Skip to Content

479 Views

جیهانبینی و خەمسازی … هەرێم عوسمان

جیهانبینی و خەمسازی … هەرێم عوسمان

Be First!
image_print

گه‌ر ده‌پرسی من له‌به‌رچی که‌م ده‌خۆم
من به‌ برسی قه‌ط مه‌زانه‌، غەم دەخۆم
ئاوی سوێری چاو و باری تاڵی لێو
سوێر و تاڵی دەم دەم و ژەم ژەم دەخۆم
ئاوی کەوثەر نۆشی صوفی بێ کە من
ئاوی ئینسان، یەعنی ماچی دەم دەخۆم…
تاڵی بێ یارو دیار و تارو مار
عەلقەمی چی؟ ئەرقەمی چی؟ سەم دەخۆم
نه‌وعه‌ ئینسانێ هه‌یه‌ غه‌م قوتییە
من غه‌می خۆم و غه‌می عاله‌م ده‌خۆم
غه‌م ده‌ڵێ: ‘نالی’ که‌ غه‌م‌خواریم نه‌کا
ناعیلاجم من به‌نی ئاده‌م ده‌خۆم(296-298)
شادمانی بێ وه‌فایه‌، یاری تێری و مه‌ستییه‌
یاری ته‌نگانه‌م غه‌مه‌ با هه‌ر غه‌می خۆم، خۆم بخۆم(304)
***
(فاتیحه‌!) ته‌سخیره‌ شاری دڵ به‌ طابوری ئه‌له‌م
مودده‌تێکی زۆره‌ پایته‌خته‌ له‌ بۆ خاقانی غه‌م(308)
***
منم سه‌رکرده‌تان بۆ له‌شکری غه‌م
ده‌ترسم بڕۆم، بشکێ سوپاتان(319)
***
ئه‌وا نیشانه‌یی مه‌رگم عه‌یانه‌
که‌ من غه‌رقی خەم و خوێن و زوخاوم(٢٩٤)

شیعر و خەم

لە سەرەتاوە بە هەندێک پرسیار لەسەر خەم بە گشتی و خەم لای نالی دەستپێدەکەم. لای شاعیر چۆن باسی خەم کراوە، هەڵوێستی بەرامبەر بە خەم چییە؟ ئایا لە خەم وەک شتێکی وجودی تێگەیشتووە یان خەمی رۆژانەیی؟ لەبەرئەوە لەسەرەتاوە لە پرسیارە گشتییەکانەوە دەستپێدەکەم هێدی هێدی بۆ پرسیارە تایبەتییەکان..

خەم چییە؟ ئایا خەم شتێکە، دەتوانین بیناسین و بیگرین و نیشانی بدەین؟ خەم بۆ چییە؟ خەم لە کوێوە دێت؟ خەم بۆ کێیە؟ دەکرێت کێیە لە مرۆڤ زیاتر بێت؛ واتە خەم هی مرۆڤە و بۆ مرۆڤە یان بۆ بوونەوەرەکانی دیکەشە. گەر یەکێک لە نیشانەکانی خەم گریان بێت؛ گریانی ساوا لەسەرەتاوە نیشانەی لەدایکبوونێکی نوێی مرۆڤێ نییە، واتە مرۆڤ لەگەڵ لەدایکبوونیشیدا خەم لەدایکدەبێت. ئەمە دەکرێت نالۆژیکی بێتەوە، بەڵام بێگومان خەم و بوونی مرۆڤ ئەمئەوێتی یان یەکێکن و جیا نین.

بەسود وەرگرتن لە هایدیگەر دەتوانین بڵێین خەم و نیگەرانی پێشمەرجی بوونی مرۆڤن لەبوونی دابڕاونین(١٤٢). مرۆڤ لەگەڵ هاتنە جیهاندا خەمیش لەگەڵدایە. بۆ تێگەیشتن لەبوونی خەم ناچارین لە بوونی مرۆڤدا بۆی بگەڕێین. وەکچۆن بۆ تێگەیشتن لە مردن ناچارین لە مرۆڤدا لێی تێبگەین تێگەیشتن لە خەمیش بەهامانجۆرە. بێگومان خەمیش جۆر و شێوەی جیاوازی هەیە؛ خەمی رۆژانەیی جیاوازە لە خەمی وجودی. خەم وەک مردنە، چۆن مردن دابڕاو نییە و ئەگەرێکی بەردەوامی بوونمانە، خەمیش بەردەوام ئامادەییەکی ئێستەیی و روو لە ئایندەیی هەیە؛ واتە وەک مردن ناکرێت رابردوونشین بێ؛ بەڵکو ئیستایەکی روو لە ئایندەیی هەیە(١٤٣). لەبەرئەوە ئایا خەم وەک مردن دەکرێت ببەخشرێت لەبری یەکدی خەم بخۆین؟ وەک چۆن ناتوانین لەبری یەکدی بمرین دەتوانین لەبری یەکدی خەم بخۆین؛ خەمی خۆ خواردنە یان خەمی ئەویتر خواردنە؟

ئایا خەمی خەم دروستدەکرێت، یاخود خەم هەر هەیەو خۆی دەسەپێنێت؟ ئایا مرۆڤ دەتوانێت خەم نەخوات؟ ئایا خواردنی خەم چییە؟ مادیبوونەوەی خەم لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت؟ ئایا مادیکردنەوەی خەم جۆرێک لە خۆفریودان نییە، بەوەی ئێمە دەتوانین خەم نەهێڵین؛ خەم شیاوی نەهێشتنە؟ ئایا خەم‌خواردنیش بەجۆرێک پێویستیەک نییە، کە بەدەر لە خۆراک دەکرێت خواردنی خەمیش جۆرە تێربوونێک بێت، واتە مرۆڤ پێویستی بە تێربوونێکی دیکەی دەرونی و رۆحی و سۆزی هەبێت؟ ئایا کەس دەتوانێت خەمی کەس بخوات؟ بە خەم خواردنی ئەوان دەتوانرێت ئەوان لە خەم بێبەش بکرێن، یاخود ئەوان لە خەم بڕخسێن؟ ئایا خەم خودیە یاخود لە دەرەوە دێت؛ یان بوونێکی یەکگرتووانەی لەگەڵ مرۆڤدا هەیە؟ جیاوازی خەمی وجودی/ یەکێتی و لەگەڵ خەمی دەرەکی چییە؟

