Skip to Content

Friday, April 26th, 2024
کەس موعەممەر قەباقچی ئەناسێت؟

کەس موعەممەر قەباقچی ئەناسێت؟

Closed

کەس موعەممەر قەباقچی ئەناسێت؟
عەزیز نەسین
وەرگێڕانی لە تورکی یەوە: ئازاد ئەحمەد/ بەریتانی
ا

کەسێک بە تەلەفۆن پێی وتم: یەک هەفتەیە بە دواتدا ئەگەڕێم.
پێشتر ناوەکەی پێ وتم، ناوی موعەممەرە، بەجۆرێک ئەدوا وەکو ئەوەی بیناسم. پرسیم:
– بمبەخشن، جەنابتان کێن؟
ئەو دیسانەوە وتی: موعەممەر..
گەر بپرسم “کام موعەممەر؟” ئەبێتە عەیب. کەسێکە پێی وایە ئەبێ بیناسم.
– شوێن نەما پرسیار نەکەم، پاشان بەهۆی کەسیکەوە ژمارە تەلەفۆنەکەتم دەست کەوت.
بە دوو دڵی یەکەوە وتم:- فەرموون.
– پێویستە لەگەلتا بدوێم
– فەرموو بڵێ
– بە تەلەفۆن نابێ، ماڵت لە کوێ یە؟
پاشان وتم:
– بمبەخشن بەڵام نەمناسینەوە
نامناسی؟ کورە عەیبە، بە دەنگیشما نامناسیتەوە؟ –
– نەخێر نەمناسیتەوە
– کورە من موعەممەرم
    – ئاخر کام موعەممەر کاکە گیان؟
– ١٩٥ موعەممەر، ئەی لە پۆلێکدا پیکەوە نەبووین؟ موعەممەر قەباقچی!
وتم:- هاه؟ ئەوە تۆی موعەممەر؟
بەڵام دیسان نەمناسی یەوە.. گەر خۆم وەکو ناسیاو دەرنەخەم ئەبێتە عەیبە.. بەهەر حاڵ، ڕەنگە برادەرێکی کاتی ئامادەییم بێ.
وتی:- بەڵێ منم..
بیست و شەش ساڵ ئەبێ قۆناغی ئامادەییم تەواو کردووە، من موعەممەر قەباقچی لەکوێ بناسمەوە؟
– کارێکی زۆر گرنگم پێت کەوتووە، هەر ئەبێ بتبینم، ناونیشانی ماڵەکەتم بدەرێ.
ماڵەکەم بۆ پیناس کرد، پاش نیوەڕۆ هات. هەر کە لە دەرگاوە هاتە ژوورێ خۆی بە ملمەوە نووساند. ئێهه، ئەی گوایە هاوڕێی سەردەمی قوتابخانە نەبووین؟ منیش ویستم خۆم بە ملیەوە بنووسێنم بەڵام، تەواو نەمگوشی بەخۆمەوە، باڵای لە دوو مەتر پتر بوو. ئەنجاغ توانیم بە هەردوو دەستم پشتی بگرم. ئەملاو ئەولای ماچ کردم، منیش یەک دوو جار بۆی هەڵبەزیمەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی نەگەیشتمە ڕوومەتی، لێوم گرژ کردو مووپ، مووپ، دووجار دەنگم دەرکرد، گوایە ماچم کرد. وەرسووڕام و ڕوومەتەکانم سڕی یەوە. هەرگیز لە ژیانما ماچکردنی وام نەبینیوە.. ڕوومەتم، ئەتووت گامێش لێستوویەتی  ئاوا لینجاوی پێوە نووسابوو. تێپەڕی و لەسەر ئەسکەمیلەکە دانیشت.. هەردووکمان لەیەکدی ئەڕوانین. هیچ هاوڕێ یەکی وام لەیاد نی یە.
هەر بیر ئەکەمەوە، بیر ئەکەمەوە، هەڵی ناهێنم کێ یە، ئاخر لە قوتابخانەکەماندا کەسی وا دۆلە درێژ نەبووە. هەر تەماشای یەکدیمان ئەکرد. وتی:
– وا دیارە نەتناسیمەوە؟
گەر بڵێم ناتناسمەوە نەنگە مرۆڤ هاوڕێی خۆی نەناسێتەوە:
