانی رێ له‌جه‌نگ بگرێت‌و سنوورێكی بۆ دابنێت، به‌ڵكو چه‌ندین جار به‌ناوی یاسا خۆیشیه‌وه جه‌نگ هه‌ڵگیرسێنراوه. دواجار، پێویسته ئاشتیش وه‌ك جه‌نگ كۆمه‌ڵێك سنووری بۆ دابنرێت. چونكه ده‌سته‌پاچه‌یی وه‌ستان له‌به‌رامبه‌ر قه‌سابخانه‌كانی میلله‌تانی دیكه‌دا، له‌جه‌نگ مه‌ترسیدارترو خراپتره. كه‌واته مۆراڵ ته‌نها په‌یوه‌ندی بهئاشتییهوه نیه، به‌ڵكو له‌هه‌ندێك حاڵه‌تدا جه‌نگ زۆر مۆراڵئامێزتره له‌و ئاشتییه نێگه‌تیڤه‌ی كه وه‌ك بینه‌رێك له‌سه‌ر شانۆی شه‌ڕ دانیشتوه‌و ته‌نها ته‌ماشای خوێن‌و كاره‌ساته‌كان ده‌كات.
بێگومان كانت به‌چه‌ندین سه‌ده پێش ئه‌و شته كه‌وتوه كه له‌مڕۆدا نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان به‌ده‌ستیهێناوه. به‌ڵام زۆربه‌ی زۆری ئه‌و شتانه‌ی كه باسیكردنو رێ‌و شوێنه‌كانی وهدیهێنانیانی رونكرده‌وه‌و پێناسه‌كرد، سنورێكیان بۆ جه‌نگ دانه‌نا، هه‌روه‌ها ئه‌و ئاشتییه ئهبهدییهشیان به‌دینه‌هێنا، چونكه رۆڵی فاكته‌ره ئابوری‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئایدیۆلۆژییه‌كانی پشتگوێخستبوو. له‌م كاره‌شیدا، كانت ته‌واو هه‌ماهه‌نگ بوو له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه ئایدیاڵهكهیدا كه واقیع ملكه‌چی ئه‌قڵ دهكاتو مێژووش له‌ناو تیۆره‌دا دیل ده‌كات. ئه‌و له‌یادی چوو بوو كه ((دره‌ختی ژیان سه‌وزه، به‌ڵام تیۆره خۆڵه‌مێشییه)) هه‌روه‌ك گۆته ده‌ڵێت.وه‌رگێڕی عه‌ره‌بی
به‌شی یه‌كه‌م له‌كتێبـی:
بـه‌ره‌و ئاشــتیهكـی ئـهبـهدیـی
پـڕۆژهیـهكی فهلسـهفی
((به‌ره‌و ئاشتییه‌كی ئه‌به‌دیی))، داخۆ ئه‌م دروشمه كۆمیدیه‌ی كه خاوه‌ن هۆتێلێكی هۆڵه‌ندی له‌سه‌ر لافیته‌یه‌ك له‌ژێر وێنه‌ی گۆڕستانێكدا نوسیبوویو وه‌ك ئاڵایه‌ك به‌سه‌ر دوكانه‌كه‌یه‌وه ده‌شه‌كایه‌وه، هه‌روا شتێك بوو ئاڕاسته‌ی خه‌ڵكی كرابوو به‌گشتی، یان تایبه‌ت بوو به‌و فه‌رمانڕه‌وایانه‌ی كه تێر له‌جه‌نگه‌كان ناخۆن، وه یان ته‌نها بۆ ئه‌و فه‌یله‌سوفانه‌ی كه خاوه‌ن خه‌ونێكی قه‌شه‌نگی له‌و جۆره‌ن؟
نوسه‌ری ئه‌م كتێبه مه‌رجێكی هه‌یه بۆ پیاوی ده‌وڵه‌ت، كه زۆر لوتبه‌رزانه‌و به‌جۆرێك لهغرورهوه بیریاری تیۆریی بهزۆرهبڵێو بێ‌مانا تاوانبار ده‌كات، به‌و پێیه‌ی كه گوایه بیروڕا وشكه‌كانی هیچ سودێكیان بۆ ده‌وڵه‌ت نیه، به‌ڵكو ته‌واو به‌پێچه‌وانه‌وه، پێویسته ئایدیاكانی له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و