Skip to Content

513 Views

ده‌رباره‌ی ڕێکخراوی “یه‌کێتیی بێکاران” (گفتوگۆ له‌گه‌ڵ نه‌وزاد مه‌دحه‌ت (گۆران عه‌بدوڵا)

ده‌رباره‌ی ڕێکخراوی “یه‌کێتیی بێکاران” (گفتوگۆ له‌گه‌ڵ نه‌وزاد مه‌دحه‌ت (گۆران عه‌بدوڵا)

Be First!
image_print

ئامادەکردنی: سالار ڕەشید

: ئەم گفتوگۆیە لە کتێبی
مێژوویه‌ک له ‌یاده‌وه‌ریدا (دیدار سه‌باره‌ت به‌ مێژووی چه‌پ و کۆمۆنیزمی نوێ له‌ کوردستاندا)
بڵاوکراوەتەوە ……

” یه‌کێتیی بێکاران لە کوردستان ” یه‌کێک بوو له‌و ڕێکخراوه‌ جه‌ماوه‌رییانه‌ی ده‌یه‌ی نه‌وه‌تی سه‌ده‌ی ڕابردوو، که‌ به‌ ده‌سپێشکه‌ریی ئه‌فرادی کۆمۆنیستیی هاته‌ دامه‌زراندن و سه‌رباری هه‌ر که‌موکوڕییه‌ک که‌ هه‌یبووبێ، خاوه‌ن‌ کێش و قورساییه‌کی به‌رچاو بوو له‌ کۆمه‌ڵگای کوردستاندا و خاوه‌نی 20000 ئه‌ندام بوو. ئه‌م ڕێکخراوه‌ ته‌نانه‌ت له‌ هاوکێشه‌ی حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی کوردستانیشدا جێگای هه‌ڵوێسته‌ و له‌سه‌ر وه‌ستان بووه‌ و له‌ ئاستی باڵای ئه‌و حیزبانه‌دا قسه‌ و باس له‌سه‌ر چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵیدا و چۆنیه‌تی پیلان دانان له‌دژی بووه‌ به‌ مه‌سه‌له‌.
بۆ تاووتێکردنی ئه‌م ڕێکخراوه‌، گفتوگۆیه‌کی هه‌مه‌ لایه‌نه‌ له‌گه‌ڵ یه‌کێک له‌ ڕابه‌ران و هه‌ڵسووڕاوانی ئه‌م ڕێکخراوه‌ “نه‌وزاد مه‌دحه‌ت” ساز ئه‌که‌ین.


پرسیار: له‌ چاوپێکه‌وتنی هاوڕێیانێکی ئاگادار له‌م ڕێکخراوه‌، باسی ئه‌وه‌ کراوه‌، که‌ ناوکی سەرەتایی “یه‌کێتیی بێکاران” لە شاری هەولێر له‌ یەکەمین کۆبوونەوە لە باخچەی گڵکەند لەڕۆژی 30. 06. 1992 دروست بووه‌، که‌ نزیکه‌ی 50 که‌سێک تێیدا به‌شدار بووه‌. واته‌، ئه‌و مێژووه‌ به‌ ڕۆژی دامه‌زراندنی ئه‌و ڕێکخراوه‌ ده‌درێته‌ قه‌ڵه‌م. به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی تۆ ئاگادار بیت، پێش ئه‌وه‌ی ئه‌م کۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵکه‌ له‌ گڵکه‌ند بۆ دامه‌زراندنی ئه‌و ڕێکخراوه‌ کۆ ببنه‌وه‌، بیرۆکه‌ی ئه‌م کاره‌ چۆن چه‌که‌ره‌ی کرد و کێ بوون ئه‌وانه‌ی ئه‌م کۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵکه‌ی بۆ ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ ئاگادار کرده‌وه‌؟

وه‌ڵام:

من بەدیاریکراوی نازانم پێش ٣٠/٦/١٩٩٢ چەند گروپ و کەسایەتی لەبارەی درووستکردنی وەها ڕێکخراوەیەک قسەیەکیان هەبووبێت یان لەو بارەوە کارێکیان ئەنجام دابێت.من بۆ خۆم لە ڕێی هاوڕێیەکەوە ئاگادارکرامەوە کەوا بڕیارە کۆبونەوەیەکی کراوە سەبارەت بە دیاردەی بێکاری ببەسترێت لە باخی گڵکەندی شاری هەولێر.
بەڵام دڵنیام لەوەی دروستکردنی هەر رێکخراوێک ، گروپێک، حزبێک یان هەر کارێکی تری بە کۆمەڵ، خەڵکانێک هەبوونە ئەگەر خاوەن بیرۆکەکەش نەبوبن، بەڵام سەرەتایەک بوونە بۆ گەیاندنی ئەو بیرۆکەیە، خەڵکیان کۆکردۆتەوە ، شوێنێکیان دیاری کردووەو…. تاد.
سەبارەت بە مێژووی ٣٠/٦ و کارەکانی پێش ئەو مێژووە، وەکوو کێشەیەک لە ئامادەکردنی یەکەمین ڕاپۆرتی یەکێتی بێکارانی هەولێر کە بۆ یەکەمین کۆبونەوەی گشتی ڕێکخراوەکە ١ ئامادەکرابوو . لەنووسینەوەی ئەو ڕاپۆرتەدا کاک عەبدوڵڵا سلێمان ئاماژەی بەوە دابوو کەوا ئەوو چەند کەسانێکیتر خاوەنی بیرۆکەی وەها رێکخراویك بوون.هەروەها ٢/٦/١٩٩٢ وەکوو دەستپێکی ئەو کارە نیشان کردبوو، بەڵام لیژەنی باڵای یەکێتی بێکاران بە زۆربەی دەنگ ٣٠/٦/١٩٩٢ بە رۆژی دامەزراندنی یەکێتی بێکارانی هەولێر دایە قەڵەم. بۆیە تەئکید لە پاشناوی هەولێر دەکەمەوە چوونکە تا ئەو کاتە هیچ ڕێکخراوێکی تری بێکاران لە کوردستان دروست نەبوبو. من بۆ خۆم بروام بەوە نییە قسەو کارە لاوەکییەکانی خۆمان بکەینە بار بەسەر شانی مێژووەوە، ئەکرێت هەموو کەسێک لەو بارەوە یادەوەری و کارەکانی خۆی بنوسێتەوە ، بەڵام ئەوانە نابنە مێژووی بزوتنەوەکە، چوونکە دڵنیام کاری ترو کەسانی تریش هەبوونە قسەیەک یان کارێکیان کردبێت لەو بارەوە.

پرسیار: یەکێتی بێکاران لە کوردستان کەی و چۆن پێکهات؟

وەڵام:

پاش درووست بوونی یەکێتی بێکارانی هەولێر، لە سلێمانیش هەوڵەکان بەردەوام بوون بۆ درووست بونی وەها ڕێکخراوێک، ئەوەبوو لە ٦/١١/١٩٩٢ بەیانی دروست بونی یەکێتی بێکارانی سلێمانی بڵاوکرایەوە. هەردوو یەکێتێکە پەیوەندی توندوو تۆڵ و بەردەوام لە نێوانماندا هەبوو.
پاش گەشتن بەو بروایەی کە دەبێت هەردوو یەکێتێکە لە ڕێکخراوێکی سەرتاسەری رێکبخرێت، لیژنەی باڵای یەکێتی بێکارانی سلێمانی کە پێک هاتبوون لەم بەڕێزانە ( حاجی ئەنوەر، ئەنوەرساڵح ، ئەکرەم چاوشین،وەستا سابیر و دیدار) سەردانی هەولێریان کرد و لەگەڵ لیژنەی باڵای یەکێتی بێکارانی هەولێر کۆبونەوە کە پێکهاتبوون لەم کەسانە( جەمال چاوشین، عەبدوڵڵا سلێمان، عەبدولرەحمان مەولود، گۆران عەبدوڵڵا ،وەستا محەمەد،سالار سۆفی،سیروان عەلی،یوسف بەکر، جاسم محەمەد) پاش سێ ڕۆژ لە گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزم و چۆنیەتی سەرتاسەری بونەوەی رێکخراوەکەو کارەکانی، ئەوەبوو لە ٦/١/١٩٩٣ بە هەڵبژاردنی ٩ ئەندام بۆ لیژنەی باڵا، یەکێتی بێکاران لە کوردستان پێکهات و لە ١٠/١/١٩٩٣ راگەیاندنەکە بڵاو کرایەوە.