– کورە بابە ناسیتمەوە، چۆن ئەبێ نەتناسمەوە؟
– باشە من کێم؟
– موعەممەر، موعەممەر قەباقچی
– هاه.. ئێستا باوەڕم کرد، گەر بتووتایە ناتناسمەوە، هاک تووو.. تفێکم لە چارەت ئەکردو ئەڕۆیشتم.
– ناسیتمەوە، ناسیتمەوە، موعەممەر قەباقچی..
ئێستا برام گوێم لێ بگرە، من کارێکی وام بەسەر هاتووە تەنیا تۆ ئەتوانی قورتارم بکەی. تۆ ناسیاوت زۆرە. من سووتاوم برام، سووتاوم..
– چی بووە موعەممەر؟
بۆ ئەوەی نەزانێ کە نەمناسیوەتەوە ناوەکەشی ئەڵێم
– من تەواو بووم، تۆ ناسیاوت زۆرە، تەنیا تۆ ئەتوانی رزگارم بکەی، من مردووم.
– دە بۆم بگێڕەوە موعەممەر، بۆم بگێڕەوە.
– هەروەک ئاگاداریت، من بۆ خوێندنی ئەندازەی کیمیا چووم بۆ ئەمریکا
ئاگام لە هیچ شتێک نی یە بەڵام، وتم:
– ئەزانم موعەممەر گیان
– نازانم بیستتەوە، بێگومان بیستووتە، لە ئەمریکا کچێکم خۆشویست
– بیستم موعەممەر گیان
– باوکی کچە بەڕێوەبەری ئوتێلە، من کچەکەیم خواست، ئەزانی؟
– ئەزانم موعەممەر
– پاشان برام..
ئەو باسم بۆ ئەکات، منیش بۆ ئەوەی هەڵیبێنم کێ یە، بە دیقەتەوە ئەڕوانمە روخساری، ئەویش جار ناجارێ قسەکەی ئەبڕێ و ئەڵێ:
– کورە تۆ نەتناسیمەوە؟
– ناسیتمەوە برام، وەڵلاهی ناسیتمەوە
-باشە ئەگەر ناسیمتەوە ئەی بۆچی وەکو گا تێم ئەڕوانی؟
-ئەوە یانی.. گوێت لێ ئەگرم
-یان لووتت بەرز بووە؟
-هەڵلا هەڵلا، بەچی لووتم بەرز بێ موعەممەر گیان؟ دە تۆ باسم بۆ بکە، گوێم لێتە
– پاشان برام، کچەکەم خواست. پاش ژن هێنان بە دوو مانگ نەخۆش کەوتم، بیستت؟
– بیستم موعەممەر
– درۆ ئەکەیت
– بۆچی درۆ ئەکەم، بەخوا بیستم
– گەر بیستت بڵێ بزانم نەخۆشی یەکەم چی بوو؟
– بەخوا ئەو کاتە وتیان قورحە بوو، ڕیخۆڵە کوێرە بوو، شتێکی وابوو
– نەخێر
– بیرم نەماوە، نەخۆشی یەکەت چی بوو موئەممەر؟
– چووزانم؟ کەس نەیزانی چی یە، هیچ دکتۆرێ بۆی دەستنیشان نەکرا. پاشان برام، وتیان ئەبێ ئەمەلیات بکرێ. عەمەلیاتم کرد. بیستت ها؟
– تو بزانە ئەمەم نەبیستبوو
– کورە توخوا ئێوەش برادەرن؟ لە غەریبایەتیدا بشمرین کەس ئاگای لێمان نی یە
– کاکە، ڕاستی ڕاستی؟ بیستم، بیستم.. نەمبیست، نەمبیست
– بڵێ نەتبیستووە؟ هەر نەیسە، عەمەلیاتی مێشکم کرد
– پاش عەمەلیات نەگەڕامەوە بۆ زانکۆ. ئەو کاتە خەزوورم پێی وتم، تۆ باشتر وایە بچیت لە ئامۆژگەی باڵای کاروباری ئوتێلچێتی بخوێنی، پاشان پارەتان ئەدەمێ، ژنەکەت بەرەو بگەڕێوە بۆ تورکیا، لەوێ ئوتێلێک بکەرەوە. ئێمەش وتمان باشە.. ئنجا کاکە دەستم کرد بە وەرگرتنی وانەکانی ئوتێلچێتی لەڕێگەی نامە گۆڕینەوە. دوو ساڵ لەو ئامۆژگایەدا بە نامە گۆڕینەوە دەوامم کرد. پاش دوو ساڵەکە بە نامە بڕوانامەی دیپلۆمیان بۆ ناردم. لەسەر ئاستی ئامۆژگادا بە یەکەم دەرچووم.
