Skip to Content

509 Views

‘لۆجیکی هیگڵ’ بە کوردی … هەرێم عوسمان

‘لۆجیکی هیگڵ’ بە کوردی … هەرێم عوسمان

Be First!
by April 20, 2017 Books, General
image_print

کتێبی ‘لۆجیکی هیگڵ’، لە نووسینی (د.محەمەد کەمال)، یەکێکە لەو بەرهەمە فەلسەفییە گرنگانەی بە زمانی کوردی لەبارەی لۆجیک و لۆجیکی هیگڵ نووسراوە.
لەم بەرهەمەدا خوێنەر بە وردەکارییەکانی لۆجیک بەگشتی و دیالێکتیکی لۆجیکی هیگڵ ئاشنا دەبێت. لێرەشەوە ئاشنای بابەت و بیرکردنەوەی لۆجیکی و هەڵە لۆجیکییەکان دەبین. ئەرستۆ وەک یەکەم فەیلەسوف، کە لەبارەی لۆجیک و بابەتەکانی لۆجیکی نووسیوە، پێیوایە لۆجیک زانستی بەڵگەهێنانەوەیە. بەڵگەهێنانەوەش لەنێو بیرکردنەوەدایە، بەڵام هەموو بیرکردنەوەیەک بەڵگەهێنانەوە نییە. لەبەرئەوە لۆجیک فێری بیرکردنەوەی بەڵگەئامێز، نەک بیرکردنەوە بەگشتیمان دەکات. بنەمای ئەم پێناسەیەش بۆ بوونی مرۆڤ وەک بوونێکی ئاگامەندە دەگەڕێتەوە، کە بەردەوام بیردەکاتەوە، بەڵام مەرج نییە بیرکردنەوەی مرۆڤ لۆجیکی بێت. ئەم جۆرەی ‘بیرکردنەوەی بەڵگەئامێز’ ئاکامی لەهەڵەبەدەری هەیە؛ چونکە ئاکامەکە لە پێشەکییەکانەوە دێتەئاراوە. بیرکردنەوەی لۆجیکی هەوڵە بۆ گەیشتن بە راستی(ئەمەش بەستنەوەی لۆجیکە بە ئۆنتۆلۆجییەوە)
لای ئەرستۆ بەڵگەهێنانەوە فۆرمی (دیدەکشن)ی هەیە، کە بە (سیلۆجیزم) ناسراوە. بێگومان سیلۆجیزم چەندین مەرجی هەیە(خوێنەر دەتوانێت وردەکارییەکان لە کتێبی ناوبراودا بخوێنێتەوە) کە رەچاوکردنی ئەو مەرجانە پێویستە، دەنا تووشی هەڵەی لۆجیکی دەبین. دیدەکشن، واتە دوو پێشەکی، کە لانیکەم یەکێکیان هەمەکی بێت، بۆ گەیشتن بە ئاکامێکی جیاواز. هاوکات هەبوونی هەر پێشەکییەکی هەندەکی ئاکامەکە هەندەکی دەکات. لە لایەکی دیکەوە مەرجە دەستەواژەکان سادە و ناکۆک نەبن(نەبوونی ناکۆکی لە لۆجیکی ئەرستۆ بنەڕەتە، بەڵام بەپێچەوانەوە هەبوونی ناکۆکی لە لۆجیکی هیگڵدا بنەڕەتە). بۆ نموونە:
هەموو مرۆڤێک دەمرێ.
سوکراتیش مرۆڤە.
کەوابوو سوکرات دەمرێ.
لێرەدا، پێشەکی یەکەم هەمەکی و دووەم هەندەکیە، لەبەرئەوە ئاکامەکە هەندەکیە.
بێگومان چەندین بوونیادی جیاوازی بەڵگەهێنانەوە هەیە. بۆ نموونە (ئیندەکشن) کە لەبیرکردنەوەی زانستیانەدا گرنگی خۆی هەیە، لە پێشەکی هەندەکیەوە بە ئاکامی هەمەکی دەگەین(بەڵام ئەم ئاکامەی ئیندەکش مەرج نییە، هەمیشە راستبێت).
نووسەر لە بەرهەمەکەیدا بەردەوام بۆ پێشینەی لۆجیک و دیالێکتیک دەگەڕێتەوە، لەبەرئەوە بەرهەمەکە دەوڵەمەندە بە بەراوردکاری تێگەیشتنی فەیلەسوفەکان لە لۆجیک و دیالێکتیک. بەشی دووەمی کتێبەکە، بەناوی(بیرکردنەوەی دیالێکتیکی) بە سوکرات دەستپێدەکات، کە چۆن وەک یەکەم فەیلەسوف توانیویەتی لەڕێگەی بیرکردنەوەی دیالێکتیکیەوە بە ئاکامی نوێ بگات. بۆ سوکرات بیرکردنەوەی دیالێکتیکی مۆنۆلۆگ نەبووە، بەڵکو دیالۆگ بووە، لەبەرئەوە بۆچوونی جیاوازو دژ بنەمای بیرکردنەوە دیالێکتیکی و گەیشتن بە ئاکامی نوێ‌بووە. ئەمەش جیاوازی سوکرات و هیگڵە، کە دیالێکتیکی هیگڵ مۆنۆلۆگییە، لەنێو خودی چەمکە جیاوازەکانەوە دێتەدەرێ. بە واتایەکی دیکە هەموو چەمکێکی پۆزەتیڤ دەبێت بە نێگەتیڤ و نیگەتیڤیش بە پۆزەتیڤ.
دیالێکتیکی هیگڵ، پرۆسەی کایەکردنی بوونی رەهایە لەگەڵ خۆی. لەم سیستمەدا زانینی رەها دوا قۆناغی گەشەکردنی ئاگامەندییە، بەڵام دوا قۆناغ لە سەرەتادا هەبووە، بەڵام بۆ دڵنیابوون لە بوونی خۆی لە خۆی دێتە دەرێ. یاخود بۆ خۆدەوڵەمەندکردنی زیاتر ئەم کارە دەکات. چونکە بە دەرچوونی (ئەویدی)لەبوونی خۆیەوە، لایەنێکی بێگانە دروستدەکات و لەخۆی نامۆ دەبێت، بەڵام لە قۆناغی سێیەمدا کە گەڕانەوەی بێگانەو نامۆکەیە بۆ خۆی، ئیدی ئاگامەندی و جیهانی دەرەوە یان خۆو بابەت یەکدەگرن و دەبن بەیەک راستەقینە، ئەمەش بۆ گەشەکردنی زیاتر و یاخود لەخۆدڵنیابوونی بوونی رەهایە لەخۆی، چونکە بوونی رەها لە بوونی ئەویدیدا خۆی بەرجەستە دەکات و دڵنیادەبێت، کە ئەمە خۆی نییە، بۆیە قۆناغی سێیەم دەستپێدەکات، کە هاتنەنێوەوەی ئەویدیە بۆ خۆ. هاوکات ناکرێت، بڵێین لەم دەرچوون و هاتنەنێوەوەی بێگانە بۆ نێو خۆی(کە هەربەشێکبووە لەخۆ)و بڕینی ئەم قۆناغانە لەلایەن بوونی رەهاوە بوونی رەهای دەوڵەمەند نەکردووە.