ئایا خەم تەنیا رووی وێرانە، نەرێنی و لەنێوبەرانەی هەیە، یاخود خەم پێگەیشتن و دروستکردن و گەورەبوونیشە؛ بە واتا خەم بواری بیرکردنەوەو ئەندێشەمان بۆ ناکاتەوە؟ بۆچی خەم روویەکی نەزانی هەیە، ئایا ئێمە لەنەزانیمانەوە نییە خەم دەخۆین؟ دایکێک خەم دەخوات کە کوڕەکەی درەنگ دێتەوە، واتە لەگەڵ نەزانین و زانیندا خەم روونادات، گەر ئەوەی چاوەڕوانین بەدڵمان نەبێت، خەم دەخۆین؟ ئایا خەم جۆرێک لە ئاگایی لاواز نییە؟
ئایا خەمی گشتی و خەمی تاک، یاخود خەمی کۆمەڵگەو خەمی تاکەکەس جیاواز نین؟ ئایا ئەم جۆرانەی خەم، خەمی زوو گەیشتن بۆ زانکۆ و دوانەکەوتن لەگەڵ خەمی شکستهێنان لە پرۆژەیەکی ئایندەیی خۆتدا جیاوازنین؟ ئایا خەم هەندێکجار بۆ رازیکردن و نەرمکردنی بەرامبەر نییە؟ خەم چۆن دەرەکی دەبێتەوە، جەستە دەتوانێت دەرخەرەوەی خەم بێت؟ چۆن بزانین کەسێک خەمی هەیە گەر دەرینەبڕێت؛ دەربڕینی خەم هاوخەمی و تێگەیشتن دێنێتە ئاراوە؟ خەمی نەبڕاوە چییە؟ ئایا شیعرەکانی نالی بەشێک نین لە خەمی بەردەوام و نەبڕاوە، کە نالی خۆی بە نیەتی نەهێشتنی خەم، خەمسازی دەکات؟ ئایا ئێمە ناوەندی دەرکەوتنی خەمین یاخود خەم بە بێ ئێمەش دەتوانێت خۆی دەربخات؟ ئایا خەم وەک مردن ئەو درزە نییە، کە هەموو ساتێک بەرۆکی خۆمان و ژیانمان دەگرێت؟ ئایا خەم بۆشایی‌و کەلێنی وجودییە(بەزمانی لاکان ریاڵ) یاخود تەنیا تایبەتە بە کات و سەردەمێکەوە؟ ئایا خەم و ئەو کەلێنانەی دیکە بیرخەرەوەی ئەوە نین کە ئێمەی مرۆڤ ناکامڵین و ناتوانین خەم نەخۆین، نەمرین؟

ئایا بێ خەمی لە زۆرباردا راڤەی بێباکی و گوێپێنەدانی بۆ ناکرێت؟ واتە لێرەوە خەمی هاوبەشیش جۆرێکی خەم نییە؟ ئایا مرۆڤی دڵڕەقیش، کە زۆرکات وەک تانە بەو مرۆڤانە دەگوترێن، کە بێباکن و گوایە خەم ناخۆن، بەڵام ئەوانەی گوایە خەم ناخۆن، خەمی خۆشیان ناخۆن؟ ئایا خەم هەڵوێستەو پێویستییە بۆ بێباک نەبوون، بە تایبەت بۆ مانەوە لە کۆمەڵگە رەمزیەکەدا؟ واتە خەم لە زۆر شوێندا بە پەرۆشی یەکسان نییە؟
ئایا سەرجەمی دەسەڵات و ئایدۆلۆژیاکان بە نێوی بەرپرسیارێتی گشتی و مرۆڤدۆستییەوە لەسەر ئەوە دروستنەبوون، کە خەمبەرو ئازاربەرن؟ بەڵام ئایا هیچ ئایدۆلۆژیاو هێزێک دەتوانێت هەڵگری ئەم بەرپرسیارێتییە بێت؟ دەتوانن لەناوبەری ئەم هێزە وجودیە بن؟ دەسەڵاتەکان لەوە بێخەبەرن، کە خەم بۆشاییەکی هەرمانی وجودیە، گەر ئازارە گشتیەکانیش کەم بکەنەوە(کە بۆ خۆیان بەردەوام دەبنە سەرچاوەی ئازار) ئەوا خەم و ئازارە کەسیەکان ناتوانن لەنێوبەرن.
مرۆڤ لە ناکامڵی خۆیەوە خەمی کامڵبوون دەخوات، واتە بەشێکی خەم و نیگەرانیمان بۆ کامڵبوونە، چونکە مرۆڤ بوونەوەرێکی ناکامڵە. بەڵام نالی دەڵێت هەندێک لە مرۆڤەکان هێندە لاوازن نەک ناتوانن هەنگاوی کامڵبوون بنێین، بەڵکو لە هەنگاوی یەکەمدا خەم دەیانخوات‌و شکست دێنن.

واتە رێگەکە(رێگەی کامڵبوون کە خەمە) دەیانخوات. بەڵام نالی جۆرە بانگەشەیەکی کامڵبوون دەکات لەوەی ئەم ئەو رێگەیە دەخوات بۆ ئەوەی چیتر نەبێتە خواردەی باڵابوون و کامڵبوون. ئایا بانگەشەی نالی بۆ خواردنی خەم جۆرێک لە ئایدۆلۆژیا نییە؟ مامەڵەی نالی چ جیاوازییەکی لەگەڵ مامەڵەی ئەوان بۆ خەم هەیە؟ تێبینی دەکەین خەم لەگەڵ شاعیر دەدوێت، ئایا ئەمە پەیوەندییە یان مامەڵە؟ دەرخەری پەیوەندی وجودی نییە لەگەڵ خەمدا، لەبەرئەوە نالی، کە دەڵێت خەم دەخۆم، مەبەستی ئەوەیە ئەوان خەم دەیانخوات بێ ئەوەی خەم بخۆن، هەربۆیە خەم برسیە؛ پێویستی بە کەسێکە بەڕاستی خەمی بخوات؟ وەک چۆن لای هایدیگەر ئەوان نامرن، لەبەرئەوەی مردن وەک بوونێکی وجودی خۆیان تێناگەن ئاواش خەم ناخۆن.

