مۆدێرنه‌تی و ڕووکه‌شیی ڕۆشنبیران!
چه‌ند سه‌رنجێکی کورت له‌باره‌ی بابه‌تی (مۆدێرنەبوونو كێشەكانی )ی )رێبین هه‌ردی(
(رێبین هه‌ردی) له ستوونی تایبەتی خۆی لە یەکێک لە ژمارەکانی رۆژنامەی (ئاوێنە)، کە 31/1/2012 بڵاو بۆتەوە، بابه‌تێکی له‌باره‌ی (مۆدێرنەبوونو كێشەكانی)ەوە نووسیوه، کە چاوه‌ڕێی ئه‌وه بووم لەو چوارچێوەیەدا فکری فه‌یله‌سووفانی وەک (نیتچه)، (هایدیگه‌ر)، (فوکۆ) و (دێریدا) و زۆری دیکه ڕاڤە بکات، بەوەی ئەوانە بە گەورەترین ڕەخنەگری مۆدێرنیتە دادەندرێن، که‌چی ته‌نیا لە چوارچێوەیەکی تەسکدا باسی کتێبه‌که‌ی (مارشاڵ بێرمه‌ن) ده‌کات. ڕاستییەکەی من ئه‌گه‌ر ئه‌مساڵ کتێبێکم زۆر به وردی خوێندبێته‌وه، ئه‌وه‌ی (مارشاڵ بێرمه‌ن)ه، که دوو ناونیشانی هه‌یه، ناونیشانێکیان گوته‌یه‌کی (کارڵ مارکس)ه، که له کتێبی (مانیفێستی کۆمۆنیست)ه و ده‌ڵێت (هه‌موو ئه‌وانه‌ی ڕه‌قن، له هه‌وادا ده‌توێته‌وه). ڕاستییەکەیشی (مارکس) خۆی ئەو گوتەیەی لە شانۆگەریی (زریان The Tempest)ی (شێکسپێر) وەریگرتووە، کە لەسەر زمانی (پرۆسپێرۆ Prospero)ەوە دەریدەبڕێت. سەیر نییە ئەگەر دەبینین وشەی (زریان The Tempest) لای (بێرمەن)یش دەدرێتە پاڵ ژیانی سەردەمی مۆدێرنەتی، بەوەی وەک زریان خێرایە و هێزی ئەو خێراییەیشی لە زانستەکانی فیزیا و پەرەسەندنی تەکنەلۆجیا وەرگرتووە، کە دەبنە هۆی داڕماندنی دنیای کۆن و پەراگەندەبوونی مرۆڤ. دواتر ئێمە وردتر باسی دەکەین. ناونیشانی دووەمی کتێبەکەی (بێرمەن) (ئه‌زموونی مۆدێرنه‌تی)یە. ئه‌و کتێبه‌ی (بێرمه‌ن) باس له کێشه‌کانی مۆدێرنه‌تی و ئه‌زموونکردنی ده‌کات، به‌ڵام (رێبین هه‌ردی) له چه‌ند په‌ره‌گرافێکی که‌مدا پێشانی دەدات و تێیدا قووڵ نابێته‌وه.
سه‌ره‌تا ده‌ڵیت: (مارشال برمان لەكتێبی “ئەزموونی مۆدێرنەدا” پرۆژەی مۆدێرنە بەسەر سێ قۆناغدا دابەش ئەكات. قۆناغی یەكەم‌و دووهەمیان تایبەتە بە مێژووی ڕۆژئاوا‌و قۆناغی سێهەمێش پەیوەندی بە هەموو دنیاوە هەیە.)
وه‌کو ئاماژه‌م پێی دا ئه‌م کتێبه‌ی (مارشاڵ بێرمه‌ن) دوو ناونیشانی هه‌یه، به‌ڵام نووسه‌ر ته‌نیا یه‌کێکیانی نووسیوه، ئه‌ویش به هه‌ڵه، چونکه (ئه‌زموونی مۆدێرنه‌تی)یه، نه‌وه‌ک (ئه‌زموونی مۆدێرنه‌دا). ڕاستە لای (بێرمەن) ئەو دابەشکردنە هەیە، بەڵام گواستنەوەی بۆچوونەکانی ئەو وەک خۆی بێ هیچ ڕاڤەکردنێک، زیاتر لە کاری وەرگێڕان نزیک دەبێتەوە نەوەک کاری فیکری.
دواتر نووسه‌ر ده‌ڵێت: (قۆناغی یەكەم لەسەدەی 16 دەستپێئەكات تا كۆتاییەكانی سەدەی 18 ئەخایەنێت. لەم قۆناغەدا خەڵكی دەست بە ئەزمونی ژیانێكی تازە ئەكەن كە لەڕابردوو ناچێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆر ڕون‌و دیار نییە لایان كە ئەم جیهانە تازەیە چۆنەو چییە. ئەكرێت بگوترێت ئەم قۆناغە پتر قۆناغی گومانە لەڕابردوو، بێ ئەوەی هێشتا خەڵك تێبگات جیهانی تازە چۆنە. ئەم قۆناغە پتر قۆناغی كەوتنی دۆگماكانو لەرزینی ئەو بڕوایانەیە كە كەس گومانی لەڕاستییان نە ئەكرد.)
ئەمە ئەگەر بۆچوونی (بێرمەن)ە، ئەی کوا بۆچوونی خۆی؟ بێگومان ئه‌و قۆناغه پێش شۆڕشی فرەنسی و ئه‌مه‌ریکا ده‌ست پێ ده‌کات، که هه‌ماهه‌نگه له‌گه‌ڵ سه‌رده‌مه‌که‌ی (ژان ژاک ڕۆسۆ)ی فه‌یله‌سووف، به‌ڵام نووسه‌ر دێت و بە شێوەیەکی مێژوویی بۆمان باس ده‌کات، له کاتێکدا (بێرمه‌ن) هه‌رگیز نایه‌وێت مامه‌ڵه‌یه‌ی مێژووییانه له‌گه‌ڵ مۆدێرنه‌تییه‌دا بکات، به‌ڵکو مه‌به‌ستییه‌تی خەسڵه‌ت و شێوه ژیانی خه‌ڵک له‌و زه‌مه‌نه‌دا پێشان بدات. به مانایه‌کی دیکه (رێبین هه‌ردی) وه‌کو که‌سێک، که بیه‌وێت ساڵه‌کانی مێژوو و ڕووداوه‌کانی بزانێت ئه‌م کتێبه‌ی به کار هێناوه، نه‌وه‌ک نووسه‌رێک هەوڵ بدات مێژوو بکاته سه‌رچاوه‌یه‌ک بۆ هۆشیاری و بیرکردنه‌وه‌ی قووڵتر. وه‌کو (هێگڵ) پێی وایه ڕه‌وتی مێژوو هیچ نییه جگه له هه‌نگاونان بۆ به‌دیهێنانی ئازادی، ئه‌م ههنگانانهش پێویسته ببێته خاڵی وه‌رچه‌خان بۆ ده‌ستخستنی هۆشیاری و ئاگایی له ئاست واقیعدا.
(بێرمه‌ن) ئاماژه به‌وه ده‌دات، که (رۆسۆ) یه‌که‌م که‌س بووه وشه‌ی (مۆدێرنیست) به کار هێناوە و له سه‌ده‌کانی دواتریش ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه بووەته باو. (رۆسۆ) هه‌ر له‌و کاته‌دا ژیاوه، که (رێبین هه‌ردی) ئاماژه‌ی پێ داوه. ئایا (رۆسۆ)یش نه‌یزانیوه، که جیهانی تازه چۆنه؟ ئه‌ی هه‌ر (مارشاڵ بێرمه‌ن) نییه، که ئاماژه به‌وه ده‌دات ڕۆمانی (ئیلویزی نوێ)ی (ژان ژاک ڕۆسۆ)، گوزارشتێکی ده‌گمه‌نی ژیانی مۆدێرنه‌تییه، به‌وه‌ی کاتێ (سه‌ن پرۆ)ی کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کی له گونده‌وه بۆ شار کۆچ ده‌کات، که ئه‌م کۆچکردنه یه‌کێکه له سیما دیاره‌کانی ژیانی مۆدێرنه‌تی. (سان پرۆ) کۆمه‌ڵیک نامه بۆ (ژوولی)ی خۆشه‌ویستی ده‌نووسێت و ئاماژه به دووفاقیی ژیانی شاره گه‌وره‌که ده‌کات، که لەوێ هه‌موو شتێک لیڵ و ته‌ماوییه، هه‌مووان بارێکی قورسیان له‌سه‌ر شانه، بێ ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێ بکه‌ن. هه‌مووان به‌رده‌وام ڕووی خۆیان ده‌شکێن و که‌چی هیچ پرسیارێکیان له لا گه‌ڵاڵه نابێت. بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و بارودۆخه بگونجێیت، پێویسته ده‌یان ڕووی له یه‌کتر جیاوازت هه‌بێت و خۆت بۆ ده‌یان کاره‌کته‌ری دیکه بگۆڕیت. (سان پرۆ) هێنده له ژیانی شار به گومانه، ته‌نانه‌ت وای ده‌بینێت هێزی (عیشق)یش توانای ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ژیانی مۆێرنهتییهی نییه، بۆیه به خۆشه‌ویسته‌که‌ی ده‌ڵێت: (ئه‌مڕۆش لام ڕوون نییه، که‌وا به‌یانی کێم خۆش ده‌وێت). ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه بیڵێم، ئه‌وه‌یه (رێبین هه‌ردی) به به‌کارهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی (خه‌ڵک) هه‌موو شتێک ده‌خاته یه‌ک قاڵبه‌وه، وه‌ک بڵێی هه‌ر له‌و قۆناغه‌دا (رۆسۆ)، (ڤۆڵتێر) و (مۆنتیسکۆ) نه‌ژیابن. به تایبه‌ت (رۆسۆ)، که له‌و کاته‌دا چه‌ندین شاکاری ناوازه‌ی نووسیوه. جگه له‌وه ئایا له هیچ زه‌مه‌نێک ڕووی داوه، که خه‌ڵک به ته‌واوه‌تی بزانن له چ قۆناغێکدا ده‌ژیێن؟ ئایا ئێستا خه‌ڵکی جیهان به شێوه‌یه‌کی گشتی له‌و زه‌مه‌نه‌ی خۆیان تێده‌گه‌ن؟ ئایا گومانکردن له ڕابردوو خەسڵەتی هه‌ر زه‌مه‌نێک نییه؟ ئایا ڕوانین بۆ داهاتوو له یۆتۆپیای هه‌مووماندا نییه؟ ئایا له هیچ زه‌مه‌نێک بووه به تێکڕای خه‌ڵک خاوه‌نی هۆشیاریی ڕۆشنبیری بن؟ ئایا (رێبین هه‌ردی) هه‌ر خۆی، ئه‌گه‌ر به قووڵی له زه‌مه‌نی ئێستا ورد ببێته‌وه، چه‌ندین شتی دیکه هه‌ن، باسیان ده‌کات؟ وه‌کو ئه‌وه‌ی باسی یه‌کێک له په‌رله‌مانتاره‌کانی (گۆڕان) ده‌کات، که پاش ئه‌وه‌ی له پەرلەمان ده‌ستی به‌رز کردووه‌ته‌وه بۆ تاپۆکردنی شوقه‌کان، بزوونته‌وه‌ی گۆڕان بڕیار ده‌دات، لەگەڵ سێ پەرلەمانتاری دیکە دووری بخاتەوە، به‌ڵام کاتێ ئەوەیان هۆشیار ده‌بێته‌وه، داوای لێبووردن ده‌کات. ئیتر (رێبین هه‌ردی) لە وۆڵەکەی خۆی لە فەیسبووک ده‌نووسێت: (ئینسانێک که گه‌وره‌یی نواند،..پاکێتی و ڕاستگۆیی نواند..بۆ ئێمه که کاک ئیسماعیل ئه‌ناسین و هاوڕێمانه زۆر دڵنیاین ئه‌وه‌ی بۆی گرنگ نه‌بێت شوقه‌یه‌کی بچوکی په‌رله‌مانه..که‌سێک که دۆخی مادی زۆر باشه و بگره به ماده هاوکاری ڕۆژنامه‌ی ئازاد بووه و زۆر شتی تری کردووه…هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئه‌م ئینسانه ئه‌ناسین دڵنیاین هیچ مه‌به‌ستێکی مادی له‌و ئیمزایهدا نیه که به هه‌ڵه خستوێتیه سه‌ر ئه‌و داواکاریه..ئه‌و یه‌کێک بوو له‌وانه‌ی ته‌نانه‌ت دژی وه‌رگرتنی سه‌یاره‌ش بوو بۆ ئه‌ندام په‌رله‌مان..گهورهیهکهشی له‌وه‌دا بوو پێش نامه‌که‌ی کاک نه‌وشیروان که زانی هه‌ڵه بووه بڕیاری ده‌ست له‌کار کێشانه‌وه‌ی دا..خودا ته‌مه‌ن درێژی بکات و نمونه‌ی زیاد بێت،،من لێره‌وه پێی ئه‌ڵێم خۆشم ئه‌وێت)