ئەرستۆ بەپێچەوانەی هیگڵ و ئەفلاتونەوە، دیالێکتیک بە زانست دانانێت. چونکە زانست لای ئەرستۆ لە چوارچێوەی هەست و ئەزموندایە، بەڵام دیالێکتیک ئەو سنوورە دەبەزێنێت. لای ئەرستۆ دیالێکتیک سێ سودی هەیە. بۆ (راهێنانی بیرکردنەوە، بۆ زانستە فەلسەفییەکان، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەرانبەر). فێرمان دەکات، چۆن لەبۆچوونە جیاوازەکان رزگارمان بێت، یان لە بۆچوونە تەمومژاوییەکانەوە بە ئاکامێکی روون بگەین. هاوکات دەمانگەیەنێت بە هۆکاری یەکەم و دوا-ڕاستەقینە.
خاڵێکی گرنگ لەم بەشەدا، کە نووسەر ئاماژە بۆ دەکات، ئەوەیە، کە توێژینەوەی دیالێکتیکی وەک فەلسەفە لای ئەرستۆ و کانت و هیگڵ میتافیزیکییە.
لای کانت بنەمای زانین لەسەر هاوکاری نێوان هەست و تێگەیشتن رادەوەستێت، هەستەکان خەسڵەتەکانی جیهانی دەرەوە وەردەگرن و بەیارمەتی تێگەیشتن خەسڵەتەکان لێکدەدرێن بۆ دامەزراندنی بیرۆکە، لەبەرئەوە بێ هەستکردن، تێگەیشتن ناتوانێت بیرۆکە دامەزرێنێت، بێ تێگەیشتنیش هەستکردن بێ بیرۆکەیە. لێرەوە تێدەگەین زانینی مرۆڤ سنوردارە لە تێگەیشتن تێپەڕنابێت. بەڵام دیالێکتیکیش بۆ کانت پێویستی بە تێپەڕکردنی سنورەکە هەیە. چونکە دیالێکتیک سەر بە هەوڵدانی هۆشەو زانینی ئەو شتانەی ئەودیو هەستە. لێرەوە کانت کێشەی بۆ دروستدەبێت، لەلایەک زانینی مرۆڤ بە هەست و تێگەیشتن لەم جیهانە سنووردار دەکات، بەڵام جەختیش لەسەر زانینی جیهانی ئەودیو دەکات، لەکاتێکدا هۆش دەسەڵاتی نییە هەست و تێگەیشتن تێپەڕبکات، ئەو دەسەڵاتەشی هەبێت، بەڵام توانای سەلماندنی نییە، چونکە ئەو زانینە هۆشیە لە هەست و تێگەیشتنەوە پەیدانەبووە. لەبەرئەوە کانت توشی کورتهێنانی زانین بووە. لەگەڵ ئەوەشدا کانت ئەم کورتهێنانەی بە لەخەوهەستان داناوە، چونکە جەختی لەسەر ئەوە کردووە، کە ئەم زانینە هۆشەکیە سەر بەهۆشی رەوانە بە (ئەنتینۆم)ی دادەنێت، کە لە دوو دەستەواژەی ناکۆک پێکهاتووە، پێیوایە بۆ بیرکردنەوەی فەلسەفی گرنگن و لەخەوی دۆگما راماندەچڵەکێنن. کانت بەگشتی ئاماژەی بە چواردەستە ئەنتینۆم کردوە، کە وابەستەی چوار دەستە کاتیگۆرییەکانن(چەندەکی و چۆنیەتی، پەیوەندی و مەرجێتی) هەریەک لەمانە ناتوانن لەڕێگەی هەست و تێگەیشتنەوە بسەلمێنرێن، بۆیە سەر بەهۆشی رەوانن. لێرەوە هۆش بەبێ هەستکردن دەستەواژەی میتافیزیکی بەرهەمدەهێنێت. لە ئاکامدا کانت روو لە (نازانمکاری) دەکات، چونکە ئامێرەکانی زانین ناتوانن بچنە ئەودیو جیهانەوە، لەبەرئەوە ئێمە ناتوانین راستییەکانی ئەودیو جیهان(نۆمینە) بناسین. لەگەڵ ئەمەشدا کانت راستییەکانی ئەودیو جیهان رەتناداتەوە، بەڵکو بێتوانایی لە سەلماندنیان نیشاندەدات.