بەردەوام دەڵێن خەمی یەکدی دەخۆین؛ کەمترین جار گوێمان لێبووە بڵێت خەمی خۆمە؟ واتە مامەڵەی شاعیر لەگەڵ خەم داماڵینی ئەو دەمامکانە لەڕووی خەم نییە، کە بەردەوام دەمامکی زمانی، سیاسی و رۆژانەیی دەدەرێتێ بەوەی خەم شتێکی دیارو ئاشکرایە؟ بەڵام لای شاعیر کە خەم دەدوێنێت، بە زمانهێنانی خەم دەرخەری لێکردنەوەی دەمامکەکانی خەم نییە، کە پێیدەدرێت؟ هاتنەگۆی خەم هەڵوەشاندنەوەی ئەو دیدگا خودپەرستە نییە کە بەردەوام لەبری هەموو شتەکان دەدوێین و بوار نادەینە شتەکان خۆیان بدوێن؟ بە واتایەکی دیکە هاتنەگۆی خەم دەرخەری ئەو راستییە نییە کە تەنیا مرۆڤ دەتوانێت خەم بهێنێتە گۆ؛ ئەوەش دەیهێنێتە گۆ پەیوەندیەکی وجودیانەی لەگەڵ خەم کردووە بۆیە هاتووەتە گۆ.

ئایا گەر نالی مەبەستی ئەوە بێت کە خەڵک بۆ نان و پێویستی رۆژانە خەم دەخۆن، بەڵام نالی بۆ خەمی عالەم دەخوات، یاخود بۆ دەبێت خەم بە نالی بڵێت دەبێت خەمم بخۆیت دەنا من خەڵک دەخۆم، ئایا ئەمە سەلمێنەری ئەوە نییە، کە خەم برسیەو خەڵک دەخوات، نەک ئەوەی خەڵک بۆ پێویستی رۆژانەیان خەم بخۆن.
لەبەر رۆشنایی هەندێک لەم پرسیارو بیرۆکانەدا هەوڵدەدەم لەخوارەوە شیکاری هەندێک لەو شیعرانەی شاعیر بکەین؛ کە خەم بە چڕی تێیدا ئامادەیی هەیە.

جیاوازی ‘خەم’ و ‘غەم’
شاعیرانی کلاسیکی کورد بە کاریگەری زمان‌و ئەدەبیاتی دراوسێ‌و بەتایبەتی فارسی لەبری وشەی’خەم’ ‘غەم’یان بەکارهێناوە. بەڵام ئەمە مانای ئەوەنییە، کە ‘خەم’ بەکارنەهاتبێت، بەکارهاتووە، بەڵام بە مانای جیاواز لە خەفەت و دڵتەنگی، بەڵکو زیاتر بە مانا فارسییەکەی بەکارهاتووە. لە زمانی فارسیدا ‘خەم’ بە مانای پێچ و لولخواردن دێت. لە کاتێکدا ‘غەم’ کە رەچەڵەکی وشەکە بۆ زمانی عەرەبی دەگەڕێتەوە(١٤٤) مانای خەفەت دەگەیەنێت. لەبەرئەوە گرنگە خوێنەر لەوە تێبگات، کاتێک لە شیعری کلاسیکدا بەر ئەم دوو وشەیە دەکەوێت، دەبێت بزانێت ئەمانە هاومانا نین، بەڵکو دوو مانای جیاوازیان هەیە، لە کاتێکدا لە ئێستادا لە بەشێکی زۆری فەرهەنگە کوردییەکاندا وەک هاومانا بەکاردێن.

تێبینی دەکەین ئەم خەمەی ئێمە ئیستا دەینووسین، لای شاعیر(شاعیرانی کلاسیکیش) مانای پێچ و لولخواردنە؛ زیاتریش بۆ وێناکردنی زولف هاتووە. بەڵام ‘غەم’ مانای خەم‌و دڵتەنگی، خەفەت، مات، کەسەرو پەرێشان دێت. واتە لە فەرهەنگی شیعریی کلاسیکدا گەر خەم هات نابێت وەک خەفەت وەربگیرێت، هەروەک لە لێکدانەوەی دیوانەکەشدا خەم وەک لولخواردن هاتووە.

تایبەت بە شیعرەکانی نالی ئەوەی تێبینیم کردوە، لە یەک دێڕە شیعریدا، کە دەشێت بە هەڵە چاپکرابێت ‘خەم’ وەک ‘غەم’ هاتووە. لە کاتێکدا لە دیوانەکەدا (٢٥) جار ‘غەم’ هاتووە. هاوکات دەکرێت لە راڤەکردندا پەیوەندی نێوان ‘خەم-غەم’ بدۆزینەوە، بەڵام لەبنەڕەتدا وەک مانا جیاوازن(١٤٥).
هاوکات وەک بە دواداچوونێکی راگوزەر بۆ جیاوازی دەنگی (خ-غ)، کە ئایا دەکرێت دوو فۆنێم(دەنگ)ی جیاواز مامەڵەی لەگەڵ بکرێت؟ ئایا واتای جیاواز سازدەکەن و ناتوانن لە هەموو بارێکدا لەبری یەکدی بێن؟.

بۆ نمونە لەم وشانەدا ناکرێت لەبری یەکدی بێن.(دۆخ، ساختە، رەخنە، بەخت، خواست، خستن، خەو. خۆڵەمێش…) بەڵام بۆ (غ) کە دەنگ و وشەیەکی عەرەبیە و تێکەڵی زمانی کوردی بووەو بووەتە بەشێک لە زمانەکەمان دەتوانین (خ) لەبری دابنێین. (ئاغا، غوبار، بوغز، غه‌در، بناغه‌، کاغه‌ز، قەلغان، نغرۆبوون، یاساغ‌کردن قۆناغ، جوغز، قه‌ره‌داغ، غه‌ریزه‌، سۆراغ، غەریب…) بەهۆکاری خۆماڵێتی دەنگی /خ/ەوە ناتوانین لەو وشانەدا، کە /خ/ن بیگۆڕین بە /غ/. بەڵام تاڕادەیەکی زۆر دەکرێت /غ/ بۆ /خ/بگۆڕێت. بەڵام لە هەموو دۆخێکدا بە بۆچوونی خۆم پێموایە /غ/ بەهۆی زۆر تێکەڵبوونی بەزمان و فەرهەنگی کوردی شوێنی خۆی کردوەتەوە، ناکرێت بەرەهایی بە ئەلۆفۆنی /خ/ دابنرێت، کە هەندێک لە زمانناسەکان ئەم بۆچوونەیان هەیە(١٤٦). لەگەڵ ئەوەشدا بڕیاری ئەمە لای زمانناسەکانە، کە ئایا سەربەخۆن یاخود نا، بەڵام لەم کارەدا ‘غەم’ لە شیعرەکاندا وەک خۆی دەنووسمەوە، بەڵام لە شیکاریەکەدا وەک خەم نووسیومە.

