Skip to Content

239 Views

عه‌ره‌بستانی سعودی و خه‌ونی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان  … ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

عه‌ره‌بستانی سعودی و خه‌ونی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان … ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

Be First!
by September 29, 2016 General
image_print

له‌م رۆژا‌نه‌دا دوژمنایه‌تی له‌ نێوان دوو وڵاتی ئیسلامی گه‌وره‌و ده‌وڵه‌مه‌ندو كۆنه‌په‌رست و دوواكه‌وتوو ( ئێران و عه‌ربستانی سعودییه‌) به‌ هؤی مه‌زهه‌ب و ده‌مارگیری نه‌ته‌وه‌یی شیعه‌و سوننه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ لوتكه‌و سه‌ر ئێسقان و هه‌ردوولا له‌ رۆژنامه‌و رادیۆو ته‌له‌فزیۆن و سه‌ته‌لایت و هه‌موو به‌شه‌كانی راگه‌یاندن و ماس میدیا هێرش ئه‌كه‌نه‌ سه‌ر یه‌كترو ئه‌وه‌ی سه‌یره‌ لاف و گه‌زافی مرۆڤدۆستی و دیمو‌كراسی لێئه‌ده‌ن.
هه‌ر له‌م رۆژانه‌دا هه‌ندێ كه‌س له‌وانه‌ی ماڵپه‌ری كوردییان بۆ ئاماده‌ كراوه‌و پاره‌ی نووسین وه‌رئه‌گرن، خۆشحاڵن به‌ عه‌ره‌بستانی سعودییه‌و ، ده‌ستێوه‌ردانی له‌ خاكی كوردستان و، به‌ پشتبه‌ستن به‌ هاشه‌وهوشه‌ی باڵیۆزو قونسڵ و راگه‌یاندنه‌كانی ئه‌و وڵاته‌، ده‌ستیانداوه‌ته‌ نووسین و، بانگه‌شه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ئه‌كه‌ن.
پێگەی عەرەبستانی سعودیە لە ناوچەكەو جیهانیشدا زۆر گرنگه‌و، وڵاتێكی دوواكه‌وتوو داخراوه‌و، به‌ڵام به‌ هۆی نه‌وت فرۆشتن بووه‌ته‌ وڵاتێكی ده‌وڵه‌مه‌ندو پێگەی به‌ناوبانگه‌ له‌ ‌ خه‌رجكردن وبه‌خشینی دۆلارو له‌ ئێستادا بۆ وڵاتانی شۆڤه‌نیست وتاقمه‌ توندره‌وو تیرۆریسته‌كان بۆ نموونه‌ توركیاو حه‌ماس و ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ( داعش) و ئه‌حرار ئه‌لشام و به‌ره‌ی نوسره‌ ( فتح الشام) و ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ی ئیسته‌نبوڵ و پێشتریش بۆ تاقمی قاعیده‌ی خوێنرێژو ئوسامه‌ بن لادن و تالێبانی ئه‌فغانستان و بزوتنه‌وه‌ ئیسلامییه‌ ره‌نگاوره‌نگه‌كان سەلەفی و وهابی و جیهادی و هتد….
دزین وفرۆشتنی نه‌وت و گه‌نده‌ڵی بنه‌ماڵه‌ی ئال سعود كه‌ خۆیان كردووه‌ به‌ خاوه‌نی گشت خاك و سه‌رمایه‌و نه‌وت و ده‌سه‌ڵات و، هه‌رچی پۆستی شایسته‌ هه‌یه‌ وه‌ك : سه‌رۆك وه‌زیران و، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌و ناوخۆو وبه‌رگری و، ئاژانسی ئه‌من و ئاسایش له‌و په‌ری گه‌نده‌ڵیدایه‌و، زوربه‌ی گه‌نده‌ڵییه‌كان له‌ بواری نه‌وتدا به‌دی ئه‌‌كرێن كه‌ یه‌ك له‌ سه‌ر چواری نه‌وتی دونیایه‌و له‌ ژێر ركێفی بنه‌ ماڵه‌ی شا سه‌لمانی خه‌ڵه‌فاو نه‌زانه‌.