نەک ته‌نیا ڕۆشنبیر، به‌ڵکو هه‌ر که‌سێک، ئه‌گه‌ر که‌مێک له کێشه‌کان ورد ببێته‌وه، له‌وه تێده‌گات، که ئه‌م وڵاته له قه‌یرانی زۆر گه‌وره‌تر دایه و هه‌رگیز خۆی به‌م کێشه‌یه سه‌رقاڵ ناکات. جگه له‌وه، ئه‌و وه‌کو یه‌کێک له سه‌رانی (گۆڕان) قسه ده‌کات، ئه‌مه‌ش مانای وایه ناتوانێت له بیرکردنه‌وه‌دا ئه‌لته‌رناتیڤێکی گه‌وره‌تر له (بزووتنەوەی گۆران) بدۆزێته‌وه. ئایا بزوونتهوهیهکی سیاسی ده‌توانێت خه‌می گه‌وره‌ی ڕۆشنبیر و کۆمه‌ڵگا له خۆ بگرێت؟ ئایا ئه‌گه‌ر (رێبین هه‌ردی) له‌و قۆناغه‌ی ئێستای جیهان تێگه‌یشتووه، کامانه‌ن پڕۆژه ڕۆشنبیرییه‌کانی، تاکو ڕووبه‌ڕووی دیدێکی نوێمان بکاته‌وه؟ هه‌موو پڕۆژه‌کانی ئه‌و ستوونێکه، که له (رۆژنامه‌ی ئاوێنه) ده‌ینووسێت، بەردەوامیش له که‌ناڵه‌کان ده‌رده‌که‌وێت و قسه وتراوهکانمان دووباره و چەندبارە ده‌کاته‌وه. کاتێ ده‌زانێت، که ئه‌و قۆناغه دۆگماکان تێیدا هه‌ره‌س ده‌هێنن، چۆنه هه‌ر خۆی به زمانێکی دۆگمایانه ده‌دوێ؟ ده‌سته‌واژه‌ی (خودا ته‌مه‌ن درێژی بکات و نمونه‌ی زیاد بێت،،من لێره‌وه پێی ئه‌ڵێم خۆشم ئه‌وێت) دوور و نزیک پێوه‌ندیی به کۆنتێکستی هزرییه‌وه نییه، به‌ڵکو زمانیکه له دۆگماوه هه‌ڵقووڵاوه. ئه‌وه مانای ئه‌وه‌یه، که (رێبین هه‌ردی) ناتوانێت گومان له شته‌کان بکات، له کاتێکدا گومانکردن پێویستییه‌کی به‌رده‌وامی ڕۆشنبیرییه. ئایا له مێژووی هیچ ڕۆشنبیرێکی ڕاسته‌قینه بووه، که (دوعا) بۆ خه‌ڵک بکات؟ ڕۆشنبیر ئه‌گه‌ر دوعا بکات، ئه‌ی دەبێت پەیامەکانی چی بن و چ ئەرکێکی لەسەر شان بێت؟ ڕۆشنبیرێک که باسی مۆدێرنهتییهمان بۆ بکات، چۆن پەنا بۆ دوعا ده‌بات! به‌ڵام له‌وه ده‌چێت (رێبین هه‌ردی) بیه‌وێت ئه‌ڵته‌رناتیڤێکی گه‌وره‌تر بخاته به‌رده‌م ڕۆشنبیره گه‌وره‌کانی جیهان. ئایا ئه‌ی مێژووی ڕۆشنبیریی مۆدێرنهتیی ڕووبه‌رووبوونه‌وه‌ی دۆگماکان نین؟ ئه‌و (مارشاڵ بێرمه‌ن)هی په‌نای بۆ بردووه، چه‌ندان جار وته‌که‌ی (نیتشه) له بهرههماکانیدا به کار ده‌هێنێت، کە له‌باره‌ی مه‌رگی خوداوهندەوە دەریبڕیوە.
ڕێبین هه‌ردی دێته سه‌ر باسی قۆناغی دووه‌م و به‌م شێوه‌یه ده‌نووسێت: (قۆناغی دووهەم بە شۆڕشی فەڕەنسی دەستپێئەكات كە تیایدا خەڵك بۆ یەكەمجار هەست ئەكەن لەجیهانێكی تازەدا ئەژین. “لەجیهانێكی شۆڕشگێڕانەدا كە سەرجەم ڕەهەندەكانی ژیانی تایبەتی، كۆمەڵایەتیو سیاسی خەڵك توشی پێكدادانی تەقینەوە ئاسا ئەكات” تا ئەم قۆناغەش ئێمە باسی مۆدێرنەبوون لەئەوروپاو جیهانی ڕۆژئاوادا ئەكەین. واتە باسی گۆڕانكارییەك ئەكەین كە لەڕیفۆرمی دینی مارتین لۆسەروە لەئەڵمانیاوە دەستپێئەكاتو گۆڕانكارییەكی سیاسیش كە لەفەڕەنسای كۆتایی سەدەی هەژدەدا دەستپێئەكات.). دووبارە دەپرسم ئەمە بۆچوونی (بێرمەن)، بەڵام کوا بۆچوونی خۆی؟ قۆناغی (ناوه‌ند) لای (مارشاڵ بێرمه‌ن) هه‌ماهه‌نگه له‌گه‌ڵ نووسینه‌کانی (بۆدلێر)، که تێیدا گوزارشت له ژیانی مۆدێرنه‌تی و ڕه‌هه‌نده ئاڵۆزه‌کانی ده‌کات. به‌تایبه‌ت له تێکستی (The Painter Of Modern life – نیگارکێشی ژیانی مۆدێرن)، که یه‌کێکه له‌و تێکستانه‌ی (میشێڵ فوکۆ)ی فه‌یله‌سووف پێی سه‌رسامه و (بۆدلێر) به شاعیرێکی هۆشیار له ئاست واقیعه‌که‌یدا ده‌ناسێنێت. (بۆدلێر) مۆدێرنه‌تی به شتێکی ڕاگوزه‌ر ده‌زانێت و پێی وایه ئەگەر مۆدێرنەتی بە ڕاستی شتێکی ڕاگوزەر و ڕاکردوو نەبێت، چۆن دەتوانێت لەگەڵ (ئێستا) دابڕان بهێنێتە کایەوە و تێیبەڕێنێت. (بێرمه‌ن) تێکسته‌کانی (بۆدلێر) و (فاوست)ی (گۆته) به خاڵێکی گرنگ بۆ شیکردنه‌وه‌ی مۆدێرنه‌تی وه‌سف ده‌کات، به‌وه‌ی هه‌ڵگری خوێنده‌وه‌ی واقیعی ئه‌و کاته‌ن، که مۆدێرنه‌تییه وه‌کو تارمه‌یه‌ک ویستی خۆ سه‌پاندنی هه‌بووه.
(رێبین هه‌ردی) کاتێک باسی شۆڕشه هزرییه‌که‌ی (مارتین لۆته‌ر- Martin Lother 1546- 1483) ده‌کات، ئه‌وا به چه‌ند وشه‌یه‌کی که‌م ده‌ستبه‌رداریان ده‌بێت و ساده‌ی ده‌کاته‌وه. ئه‌مه له جیاتی قووڵبوونه‌وه هه‌وڵی ساده‌کردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کان ده‌دات، به‌تایبه‌ت ئه‌و، که شۆرشه‌که‌ی (لۆته‌ر)ی خستۆته قالبێکی سیاسییه‌وه. (لۆته‌ر) به ته‌نیا شۆرشێکی سیاسیی نه‌کرد، به‌ڵکو له‌گه‌ڵ خۆیدا گۆڕانیکی هزری، ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی هێنایه کایه‌وه، که تاکو ئێستاش کاریگه‌ریی خۆی ماوه و ده‌یبێت، چونکه شۆڕشه‌که‌ی ئه‌و ڕه‌نگدانه‌وه و په‌نگخواردنه‌وه‌ی ئه‌و تووڕه‌ییه مێژوویه بوو به‌رانبه‌ر به ده‌سته‌ڵاتی کڵێسه، پیاوانی ئاینی و ترادیسیۆنی. بۆیه ناکرێت و نه‌گونجاوه شۆڕشه‌که‌ی (لۆته‌ر) به ته‌نیا بخه‌ینه قاڵبێکی سیاسی و ساده‌ی بکه‌ینه‌وه. ئه‌م هاوکێشه‌یه بۆ شۆرشی فرەنسیش هه‌ر گونجاوه، که (رێبین هه‌ردی) به ڕسته‌یه‌کی ساده باسی ده‌کات. ئایا ده‌کرێت باسی شۆرشی فرەنسی بکرێت و کاریگه‌رییه‌کانی (رۆسۆ)، (مۆنتیسکۆ) و (ڤۆڵتێر) نه‌خه‌ینه به‌ر باس؟ ئه‌مه‌ش هه‌ر له قۆناغی مۆدێرنه‌تی سه‌ره‌تایی – ناوه‌ندی ڕووی داوه. ئایا ده‌کرێت باسی شۆڕشی فرەنسی بکرێت و ئاماژه به چه‌مکی دیموکراسی و کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی نه‌درێت؟ له کاتێکدا شۆرشی فرەنسی کاریگه‌رییه‌کی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ڕه‌وتی هزری، ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تیدا جێ هێشت. مادام بابه‌ته‌که پێوه‌ندیی به مۆدێرنهتییهوه هه‌یه، ئه‌وا ده‌بێت ئاماژه به جیاوازیی (شه‌قام) له‌نێوان قۆناغی مۆدێرنهتیی ناوه‌ند و مۆدیرنهتیی سه‌ده‌ی بیسته‌م درابا، چونکه له کاتی شۆرشی فرەنسیدا شه‌قام گوزارشت بوو له گالیسکه و ژیانی ئاسایی خه‌ڵک و به‌یه‌که‌وه ئاشنابوونه‌وه، به‌ڵام هه‌رچی له سه‌ده‌ی بیسته‌مه شه‌قام ڕهسهنییهتیی خۆی له ده‌ست ده‌دات و ده‌بێته شوێنی ئۆتومبێل و ترافیک، که ئه‌مه‌ش دوو ڕه‌هه‌ندی ته‌واو پێچه‌وانه‌ی یه‌کترن. ئه‌گه‌ر له قۆناغی ناوه‌ند مۆدێرنه‌تی مانای ژیانکردنه له‌نێو شه‌قامدا، ئه‌وا له سه‌ده‌ی بیسته‌م به‌ولاوه ده‌بێت ئێمه له شه‌قام هه‌ڵبێین. مه‌به‌ستی من له ئاماژه‌دان به‌و ڕه‌هه‌ندانه ئه‌وه‌یه، که کتێبه‌که‌ی (بێرمه‌ن) بنچینه بچووکه‌کانی مۆدێرنهتییهش ده‌خاته به‌ر باس.
