Skip to Content

Tuesday, March 19th, 2024
تا..لە کۆشی گۆرانیەکدا کزرببمەوە

تا..لە کۆشی گۆرانیەکدا کزرببمەوە

Closed
by April 22, 2008 ئەدەب

دیار محەمەد (باران)…..

درەنگ وەختێ
لەباڵکۆنى نەهامەتیمدا تەی بکە ؟
بزانە چەند تینوم بە تۆ !
تەماشا ؟..قوڵپێک ئەوینم پێماوە !
ناتوانم بەسەر هیچ ژنێکدا بیڕژم
جگە لە تۆ !..
دایکم..وابوو
بەشکڵ وەک خۆى
بەشەریعەت ئیسلام
ئێواران گۆزەیەک عیشقى بەخاترى
باوکمەوە دەبردەوە !
تا دەرگاوبانى ماڵەوەى پێ ڕەنگ بکات
تا بۆنى عیشق بەکۆڵانى گاوراندا هاڕە بکات
وەک پەنجەرەیەکى تەزیو
کە بۆ شڵپەیەک تامەزرۆیە!
کەبۆ گێڕانەوەى تیشکە نەستەقییەکان بەهیوایە
کە بۆ کۆکردنەوەى ئەستێرە ڕژاوەکان بە پەرۆشە
پەرۆشتر..
لەڕۆژى گوڵى سور و
پەرۆشتر لە یادى پەڕۆ شینەکەى
لەناوچەوانى عیشق بونى دەپێچا
کچەکەشى..
بە چاو هەر وەک ئەوەى بڵێت ..
با یاداشتەکانى باوکم پڕبکەین لە سنۆبەر
پڕتر لەو چیرۆکانەى
بەترسەوە ئەى خەواندین..
هەر ئاوهاش پێشبینیت لێدەکات
ئیتر..
لەباوەشى (با) دا و
لەبەردەمى ئێوارەیەکى پرتەقاڵیدا..
دەست دەخەمە مەمکى منداڵێکى سپییەوە !
لەو بەیانیانە دەڕوانم !
مێکۆرى بازى هەڵدەدا بەسەرما
بەسوعبەتەوە لاپەڕەیەکى خورشیدى
پێ پڕ دەکردم لە گومان
هەتا خەیاڵەکانم ئاسودە بن..
هەتا زەمیلەیەک
بێتاقەتیم پێ پاک بکا و
بە کۆدى وون بوومەوە!
بەردەشۆرى ڕۆژە نارنجییەکانم بکات
تا بە (فارگۆن) ى نەهامەتیمدا تەى بکەم ! و
لەژانى گەڵایەکى شەفافی
وورد ببمەوە
هەتا سەر سوچى تاریکییەکان ..
هەتا سیس بوونى شیعرێکى تەڕ ،و
لەسەر خۆ فاتیحەیەک دەخوێنم …
تا ڕۆژەکانى فەنابونم لێدەڕژێ !
لە لێژیدا..
خەونم بەمەنزڵگەى پیرییەوە قاوەى دەبێت
کە باوکم پێی بەسێبەرەکانیدا ناوە
دەزانم..
تۆ لە کۆڵانەکانى منداو خودا لە کۆڵانەکانى تۆدا
گرەو لەسەر بەختى کێسێک باران دەکەن !
تا هەورەکان بەهێمنى
لە قەاغ دەریاوە هەڵبفڕن و
منیش بکێشن بە ڕوبارێ چاوەڕوانیدا !!!
وەک ئەو( تووتی یە بێوەفایەى)
ڕستەکانمى ئاوەژوو کردووە لە بەردەمى گەورەیتا
ئەمەوێت ئاوێزانى خەیاڵم بیت
تا لەتەنهایمدا
شەرابێ خەستر
لە بەرسیلەکانى حەزت هەڵقوڕێنم
ئەى عیشق ترین گەڵا میوەکانى
بۆ مەزە تەفسیر کراون بە شەڕ
هەڵوەداى لەرینەوەى شەماڵم
تا گوناهەکانت هەڵوەرێنێ بەسەرمدا !
من لەوێم..یەکجار
وەک تۆ لەپاڵ سێبەردا شان دادەدەم
وەک تۆ پایز دەپۆشم
وەک تۆ لە ڕەسم گرتنێکدا خاڵى دەبمەوە
وەک خۆم وەتەرەکانم دەبەخشم
بە کۆتاى !
نازانم ..
قردێلەى ئەم بەیانیانە چۆن بکەمەوە؟
منداڵیمى گرێداوە بەخۆمەوە و
گەمەى فەنابون ى بەسەردا دەڕژێ !
