Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
کورد و ئه‌مریکا ….عه‌زیز ڕه‌ئووف

کورد و ئه‌مریکا ….عه‌زیز ڕه‌ئووف

Closed

                      لەو پڵنگە بریندارە سڵ بەکەنەوە
                                                 فاروق ڕەفیق

ئەو دەوڵەتەى کە زیاد لە هەر دەوڵەتێکى تر تەنها بیر لە بەرژەوەندیەکانى خۆى دەکاتەوە ئەمریکایە. ئەو دەوڵەتەى کە کار لەسەر عاتیفە و فرمێسک و جینۆساید ناکات و تەنها کار لەسەر سیاسەتى دەرەوەى خۆى دەکات و هەر هەنگاوێکیش بە بەرژەوەندى خۆى نەکەوێتەوە، ئەوا ئامادە نابێت هەنگاوى دووەم بنێت، بێشک  ئەمریکایە.
هەرچەندە بیرمەندێکى وەکو نۆم چۆمسکى پێیى وایە ئەو مامەڵەیەى ئیدارەى سەرۆک بوش ئەنجامى دەدات ڕاى هەموو خەڵکى ئەمریکا نیە، هەرچەندە چۆمسکى لەنێوان ئیدارەى ئەمریکا و خەڵکى ئەمریکا جیاوازى گەورە دەدۆزێتەوە، بەڵام ناکرێت ئەوەش بشارینەوە، کە هەر خەڵکى ئەمریکا بوون بۆ جارى دووەم ئیدارەى بوش قبوڵ دەکەن و متمانەى ئەوەى دەدەنێ لە کۆشکى سپى بمێنێتەوە.
بەبۆچوونى زۆرێک لە شارەزایانى سیاسى ئەمریکا، ئیدارەى سەرۆک بوش ئیدارەیەکە زیاتر بیر لە چارەسەرى سەربازى دەکاتەوە، وەک ئەوەى بیر لە ڕێگایەکى تر بکاتەوە. بیرکردنەوە لە هەڵگیرساندنى جەنگ بەبێ گوێدانە ئەنجامەکانى جەنگ کارەسات بەدواى خۆیدا هەڵدەگرێت. گەر ویستمان کێشەیەک بە چەک چارەسەر بکەین، بێشک دەرئەنجاکانى چارەسەر کردنى ئەو کێشەیە، جگە لە زمانى چەک چیتر بەرهەم ناهێنێـت.
ئەوەى لەماوەى پێنچ ساڵى ڕابردوودا لە عیراق دەگوزەرێت، دۆخێکە کەمێک لە جەهەننەمەوە دوورە. ئەو بارودۆخەى عیراق کە چۆمسکى بە "زەلکاو" ناوى دەبات، دەرئەنجامى ئەو شەڕە نەگریسە بوو کە ئەمریکا پێش ئەوەى بیر لە ئەنجامەکەى بکاتەوە، هەڵیگیرساند. ئەمە هەرگیز بەو مانایە نییە، کە ڕوخانى دیکتاتۆر لە عیراقدا پێویست نەبوو، نەخێر. بێشک ڕوخانى ڕژێمى سەدام حسێن ڕوخانى دیکتاتۆرترین کارەکتەرى سەردەمە. بەڵام کێشە بەر لە هەرشت لەوەدایە، کە خەڵکى عیراق خۆیان خاوەنى ئەو ئیرادەیە نەبوون کە دیکتاتۆر بڕوخێنن.
پرۆژەى ئەمریکیەکان لە عیراقدا تا ئەم چرکەساتەش پرۆژەیەکە بۆ دروستکردنى چەندین دوژمنى جیاواز لەم وڵاتەدا. ئەمریکا لەماوەى پێنچ ساڵى ڕابردوودا نەیتوانى کەلتورى لێبوردن و قبوڵکردنى ئەوى دى لە کۆمەڵگەى عیراقیدا بچێنێت. بەڵکو ئەمریکا فێرى کردین کە دەسەڵات بە هەموو ڕەهەندەکانیەوە دەسەڵاتێکى جوانە. ئەمریکا لە عیراقدا هەرگیز بۆ چرکەیەکیش نەهات بیر لەوە بکاتەوە ئەم هەموو یاخیبوونە لە عیراقدا لەپاى چى؟ بۆ هەر هەوڵێکى یاخیبوونیش تەنهاو تەنها ڕێگاى ئۆپراسیۆنى سەربازى هەڵدەبژارد. هەر بۆیە تادێت ڕق و قینى عیراقیەکان بە کورد و عەرەبەوە بەرامبەر بە ئەمریکیەکان زیاد دەکات. ئەمەش بەر لە هەرشت پەویەندى بە ڕەفتارى مارێنزەکانەوە هەیە بەرامبەر بە خەڵکى ئەم وڵاتە.