دوو جۆر خه‌م
گه‌ر ده‌پرسی من له‌به‌رچی که‌م ده‌خۆم
من به‌ برسی قه‌ط مه‌زانه‌، غەم دەخۆم
ئاوی سوێری چاو و باری تاڵی لێو
سوێر و تاڵی دەم دەم و ژەم ژەم دەخۆم…
ئاوی کەوثەر نۆشی صوفی بێ کە من
ئاوی ئینسان، یەعنی ماچی دەم دەخۆم…
تاڵی بێ یارو دیار و تارو مار
عەلقەمی چی؟ ئەرقەمی چی؟ سەم دەخۆم
نه‌وعه‌ ئینسانێ هه‌یه‌ غه‌م قوتییە
من غه‌می خۆم و غه‌می عاله‌م ده‌خۆم
غه‌م ده‌ڵێ: ‘نالی’ که‌ غه‌م‌خواریم نه‌کا
ناعیلاجم من به‌نی ئاده‌م ده‌خۆم

له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تێبینی ده‌که‌ین شاعیر مامه‌ڵه‌یه‌کی جیاواز له‌گه‌ڵ خه‌م‌دا ده‌کات. ئه‌وه‌ی پرسیاری لێده‌کات، نیگه‌ران و خه‌مبارە، چونکە که‌م ده‌خوات(نیشاندانی جۆرێک لە هاوخەمییە). وه‌ڵامی ئه‌و پرسه‌ نیگه‌رانئامێزه‌ی ده‌رخه‌ری هاوخەمیەکی دیکەی گشتییە، واتە شاعیر هاوخەمی پرسی بۆ خەمی بۆ کەم دەخۆی بە هاوخەمیەکی گشتی دەداتەوە. ئەمەش دوو تێگه‌یشتنی جیاواز بۆ دیاردەی خەم لەم شیعرەدا. چونکە شاعیر خۆراکێکی دیکه‌ی جیاواز له‌ خۆراکی ماددی هه‌یه‌، ئه‌و خۆراکه‌ زیاتر ده‌خوات و تێریشی ده‌کات.

ئه‌مه‌ له‌لایه‌ک روویه‌کی راستی که‌سی خه‌مباره‌، که‌ خه‌می هه‌بوو که‌م ده‌خوات. لێره‌دا خه‌م بریتییه‌ له‌ خۆراک(خەمی خۆراک). هاوکات له‌پشت وه‌ڵامه‌که‌وه‌ تێبینی ناڕه‌زایه‌تی له‌م خۆراکه‌ تایبه‌ته‌ ناکرێت، به‌ڵکو له‌ خۆراکه‌ ماددییه‌که‌ زیاتر شه‌یدایی و پێویستی نیشاندراوه‌. لێره‌دا ده‌توانین دوو جۆر مرۆڤ و دوو جۆر خه‌م ده‌ستنیشان بکه‌ین. مرۆڤێک خه‌میی خۆراکی ماددییه‌تی، مرۆڤێکیش خه‌می خۆراکی رۆحی یان خەمی خودی خەمی مرۆڤی هه‌یه‌. مرۆڤێ خه‌م و خۆراکی ماددی بۆ یه‌که‌، مرۆڤێک خه‌م وه‌ک خه‌م لا گرنگه‌. مرۆڤێک خه‌م ده‌یخوات، مرۆڤێک خه‌م ده‌خوات. له‌به‌رئه‌وه‌ دوو مرۆڤی جیاوازن و بیرکردنه‌وه‌و تێگه‌یشتنی جیاوازیان هه‌یه. ده‌توانین بڵێین ئه‌و مرۆڤه‌ی خه‌م ده‌یخوات مرۆڤێکی رۆژانه‌ییه‌و ته‌نیا خه‌می رۆژییه‌تی، له‌به‌رئه‌وه‌ خه‌م خواردویه‌تی، به‌ڵام مرۆڤه‌که‌ی دیکه‌ رۆژانه‌یی نییه‌و خاوه‌ن جیهانبینیه‌که‌و خه‌می رۆژانه‌ نه‌یکردووه‌ته‌ پارو.

شاعیر له‌ دێڕی دووه‌مدا وه‌سفی ئه‌و جۆره‌ خۆراکه‌ی ده‌یخوات ‘سوێر و تاڵ’ ده‌کات. ئه‌م سوێری و تاڵیه‌ بریتییه‌ له‌ ئاوی گریان. تێبینی ده‌که‌ین گه‌ر مرۆڤی یه‌که‌م، مرۆڤێکی لاواز بێت، ئه‌وا ئه‌م مرۆڤه گریاناویه‌ش لاوازه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی واده‌کات ئه‌م لاوازییه‌ بڕه‌وێته‌وه‌ دێڕه‌کانی دواتره‌، که‌ شاعیر نیشانی ده‌دات به‌هێزییه‌ مرۆڤ ئازارو گریانی خۆی بکاته‌ خۆراک، ئه‌م ئازارو گریانه‌ لای شاعیر له‌ ئاوی که‌وسه‌ر گرنگتره‌. هه‌رچه‌ند له‌ لێکدانه‌وه‌که‌ی مه‌لا عبدولکریم و کوڕه‌کانیدا گومانیان له‌و دوو نیوه‌ دێڕه‌ کردووه‌، که‌ هی نالی بێت چونکه‌’ئاوی ئینسان-ماچی ده‌م’هاتووه‌. به‌ڵام بۆ دڵنیایی ده‌بێت بڵێم له‌ لێکدانه‌وه‌ ساده‌که‌دا ئاوی ئینسان=گریان، ماچی ده‌م بریتییه‌ له‌ هاتنه‌خواره‌وه‌ی گریان بۆ نێو ده‌م، شاعیر به‌ ‘ماچی ده‌م’ بۆ جوانکردنی ئازاره‌که‌ی گوزارشتی لێکردووه‌.