پره‌نسیپانه دامه‌زرابێت كه لهئهزمونهوه سه‌رچاوه‌یان گرتوه‌و وه‌رگیراون، هه‌روه‌ها پێیشی وایه كه بیریار هیچ نیه جگه له گه‌مه‌كه‌رێكی ناشایسته‌و بێئهزموونو شاره‌زایانی ده‌وڵه‌ت هیچ پێویستیه‌كیان به بوونیان نیه‌و نه‌بوونیشیان هیچ زیانێك به‌ده‌وڵه‌ت ناگه‌یه‌نێت، پێویسته ئه‌و پیاوی ده‌وڵه‌ته به‌پێی ئه‌م بنه‌مایه كاربكات، ته‌نانه‌ت له‌و چركهساتهشدا كه ده‌بینێت له‌م كتێبه‌دا بیروڕاو ئایدیاگه‌لێكی زۆر هه‌ن كه ته‌واو ناكۆكن به بیروڕاو ئایدیاكانی ئه‌و، گومان‌و ترسی ئه‌وه‌ی نه‌بێت كه ئه‌م جۆره بیروڕا بوێر‌و رون‌و ئاشكرایانه ده‌بنه مایه‌ی زیان‌و مه‌ترسی بۆ ده‌وڵه‌ت. هه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و مه‌رجه‌ش، نوسه‌ر ده‌یه‌وێت به‌باشترین شێوه‌و زۆر راشكاوانه، خۆی له‌هه‌موو لێكدانه‌وه‌و راڤه‌كردنێك بپارێزێت كه مه‌به‌سته‌كه‌ی شێواندنه.بڕگه‌ی یه‌كه‌م:
كه ئه‌میش به‌نده سه‌ره‌كیه‌كانی ئاشتیه‌كی ئه‌به‌دیی نێوان ده‌وڵه‌ته‌كان ده‌گرێته‌خۆ:
1ـ "ناكرێت هیچ په‌یماننامه‌یه‌كی ئاشتی بهئاشتیهكی هه‌میشه‌یی دابنرێت، گه‌ر لهناوهرۆكیدا بڕێك پرۆسه‌ی دهمپاراستنی نهێنی بگرێته‌خۆ، كه ره‌نگه ببێته مایه‌ی سه‌رله‌نوێ هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی جه‌نگ".
ئه‌و جۆره په‌یماننامانه ئاشتی نین، به‌ڵكو ته‌نها وه‌ستاندنی شه‌ڕن، ته‌نها دواخستنی كاره دوژمنكارییهكانن. چونكه ئاشتی مانای كۆتاییهاتنی ئه‌و كارانه‌یه. هه‌ر بۆیه به‌خشینی سیفه‌تی هه‌میشه‌یی به‌و جۆره په‌یماننامه‌یه یه‌كپارچه بێماناییه. پێویسته په‌یماننامه‌ی ئاشتی هه‌موو ئه‌و هۆكاره زانراوو نه‌زانراوانه له‌ناوبه‌رێت كه ده‌بنه مایه‌ی هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگ له‌نێوان ده‌سته‌و گروپه دژ به‌یه‌كه‌كاندا، وه‌ك چۆن ده‌بێت زۆر زیره‌كانه له‌ئه‌رشیفی دیبلۆماسیه‌تی دهوڵهتهكانیشی دوور بخاته‌وه. هێشتنه‌وه‌و حه‌شاردانی ره‌خنه‌و سه‌رنجه كۆنه‌كان ـ كه ته‌نها لاوازیی گروپه دژ به‌یه‌كه‌كان وایكردووه دوایبخه‌ن تاوه‌كو لهههلومهرجو ده‌رفه‌ته رهخساوهكاندا بیخه‌نه‌وه به‌ر باس ـ خۆی جۆرێكه له دهمپاراستنێكی شاراوه ، زاده‌ی ده‌یجوره شاراوه‌كانی ئارامیی‌و دڵنیایی یه‌سوعی. مایه‌ی شه‌رمه گه‌ر فهرمانڕهواكانو وهزیرهكانیشیان دوای ئه‌و جۆره ته‌كنیكه بوغزاوییانه بكه‌ون. وا بزانم ئه‌مه رای هه‌موو مرۆڤێكیشه.