فەلسەفەی کانت کاریگەری لەسەر فیختە دانا، بەجۆرێک شێوازی نووسینی فیختە هێندە نزیکە لە کانتەوە، فیختە کتێبێک بەبێ ناو بڵاودەکاتەوە. خەڵکی کتێبەکە دەدەنە پاڵ کانت، کانتیش کتێبێک لەبارەی ئەو کتێبە بێ ناوەوە دەنووسێت و زۆر ستایشی دەکات(لە کاتێکدا پێشتر فیختە هەوڵی زۆریداوە لە کانت نزیک بێتەوە، کانت بایەخی پێنەداوە). ئەمە فیختە دڵخۆشدەکات و هانیدەدات بەردەوام بێت. فیختە هەوڵدەدات ئەو کەلێنەی کانت لەنێوان سنووردارێتی زانین و هەبوونی نۆمینەدا دروستی کردووە پڕی بکاتەوە. فیختە پێی‌وایە ناکرێت، جیهانی دیاردەکان، بەبێ ناسینی راستەقینە بناسین، چونکە جیهانی دیاردەکان هۆکردی نۆمینەن(راستەقینەن). لێرەوە فیختە هەوڵی رەتبوون لەو بۆچوونە دووەلیستیە دەدات، کە بووەتە هۆی هێنانەکایەی ئەو ئاکامە نەرێنییە. بۆچوونی دووەلیستی لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی (خۆ)و (بابەت)ەکەی رادەوەستێت، چونکە خۆ لەدەرەوەی بابەتەکەی رادەوەستێت. لێرەوە بۆچوونی یەکانەکی فیختە جێگەی بۆچوونە دووەلیستیەکەی کانت دەگرێتەوەو جەخت لەسەر نزیکبوونەوەی خۆو بابەت دەکات، بەجۆرێک جیاوازییەکەیان نەهێڵێت، تا خۆ بابەت دەناسێت.