(رێبین هەردی) باسی قۆناغی سێیه‌م به‌م شێوه‌یه ده‌کات: ( سێهەم قۆناغی مۆدێرنە كە سەرتاسەری دنیا ئەگرێتەوە لەسەدەی بیستدا دەستپێئەكات. لەم قۆناغەدا چیدی مۆدێرنە دیاردەیەكی ئەوروپی نییەو سەرجەم جوگرافیای جیهان ئەگرێتەوە. لەم قۆناغەدا “مۆدێرنیزم لەبواری هونەرو بیركردنەوەدا سەركەوتنی بەرچاو بەدەست دێنێت، بەڵام لەلایەكی ترەوە جەماوەری مۆدێرن كە بڵاو ئەبنەوە، دابەش ئەبن بەسەر كۆمەڵێك پارچەی پەرشو بڵاو كە هەریەكەیان بە زمانی تایبەتی خۆی قسە ئەكات”. ئەم پەرشو بڵاویە بە ڕادەیەكە كه مۆدێرنە “بەشێكی زۆر لەمانا درەوشاوەو قوڵەكانی خۆی لەدەست ئەداتو تواناكانی بۆ ڕێكخستن‌و مانا بەخشین بە ژیانی خەڵك لەدەست ئەچێت”. ترسی (برمان) ئەوەیە بە ناوی ڕێگه جیاوازەكانی مۆدێرنەوە، جەوهەرو مانا ڕاستەقینەكانی مۆدێرنە لەدەست بچن‌و بگرە دژی خۆی بەكاربێن. لەو كاتەوەی مۆدێرنەبوون بە جیهانی بووە لەگەڵ خۆیدا بە توندی كێشەی خۆیبوونو بێگانە بوونی هێناوەتە ئاراوە. هیچ مۆدێرنەبوونێك، لەوی دی ناچێت. ). دووباره ئێمه ڕووبەڕووی ساده‌کردنه‌وه‌ی بابه‌ته قووڵه‌کان ده‌بینه‌وه. له چوارچێوه‌ی کتێبه‌که‌ی (بێرمه‌ن)دا، ناتوانین هێنده ئاسان به‌سه‌ر بابه‌ته‌کاندا باز بده‌ین. کاتێ (رێبین هه‌ردی) ئاماژە به‌م کتێبه ده‌دات، ڕه‌نگه خوێنه‌ر وا بزانێت باسی نامیلکه‌یه‌کی بچووک له‌باره‌ی (ئه‌زموونی مۆدێرنه‌تی)ه‌وه ده‌کات، چونکه جگه له‌و چه‌ند دێڕه، هیچی دیکه به لای ئه‌م کتێبەدا نه‌چووه، له کاتێکدا کتێبه‌که‌ی (بێرمه‌ن) ده‌کرێت وه‌ک یه‌کێک له کتێبه ناوازه‌کانی جیهان له‌باره‌ی (مۆدێرنه‌تیه) بخوێندرێته‌وه. ئه‌م کتێبه‌ی (بێرمه‌ن) لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی (فه‌لسه‌فی، سۆسیۆلۆگی، سایکۆلۆگی، ئه‌نترۆپۆلۆگی، پۆلۆتیکی، ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی… تاد)ییه، واته له چه‌ندین ڕوانگه‌ی جیاوازه‌وه هه‌وڵی ڕاڤه‌کردنی (مۆدێرنه‌تی)ی داوه، که ئه‌مه‌ش یه‌کێکه له خەسڵەتهکانی که‌سێتیی مه‌عریفی فه‌یله‌سووف.
له سه‌ده‌ی بیسته‌م به‌ولاوه، (بێرمه‌ن) به‌شێکی زۆری کتێبه‌که‌ی بۆ لێکۆڵینه‌وه له ڕه‌هه‌نده‌کانی دروستبوونی شار و بیناسازیی مۆدێرن ته‌رخان ده‌کات. (بێرمه‌ن) ئاماژه به (لی کۆربوزهر – le corbusier)، که یه‌کێکه له ئه‌ندازیاره به‌ناوبانگه‌کانی بیانسازیی مۆدێرن (Modern architecture) ده‌دات، (رێبین هه‌ردی) ئه‌م به‌شه گرنگه فه‌رامۆش ده‌کات و هه‌ر به لایدا ناچێت. (لی کۆربوزهر) له کتێبی (شاری سبه‌ی- The city of tomorrow) باسی ئه‌وه ده‌کات، که له ئێستادا چوونه ده‌ره‌وه له‌ماڵ مانای که‌وتنه ناو مه‌ترسیی کوشتنه به هۆی ئوتۆمبێله‌کانه‌وه. باسی ئه‌وه ده‌کات، که ئێستا خوێندکاران له ماڵه‌وه دێنه ده‌ره‌وه به یه‌که‌وه هاوار ده‌که‌ن: شه‌قام هیی خۆمان بوو، هیی گالیسکه و شه‌وه پڕ گۆرانییه‌کانمان بوو، به‌ڵام هه‌رچی ئێستایه بینا گه‌وره‌کان و شاره که‌پیتالیسته‌کان و سۆسیالییهکان جیهانیان داگیر کردووه و هه‌موو خه‌ریکه له ته‌مومژی مۆدێرنه‌تییه‌دا ده‌خنکێن.
دواتر (رێبین هه‌ردی) به‌م شێوه‌یه درێژه به بابه‌ته‌که‌ی ده‌دات: (مۆدێرنە هیچكات بەیەك ڕیتم‌و شێواز ڕوو نادات. یەك ڕوو یەك ڕەهەندی نییە. هەر كۆمەڵگایەك بە شێوازی تایبەتی خۆی مۆدێرنەی خۆی ئەژی. مارشال برمان ئەنوسێت “هیچ هۆیەك نییە كە هەر شارێكی مۆدێرن لەنیێودك یان لۆس ئەنجلۆس یان تۆكیۆ بچێت یان وەك ئەو بیر بكاتەوە” مۆدێرنە بوون شكڵ‌و شێوازی جیاواز وەرئەگرێتو لەسەر هەمان نەخشەو كەتەلۆك ڕوو نادات. هەمیشە ڕێگەی جیاواز بۆ مۆدێرنەبوون هەیە. هەر كۆمەڵگایە مۆدێرنەی خۆی ئەژی. مێژووی دیاریكراو‌و تایبەتی خۆی بەسەر ئەباتو هەیە. بەشێكی گرنگی مۆدێرنە پەیوەندی بە ڕابردووەوە هەیە. هەموو مۆدێرنەیەك بریتییە لەوەرگرتنی هەڵوێستێكی تایبەت لەڕابردوو. جۆرێك مامەڵەو هەڵسوكەوتە لەگەڵ ڕابردوودا كە هەست ئەكرێت ئەبێ بگۆڕێت‌و وەك خۆی نەمێنێتەوە. “وەك خۆ نەمانەوه” دروشمی سەرەكی پرۆژەی مۆدێرنەیە. “هەموو ئەو شتانەی ڕەقو سەختە، ئەبێ بە دوكەڵو نامێنێت” مارشال برمن ئەم قسانەی ماركس ئەهێنێتەوەو بە یەكێك لەخەسڵەتە دیارەكانی مۆدێرنەیدا ئەنێت. مۆدێرنە بریتییە لەئامادەییەكی بەردەوام بۆ گۆڕانكاری.. ئامادەییە بۆ ئەوەی چ شتێك تا ئێستا سەقامگیرو جێگیر‌و پتەوە (ئەو شتانەی ڕەقو سەختن) جێگەی خۆی بە شتی نوێ‌و تازە بدات (ببێ بە دوكەڵو نەمێنێت). مۆدێرن بوون واتە هاتنو چون لەنێوان ڕابردوو ئێستادا.. واتە دەستكاریكردنی ڕابردوو بە جۆرێك لەڕابردوو نەچێتو بەجێبهێڵرێت، بەڵام بێ ئەوەی ڕابردوو هێزی ڕاكێشانو تامەزرۆیی خۆی لەدەست بدات. مۆدێرنەبوون بەردەوام هەم لەنۆستالیجیادا ئەژی، هەم لەئارەزوی ئێستایی بوون‌و تازەبوونەوەدا. هەم لەتامەزرۆی ڕابردوو ڕۆژانی دێریندا بەسەر ئەباتو هەم لەئارەزووی بە جێهێشتن‌و جل‌و بەرگ گۆڕیندا. بێ هودە نییە هەمیشە ڕابردوو لەجیهانی مۆدێرندا بە دوو شكڵی تەواو ناكۆك‌و دژ بە یەك ئامادەگی هەیە: وەك ڕوبەرێكی كۆمیدی كە شایەنی پێكەنینو گاڵتەجاڕییەو هەم وەك جیهانێكی نمونەیی‌و پڕ لەڕۆحانیەتو ئینسانیەت كە لەدەستچووە.. لەدەستچووه، بەڵام ئەبێت ببێتە ڕێنمایی سەرەكی ژیانی ئێستاش. واتە لەمۆدێرنەدا هەوڵدان بۆ تێپەڕاندنی ڕابردوو بەهەمان ئەندازەی هەوڵدان بۆ گێڕانەوەی ئامادەیی هەیە. بەوەشدا كە ڕابردوو مێژووی هەر كۆمەڵگایەك تایبەتیەو لەمێژوو ڕابردووی كۆمەڵگایەكی تر ناچێت، ئەوا بێگومان مۆدێرنەبوونی هیچ كۆمەڵگایەك لەوی دی ناچێت. هەم ڕێگرەكانی لەكۆمەڵگایەكەوە بۆ ئەوی دی جیاوازن، هەم دەستكاریەكانیشی لەسەر هەمان ڕیتم‌و نەخشە ڕوو نادەن. )
له خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م په‌ره‌گرافه درێژهوە من بۆم ده‌رکه‌وت (رێبین هه‌ردی) ئه‌م کتێبه‌ی (بێرمه‌ن)ی بە کوردی خوێندووه‌ته‌وه، که (مه‌نسوور ته‌یفووری) له فارسییه‌وه وه‌ریگێڕاوه و من خۆم به وه‌رگێڕانێکی باشی نابینم، چونکه ته‌نانه‌ت ناونیشانه‌که‌یشی به هه‌ڵه وه‌رگێڕاوه، که وته‌که‌ی (مارکس)ه و به ئینگلیزی به‌م شێوه‌یه: (All that is solid melts into air) و به کوردییه‌کی ئه‌م واتایه ده‌گه‌یه‌نێت: (هه‌موو ئه‌وانه‌ی ڕه‌قن، له هه‌وادا ده‌توێنه‌وه). به‌ڵام (مه‌نسوور ته‌یفووری) به‌م شێوه‌یه بۆ کوردی وه‌ریگێڕاوه (ئه‌وی پته‌و به‌ستوه به دووکه‌ڵ و هه‌با ده‌بێ). وەک پێشتر گوتم (مارکس) ئه‌م وته هزرییه له شانۆگەرییەکی (شێکسپێر) وەردەگرێت و لە کتێبی (مانیفێستی کۆمۆنیست)دا کاری پێ دەکات. عەرەبییەکەیشی بەم شێوەیەیە (كل ما هو صلب يذوب فى الهواء). (رێبین هه‌ردی)یش له‌ژێر ڕۆشنانیی ناونیشانه‌که‌دا باسی وته‌که‌ی (مارکس) ده‌کات. دیاره وه‌کو ئاماژه‌م پێی دا (بێرمه‌ن) نه‌وه‌ک ته‌نیا ئه‌م قسه‌یه‌ی (مارکس)ی هێناوه‌ته‌وه، به‌ڵکو کردوویه‌تییه تایتڵی یه‌که‌می کتێبه‌که‌یشی. (بێرمه‌ن) به‌م شێوه‌یه باسی (مارکس) ده‌کات: (راستیی هۆکاره‌کان وه‌کو مارکس ده‌یبینێت، هه‌موو ئه‌وانه‌ی بۆرژوازیهت بونیادیان ده‌نێت، بریتین له کۆمه‌ڵگایه‌کی داڕووخاو. (مه‌نسوور ته‌یفوری) له شوێنێکدا به‌م شێوه‌یه گوزارشته‌که‌ی (بێرمه‌ن) له‌باره‌ی (فوکۆ) وه‌رده‌گێڕێت: فوکۆ وه‌حشیانه‌تر سووکایه‌تیکردنی خۆی ڕووبه‌رووی ئه‌و که‌سانه ده‌کاته‌وه که لایان وایا مرۆڤی مۆدێرن ئازادیی بۆ ماوه. (بڕوانه وه‌رگێڕانه‌که‌ی ئه‌و، لاپه‌ڕه 55). ئه‌گه‌رچی من لە دەقە ئینگلیزییەکە هه‌رگیز ئه‌وه‌م به‌رچاو نه‌که‌وتووه (بێرمه‌ن) ده‌سته‌واژه‌ی (وه‌حشیانه‌تر)ی بۆ (فوکۆ) به کار هێنابێت، به‌ڵکو ئاماژه به‌وه ده‌دات (فوکۆ) پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کات، که مرۆڤی مۆدێرن ناتوانێت ته‌واو ئازاد بێت. به هه‌رحاڵ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا هه‌ر به‌م سه‌رچاوه‌یه ده‌یتوانی زۆر شتی قووڵ و گرنگ ئاماژه پێ بدات، چونکه لانی که‌م کتێبێکی نزیکه‌ی چوارسه‌د لاپه‌ره‌یی له‌باره‌ی ئه‌زموونی مۆدێرنه‌تی به‌رهه‌مه‌که‌ی له بابه‌تێکی کرچ‌وکاڵ زیاتر ده‌بێت.