به‌ڵام گه‌ر پره‌نسیپه‌كانی حیكمه‌تی سیاسی رۆشنگه‌رانه گهورهییو مه‌زنیی ده‌وڵه‌تی به‌سته‌وه به گه‌شه‌یه‌كی به‌رده‌وامی بواری ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یه‌وه، جا به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت، ئه‌وكات هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كه‌م پوچهڵدهبێتهوهو ده‌بێته بێماناییهكی سكۆلاستی رووت.2ـ "هه‌رگیز هیچ ده‌وڵه‌تێك بۆی نیه له‌سه‌ر بنه‌مای میراتی، یان كڕین، یان بهخشینو دیاری بیه‌وێت ببێته خاوه‌نی ده‌وڵه‌تێكی دیكه، جا ئه‌و ده‌وڵه‌ته گه‌وره بێت یان بچوك".
بێگومان ده‌وڵه‌ت (وه‌ك ئه‌و زه‌وییه‌ی كه له‌سه‌ری داده‌مه‌زرێنرێت) میراتی نیه، به‌ڵكو بریتیه له‌كۆمه‌ڵێك مرۆڤـ كه جگه له‌خۆیان، هیچ كه‌سێكی دیكه بۆی نیه فه‌رمانڕه‌وایه‌تیان بكات‌و ده‌ست لهكاروبارهكانیانهوه وه‌ربدات. ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی خۆی وه‌ك بنه‌ماڵه‌یه‌كی خاوه‌ن ره‌گوڕیشه‌یه‌كی تایبه‌ت وێناده‌كات، كاتێك ده‌یه‌وێت وه‌ك چۆن پارویه‌ك قوتده‌دات هه‌ر وایش ده‌وڵه‌تێكی دیكه بخاته ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیه‌وه، ئه‌وا به‌و كاره‌ی بوونی ئه‌و ده‌وڵه‌ته وه‌ك كه‌سایه‌تیه‌كی مۆراڵی ره‌تده‌كاته‌وه‌و ده‌یكاته شتێك. ئه‌مه‌ش ته‌واو ناكۆكه به‌و ئایدیا بنه‌ڕه‌تیه‌ی كه به‌بێ بوونی، ناتوانین وێنای مافی فه‌رمانڕه‌وایه‌تیه‌ك لهفهرمانڕهوایهتیهكان بكه‌ین . دیاره هه‌موو كه‌سێك ده‌رك به‌و مه‌ترسیانه ده‌كات كه ئه‌وروپا به‌درێژایی مێژوو ـ وه تاوه‌كو ئێستاش ـ توشی بووه، به‌هۆی جۆرێك له‌حوكمی پێشوه‌خته‌وه، یان له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و ئایدیایه‌ی باوه‌ڕی به‌ئه‌گه‌ری هاوسه‌رێتی هه‌یه له‌نێوان ده‌وڵه‌ته‌كاندا، مه‌ترسیه‌ك كه هیچ شوێنێكی دیكه له‌ناوچه‌كانی دیكه‌ی جیهان روبه‌روی نه‌بۆته‌وه. ئه‌وه جۆرێكی تازه‌یه له‌پیشه‌سازی كه ده‌وڵه‌ت لهڕێگهیهوهو به‌هۆی كۆمه‌ڵێك په‌یمانی خێزانیه‌وه، وه هه‌روه‌ها به‌بێ به‌كارهێنانی هیچ جۆره هێزێك، هێزێكی دیكه به‌ده‌ست ده‌خات، یان بواری ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی به‌رفراوان ده‌كات.