لێرەدا (خۆ)ی فیختە دەچێتە نێو جوڵانی دیالێکتیکیەوە، تاوەکو جیاوازیی نێوان (خۆ)و (بابەت) نەهێڵێت. بۆیە نووسەر فەلسەفەی فیختە بە(دیالێکتیکی خۆ)ناودەبات. چونکە (خۆ) راستەقینەی رەهایە، بۆیە پۆزەتیڤە. بەڵام یەکێک لە خەسڵەتەکانی (خۆ) ئاگامەند و خاوەن (تێ‌-ڕوانینە)، واتە لە خۆیەوە دەردەچێت، دەبێت بە ئەویدی(لێرەدا خۆ بەرەهایی و پۆزەتیڤی نامێنێتەوە). ئەم ئەویدییە خۆ سنووردار دەکات، هەروەک چۆن، خۆ ئەویدی سنووردار دەکات، لەبەرئەوە هەریەک لە خۆو ئەویدی یەکنین(یەکیشن). لێرەوە هەریەک لە خۆو ئەویدی لەنێوان (سەربەستی) و (پێویستی)دان، چونکە راستە لەخۆیاندا سەربەستن، بەڵام لەلایەن یەکدیەوە سنووردار دەکرێن، لەبەرئەوە سەربەستی و پێویستی رەهانین. بە کورتییەکەی ئەویدی بێگانە نیەو لەخۆوە دەرچووە، هەرچەند دەبێت، بە نێگەتیڤی خۆ، بەڵام وەک هیگڵ ناویدەنێت، کایەکردن، ئەم کایەکردنە بۆ ناسینە، چونکە هەریەک لە خۆو ئەویدی یەکدی رەتدەدەنەوە، دەبن بە سنوور بۆ یەکدی. لەم پرۆسەیەدا خۆ باشتر خۆی دەناسێت، بۆی دەردەکەوێت، کە (خۆ)یەکی چالاکە، چونکە ئەویدی سنووردار دەکات، هاوکات ئەویدیش خۆ سنووردار دەکات، لەبەرئەوە خۆ ناچالاکە. لێرەوە چالاک و ناچالاک، پۆزەتیڤ و نێگەتیڤ..بەدیدی فیختە پەیوەندییەکی هۆکارییەو دەبێت بە تێهەڵکێشی هۆکاری هەردوو لایەنەکە. لەبەرئەوە لە جوڵانە دیالێکتیەکەوە تێدەگەین، کە ئەوەی خۆ نییە، خۆیەو خۆ خۆیە؛ واتە (ئەویدی) (خۆ)یەو (خۆ)ش (خۆ)یە. بۆیە دەتوانین بڵێین هۆکارو هۆکردە، سنووردارکەر، سنووردارکراوە.
هیگڵ سودی زۆری لە فیختە بینیوە. چونکە وەک فیختە پێیوایە (ئاگامەندی) بۆ(خۆ)ی دەبێت بە ئەویدی، واتە ئاگامەندی و ئەویدی دەبن بە دوو دیوی یەک ڕاستەقینە، بەڵام تێهەڵکێشەکەیان پرۆسەی مێژوویی هەیە، کە ئاگامەندی دیالێکتیانە دەیجوڵێنێت و لەم جوڵانەدا بە دەوڵەمەندییەوە بۆ نێو خۆی دەگەڕێتەوە، بێ ئەوەی جیاوازییەکان لەنێو ببات، هەوڵدەدات ئەویدی بەتەواوی بخاتەوە سەر خۆی. لێرەدا گرنگە ئاماژە بەو بکەین، هیگڵ یەکێکە لەو فەیلەسوفانەی رێزی زۆری لە ناکۆکی و جیاوازییەکان گرتووەو کردونیەتە بنەمای لۆجیکە دیالێکتیکیەکەی و رەخنەی لە فیختەو شێڵینگی هاوڕێی گرتووە، لەبەرئەوەی لە سیستمی فەلسەفیاندا جیاوازی لەناودەبەن.