(ڕێبین هه‌ردی) ئاماژه به شێوه جیاوازه‌کانی مۆدێرنه‌تییه ده‌دات، ئه‌وا له زانیارییه‌کی ساده، که هه‌ر خوێنه‌ر له ئه‌نجامی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م کتێبەوە ده‌توانێت پێی بگات، هیچی دیکه به ده‌سته‌وه نادات. (بێرمه‌ن) زیاتر لە سه‌دوبیست لاپهڕەی کتێبه‌که‌ی خۆی (من مه‌به‌ستم له چاپه ئینگلیزییه‌که‌یه‌تی) بۆ باسکردنی شاره‌کانی جیهان و ئاسۆی ونبوونیان له‌نێو ته‌مومژی مۆدێرنه‌تییه‌دا ته‌رخان ده‌کات. باسی شاری (پاریس) ده‌کات، که ئه‌و کاته (بۆدلێر) تێیدا ده‌ژیا، به شارێکی شۆڕشگێرانه‌ی ده‌ناسێنێت، که تێیدا (بۆدلێر)ی شاعیر له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵاتییه‌کان هه‌مان ئاوه‌ز و هه‌ڵچوونی به‌رانبه‌ر به مۆدێرنه‌ته‌ی ئه‌و کاته هه‌بوو؟ له‌و کتێبه‌دا به‌شێکی سه‌ره‌کی بۆ توێژینه‌وه له‌باره‌ی دروستبوونی شاری (پترزبۆرگ- Petersburg) له ڕووسیا ته‌رخان کراوه؟ هه‌ر له‌وێدا وته‌یه‌کی (نیتشه) ده‌هێنێته‌وه، که له کتێبی (ویستی هێز)دا ده‌ڵێت: به‌ره‌و مێژووی خۆرگیرانی مۆدێرنه‌تی، باری ڕهوهندگهری (کۆیله مه‌ده‌نییه‌کان ……)ی بێنیشتیمان. ( بڕوانه لاپه‌ڕه 174) ئاماژه به‌وه ده‌دات ته‌وژمی مۆدێرنه‌تییه هه‌موو شاره‌کانی خۆرئاوای گرته‌وه، به‌ڵام له شوێنه‌کانی تر سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ژێر گوشاری بازاڕی جیهانییشدا بوون، به‌ڵام ئه‌م ته‌وژمه نه‌یگرتنه‌وه. ڕووسیا ته‌واو له مۆدێرنه‌تییه دوور بوو، به‌ڵام دروستبوونی شاری (پترزبۆرگ) کرانه‌وه‌ی ده‌رگایه‌ک بوو به ڕووی مۆدێرنه‌ته‌ی خۆرئاوادا. ئه‌و شاره شێوه‌ی هونه‌ری دروستبوونی بیناسازیانه و ئه‌ندازیاریانه‌ی مۆدێرنه‌تی بوو. ڕووسیا ئه‌و کاته مه‌ڵبه‌ندی ئه‌ده‌بی جیهانی بوو. بوونی (دیستۆیڤسکی)، (تۆلستۆی) و (گۆگول) ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات. ته‌ناته‌ت (دیستۆیڤسکی) له ڕۆمانی (ده‌ستنووسه ژێرزه‌مینیه‌کان- Notes from underground)دا زۆر به قووڵی گوزارشت له شێوه ژیانی تازه‌ی تێکه‌ڵبوو به مۆدێرنه‌تییه له شاری (پترزبۆرگ) ده‌کات. ئه‌مه به ڕوونی له ڕۆمانی (ئانه کارینینا)ی (تۆلستۆی)یش ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه، مه‌گه‌ر مردنی (ئانه) به‌م شێوه‌یه خۆی گوزارشت له‌و شێوه ژیانه مۆدێرنه‌تیه نییه له ڕووسیا؟ بۆیه به بۆچوونی (بێرمه‌ن) شاری (پترزبۆرگ) زه‌قترین نموونەی ده‌رکه‌وته‌ی مۆدێرنه‌تییه‌یه له ڕووسیا و وه‌ک شارێکی (unreal city) ناسراوه. ته‌نانه‌ت به‌راورد له‌نێوان (مۆسکۆ) و (پترزبۆرگ)دا ده‌کات، به‌وه‌ی یه‌که‌میان شارێکی دژه مۆدێرنه و دوومیان شارێکی مۆدێرنخواز بوو. به هه‌زاران خه‌ڵک ڕووی تێ کرد. شارێک به‌رگی بیناسازیانه‌ی مۆدێرنه‌ی پۆشیبوو. له ئه‌نجامی دروستبوونیشی زیاتر له 150 سه‌دوپه‌نجا هه‌زار کرێکار تێیدا له ناو چوون. وه‌کو کاره‌کته‌ری ڕۆمانی (ده‌ستنووسه ژێر زه‌مینییه‌کان)ی (دیستۆیڤسکی) له‌باره‌ی (پترزبۆرگ)ه‌وه ده‌ڵێت: (ههستگیرترین و نهخشهسازیترین شاری جیهانه). به‌ڵام پاش پرۆتێسته‌که‌ی 24ی دیستهمبهری 1825 ئیدی ئه‌م شاره ڕوخساری پۆلیسیانه‌ی ڕووسیای پێشان دا و تاکو ئێستاش ئه‌و کاریگه‌رییه‌ی ماوه. شارێک، که پۆلیسی نهێنی ئابڵوقه‌ی هه‌موو شوێنێکی دابوو، که‌س له ماڵه‌وه‌ش نه‌یده‌توانی به ئاسووده‌یی هه‌ناسه‌یه‌کی ئازادانه هه‌ڵمژێت. (بێرمه‌ن) ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر ئێمه سه‌یری ئه‌م شاره وه‌ک خۆی بکه‌ین وه‌ک هێمای گوزارشتکردن له مۆدێرنهزهیشنی سه‌روو، دیسێمبه‌ر یه‌که‌مین هه‌وڵدانه بۆ چه‌سپاندنی بۆشاییبوونی شار و سه‌نته‌ری پۆلیسی. ئه‌م جێگهگۆڕینه وای کرد مۆدێرنیزه‌یشن به‌رەو خواروو بچێت. (بڕوانه: لاپه‌ره 181). له ساڵی 1890 به‌ولاوه ترسێکی دیکه‌ی ڕووسیا له سه‌رده‌می فه‌رمانڕه‌وایی (کۆنت وایت) به‌رانبه‌ر ئه‌و شاره سه‌ری هه‌ڵداوه، به تایبه‌ت گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری وای کرد پێشبینی ئه‌وه بکرێت، که بزووتنه‌وه‌ی چاکسازیخوازه‌کان سه‌ر هه‌ڵبده‌ن و داوای گۆڕینی ده‌سته‌ڵاتی سیاسی بکه‌ن. (بێرمه‌ن) پێی وایه هێماسازیی شاری (پترزبۆرگ) ده‌رکه‌وته‌ی تارمایی مۆدێرنهتییهی ڕووسیایه و یه‌که‌مین ئاسۆی کرانهوهیەتی به ڕووی مۆدێرنهتییهی خۆرئاوادا. ئه‌و ناڕه‌زاییانه‌ی له لایه‌ن خه‌ڵکی (پترزبۆرگ)ه‌وه سه‌ری هه‌ڵدا، ئاسۆکانی مۆدێرنهتیی ئه‌و شاره‌مان زیاتر بۆ ده‌رده‌خات، به تایبه‌ت خۆپێشاندانه جه‌ماوه‌رییه‌که‌ی 9ی ژانیوه‌ری ساڵی 1905، که تێیدا کرێکاران و فه‌رمانبه‌ران به ڕێبه‌ری قه‌شه‌یه‌کی خۆمخۆر ڕوو ده‌که‌نه به‌رده‌م کۆشکی حکومڕانی و کۆمه‌ڵێک داوا پێشکه‌ش ده‌که‌ن، له‌وانه ئازادیی بیروڕا و بڵاوکردنه‌وه، مافی خوێندن به یه‌کسانی بۆ گشت که‌سێک. بۆ ماوه‌یه‌ک کۆمه‌ڵێک له ڕووکه‌شترین داواکان جێبه‌جێ ده‌کرێن، به‌ڵام ئه‌مه تینوویه‌تیی خه‌ڵک ناشکێنێت، بۆیه زیاتر ناڕه‌زایی ده‌ردەبڕن و له لایه‌ن هێزی چه‌کداره‌وه خۆپێشانده‌ران گوللهرێژ ده‌کرێن و به سه‌دان هه‌زار خه‌ڵک ده‌کوژرێن. نموونه‌ی ئه‌م خۆپێشاندانه یه‌کێکه له داواکارییه نوێخوازییه‌کان. دروستبوونی سۆڤیه‌تیش ده‌کرێت وه‌کو ئه‌و تووڕه‌ییه که‌ڵه‌که‌بووه‌ی بزووتنەوە نوێخوزهکانی (پترزبۆرگ) لێک بدرێته‌وه، که نوێنه‌رایه‌تیی داواکارییه‌کانی خۆپێشانده‌رانی ده‌کرد و له شه‌وێکی نهێنییدا له دایک بوو.