نازانم .. ئەم خورافاتە بێسەلیقانە چین؟
کەوتوونەتە کۆشى تەمەنمەوە
کە ناسکترن لە پروشە بەفرى سەر گەڵاکان ..و
لە هەڕەشەکانى باوکم سپی تر!
تا بەفر ئارەزوى توانەوە دەکات
خوو بەعاقیبەتى ئەوێوە دەگرم ..و
دەچمەوە سەر غەریزەى وەرزەکان
تا پایز بەلێزمەى بێدەنگیم دەزانێ
تا بەیانییەک خۆش دەکاتەوە
لە(ڕەش)..
لەنێوانى ئەهریمەن و مەخمەلیتدا !
قسەیەک نیە کەپێت بڵێم
جگەلەوەى
(خ.ۆ.ش.م.د.ە.و.ێ.ی.ت) ..
نازانم..
ئەوان چۆن خلیسکاونەتە منەوە ؟
ئەخیرەتى ئەم پیاسەیەم ڕژاوەتە کۆشى بارانەوە و
پیاوەتیم لەتوانەوەدا ئاوڕ ئەداتەوە لەخۆم
ئەوەندە پڕم
ئولفەت.. لەبەیانیەکانم دەڕژێ
هەروەک ئەوشەوانەى وڕک لە بێزارى دەگرم !
هەروەک ئەو شەوانەى دەگەڕێم بۆ زەنگیانە شینەکانى
وەرزترین خەیاڵى پێچراو
 لە ناو لەچکە دایکانەیەکدا
کە خاڵى ترم لە خۆم
وەک زۆڵترین کوڕبم لەجنسى باران
لەم درەنگ وەختەدا و
لە سێبەرى خۆمدا هەڵتروشکابم
کە سکوت بم بەشەرمەوە و
نیهایەتم پەڕیبێتە ئەوێوە !
ئیدى ..دایکم
هەوەس بازى لەگەڵ شەماڵێک پیاو دەکات
کە بەیانیان بۆنى پایزیان لێ دێ و
ئێواران خۆیان بە(لەحن) ێکەوە خەریک دەکەن
ئیدى دایکم ..
ڕقى لە خۆم و لەپێڵاوەکانمە
ڕقى لەو ڕۆژانەشە پیاوێکى تیا ناسى
ڕقى لەو بەیانیانەیە کە ژیرى دەکردمەوە
ڕقى لەو پەڕەسێلکانەشە کە دانى بۆ ڕۆ دەکردن
ڕقى لەو نزایانەشە کە دەیکرد لەسەر بەرماڵى بەفر
لەبەر دەمى پەڕەسێلکەکاندا
نایەوێ هیچمان بێینەوە بۆ ماڵ
نایەوێ نەمن بکەومەوە بیرى و نە ئەو پیاوەى
جارێک دەستى خەیاڵەکانى دەگرت
لە خۆ نوسینەوەدا
هەر لەخۆنوسینەوەدا..
دەڕوانێتە لەتەشکاوەکەى مانگ بەو بەرزییەوە
دەڕوانێتە بەیانیە دوورەکانى تۆ و
تەماشاى گەڕەکە هەتیوەکانى شار دەکا و!
دەست دەکاتە ملى بێدەنگى
سور دەزانێ..چۆتەوە سەر تەنیایى
سور دەزانێ..پیاوەکەى
دوو ڕۆژ هاوڕیەتى بارانى کرد نە هاتەوە
ئیدى حەز بەچارەى  ئەو ئێوارانەش ناکات
کە باران ئەیەوێت
پیاسەیەک بکات
کە سەر لە گەڕەکەکەمان بدات و
دایکم پێى نەزانێت
ئیدى منیش لە بەیانییەکانى دایکم توڕەم
کە دەیەوێت بۆ مردن خۆى ڕووت بکاتەوە
کە دەیەوێت فەخر بەچواچێوەى ڕەسمێکەوە بکەین
بە دڵى پڕەوە
هەر بەدڵى پڕەوە..
نزاکانى بەخوێندنى قەێیدەوە
دەنوسێنێت بەکێلى شیعرەوە
کوڕێک.. بۆگەیشتن
دەیەوێت لەحونجەکردنى
دێڕێکى نەوتراء بگات
تالەکانیلەى دڵى تۆدا
پڕبێت لە پەپولەى پایزیى،و
نەرم..نەرم لەتۆتا ببارێت
من..ئەوم
شعورم داوەتە دەست زریانەکانى تۆ و
ڕەشە(با)ش خاو خاو دەمپێچێتەوە
تا گەیشتن بە سیحرى گێرانەوەیەک
هێدى هێدى ئالوودەى خەونەکانت