پرسیار: ئه‌وه‌نده‌ی‌ من بزانم، بنیاتنانی ئه‌م ڕێکخراوه‌ نه‌خشه‌ و پرۆژه‌ی هیچ سازمان گرووهێکی چه‌پ و کۆمۆنیستی ئه‌و ده‌مه‌ نه‌بوو، به‌ڵام دواتر هه‌ر یه‌که‌ له‌وانه‌ له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بوو، که‌ نفووزی خۆی له‌نێویدا په‌ره‌ پێ بدات و به‌جۆرێک کاریگه‌ریی له‌سه‌ر دابنێ که‌ خۆی مه‌به‌ستێتی. ڕا و بۆچوونی تۆ له‌م ڕووه‌ چییه‌؟

وه‌ڵام:
گروپ و ڕێکخراوە چەپەکان وەکوو ڕێکخراو لە سەیرکرێک زیاتر نەبوون لە سەرەتادا، وەخاوەنی هێچ پرۆژەو پلانێکیش نەبوون لەو بارەوە، تەنانەت هەندێک لە کەسایەتییە باڵاکانی ئەو گروپانە پێیان وابوو ئەوەی دەکرێت هێزوکات بە فیرۆ دانە، چونکە کەسی بێکار بەو پێیەی خاوەنی کارێک نییەو کەوتۆتە دەرەوەی پرۆسەکانی بەرهەمهێنانەوە بۆیە هێزێکی بێکاریگەر و پرشو بڵاون لە کۆمەڵگەدا.
وەکوو تاکی سەربەخۆ لەهەموو گروپە چەپو کۆمۆنیستێکان بەشادارییان هەبوو. بەتایبەت رەوتی کۆمۆنیست کەلەو سەردەمەدا خاوەنی تەشکیلاتی عەلەنی خۆی بوو. ئەو کاتەی رێکخراوەکە گەشەی کردوو بوبەهێزێکی دیارو بەرچاو لە کوردستاندا، ئیتر بوبە جێگای ساغکردنەوەی هەموو ئەو تیۆرو قسەو باسانەی کە ساڵانێک بوو کرابوون، یان لە کتێبەکان خوێندرابوونەوە، ئەوە سەرباری گواستنەوەی مەحفەلیزم بۆ ناو رێکخراوەکە. بە کورتێکەی بووبە حەقلی تەجروبەی بێ تەجروبەکان.

پرسیار: ڕایه‌ک هه‌یه‌، پێی وایه‌، هاتنه‌کایه‌وه‌ی ئه‌م ڕێکخراوه‌ به‌رهه‌می بزووتنه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ریی کرێکارانی بێکار نه‌بووه‌. ڕه‌نگه‌ ئه‌م بۆچوونه‌ سه‌ره‌نجام به‌وه‌ بگات، که‌ ‌ پێکهێنانی ئه‌م ڕێکخراوه‌ زه‌مینه‌ی بابه‌تیی نه‌بووه‌! ئایا تۆش هه‌مان بۆچوونت هه‌یه‌، وه‌یان پێت وایه‌ زه‌مینه‌ی بابه‌تیی بۆ په‌یدابوونی ئه‌و ڕێکخراوه‌ له‌ ئارادا بووه‌ و ئه‌وه‌ ئه‌سڵه‌ که‌ کێشه‌یه‌ک له‌ئارادا بووه‌ یان نا، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و کێشه‌یه‌ نه‌گه‌ییشتبێته‌ ئاستی بزووتنه‌وه‌یه‌کی به‌رچاو و هه‌ستپێکراویش؟

وه‌ڵام:
ئەوە ڕاستە یەکێتی بێکاران لە ئەنجامی بزووتنەوەیەکی جەماوەری بێکارییەوە کە خاوەنی دەیان خۆپیشاندان ونارەزایەتی جۆراو جۆر بوبێت نەهاتە بوون، بەڵام بە دڵنیایەوە ئەوە دەڵێم دروسترین و جوانترین بریارێک کە مارکسیستە نوێیەکانی کوردستان دابێتیان لە پەیوەند بە زیندوترین و بەرچاوترین کێشەکانی کۆمەڵگەی کوردستانەوە، دوو بریار بووە کە بە کرداریش چوونە پشتی، یەک کێشەی کوشتنی بەلێشاوی ژنان بوو، دوو کێشەی بێکاریبوو . دەکرێت وەک دوو خاڵی پرشنگدار لە مێژووی مارکسێکانی کوردستان تۆماربکرێت.
بێکاری تا ئەوپەری دڵرەقی خۆی دەستی نابووە بیناقاقای زۆربەی خەڵکی کوردستان. کۆمەڵگە هەمووی بەسەریەکدا کەوتبوو، نەک هەر کارگەکان، زۆربەی دام و دەزگا خزمەتگوزارێکان یان داخرابوون یان بە چوار پێنج مانگ جارێک مووچە دەدرایە کارمەندەکانی. دەسەڵاتی کوردی نەک هەر خەریکی چارەسەرکردنی ئەو ئەزمە قوڵە نەبوو، بەڵکوو بەشێک بوو لە قوڵکردنەوەی ،چ بە ئاودیووکردنی کارگەو ئامێرەکان، چ بەتاڵانبردنی سەروەتو سامانی گشتی بۆ پرکردنی گیرفانی بەرپرسەکان و چەکدارکردنی حزبەکانیان.

ئەگەر ئەم لەشکرە لە بێکاران خۆی رێک نەخستبوو یان پەرچەکرداری بە کۆمەڵی نەبوو، دەبێت ئەوەمان لەبەر چاوبێت کە دەیەی هەفتاو هەشتاکان لە عێراقدا نەک هەر سرینەوەی شێوەکانی رێکخراوبوون بوو لە دەرەوەی دەسەڵات، بەڵکو سرینەوەشی بوو لە عەقڵیەتی بەشرەکان. بارودۆخێک سیاسەتی بەعس خوڵقاندبووی لە نێو خەڵکدا کە هەمیشە وەک و تاک بیر لە چارەسەرو وەڵام بە کێشەکان دەکرایەوە. یەکێتی بێکاران سەرباری ئەوەی هەوڵی خۆی خستبووەگر بۆ چارەسەرکردنی ژیانی بێکاران ، لە لایەکیتریشەوە دەیویست ئەو ئەقڵیەتی نارێکخراوبونە تێک بشکێنێت و وەسیلەیەکی نوێی خەباتکردن بخاتە بەردەستی کۆمەڵگەی کوردستان. هیچ کەسانێکی ئازادیخوازو مرۆڤ دۆست ناتوانێ بێدەنگ و دەستەوەستان دابنیشیت لە بەرانبەر مەرگی لەسەرخۆی کۆمەڵگەکەی. ئێمەش لەو بەرەیەبووین کە نەمانتوانی بێدەنگبین.