له‌م نێوه‌نده‌شدا، هیچ ده‌وڵه‌تێك بۆی نیه جڵه‌وی سوپاكه‌ی بخاته ژێر كۆنترۆڵی هیچ ده‌وڵه‌تێكی دیكه‌وه‌و له‌دژی دو‌ژمنێك بجه‌نگێت كه دوژمنی هاوبه‌شی هه‌ردووكیان نیه، چونكه ئه‌م شێوه ره‌فتارو مامه‌ڵه‌كردنه له‌گه‌ڵ دانیشتوانه‌كه‌یدا، وه‌ك مامه‌ڵه‌كردنیه‌تی له‌گه‌ڵ شتومه‌كه بهكاربراوهكاندا.
3ـ "پێویسته هێدی هێدی‌و له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕینی كاتدا ته‌واوی سوپا‌و له‌شكره نیزامیه‌كان نه‌مێنن" .
چونكه ئه‌و سوپایانه كه هه‌میشه له‌حاڵه‌تێكی ئاماده‌و دهستبهكاردا دهردهكهونو ده‌بینرێن، زۆر نه‌سره‌وتانه هه‌ڕه‌شه‌ی هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگن بۆ سه‌ر ده‌وڵه‌تانی دیكه. وه‌ك چۆن به‌شێوه‌یه‌كی بێئه‌ندازه‌ش له‌هه‌وڵی زیادكردنی رێژه‌و ژماره‌ی سهربازهكاندان. سه‌رباری ئه‌وه‌شی كه بوون‌و ماوهنهوهیان ده‌بێته هۆی خه‌رجكردن‌و به‌هه‌ده‌ربردنی سامانێكی زۆر كه وا ده‌كات نرخی دابینكردنی ئاشتی زۆر گرانترو گه‌وره‌تر بێت له‌نرخی جه‌نگێكی كورتخایه‌ن، كه‌چی هه‌ر خۆیان پشتگیری له‌و كردار‌و ره‌فتاره جه‌نگیانه ده‌كه‌ن كه ئامانجه‌كه‌ی رزگاربوونه له‌و مه‌سره‌فه گران‌و قورسه (واته ئاشتی). له‌هه‌موو ئه‌مانه‌ش مه‌ترسیدارتر ئه‌و كاته‌یه كه كرێ ده‌ده‌یته مرۆڤێك بۆئه‌وه‌ی بكوژێت یان بكوژرێت، چونكه راسته‌وخۆ خه‌سڵه‌تی مرۆڤه‌كه ده‌گۆڕیت بۆ ئامراز‌و ئامێرێك به‌ده‌ست ئه‌وی دی (واته ده‌وڵه‌ت)ه‌وه، كه ئه‌مه‌ش ته‌واو ناكۆكه به مافی سروشتی‌و ئاسایی مرۆڤـ بۆ به‌ئازادی هه‌ڵسوكه‌وتكردن به‌خودی خۆیه‌وه. دیاره ئێمه لێره‌دا مه‌به‌ستمان له‌و حاڵه‌تانه نیه كه هاوڵاتیان بۆ نیشاندانی ئاماده‌گی بهرگریو پاراستنی خۆیان له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه ده‌ره‌كیه‌كاندا، به‌ویستی خۆیان مانۆڕی سهربازییو سروتی له‌و جۆره ساز ده‌ده‌ن.
عهماركردنو كۆككردنه‌وه‌ی سه‌روه‌توسامان (وه‌ك باشترین ئامرازی جهنگو نرخاندنی به‌سه‌رمایه‌یه‌كی گرنگتر له‌سوپاو هاوپه‌یمانێتیه‌كانیش) له‌چاوی ده‌وڵه‌تی به‌رامبه‌ردا وه‌ك ئاماده‌كردنی سوپا‌و له‌شكرسازی به هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك ده‌بینرێت كه ناچاریدهكات جه‌نگ رابگه‌یه‌نێت. به‌ڵام كێشه‌كه لێره‌دا له‌چۆنێتی ناسینی هێزی ئه‌و سهروهتوسامانهدا په‌نهانه.4ـ "ئه‌ڵبه‌ته نابێت ده‌وڵه‌ت به‌ناوی نیشتمانه‌وه له‌پێناوی به‌رژه‌وه‌ندیه ده‌ره‌كیه‌كانیدا قه‌رز بكات".