دەمتوێنێتەوە !..
بە نەختێک پێکەنینەوە
لەمیمبەرى بێ هیوایدا دەوەستم و
دەڕوانمە کەشناسى بەختم
کەچۆن هەستى (با)ت
سپاردویەتى بە نێوەندى بێ ئاگایى.. و
پەژموردەیم
لەستیانى منداڵیتا جۆلانەت لەگەڵ دەکات ..
ئیتر..
لەپێچێکى بێڕەحمیدا بەجێدەمێنم
چونکە لەدوا نامەى مانگدا
کەبۆى ناردبووم
تێیدا هاتووەء دەڵێت:
مەیە بەشوێن پێکانمدا
لێت وونم ..
ئەنگۆ.. لەئەزەلەوە وابووى ..!!
نەتانهێشت گەڕیدەیم کزر بێتەوە.. ڕشتت
فێربووم لەخۆم دەخۆمەوە
لەپشتى ئاوێنەوە
دەڕوانمە خۆم !
سیماى ئافرەتێکى بەرگ ڕەش لەخۆمدا بەدیدەکەم !
نازانم ..ئەوە منم یان نا ؟
لە دوا لاپەڕەى پیریمەوە
سەیرى بێگەردى ئێوە دەکەم،
بەم بەیانیە ئەتکراوانەوە !
منیش..ئەوەندە خاڵى بوومەتەوە لەخۆم
لەوە بچوکترم کەبۆ دۆزینەوەى ووشەیەک
ڕوخسەت لەڕوناکى وەرگرم
تەماشا..
وشکانی لەبەیەنم دەچۆڕێ
ئەوەندە شعورم وەریوە
شوێن بەخۆم ناگرم لەبەر تەڕیت !
لەهەمانکاتدا لە ساراترین غەمدا
خۆم دیوەتەوە !..
نازانم ئەم ئاوابوونەت هەتاکەیە؟
تا شانى شیعرێکى کەت ماچدەکەم
 یان تا تەڕیی پەیڤێکت
بەبرینى ووشکمدا دەهێنم
لە بارین شپرزەتر و
لەدایکم میقات تر
خۆم دەبینمەوە !
ئەمەوێت..
لەگەڵ تۆ پاسەیەک بەنێو باخچەکانى ئاسماندا بکەم
دەست بێنین بەقژى هەورەکاندا و
ڕاکردن بەسەر دیوارى پەلکەزێڕینەدا بکەین و
بەمشت ئەستێرە بگرینە یەک
دواتر..بڵێم
خودایە هیلاکەتى ئەژنۆکانى بەمن بەخشە
پێش ئەوەى ..
تاریکیم دڵى لەلێدان دەکەوێتوو و
خۆر، بۆ دواهەمین جار ماڵئاوای لێ بکات !
باش دەزانم ..
گەر پەنجەرەیەک لەڕووم نەکەیتەوە
دوورنیە
بۆ هەتا هەتایە لێت بزر نەبم.
ئەگەرچى ..
قومێک ئاو نییە لەبەر پێتا ڕۆیبکەم ،بۆ گەڕانەوەت
قەترەیەک هەڵم نییە بیشۆمەوە،
چەپکێ بارانى ڕەحمەتیشم لێ شین نابێت !
نازانم ..
ئەم سەفەرە و ئەم جانتا گەورەیەت بۆچییە؟
ئەم بێدەنگییەو ئەم نەگەڕانەوەیەت لە چییە؟
تا دەستى خەیاڵدانى کچێک دەگرم
کەس لەپەنجەرەکانم نەڕوانێ،
لەگەلاوێژى عیشقدا گیا بەخۆمدا دەدەم ..و
لەبەر فێنکى وەرزێکتا
کپ کپ لەباوەشى مردندا دەکوژێمەوە…
ئەبێ ڕابردووم بدەمە دەست ستونى ئالودەبون
تا بەسیحرى باڵەکانتەوە بفڕم
تا لەکاڵى بەیانییەکدا
ڕستەیەک پێکەنین
لەجنسى تەمبورێکى بەهاری و
ڕۆحى پایزنشینێک لەفەرهەنگمدا دەلەرێتەوە!
لە موعجیزەى غرورى مانگدا دەسوتێم
لەبەردەم دەرگاى مردندا دووبارە دەبمەوە
لەئیحساسى سەرابێکدا
لەزەردەخەنەى وەرزێکدا
حیکمەتى ئەم پایزەم
تووڕ ئەدەمە
بەردەم ژەنینى گریانێک
کەتاساوو تربێت
لەماچەکانى دایکم
کەچى تادێ..ترس لە باخچەکانم دەنیشێت
