سه‌باره‌ت به شیعری ڕه‌زا كازمی
(1)
گوڵجاڕێكی دیكه‌ی شیعر
((نه با دێت نه شه‌ماڵ/ نه ده‌رگا كراوه‌ته‌وه، نه په‌نجه‌ره/ به‌ڵام په‌رده‌كان ده‌جوڵێن/ چوارچێوه‌ی وێنه‌كان بریقه ده‌ده‌نه‌وه و/ بۆنێكی خۆشیش بڵاو بووه‌ته‌وه/ نا، خه‌یاڵات نییه/ به دڵنیاییه‌وه تۆ له جێگایه‌كی دوور لێره/خه‌ریكی سندوقی بچوكی بیره‌وه‌رییه‌كان پاك ده‌كه‌یته‌وه))، ئه‌مه یه‌كێك له شیعره‌كانی ڕه‌زا كازمی شاعیری ئێرانه كه من ده‌مه‌وێت له‌م گۆشه‌یه‌دا به كورتی چه‌ند سه‌رنجێكی له‌باره‌وه ده‌ر ببڕم. له شیعری ڕه‌زا كازمییدا دوو خاڵ زۆر به زوویی سه‌رنجی خوێنه‌ر ڕاده‌كێشن، یه‌كه‌م: ئه‌و به پله‌یه‌كی باڵا شاعیری ناو بیرهوهرییهكانه. دووه‌م: له كۆكردنه‌وه‌ی ساده‌یی و قوڵاییدا پێكه‌وه، خاوه‌نی توانایه‌كی تایبه‌ته. له‌و شاعیرانه‌یه كه دوای خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه‌كانی هه‌ست ده‌كه‌یت كه‌سێك هاتۆته ناو ماڵی خه‌ون و خهیاڵهكانتهوه و به هێمنی ده‌ستكاری ماڵه‌كه‌ی كردوویت، شوێنی هه‌ندێ وێنه و كتێب و هه‌ندێ گوڵ و گوڵدان و فه‌رش و مێز و شتی دیكه‌ی گۆڕیووه و ده‌ستكاری هه‌ندێ ڕه‌نگی ناو ماڵه‌كه‌ی كردوویت و گوڵاوێكی به‌سه‌ر شته‌كاندا ڕشتووه كه تۆ پێشتر یان ئه‌و گوڵاوهت نه‌ناسیووه، یان وه‌ك پێویست نه‌تتوانیووه بۆنه‌كه‌ی هه‌ڵمژیت. ده‌نگی مۆسیقایه‌كی خه‌مناك ده‌بیستی كه پێشتر به‌و جۆره نه‌تبیستوه، مۆسیقایه‌ك زیاتر لهلاواندنهوهی مه‌رگی خۆشه‌ویستێك ده‌چێت كه باخه‌وانی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و گوڵجاڕی شیعره بووه وا خه‌ڵك ڕه‌زا كازمی به باخه‌وانی ده‌زانن. هه‌ڵبه‌ت ده‌بێت ئه‌وه بڵێم كه من فارسی نازانم، ڕه‌زا كازمی له ڕێی وه‌رگێڕانه‌كانی مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌وه ده‌ناسم، بۆیه له دڵه‌وه سوپاسی ئه‌م وه‌رگێڕه ئازیزه ده‌كه‌م كه به سهخاوهتێكی زۆره‌وه ده‌ستمان ده‌گرێت و ده‌مانباته ناو گوڵجاڕه جوانه‌كانی شیعری فارسییه‌وه، ئه‌گه‌ر مه‌ریوان نه‌بوایه خوا ده‌یزانێ من و زۆر كه‌سی دیكه‌ی وه‌ك من كه‌ی ئه‌م شاعیره‌مان ده‌ناسی؟ مه‌ریوان جگه له‌وه‌ی شیعر ده‌ناسێت و جوانیان هه‌ڵده‌بژێرێ جوانیشیان ده‌كات به كوردی، به گه‌رمی ده‌ستی ماندووبوونی ئه‌م وه‌رگێڕه ئازیزه ده‌گوشم و چاوه‌كانی ماچ ده‌كه‌م و هیوای به‌رده‌وامی بۆ ده‌خوازم. ئه‌مه‌ش نمونه‌یه‌كی دیكه له شیعری ڕه‌زا كازمی به وه‌رگێڕانی مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی، ((چه‌ندین ساڵه ڕۆشتوویت و من/ هێشتا ده‌له‌رزم/ ڕێك وه‌ك لقی دارێك كه چه‌ند ساتێك پێشتر/ باڵنده‌كه‌ی له‌سه‌ر فڕی بێت)).