ده‌وڵه‌ت ده‌توانێت قه‌رز له‌ناوه‌وه یان له‌ده‌ره‌وه بكات، گه‌ر له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری نیشتمانی بوو (واته به‌مه‌به‌ستی چاككردنی شهقامو رێوبانهكان، دروستكردنی شوێن‌و جێگه‌ی نوێ، بونیادنانی عهمارگهی خۆئاماده‌كردن بۆ ساڵه سهختو دژواره‌كان)، ئه‌مانه هیچ گومانێكیان لێناكرێتو بۆنی شه‌ڕیان لێنایه‌ت. به‌ڵام ئه‌م سیستمی قه‌رزكردنه، ئه‌م داهێنانه زیرهكانهیهی نه‌ته‌وه‌ی ئه‌م سه‌ده بازرگانیه كه به‌هۆیه‌وه قه‌رز به‌شێوه‌یه‌كی ناكۆتا كه‌ڵه‌كه ده‌بێت، به‌بێئه‌وه‌ی بتوانێت له‌دانه‌وه‌ی رزگاری ببێت، چونكه قه‌رزاره‌كان ناتوانن‌و نایانه‌وێت به‌یه‌كجار هه‌موو قه‌رزه‌كانیان بده‌نه‌وه، ئه‌م سیستمی قه‌رزكردنه به‌هێزێكی ئابووری مه‌ترسیدار داده‌نرێت، بهسهروهتو سامانێك بۆ جهنگههڵگیرساندن داده‌نرێت كه له‌ته‌واوی سه‌روه‌تی ده‌وڵه‌ته‌كانی دیكه‌ش زیاتره‌و ده‌ره‌نجامی دانهوهكهشی بریتیه لهپهككهوتنی سیستمی باجدان (كه ده‌شێت بۆ ماوه‌یه‌كی درێژخایه‌ن به‌هۆی ره‌نگدانه‌وه‌یه‌كی پۆزه‌تیڤانه‌ی قه‌رزه‌وه له‌ناو بازرگانی‌و پیشه‌سازیدا، سنورێكی بۆ دابنرێت‌و رێ له‌كاریگه‌رییه‌كانی بگیرێت). ئه‌م ئاسانییه له‌راگه‌یاندنی جه‌نگدا، سه‌رباری حه‌زو ئاره‌زووی سروشتی‌و ئاسایی فه‌رمانڕه‌واكان بۆ به‌رپاكردنی جه‌نگ، له‌حاڵه‌تێكدا گه‌ر توانا‌و پێداویستی ته‌واویان دابینكرد بۆ هه‌ڵگیرساندنی، هه‌موو ئه‌مانه بهربهستو له‌مپه‌رێكی گه‌وره‌ن له‌به‌رده‌م به‌دیهێنانی ئاشتییه‌كی هه‌میشه‌ییدا.
پێویسته له‌چوارچێوه‌ی په‌یماننامه‌ی ئاشتی ههمیشهییشدا به‌ندێكی یاسایی دابنرێت له‌دژی ئه‌و سیاسه‌ته، چونكه گه‌ر وا نه‌بێت، ئه‌وا هه‌ر زوو ئه‌و سیاسه‌ته ته‌واوی ئابووری وڵات به‌هه‌ده‌ر دهباتو دواجار دوچاری نابووتیی ده‌كاته‌وه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه له‌ژێر فشاری ئه‌م دۆخه‌دا زۆر ده‌وڵه‌ت به‌ره‌و داڕمان ده‌چن. به‌ڵام ئه‌و ده‌وڵه‌تانه ـ به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه ـ مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه كه خۆیان هاوپه‌یمان بۆ خۆیان هه‌ڵبژێرن له‌دژی ئه‌وانه‌ی كه ئه‌و سیاسه‌تانه پیاده‌و پراكتیزه ده‌كه‌ن.5ـ "هیچ ده‌وڵه‌تێك مافی ئه‌وه‌ی نیه كه ده‌ست له‌ده‌ستور یان حكومه‌تی ده‌وڵه‌تێكی دیكه‌وه بدات".