‌ئه‌توانین بڵێن ئه‌م بنه‌ماڵه‌ گه‌نده‌ڵه سه‌رپه‌رشتی كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كان ئه‌كات و،‌ بووه‌‌ته‌ پاسه‌وانی به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری ئه‌مریكاو وڵاتانی رۆژئاواو،‌ گه‌ڵی عه‌ره‌بستانی سعودی له‌ زۆر رووه‌وه‌ فه‌رامۆش كراوه‌و، نه‌وته‌كه‌یان له‌ خزمه‌تی بێگانه‌یه‌و بووه‌ته‌ به‌ڵا به‌سه‌ریانه‌وه‌‌.
هه‌ندێ له‌ نووسه‌ران دڵخۆشن كاتێك راوێژکاری شای پێشووی سعودییە (ئه‌نوه‌ر عیشقی) باس لە مافی سەربەخۆیی کوردستان ئه‌كات و، وه‌ك رێوییه‌كی فێڵبازو له‌ ژێرلێوه‌وه‌ ئه‌ڵێت: پشتیوانی لەسەربەخۆیی کوردستان ئه‌كه‌ین و، هه‌ر زوو خۆی به‌درۆ ئه‌خاته‌وه‌و ئه‌ڵێت : ئێمە لەسیاسەتی دەرەوە باس لە یەکپارچەیی خاکی عێراق ئه‌کەین و، لێره‌دا پێویسته‌ ئه‌و نووسه‌رانه‌ هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك بكه‌ن و بزانن كه‌ وڵاتێكی عه‌ره‌بی كۆنه‌په‌رست وه‌ك عه‌ره‌بستانی سعودی قه‌ت له‌ گه‌ڵ مافێكی ره‌وای گه‌له‌مان یه‌كناگرنه‌وه‌.
عه‌ره‌بستانی سعودی له‌ ژێر دروشمی ئیسلام و، ئاڵای ئه‌ڵلاهو ئه‌كبه‌ر بزوتنه‌وه‌ توندره‌وه‌كان بڵاو ئه‌كاته‌وه‌و، ره‌خنه‌ له‌ هه‌ڵوێستی وڵاتانی رۆژئاوا به‌گشتی و، ئه‌مریكا به‌ تایبه‌تی ئه‌گرێت و، له‌م باره‌یه‌وه‌ هێلاری كلێنتۆن پاڵێوراوی دیموكراته‌كان بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا له‌ وتارێكدا وتی: كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ به‌ر له‌ سعودییه‌كان و قه‌ته‌رییه‌كان و كوێتییه‌كان و، كه‌سانی تر له‌ وڵاته‌كانیان بگێرێت بۆ ئه‌وه‌ی چیتر پاره‌ نه‌ده‌ن به‌ رێكخراوه‌كانی توندوتیژی و، پشتگیری له‌ قوتابخانه‌و مزگه‌وته‌كانی توندوتیژی نه‌كه‌ن، كه‌ پاڵ به‌ ژماره‌یه‌كی گه‌وره‌ی گه‌نجان ئه‌دات له‌ سه‌ر رێی توندوتیژی له‌ جیهاندا خۆیان بنوێنن.
له‌ شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو عه‌ره‌بستانی سعودییه‌ كه‌وته‌ یارمه‌تیدانی توندره‌وه‌كان دژ به‌ بیروباوه‌ری جه‌مال عه‌بدولناصر و ئایدلوژیای سۆسیالیوم و شیوعییه‌ت و، سعودییه‌كان وتوویانه‌و ئێستاش ئه‌یڵێنه‌وه‌: ئیسلامێتی رێگایه‌كی به‌سووده‌ گه‌ر بته‌وێت له‌ بوارێكی فراواندا به‌كاری بێنێت و، لێره‌دا شایانی باسه‌ سه‌رۆكی ئه‌مریكا باراك ئۆباما له‌ چاوپێكه‌وتنێكی رۆژنامه‌وانیدا راشكاوانه‌ وتی: عه‌ره‌بستانی سعودی به‌ ئاشكرا توندوتیژی له‌ جیهاندا بڵاو ئه‌كاته‌وه‌و، رووی ئیسلام ناشیرین ئه‌كات.