لێره‌دا نامه‌وێت بۆ لێکدانه‌وه‌ی شیعره‌که‌ بچمه‌ نێو بواری جیاوازه‌وه‌، به‌ڵکو زیاتر مه‌به‌ستمه‌ له‌م شیعره‌دا له‌ خه‌م ڕابمێنم. به‌ڵام له‌م دوو نیوه‌ دێڕه‌دا
تاڵی بێ یارو دیار و تارو مار
عەلقەمی چی؟ ئەرقەمی چی؟ سەم دەخۆم

شاعیر به‌ وردی ده‌ستنیشانی خه‌مه‌که‌ی، که‌ له‌چییه‌وه‌ هاتووه‌ ده‌کات. تاڵی بێ یار-دیار.. شاعیر خه‌می بێ یارو دوور له‌ نیشتمان ده‌خوات. بێگومان ئه‌م خه‌مه‌ گه‌لێک گه‌وره‌ترو فراوانتره‌ له‌ خه‌می رۆژانه‌یی و خه‌می خۆراک په‌یداکردن. شاعیر ستایشی ئه‌م خه‌مه‌ گه‌وره‌یه‌ ده‌کات و نایگۆڕێته‌وه‌ به‌ ئاوی که‌وسه‌ر. لێره‌شدا زه‌مینه‌ سازده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی پەیوەندی له‌گه‌ڵ خه‌مدا بکات و بوار بۆ خه‌م بکاته‌وە، تاوه‌کو خه‌م خۆی بدوێنێت. ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ خه‌مدا جۆره‌ هاوڕێیه‌تیه‌که‌. به‌ واتایه‌کی دیکه‌ یه‌کێتی یار و نیشتمان ده‌گۆڕێت بۆ یه‌کێتی له‌گه‌ڵ خه‌م وه‌ک جێگر و پاشماوه‌یان. هاوکات ئه‌م خه‌مه‌ گه‌وره‌یه‌ ده‌توانێت خه‌مه‌ بچووکه‌که‌ هه‌ڵگرێت، به‌ڵام خه‌می بچوک ناتوانێت خه‌می گه‌وره‌ هه‌ڵگرێت.

شاعیر لەبەرامبەر هاوخەمی کەم‌خواردندا، بواری رەخنەگرتن لەو جۆرە مرۆڤانە دەکاتەوە، کە خەمی مرۆڤیان نییەو تەنیا خەمی خۆراکیانە. یاخود ئاوی کەوسەر دەکرێت جگە لە رووە مادیەکەی وەک دابڕانی سۆفی لە ژیانی مرۆڤ بێت، کە تەنیا خەمی بەدەستهێنانی ئاوی کەوسەریەتی و بیری لای مرۆڤ نییەو خەمی مرۆڤ ناخوات، بەڵکو خەمی ئاوێکی بان زەمینی هەیە؛ لە کاتێکدا ئاوی گریانی مرۆڤ گرنگتر و نزیکترە. شاعیر لەسەر زەویەو خەمی یارو نیشتمانی هەیە، واتە وەک جۆرە هەڵوێستێک لەبەرامبەر سۆفیاندا، کە خەریکی ژیانی دنیاو ئازارەکانی مرۆڤ نین.

خه‌م ده‌دوێت
نه‌وعه‌ ئینسانێ هه‌یه‌ غه‌م قوتییە
من غه‌می خۆم و غه‌می عاله‌م ده‌خۆم
غه‌م ده‌ڵێ: ‘نالی’ که‌ غه‌م‌خواریم نه‌کا
ناعیلاجم من به‌نی ئاده‌م ده‌خۆم

ئه‌م به‌شه‌ی شیعره‌که‌ گه‌لێک گرنگه‌. ئه‌وه‌ی گرنگه‌ له‌م شیعره‌دا ئیراده‌ی هێنانه‌گۆی خه‌مه‌، یاخود زه‌مینه‌سازکردنه‌ بۆ دواندنی خه‌م. شاعیر له‌ دێڕی یه‌که‌مدا باسی جۆری ئه‌و مرۆڤانه‌ ده‌کاتل که‌ خه‌م خواردونی. دێڕی دووه‌م باسی خۆی ده‌کات، که‌ چۆن خه‌می خۆی و خه‌می هه‌موو خه‌ڵکیش ده‌خوات. وه‌ک لێکدانه‌وه‌یه‌کی وجودی بۆ خه‌م، ئه‌م شیعره‌ چه‌ند راستییه‌کمان پێده‌ڵێت.

یه‌که‌م خه‌م بوونی هه‌یه‌، بوونه‌که‌شی هه‌ستیارانه‌یه‌. ده‌توانین له‌گه‌ڵ خه‌م بدوێین، به‌ڵام خه‌م له‌گه‌ڵ کێ ده‌دوێت؟ شاعیر له‌ دێڕی یه‌که‌مدا تانه‌ له‌و که‌سانه‌ ده‌گرێت، که‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ خه‌م مامه‌ڵه‌یه‌کی وجودیانه‌ نییه‌و ‘ڕق’یان لە خەمەو دژی خەمن بیانتوانیایە دەیانکوشت. بێگومان خه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌م جۆره‌ مرۆڤانه‌ ناتوانێت بدوێت. به‌ڵام شاعیر پەیوەندییەکی وجودی له‌گه‌ڵ خه‌م دەگرێت، کاتێک خه‌می خۆی و خه‌می عاله‌م ده‌خوات. بێگومان ئه‌م خه‌م خواردنە، له‌ خه‌م‌خواردنی خه‌ڵک جیاوازە. ئه‌و خه‌ڵکه‌ خه‌می بچوک ده‌خۆن، له‌به‌رئه‌وه‌ تێگه‌یشتنیشیان بۆ خه‌م بچوکه‌، به‌ڵام شاعیر خه‌می گه‌وره‌ ده‌خوات، تێگه‌یشتنیشی بۆ خه‌م گه‌وره‌یه‌. واته‌ خه‌ڵکی خه‌میان بۆ ژیانی رۆژانه‌یان ده‌وێت چۆن ژیانیان به‌ڕێ‌بکه‌ن و پاره‌و خواردن ده‌ستبخه‌ن، یاخود سۆفی خەمی دنیایەکی دیکەو ئاوی کەوسەریەتی؛ به‌ڵام شاعیر ئه‌م جۆره‌ خه‌مه‌ ناخوات.