ئه‌ی داخۆ ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی چی دهبێتو چۆن ده‌شكێته‌وه؟ ئه‌و ئاژاوه‌یه‌ی كه روبه‌روی لایه‌نگرانی ده‌وڵه‌تێكی دیكه ده‌بێته‌وه؟ به‌ڵام ره‌نگه نمونه‌ی ئه‌و ئاژاوه‌یه له‌و مه‌ترسییه گه‌وره‌یه ئاگاداریان بكاته‌وه كه دوچاری ده‌بن. به‌گشتی ئه‌و نمونه خراپ‌و دزێوه كه كه‌سێكی ئازاد ده‌یداته ئه‌وانی دی پێشێلكردنی مافه‌كانیان نیه. دیاره مه‌سه‌له‌كه ده‌گۆڕێت گه‌ر هاتو په‌یوه‌ندی به ده‌وڵه‌تێكه‌وه بوو كه خۆی دابه‌شبوو بوو، واته به‌بۆنه‌ی گه‌نده‌ڵبوونی خۆی له‌ناوه‌وه بوو بوو به دوو به‌شه‌وه كه هه‌ریه‌ك له به‌شه‌كان پێیوابێت خۆی ئه‌و به‌شه‌یه كه فه‌رمانڕه‌وایه‌تی هه‌مووان ده‌كات، له‌م دۆخه‌دا (چونكه جۆرێك له‌ئاژاوه باڵاده‌سته)، ناكرێت ده‌ستێوه‌ردانی ده‌وڵه‌تێكی ده‌ره‌كی بۆ یارمه‌تیدانی یه‌كێك له لایه‌كان به پێشێلكردنی ده‌ستوری ئه‌و ده‌وڵه‌ته له‌قه‌ڵه‌مبدرێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ململانێكه نه‌گه‌یشتبووه ئه‌و ئاسته خراپه، ئه‌وا ده‌ستێوه‌ردانی هێزی ده‌ره‌كی له‌و ململانێیه ده‌بێته مایه‌ی پێشێلكردنی مافه‌كانی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ كه به‌ده‌ست نه‌خۆشییه‌كی ناوه‌كی خۆیه‌وه ده‌ناڵێنێت. ئه‌مه جۆرێكه لهئابڕوچوون كه وا ده‌كات ئازادی ده‌وڵه‌تێكی دیكه نائارام بێت‌و ئاسایشی پارێزراو نه‌بێت.