(بێرمه‌ن) له به‌شه‌کانی دیکه‌ی کتێبه‌که‌یدا به‌راوردێک له‌نێوان شاری (پترزبۆرگ) و (پاریس)دا ده‌کات، به‌وه‌ی شاری پاریس شارێکی شۆرشگێڕانه‌یه، به‌ڵام (پترزبۆرگ) بوو به شاری یه‌ککه‌سی (one – man) . بڕوانه (ل 229) من وه‌ک خۆم ده‌مه‌وێت جیاوازییه‌ک له نێوان ئه‌و دوو شاره‌دا بکه‌م، که له ئه‌نجامی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م کتێبه پێی گه‌یشتووم. (پاریس) مێژووی دروستبوون و گه‌شه‌کردنی ته‌واو پێچه‌وانه‌ی (پترزبۆرگ)ه. (پاریس) ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌زموونی بیناسازییانه‌ی خه‌ڵکه، لانی که‌م پێش شۆڕشی ساڵی 1789، به‌ڵام (پترزبۆرگ) شارێکی داڕێژراوه به نهخشهسازیانهی مۆدێرنه. گه‌شه‌کردنی پاریس چه‌ندین سه‌ده‌ی خایاندووه، هه‌رچی (پترزبۆرگ)ه له چه‌ند ده‌یه‌یه‌کی که‌مدا بووە شارێکی مۆدێرن. له هه‌موویان گرنگتر له‌باره‌ی مۆدێرنهتییهوه ئه‌وه‌یه، له شاری (پاریس)دا مۆدێرنه‌تییه که‌م که‌م گه‌شه‌ی کردووه، تا دواتر هه‌موو لایه‌نێکی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، ئابووری گرتووه‌ته‌وه. واته مۆدێرنه‌تییه له پاریس هێواش هێواش خۆی سه‌پاندووه، به‌ڵام خودی دروستبوونی (پترزبۆرگ) به نه‌خشه‌سازییه‌کی ته‌واوی مۆدێرنه‌تی بوو. له ساڵی 1905 به‌ولاوه (پترزبۆرگ) ده‌بێته شارێکی پیشه‌سازی، به‌ڵام (پاریس) ڕۆحه شۆڕشگێڕانه‌که‌ی خۆی ده‌پارێزێت، وه‌کو له ڕاپه‌ڕینی لاوان و خوێندکارانی ساڵی 1968دا (پاریس) بووه مه‌ڵبه‌ندی شۆڕشێکی پڕ له یاخیبوون به‌رانبه‌ر به ده‌رکه‌وته کوشنده‌کان.
هه‌رچی له‌باره‌ی شاری (نیۆرک)ه، وه‌کو (بێرمه‌ن) ده‌ڵێت: سیاسه‌تی مۆدێرنه‌تی هه‌موو جیهانی ئابڵۆقه داوه. (بڕوانه لاپه‌ره231) که به‌شی کۆتایی کتێبه‌که‌ی بۆ (ره‌نگدانه‌وه‌ی مۆدێرنه‌تی و ئێستای نیۆرک له مۆدێرنهتیهدا) ته‌رخان کردووه، ئاماژه به‌وه ده‌دات، که پێویسته ژینگه کۆنه‌که‌ی (نیۆرک) بپارێزرێت، به تایبه‌ت پاش جه‌نگی دووه‌می جیهانی، که ده‌رکه‌وته‌ی مۆدێرنه‌تییه به شێوه‌یه‌کی زه‌قتر باڵی به‌سه‌ر جیهاندا کێشاوە، به‌ڵام (نیۆرک)یش نه‌یتوانیوه نه‌که‌وێته به‌ر ته‌وژمی مۆدێرنه‌تی. ژنه توێژه‌ری ئه‌مه‌ریکی (جان جاکوبز- Jane Jacobs) له کتێبی (مردن و ژیانی شاره گه‌وره‌کانی ئه‌مه‌ریکا – The Death and Life of Great American Cities) ئاماژه به مردنی شاره‌کانی ئه‌مه‌ریکا له ته‌وژمی مۆدێرنه‌تیدا ده‌دات، به‌وه‌ی خەسڵەت و ڕهسهنیهتیی شه‌قام و شۆسته‌کان ون بووه و تارمایی مۆدێرنه‌تی له خۆیدا حه‌شار داون. به تایبه‌ت به‌شێکی زۆری کتێبه‌که‌ی تهرخا نکردووه بۆ ده‌رکه‌وته‌کانی مۆدێرنه‌تی له شاری (نیۆرک)دا.
مه‌به‌ستی من له باسکردنی شاره‌کان ئه‌وه‌یه، که له‌م کتێبه‌دا چه‌نده‌ها زانیاری و لێکدانه‌وه‌ی فه‌لسه‌فیانه بۆ شار و ڕه‌هه‌نده ئاڵۆزه‌کانی مۆدێرنه‌تی کراوه، که‌چی (رێبین هه‌ردی) زۆر به ساده‌یی ده‌ستبه‌رداری ئه‌م بابه‌ته گرنگه ده‌بێت، که به‌شێکی گه‌وره‌ی ئه‌م کتێبه‌ی پێک هێناوه. ئه‌گه‌رچی قووڵبوونه‌وه‌ی ڕۆشنبیر له کاتی خوێندهنهوهدا زۆر جیاوازتره له هیی خوێنه‌رێکی ئاسایی.
ئه‌وه‌نده‌ی باسی (مارکس)یش ده‌کات، هه‌ر له چوارچێوه‌ی تایتڵی کتێبه‌که ده‌رنه‌چووه. له کاتێکدا (بێرمه‌ن) بۆچوونه‌کانی (مارکس) شی ده‌کاته‌وه و به‌رجه‌سته‌ی جیهانی ئێستای مۆدێرنه‌ته‌ی ده‌کات. (بێرمه‌ن) له به‌شه‌کانی سه‌ره‌تادا زۆرترین جار پشتی به بۆچوونه‌کانی (نیتشه)، (مارکس) و (بۆدلێر) به‌ستووه، به‌وه‌ی ئه‌وان له زه‌مه‌نێکدا ژیاون، که به وردی ئاگاداری ئه‌و گۆڕانکارییه مۆدێرنه‌تییه بووینه، که خه‌ریکه ئابڵۆقه‌ی جیهان ده‌دات. جگه له‌وه‌ی ئاماژه به‌وه ده‌دات، که (نیتشه) و (مارکس) کۆمه‌ڵێک خاڵی هاوبه‌ش له گوزارشتکردنی ژیانی مۆدێرنه‌تی کۆیان ده‌کاته‌وه، چونکه پێیان وابوو هیچ شتێک نییه تۆڕه‌کانی جه‌سته‌ی مۆدێرنیزه‌یشن به یه‌که‌وه گرێ بداته‌وه، چونکه پڕیه‌تی له خاڵی دژ به یه‌ک و ئێمه ده‌هاڕن. (بڕوانه ل 36ی کتێبه‌که‌ی بێرمه‌ن). له‌ژێر ڕۆشنایی بۆچوونه‌کانی (نیتشه) و (مارکس)دا بۆچوونی خۆم ده‌رده‌بڕم و پێم وایه له پاش ئه‌زموونکردنی مۆدێرنه‌تی ئه‌ستمه هه‌ست به بۆشایی و کاریگه‌رییه قووڵه‌کانی بکه‌ین، چونکه چه‌نده مۆدێرنه‌تی بۆ ئێمه مایه‌ی ترسناکییه، هێنده‌ش هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ره. مۆدێرنه‌تی مانای خۆی له بته درۆینه‌کان وه‌رده‌گرێت، که پێمان وایه ژیان به‌بێ مۆدێرنه‌تی هیچ مانایه‌کی نییه، له هه‌مانکاتیشدا ژیان له ناو تۆڕه ئاڵۆزه‌کانی مۆدێرنه‌تی هه‌مان بێمانایی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه ئێمه له‌گه‌ڵ پووچگه‌رایی مۆدێرنه‌تی هه‌ڵده‌که‌ین، چونکه هێزه ڕووکه‌شه‌کانی ئێمه په‌ره پێ ده‌دات، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاگاداری ئه‌وه بین، که مۆدێرنه‌تییه ئێمه‌ی بۆ ئاسمان به‌رز کردووه‌ته‌وه و قاچیشمان له زه‌وه‌ی بووه‌ته‌وه، هێنده هه‌یه ئاگامان له‌وه نییه له ژێره‌وه‌ی خۆماندا چی ده‌گوزه‌رێت و چۆن له بۆشاییدا وه‌ستاوین. مرۆڤی مۆدێرن مرۆڤێکی ڕاکردوو و وه‌ستاوه، چالاک و پاسیڤه، ترسنۆک و ئازاییه، واته له ترسان ئازاییه. (بێرمه‌ن) پێی وایه (مارکس) و (بۆدلێر) له ڕێگه‌ی به‌رهه‌مه‌کانیانه‌وه ڕێگر بووینه له ته‌وژمه ترسناکه‌کانی مۆدێرنه‌تی، هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی ئه‌وان له سه‌ده‌ی نۆزه‌دا به مه‌ترسییان زانییوه، له سه‌ده‌ی بیسته‌م هاتوونه‌ته دی، بۆیه له‌ژێر ڕۆشنایی بۆچوونه‌کانی (مارکس)دا پێی وایه (هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی که ڕه‌قن) له بهرگێکدان، که ده‌هاڕدرێن و ئێمه‌ش داده‌پۆشن. ژن و پیاو به یه‌که‌وه وه‌کو ماکینه‌یه‌ک له ماڵه‌کانیان و له شوێنی کاره‌کانیان، له‌و کارگه و ده‌زگایانه‌دا ته‌نیا و ته‌نیا ده‌چه‌وسێندرێنه‌وه. ئه‌وان له ماڵیشه‌وه ئه‌ندێشه‌یان لای کاره‌کانیانه، واته هه‌موو کات کرێکارن، ئه‌وه فۆرمی ته‌واوی شێوه‌ی ژیانکردنی ئه‌وانه.
(رێبین هه‌ردی) (مارکس) و فه‌یله‌سووفه‌کانی دیکه له دیدی ئه‌وانی دیکه‌وه ده‌یخوێنێته‌وه، نه‌وه‌ک جارێکی دیکه کۆنسێپته‌کان له تێڕامانی خۆیدا دابڕێژێته‌وه.