له‌به‌رئه‌وه‌ پەیوەندی له‌گه‌ڵ خه‌م پەیوەندیەکی کاڵائامێز نیه‌، به‌ڵکو پەیوەندیەکی وجودیانه‌یه‌. ئه‌وان خه‌میان پێویسته‌ بۆ ئه‌وه‌ی دژی خه‌م بووه‌ستن، خه‌میانه‌ ئه‌وکاته‌ی نانیان ده‌ستناکه‌وێت، گه‌ر نانیان هه‌بوو خه‌میان ناوێت؛ سۆفیش خەمی ئاوی کەوسەریەتی و ئاوی گریان و ژیانی خەمی لەبیرکردووە(ئەوان بیر له‌وه‌ ناکه‌نه‌وه‌ خه‌میش پێویستی به‌ ئه‌وانه‌) به‌ڵام شاعیر خه‌می خه‌م ده‌خوات. ئه‌م پەیوەندیە وجودیه‌ له‌گه‌ڵ خه‌م بوار ده‌داته‌ خه‌م بدوێت و خۆی به‌یانبکات. هاتنه‌گۆی خه‌م ده‌رخه‌ری پەیوەندی وجودیه‌ له‌گه‌ڵ خه‌م. خه‌م له‌ هاتنه‌گۆیدا ده‌ریده‌خات؛ که‌ بۆچی خه‌م خه‌ڵکی ده‌خوات؟ خه‌م ده‌ڵێت خه‌ڵکی هه‌ر بیر له‌ خۆیان ده‌که‌نه‌وه‌و هه‌رگیز بیر له‌ خه‌م ناکه‌نه‌وه‌، ئه‌وکاته‌ی نانیان ده‌ستکه‌وت ئیدی خه‌میان له‌بیر ده‌چێت، نازانن خه‌میش پێویستی به‌ که‌سێکه‌ خه‌می بخوات و هاوده‌می بێت. لێره‌وه‌یه‌ هاوده‌می خه‌م ئیدی له‌وه‌ ده‌رده‌چێت خه‌م ناشیرین بێت.

بە واتایەکی دیکە ئەم سیمابەخشینە بە خەم و جوانکردنی لای نالی و ناشیرنی لای ئەوان، پەیوەندی بە جیهانبینی و مامەڵەو پەیوەندییەوە هەیە، نەک ئەوەی خۆی لە خۆیدا وابێت. بۆ نمونە کاتێک من هاوڕێیەکم هەیە، ناشیرنی روخساری ئەو کاریگەری لەسەر خۆشەویستیم بۆی نییەو بگرە بیر لەوەشناکەمەوە، بەڵام کەسانێک، کە هاوڕێی هاوڕێکەم نین سەرنجی روخساری دەدەن و بڕیار لە هاوڕێکەم دەدەن، وەک چۆن حەبیبەی لای نالی بۆ نالی خێل و قیچی تەنیا لە چاوی ئەوانیترەوەیەو لای نالی ئەمە جوانییە نەک ناشیرینی، ئەوانیش سەرنجی خێلی دەدەن، دەنا بۆ نالی جێگەی سەرنج نییە. خەڵکیش بێئەوەی خەم بناسن رقیان لێیەتی، بەڵام نالی بەهۆی هاوەڵی خەمەوە دەیلاوێنێتەوەو خەمی دەخوات.

په‌نا بردنی خه‌م بۆ شاعیر ده‌رخه‌ری ئه‌و روانینه‌ وجودییه‌، که‌ شاعیر وه‌ک که‌ره‌سه‌و ئامێر مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ وجوددا ناکات. واته‌ پەیوەندی له‌گه‌ڵ خه‌م مامه‌ڵه‌کردنێکی ئایدۆلۆژیانه‌ نیه‌، به‌و مانایه‌ی ته‌نیا رووی شته‌کان بۆ مرۆڤ و له‌پێناو مرۆڤدا ببینێت. هاوکات هه‌ستی بوونیش ده‌کات، هه‌ستکردن به‌ بوون گوێلێگرتنە لە خه‌م؛ تا خۆی به‌یانبکات.

لای خه‌ڵکی که‌ ته‌نیا خه‌می رۆژانه‌یانه‌و مامه‌ڵه‌ی ئایدۆلۆژی و رۆژانه‌یی له‌گه‌ڵ خه‌مدا ده‌که‌ن ته‌نیا له‌ چاوی خۆیانه‌وه‌ سه‌یری خه‌م ده‌که‌ن؛ به‌ڵام لێره‌دا له‌ چاوی خه‌مه‌وه‌ سه‌یری خه‌م و مرۆڤ کراوه‌. واته‌ گه‌ر فینۆمینۆلۆژیانه‌ بڵێین جۆره‌ که‌وانه‌کردنه‌وه‌یه‌که‌ بۆ ئه‌و بیرکردنه‌وه‌و وێنانه‌ی بۆ خه‌م هه‌یه‌، لایانده‌بات و بوار بۆ خه‌م ده‌کاته‌وه‌ خۆی ده‌ربخات. خه‌م لێره‌دا خۆی به‌یانده‌کات و ده‌ڵێت منیش برسیم و پێویستم به‌ که‌سێکه‌ خه‌مم بخوات. واته‌ ئه‌و روانینه‌ ئایدۆلۆژیه‌ی هه‌یه‌ فه‌رامۆشکراوه‌ که‌ ته‌نیا به‌چاوی خۆمان خه‌م وێنا بکه‌ین و ئه‌ویتر له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆمان به‌کاربهێنین. نالی خه‌می بیستووه‌، گوێی بۆ خه‌م گرتووه‌ تا خۆی به‌یانبکات نه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌و روانینی خۆی به‌سه‌ر خه‌مدا بسه‌پێنێت. لێره‌وه‌ پێموایه‌ ئه‌م روانینه‌ پێشمه‌رج و ئایدۆلۆژیایه‌ بۆ دنیا و شته‌کان بووه‌ته‌ هۆکاری ده‌رنه‌که‌وتنی رووی راستی دیارده‌کان. چونکه‌ کاتێک دیارده‌کان به‌ تێگه‌یشتنی ئایدۆلۆژیا و پێشینه‌ بارگاوی ده‌بن‌و بواری ئازادانه‌ی خۆده‌رخستنیان لێداده‌خرێت ئیدی رووی راستی خۆیان ده‌رناخه‌ن.

