Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
هێرشەکانی تورکیا…. سەنگەر زراری

هێرشەکانی تورکیا…. سەنگەر زراری

Closed
by March 4, 2008 گشتی

هەڵپەڕکێی کەناڵە کوردییەکان و گریانی کەناڵی جەزیرە…


ئەو وەختەی تورکیا کوردستانی بۆردومان دەکرد، لەگەرمەی رووداوەکاندا تەماشای کەناڵێکی کوردیم کرد، ئاهەنگێکی راستەوخۆی دەگواستەوە، لەهەمان کاتدا کەناڵی "ئەلجەزیرە"م کردەوە، کەسێکی پیشان دەدا کە بە کوردی قسەی دەکرد و بەعەرەبی دۆبلاژکرابوو، دەیگوت "ئێمە خەڵکی هەژارین، بە هۆی تەقینەوەی ئەم پردانە زیانی زۆرمان پێکەوتووە، ئەو پردانە نزیکەی (120) گوندی بەیەکەوە گرێ دەدا…".
پێش هەموو شتێک دەبێ ئەوە بڵێم کە من بەرگری لە کەناڵی "ئەلجەزیرە" ناکەم و "ئەحمەد زاوێتی" پەیامنێری ئەو کەناڵەش لە کوردستان تەنها لەڕێگای شاشەکەوە دەناسم، تا ئێستا لە نزیکەوە نەمبینیووە، بەڵام ئەو راپۆرتانەی ئەو لەو کەناڵەوە پێشکەشی کردون، کەناڵێکی کوردی هیچ کات نەیتوانیووە بەو شێوەیە پێشکەشیان بکات، ئەمە دەڵێم لە کاتێکدا کە زۆر کەس و زۆر بەرپرسی کورد و عێراقی، ئەم کەناڵە بە کەناڵێکی شۆڤینی دەزانن و رقیان لێیەتی.
هەر رووداوێک کە لە جیهان روودەدات کەناڵەکانی راگەیاندنی جیهانی بە راکردن دەیقۆزنەوە و پێشبڕکێی ئەوەیانە کە کامەیان زووتر رووداوەکە بگوازێتەوە، ئەمەش لە راگەیاندندا پێی دەڵێن "سەبقی سەحەفی". ئێمە با واز لەوە بێنین کە بۆچی راگەیاندنی کوردی ئەم کارە ناکات و ناچێتە ناو ئەم پێشبڕکێیەوە، لەکاتێکدا ئەگەر بە پاساوی ئەوەبێت کە لەبەر نەبوونی ئیمکانیاتی ماددییە، ئەمە راست نییە، چونکە ئەوەندەی پارە لە کوردستان لە راگەیاندن سەرف دەکرێت باوەڕ ناکەم لە هیچ شتێکی تر سەرف بکرێت.
لە وەختێکدا کە تورکیا خەریکە هەموو لایەکمان لول دەدات و هێرشی توند دەکاتە سەر گوندەکانی سنوور و خەڵکی بێ دیفاع دەکوژێت، سەتەلایتە کوردییەکان گۆرانی ئای بەلەنجە و بەلەنجەیان لێدەدا و ئاهەنگی راستەوخۆیان دەگواستەوە، لەبەرامبەر ئەمەدا کەناڵی ئەلجەزیرە هەموو سەرە سەعاتێک رووداوەکەی دەکردە هەواڵی یەکەم و بەرنامەی لەسەر ساز دەکرد، رەنگە بڵێن ئەمە پیشەی خۆیەتی و ئەم کەناڵە وەکو هەر هەواڵێکی تری دنیا مامەڵە لەگەڵ ئەم رووداوەدا دەکات، ئەمە راستە.. بەڵام باشە من دوو دیمەنی ئەم کەناڵە باس دەکەم کە ئەگەر کەناڵەکە شۆڤینی بایە و رقی لە کورد با، بە جۆرێکی دی ئەو دیمەنانەی دەگواستەوە، یان ئەگەر "ئەحمەد زاوێتی" تەنها خەمی نانی هەبا و خەمی کوردی نەبا، بەفیتی