پاش باسکردنی ئه‌م کتێبه‌ی (بێرمه‌ن)، (رێبین هه‌ردی) هه‌موو خوێندنەوەکانی خۆی بۆ مۆدێرنه‌تییه له‌م چه‌ند سه‌رنجه کورت ده‌کاته‌وه و ده‌ڵێت: (بەشێكی گرنگی زۆرێك لەقەیرانەكانی ئەو وڵاتانەی سەردەمێك پێیان ئەگوترا جیهانی سێهەم، ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو پەیوەندیە قەیراناویەی ئەم وڵاتانە بە مۆدێرنەوە ئەبەستێتەوە. هاتنی مۆدێرنە بۆ ئەم وڵاتانە بەردەوام خۆڵقێنەری قەیرانو كێشەی جۆراوجۆر بووە كە هەر جارەو لەشتێكدا ڕەنگی داوەتەوە. ئێستاشی لەسەر بێت زۆرێك لەم وڵاتانە نازانن بە چ شێواز‌و ڕێگایەك مامەڵە لەگەڵ مۆدێرنەدا بكەن‌و دیاردەو پێشهاتو دەرئەنجامەكانی وەربگرن. زۆرێك لەم وڵاتانە تەنها ڕووە تەكنەلۆژیو تەكنیكیو زانستیەی مۆدێرنەیان بۆ گرنگە، بەڵام تەواو ناكۆك‌و دژایەتی دروستبوونی ئەو عەقڵیەت‌و سایكۆلۆژیایە ئەكەن كە مۆدێرنەی بەرهەمهێناوە. قسەی زۆرێك لەم وڵاتانە ئەوەیە: تەكنیكو تەكنەلۆژیاو زانستمان ئەوێ، بەڵام بە هیچ شێوەیەك ئەو ڕۆحە ئازاد‌و سەربەخۆو ڕەخنەگرانەمان ناوێت كە لەپشت پێشكەوتنی تەكنیكیو زانستی مرۆڤەوە هەیە. تازەبوونەوەی كەرەسەكان، بەبێ تازەبوونەوەی ئینسانەكان. بەبێ ئەوەی كەسیان لەو ڕاستیە درەشاوەیه تێ گەیشتبن كە دوو سەدە لەمەوپێش ماركسی فەیلەسوف بە هەزار شكڵ ڕایگەیاند: هەموو تازەبوونەوەیەك لەكەرەسەكاندا، تازەبوونەوەیەك لەئینسانەكاندا بەدی دێنێت. )
ئه‌و له‌م په‌ره‌گرافه‌دا پێمان ناڵێت وڵاتانی جیهانی سێیه‌م چین و کامانه‌ن؟ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت لە ڕووی گراماتیکەوە وشه‌ی (وڵات) شی بکه‌ینه‌وه، ئه‌وا ده‌بێت بنووسین ناوێکی گشتییه. ڕۆشنبیری ڕاسته‌قینه هه‌میشه له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه، که جه‌سته گشتییه‌کان هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه و پارچه جیاوازه‌کانیان شی بکاته‌وه. له هه‌ر پارچه‌یه‌کیشدا به دوای خەسڵەت و پێهکاته ئاڵۆزهکانیاندا ده‌گه‌ڕێت. هه‌وڵی ڕۆشنبیر بۆ قووڵبوونه‌وه‌یه له هه‌ر یه‌که‌یه‌کی بچووک و په‌راوێزخراودا. مۆدێلی (فوکۆ)یی له ڕۆشنبیرییدا یه‌کێکه لە شێوه ڕه‌سه‌نه‌کانی شیکارکردن، چونکه دنیای (فوکۆ) هه‌وڵدانه بۆ باسکردنی شته پهراوێزرخراوهکان، بۆ ئه‌و شتانه‌ی که پێشتر دەرکیان پێ نه‌کراوه. هه‌ر له باسکردنی شێتییه‌وه بیگره تاکو ده‌گاته مێژوی سێکس و سێکوالهیتی و ده‌زگا مۆدێرنهتییهکان و شیکردنه‌وه‌ی ده‌سته‌ڵات به دیوێکی دیکه‌دا و چه‌ندان شتی دیکه‌ی په‌راوێزخراو. ڕۆشنبیر باسی زۆره‌کان به وردی ده‌کات، نه‌وه‌ک ماهیه‌تی شته زۆره‌کان له وشه‌یه‌کدا که‌م بکاته‌وه.
بۆچی ئه‌و سوودی له‌وه وه‌رنه‌گرتووه، که مۆدێرنه‌تی به ڕیتم و شێوازی جۆراوجۆر خۆی ده‌نوێنێت؟ (رێبین هه‌ردی) ته‌نیا وه‌ک تیۆرێکی ڕووکه‌ش مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ مۆدێرنه‌تی کردووه، واته له چوارچێوه‌ی چه‌ند سه‌رنجێکی تیۆری، بێ ئه‌وه‌ی بیری له‌وه کردبێته‌وه دیارده‌کانی مۆدێرنه‌تی له هه‌موو شوێنیکدا خۆیان ده‌نوێنن. ئه‌و مۆبایله‌ی، که قسه‌ی پێ ده‌که‌ین، مۆدێرنه‌تییه به‌رهه‌می هێناوه. باسه‌که ئه‌وه نییه، که وڵاتان ته‌کنیک و زانستی مۆدێرنهتییهیان ده‌وێت، به‌ڵام ئه‌قڵیه‌ت و سایکۆلۆجیای مۆدێرنهتییهیان ناوێت، به‌ڵکو ده‌بێت ئێمه شیکاری ئه‌وه بکه‌ین، که فۆڕمه جیاوازه هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ره‌کانی مۆدێرنه‌تی کامانه‌ن؟ به‌شێکی زۆر له ڕۆشنبیرانمان وا ده‌زانن دروستکردنی ئامێر و ده‌زگا وه‌به‌رهێنانه‌کان و ته‌کنه‌لۆجیا و.. تاد دیوه ترسناکه‌ی مۆدێرنهتییهن، له کاتێکدا ئه‌مه ته‌واو پێچه‌وانه‌یه، چونکه دروستکردنی ئامێر و که‌ره‌سته پیشه‌سازییه‌کان له مێژوودا بوونەته هۆی پته‌وکردنی پێوه‌ندیی که‌لتوری، بازرگانی، کۆمه‌ڵایه‌تی، نه‌ته‌وه‌یی و ژیانیان جوانتر کردووه، به‌ڵام له‌پاش شۆڕشی پیشه‌سازی و جه‌نگه کاولکارییه‌کان، له‌وه تێده‌گه‌ین، که پیشه‌سازی ترسناک نییه، به‌ڵکو ئایدۆلۆژیا و مه‌به‌ستی وه‌به‌رهێنانی پیشه‌سازی مه‌ترسیدارن. ئامێره‌کان ترسناک نین، به‌ڵکو مه‌به‌ستی به کارهێنانیان ترسناکیان ده‌که‌ن. ئه‌و مه‌به‌سته‌که‌ی (مارکس)ی وه‌ک خۆی به کار نه‌هێناوه. (رێبین هه‌ردی) پێی وایه ئه‌و ئه‌قڵه‌ی له‌پشت ته‌کنیک و ته‌کنه‌لۆجیایه، ڕوحێکی ڕه‌خنه‌گر و ئازادانه‌ی له خۆوه گرتووه، له کاتێکدا مه‌ترسیی هه‌ره گه‌وره له مۆدێرنه‌تییه ئه‌وه‌یه مرۆڤ ناتوانێت تێیدا ئازاد بێت، به‌ڵام (رێبین هه‌ردی) پێمان ده‌ڵێت مۆدێرنه‌تییه واته ئازادی و ڕۆحی ڕه‌خنه‌گر!! ئایا (مارکس) له کوێدا پێی وابووه هه‌موو تازهبوونهوهیهک له کهرستهکاندا تازه‌بوونه‌وه له مرۆڤه‌کان به دی دێنێت؟ (مارکس) پێی وایه مرۆڤه‌کان له مۆدێرنهتییدا بوونه‌ته که‌رسته و به کار ده‌هێندرێن، وه‌ک ئامێر ئیشیان پێ ده‌کرێت و بوون به کرێکار له مۆدێرنه‌تییه‌دا واته بوون به ئامێر. ئه‌گه‌رچی بۆ ڕۆشنبیر ئاگادارنه‌بوون له هزری (مارکس) بۆشاییه‌کی گه‌وره‌یه، به‌ڵام به هه‌ڵه باسکردنی هزرهکانیشی یه‌کێکه نەهامەتییه قورسه‌کان. هه‌رچی (ماکس ڤیبه‌ر)ه، پێی وایه مۆرڤی مۆدێرن له قه‌فه‌زی ئاسنیندایه و توانای ئازادبوونی له‌و کۆتوبه‌نده نییه، به‌ڵام (رێبین هه‌ردی) باسی ئازادیی مۆدێرنهرنهتییهمان بۆ ده‌کات و پێمان ده‌ڵێت ده‌وڵه‌ته‌کانی دیکه له‌و ئازادییه ده‌ترسن، که له هه‌ناوی مۆدێرنه‌تییه‌دا هه‌یه. ئه‌گه‌رچی به درێژایی کتێبه‌که‌ی، (مارشاڵ بێرمه‌ن) جه‌خت له‌و خاڵه ده‌کاته‌وه، که مرۆڤی مۆدێرن له‌نێو زیندانێکی هه‌میشه‌ییدایه. ماڵه‌کان، شه‌قامه‌کان و ترافیک لایته‌کان، شاره‌کان و سیاسه‌تی مۆدێرنه‌تی هه‌موو ده‌رکه‌وته ئاڵۆزه‌کانی مۆدێرنهتیین و مرۆڤ ده‌خه‌نه به‌رده‌م مه‌ترسیی مه‌رگ. (فوکۆ)یش کاتێ ده‌زگا مۆدێرنهتییهکان وه‌کو (نه‌خۆشخانه)، (شێتخانه) و (خوێندگاکان) به سه‌رکوتکه‌ر ده‌بینێت، ئه‌وا دیوێکی هه‌ره نهێنیی مۆدێرنه‌تییه ئاشکرا ده‌کات. بۆ نموونه ئه‌و ڕووداوه‌ی له هاوینی 2011 له وڵاتی (نه‌رویج) ڕووی دا، که گه‌نجێک له ته‌قینه‌وه‌یه‌کدا چه‌ند هاووڵاتییه‌کی کوشت، مه‌به‌ستێکی گه‌وره‌تری هه‌بوو، که پیلانه‌که‌ی سه‌رۆکوه‌زیرانی ئه‌و وڵاته‌یشی ده‌گرته‌وه، به‌ڵام دادگا ڕایگه‌یاند ئه‌و گه‌نجه نه‌خۆشیی ده‌روونی هه‌یه… بۆچی وایان وت؟ چونکه کاره‌ساته ددان به‌وه‌دا بنێن، که ئه‌و وڵاته تاکی له‌و شێوه‌یه‌ی تێدا په‌ره‌وه‌رده ده‌بێت. بۆیه له‌و ڕووداوه‌وه باشتر له مه‌به‌سته‌که‌ی (فوکۆ) ورد ده‌بینه‌وه، چونکه (شێتخانه) وه‌ک ده‌زگایه‌کی مۆدێرنه‌تی فریای وڵاتی )نه‌رویج( که‌وت و ڕووداوه‌که‌ی ساده کرده‌وه و په‌رده‌پۆشی کرد.
