Skip to Content

Thursday, May 26th, 2022

ژنێك له‌ سینه‌مدا لێده‌دات ….. داستان به‌رزان

Closed
by September 19, 2010 ئەدەب

1
ئه‌گه‌ر خۆتت بزر كرد
هیچ كوێ‌ مه‌گه‌ڕێ
ناو من نه‌بێت
ژنێك وه‌های پێگوتم!

2
هه‌موو فرۆشتگاكانی  بۆن گه‌ڕام
بۆ كڕینی شوشه‌یه‌ك له‌ بۆنی تۆ
ده‌ستم نه‌كه‌وت!
ئاخر ئه‌وان نازانن
 بۆنی تۆ ده‌توانێت
گشتیان بكاته‌ ملیۆنێر.

3
زه‌حمه‌ته‌ به‌یه‌كدی بگه‌ین
له‌ویش زه‌حمه‌تتر جیابوونه‌وه‌مانه‌.

4
بۆ كوێ‌ بچم؟
تازه‌ خۆم له‌ ناو تۆدا بزر كرد.
5
گه‌ر بڕیاره‌ هیچم نه‌بیت
دڵگران نیم
چونكه‌ من بڕیارم داوه‌
هه‌موو شتێكی تۆ بم.

6
به‌و قوڕه‌ی به‌ر ده‌ستت
په‌یكه‌رێكم دروست بكه‌
قوڵپ، قوڵپ
عیشق
له‌ دڵییه‌وه‌
بڕژێته‌ ته‌نیایی ژووره‌كه‌ته‌وه‌.

7
له‌ به‌رامبه‌رم دانیشتبوویت
لێت ده‌ڕوانیم
هه‌ڵنه‌سایت و نه‌ڕۆشتیت
تا دواجار له‌ چاوانمدا ڕووایت و
شیعرێكت له‌گه‌ڵ خۆت هێنا.

 

8
ژووره‌كه‌م مێخه‌كی لێده‌ڕژێ‌
ته‌نیاییم بۆ ڕاخستویت
موزیكێك گه‌ردوونی هێناوه‌ته‌ سه‌ما
تۆ له‌ كوێی؟
باوه‌ش به‌ بێتاقه‌تیمدا بكه‌یت و
ئێره‌ شه‌ڵاڵ بكه‌یت له‌ خۆت.

9
كه‌ له‌ به‌هه‌شت بێهیوابووم
بڕیارمدا له‌ باوه‌شتا بمێنمه‌وه‌.

10
تۆ چه‌قی ئه‌وینی منیت
عیشقم به‌ ده‌وری تۆدا ده‌سوڕێته‌وه‌
له‌ تۆدا دروستبووم و
له‌ تۆدا كۆتاییم دێت.

 

11
له‌سه‌ر ده‌ستم سه‌ما بكه‌
له‌ چاوانما گۆرانی بڵێ
تۆ ئیدی لێره‌به‌
له‌ ناو من.

12
ئه‌م هه‌موو جریوه‌یه‌ت له‌ كوێ بوو؟
ئه‌ی باخچه‌.

13
پایزیش نه‌بێت
من هه‌میشه‌
نیگام پڕه‌ له‌ هه‌ڵوه‌رین.

14
خۆشترین ئازار
شكاندنی دڵه‌
له‌سه‌ر ڕیتمی گریانێكی به‌خوڕ.

15
له‌ باخچه‌كه‌ چاوه‌ڕێتم
كه‌ی دێیت؟
خه‌ونه‌كه‌مت بۆ بگێڕمه‌وه‌.

16
ده‌توانم هه‌موو ئه‌م باخچه‌یه‌
بخه‌مه‌ دڵمه‌وه‌
چونكه‌ ڕۆژێك تۆ لێره‌
قۆڵت له‌ قۆڵی شیعرێكمدا و
پیاسه‌تان ده‌كرد.

17
باخچه‌كه‌ت به‌جێهێشت
شوێن پێیه‌كانت له‌ دڵی مندا
به‌جێمان.

 

له‌ ژماره‌(5278)ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری (كوردستانی نوێ)دا بڵاوبۆته‌وه‌.

Dastan.barzan@gmail.com

Previous
Next