پرسیار: ئه‌گه‌ر ئامانجی بنه‌ڕه‌تیی ئه‌م ڕێکخراوه‌ بریتی بووبێت له‌: “کار یان بیمه‌ی بێکاری”، ئایا له‌و بار و دۆخه‌دا که‌ حکوومه‌تی به‌عس له‌ کوردستان پاشه‌کشه‌ی کردبوو، کارگا و کارخانه‌کان له‌کار که‌وتبوون، کوردستان دوو جار له‌ژێر گه‌مارۆی ئابووریدا بوو، ده‌سه‌ڵاتێکی دواکه‌وتوو، یانی، به‌ره‌ی کوردستانی ژێرخانی کوردستانی تاڵان و ئاودیو ئه‌کرد… چه‌ند زه‌مینه‌ی گونجاو و له‌بار بۆ ئه‌و ئامانجه‌ فه‌راهه‌م بوو؟ پاشان ده‌پرسم: ئه‌م ڕێکخراوه‌ توانی کارێک بۆ کرێکارانی بێکار بکات؟

وه‌ڵام:
کاری گونجاو یان بیمەی بێکاری زۆرتر وەک دروشمێکی ستراتیژیانەی بێکاران نمایش دەکرا ، کەئەوە خواستی هەموو کۆمەڵگەیەکی تەندروستە. یەکێتی بێکاران کاری خۆی لە چوار چێوەی ئەو دروشمە قەتیس نەکردبووەوە. ئێمە بۆ کەمترین دەسکەوت بۆ بێکاران دەرگای زۆرێک لەو ڕێکخراوە خێرخوازیانەی دەهاتنە کوردستان دەکوتا، کەم تا زۆرێک دەستکەوتمان هەبوو بۆ خەڵکی بێکار. بەڵام لە بەرانبەر ئەو هەموو خەڵکەی خۆی ناونوس کردبوو وە چاوەروا نیان هەبوو، دەتوانین بڵێین دەستکەوتەکان هیچ نەبوون.
ئێمە بۆ بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵکی بێکار لە ١٩/٦/١٩٩٣ بریاری خۆپیشاندانمان دا لەسلێمانی وە لە هەولێریش بەڕێخستنی کۆبونەوەی نارەزایەتی.

ئەو بانگەوازەمان تەواو دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی سەغڵەت کردبوو، هەواڵی خۆپیشاندانەکەمان بە شێوەیەک دەنگی دابووەوە ،ڕۆژنامەی عراق لە ژمارە ٥٢٦٣ لە ١٨/٦ بە سەردێرێکی دیار نووسیبوی (سبەی یەکێتی بێکاران دژ بە پارتە بە کرێگیراوەکانی ئەمریکا لە کوردستان خۆپیشاندان دەکات) . لە سلێمانی لە رۆژەکانی ١٦ و ١٧/٦ دانیشتن لەگەڵ مەڵبەندی یەکێتی و بەرەی کوردستانی و پارێزگاری سلێمانی كاک جەمال عەبدول کرا ، مەڵبەند رایگەیاند کە مل بە داواکاری بێکاران نادات، سەرباری فشارێکی زۆر بۆ سەر ئەندامانی بێکاران ، دەستەیەک لە هاورێیانی لیژنەی باڵایان پاش دەرچونیان لای پارێزگاری سلێمانیەوە رفاندبوو،پاش ئەوەی ئاگادار کرابوونەوە کەوا خۆپیشاندانەکە ناکرێت ،لە پاش چەند کاتژمێرێک لە گلدانەوە ئازادکرابوون.

لە هەولێریش دەزگای ئاسایش تەواوی شاری چنیبوو چەندین ئەندامی یەکێتێکەمان لە کاتی بڵاوبوونەوەی بەیانامەدا لە لایەن ئاسایشەوە دەسگیرکرابوون،لە دانیشتنمان لەگەڵ پارێزگاری هەولێر(کاک عەبدولموهەیمەن بارزانی) من و کاک عەبدولرەحمان وەکوو لیژنەی سەرپەریشتکەر ، پاش ٢ سەعات لە گفتوو گۆو بەڵیندان لەلایەن پارێزگارەوە، بەوەی ئەگەر گەنم مایەوە لە پاش ئەو ناوانەی کە مەجلیسی وزەرا رەوانی کردووە ئەوە بەڵێن بێت لە (١ – ٧٠٠٠) بەش بیدەم بە بێکاران، تەنانەت لە قسەکانیدا چەندین جار تەئکیدی دەکردەوە کەوا درۆ ناکات. دیارە ئامادەییەکی باش هەبوو بۆ خۆپیشاندان، بەڵام بە هۆی ئاڵۆزی بارو دۆخەکەوە لە دانیشتنێکدا بە ئامادە بوونی ئەم هاورێیانە ( شاپور عەبدولقادر ، قابیل عادل ، سیروان عەلی، د.ئەمین ، سەردار حەمید، عەبدوڵڵا سلێمان، عەبدولرەحمان مەولود و من )بریاری دواخستنی خۆپیشاندانەکەمان دا،دیارە پێش ئێمە هاورێیانمان لە شاری سلێمانی ئەو بریارەیان دابوو. رۆژی ١٩/٦ کۆمەڵێکی بەرچاو لەو بێکارانەی ئاگاداری دواخستنی خۆپیشاندانەکە نەبوبون لای بنکەی بێکاران ئامادە ببون.

لە درێژەی هەوڵدانمان بۆ چارەسەری کێشەی بێکاری و رێگرییەکانی حکومەتی هەرێم لە پێش رێکخراوەکەمان، لیژنەیەکی سێ کەسی کە پێکهاتبوو لە ( جەمال چاوشین ، عەبدولرەحمان و من ) دانیشتنێکمان لەگەڵ کاک کۆسرەت رەسوڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە ٢٣/٧/١٩٩٣ ئەنجام دا ، لەو دانیشتنەدا سێ داواکاریمان خستە بەردەستی کاک کۆسرەت ١- وەزیری ناوخۆ کاک (یونس مەولود ڕۆژ بەیانی) مۆڵەتی هۆڵ گرتنی پێنەدەداین بۆ یادکردنەوەی یەکەمین ساڵ ڕۆژی یەکێتی بێکاران . سەبارەت بە خاڵی یەکەم، راستەو خۆ لەبەرچاوی ئێمەدا تەلەفۆنی بۆ کاک یونس کردو مۆڵەتی هۆڵەکەی بۆ وەرگرتین. خاڵی دووەم پەیوەست بوو بە قانونی جەمعیاتەوە کە پەیوەند بو بە مۆڵەتپێدانی کاری رۆژنامەو رێکخراوەکانەوە . بۆ ئەو خاڵەش دوو هەزار دیناری پێداین بۆ وەرگرتنی مۆڵەت بۆ رۆژنامەی دەنگی بێکاران . خاڵی سێیەم کێشەی کار پەیداکردن بوو بۆ بێکاران . سەبارەت بەم خاڵە بەڵێنی گەرانەوەی(٢٣٣) کرێکاری پێداین بۆ سەرکارەکانیان کە لەسەردەمی بەعس بە بیانۆی جۆراو جۆر لەسەر کارەکانیان دوورخرابونەوە ،وە دامەزراندنی ٣٠ بێکار.( بەڵام ئەم بەڵێنانە هەر لە خانەی بەڵێن مانەوە و نە چوونە خانەی کردارەوە). هەروەها داوای ئەوەی لێکردین کەوا پێشنیاری خۆمان لە مەر کێشەی بێکارییەوە پێشکەشبکەین، ئەوەبوو لە ١/٩/١٩٩٣ عەبدولرەحمان مەولود و من یاداشتنامەیەکان ئامادەکردو لە دانیشتنێکدا بە بەشداری هاورێیانی سلێمانی (کاژاو جەمال و فەرەیدون حەمە ساڵح) پێشکەشی کاک “کۆسرەت ڕەسوڵ”مان کرد. دیارە زۆری پێباشبوو وە بەڵێنی ئەوەی دا کەوا بیخاتە بەردەستی مەجلیسی وزەرا. بەڵام ئێستاشی لەگەڵدابێت هەواڵێکمان لەو یاداشتە نەبیستەوە. ئەم کارانەو چەندین پرۆژەی ترمان خستە بەر دەستی نەک هەر دەسەڵاتدارانی کوردستان ، بەڵکوو ئەو ڕێکخراوە خێر خوازییانەی کە لە کوردستان کاریان دەکرد. بەڵام ئەنجامەکەی وەڵام نەدانەوەو خۆ دزینەوەبوو لە داخوازێکانمان.