پەویەندى نێوان کوردو ئەمریکا پەیوندیەکە ئەوەندەى لەسەر سۆز و عاتیفە وەستاوە، هێندە پەیوەندیەک نیە لەسەر ڕێکەوتنى ستارتیژى و پرۆتۆکۆڵ و متمانەى درێژخایەن. ئەوەى لە نێوان ئەمریکا و سەرکردە کوردەکاندا هەیە لە مجامەلە زیاتر چیدی نیە. ئەمریکیەکان بە سەرکردە کوردەکان دەڵێن ئێوە پاڵپشتى ئێمە بوون بۆ ڕوخانى ڕژێمى سەدام حسێن، ئێوە ئازا و جەربەزەن. سەرکردە کوردەکانیش سوپاسى سەرۆک بوش دەکەن بۆ بڕیارە بوێرەکانى سەبارەت بە ڕوخانى سەدام حسێن و ئازادکردنى خەڵکى عیراق و کوردستان. پەیوەندى نێوان کورد و ئەمریکا لەم مجامەلە سیاسیە زیاتر چیدى نیە.
هەر لە دواى پرۆسەى ئازادى عیراقەوە ڕاپۆرتەکەى بیکەر هامڵتۆن و پێشنیارەکانى دیمستۆرا نوسران و لە هەردووکیاندا بەژەوەندیەکانى گەلى کورد پێشێل کران و لە هەردووکیاندا ئەمریکا ئاگادارە و بۆ یەک دێریش باسى ئەوەیان نەکرد کە نابێت مافى کوردەکان پێشێل بکرێت. هەمیشە سەرکردە کوردەکان مجامەلەى ئەمریکیەکان دەکەن و ئەوەش ڕادەگەیەنن کە کورد جارێکى تر ئاوارە نابێتەوە و جینۆساید ناکرێتەوە. لەکاتێکدا ئەم قسانە هیچ گرەنتیەکیان لەگەڵدا نیە و ڕەنگە بە هەڵبژاردنى باراک ئۆباماى دیموکراتەکان بۆ سەرۆکى ئەمریکا سیاسەتى ئەمریکا لە خۆرهەڵاتى ناوەڕاستدا پێچەوانە بێتەوە و سوپاکەى لە عیراقدا بکێشێتەوە، ئەوسا ئەوەى زەرەرمەندى یەکەم دەبێت لەم گۆڕانە سیاسیەدا تەنها کوردەکانن، کە ناتوانن بەرامبەر بە زۆرینەى عەرەبى عیراقى بەرژەوەندیەکان بەرەو لاى خۆیان پەلکێش بکەن.
هەرچۆنێک بێت، پەوەندى نێوان کورد و ئەمریکا پەویەندیەکى ئاسایى نیە و بەپێى کات و سەردەمە جیاوازەکان دەگۆڕێت. دەستگرتن بە کراسەکەى ئەمریکاوە بەبێ هیچ پرۆتۆکۆڵێک، داخستى دەرگاکانى ترە و وا لە کورد دەکات بیر لە ڕێگەچارەى تر نەکاتەوە. پشتبەستن بە ئەمریکا هیچى نەکردبێت شەقامى کوردى بێدەنگ کردووە. هەر کاتێک سیاسەتى ئەمریکا بەرامبەر بە کورد گۆڕانى بەسەردا هات، ئەوا هەم پاڵپشتى دەرەوە دەدۆڕێنین و هەم کورد ناتوانێت پشت بە شەقامەکانى ببەستێت، چونکە بەرپرسانى کورد هەموو هەوڵێکى یاخیبوونى لە ڕۆحى تاکەکانی ئەم کۆمەڵگەیەدا کوشتووە.
azizrauf2003@yahoo.com

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.