لەبەشی سێیەم، بە ناونیشانی (هیگڵ و بیرکردنەوەی دیالێکتیکی). نووسەر، ئاماژە بە دیالێکتیکی هیگڵ دەکات، دەڵێت: ”هیگڵ توانی (دیالێکتیک)بکات بە کرۆکی بیرکردنەوەی فەلسەفی و بەمیتۆد بۆ گەیشتن بە ڕاستەقینە”. نووسەر لەسەرەتادا بە سێ خاڵ جیاوازی دیالێکتیکی هیگڵ بەراورد بە بیریارانی پێشوو باسدەکات. پێیوایە دیالێکتیک بۆ هیگڵ تەنیا لۆجیک و بەڵگەهێنانەوە نییە، بەڵکو سیستمێکی فەلسەفی سەرجەمگیرە، کە هەوڵیداوە هەموو دیاردە سرووشتی و مێژووییەکانی پێ‌راڤەبکات. واتە پرۆژەکە بریتییە لە راڤەکردنی ئاگامەندی رەها، کە ئەم ئاگامەندییە دەبێت بە زەمینە بۆ هەموو دیاردەیەکی سرووشتی و مێژوویی. لێرەوە ئاگامەندی رەها ژیانە، لەبەرئەوە تەنیا بە خوێندنەوەو توێژینەوە بە ئاگامەندی رەها ناگەین، بەڵکو پێویستە بژین تاکو لەو بوونە تێبگەین.
خاڵێکی دیکە کە پێشتر ئاماژەم بۆ کردووە، پەیوەستە بە مۆنۆلۆگی ئەم دیالێکتیکەوە، واتە دژە تێز نوێنەرایەتی لایەنی بەرانبەر ناکات(کە لای سوکرات هەبووە). بەڵکو ئەم دیالێکتیکە کایەی ئاگامەندی رەهایە لەگەڵ خۆیدا، چونکە نوێنەرایەتی هیچ شتێک لە دەرەوەی خۆی ناکات. لەم کایەیەدا ئاگامەندی رەها، چونکە ئاگامەندییە لەشتێک، لەبەرئەوە لایەنی نێگەتیڤ بۆ خۆی سازدەکات، تاوەکو بە (ئاگا)بێ، ئەمەش خەسڵەتی ئاگامەندی لەخۆی دەدۆڕێنێت، دەبێت بەهەبوویەکی لە ئاگابەدەر. لەبەرئەوەی ئاگامەندی هەمیشە ئاگاییە، کەوابوو بیر لە بوونی خۆی دەکاتەوە، لێرەوە دەبێتە(بیرلێ‌کراوە) واتە خۆو بابەت، یان ئاگامەندی و ئەویدی دوو شتی جیاوازن و جیاوازیشنین.
ئاگامەندی= تێز
ئەویدی= دژە تێز
خاڵێکی گرنگ بۆ جوڵەی سێیەم بریتییە لەو نامۆبوونەی لەئەنجامی دەرچوونی (ئەویدی)ە لە ئاگامەندی رەها دێتە ئاراوە. ئەم ئازاری نامۆبوونە ئاگامەندی هاندەدات، لەڕێگەی یەکگرتنەوە(تێهەڵکێش) رزگاربێت. ئەم یەکگرتنە بە پرۆسەیەکی سرووشتی و مێژووییدا دەڕوات، ئەمەش گەشەکردنی لێدەکەوێتەوەو (ئەویدی)دەناسێت و بۆ نێو خۆی دەگەڕێنێتەوە، ئەم ناسینەش دەیکات بە خاوەن (زانینی رەها)، کە لەبوونی خۆیی و بابەتەکەی دڵنیادەبێت.
کۆتا جیاوازیی، کە نووسەر ئاماژەی بۆ دەکات، بیرکردنەوەی دیالێکتیکی فیختە (خۆ)یە، بەڵام بۆ هیگڵ (ئاگامەندی)یە. بۆیە دەکرێت بیرکردنەوەی دیالێکتیکی هیگڵ بە (دیالێکتیکی ئاگامەندی) دابنرێت. کە لەسێ قۆناغ پێکدێت، هەر قۆناغێک گەشەی تێدا رووئەدات. دەکرێت ئەم سێ قۆناغە لە سێکوچکەی(ئاگامەندی-سرووشت-مێژوو)دا بەرجەستە بکەین.
ئاگامەندی= تێز
سرووشت= دژەتێز
مێژوو= تێهەڵکێشی تێزو دژە تێز.