پرسیار: زۆر جار ڕه‌خنه‌ له‌ سازمان و گرووهه‌کان، پاشانیش له‌ حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق ئه‌گیرێ، که‌ ده‌خاڵه‌تیان له‌ کاروباری ئه‌م ڕێکخراوه‌دا کردووه‌! به‌ بڕوای تۆ، سازمان و حیزبه‌کان مافی ده‌خاڵه‌تکردنیان نییه‌؟ ئه‌گه‌ر نییانه‌، بۆچی؟ ئه‌گه‌ر هه‌یانه‌، چۆن؟

وه‌ڵام:
وشەی دەخاڵەت خۆی لە خۆیدا مانای هێز دەبەخشێت، یان بە مانایەکیتر هەست بە وجودی هێز دەکەیت لە پشتیەوە و خۆشت لێدەبێتە ژمارەیەکی بێحیساب. ئەوە دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانە بە مافی خۆیانی دەزانن کەی و چۆن بیانەوێ دەخاڵەت لە وردو درشتی کۆمەڵگە بکەن. هەرچی شتە بە عەقڵی بەشەرەکانیشەوە لە دەرەوەی دەستێوەردانی ئەوان نییە ،دیارە ئەوکارەش لە ژێر ناوی جۆراو جۆردا ئەنجام دەدەن، کۆتایەکەشی بە رۆبۆتکردنی کۆمەڵگەیە لە خزمەت ستراتیژییەکی تایبەتدا.
من بروام بە هیچ شێوەیەک لە دەخاڵەتکردن نییە ، ئەوەش نەک هەر بۆ ئەحزاب و گروپەکان ، تەنانەت بۆ دەوڵەتیش. لەهەر وڵاتێکدا کە پابەندی بنەماکانی دیموکراسیبێت ڕێ بە خۆی نادات دەخاڵەتی کاری رێکخراوەکان بکات،تەنها ئەو رێکخراوانەی کە بودجە لە دەوڵەت وەردەگرن ، دەوڵەت بۆی هەیە تەنها داوای لیستی ئەو کارانەی کە ئەنجام دروان لەگەڵ چۆنیەتی سەرفکردنی بودجەکە. بۆی نییە ئۆرگان دروست بکات و ئۆرگان هەڵبووەشێنێتەوە.

من کە رێکخراوەیەکی سەربەخۆم بۆ هیچ لایەنێک نە رەوایە و نە مافی ئەوەشی هەیە دەخاڵەت لە کارەکانمان بکات. ئەگەر خۆیان بە هاوخەبات و هاوبیر دەزانن، یان هەر نزیکایەتییەکی تری هەیە، دەتوانێت بە شێوەیەکی رەسمی و لە کەناڵەرەسمێکانی خۆیەوە کۆمەک بکات یان پێشنیارو بۆچوونەکانی خۆی بگەیەنێت. نەوەکوو بێتە ناو رێکخراوەکەت و لەژێر پەردەی یارییە دیموکراسێکاندا نەیارە فیکرییەکانی خۆی وەلابنێت. ئەگەر نا ئەوا ئەم رێکخراوە قەتیس دەمێنێتەوە لە نێوان کۆمەڵێ خەڵکی تایبەت و هاوفکردا، لە کۆتایشدا بە گوێرەی گەورەو بچوکبونەوەی گروپ و سازمانە سیاسێکە ئەمیش گەورەو بچوک دەبێتەوە ، واتە ئەو ئامانجەی بۆی دروست بووە لە بنەرەتدا ، لەدەستی دەدات.

پرسیار: زۆر جار باسی سه‌ربه‌خۆبوونی ڕێکخراوێک ئه‌کرێت، به‌ باوه‌ڕی تۆ سه‌ربه‌خۆبوونی ڕێکخراوێک ده‌بێ چۆن بێت؟ ئایا ده‌کرێ بڵێین، “یه‌کێتیی بێکاران” ڕێکخراوێکی سه‌ربه‌خۆ بوو؟

وه‌ڵام:
پێم وایە وەڵامی بەشی یەکمی ئەم پرسیارەم لە وەڵامی پرسیاری پێشوتردا داوەتەوە. بەڵام بۆ وەڵامی بەشی دووەمی پرسیارەکە دەڵێم ، یەکێتی بێکاران رێکخراوێکی سەربەخۆبوو لە دەسەڵات و پاشکۆی هیچ حزبێکی سیاسی نەبوو بە شێوەیەکی فەرمی. بەڵام بەو پێیەی کە زۆربەی هەڵسوراوەکانی کەسانی مارکسی و چەپ بوون بۆیە هەر زوو دەسەڵات و کۆمەڵگە ئێمەیان بە بەشێک لە رەوتی کۆمۆنیست و پاشان حککع دایە قەڵەم. دیارە دەسەڵات بە مەبەستەوە ئەو کارەی دەکرد، ئەوەش بە مەبەستی دابرانمان لە کۆمەڵگە. ئێمە سەربەخۆبوونی خۆمان لە هەموو دەزگایەک پاراستبوو بەڵام نەمانتووانی سەربەخۆیبوونی خۆمان لە دەخاڵەتەکانی حککع بە شێوەیەکی ئسوڵی بپارێزین. دیارەئەو بۆچونەی کە لەپشت دەخاڵەتکردنی کادرەکانی حککع وەستابوو دوو خاڵ بوو:
١- ئەم حزبە خۆی بە حزبی کرێکاران دەزانی، هەر بۆیە حەقی مامۆستایی بوونی خۆی بەسەر هەموو تەیفەکانی تری کۆمەڵگەدا بە رەوا دەزانی.
٢- ئەو تەسەورەی کە پێی وابوو رێکخراوە کرێکارێکان لە دەسەڵاتی بۆرژوازی سەربەخۆن نەک لە ئەحزابی کرێکاری.
لە سۆنگەی ئەو خاڵانەوە رەوایەتی بە خۆی دابوو دەخاڵەت لە وردو درشتی کارەکانمان بکات، هەر لە دروستکردنی ئۆرگانەکانمانەوە تا دەگاتە هەڵبژاردنەکان و گێرانی مەراسیمەکان.
دیارە لەلایەکی تریشەوە خودی کەسە ناسراوەکانی رێکخراوەکەمان زمانی نووسین و وتاردانمان هیچ جیاوازییەکی نەبوو لەگەڵ وتارە سیاسییەکانی حککع.
ئەم بەد حاڵیبوونە لە سەربەخۆبوون و پایەکانی کاری رێکخراوەی جەماوەری ،لەو لاشەوە بەربەست و پلانەکانی دەسەڵات لەبەرانبەرمان و وەڵام نەدانەوە بە داخوازێکانمان، کێشەکانی ناو رێکخراوەکەی گەورەتکردەوە، تاگەیاندی بە دوولەت کردنی یەکێتی بێکارانی سلێمانی.

