بێده‌نگیی ….. ئه‌حمه‌دی مه‌لا
کورته چیرۆک
له په‌نجه‌ره و دهرگاشووسهبهندهکانهوه سه‌یری حهرمهکهم ده‌کرد، مێرمنداڵێک له جیاتی وه‌ڵامی سڵاوه‌که‌م، زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌ک به ده‌ر له توانای خۆی بۆ کردم و هه‌ستیشم کرد که لاوازترین ئاڵوگۆڕی نێوانمان بوو. هه‌ستیشم کرد یه‌کێک بوو له‌و عهقڵسووکانهی که له کۆمه‌ڵگا رۆژههلاتییهکانی ئێمه‌دا، ته‌نها له باوهشتی خوداوه‌ند دا هه‌ست ده‌که‌ن به وجوودی خۆیان. رۆژهه‌ڵاتی خاوه‌ن شکۆ، له ده‌ریاچه‌یه‌ک ده‌کات پێش ئه‌وه‌ی له‌هی سه‌رهه‌ڵدات، هه‌موو قین و حیرمانهکانی له حه‌یوان و ئه‌و ئینسانه نوقسانانه ده‌رده‌کات. به ته‌نیشتم دا تێپه‌ڕی به‌ره‌وه حوجره‌ی فه‌قێکان ده‌رۆیشت که پێشتر سه‌رێکم لێی دا، ئه‌گه‌ر پێش چل ساڵ له‌مه‌و به‌ر سێ و چوار فه‌قێی ده‌شتی ساڵه‌یی و شوان، هه‌ندێکیان له ترسی سه‌ربازی و هه‌ندێکی دیشیان بۆ زانست په‌یا کردن هاتبوونه ئه‌وێ و له‌و حوجره‌یه ده‌ژیان و له لای مه‌لای مزگه‌وته‌که‌ش ده‌رزیان ده‌خوێند، ئه‌وه ئێستا ته‌نها هه‌ر شتی بێکهڵی تێدایه.
ئه‌و شوێنه بۆ ئه‌و مێردمنداڵه له هه‌مان کاتدا فه‌زاو فه‌وزا بوو، یا شوینێک بۆ ئارامی؟ هه‌ڵاتووی ده‌ستی هاوته‌مه‌نه‌کانی خۆی که له منداڵدانی ئابلۆقه ئابووری و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه شۆڕببوونه‌وه. نه‌وه ونبووه‌کانی نێو ته‌پوتۆز و گهدهلوولی شه‌ره یه‌ک له دوای یه‌که‌کان، له گه‌ڕه‌که پشتگوێخراوه‌که‌ی شاره پشتگوێخراوهکه.ئێره حه‌وشه‌ی مزگه‌تی پاسوانزادهیه، به لهههجهی خۆماڵیش موڵاقاونی پێده‌وترێت. تێکه‌ڵییه‌ک له کورد و تورکمان و عاره‌بی عهرهسهکه. ئه‌و دیواره زبر و درشتانه، به هیچ شێوه‌یه‌ک هه‌ست به ده‌ستێکی سه‌نعاتکار یا هونه‌رمه‌ندیان پێوه دیار نه‌ماوه، سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی به بهگلهریش ناسراوه، واته گه‌ڕه‌کی به‌گه‌کان. ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌کان پێش بیست و هه‌شت ساڵ له‌مه‌و پێشیش هه‌ر وابوون. په‌نجه‌ره و به‌ردی بێزاری دیواره‌کان هیچ ئۆخژنێک نابه‌خشنه گه‌ڕه‌ک، به پێچه‌وانه‌وه غه‌مێکی ته‌نک و قووڵ ئه‌و گه‌ڕه‌که‌ی داپۆشیوه. خانووه‌کان به هه‌نده‌سه‌ی ته‌نه‌که ده‌که‌ن و له پرێکدا مستێکی زه‌به‌لاح به قورسایی و ناڕێکی توڕه‌یی خۆی له سه‌ر خانووه‌کان هێوڕ کردۆته‌وه.
