Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
ڕەوشى خۆشــەویستى و هاوسەرگیری لەكوردستاندا

ڕەوشى خۆشــەویستى و هاوسەرگیری لەكوردستاندا

Closed
by May 8, 2008 گشتی

 حەمەی ئەحمەد رەسوڵ…..
   
   لاى ئێمەى كورد خۆشبەختانە باهۆزى جیهانگیرى و عەولەمە كەوتۆتە گەڕ و هەندێك گۆڕانكاری شەرمن هاتوونەتە پێش ، هەروەها لەم بوارەوە لە هەوڵداین لە جیاتى فیشەك و گووللە, گوڵى سوور پێشكەش یەكتر بكەین…… لە جیاتى جنێو و توانج, نامە و مەسیجى رازاوە بۆیەك ئەنێرین, كردنەوەى باخچە گەورەكانى شاریش لێرە و لەوىَ  مژدەى دەركەوتنى مانگەشەوى خۆشن و دێن…. بەڵام ئەفسوس ئاكار و نەریت و بیركردنەوەى كۆمەڵایەتى ئێمە رێگرن لە بەردەم  ئازادیى پەیوەندى خۆشەویستیدا, لە مێژە كۆمەڵگەى كوردى مەشخەڵى دژ بە عەشق و خۆشەویستى بەرزكردووەتەوە, هەر لە ئەزەلەوە, هەرزەكارێكى نێو خێزانى كورد وشەى ئەوین و خۆشەویستى لێ حەرامكراوە, چەمكى حەزلێكردن و پەیوەندى سەدان ماڵى كردووەتە دۆزەخ و هەزاران ئاشق سەرى لە بەردى ئەلحەد دراوە,  مەخابن لە مێژە پەیوەندى نێوان كوڕ و كچ وەكو پەیوەندى نێوان فریشتە و شەیتان تەماشاكراوە و وەكو كفرێكى چاو زەق حسێبى بۆكراوە…
     خۆشەویستى كە خۆى لە خۆیدا رەمەك و غەریزەیەكى گرنگى مرۆڤە, بۆتە یاساغ و قەدەغە, بەردێك بەڵكو تاشەبەردێكى خراوەتەسەر و لە نێو قاسەى پڕ نهێنى دەروون  و خەیاڵدا هەڵگیراوە, ئیدى هێواش هێواش دەستاڕى چەپاندن و كەپتكردن خولیا و خەون و ئارەزووەكان تێك ئەشكێنىَ و تێڕوانین و بیركردنەوە و دواجار پەوەندى پراكتیكى نێوان هەردوو رەگەزى نێر و مىَ چەواشە و هەڵە ئامێز دەخەمڵێنىَ…!
   سەرەنجام بوونەوەرێكى كوردى لێ خەلق دەكەین كە پێى دەڵێن گەنج, كە نیوا و نیوى و بگرە زیاتریشى پڕە لە نهێنى و لە تاریكى و لە كۆڵانى بنبەست, لە پەرچەكردار و رەنگدانەوەى ئەو فشارە دەروونییەدا, رق جێگەى خۆشەویستى ئەگرێتەوە و ترس  و دڵەڕاوكىَ  لە جێى متمانە و باوەڕبەخۆكردن و بەختەوەرى دادەنرێت….!
     ئەم جێگۆڕكىَ نالۆژیكى و ناماقوڵەى كەلتوورێكى نەریتخوازى كۆن سەپاندوویەتى و لە مێشكى هەریەكەماندا رەگى داكوتیوە, یەكێكە لە هۆكارە گرنگەكانى لە دەستدانى ئازادیى و ویست و ئیرادەمان…. كەواتە قۆرخكردن و زنجیركردنە ملى عەشق  و خۆشەویستى قۆرخكردنى هەناسەى ئیرادە و ئازادیمان وەكو مرۆڤێك, كە بێگومان لە ژیانى واقیعیماندا بە ئاسانى هەستى پێدەكەین!
       شایەنى وتنە, لەمبارەیەوە یەكەمین وانە كە لە خێزانمانەوە فێری ئەبین, راستگۆى نەگووتنمانە و شاردنەوەى پەیوەندى خۆشەویستیمانە, چونكە خۆشەویستى شاردراوەتەوە, وەك حەرام و تابوو تەماشاى دەكرێت, بۆیە ناچارین درۆزن و ترسنۆك بین, خۆمان ملكەچ دەكەین بەرامبەر بە چاندن و كەپتكردنى وشەى خۆشەویستى, ئەم قووڕە سوورەش لەوەدا خەستتر ئەبێتەوە كە ئاریشە و گرفتى كۆمەڵایەتى و دروونى  لە پێكهاتەو  وردەكارییەكانى  ناو كیمیایى كەسایەتیماندا چەكەرە پێدەكات,  زۆر خێرا و نێگەتیڤانە تەشەنە دەكات, گرىَ لە دواى گرىَ  و هەتا دەگاتە گرێكوێرەى دەروونیشى لە نێو كوورەى ناخماندا دروست دەبن,  كە ئەمەش دەبێت فاكتەرى لە دەستدانى هێمنى و ژیریمان كە لەگەڵ هەست و سۆزدا هاوكێشەى خۆشەویستى تەواودەكەن……!
    بەڵام سەبارەت بە قەیرانى خۆشەویستى و پەیوەندى نێر مىَ لە ئەمڕۆدا, خەسڵەت و سیماى تایبەتى هەیە و بە لێكدانەوە و راڤەى كۆمەڵناسییانە دەتوانین هۆكارەكان دەستنیشان بكەین… بە تایبەت دیاردەى كاڵبوونەوەى خۆشەویستى پاش پرۆسەى هاوسەرگیرى كە بە رێژەیەكى بەرچاو لە بەرزبوونەوەدایە, لەوەدایە كە پرۆسەى هاوسەرگیرى بە حەز دەستپێدەكات  (نەك خۆشەویستى) و لە سێكسدا تەواو دەبێت و دەكوژێتەوە…