دیپلۆماکەم وەرگرت. خەزوورم وتی هەندێکیش مەشق و ڕاهێنان بکە لەسەر کاروباری ئوتێلچێتی تا پتر شارەزایی پەیدا بکەیت، وتم چۆنی بکەم؟.. لەو ئوتێلەی خەزوورم تیایدا بەڕێوەبەرە، ئەبوایە پێشان دەرگاوانی بکەم، پاشان گەرسۆنی بکەم.. پرسیم “گەرسۆنی بە نامە بکەم؟”، وتی “بە نامە نابێ”.
ئەو قسەی بۆ ئەکردم، منیش بە وردی تەماشام ئەکردو ئەمویست بیهێنمە یادم کێ یە، لەپڕا قسەکەی بڕی و هاواری کرد:
– کورە تۆ هێشتا نەتناسیمەوە
– ناسیتمەوە بەخوا، موعەممەر
– ئێ باشە بۆچی وەکو گا هەر سەیرم ئەکەیت؟
– بە وردی گوێت لێ ئەگرم
– نەتناسیمەوە بەڵام هەرچۆنێ بێ.. ئنجا کاکە، من لە ئوتێلدا دەستم بە دەرگاوانی کرد.. لەو ئوتێلەدا بیست دەرگاوان هەبوو، ئەبوو چوار مانگ دەرگاوانی بکەم، بەڵام هێشتا هەفتەیەکم تەواو نەکردبوو دەرگاوانەکانی تر دەستیان بە بۆڵەبۆڵ کرد، ئامان ئەو کابرایە لێرە لابەن.. تێگەیشتم، لەگەڵ مندا هەڵناکەن، بەڵام لەبەر ئەوەی زاوای بەڕێوەبەرم هیچ ناڵێن، ئیتر دەستیان بە سکاڵاو گلەیی کرد “دەرگاوانیی لە ئێمە باشتر ئەزانێ، چیی وامان نی یە فێری بکەین، لێرەی لابەن”.. پلەیەك سەرکەوتم، بۆ مەڵبەندی ئوتێلەکەیان گواستمەوە. لە مەڵبەنددا چواردە کەس کار ئەکەن، منیش ئەبوو سێ مانگ لەوێدا کار بکەم. هێشتا سێ ڕۆژم تەواو نەکردبوو دەستیان بە بۆڵەبۆڵ و سکاڵا کرد، “ئامان ئەم کابرایە لێرە بگوازنەوە ئەگینا هەموومان کارەکە جێ ئەهێڵین و ئەڕۆین”.. لە هەموو شوێنێکا ڕژدی بە پیاوی بەتوانا ئەبەن.
چوونە لای خەزوورم پێیان وت: “ماشەڵلا، هەموو شتێک ئەزانێ، چیی وامان نی یە فێری بکەین، با لەخۆڕایی کاتی خۆی بەفیڕۆ نەدات”. پاشان کردمیان بە گەرسۆن، ئەبوو شەش مانگ گەرسۆنی بکەم. هێشتا شەش ڕۆژم تەواو نەکردبوو گەرسۆنەکانی ئوتێل هەموو یاخی بوون “یان ئەمە لێرە ئەگوازنەوە یان دەرئەچین و ئەڕۆین”، بۆچی؟ “مخابن با کاتی خۆی بەفیڕۆ نەدات، ماشەڵلا هەموو شتێک ئەزانێ..”. پاشان کردمیان بە سەرگەرسۆن. لەو ئوتیلەدا سی سەرگەرسۆن هەیە، هێشتا دووەمین ڕۆژم بوو سەرگەرسۆنەکان وتیان “یان ئەم کابرایە لێرە لابەن یان مان ئەگرین”. ئەم بێ ئارامی یە لە هەموو شوێنێکدا هەر هەیە. تۆ تەماشای من کە!
– بەڵێ قوربان
– تۆ هێشتا نەتناسیمەوە
– ناسیتمەوە موعەممەر