له ژووری مه‌لاش، گه‌نجێکی ریشرهشی عه‌مامه له‌سه‌ر، له پشت مێزێکه‌وه، به‌رامبه‌ر به کۆمپیوته‌ره‌که دانیشتبوو. سه‌ر و ریش و که‌واو و کراس به دیققه‌تێکی ئایدیۆلۆژی هه‌ڵبژێردرابوون، هه‌نده‌ی ئاماژه‌یان بۆ شتێک ده‌کرد که له ده‌روه‌ی خۆیان بوون هه‌نده‌ی باسی خۆیانیان نه‌ده‌کرد. درێژی و کورتی ریش و چۆنیه‌تی ههڵقاچینی و چۆنییه‌تی به‌ستنی و مهزبووتکردنی عه‌مامه له جیاتی ئه‌وه‌ی ئاماژه بۆ پاشماوه سوننه‌تییه‌کان بکه‌ن، ئاماژه‌یان بۆ گرووپ و ده‌سته و تاقمه جیاوازه‌کان ده‌کرد. هه‌ر تاڵێک مه‌ته‌ڵێک بوو، هه‌ر موویه‌ک موسیبه‌تێک!
ده‌رگاکه‌م کرده‌وه و هه‌ر به ده‌ست سلاوێکم کرد و فه‌رمووی لێکردم که دانیشم. منیش دانیشتم و سه‌یری یه‌کترمان کرد. ته‌نها هه‌ر سی ساڵ ده‌بوو ته‌مه‌ن. به‌ڵام مه‌لای ده‌ڤه‌ره‌که‌ی ئێمه بێتهمهن خۆیان نیشان ده‌ده‌ن. جلوبه‌رگێک ده‌که‌نه به‌ر هه‌موو ته‌مه‌نه‌کان به ئه‌به‌دییه‌ته‌وه گرێ ده‌ده‌ن. له ژێر ریشێکی ته‌نک هه‌موو ته‌مه‌نه‌کان تێکه‌ڵ ده‌بن، له ژێر که‌وایه‌کی تا ئاودامان هه‌موو زه‌مه‌نه‌کان ده‌رژێنه یه‌کترییه‌وه.
_ فه‌رموو، ئه‌مرێ خزمه‌تێ…
بیرم کرده‌وه که شتێک بڵێم. به‌ڵام چی بلێم. جارێکی دی، ویستی بمهێنێته دوو:
_ چییه، مشوهش دیاری…
مشه‌وه‌ش بووم! نازانم، به‌ڵام له هه‌مان کاتیش‌دا بیرم له بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌کرده‌وه. ئێستا وا بیر ده‌کاته‌وه که له ماڵه‌وه له گه‌ڵ خێزانه‌که‌م کردوومه‌ته ناخۆشی و په‌نام هێناوه‌ته لای مه‌لا و پاشانیش ساردبوومه‌ته‌وه و ره‌نگه نه‌مه‌وێت هیچ شتێک بدرکێنم. یا ئه‌م کابرایه له ئاژاوه‌یه‌ک هه‌ڵهاتووه و خۆی داڵدهداوهته ئه‌م ژووره‌وه من.
له راستی دا، ئه‌و راستی ده‌کرد، چونکه مزگه‌وت و له‌م ئانوساته چی ده‌گه‌یه‌نێت. که‌سی تێدا نییه له مه‌لایه‌ک و مێرمنداڵیک له عه‌قڵ تۆراو. منێکیش وا ده‌بمه لوغز بۆ مامۆستا.
هه‌ڵسامه سه‌ر پیی و به بێ ئه‌وه‌ی پیتێک له زارمه‌وه ده‌ربێت، جارێکی دی هه‌ر به ده‌ست خوداحافیزیم لێکرد و ئه‌وێم جێهێشت. به‌ڵام ئاره‌زوویه‌کم له دوای خۆم جێهێشت. له‌و ئاره‌زووانه که حه‌ز ده‌که‌ن که په‌ی به‌رنه نیو ناخهکانهوه. ئه‌و ناخه قووڵ و په‌نهان و تاریکانه‌ی که هیچ کتێبێک ناتوانێت تۆماریان بکات، هیچ قه‌ڵه‌مێک ناتوانێت بیانهێنێته زمان یا جڵه‌ویان بکات.
ئاره‌زوویه‌ک که نوقم بووه نێو بێده‌نگییه‌کی ئه‌به‌دی و تا دونیا ماوه له فه‌زا بێده‌نگه‌کان ده‌مینێته‌وه…شته‌کانیش له شیکلهکاندا گۆڕاناکارییان به‌سه‌ردا دێت و تێنه‌گه‌یشتنێکی سه‌رمه‌دی له نیوان من و مێرمنداڵ و مه‌لای مزگه‌وتی پاسوانزاده بۆ هه‌تا هه‌تا ده‌مه‌یێ.