         هەروەها بە پێى ئاكار و دابونەریتى كەلتوور و بیركردنەوەمان, ئێمەى پیاو دان بە ئەوى ژندا نانێین و حیسابى بوونەوەرێكى مرۆیى بۆ ناكەین, ئێمە ئەوەندەى ستەمكارى پیادە دەكەین, ئەوەندە یەكتر تەواو ناكەین …. قەیرانى خۆشەویستیمان لەوەدایە كە هەمیشە تاى تەرازووەكە لاسەنگە, نێر و مێى كورد دوو لایەنى هاوبەش نین, كە مرۆڤایەتیبوونى یەكتر قبوڵ بكەن, ئەم هۆكارە نابەجێیە وادەكات كچ و كوڕ یان ژن و مێرد هەمیشە لە شەڕ و جەنگ و جەدەلێكى بەردەوامدا بن و هەمیشەش كچ یان ژن دۆڕاون!
     كۆمەڵگەى كوردى رێگرە لەبەردەم دروستبوونى تاكدا وەكو بوونەوەرێكى سەربەخۆ, چ جاى تاك بتوانێت مومارەسەى خواست و ویستى خۆیبكات ! تاكى كورد لێوانلێوە لە ئیشكالیەتى هزرى و كۆمەلایەتى و گرێ و زەبرى دەروونى و كەپتى سێكسى, ئەو چەپاندنەش وەكو دیسپلین و میكانیزمێك  ئامادەیە و هۆكارێكە  بۆ لاوازبوونى خۆشەویستى, گەنجى گورد خەیاڵى و رۆمانسیانە تەماشاى پەیوەندى خۆشەویستى دەكات و لە عەقڵ و راڤەكارى دوورە, كاتێك دەگاتە ژیانى واقعى  و دژوارى هاوسەرگیرى لە كورستاندا, ئیتر خەونەكان نایاتەدى, دڵى سارد دەبێتەوە و شەڕ دەفرۆشىَ  و هێلانەكەى خاپوور دەكات !
    خاڵێكى دیكەى قەیرانەكە لەوەدایە كە نێرسالارى لە نێو هەموو كایەكانى ژیانماندا وایكردووە, رەگەزەكەى دیكە نەبینرێت, تەنها وەكو شتێكى غەریزى دەرئەكەوێت, لاى ئێمە ژیانى هاوسەرگیرى  بۆ حاڵەتى بەرهەمهێنانى مناڵ كورت كراوەتەوە, ژن  وەكو مرۆڤێك پەراوێزكراوە, ئەى ئەگەر وانییە, ئەو رێژە بەرزە چییە لە خۆسووتان !
     دیاردەیەكى دیكە كە ئەمڕۆ برەوى هەیە پێوەرى دەوڵەمەندى و پارە پەرستییە و گۆڕینەوەى خۆشەویستى و هەست و سۆزى مرۆڤایەتییە بە پارە…. هەروەها دیاردە رووخسار و جوانى بووەتە پێوەرێكى هەڵە لە نێو گەنجانى كوردا خۆى سەپاندووە و بووتە كۆڵەكەى یەكەمى ئەوین,  كە هێندە نابات كەسێكى جواتر دەتوانێت پەیوەندى خۆشەویستى هەردوولا نغرۆبكات !
   ئێریك فرۆم وتوویە: ( تەنها ئەوكاتە خۆشەویستى راستەقینە ئیمكانى هەیە, كە دووكەس لە كانگاى بوونى خۆیانەوە لەگەڵ یەكتردا گفتوگۆ بكەن ) لە كۆتاییدا, منیش دەڵێم لە جێى رق با خۆشەویستى بكەین, بە پەیامى ژیانمان, جیاوازى رەگەزى نێر و مىَ قبوڵ بكەین, لەبەرخاترى خۆشەویستى,  چاوپۆشى و لێبووردن و تەنازوول لە زۆر شتى نابەرامبەر و ناكۆكى  نێوان  خۆماندا بكەین….. رێز لە یەكترى بگرن وەكو مرۆڤ…. با ئێمەى نێر و پیاوسالار نیكرانى زاتى خۆمان بكەین و پەیوەندى خۆشەویستیمان بۆ رەگەزى مىَ پێ رەوا و رێپێدراو بێت….!
    با وشەى خۆشەویستى خەتەر و بڤە نەبێت, بە ترس و لەرزەوە یان بە شەرمەوە باسى لێبكەین! بیرمان نەچێت, ساڵانە لەم نیشتمانە هەناسەساردەدا, بە سەدان و هەزاران ژن  بە بڕیارى پیاوى بەتاڵ  لە خۆشەویستى تەلاق دەدرێن…..لەوەش جەرگبڕتر ئەوەیە ساڵانە سەدان لە كچ و لە ژن دەبنە هاوڕێى ئاگر و باوەش بە مەرگ و سووتاندادەكەن, بەوەش بووینەتە تاقە  میللەت لە جیهاندا….!
 
      تێبینى: سوود لە وتارى (خوێندنەوەیەك بۆ كتێبى – لە پەیوەندیەوە بۆ خۆشەویستى) ئاوات محمد  وەرگیراوە.
   
 
 توێژەرى كۆمەڵایەتى: حەمەی ئەحمەد رەسوڵ
 
hemea.rasoel961@yahoo.com
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.