عه‌ره‌بستانی سعودییه‌ به‌وه‌ ناوه‌ستێت ته‌نها خه‌رجی توندره‌و تیرۆریستان دابین بكات، به‌ڵكو ئه‌م بیره‌ توندره‌وه ( وهابییه‌)‌ له‌ رێی مزگه‌وت و قوتابخانه‌كانی جیهان بڵاو ئه‌كاته‌وه‌و. بۆیه‌ لاپه‌ره‌ی وڵاتی عه‌ره‌بستانی سعودییه‌ له‌ بواری مافه‌كانی مرۆڤ پره‌ له‌ كاره‌سات و، بێ وێنه‌یه‌ له‌ جیهاندا وه‌ك: سه‌رپه‌راندن و، بێبه‌شكردنی ئافره‌تان له‌ هه‌موو مافه‌كانی.
له‌ رووی جوگرافیاوه‌ عه‌ره‌بستانی سعودییه‌ نزیكه‌ له‌ ته‌نگه‌ی هورمزو ته‌نگه‌ی باب ئه‌لمه‌نده‌ب و كه‌نالی سوئیس و، ئه‌م شوێنه‌ زۆر گرنگه‌ بۆ ئه‌مریكا كه‌ هه‌میشه‌ له‌ هه‌وڵی زامنكردنی رێگای گواستنه‌وه‌ی نه‌وته‌و ، له‌ ساڵانی پێشوودا رێگابرین له‌وه‌ی بیرو نفوزی شیوعییه‌ت په‌ره‌بسێنێت و، هاوكات عه‌ره‌بستانی سعودییه‌ بوو بوو به‌ بنكه‌یه‌كی ئابووری ئه‌مریكاو، شان به‌ شانی ئێران كه‌ بنكه‌ی سه‌ربازی ئه‌مریكا بوو.
ئه‌و قۆناغه‌، قۆناغی ئاڵتونی ئه‌مریكا بوو، چونكه‌ عه‌ره‌بستانی سعودییه‌ له‌ گه‌ڵ ئێران هاوپه‌یمان بوون بۆ به‌ربه‌ره‌كانی شیوعییه‌ت و، له‌ پاش شۆرشه‌كه‌ی میسرو هاتنی جه‌مال عه‌بدولناصرو، بڵاوبوونه‌وه‌ی بیری نه‌ته‌وایه‌تی عه‌ره‌ب، میسر بوو به‌ ركابه‌ری به‌هێزی عه‌ره‌بستانی سعودییه.
سامر ئەلسەهبان باڵیۆزی عه‌ره‌بستانی سعودییه‌ له‌ عێراق لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی الشرق الاوسط پشتگیریی تیرۆریستە سعوودییە زیندانیکراوەکانی ناو عێراقی کردو، داوای لە حکومەتی عێراق ئه‌کات ئەو تیرۆریستە سعوودییانەی لە بەندیخانەکانی عێراقدان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دادگایی بکرێن و، هەروەها لە بەشێکی تری گفتوگۆکەیدا داوا ئه‌کات مافی مرۆڤ بۆ ئەو تیرۆریستە زیندانیکراوانە پارێزراو بێ.
رێكخراوی هومان رایتس ره‌خنه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی پیاوان بۆ سه‌ر ژنان ئه‌گرێت و، تا ئێستا ژنان مافیان پارێزراونییه‌ و، هیچ ژنێك به‌بێ فه‌رمانی پیاوه‌كه‌ی ناتوانێت گه‌شتێك بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بكات یان له‌ جێگایه‌ك ئیش بدۆزێته‌و كار بكات و، ئافره‌تێك له‌ ته‌مه‌نی 62 ساڵ ئه‌ڵێت هه‌ست به‌ شه‌رمه‌زاری ئه‌كه‌م چونكه‌ به‌بێ مۆڵه‌تی كوره‌كه‌م ناتوانم بچمه‌ ده‌ره‌وه‌، من ئه‌وم گه‌وره‌ كرد به‌ڵام ئه‌و خاوه‌نی منه‌.