پرسیار: ئه‌گه‌ر کرێکارێکی بێکاری کارا و دڵسۆز، ئه‌گه‌ر بهاتبایه‌ کۆمۆنیست یان سه‌ر به‌ یه‌کێک له‌ سازمانه‌ کۆمۆنیستییه‌کانی ئه‌و ده‌مه‌ نه‌بووایه‌، نه‌خشه‌ی‌ له‌ پشته‌وه‌ بۆ دانراو بۆئه‌وه‌ی ده‌نگ نه‌هێنێ و نه‌توانێت بچێته‌ ڕابه‌رایه‌تیی ئه‌و ڕێکخراوه‌وه‌، ساز ئه‌کرا؟

وه‌ڵام:
لە هەولێر هیچ کەیسێکی لەو بابەتەمان بۆ نەهاتە پێش، کەس هەبوو هیچ پەیوەندییەکی بە دونیای کۆمۆنیستییەوە نەبوو کەچی ئەندامی لیژنەی باڵا بوو.

پرسیار: گۆڤار و بڵاوکراوه‌کانی “یه‌کێتیی بێکاران” چی بوون؟ چه‌ند ژماره‌ی لێ ده‌رچوو؟ نووسه‌رانی کێ بوون؟ باسه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌کانی چی بوون؟ چۆن ده‌نووسرانه‌وه‌، به‌ده‌ست یان به‌ چاپ؟ تیراژیان چه‌ند بوو؟ شێوازی بڵاوکردنه‌وه‌یان چۆن بوو؟ ئایا ئه‌وانه‌ شتێکی وه‌ک ئه‌رشیف لێ ماوه‌ته‌وه‌؟

وه‌ڵام:
یەکێتی بێکارانی هەولێر رۆژنامەیەکی مانگانەی هەبوو بەناوی دەنگی بێکاران، یەکەمین ژمارەی لە ئابی ١٩٩٢ بڵاو کرایەوە و لە ژمارە ٧ وە بو بە زمان حاڵی یەکێتی بێکاران لە کوردستان ، ١٨ ژمارەی لێدەرچوو لەگەڵ چەند پاشکۆیەک. دەستەی نووسەرانی لەسەرەتادا ئەم کەسانە بوون ( جەمال چاوشین، عەبدوڵڵا سلێمان، عەبدولرەحمان مەولود ، جاسم محەمەد و من) . پاش سەرتاسەریبوونەوە هاورێیانی سلێمانیش بەشداربوون لەو هاورێیانەی کە لەیادمدا ماون فەرهاد فەرەج ، ئازاد، سەلام مارف و چەندان هاورێی تر ، بەڵام زیاتر وەک نووسین. تایپکردنی هەموو ژمارەکان لەسەر شانی من بوو. وەکوو نووسین زۆربەی هەڵسوراوانی بێکاران بەشدار دەبوون لە نووسین و دارشتنی هەواڵدا، دەکرێت لەو بارەوە بۆ زانیاری زیاتر بگەرێینەوە بۆ ژمارەکانی دەنگی بێکاران.

بەرەو ئایار:
بەناوی کۆمیتەی مەراسیمی یەکی ئایارەوە دەرمان دەکرد. لە ١٤/٤/١٩٩٣ یەکەمین ژمارەی دەرچوو، پاشان چەند ژمارەیەکی تریشی بەدوادا هات . دەستەی بەرێوەبردنەکەی پێکهاتبوو لەم کەسانە: ( یوسف ، سەڵاح ، گۆران). لە نیسانی ١٩٩٤ بەهەمان شێوەی ساڵی رابردوو بەرەو ئایارمان دەرکرد، دەستەی بەرێوەبردنەکەی پێکهاتبوو لەم کەسانە:(عەبدولرەحمان ، سەردار،گۆران).

هەواڵنامەی خۆپیشاندان:
لەلایەن یەکێتی بێکارانی سلێمانییەوە دەردەکرا، تایبەت بوو بە خۆپیشاندانی ١٩/٦ کە بریاربوو بکرێت. دڵنیا نیم چەند ژمارەی لێدەرچوو ،بەڵام یەکەمین ژمارەی لە ٢١/٦/١٩٩٣ بڵاوکرایەوە. نووسەرەکانی (سەڵاح، ئەنوەر، کاژاو، عەبدولرەحمان) دەستەی بەرێوەبردنی دیاری نەکرابوو.

ڕێگای کرێکاران:

زمانحاڵی (یەکێتی کرێکاران لە کوردستان”فدراسیۆن”) بوو، ئەم رێکخراوە لە ٨/٧/١٩٩٤ لەئەنجامی یەکگرتنی چەند رێکخراوەیەکی تری کرێکاران لەگەڵ یەکێتی بێکاران، ئەم رێکخراوەیە پێکهات. ژمارە ١-٢ی رێگای کرێکاران لە نۆڤەمبەری ١٩٩٤ بڵاو کرایەوە، بەو پێیەی ناوی دەستەی نووسەران نەنوسراوە دڵنیا نیم لەوەی دەستەی نووسەرانەکەی لە کێ پێکهاتبوو، بەڵام سەرنووسەرەکەی کاک عەبدولرەحمان مەولود بوو.

پرسیار: لایه‌نه‌ به‌هێز و لاوازه‌کانی په‌یوه‌ندییه‌کانی‌ ئێوه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات، حیزبه‌کان و ڕێکخراوه‌ جه‌ماوه‌رییه‌کان چی بوون؟

وه‌ڵام:
لە هاوکێشە سیاسییەکاندا ئەگەرخاوەن هێزبیت، لایەنی بەرانبەر ئامادەی دانیشتن و گفتوگۆکردنی هەیە لەگەڵت. کە هێزت نەبوو دەبێت ئاستێکی باڵا لە دبلۆماسیەت لە خۆت پیشان بدەیت. ئەو کاتەی هێزمان روولەسەر بوو کۆمەڵێ دەرگا بەروماندا کرابوونەوە،چ وەک دەسەڵات ، یان حیزبە نزیکەکانی بە دەسەڵات. ئێستاش لەو بروایەدام دەکرا سودی زیاتر لەو پەیوەندیانە وەربگرین، بەڵام بەو زمان و دونیابینیەیی هەمان بوو، زۆر زوو وامان کرد دەرگاکان دابخرێن بەرووماندا، بەشێک لە کێشەکانمان ئەوە بووە نە جێگاو و رێگای خۆمان دەزانی لە نێوەندی سیاسی، نە زمانی گفتوو گۆو سیاسەتکردنمان گۆرانی بەسەردا دەهات،ئەوەندەی ببوینە کۆیلەی موفرەداتە سیاسێکان ئەوەندە زمانمان نەکردبووە ئامرازێک بۆ چوونە پێشەوەی کارەکانمان.سەبارەت بە ریکخراوە جەماوەرێکانیش بە شێوەیەکی گشتی پەوەندێکانمان باش بوو، بە تایبەتی کۆمەڵەی ئاوارەکانی کورستان لە هەولێر کە لەسەر دەستی هاورێیان شاپور عەبدولقادر و قابیل عادل تەیب ٢ و شوان داودی لە ساڵی ١٩٩١ دامەزرا. ئەم هاورێیانە دەورو نەخشێکی زۆریان هەبوو لە ناساندنی رێکخراوەکەمان بە خەڵکانی ئاوارەو دەوڵەمەندکردنمان بە دەرس و تەجرەبەکانی خۆیان سەبارەت بە کاری رێخراوەی جەماوەری. دەتوانین بڵێین کۆمەڵەی ئاوارەکان یەکەمین رێکخراوەی جەماوەری سەربخۆ بوو لە کوردستان درووست بوو.