(رێبین هه‌ردی) به‌م شێوه‌یه کۆتایی به وتاره‌که‌ی ده‌هێنێت: (قەیرانی ئەم وڵاتانە تەواو نابێت، ئەگەر حومكڕانانی ئەم وڵاتانە لەوە تێ نەگەن، ناتوانن جیهانێكیان هەبێت لەهەموو ئاستە تەكنیكیەكاندا مۆدێرن بێت، بەڵام لەئاستی مرۆڤدا وەك سەدەكانی ناوەڕاست بیر بكاتەوەو بژی. كەرەسەی تازەی بوێت، بەڵام مرۆڤی وەك سەدەكانی ناوەڕاست بێ دەنگو بێ ڕۆحی ڕەخنەگران…)
ئه‌مه دواین ئه‌نجامه، که پێی گه‌یشتووه. ئه‌نجامێک پێمان ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر ئه‌مه ڕۆشنبیریی کوردی به (رێبین هه‌ردی) بناسیینه‌وه، ئه‌وا هیچ کات ژێرخانی کهلتورریمان نه‌بووه. (مه‌حوی)، (نالی)، (گۆران)، (هه‌ردی)، (شێرکۆ بێکه‌س) و چه‌ندانی دیکه شاعیرانی کورد نین. ئه‌و پێمان ده‌ڵێت قه‌یرانه‌کانی ئه‌و وڵاتانه ته‌واو نابن، وه‌ک بڵێی وڵاتێک هه‌بێت قه‌یرانی نه‌بێت! یان وڵاتێک هەبووبێت قەیرانی تەواو بووبێت! ئه‌مه وه‌ک بانگه‌شه‌ی ئایینه‌کان وایه بۆ (به‌هه‌شت)، ئه‌و ڕاسته‌وخۆ به‌و میتۆده کاری کردووه. ئاسته‌کانی مۆدێرنه‌تی چین؟ ئه‌گه‌ر وایه بۆچی باسی کێشه ئاڵۆزه‌کانی پراکتیزه‌کردنی مۆدێرنهتیهیان نه‌کردووه، له‌و کۆمه‌ڵگایانه‌ی ته‌وژمی مۆدێرنه‌تییه نهیگرتووهنهتهوه؟ ئایا شوێنێکی جیهان ماوه ده‌ستی مۆدێرنه‌ته‌ی پێ نه‌گه‌یشتبێت؟ ئایا ده‌رکه‌وته‌کانی مۆدێرنه‌ته ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر هه‌ساره‌ی (مه‌ریخ – Mars)یشدا نه‌بووه؟ ئایا مۆدێرنه‌تییه نه‌گه‌یشتووه‌ته سه‌ر مانگیش؟ (هایدیگه‌ر) هه‌ر زوو وتی: تۆ نه‌ترسای کاتێک وێنه‌یه‌کیان له‌سه‌ر مانگه‌وه ڕه‌وانه‌ی زه‌وی کرد؟ جگه له‌وه‌ی گازانده‌ی ئه‌وه ده‌کات ئه‌و وڵاتانه تێناگه‌ن، ئه‌گه‌رچی تێگه‌یشتن سنوورێکی دیاریکراوی نییه. بۆ تێگه‌یشتنێکی باش له مۆدێرنه‌تییه (رێبین هه‌ردی) ده‌یتوانی به وردی کتێبه‌کانی (د. محه‌مه‌د که‌مال) بخوێنێته‌وه، به تایبه‌ت (هایدیگه‌ر و شۆڕشێکی فه‌لسه‌فی) و (نیتشه و پاش تازه‌گه‌ری)، که تێیدا (محه‌مه‌د که‌مال) کێشه ئاڵۆزه‌کانی مۆدێرنه‌تییه به ڕه‌هه‌نده ئاڵۆزه‌کانیه‌وه شی ده‌کاته‌وه و باسی مێتافیزیکای پووچگه‌رایی ده‌کات، که چۆن (بوون) له‌وێدا (هیچ)ه. یان هه‌ر ده‌یتوانی بۆ به‌شێک له بابه‌ته‌کانی (به‌ختیار عه‌لی) بگه‌ڕێته‌وه له‌باره‌ی گومانکردن له ئه‌قڵ و کێشه‌کانی ترادسیۆن و مۆدێرنه‌تییه. له ئه‌ده‌بی کوردیی‌شدا ترس له مۆدێرنه‌تییه له سایکۆلۆجیایی کاره‌کته‌ره‌کانی (کاروان کاکه‌سوور)دا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی گه‌وره‌ی هه‌بووه. بۆ نموونه (ئامانج)ی کاره‌کته‌ری ڕۆمانی (که‌ناڵی مه‌یموونه چه‌کداره‌کان) هێندە لە شار ترساوە، بە خەیاڵ خۆی دەکاتە (مه‌جۆ)یەکی لادێی دوورەدەست، ته‌نانه‌ت دژی ئه‌وه‌یه ته‌ڵه‌ی مشکیش بکڕێت، چونکه مۆرکی مۆدێرنهتییهی پێوه‌یه. سەیرەکە ئەوەیە مۆدێرنەتی زەفەر بەو خەیاڵەی دەبات و هەرەس بە خەونەکەی دەهێنێت. هەروەها ڕۆمانی (سوارەکان بە قاچاغ بووکیان گواستەوە)یش هەر لە ناونیشانەکەیەوە پێمان دەڵێت، کە شار بۆ مرۆڤ چەند شوێنێکی ترسناکە. (سەنگەر) دەیهێنێتە بەرچاوی شار لەوەیش گەورەتر و دڕندەتر دەبێت، کە بە ڕادەیەک نەنکە باڵندەفرۆشەکەی بە قەفەزێک باڵندەوە لەژێر ئاپەرتامانێکی بەرزدا هێندەی چۆلەکەیەکی لێ ماوەتەوە. هەر لەو ڕۆمانەدا کاتێ (شه‌ماڵی مه‌لا مه‌لاریا) شار جێ ده‌هێڵێت و ڕوو له شاخ ده‌کات، ڕووبه‌رووی تێکشکانێکی گه‌وره‌ی سایکۆلۆجیی ده‌بێته‌وه، ئه‌مه هه‌مان ترسی مرۆڤی مۆێرنهتییهیه له جێهێشتنی شار. یان بۆ تێگه‌یشتن له یه‌کێک له سیما دیاره‌کانی ژیانی مۆدێرنه‌تی، دیاردەی کۆچکردنه له گونده‌کانه‌وه بۆ لادێ، کە هه‌ر له‌و ڕۆمانانه‌ی (کاروان)دا هه‌ره‌سی شۆڕش و گواستنه‌وه‌ی خه‌ڵک له گونده‌کانی (چۆمان) و ده‌وروبه‌ری بۆ هه‌ولێر، وەک بەشێک لە مه‌به‌سته‌کانی به مۆدێرنهتیکردن پێشان دراون، چونکه وه‌ک (مارکس) پێی وایه سه‌رهه‌ڵدانی (ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه) یه‌کێکه له سیما دیاره‌کانی. له ڕۆمانی (غه‌زه‌لنووس و باغه‌کانی خه‌یاڵ)ی (به‌ختیار عه‌لی)یشدا (ماجه‌لانی خه‌یاڵی) وێنه‌ی ئه‌و کاره‌کته‌ره‌یه، که له خه‌یاڵیدا له هه‌موو شاره‌کاندا ژیاوه، به‌بێ ئه‌وه‌ی له رووی فیزیکییەوە شاره‌که‌ی خۆی جێ هێشتبێت. ئه‌مه وێناکردنی خاڵه هاوبه‌شه‌کانی شاری مۆدێرنه‌تییه‌یه، که بێ ئه‌وه‌ی بینیبێتمان، له‌ناویاندا ده‌ژین. به هه‌مان شێوه ناو نه‌هێنانی شاره‌کان له ڕۆمانه‌کانی (به‌ختیار عه‌لی)یشدا دۆزینه‌وه‌ی خاڵی هاوبه‌شی ته‌وژمی سه‌رتاپاگیرییه له شاره‌کاندا، که زۆرجار وێنای دوو سیمای دژ به‌یه‌کی کردووه. ئایا سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست داهێنان و شۆڕشی هزریی به خۆوه نه‌بینیووه، که (رێبین هه‌ردی) ده‌یه‌وێت به قۆناغێکی دوور له پێشکه‌وتنی شارستانیی ببینێت؟ ئایا هه‌ر سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست نه‌بوو، که(رێنسانس)ی به خۆوه بینی؟ ئه‌و وه‌ها بیر ده‌کاته‌وه، که ئه‌گه‌ر ئێمه وه‌کو خۆرئاوا نه‌بین، ئه‌وا بۆ سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست گه‌ڕاوینه‌ته‌وه. {سەیرەکە ئەوەیە (ڕێبین هەردی) خۆی لە واقیعدا هەمیشە پاڵپشتی هێزە کۆنەزەرڤاتیڤەکان بووە}. ئه‌و خۆرئاواویهی (نیتشه)، (مارکس)، (بۆدلێر)، (فرۆید)، (هایدیگه‌ر)، (فوکۆ) و چه‌ندان بیرمه‌ندی دیکه له‌م قۆناغه‌ی مۆدێرنه‌تییه‌دا به شوێنی ئاوابوونی مرۆڤی ده‌بینن. ئه‌ی سه‌رتاپای کتێبه‌که‌ی (بێرمه‌ن) ئه‌وه‌مان پێ ناڵێت؟ ئایا ڕۆشنهگهری (Enlightment) به‌رده‌وام قاچێکی له سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستدا نییه؟ ئایا ده‌کرێت به فه‌یله‌سووفێکی وه‌کو (سیپۆنیزا) بڵێن مرۆڤێکی بێده‌نگ و بێ‌ڕۆح و گیانی ڕه‌خنه‌گریی تێدا نەبووه؟ ئایا ده‌کرێت وا به (گالیلۆ) و (داڤنشی) بڵێین؟ ئایا هونه‌ر له سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕستدا گه‌شه‌کردنێکی بێوێنه‌ی به خۆوه نەبینی؟ ئه‌و مۆدێرنهتییهی ئه‌و باسی ده‌کات له سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست و ڕابردوو هه‌ڵنه‌قووڵاوه؟ بۆ نموونه فه‌یله‌سووفێکی وه‌کو (هایدیگه‌ر) بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ مانا ئاڵۆزه‌کانی ته‌کنه‌لۆجیا، په‌نا ده‌باته به‌ر فه‌لسه‌فه‌ی یۆنانیی کۆن، که چه‌ند سه‌ده‌یه‌ک پێش زاین وشه‌ی (ته‌کنه)یان به کار هێناوه.