ئای بتووتایە ناتناسمەوە.. پاشان کردمیان بە یاریدەدەری بەڕێوەبەر. خەزووریشم تەنیا هەفتەیەک لەگەلما هەڵی کرد. خاوەن ئوتێل چووە لای دەستەی کارگێڕانی کۆمپانیاکەو پێی وتن “یا ئەم کابرایە یا من”. بردمیان بۆ لای دەستەی کارگێڕان، ئەوانیش وتیان “ئێوە هەموو شتێک ئەزانن، ڕاهێنانەکەتان کۆتایی پێ هات”. وتم “گەمژە نیم، ڕاهێنان بە پانزدە ڕۆژ تەواو نابێ. من لێرە ناجووڵێمەوە”، پاشان سەرۆکی دەستەی کارگێڕان وتی “کاکە تکات لێ ئەکەین لێرە بڕۆ، ئەگینا لەڕووی تۆوە ئێمە نەک هەر ئوتێلەکە، بەڵکو شارەکەش جێ ئەهێڵین و دەربەدەر ئەبین”. من ئەو کاتە گێلێتیم کرد، گەر بمووتایە “بۆ هیچ شوێنێک ناڕۆم” ئەوان ئوتێلەکەیان بۆ جێ ئەهێشتم، لە شارەکەش هەڵئەهاتن.
وتم “ئەڕۆم، بەڵام بڕوانامەی دەرچوونم بدەنێ”، وتیان “تۆ بڕۆ ئێمە بڕوانامەیەکت ئەدەینێ لەئاوی زێڕ کرابێ”. وتم “بڕوانامەی ڕێزلێنانیشم ئەوێ”، وتیان “چەند دانەت ئەوێ ئەتدەینێ”، یەکێک لە ئەندامانی دەستەی کارگێڕان وتی “چەند پارەشت ئەوێ ئەتدەینێ”، وتم “پارەم ناوێ”، وتیان “چاکەت لەسەرمان زۆرە، هەتا جەنابت نەهاتبوویتە ئێرە ئێمە بەهای کارگەرەکانمان نەئەزانی، ئێمە قەرزاری تۆین، چیت ئەوێ ئەتدەینێ”. خەزوورم وتی “تۆ جارێ بۆ وڵاتەکەت بڕۆرەوە، شوێنێک بۆ بنیاتنانی ئوتێل بدۆزەرەوە، ئنجا چەند پارەت پێویستە بە ژنەکەتدا بۆت ئەنێرم”. منیش هەڵسام هاتمەوە. چوار ساڵی بەسەردا تێپەڕی. نامە ئەنێرم خەزوورم وەڵام ناداتەوە. نە ژنەکەم بۆ ئەنێرێتەوە نە پارەش. بڕوانە ئەوە دیپلۆمای ئوتیلچێتیم، ئەوەش بڕوانامەی بەیەکەم دەرچوونم، ئەوانەش بڕوانامەی ڕێزلێنانم. ئەمڕۆ وڵات پێویستیی بە ئوتێل هەیە، زاناو نەزان خۆیان لە کارەکە هەڵئەقورتێنن، بەڵام کەس قەدری نازانێ. حەیف بۆ من، بۆ هەرچ مەقامێک ئەچم دەرم ئەکەن… پاشان رفعەتم بینی، رفعەت منی بۆ لای تۆ نارد، وتی ئەو ناسیاوی هەیە.
– کام رفعەت؟
– رفعەتە ووشتر
– نایەتە یادم
– کورە ئەی لە گاڵەتە سەرای پێکەوە نەبووین؟
– گاڵەتەسەرای چی؟ من لە گاڵەتەسەرای نەمخوێندووە..
ئیتر ئەوەی دوای ئەمە ڕوویدا نایگێڕمەوە، تەنها دەرو دراوسێ منیان لەبەردەستی قورتار کرد. کە ڕۆیشت وتی:
– وا ئەزانێ بڕوای پێ ئەکەم، من زانیم نامناسێت.. کورە هەم نامناسیت هەم ئەتەوێ لە سڕو نهێنیی کابرای نەناسیاو بزانیت؟ 


ناوی چیرۆکەکە بە تورکی
:
Aziz Nesin – Kabakçı Muammer’i Bilen Var mı?    
بۆ یەکەم جار لە رۆژنامەی هاوکاری-    09/09/1993بڵاوم کردەوە

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.