پرسیار: شه‌ڕی ناوخۆ بۆ بزووتنه‌وه‌ ئیسلامییه‌کان خێری دایه‌وه‌، ئه‌ی بۆ “یه‌کێتیی بێکاران” چۆن بوو؟

وه‌ڵام:
شەڕ گەرانەوەی کۆمەڵگەیە بۆ خاڵی سفر، دابەشکردنی کۆمەڵگەیە بەسەر بەرەکانی خێر و شەردا. لە شەڕدا بەشەرەکان حەوسەڵەی گوێگرتنیان نییە، تورەو خۆپەرست دەبن ، عەدالەت و عەدالەت خوازی دەبێتە مەقوەلەیەکی سواو بێناوەرۆک. دوو شت دەتوانێت لەو سەردەمەدا جێگاو ڕێگات پتەوبکات لە ناو کۆمەڵگەدا ،ئەویش چەک و پارەیە. ئێمە هیچ یەک لەوانەمان نەبوو. سەروەتی ئێمە قسەکردن و ئەو ئۆتۆریتەیە بوو کە لە ئاکامی کارەکانمانەوە لە کۆمەڵگە پەیدامان کردبوو. خێر بۆ ئێمە ئاسودەیی و خۆشگوزەرانی خەڵک بوو، رۆشنە لە شەردا ئەوانە نەک هەر لەدەست دەچن ، بەڵکوو بە چەند فرسەخیش کۆمەڵگە لەو ئاسۆیە دوور دەکەوێتەوە.

ئێمە لەکاتی شەڕی ناوخۆدا سەرباری لە دژ وەستانەوەی ئەو شەڕە بە نووسین و کۆرو کۆبوونەوەکانمان ، بە بەشداری لەگەڵ کۆمەڵەی ئاوارەکانی کوردستان، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق، پارتی کاری سەربەخۆ، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و رێکخراوەی تێکۆشان ، دوو خۆپیشاندانی شکۆدارمان دژ بە شەری ناوخۆ بەرپا کرد لە شاری هەولێر .لە دووەم رۆژی خۆپیشاندانەکە ،زیاتر لە پێنج هەزار خەڵک ئامادەبوون و بە شێوەکی زۆر مۆدێرنانە لای بنکەی بێکارانەوە دەستی پێکرد و بەناو بازاری شێخ ئەڵڵادا تێپەری و لای کۆتری سەلام وەستا، بریار بوو هەر لەوێدا نوێنەری لایەنەکان قسە بۆ خۆپیشاندەران بکەن. پاش خوێندنەوەی ناوی لایەنەکانی بەشداربوو لە خۆپیشاندانەکە لە لایەن لیژنەی بەرێوەبردنی خۆپیشاندانەکە، لە پڕ خۆپیشاندەران درایە بەر دەستڕێژی گولەی بیکەیسی و هەر لەوێدا دوو هاوڵاتی بە ناوەکانی (خالد خەلیل حەمەد ئەمین و حەمید حوسێن) گیانیان لە دەستدا و ( رەفعەت ساڵح ، خزر سۆفی مامەند ، جەوهەر ئەنوەر عەبدولجەبار، عومەر قاسم قادر ، مەعروف سوارە مەولود و جەوهەر جەعفەر حوسێن) بە توندی بریندار بوون. بۆ مێژوش ئەوە دەڵێم هەر لەو کاتەدا کە خۆپیشاندەران خەڵتانی خوێن کرابوون ، رادیۆی حزبی شوعی لە هەولێر و لەسەر زمانی کاک کەریم ئەحمەدەوە خۆپیشاندەرانیان بە ئاژاوەگێڕ لە قەڵەم دا.

پرسیار: له‌ناوچه‌ی بادینان نه‌تان توانی کارێکی ئه‌وتۆ بکه‌ن! هۆکاره‌که‌ی چی بوو؟

وه‌ڵام:
بادینان بۆتە حەسارەکەی شێرزاد حەسەن و پارتیش دەوری باوکەکە دەگێڕێت ، وەک چۆن لە شوێنێکی ئەو رۆمانەدا باوک دەڵێت (گوێ بگرن… بۆ دوا جار… لێره‌ له‌م حه‌ساره‌ی من، نه‌ کوڕ ژن دێنێ و نه‌ کچ ده‌توانێ شوو بکا، ئه‌وه‌ی خۆی به‌ کچی من داده‌نێ ده‌بێ له‌نێو تاریکی ژووره‌که‌شی دا حورمه‌تی خۆی و من و ئه‌م حه‌ساره‌ رابگرێت… )٣ نە ئەوانەی پێش ئێمە توانیان کارێک لە دەرەوەی بەرژەوەندێکانی پارتی بکەن لە ناوچەی بادینان، وە نە ئەوانەی دوای ئێمە. پاش هەوڵ و تێکۆشانەکانی هاورێ ” نەزیر عومەر”و کۆمەڵی هەڵسوراوی تر لە دەڤەری بادینان بۆ دروستکرندی رێکخراوەیەک بۆ بێکاران ،توانرا لەو بارەوە بەیاننامەیەک دەربکەن بە ناوی ” لیژنەی کاتی یەکێتی بێکارانی دهۆک” لە ٢٢/٥/١٩٩٣(بەیاننامەکە بە زمانی عەرەبی بوو). ئەوە بوو پاش ماوەیەکی کورت و لە ٢٥/٨/١٩٩٣ هاورێ نەزیر دەرفێندرێ و لە ٢٨/٨/١٩٩٣ تەرمەکەی لەسەر ڕێی سمێڵ زاخۆ دەدۆزرێتەوە. بۆیە هیچ کارێکمان لەو بارەوە نەچووە پێشەوە لەو ناوچەیە.

پرسیار: ئه‌و ده‌مه‌ “یه‌کێتیی بێکاران” له‌گه‌ڵ مام جه‌لال کۆبوونه‌وه‌یه‌کیان ساز کرد، ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر داوای کێ بوو؟ له‌لایه‌ن “ی. ب” کێ بوون ئه‌وانه‌ی به‌شدارییان تێدا کرد؟ ئایا به‌شدارییه‌که‌ به‌ ڕه‌زامه‌ندیی ڕابه‌رایه‌تیی ئه‌م ڕێکخراوه‌ بوو؟ باسه‌کانی ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ چی بوون؟

وه‌ڵام:
یەکێتی بێکاران لە هەوڵی بەردەوامی خۆیدا بۆ لابردنی تەنگەژەکانی پێش کاری ڕێکخراوەکە و چاککردن و باشتر کردنی ژیان و گوزەرانی بێکاران، هەوڵی جۆراو جۆرمان دەخستە گر لەو بارەوە. ئێمە نامەمان بۆ زۆربەی کەسایەتی و حزبە سیاسێکان رەوان کرد، وە زۆرێکیش لەو لایەنانە لە ئاستی باڵادا دانیشتنیان لەگەڵ کردین.یەکێتی نیشتمانی پێش ئەو دانیشتنەی مام جەلال ئێمە چەندین دانیشتنی ترمان لە ئاستە جۆراو جۆرەکاندا کردبوو لەگەڵیان. لەوەڵام بە نامەکەماندا مام جەلال وەڵامی داینەوەو خۆی کاتێکی بۆ دیاریکردین. ئەم هاورێیانە بەشداربوون لە دانیشتنەکەدا( حاجی ئەنوەر، عەبدولرەحمان مەولود، ئەکرەم چاوشین، کاژاو جەمال و فەرەیدون حەمە ساڵح) قسەکانی مام جەلال بە شێوەیەکی تووند و یەکلایەنە لەسەر سەربەخۆبوونی یەکێتی بێکاران ببوو، ئەو پێیوابوو کە ئەم رێکخراوە سەبەخۆ نییەوە سەربە کۆمۆنیزمی کرێکارییە. لە قسەیەکیدا وتبووی ئەگەر ئێوە سەربەخۆبن من ئامادەم کۆمەکتان بکەم تا ئەوەی چەکیشتان بدەمێ. لای هاورێیانی ئێمەوە زیاتر هەوڵدرابوو دۆخی قسەو باسەکان بەلای بارو گوزەرانی بێکاراندا بروات، بەڵام مام جەلال کەمتر دەرفەتی بە هاورێیانی ئێمە دابوو بۆ قسەکردن.