کاتێک خه‌م ده‌بێته‌ که‌ره‌سه‌و هۆکارێک بۆ تێپه‌ڕکردنی هه‌ستی ناخۆشی و برسێتی و مامه‌ڵه‌ی دوژمنکارانه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌کرێت(خه‌م له‌ ژیانی رۆژانه‌دا ئه‌و شته‌یه‌؛ که‌ ده‌بێت له‌ناویبەرین) ئه‌وکات خه‌م به‌ڕاستی ده‌بێته‌ دوژمن، به‌ڵام کاتێک بواری ئازادانه‌ بۆ خه‌م ده‌کرێته‌وه‌ چیدی خه‌م دوژمن نییه‌و ده‌کرێت خه‌م به‌رهه‌مهێن و هاوسۆزی بێت. له‌م پەیوەندیەدا لەگەڵ خه‌م، خه‌م راستیه‌ک به‌یانده‌کات کاتێک ده‌ڵێت ‘ناعیلاجم من به‌نی ئاده‌م ده‌خۆم’ لێره‌دا ‘ناچاری’ مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌، که‌ خه‌ڵک خۆیانن به‌ دوژمنایه‌تی من واده‌زانن من له‌ناو ده‌به‌ن؛ نازانن ئه‌م دوژمنایه‌تیە هۆکاری خه‌مە بۆیان.

واته‌ کاتێک خه‌ڵک من به‌ دوژمنی خۆیان ده‌زانن و له‌خۆیانم دوور ده‌خه‌نه‌وه‌، زیاتر من زیاتر ده‌بمه‌ دوژمنیان نه‌ک له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌ڕاستی من حه‌ز به‌ دوژمنایه‌تیان ده‌که‌م، به‌ڵکو ئه‌وان وه‌ک خۆیان له‌بیر کردووه‌ که‌ خه‌م به‌شێکی دانه‌بڕوای خۆیانه‌و دوژمنایه‌تی له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌که‌ن؛ دوژمنایه‌تی من دوژمنایه‌تی خۆیانه‌. هێنانه‌گۆی خه‌م، من خه‌می خۆم و خه‌می عاله‌م ده‌خۆم لێره‌دایه‌، که‌ خه‌م ده‌ڵێت نالی به‌ڕاستی تۆ مادام خه‌م به‌ دانه‌بڕاو له‌بوونی خۆت ده‌زانیت، ئه‌وا ته‌نیا تۆیت ده‌توانیت خه‌می من بخۆیتخه‌ڵکی من به‌ دوژمنی خۆیان ده‌زانن و ناتوانن له‌وه‌ تێبگه‌ین، خه‌م هی خۆیانه‌و له‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆیان نییه‌(خەم بۆ خەم، دەکرێت بێ‌خەمی بێت، چونکە نالی هیچکام لەو خەمانەی نیە، کە ئەوانیتر هەیانە). پێموایه‌ ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه‌ زیاتر بوونخوازانه‌یه‌و له‌ خواره‌وه‌ش هه‌وڵده‌ده‌م خوێندنه‌وه‌ی جیاوازی بۆ بکه‌م.

ده‌شتوانین جیاواز و تێهه‌ڵکیش له‌ خوێندنه‌وه‌که‌ی سه‌ره‌وه‌ ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه‌شی بۆ بکه‌ین. له‌م شیعره‌دا نالی وه‌ک مرۆڤدۆست‌و موسا، که‌ خۆی له‌بری گشت قوربانی‌ ده‌کات، نیشان ده‌دات. له‌ دێڕی یه‌که‌مدا باسی ئه‌و خه‌ڵکه‌ ده‌کات، که‌ به‌ناوی خه‌مخواردنه‌وه‌ ته‌نیا هه‌ڵپه‌ی نان و ئاویانه‌و بیر له‌که‌سی دیکه‌ ناکه‌نه‌وه‌و به‌رده‌وامیش ده‌ڵێن خه‌می یه‌کدی ده‌خۆین و دڵسۆزی یه‌کدین؛ به‌ڵام ته‌نیا بیریان لای خۆیانه‌و به‌س. نالی ده‌ڵێت من جگه‌ له‌وه‌ی خه‌می خۆممه‌ خه‌می خه‌ڵکیشمه‌. بۆ ئه‌وه‌ی راستی خه‌مخۆریه‌که‌ی بسه‌لمێنێت خه‌م ده‌هێنێته‌ گۆ، خه‌میش پشتڕاستی خه‌مخواری نالی بۆ خه‌ڵکی ده‌کات و ده‌ڵێت خه‌ڵکینه‌ گه‌ر نالی نه‌بێت من هه‌مووتان ده‌خۆم، به‌ڵام ئه‌وه‌ نالی وه‌ک موسا یان قازی محه‌مه‌د، له‌بری گشت خۆی کرده‌ قوربانی‌ ئه‌ویش خۆی ده‌کاته‌ قوربانی‌ ئێوه‌و من ده‌خوات بۆ ئه‌وه‌ی ئێوه‌ له‌ ده‌ست من رزگارتان بێت(واتە کاتێک شاعیر خودی خەم دەخوات ئیدی خەم بوونی نامێنێت). شاعیر بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م خۆباڵاکردنه‌ی خۆی بشارێته‌وه‌ ‘خه‌م’ خۆی هێناوه‌ته‌گۆ، تاوه‌کو له‌ ده‌می ئه‌وه‌وه‌ دڵسۆزی و خه‌مخواری خۆی نیشانبدات.

به‌ڵام لێرەدا پێموایه‌ مامه‌ڵه‌کردنه‌ له‌گه‌ڵ خه‌م مامه‌ڵه‌کردنێکی ئایدۆلۆژیانه‌یه‌و خه‌م ناکرێت له‌بری یه‌کدی بخورێت. به‌ڵکو هه‌ریه‌که‌و خه‌می خۆی ده‌خوات، ده‌کرێت نیگه‌ران و دڵمان لای یه‌کدی بێت و خه‌می یه‌کدی بخۆین، به‌ڵام ئه‌مه‌ مانای رزگارکردنی به‌رامبه‌ر له‌ خه‌م نییه‌، به‌ڵکو مانای دڵسۆزی و هاوبه‌شیکردنه‌. ئه‌مه‌ش ئه‌و راستییه‌ ناشارێته‌وه‌، که‌ به‌م هاوبه‌شیکردنه‌ خه‌م له‌ناونابرێت، چونکه‌ له‌ناوبردنی خه‌م یه‌کسانه‌ به‌ له‌ناوبردنی خۆمان. واته‌ گه‌ر لێره‌دا نالی خه‌می خه‌ڵکی له‌ناوبردێت ئه‌وا وه‌ک ئه‌وه‌یه‌ خه‌ڵکی له‌ناوبردبێت. له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ سازکردن و بڵاوکردنه‌وه‌ی وه‌همه‌ به‌ خه‌ڵک بڵێیت من خه‌متان له‌ناوده‌به‌م، له‌ناوبردنی خه‌م له‌ناوبردنی وجودیانه‌. بەڵام دەکرێت وەک ئەدۆرنۆ پێیوایە شیعری لیریکی، کە خودیە، هاوکات توانای گەردونیەتی هەیە. لێرەشدا شاعیر لە خەمی خودی خۆیەوە بۆ خەمی عالەم دەچێت، بەڵام خەڵکی لەسنوری خەمی خودیدا گیردەکەن و ناتوانن گەردونی ببنەوە(١٤٧).

