Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
هەمیشە ئازادیت بەخێر…كازم قادر

هەمیشە ئازادیت بەخێر…كازم قادر

Closed
by January 12, 2008 ئەدەب

بێوەفایی نییە ئەگەر دەڕۆی..گوڵم
بڕۆ..هەمیشە سەفەرت بەخێر
كوفر نییە گەر دەڕۆیت و
من لە ئاگرێكدا بەجێدێڵیت..
لێمگەڕێ قەقنەسم..لە خۆڵەمێشی من با ئازادی بڕوێ
بڕۆ..با من ناكۆتا بسووتێم و
با..تۆ ناكۆتا لە باڵ بدەی
من بە ئاگرەوە جوانم.. وەك پەیكەری بڵێسەیەك لە ئازادی تۆدا
من بەسووتانەوە مرۆڤم..
لێگەڕێ..بە خۆڵەمێشبم.
بڕۆ هەموو ڕۆژێك لە حزوری خوادا
سێوێك بكرمێنەو دەم بە ئادەمێكەوە بنێ..
ئادەمێك لە بەهەشتی مەرگ ڕزگار بكە
لە بچووكی خۆیی و گەورەیی خوا پەشیمانیكەوە
لە تەنهایی خۆیی و كۆیلایەتی بۆ خوا ڕزگاریكە
یاخیبە ئەی ژن..خواردنی حەرامی عەشقت بە خێر..
ئەی ژن..نەفرەت لە بەهەشت و خوات بەخێر.

تۆ دەخوازی عەشقیتر ببینی
ماچیترو..بۆی ئادەمیزادیتر
لە باڵدە..بۆی مرۆڤیترت بە خێر.

من ئەو عاشق و شاعیرە جاهیلانە نیم
بە نێوی خۆشەویستییەوە زیندان دروست بكەم
لە ترسی تەنهایمدا شاباڵەكانی ئازادی بقرتێنم
بۆ ئازادی دەلاقەیەكی بەرچاو تەنگم هەبێت
بۆ خۆشەویستی چوار دیوارو كڵاوڕۆژنەیەكی كوێر
بۆ پەیوەندی كەلەپچەیەك..
ماڵی خۆشەویستی من ئاسمانە
پەنجەرەی من.. لێكترازانی گەواڵەی هەورەكانە
تۆ دەتوانیت لەوێوە تیشك بنێری..
لەوێوە بفڕیت..ئەوێ هیچ مەرجێكی ناوێ بۆ فڕین..
نە خوا دەتوانێت بتگاتێ و
نە خورافەی هیچ ئایینێك
بەر بە قاقاو..
بەر بە سەماو چریكەت بگرێت.

كاتێك ئازادی باڵیگرت ئێمەش دەبینەوە بە مرۆڤ
چیتر نە خورافات كوێرمان دەكاو
نە پیاوبوونیش دەبێتە تەورو جەلاد.
تۆ لە شیعری منا ئازادیت..
لە سرودی منا نە سنوور هەیەو نە خالێك بۆ تێڕامان
لە مرۆڤایەتی منا نە موڵك هەیەو..
بۆ هاودەمیش..تەنها مەرجێكم هەیە:ئازادی
تەنها دوو باڵی گەورەی ئازادی
دوو باڵ..
ئەمیان لەمسەری ژیان و
ئەویان لەوسەری بوون..
بفڕە..شكاندنی تەوقی دیلێتیت بە خێر..ئەی ژن..

بڕۆ..نەكەی لە مەرگمدا ئاوڕ بدەیتەوە
كە تۆ بۆ ژیان سەفەر دەكەی..
ئازادیت بە ژیانەوەی من نەبەخشی
كە من هێندە مرۆیەكی بەرچاو تەنگبم
هێندە هاوڕێیەكی بێئاوەز..
هێند پیاوێكی گەوج..
كە دەرۆی ماڵئاواییم لێمەكە«ئاخر من وەڵامت نادەمەوە»
بفڕە وەك هەر باڵدارێكی كێوی
كە دەفڕێت و پرس بە هیچ ڕێسایەك ناكات
دەنیشێتەوەو..نرخ بۆ هیچ سنوورێك دانانێت..
ئازادی ئاسمانێكی بەرینە
ڕووتبەرەوە..
تەنها بە هەناسەی سروشت خۆت داپۆشە..
«ئەگەر مەیلی پۆشینت كرد»

وای لە ئێمە..ئاه  چ ڕەگەزێكی گەوجین..
چ مەخلوقێكی كوێر..
چ كۆیلەیەك لە حزوری خودایەكی نەخۆش..
من هەموو سپێدەی ڕۆژێك
كاتێك خۆر وەك ژنێك لە خۆشەویستیی هەڵبێت
وەك ژنێك..
 لە پیاوێكی تەنهاو بێحەوسەڵە هەڵبێت لە بەهەشتا..
بەیانیەك دەكرێت تێیدا شیعرێك بۆ ژیان بنووسمەوە
تێیدا گۆرانییەك بێژم..
دەم بە لێوی شمشاڵێكەوە بنێم بۆ خۆشەویستی
پیاسەیەك لە گەڵ ژنێكدا بكەم بە دۆزەخا..
كەجی لە حزوری كچەكەمدا كە هێشتا زمانی نەگرتوە
تەریق دەبمەوە..
ڕۆژی پێنج جار لەژنێك داوا دەكەم بمبەخشێت..
پێنج جار شەرابی سێو دەخۆمەوە
«دەمەوێت بە خوا بێژم ئایینی حەوا لە منا بەردەوامە»
پێنج جار خۆم دەشۆم تا لە پیاوبوونم پاك ببمەوە..
پێنج جار دەستی ژنێك ماچ دەكەم و
هەر جارەو پەیمان دەدەم
تا ئەبەد كڕنوش بۆ پەنجەكانی ببەم.

خواو مەسیح..گوناهی ئێمە پاك ناكەنەوە
ئێمە دەبێت لە ژندا پاك بینەوە
پێیان بێژین لە وەحشەتمان ببوورن
ئێمە كە قارەمانە وەحشیەكانی مێژوو بووین
ئەو شەرەفبازانە بووین
دەمانویست لە ئەتككردنی ئەواندا
گۆشەیەك لە وێرانەی بەهەشت بكڕینەوە..
لە كۆیلەكردنی ئەواندا خوا لە خۆمان ڕازیبكەین..
ئێمە كە میراتگری نەفرەتی خوا بووین لە عیشق..
لە هاودەمی و پەیوەندی مرۆیی ژن
هەرگیز..
لە ئاوێنەیەكدا تەریق نەبووینەوە
لە ڕۆخسارمان شەرممان نەكرد..
«ڕۆخسارمان.. چەشنی ڕۆخساری وەحشییەك لە نێچیرا»

پیاو..خۆت لە زەریاكان بهاوێ
ژنان لێمان دەڕشێنەوە..
پەشیمانبە لەو جوامێرییە هێند ناشیرینە
لە پیاوەتییە..خاڵییە لە مرۆڤایەتی
پەشیمانبە..تا سبەی مرۆڤایەتی بژیت

9.1.2008

Kazmkader72@yahoo.com

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.