Skip to Content

Tuesday, March 19th, 2024
خودای منداڵەكە كۆلارەیە

خودای منداڵەكە كۆلارەیە

Closed
by May 26, 2008 گشتی

   عومەر جەلال……
 
 مامۆستاى وانەى (ئاین) لێى پرسی بوو خودا لە ئاسمانە یان نا؟ ئەمیش لەو تەمەنە منداڵیەدا لەوەڵامدا وتبووى دەزانم كۆلارە لەئاسمانە و جیهانى منداڵیم لەوێ دەبینم بەڵام بۆ خودا نازانم.
 ئەم وەڵامە دەنگدانەوەى گەورەى هەبوو لەو قوتابخانەیەى كە هیچى كەم نەبوو لە زیندان لەمەڕ ئەو منداڵە كۆبوونەوەیەكى سەربازییانە سازكراو بەهەر شێوازێك بێت باوكى ئەو منداڵە بانگرا بۆ لێكۆڵینەوە لەسەر خەون و ئایدیاى ئەو منداڵەوئەنجامى ئەو وەڵامە ترسناكە,
 بە پێ ى وتەى یەكێك لەهاورێ ى منداڵەكە ئیش و كارى ئەم منداڵە ئەوەبووە پاش تەواو كردنى وانەكانى قوتابخانە پاشماوەى ئەو دەفتەرە كۆنانەى كە بەكارهێنراوبوو دەیكردن بە كۆلارە زۆربەى ساتەكانى مژۆڵى كۆلارە درووست كردنبووە و زۆرینەى سات ئەو كۆلارانەى پێشكەشی هاورێ ئازیزەكانى كۆڵان كردووە ,هەروەك چۆن برایەكى ئەم منداڵە لەتەك چاوكردنەوەى لە ژیان چەند ساڵێك لەتەك باوكیدا لە نزیك چەمێكى چكۆلانە بە دیار تۆرێكەوە تەمەنى خۆى دەبەخشى بەو ماسیانە و گرتنى ماسیەك بۆ ئەم وەك درووست كردنى كۆلارەیەك وایە لاى براكەى,ئەوەى ئەم دوو برایەى لەیەكدى جودا دەكردەوە رامان بوو لە ئاو و ئاسمان ,كۆلارە پەرستەكە شینى ئاسمانى لێببوە باڵى خودا و پەیامى هەناسەى منداڵَى خۆى و  گوناهەكانى زەوى بۆ دەنارد,ئەوى دیكەش كە ماسی دەپەرست و چاوەكانى لە ماسی زێتر هیچى دى نەدەبینى ئاوى لێببوە ماڵى دووەمى , خوداى لەئاودا دەبینى.
 ئەوەندەى من تێبینى ئەو قوتابیەم كردبێت لەوانەكانیدا كەسێكى زۆر بلیمەت بووە و هەمیشە لە نزیك پەنجەرەكەوە دادەنیشت و تەماشاى ئاسمان یەكێك بوو لەو دیاردانەى كە ئەم قوتابییەى پێ دەناسرایەوە , منیش وەك مامۆستایەك لە پەرچووى ئەو قوتابییە نەدەگەیشتم بۆ چى هەمیشە لە ئاسمان رادەمێنێت و ئاگادارى وانەكان دەبێت ؟ گوناهە منداڵیكى ئاوەها لەسەر وەڵامدانەوەى وەها پرسێك دووربخرێتەوە لە قوتابخانە, ئەمە دوا وتەى ئەو مامۆستایەبوو كە وانەى مێژووى دەووتەوە  بریارى دا لەپاش ئەو كارەساتە دەست لەكار بكێشێتەوە تەمەنى خۆى تەرخان بكات بۆ لێكۆڵینەوە لەمەڕ منداڵ و تێگەشتن لە ئاین و چۆنییەتى بڕوا بەخودا لاى منداڵ ,پاش بڵاو بوونەوەى یەكەمین كتێبی بە نێوى (خودا لە كوێ یە ؟) لە لایەن گروپێكى ناسراوەوە تیرۆر كرا و كتێبەكانى لەبازاڕدا كۆكرایەوە. ئیدى ئەم منداڵە كۆلارە پەرستە رۆژەكانى خۆى لەنێو پەرەى سپیدا دەبردە سەر و رۆژانە بەدەیان كۆلارەى رەنگاو رەنگى دروست دەكرد ئەو منداڵانەى بەختەوەر دەكرد كە باوكیان لەجەنگدا ون ببون ,لە سیلەى كۆڵان منداڵان كۆدەبوونەوە بۆ پێشبركێ ى هەڵدانى كۆلارە بە چاودێرى وەستاكەیان كە ئەو منداڵەبوو لە ترسی وتەكانى لە قوتابخانە دەركرا.
 بۆ ئەو گەورەترین كارەسات لە پاش كوژرانى باوكى لە شەڕى ناوخۆدا مەرگى ئەو برایەى بوو كە لە ئێواریەكى شەرمن و درەنگدا هەواڵى خنكاندنى لە ساتى ماسی گرتندا بڵاوبووەوە كە ئەمیش ئیدى هەرگیز بوارى ئەوەى نەما كات بەكۆلارە بەسەر بردنەوە بەسەر بەرێت و تەمەنیش روو لە هەڵكشان دەچوو بەرەو گەورە بوون هەرچەندە خەونى رامانى منداڵى لێنەدەبووەوە, وەلێ كۆمەڵگەكەى رێگاى زێترى پێ نەدەدا ,
 بەتەنیا لەتەك دایكى دەژیا ,زۆر جار دایكى دەچوو بۆ ئەو گرد و قەد پاڵانەى كە( قنگرى) ى لێبوو بۆ ئەوەى بژێوى خۆیان پەیدا بكەن , ئەفسوس مەرگ یەخەى دایكیشى دەگرێت و رۆژێك لەساتى كاركردنیدا ئەو پارچە ئاسنەى پێیەتى بۆ دەركردنى(قنگر) بەر مینێكى كۆنى پاشماوە دەكەوێت و پارچە پارچەى دەكات,
 هەنووكە ژیانى ئەم منداڵەى كە كاراكتەرى سەرەكى ئەم چیرۆكەبوو كە بەتەنیا دەژێت سنوورى منداڵى تێپەر كردووە لەتەك  یادەوەرى گەلێك  دەژێت كە (من ) نووسەرى ئەم چیرۆكە چەندین سات سەردانیم كردووە وبەڵێنى ئەوەم پێدابوو ئەگەر چیرۆكى واقیعى چانسی بڵاوكردنەوەى هەبێت لە یەكێك لە گۆڤارەكان بڵاوى دەكەمەوە و راستگۆیانە واقیعى ئەو كاراكتەرە دەست  نیشان دەكەم.
 
omerjelal@yahoo.com
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.