Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
لەرێ گیان جێگەت لە دڵی ئێمەوكەسوكار و هاوپۆلەكانت دا خاڵییە..!

لەرێ گیان جێگەت لە دڵی ئێمەوكەسوكار و هاوپۆلەكانت دا خاڵییە..!

Closed
by March 12, 2008 گشتی

 لەرێ  ئەو منداڵە ژیكەلە ئێسك سووكە تەمەن هەشت ساڵە بوو كە لە پۆلی دووەمی سەرەتایی، لەقوتابخانەی قازی محمد لە سلێمانی دەیخوێند. لە ڕۆژی 4\3 وە لە لایەن مێردی پورەكەیەوە دەبرێت بۆ خانوویەكی چۆڵ وپاشان بە دڕانەنەترین شێوە بە خاتری بڕێك پارە دەخنكێنرێت و لاشەی ساردی بێگیانی لەقەراغ شار فڕێدەدرێت. بەم شێوەیەش ژیانی لەرێ كە تەنها 8 بەهار بوو بە  كارەساتێكی پڕ تراژیدی كۆتایی پێدێت.
 هەواڵی خنكاندنی لەرێ كارەساتێكی جەرگ بڕو هەواڵێكی ناخۆش بوو، بە ڕاستی دڵی هەموومانی هێنایە گریان. بەڵام ئەگەر بڕێك واوەتر بڕۆین و لە مەودای هەست وبە بەزەیی و عاتیفە لەبەرامبەر كارەساتێكی وەهادا دوور بكەوینەوەو پەنجە بخەینە سەر هۆكارەكان، و هەروەها بەدوای چارەسەرێكی دروست و گونجاودا بین، ئەوە پێویستە بڕێك ووردتر لەم جۆرە كێشانە بڕوانین وچەند فاكتۆر كە كاریگەریان هەیەو ڕۆڵ دەبینن لەم مەسەلەیەدا لێك بدەینەوەو بیخیەنەڕوو.
 چونكە بە بڕوای من لە لایەك ئیدانە كردنی ئەم تاوانانەو داوای بەسزاگەیاندنی ئەنجامدەرانی وە لە لایەكی ترەوە، ڕوونكردنەوەی هۆكارەكان و دەستبردن بۆ چارەسەر دوو هەنگاوی پێویستی هەمیشە لەیەك جیا نەكراوەن. 
 ئەگەر چاوێك لەڕەوشی ژیانی مناڵان بكەین لە كۆمەڵگای كوردستاندا، ئەگەر ڕۆژانەش چاوێك لەو دەنگوباس و هەواڵە دەڵتەزێنانە بكەین كە لە میدیای جۆراوجۆردا بڵاو دەكرێتەوە لەم بارەوەو لەسەر وەزعیەتی منداڵان، ئەوە مرۆڤ دەتوانێت وێنەیەكی لادروست بێت سەبارەت بە شێوازی ڕەفتارو مامەڵەی كۆمەڵگا لەگەڵ منداڵاندا وە بە جێگەو ڕێگەی كۆمەڵایەتیان ئاشنا بێت. دیارە بەو پێیەی كە منداڵان توانای بەرگریكردنیان لە خۆیان نییەو لە ڕووی پێگەیشتنی لەش و ژیریەوە ساوان، بەم پێیە لە لایەك ئەركی گەورەكانە كە هاوكاریان بكات و بەرگری لە مافەكانیان بكات، لە لایەكی تریشەوە هەر ئەمە بۆخۆی هۆكارێكە بۆ ئەوەی كە ببێتە پاروریەكی ئاسانخۆر بۆ كەسانێك كە نا مرۆڤانە بیر دەكەنەوەو منداڵان دەكەن بەئامراز و قوربانی گەیشت بە ئامانجە نا مرۆییەكانی خۆیان.
 تێڕوانینی دەسەڵات و كۆمەڵگا بۆ منداڵ، یاساو ڕێساكانی بەرگریكردن لە مافەكانی منداڵان، وە لە گشتدا گرنگیدان بە منداڵان لە لایەن حكومەت و دەسەڵاتدارانەوەو دابین كردنی پێداویستییەكانیان، هەمووئەمانە كاریگەری لەسەر تاكی كۆمەڵگا دادەنێن سەبارەت بە بیركردنەوەیان وچۆنێتی ڕەفتارو مامەڵەیان لەتەك منداڵاندا. لێرەوەیەو لەبەر نەبوونی یاسایەكی تایبەت بە بەرگریكردن لە مافەكانی منداڵان لە لایەن حكومەتی هەرێمی كودستانەوە