پرسیار: سه‌ره‌نجام ئه‌م ڕێکخراوه‌ دووله‌ت بوو، هۆی دووله‌تبوونه‌که‌ی چی بوو؟ ئایا کاریگه‌ریی ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ یان کاریگه‌ریی عه‌بدوڵای موهته‌دی و کۆمه‌ڵه‌ بوو؟ وه‌یان نه‌خێر، ئه‌وانه‌ سه‌ربار بوون و خۆی له‌ خۆیدا زه‌مینه‌ی دووله‌تبوونی ئه‌و ڕێکخراوه‌ فه‌راهه‌م بوو؟

وه‌ڵام:
لە پرسیارەکەتدا، ئەو ناوو لایەنانەی وەک کاریگەری نەگەتیڤانە لەسەر رێکخراوەکە ناویانت ریز کردووە، دەبوایە ناوی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریش لەو ریزەدا بووایە، چوونکە لە راستیدا ئەوانیش تەرەفێکی کاریگەر بوون لەو کێشەیە و قوڵکردنەوەی نەک چارەسەر کردنی. ئەوان تا مەنسوری حیکمەت رەخنەی توندی لە هاورێیانی حككع نەگرت بەهۆی تەرفداریان بۆ بەشێک و دژایەتی بەشەکەی تر و بە ئایدیلۆژیکردنی کێشەکان، بە نەفەسێکی درێژەوە خەریکی قوڵکردنەوەی کێشەکان بوون.

دیارە بە دڵنیاییەوە دەڵێم ئەو خەتەی کە بەخەتی کۆمەڵەی دەزانن خەتێکی زۆر لاوازبوو پێشم وانییە توانای ئەوەی هەبوایە بێکارانی سلێمانی دوولەت بکات، بەڵام دونیای سیاسەت وایە کاتێک خۆت لە ئەزمەدا بیت دوژمنەکەت هەرچەندە بچوکیشبێت ، تۆ گەورەی دەکەیت بۆ رەوابوونی شەرەکەت، لەوکێشەیەشدا هەروا کرا. بەشێک لە کادرەکانی حککع بە لاسایکردنەوەی مەنسوری حیکمەت لە جیابوونەوەکەی لەگەڵ حزبی کۆمۆنیستی ئێراندا، چۆن سێ هێڵی دیاریکرد لە ناو حیزبدا ئەمانیش سێ هێڵیان لە ناو “ی ب ک” دیاری کرد وەک ( ١- هێڵی کۆمۆنیزمی کرێکاری ٢- هێڵی ناوەند ٣- ناسیونال چەپ) ئیتر دەبوایە خۆت یەکلابکەیتەوە، وەک ئەوەی کادرێکی باڵای حککع بە منی وت (تا ئێستا تۆ لەبەرانبەر کێشەی نێوان هەڵسوراواندا وەسەتییت دەبێت خۆت یەکلا بکەیتەوە لەگەڵ کام تەرەفیت!).
کاریگەری کۆبونەوەکەی مام جەلال ئەوە بوو، کاتێ لە چاوپێکەوتنی برادەرانی ئێمە لەگەڵیدا ، راستەوخۆ پێیوتبون کە ئێوە سەربە کۆمۆنیزمی کارگەرین ، ئەگەر سەربەخۆبن من ئامادەم یارمەتیتان بکەم ، ئەو قسەیە بیانوویەکی زیاتری دایە دەستی بەشێک لە هەڵسوراوانی”ی ب ک” بۆ دژایەتیکردنی “حککع”و قوڵکردنەوەی کێشەکان تا چوونە دەرەوەی بەشێکیان لە یەکێتی بێکارانی سلێمانی ٤ و دروستکردنی رێکخراوەیەکی تر بە ناوی : ” رێکخراوەی بێکاران”.

بەڵام بەڕای من هەموو رێکخراو و ئۆرگانێکی سیاسی و جەماوەری، ئەو کاتەی لە پایە کۆمەڵایەتێکەی خۆی دادەبرێت و پێشرەوی ناکات لەکارەکانی و دەکەوێتە دۆخێکی بەستەڵەکییەوە لە ڕووی پایەکۆمەڵایەتیکەیەوە، ئیتر دەکەونە وێزەی یەکترو تاوانبارکردنی یەکتر بە تۆمەتی جۆراو جۆر. کێشەو بێتەجروبەییەک لە مەر سەربەخۆبوون و ناسەربەخۆبوون و چۆنیەتی میکانیزمی رێکخستنی رێکخراوەیەک بۆ بێکاران و شێوەی کارکردنی لەگەڵ دەسەڵاتدا یەخەی پێگرتبووین وای کردبوو لەشوێنێکیتر و جیاوازتر لەو سەنگەرەی کە بریار بوو لێوەی شەربکەین خەریکی شەر بوین لەگەڵ یەکتر. ئێمە بەهەمان سونەتی حزبەکانی ناو بەرەی کوردستانییەوە خەریکی دابەشکردنی کۆمەڵگە بووین لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆژییەت. ئێمە ساڵانێکی پێشتر لەگەڵ بوونی رای جیاواز و ململانێی فکریشەوە ، چوونکە لە حاڵەتی هەڵکشاندا بووین ، جیاوازە فکرێکان دەست و پێی نەدەگرتین و کەسیش بیری لە جیابونەوە نەدەکردەوە.

پرسیار: ئه‌و به‌شه‌ی که‌ جیابوونه‌وه‌ “ڕێکخراوی بێکاران”یان پێک هێنا. ئایا ئه‌م هاوڕێیانه‌ توانییان نموونه‌یه‌کی باشتر پیشان بده‌ن؟ وه‌ سه‌ره‌نجام ده‌سکه‌وتێکی زێتر بۆ کریکارانی بێکار به‌ده‌ست بهێنن؟

وه‌ڵام:
من زۆر ئاگاداری وردەکارییەکانی کاری ئەو رێکخراوەیە نەبووم ، بەڵام وەک لۆژیک لەوە دڵنیام ئەگەر کارێکی باشتر و زیاتریان لە یەکێتی بێکاران بکردبایە ئەوا لە ١/٩/١٩٩٥ بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ئیعلانی یەکگرتنەوە نەدەکرا لەگەڵ یەکێتی بێکاران لە کوردستان، واتە گەرانەوەیان جارێکیتر بۆ ناو هەمان رێکخراوەی پێشوو.

پرسیار: سه‌ره‌نجام هه‌ردووک ڕێکخراو پووکایه‌وه‌! بۆچی؟

وه‌ڵام:
وەک وتم ئەو دوورێکخراوە لە ١/٩/١٩٩٥ یەکیانگرتەوە .
ئەو واقیعەتە سیاسی و ئابورییەی لەسەردەستی یەکێتی و پارتی لە کوردستان زاڵکراوە ، وەزیاتر لە دوو دەیەیە دەستیان بەسەر وردوو درشتی سەرچاوە ئابورییەکانی کۆمەڵگەی کوردستاندا گرتووە ،بۆ بەرژەوەندی بنەماڵەیی و حیزبی خۆیان. کاردانەوەی کارەکانیان واقیعەتێکی نالەباری لەسەر زەمینەی کوردستان بەرهەم هێناوە ،بونی ئەو سیاسەتە نەخوازراوە وایکردووە کارکردن لەدەرەوەی بازنەی ئەو دوو حیزبە ئاسان نەبێت .یەکێتی بێکارانیش وەک دەیان رێکخراو و رۆژنامە و گروپی تر کە بە هیواو ئومێدی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکیی تەندروست و یەکسان ، بە شۆرو شەوقێکی بێ وێنەوە ،لەسەر ئەرکو ماندوبوونی خۆیان دەستیان دایەکار، کەچی دەسەڵات بەوپەری خوێن ساردییەوە مامەڵەیان دەکات ، سەرکوتیان دەکات یان پشتگوێیان دەخا. لەدەستێکی تریشەوە دەیان ڕێکخراوەی بێناوەرۆکی خۆی بە پارەو ئیمکاناتی بە تاڵانبراوی کۆمەڵگە ، بۆ بەلارێدابردنی خەڵک قوت کردۆتەوە.