گەڵاکانم لە پەشیمانیدا هەڵدەوەرێت
هەناسەى عەترەکانم
لەچەمێک شیعردا
 بە ووشەکانى مردندا هەڵدەزنێت
عەیبەکانم
لەسەر بەردەنوێژێک پان بکەرەوە
تا بەبسکە سپییەکانى زەوقى شیعرتا دەڕژێم
بەزەینى شکاومەوە ..
یەقین لەتەنیایم هەڵدەوەرێ
سەیرکە..سەیرکە
چۆن لەقەمبورى تەنیایدا پێ هەڵدێنم
ئەى ڕوئیا ترین عیشق
لەجنسى ڕوتبونەوە !
تۆزێ ئارامیم پێببەخشە
بۆ سەفەرى مەرگ و گەڕانەوە
بۆ شڵەقاندم لەناو قومێک بێدەنگیتا
بۆ گەشتێک لەگەڵ خەیاڵى کچێنیتا
ئیتر ئەم پەنجەرانە لەمن داخە
یاخیبوون لە جنسمدا هەڵتروشکاوە
ئەندێشەت  بردومیەتە کەنارى ویقارتەوە
حەقیقەت  دەست بازیم لەگەڵ دەکات
بەچەپکێ بارانى ڕۆمانسیەوە
تا بۆنى باڵندە خوساوەکانم تێدا شۆڕ بێتەوە !
دەزانم لە ڕستەیەکى بێ ئەزموون و
سەر دێڕێکى بێ مروەتدا (چاپ) کراوم
وەک  تەمبورێکى نەژەنراو بەیانیەکانم سادەن
لە زەینمدا تاڵ تاڵ ڕوناکیەکانم دەقرتێن
تێکەڵدەبم بە ئێوارەکانى مایەپوچى
بەڵام هەر سادەترین پیاوم
بە شەهوەتى شەقامەکانى منداڵیمەوە
بەدرزى کراسێکى بەهاریتەوە
هەر(مەتین) ترین مەخلوقى ناو حیکایەتێکتم
لە تەواو بوندا..
نازانم ..
لەدۆزینەوەمدا سوکنایت دەسپێرى
بەئاوێنە سپییەکان
 تا بە ئاورنگەکانى قژت تەڕدەبم،
تا لەکەلێنى گیرفانێک تەنیایەوە
بە کۆشى گۆرانیەکى مەکربازەوە
بۆ جارێک لەتۆدا کزر دەبمەوە،
بەمشتێک ڕاڕاییمەوە ..
ئیرەیم دەبەخشم بەڕیتمێک گریان !
بەدەستە بچکۆلەکانى باران
بەهەناسە سپیەکانى بەفر
لەحزورى ئێوارەکانتا دەوەستم
مەراق لەباخانى هەڵوژەکانت دەڕنمء
لەسوچى بێهودەترین دێڕەوە
چۆڕ .. چۆڕ
                   ئەدەمە پڕمەى
                                           (تەرچک)ە  شیعرێک
                                                                               وەک..
شیعرێک بۆتۆ
                              بۆ نیشتیمان
                                                       بۆ مەملەکەتێک
                                                                                   لە دایک.
نامەوێت بڵێیت :
چاوەڕێى چیم لێدەکەى لەم عەدەمستانى سەرابەدا
 تۆ..تەماشاى فارگۆنە شوشەییەکانى غوربەتم بکە بزانە چەند
تەماوین بێ تۆ…
ئەمەوێت لە ئیمەیلێکدا بنوسى
منم گێلاس ترین کچى دونیا
ئەى گێلاسى پڕلە فیکرى (baran)
خەیاڵم هەمیشە بۆ بەجێهێشتوى
بەدەم زارى پەڕەسێلکەکانى ئەو دوورییەوە .

بەروارى نوسین
بەکاتى گریانى باران
بەمەرحەبابونى مەزاجى بەیانییەکەوە
لەپەراوێزى خەونەکانمدا
 

Baran_n83@yahoo.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.