(رێبین هه‌ردی) ده‌ڵێت قه‌یرانی ئه‌و وڵاتانه! ئه‌مه‌ش خۆ دوور خستنه‌وه‌یه له ڕه‌هه‌نده ئاڵۆزه‌کانی بابه‌ت. ئه‌و له سه‌رزه‌مینێکدا ده‌ژیێت پێی ده‌ڵێن (خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست)، کوردستانیش وه‌ک به‌شێکی گرنگ گیرۆده‌ی زۆربه‌ی ئه‌و قه‌یرانه کهلتوریانهیه، که له خۆرهه‌ڵاتدا ڕوو ده‌ده‌ن. کێشه‌ی بازدان له ترادیسیۆنه‌وه بۆ مۆدێرنه‌تییه ده‌یان ڕێگه‌ی جیاوازی پێویسته، واته خۆرهه‌ڵات وه‌ک جه‌سته‌یه‌ک چه‌ندین ڕێگه‌ی جیاوازی له به‌رده‌مه، به‌ڵام کێشه ئه‌وه‌یه ده‌بێت له یه‌ککاتدا له هه‌موو ڕێگاکاندا ئاماده‌یی هه‌بێت. ڕێگا دوور و جیاوازه‌کان، ڕێگا تاریک و ڕووناکه‌کان. له هه‌ناوی مۆدێرنه‌تییه‌دا هه‌موو شته‌کان دژ به یه‌کن. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ خۆرئاوا پێی گه‌یشتووه زۆر جیاوازه تاکو خۆرهه‌ڵات پێی ده‌گات، چونکه خۆرئاوا سات له دوای سات له قووڵایی قه‌یرانه‌کانی ئه‌زموونکردنی مۆدێرنه‌تییه ڕۆ دەچێت، بەڵام خۆرهەڵات بە ئێستاشەوە لە شەڕێکی ترادسیۆنی گەورە دایە، کە بەشێکی پشتبەستووە بە دنیای مۆدێرن و بەشێکی دیکەشی هەناوی راستەقینەی خۆیەتی، کە نوقمی ئایدۆلۆجیای ترادسیۆنییە. مۆدێرنه‌تی له جلوبه‌رگ و خانووبه‌ره و شه‌قامه‌کان و ته‌نانه‌ت تێکه‌ڵ به ههناسهکانیشمان بووه، به‌ڵام شوێنێک هه‌یه، که تێیدا ده‌توانین خۆمان له سیاسه‌تی مۆدێرنه‌تی بپارێزین، ئه‌ویش بوون و پێوه‌ندییه ڕۆحانییه‌کانه، که ئه‌مڕۆ که‌م تا زۆر له خۆرئاوادا ئه‌م گیانه مردووه. کامانه‌ن ئه‌و ئامێرانه‌ی له خۆرئاوا هه‌ن و له خۆرهه‌ڵات نین؟ که‌واته بۆچوونه‌که‌ی (رێبین هه‌ردی) لێره‌وه هه‌ره‌س ده‌هێنیت. ترسی گه‌وره له ئه‌قڵیه‌تی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی مۆدێرنه‌تییه نییه، به‌ڵکو ترسه‌که له بوون به شمهکدایه. ترسی گه‌وره ئه‌وه‌یه ئۆتومبێلێک له ژیانی مرۆڤه‌کان به نرختر بێت.
خۆرهه‌ڵات له به‌رده‌م چه‌ندین کێشه‌دایه، له‌وانه که‌لتور، ترادیسۆن، قۆرخکردنی ئابووری له لایه‌ن وڵاته زلهێزه‌کان وه‌کو ئه‌مه‌ریکا، ئایین، په‌روه‌رده و هۆشیاریی کۆمه‌ڵایه‌تی و … تاد له سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه من نه‌بوونی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی به یه‌کێک له کێشه‌کان ده‌بینم، چونکه له هه‌ر شوێنێکدا کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی بوونی نه‌بوو، ئێمه ڕووبه‌ڕووی کێشه‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی، دین، ئابووری و ڕامیاری ده‌بینه‌وه. له کوردستاندا به تایبه‌تی دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عس کرانه‌وه‌یه‌کی خێرا به ڕووی ده‌رکه‌وته جیاوازه‌کانی مۆدێرنهتییهکاندا سه‌ری هه‌ڵدا. ئه‌م کرانه‌وه‌یه له شێوازی ژیانکردن و مامەڵه و پێوه‌ندییه کۆمهڵایهتییهکانشدا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه. دروستکردنی باڵه‌خانه‌ی ڕوو له هه‌وا (skyscrapers)، هه‌وڵدانن بۆ تێکه‌ڵبوون به شێوه ژیانکردنه نمایشییهکی مۆدێرنه‌تی، که له‌ته‌نیشت ئه‌و باڵه‌خانانه هه‌ژاری ژیانی خه‌ڵکی داگیر کردووه، ئه‌مه‌ش دیوه دژ به یه‌که‌که‌یه. بوونی باڵەخانە و نەبوونی شاری زیندوو. به شێوه‌یه‌کی گشتی مۆدێرنه‌تی تێکه‌ڵی هه‌موو شتێک ده‌بێت، به تایبه‌ت گرنگیی خۆی له نمایشکردندا ده‌بینێته‌وه.
له ئه‌نجامدا بۆ نووسین له‌باره‌ی هه‌ر بابهتێکەوە، پێویستیمان به زمانێکی جیاوازتر هه‌یه. له جیاتی زمانی حه‌شامه‌ت و بازاڕی، خۆمان سه‌رقاڵی بیرکردنه‌وه، خوێندنه‌وه و تێڕامان بکه‌ین، که ئه‌م ئێڵەمێنتانە له نووسینی ڕۆشنبیره ڕووکه‌شه‌کاندا بوونیان نییه. ئه‌وان نووسین بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی که‌سانێک و لایه‌نێکی دیاریکراو به کار ده‌هێنن. له سه‌ده‌کانی پێش زاینییدا ئه‌م مۆدێله له لای سۆمه‌رییه‌کاندا باو بوو، که هونه‌رمه‌نده موزیکژه‌نه‌کان بۆ خۆشبه‌ختیی پادشا موزیکیان ده‌ژه‌نی. نیگارکێشه‌کان بۆ ئاسووده‌ییی چاوه‌کانیان وێنه‌ی پادشایان ده‌کێشا. ئه‌و پادشایه‌ی که ڕووت بوو، هه‌زاران سوێندیان ده‌خوارد گوایه جوانترین جلی له به‌ردایه. ئه‌مڕۆش ئه‌و شتانه‌ی، که ڕووتن ڕۆشنبیرانی ڕووکه‌ش پێمان ده‌ڵێن له جوانترین به‌رگدا پۆشراون. به تایبه‌ت له‌م دوو ساڵه‌ی ڕابردوودا ڕۆشنبیران هه‌وڵی خۆ جێگیرکردن ده‌ده‌ن، چونکه نووسینی بێ بیرکردنه‌وه وزه‌یه‌کی زۆری ناوێت، هێنده هه‌یه قسه‌کانی بازاڕ بگوازه‌وه بۆ سه‌ر ڕووپه‌ڕی ڕۆژنامه‌کان، ئه‌و قسانه‌ی خاڵین له تێڕامانی نوێ و هزرییانه.
(فاروق ڕه‌فیق)یش به هه‌مان شێوه‌ی (رێبین هه‌ردی) له به‌رگی یه‌که‌می کتێبی (غه‌مه چڤاتیهکان) له بابه‌تی (پۆست مۆدێرنیزم)دا وا ڕووکه‌شییانه باسی مۆدێرنهتییهمان بۆ ده‌کات. له سه‌ره بابه‌تێکدا ده‌ڵێت: (مۆدێرنه‌تی چییه، یاخود چی‌بوو؟)، ئه‌مه ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت، که بیری چووه ئێستاش له‌نێو مۆدێرنهتیدایه، به‌ڵام بێئاگایی و هه‌ژاریی ڕۆشنبیری ئه‌وه‌یان بیر بردۆته‌وه. له پهرهگرافێکیشدا ئاماژه به‌وه ده‌دات ئه‌و له ئه‌شکه‌وته‌که‌ی (ئه‌فلاتون) هاتۆته ده‌ره‌وه و ده‌یه‌وێت به زمانێکی فه‌لسه‌فییانه باسی دنیامان بۆ بکات و نازانێت له کوێوه ده‌ست پێ بکات! به‌ڵام وه‌ک خۆم له ئه‌نجامدا به‌وه گه‌یشتم، که ئه‌و هه‌ر له‌نێو ئه‌شکه‌وته‌که‌ی (ئه‌فلاتون)ه و بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌کات، که سێبه‌ره‌کان شته ڕاسته‌قینه‌کانن و چێژێکی بێوێنه له‌و بێئاگاییه وه‌رده‌گرێت.
هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گۆتاری خۆ به ڕۆشنبیرزانینی ئه‌و ڕۆشنبیرانە کارێکی ئاسان نییه، چونکه چه‌ندین ساڵه هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌ژێر گۆتاری ڕۆشنبیرییدا حه‌شامه‌ت له بێئاگاییدا نقووم بکه‌ن. جارێک بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌که‌ن، گوایه ده‌نگی ڕاسته‌قینه‌ی هزرن. جارێکی دیکه‌ش پێمان ده‌ڵین ئێمه تاکه ده‌نگی ئه‌ڵته‌رناتیڤی ڕاسته‌قینه‌ین بۆ چاره‌سه‌ر کردن. ئه‌م مۆدێله به ناو ڕۆشنبیرییه‌ی ئه‌مڕۆ له کوردستاندا بووه‌ته باو و بە هەمان شێوەی حیزب پشتی بە هێزی خەڵک بەستووە.
سه‌رچاوه‌کان:
* ئه‌م چاپه‌ی کتێبه‌که‌ی (مارشاڵ بێرمه‌ن)م به کار هێناوه:
– Marshall Berman/ All That Is Solid Melts Into Air: The Experience of Modernity/ first pubulished by Simon and schuster/ 1982
مارشاڵ بێرمه‌ن. له ساڵی 1940 له نیۆرک له‌دایک بووه، پرۆفیسۆره له زانستی سیاسی له زانکۆی شاری نیۆرک. ئەم بەرهەمانەیشی هەیە:
The Politics of Authenticity: Radical Individualism and the Emergence of Modern Society (1970)
Adventures in Marxism (1999)
On the Town: One Hundred Years of Spectacle in Times Square (2006)
– New York Calling: From Blackout to Bloomberg (2007), edited by Marshall Berman and Brian Berger.
– modernity and “culture”.
* بۆ خوێندنه‌وه‌ی کتێبه‌که‌ی (لی کۆربوزهر – le corbusier) بڕاونه ئه‌م سه‌رچاوه‌یه:
– Le Corbusier/ The city of tomorrow and its planning/ the first edition pubulished in 1987
* بۆ خوێندنه‌وه‌ی کتێبه‌که‌ی (جاک جاکوبز) بڕوانه ئه‌م سه‌رچاوه‌یه:
– Jane Jacobs- The Death and Life of Great American Cities/ Vintage Books, 1989. 458 pages.
* هه‌روه‌ها بڕوانه ئه‌م گفتوگۆیه‌ی له‌گه‌ڵ (هایدیگه‌ر):
– (بروانه: گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هایدیگه‌ردا: چاوپێکه‌وتنی مارتین هایدیگه‌ر له گۆڤاری (دێرشپیگل)ی ئه‌ڵمانی له 23ی ئه‌یلوولی 1966 سازدراوه. وه‌رگێڕانی: د. محه‌مه‌د که‌مال).
* ڕۆمانی ( ده‌ستنووسه ژێر زه‌مینییه‌کان)ی دۆستۆیڤسکی ئه‌م سه‌رچاوه‌یه‌یه:
– Dostoevsky/ Notes fron underground/ translated by Ralph Matlaw 1960
* سودم له‌م سه‌رچاوه‌یه‌ی کتێبی (ویستی هیز)ی (نیتشه) وه‌رگرتووه:
– Friedrich Wilhelm Nietzsche/ The will to power/ translated by Walter Kaufmann / Vintage Books, 19
یەکێکە لە بابەتە فیکرییەکانی کتێبی (گوزارشتی خود)، کە راستەوخۆ دوای بابەتەکەی بەڕێز (رێبین هەردی) نووسراوە.