پرسیار: ده‌رس و ئه‌زموونه‌کانتان بۆ بێکارانی ئێستا چین؟ ئایا پێت وایه‌، له‌ ئێستادا پێویستی ڕێکخراوێکی هاوشێوه‌ی ئه‌و ده‌مه‌ له‌ئارادایه‌؟

وه‌ڵام:
من بەکورتی چەند خاڵێک سەبارەت بە بەشی یەکەمی پرسیارەکەت دەستنیشان دەکەم . پێم وایە خاڵگەلێکی گشتگیرو بنەرەتین بۆ هەموو رێکخراوەیەکی جەماوەری فرە بۆچوون و فکری جیاواز ئەم چەند خاڵە وەک بنەمایەک لەبەر چاوبگرێت لە پرۆسەی کارکردنیدا:
١- خۆپاراستن و خۆ دورگرتن لە ئایدیۆلۆژیگەرایی لە کاری رێکخراوەکەدا.
٢- هەمیشە لە سۆنگەی بەرژەوەندێکانی ڕێکخراوەکەوە مامەڵە لەگەڵ کێشەو رێگرییەکانی بەردەم رێکخراوەکە بکرێت.
٣- بارنەکردنی ڕێکخراوەکە بە کارگەلێک کە ئەرکی ئەو نییە.
٤- پاراستنی بنەماکانی دیموکراسی لە بریارو هەڵبژاردنەکاندا.
٥- قبوڵکردنی ڕای جیاواز و گەڕان بە دوایی خاڵی هاوبەشدا لە پێناو کاری باشتر و راگرتنی یەکگرتوویی ریزی ڕێکخراوەکەدا .
٦- رێگەگرتن لە هەموو رێکخراوو لایەنێک لە دەخاڵەتکردن لە کاری رێکخراوەکەدا ،ئەوەش لە پێناو راگرتنی سەربەخۆی تەواوی رێکخراوەکە و لەبەر یەکنەترازانی.
سەبارەت بە بەشی دووەمی پرسیارەکەت دەڵێم: بەو شێوازەی پێشومان نا ، بەڵام بە جیاواز لەو شێوەو میکانیزمەی لە زهنیەتی ئێمەدا بوو بۆ کاری وەها رێکخراوێک. ئێمە ئەوکاتەی ی ب ک درووستکرد، بێتەجروبەییەکی زۆرمان هەبوو لەو مەیدانەدا، چوونکە رێکخراوەیەکی لەو شێوەیە بۆ بێکاران ئەزموونێکی زۆر نوێ بوو ، نەک هەر لە کوردستاندا بەڵکو لە ناوچەکەشدا بەگشتی. هەر وەهاکوردستان لە بارودۆخێکی زۆر نالەباردابوو ، چ لە رووی سیاسییەوە وە چ لە رووی ئابورییەوە.
کێشەیەک لە دونیایی بیرکردنەوەی ئێمە هەبوو، وە تا رادەیەک ئێستاش بەردەوامی هەیە ئەوەیە، هەر ڕێکخراوەیەک درووست دەکەین ، جا ئەو رێکخراوە لەهەر بوارێکدا بێت زیاتر بارگاوی دەکرێت بەکاری سیاسی ، پێیوایە دەبێت لەهەموو بوارەکانی کۆمەڵگە قسەی هەبێت وە گوتارەکانیشی هیچ جیاوازییەکی نابێت لەگەڵ حزبێکی سیاسیدا. بۆیە ئەگەر ئەمرۆ رێکخراوەیەک بۆ بێکاران دروست بکەم لە کوردستان، راستەوخۆ پشت بە ئەزموونی وڵاتێکی وەک کەنەدا یان هەر وڵاتێکی تری ئەوروپا دەبەستم کە بیمە کۆمەڵایەتییەکان تێیدا جێگیرکراوە ، لەگەڵ چۆنییەتی کارکردنیان لەو بوارەدا . بوونی رێکخراوەیەک بۆ بێکاران تا ئەو کاتەی کار و سەرمایە لە ئارادایە، زەرورەتێکی حەیاتییە بۆ کرێکاران و بێکاران . بێکار ئەوکاتەی بێکارە واتە کارەکەی لەدەست داوە یان تازە بەدووای کاردا دەگەرێت، لەهەردوو بارەکەدا پێویستی بە ئۆرگانیزاسیۆنێک هەیە رووی لێبکات:
١- بۆزانینی هۆی لەدەست دانی کارەکەی.
٢- دەستنیشان کردنی توواناییەکانی.
٣- ئاسانکاری لە چۆنییەتی گەران بە دووای کاردا.
رێکخراوێکی لەم چەشنەش راستەوخۆ دەبێت پەیوەندی هەبێت بەدەوڵەتەوە، بۆ کار ئاسانی کاری رێکخراوەکە و پاڵپشتیکردنی لە بوارە جیاجیاکاندا، بۆ نمونە کرێکار بۆ ئەوەی بیمەی هەبێت دەبێت دەوڵەت بە یاسایەک هەموو بوارەکانی کارکردن ناچار بکات کەڕێژەیەکی دیاری کراو لە کرێی کرێکار بگەرێتەوە بۆ سەندوقی بێکاری کە ڕاستەو خۆ لە لایەن دەوڵەتەوە هەم پشتیوانی لێبکرێت و هەم بەڕێوە ببرێت.

————————————-

نەوزاد مەدحەت (گۆران عەبدوڵڵا) لە ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. لەسەرەتای ساڵی 1980 دا دەبێتە ئەندامی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان و پاشان ئەندامی ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیست. یەکێک بووە لەو دەیان کۆمۆنیستەی کە “حککع”یان پێک هێناوە و لەساڵی 2002 دەستلەکار دەکێشێتەوە.
بڕوانامەی دیپلۆمی لە ( وێب پەیج دیزاین) هێناوەو لەساڵی (2002)ەوە ماڵپەڕی دەنگەکانی دامەزراندووە. ئەندام و دامەزرێنەری ڕێکخراوی پەیوەندی کوردی دژی جینۆسایدە. ئێستاش دانیشتووی شاری تۆرۆنتۆیە لە کەنەدا.
————————————-
پەراوێز:
١-
لە ١١/١٢/١٩٩٢ یەکەمین کۆبوونەوەی یەکێتی بێکارانی هەولێر لە قوتابخانەی ئەیوبیەی سەرەتایی بەسترا
٢-
هاورێیان قابیل عادل تەیب و شاپور عەبدولقادر لە ٢٨/٤/١٩٩٩ لە ناو بنکەی یەکێتی بێکاران لە شاری هەولێر بەدەستی چەند چەکدارێکی ئیسلامی تووندرەو تیرۆرکران.
٣-
ڕۆمانی “حەسار و سەگەکانی باوکم” نووسینی : شێرزاد حەسەن
٤-
یەکێتی بێکاران لە کوردستان دوولەت نەبوو ، ئەوەی دوولەت بوو یەکێتی بێکارانی سلێمانی بوو. چوونکە لە راستیدا ئەوکێشەیە بەو گەرموو گوریەی سلێمانی نەگەشتە هەولێر.

Previous
Next

Leave a Reply