شۆڤینییەتی عەرەبی لێدەدا، کاتێ کە چوار پردەکە لە لایەن سوپای تورکیاوە لێیان درا و رووخێنران، زوومی کامێرای جەزیرە لەسەر پردەکانەوە وێنەکانی دەست پێکرد و ئەحمەد زاوێتیش لەو کاتەدا گوتی "ئەمڕۆ ئاخر رۆژ بوو لە تەمەنی ئەم پردانە" و باسی ئەوەی کرد کە ئەم پردانە خەڵکی هەژار سوودی لێوەردەگرن، پاشان وێنەی چەند کەسێکی هەژاری ئەم ناوچەیەی پیشاندا کە زەرەریان پێکەوتبوو، باسی هەژاری خۆیان و زەرەرەکانیان دەکرد.
لە هێرشەکانی پێشتری تورکیاش کاتێک قوتابخانەیەک وێران کرا و یەک رەحلە لە قوتابخانەکە مابوو، ئەو لەسەر ئەم رەحلەیە کۆتایی راپۆرتەکەی پێشکەش کرد و باسی ئەو زەرەرەی کرد کە بەر منداڵ و خانەوادەکانی دەڤەرەکە کەوتوون.
هەڵبەت ئەگەر کەناڵەکە هێندە شۆڤینی با نەیدەهێشت ئەم راپۆرتانە بەم شێوەیە بن، بۆ ئەمەش سادەترین پاساویان هەبوو، ئەویش ئەوەبوو دەیانتوانی بە پەیامنێرەکەیان بڵێن، زیاتر تەرکیز بکە سەر شەڕەکە و لێدوانی بەرپرسەکانی پەکەکە و کورد و لایەنی سیاسی پرسەکە، نەک لایەنە کۆمەڵایەتییەکە.
پرسیاری من ئەوەیە: باشە بۆچی و تاکەی دەبێ ئێمە لە کەناڵە بیانییەکانەوە بزانین چیمان بەسەر دێت و چارەنووسی میللەتەکەمان چییە؟ ئەگەر رگەیاندنەکانمان نەتوانن هەواڵی میلەتەکەی خۆمانمان بۆ بێنن؟ کەواتە بۆچی هەن و بۆچی داناخرێن؟
بەهەر حاڵ.. دەمەوێ ئەوە بڵێم کە ئەگەر کەناڵە کوردییەکان ناشتوانن هەواڵەکانی ئەو شەڕەمان بۆ بێنن کە بەسەر ئێمە دادێت و هەموومانی نیگەران کردووە، با لەکاتی شەڕدا ئاهەنگمان بۆ نەگوازنەوە و گۆرانی هەڵپەڕکێشمان بۆ لێنەدەن، چونکە بینەر لەئێستادا ئەمەی ناوێت، کەناڵی جیهانیش هێندە زۆرن کە کەس بەدیار ئێوە لە چاوەڕوانی هەواڵێک دانانیشێ، چ کارەساتێکە لە گەرمەى خەمی نەبوونی کرێی خانوو و کارەبا و گرانی پێداویستییەکانی ژیان… وڵاتێکی وەکو تورکیا هێرشت بکاتە سەر، ئەی لەمە کارەساتتر ئەوە نییە کە کەناڵە ناوخۆییەکان گۆرانی هەڵپەڕکێت بۆ پەخش بکەن و لەجیاتی خۆشی خەفەتت بۆ زیاد بکەن؟
بەڕێزان ئەگەر دەتانەوێ بەم ئاهەنگانە کارەساتەکان لەبیر میللەت ببەنەوە، ئەوە بە هەڵە تێگەیشتوون، بەڵکو بەمە بینەر پەنجە بە دوگمەی کۆنترۆڵەکەیەوە دەنێت و کەناڵەکانتان بە کەناڵێکی بێگانە دەگۆڕێتەوە کە راستی رووداوەکانیان پێ بڵێت، بەڵێ دڵنیابن بەم جۆرە ئێوە فەرامۆش دەکات و ئەلجەزیرەی "شۆڤینی!؟" دەکاتەوە کە لە کاتی شەڕ و هێرشەکان بۆمان دەگریێ…
sangarzrary@gmail.com

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.