بێگومان کاتێک خه‌م وه‌ک به‌شێکی وجودی دانه‌بڕاو مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ین، تێده‌گه‌ین خه‌م له‌ کوێوه‌ دێت و ده‌ره‌کی نییه‌، ناوه‌کیه‌و ده‌ره‌کی ده‌بێته‌وه‌. چونکه‌ مرۆڤ بوونێکی خه‌ماوی هه‌یه‌، ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیه‌ی مرۆڤ واده‌کات خه‌می خۆیان و یه‌کدی بخۆن. مرۆڤ له‌گه‌ڵ مرۆڤ و شته‌کاندا ده‌ژی و لێیان دابڕاو نییه‌و خه‌میان ده‌خوات و نیگه‌رانیانه‌. گه‌ر مرۆڤ بوونێکی خه‌ماوی نه‌بێت ناتوانێت نیگه‌ران و خه‌می ئه‌وانیترو شته‌کانی دیکه‌ نه‌خوات. لێره‌وه‌یه‌ شاعیر له‌وه‌ تێگه‌یشتووه‌ که‌ خه‌م بوونی ئه‌وه‌و دابڕاو نییه‌ لێی بۆیه‌ خه‌میان ده‌خوات.

هاوڕێیه‌تی خه‌م

شادمانی بێ وه‌فایه‌، یاری تێری و مه‌ستییه‌
یاری ته‌نگانه‌م غه‌مه‌ با هه‌ر غه‌می خۆم، خۆم بخۆم

لێره‌دا باشتر وێنه‌ی خه‌م روونده‌بێته‌وه‌، کاتێک به‌رامبه‌ر خه‌م، شادی ده‌هێنێت. شاعیر جیاوازی خه‌م و شادی نیشانده‌دات. شادی بۆ شاعیر بێ وه‌فایه‌. بێ وه‌فا بریتییه‌ له‌وه‌ی هاوده‌می نییه‌و لێی هه‌ڵدێت. یاخود شادی هاوده‌می تێری و مه‌ستیه‌، خه‌ڵکی کاتێک تێرده‌بن شادو مه‌ستده‌بن‌و خه‌م له‌بیر ده‌که‌ن، به‌ڵام خه‌م وه‌فاداره‌. جگه‌له‌وه‌ی ده‌توانین خوێندنه‌وه‌یه‌کی روشتیانه‌ بۆ خه‌م و شادی بکه‌ین، که‌ خه‌م ڕه‌وشتدارو شادی بێ ڕه‌وشته‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی بێ‌وه‌فایه‌. که‌سی بێ‌وه‌فا و خیانه‌تکار ئه‌وه‌یه‌ په‌یمانی دۆستایه‌تی ده‌شکێنێت.
هاوکات ده‌شتوانین به‌ مامه‌ڵه‌ بوونخوازییه‌که‌ بڵێین شاعیر راسته‌ شادمانی به‌ بێ‌وه‌فا نیشانده‌دات، به‌ڵام ئه‌وه‌شی ده‌رخستووه‌، که‌ گه‌ر خه‌م بوونێکی دانه‌بڕاوو و وجوی هه‌بێت، ئه‌وا شادیش به‌هه‌مانشێوه‌یه‌، به‌ڵام دۆخی ژیان به‌جۆرێکه‌ که‌ خه‌م وه‌فادارو شادی بێ‌وه‌فایه‌، یاخود خه‌م به‌رده‌وام ئاماده‌یه‌و شادی نائاماده(دیوە رەشبینیە وجودیەکە زەقکراوەتەوە)‌. هاوکات شاعیر وه‌ک دۆست و یار مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ خه‌م ده‌کات.
هه‌روه‌ها خاڵێکی جه‌وهه‌ری ئه‌وه‌یه‌ خه‌می خۆی، خۆی ده‌یخوات. واته‌ لێره‌دا ئه‌وه‌ ده‌رخراوه‌ که‌ خۆم ده‌توانم خه‌می خۆم بخۆم که‌س ناتوانێت خه‌می من بخوات. تێبینی بکه‌ین له‌ پشت واتای شیعره‌که‌وه‌ ئه‌و واتا نه‌رێنیه‌ی خه‌م تێکشکێنراوه‌، شاعیر له‌ دێڕی یه‌که‌مدا سه‌رزه‌نشتی شادی ده‌کات و به بێ‌وه‌فا دایده‌نێت. هاوکات هاوڕێ به‌ تێری و مه‌ستی ده‌یهێنێت، که‌ شاعیر دژی تێرییه‌و مه‌یلی بۆشایی هه‌یه‌. هه‌روه‌ها شادی ناتوانێت خۆی بناسێت؛ چونکه‌ له‌گه‌ڵ مه‌ستیدا تێکه‌ڵه‌. به‌ڵام خه‌م یارو هاوده‌مه‌، نه‌ک له‌ خۆشیدا، به‌ڵکو له‌ ته‌نگانه‌شدا لێمدورناکه‌وێته‌وه‌. هه‌روه‌ک ده‌یه‌وێت بڵێیت له‌گه‌ڵ خه‌م بوون یه‌کسانه‌ به‌ هۆشیاری نه‌ک مه‌ستی. لێره‌دایه‌ خه‌م ته‌نیا رووکاری نه‌رێی نییه‌و وه‌فاو به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی هه‌یه‌. که‌لتووری کورد له‌زۆر باردا دژی سه‌گه‌، به‌ڵام کاتێک وه‌فا ده‌درێته‌ پاڵ سه‌گ، ئه‌و رووه‌ ناشیرینه‌ی ناهێڵێت، لێره‌شدا وه‌فاداری خه‌م نه‌هێشتنی رووه‌ نه‌رێنیه‌که‌ی خه‌مه‌. هاوکات له‌ شیعره‌که‌دا جۆره‌ که‌سایه‌تیه‌کی دڵسۆز به‌ خه‌م به‌خشراوه‌.

*ـ ئەمە بەشێکە لە کتێبێک لەبارەی نالی‌یەوە، لەبەرئەوەیە کە لیستی سەرچاوەکان لێرەدا نییە..

Previous
Next

Leave a Reply