Skip to Content

Thursday, May 26th, 2022

دوور له‌و كانیاوه …… ‌ نه‌به‌ز گۆران

Closed
by September 11, 2009 ئەدەب

 

 له‌هه‌ر كوێ‌ بم هی تۆم
 نه‌باكم به‌ غه‌ریبیه‌ و
 نه‌باكم به‌ ته‌نیایی.

له‌هه‌ركوێ‌ بم ماڵم نیه‌
ئاوازێك له‌ سینه‌مایه‌ و
خه‌مێك له‌دڵما.

له‌كانیاوه‌كه‌ی ئه‌وبه‌ر
به‌رامبه‌ر ترپه‌ی دڵم
قاژێك بێده‌نگی
به‌سه‌ بۆ سوكنای گیان.

پێ‌ بنێ‌ به‌سه‌ر دیده‌ما
كانیاوێك له‌كه‌ناری رۆحمایه‌.

قومێك له‌گه‌نجیم بخۆوه‌
ئاسمان شین هه‌ڵئه‌گه‌ڕێ‌
ئاوازی پاساریه‌كان گه‌رمتر و
به‌یانیان زووتر
به‌ر ئه‌بێته‌وه‌ بۆ به‌رهه‌یوان.

گونده‌كه‌ی ئێمه‌ شه‌ڵاڵه‌ له‌كانیاو
مه‌یلی من بۆ ئه‌وانه‌
حاڵی نابم
جارجاره‌ مه‌یلی من وێرانه‌یه‌
مه‌یلی من له‌هه‌وره‌كان نزیك ئه‌بێته‌وه‌
ئه‌چێته‌ ناو ده‌ماره‌كانی پایزه‌وه‌
مه‌یلی من بای باڵی ئه‌دا له‌فه‌رامۆشی.
مه‌یلی من خه‌ریكه‌ هارئه‌بێ‌
مه‌یلی من بۆده‌نگی غه‌ریبه‌یه‌كه‌.
بۆگه‌ریده‌یه‌ك به‌ وێنه‌ی مانگ.
بۆ هێشوێك له‌ترێی دووری
مه‌یلی من بۆ كانیاوێكه‌ قوڵپ ئه‌دا له‌ دێوانه‌یی.
ئه‌وه‌نده‌ كپه‌ سه‌ری له‌لوغزی شه‌وان تێكداوه‌.
كه‌به‌ عیشوه‌ ئه‌ڕوا
له‌كه‌و ئه‌چێ‌.
بڕێ‌ جاریش
مه‌یلی من
به‌ره‌و گریان پێچ ئه‌كاته‌وه‌
دوور له‌وكانیاوه‌
من مه‌یلم نیه‌.

هه‌روه‌ختێ‌ هاتمه‌وه‌
باوه‌شێ‌ قسه‌م پێ‌ یه‌.
له‌گه‌ڵ ئاوا ئه‌ڕۆم تائه‌وپه‌ڕی به‌ره‌ڵایی
له‌گه‌ڵ زستانا ئه‌چم تانه‌فخی ره‌ق بوونه‌وه‌.
له‌گه‌ڵ پایزا تێكه‌ڵ ئه‌بم تا هه‌ڵوه‌رین.
ئه‌چم تانزیك فێنكی كانیاوێ
جامانه‌یه‌ك له‌ملم ئه‌پێچم و
بۆنی كوردم لێ‌ دێ‌.

له‌گه‌ڵ قیتارێكا ڕێ‌ ئه‌كه‌م
تاكه‌نار شاره‌كان
تانزیك له‌حه‌وشه‌كه‌یان
سه‌رم به‌رزئه‌كه‌مه‌وه‌
ئاسمان نزیكه‌ لێم
له‌زه‌وی ورد ئه‌بمه‌وه‌
چه‌ند دوورم له‌دایكم
                  چه‌ند دوورم له‌میهره‌بانی قسه‌ی گه‌رمی شه‌وان
چه‌ندورم له‌ ساده‌یی گونده‌كه‌مان
چه‌ند دوورم له‌ سفره‌ی نیوه‌ڕۆیان
نه‌گوێم له‌خوڕه‌ی جۆگه‌كه‌یه‌ و
نه‌گوێم له‌زرینگه‌ی پیاڵه‌كان
به‌لوعه‌كه‌ بگره‌وه‌ باكه‌م ژیان بڕژێ‌
نه‌مه‌لا بانگ ئه‌داو نه‌ هه‌وای پاكی بێ‌ نیازی هه‌یه‌
شاره‌كان خاڵین له‌ ئیحساس
شاره‌كان دوورن له‌چاوی پیس
شاره‌كان هی من نین
من گوندیانه‌ هه‌ڵكه‌وتووم.