بە جۆرێك كە كێشەكانی منداڵان و گرنگیدان بە شێوازوچۆنێتی پەروەردەكردنیان گرنییەكی تایبەتی پێبدات و كاریگەری لەسەر تێڕوانینی كۆمەڵكا دابنێت سەبارەت بە مامەڵەكردن و پەرەوەردە كردنی منداڵان، لەبەر نەبوونی ئەم جۆرە یاسایە ئەمڕۆ لە كوردستاندا بە ئاسانی لە لایەن گەورەكانەوە منداڵان ستەمیان لێدەچێ، ئازار ئەچێژن و لێیان دەدرێت و ئیهانەت و سوكایەتیان پێدەكرێت لە كۆمەڵگاو دام و دەزگا پەروەردەییەكان و لەتەمەنی جیاجیادا، وە لە هەمان كاتدا كەم ڕۆژ هەیە كە كارەساتی جەرگ بڕی كوشتن، خنكاندن، سوتاندن و دەیان شێوازی تری مامەڵەی نا مرۆیی دەرهەق بە مناڵان نەبیستین، كە نموونەكانیان " لاڤە جەمال، سارا جەعفەر، باخان كەمال، ڕەیان عەلی، لەرێ و ..هتد." چەندین نموونەی ترن.
 دیارە من لێرەدا نامەوێت باس لە وەزعییەتی منداڵان بكەم هەموو عێراقدا، ناشمەوێت باس لەوەزعی مناڵان بكەم لە نزیك بە 17 ساڵ تەمەنی دەسەڵاتی حكومەتی خۆماڵی هەرێمی كوردستان بكەم، بەڵكو دەمەوێت تەنها باس لەم چەند مانگەی ساڵی تازە بكەم، هەموو شاهیدی ئەوەین كە لەم ماوەیەدا چەندین تاوانی جۆراوجۆر لە دژی منداڵان ئەنجامدراوە، هەر لە بڕینی پەرچەمی كچەخوێندكارەكانی خورماڵەوەو ئەتك كردنی حورمەت و كەرامەیتان لە لایەن پەروەردكارنی پەروەردەوە"چەند مامۆستایەكەوە"، تا دەست شكاندنی هیران تۆفیق لە لایەن بەرێوەبەری سۆلاڤی كچانەوە تا دەگات بەكوشتن و خنكاندنی لەرێ، ئەمە جگە لەو دەیان و سەدان تاوانەی كە لە نێو چواردیواری ماڵەكاندا و لە پشتی دەرگا كلۆمدراوەكانەوە ڕوودەدەن بێ ئەوەی كەس پێ بزانێ.
 ڕیگا چارە بۆ كۆتایی هێنان بە توندوتیژی لە دژی منداڵان و ڕزگار كردنیان لە خنكاندن و كوشتن و سوتاندن، وە گەڕانەوەی حورمەت و حەیسییەتی ئینسانی بۆیان، وە گرنگیدان بە پەروەردەی منداڵان و مامەڵەیەكی مرۆییانە، ئەوەیە كە خەڵكی ووشیارو مەدەنی كۆمەڵگا، ئازادیخوازان و ڕێكخراوەكانی بەرگریكردن لە مافەكانی منداڵان، فشار بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان بێنن كە یاسای بەرگریكردن لە مافەكانی منداڵان بڕیار لەسەر بدات و پەسەند بكات، وە سزای توند دابنێت بۆ ئەو كەسانەی كە دەستدرێژی و توندوتیژی دەكەنە سەر منداڵان و حورمەت و كەرامەتیان پێشێل دەكەن و مامەڵەی نامرۆڤانەیان لە بەرامبەردا دەكەن.
 ماوەتەوە بڵێم بە بیستنی مەرگی"لەرێ" تەواو ناڕەحەت و دڵتەنگ بوم، سەرەخۆشی لەدایك و باب و كەسو كاری لەرێ و هەموو هاوەڵەكانی دەكەم و پڕ بەدڵ بەشداری غەم پەژارەیانم.
 
 شێرزاد فاتح
 10-3\2008
 سوید
 
 بۆ خوێندنەوەی ڕاگەیاندنی سەنتەری مناڵان لەم بارەوە سەردانی مالپەڕی سەنتەر مناڵان بكەن.
 سەنتەری بەرگری لە مافەكانی مناڵان
 
www.santarimnalan.com
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.