6ـ "هیچ ده‌وڵه‌تێك مافی ئه‌وه‌ی نیه له‌جه‌نگیدا دژ به ده‌وڵه‌تێكی دیكه رێگه به‌خۆی بدات رهفتارگهلێكی شه‌ڕانگێزانه‌ی ئه‌وتۆ بنوێنێت كه ببێته مایه‌ی ئه‌وه‌ی چانسی ئاشتی له‌ئاینده‌دا مهحاڵو ئه‌سته‌م بێت: بۆنمونه به‌كارهێنانی بكوژان، ژه‌هر، هاوپه‌یمانێتی خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان، دنه‌دانی خه‌ڵكانی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی به‌رامبه‌ر بۆ ناپاكی‌و شهڕانگێزیو …تادوایی "
ئه‌وانه ستراتیژیگهلیّكن ناجوامێرانه‌و ناشهریفن. ده‌بێت ته‌نانه‌ت له‌كاتی جه‌نگیشدا جۆرێك له‌متمانه له‌رێچكه‌ی بیركردنه‌وه‌ی دوژمن‌دا بمێنێته‌وه، ئه‌گه‌ر نا هه‌رگیز ناكرێت رۆژێك له‌رۆژان ئاشتی بێتهدیو كرداره شه‌ڕانگێزه‌كان ده‌گۆڕێن بۆ جه‌نگی پاكتاوكردن‌و فه‌وتاندن. چونكه جه‌نگ هیچ نیه جگه لهخهمگینترین ئامراز له‌دۆخی سروشتی‌دا كه بۆ به‌رگریكردنی له‌مافه‌كانی خۆی به‌كاریده‌هێنێت (چونكه له‌م دۆخه‌دا هیچ دادگایه‌ك به یاسا حوكمنادات)، دۆخێكه ناكرێت هیچ كام له‌و دوولایه‌نه به ناڕهوایهتیو ناشه‌رعیه‌ت تۆمه‌تبار بكرێن (چونكه ئه‌مه پێویستی به ده‌ركردنی فه‌رمانێكی یاسایی‌و دادگایی هه‌یه)، دواجار ئه‌وه ده‌ره‌نجامی جه‌نگه‌كه‌یه (وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌م دادگایه‌كی یهزدانیدا بین) بڕیار ده‌دات كێ له‌سه‌ر هه‌قه. به‌ڵام جه‌نگی سزائامێز شتێكه له‌نێوان ده‌وڵه‌ته‌كاندا چاوه‌ڕوانناكرێت (چونكه په‌یوه‌ندی نێوان ده‌وڵه‌ته‌كان وه‌ك په‌یوه‌ندی نێوان سهردارانو كۆیله‌كان نیه). ده‌ره‌نجامی هه‌موو ئه‌مانه‌ش جه‌نگی پاكتاوكردن كه مانای وێرانبوونی هه‌ردوو لایه‌نه‌كه ده‌گه‌یه‌نێت، كه له‌هه‌مانكاتیشدا مانای وێرانبوونی هه‌موو ماف‌و هه‌قێك ده‌گه‌یه‌نێت، ته‌نها له‌گه‌وره گۆڕستانی ره‌گه‌زی مرۆیی‌دا نه‌بێت رێگه بهوهدیهێنانو ده‌سته‌به‌ركردنی ئاشتی نادات. جه‌نگێكی له‌م چه‌شنه ده‌بێت ڕێگیری له‌هه‌ڵایسانی بگیرێت، وه له‌گه‌ڵیشیدا به‌كارهێنانی هه‌موو ئه‌و كه‌ره‌سته‌و ئامرازانه‌یش قه‌ده‌غه‌بكرێن كه رێخۆشكهردهبن بۆ دروستبوونی. له‌و كه‌ره‌سته‌و ئامرازانه‌ی كه پێشتر باسمانكردنو بێگومان به‌ره‌و ئه‌و كۆتاییه حهتمییهمان ده‌به‌ن، بریتین له‌و هونه‌ره دۆزه‌خییانه‌ی كه خۆیان له‌خۆیاندا ته‌واو سووك‌و بێئابڕوون، هونهرگهلێكی دۆزه‌خی ئه‌وتۆ كه ئه‌گه‌ر هاتو به‌كارهێنران ئه‌وا به‌ته‌نها له‌سنوری جه‌نگدا نامێنێته‌وه، بۆ نمونه به‌كارهێنانی سیخوڕ كه بریتیه له‌قۆستنه‌وه‌ی سوكییو بێ‌ئابڕوویی به‌رامبه‌ره‌كه‌ت (شتێك كه پاشتر نا‌توانیت لێی رزگاربیت)، به‌ڵكو ده‌یهێڵیته‌وه بۆ كاته‌كانی ئاشتییش تاوه‌كو هه‌ر ئاره‌زوویه‌ك بۆ ئاشتی به‌ته‌واوه‌تی له‌ناوببات.
سه‌رچاوه: عمانوئیل كانگ: نحو السلام اڵابدی، تقدیم وترجمه: رشید بوگیب، گۆڤاری "نزوی"، ژماره 38.