سه‌یری سیپاڵی شاره‌كان كه‌
گوڵدانی به‌رده‌م په‌نجه‌ره‌كان و
نیگای پشت په‌رده‌كان.
سه‌یری كزی كۆتره‌كان كه‌ به‌سه‌ر مناره‌یه‌كه‌وه‌
سه‌یری به‌په‌له‌ رۆیشتی عومركه‌ بۆسه‌ر قه‌بران.

سه‌یری ژنه‌كان
به‌سه‌ر ته‌نافه‌وه‌
خه‌میان هه‌ڵئه‌خه‌ن.

سه‌یری دڵره‌قی شه‌قامه‌كان و
بێده‌نگی كۆڵانه‌كان له‌قیژه‌ی مناڵی.

شاره‌كان دوورن له‌رۆحی منه‌وه‌
رۆحی من له‌گه‌ڵ مناڵیمایه‌
رۆحی من له‌سه‌ر توله‌ رێكی گوندا
كه‌وت و هه‌ڵنه‌سایه‌وه‌
رۆحی من له‌لێره‌وارێك خل بویه‌وه‌و
كه‌وته‌ناو جۆگه‌یه‌ك ئاوه‌وه‌.
رۆحی من
به‌ده‌نگی كه‌ڵه‌شێر نه‌شئه‌ئه‌كا
به‌بیینی ده‌مه‌وعه‌سران گورج ئه‌بێته‌وه‌
به‌بۆنی كوڵانی برینج ئه‌دا له‌فڕین
من رۆحم له‌گونده‌و
خۆم له‌شاره‌كانم.

له‌وێزگه‌یه‌كا نیوه‌ی عومرم دائه‌نێم
كۆڵانه‌و كۆڵان ئه‌گه‌ڕێم
بۆقسه‌یه‌كی گه‌رمی خانه‌واده‌یی
ماڵه‌و ماڵ ئه‌گه‌ڕێم
بۆ تامی چای ده‌مه‌وعه‌سران.
نه‌بۆنی ته‌ڕایی زه‌وی ئه‌كه‌م و
نه‌گوێم له‌ده‌نگی خانه‌قایه‌كی ده‌روێشه‌.

سه‌یری شاره‌كان كه‌ن
سه‌یری ژاوه‌ژاوی ژیان و
بۆڵه‌ بۆڵی مردن.

تاقاوه‌یه‌ك ئه‌خۆمه‌وه‌ پیری دێ‌
تاگۆرانیه‌ك دێته‌ خه‌یاڵم گریان هه‌ڵئه‌كا.
له‌هه‌ركوێ‌ بم من غه‌ریبم.
نه‌كانیاوێك هه‌یه‌ تازه‌ی بداته‌ ژیانم
نه‌ده‌نگی پاساری دێ‌ رام چڵه‌كێنێ‌.

به‌ناو په‌نجه‌ی شاره‌كانا ڕێ‌ ئه‌كه‌م
لایه‌كم لای دایكم به‌جێ‌ هێشتوو
لاكه‌ی ترم مه‌سته‌.
كه‌ گۆچانێك ئه‌بینم
هه‌واڵی گه‌نجیه‌تی لێ‌ ئه‌پرسم
لای موعتادێك دائه‌نیشم و
جه‌بری ئه‌م له‌رزینه‌ی زه‌وی حه‌ل كه‌م.
به‌ته‌نیشت هه‌روه‌رزێكا تێ‌ ئه‌په‌ڕم
خه‌یاڵی یاری كردن ئه‌دا له‌سه‌رم
خه‌یاڵی براده‌ره‌كانم دڵم ئه‌گوشێ‌.

له‌هه‌ركوێ‌ بم
تینویه‌تیم ئه‌چێته‌وه‌ سه‌ركانیاوێك
من كوردانه‌ ڕێ‌ ئه‌كه‌م
كێوه‌كان دڵم خۆش ئه‌كه‌ن
چیمه‌ن زاره‌كان
ئه‌مخه‌نه‌ پێكه‌نین.
له‌هه‌ر شوێنێ‌ داربه‌ڕویه‌كم بینی
هه‌واڵی نه‌سه‌بی خۆمی لێ‌ ئه‌پرسم.
دۆڵه‌كان ئه‌مبه‌نه‌وه‌ سه‌ر یه‌كه‌مین راكردن
یه‌كه‌مین فرین، یه‌كه‌مین یاری كردن.

بنه‌وانی من وشه‌یه‌
كاتێ‌ هه‌ڵئه‌كه‌م دڵم ته‌نگه‌
بنه‌وانی من گریانه‌
كاتێ‌ ژیرئه‌بمه‌وه‌ ده‌مه‌و به‌یانه‌.

من كوردانه‌ گۆرانی ئه‌ڵێم
كوردانه‌ دێوانه‌ ئه‌بم
كوردانه‌ گه‌ریده‌ ئه‌بم و
كوردانه‌ ئه‌چه‌مێمه‌وه‌.
من كوردانه‌ بیری كانیاو ئه‌كه‌م.

Nabaz.goran@yahoo.com

 

Previous
Next