(2)
چیرۆكی ژنێك
حیكایه‌ت، یان گێڕانه‌وه له ژیانی مرۆڤدا یه‌كێك له دیارترین و چیژبهخشترین دیارده‌كانه، زۆر جار تام و چێژی ئه‌و شتانه‌ی له ژیانماندا ڕوو ده‌ده‌ن چه‌ند له خۆیاندان، دوو ئه‌وه‌نده یان زیاتر له گێڕانهوهیاندان، به تایبه‌ت گێڕانه‌وه‌یان بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه زۆرمان خۆش ده‌وێن. ڕاسته شیعر چیرۆك نییه، به‌ڵام زۆرینه‌ی شیعره‌كانی دنیا له قوڵایی خۆیاندا چیرۆكێك یان زیاتریان حه‌شار داوه. شیعر به شێوازی خۆی چیرۆك ده‌گێڕێته‌وه. له شیعره‌كانی ڕه‌زا كازمییدا، چیرۆكی مردنی ژنێك كه پێده‌چێت شاژنی ناو خه‌ونه‌كانی شاعیر بووبێت، به پرش و بڵاوی ده‌بینرێت. له پرش و بڵاوی مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه له‌م شیعردا به‌شێك و له‌و شیعردا به‌شێكی دی له‌و چیرۆكه هه‌یه. ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌شانه وه‌ك پارچه‌كانی وێنه‌یه‌كی دڕا‌و ته‌ماشا بكه‌ین و به وردی پێكیانه‌وه بلكێنینهوه، ده‌توانین تا ڕاده‌یه‌ك له وێنه‌كه، حاڵی بین. ده‌شێت ئه‌و ژنه به ڕاستی بوونی هه‌بووبێت، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ش ده‌شێت دروستكراوێكی شیعریی بێت، ئه‌وه‌ی ئێمه له باره‌یه‌وه ده‌دوێین ئه‌وه‌یه ژنێك له ناو ئه‌و شیعرانه‌دا په‌یدا ده‌بێت و ده‌ڕوات و كۆمه‌ڵێك بیره‌وه‌ری له دوای خۆی جێدێڵێت. ئه‌و چیرۆكه به كه‌سێك هه‌بوو كه‌سێك نه‌بوو ده‌ست پێده‌كات، به كه‌سێك مایه‌وه و كه‌سێك نه‌مایه‌وه كۆتایی پێدێت. به داخه‌وه ئه‌و ژنه ده‌مرێت، ئه‌و ژنه ده‌كه‌وێته ژێر هه‌موو داروپهردووهكانی دنیاوه، شاعیر بۆ ئه‌و و به دوای ئه‌ودا به‌سه‌ر هه‌موو گۆڕه بێناوهكانی دنیادا ده‌گری، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕاستییه‌شدا، ناتوانێت ده‌ستبه‌رداری خه‌ونی گه‌ڕانه‌وه‌ی بێت: ((ئیدی ناگه‌ڕێته‌وه،/ ئه‌مه وه‌ك ڕۆژ ڕوونه./ به‌ڵام،/ به‌ڵام دایه دڵی خه‌به‌ری داوه دێت و/ منیش باوه‌ڕ ده‌كه‌م)).. شاعیر بۆ مه‌راسیمی به خاكسپاردنهكهشی ناچێت، چونكه دڵی بڕوا نادات مردبێت. ده‌ترسێت بڕوا به مردنی ئه‌و ژنه بهێنێت، چونكه به‌بێ ئه‌و زه‌وی هیچ بایه‌خێكی بۆ ئه‌م نامێنێ: ((چ جیاوازییه‌كی هه‌یه زه‌وی/ خڕ بێت یان لاكێشه/ كاتێك تۆ/ له هیچ كوێدا نیت؟!)). دواجار ئه‌وه‌ی بۆی ده‌مێنێته‌وه باوهشكردنیهتی به بیره‌وه‌رییه‌كاندا، ئه‌وه‌تا كاتێك به‌فر ده‌بارێت خه‌ڵك دڵخۆش ده‌بن، ئه‌م غه‌مگین ده‌بێت، چونكه به‌فر شوێن پێكانی ده‌سڕێته‌وه. هه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌شه‌وه بوو كه له گۆشه‌ی پێشوودا وتم ڕه‌زا كازمی شاعیری بیرهوهرییهكانه.