تێبینی دەکەین، (مێژوو) وەک تێهەڵکێشی تێز(ئاگامەندی) و دژەتێز(سرووشت) لە هەردووکیان دەوڵەمەندترە، لەبەرئەوە لە هەر قۆناغێکی نوێدا گۆڕان بە ئاراستەی گەشەکردندا تێبینی دەکەین. بۆیە هیگڵ پێی‌وایە جیهان بەردەوام لە گەشەکردندایە. بەڵام خاڵێکی کێشەهەڵگر لای هیگڵ ئەوەیە، کە ئەم گەشەیە (یەک ڕەهەندی)یە. هیگڵ سەرهەڵدانی کۆمەڵگەی بۆرژوازی بە حەتمی و دواقۆناغ دەزانێت، بەڵام مارکس بەپێچەوانەوە قۆناغێکی پێشکەوتوتر و کۆمەڵگەیەکی نوێ پێشبینی دەکات.
لەم کتێبەدا لەبارەی لۆجیکی هیگڵ نووسەر زۆر بە پرۆسەی گەشەی لۆجیکی دیالێکتیکی هیگڵ خراوەتەڕوو، کە وەک چیرۆک یان رۆمانێکە و گرێچنە لۆجیکیەکە لە ‘بوون’ەوە دەستپێدەکات و بەشێوەیەکی دیالێکتیک گەشەدەکات و کاتیگۆرییەکانی دیکەی لێوە دێنەدەرێ. بوونیش زیاتر لەهەموو کاتیگۆرییەکانی دیکە راستەوخۆیەو لە قۆناغی گەشەکردنیدا دژەتێزی خۆی (جەوهەر)ی هێنایە کایە، کە جەوهەر وەک دژەتێز پێچەوانەی بوون ناڕاستەوخۆیە. لێرەدا ناکۆکی نێوان بوون و جەوهەر بە قۆناغێکی پێشکەوتوو تێهەڵکێشدا دەڕوات، تاوەکو یەکبگرن. ئەمەش وەک هیگڵ باسیدەکات لە(چەمک)دا دەبینرێت. وەک باسمانکرد دیالێکتیکی هیگڵ دیالێکتیکی ئاگامەندییە. ڕاڕەوەی (چەمک) یەکێتی دوو ڕاڕەوەی بوون و جەوهەرە، چونکە چەمک کاتیگۆرییەکی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیە، کە دەبێتە رەتدانەوەی جەوهەرو جەوهەریش رەتی بوون دەداتەوە، بۆیە چەمک دەبێتە رەتدانەوەی رەتدانەوە، دووجار نێگەتیڤ. دووجار نێگەتیڤ پۆزەتیڤە. لەبەرئەوە بوون و جەوهەر لەنێو یەکێتی (چەمک)دا، کە کاتیگۆرییەکی (خۆ)ی و ناوەکییە یەکدەگرن. لەبەرئەوەی هیچ چەمکێک بە بێ(خۆ)نییە، بۆیە هیگڵ لەگەڵ باسکردنی چەمکدا باسی (خۆ)ش دەکات.
لە کۆتاییدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەم، لێرەدا تەنیا لەسەر سێ بەشی کتێبەکە وەستاوم و بوارم نییە، تا کۆتایی بەردەوام بم. کتێبەکە سەرچاوەی یەکەمی نووسینەکەم‌بووە، لەبەرئەوەی گەلێک دەوڵەمەندەو خوێنەر تاوەکو نەیخوێنێتەوە، نازانێت چ شاکارێک هاتووەتە نێو کتێبخانەی کوردییەوە. چونکە لەم کتێبەدا خوێنەر نەک تەنیا بە لۆجیکی هیگڵ ئاشنا دەبێت، بەڵکو بە مێژووی لۆجیک و دیالێکتیک ئاشنا دەبێت. لە رێگەی ئەم کتێبەوە خوێنەر تێدەگات هیگڵ ئەو فەیلەسوفەبووە، کە سڵی لە جیاوازییەکان نەکردووەتەوە. خوێنەر فێردەبێت، تەنیا بە پۆزەتیڤ دڵخۆش نەکات، چونکە پۆزەتیڤ نێگەتیڤە. یاخود لەناکۆکی و دژەکان نەترسێ، چونکە بنەمای گەشەو پێشکەوتنن. لەم کتێبەوە تێگەیشتم فەیلەسوفانی وەک ژیژەک و پیتەر سلۆتەردایک بۆچی بەردەوام بۆی دەگەڕێنەوە. چونکە لای ئەم فەیلەسوفە سنووریش دەبێتە بێسنوور.

Previous
Next

Leave a Reply