رێبازی عه‌ره‌بستانی سعودییه‌ به‌ پێی “” ده‌سته‌ی گه‌وره زانایان “” له‌ سه‌ر شه‌ریعه‌تی ئیسلامه‌و، هه‌موو مافێكی ده‌ستبه‌ركردووه‌وه‌و، بنچینه‌كانی دادپه‌روه‌ری و ئازادییه‌كانی چه‌سپاندووه‌و، له‌م رووه‌وه‌ ئه‌مینداری گشتی ده‌سته‌ی‌ زانایان شیخ فه‌هد سه‌عد ئه‌لماجد ئه‌ڵێت: شانشینی عه‌ره‌بستانی سعودییه‌ وڵاتی هه‌ردوو ( حه‌ره‌می شه‌ریفه‌) و لانكی په‌یام و ده‌ستپێكی ئیسلامه‌و مافی مرۆڤ و كه‌رامه‌تی ئه‌پارێزێت.
بۆ وه‌ڵامی ئه‌و “” گه‌وره‌ زانایانه‌ “” درۆزنانه رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ و ئه‌وانه‌ی به‌رگری له‌ ئازادییه‌كان ئه‌كه‌ن ئه‌ڵێن: عه‌ره‌بستانی سعودییه‌ پێشه‌نگه‌ له‌ پێشێلكردنی‌ مافی مرۆڤ و ئازادییه‌كان و، ئه‌مه‌ راستییه‌كی حاشاهه‌ڵنگره‌و، هه‌ر له‌ مێژه‌وه‌ له‌ ساڵی 1927 وه‌ له‌ سه‌ر ده‌ستی شا عه‌بدولعه‌زیز تا ئێستا په‌یره‌و ئه‌كرێت و، ئه‌م وڵاته‌ خۆی له‌ قه‌ره‌ی 30 ملیۆن كه‌س ئه‌دات ‌و، ساڵانه‌ 600 ملیار دۆلار ئه‌چێته‌ سه‌ر گه‌نجینه‌ی وڵات، به‌ڵام خه‌ڵكێكی زۆر هه‌ژارو برسی به‌دی ئه‌كرێن.
هیچ كاتێك شا به‌ ته‌نگی هاوڵاتیان نایه‌ت و، ته‌نها بۆ بنه‌ماڵه‌ كار ئه‌كات و، هه‌رچه‌نده‌ باس له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دوور له‌ گه‌نده‌ڵی و ده‌مارگیری ئه‌كرێت، به‌ڵام عه‌ره‌بستلنی سعودییه‌ بووه‌ته‌ وڵاتێكی دوواكه‌وتوو، باری ئاسایشی به‌ره‌و خه‌راپه‌ مل ئه‌نێت و، تاقمێك خۆیان كردووه‌ به‌ زاناو موفتی و، ئه‌م موفتییانه‌ به‌ ئاره‌زووی شاو بنه‌ماڵه‌ی شا فتوای – ده‌ستبرین و، چاو هه‌ڵكۆڵین و ده‌ركردن و، لێدانی جه‌ڵده‌ (هه‌ر مرۆڤێك تاوانبار بكرێت) به‌ كرده‌وه‌یه‌ك جه‌سته‌ی ئه‌خه‌نه‌ به‌ر لێدانی قایش و سونده‌ (ئه‌وه‌ش موفتی بریار ئه‌دات چه‌ند جه‌ڵده‌ی لێ بدرێت).
به‌ پێی رێكخراوی فریدۆم Freedom House كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌رباره‌ی دیموكراتییه‌ت و ئازادی سیاسی عه‌ره‌بستانی سعودییه‌و توركیا له‌ ریزی خراپترین وڵاتانی جیهانن، له‌ پێشێلكردن و سه‌ركوتكردنی ماف و ئازادییه‌كانی مرۆڤ و، كه‌س ناتوانێت ده‌نگ به‌رز بكاته‌وه‌ یه‌كسه‌ر راپێچی ئه‌كه‌ن وله‌ پاش سوكایه‌تی و لێدان تووری ئه‌ده‌نه‌ زیندانه‌وه‌.
چالاكه‌وان و ئافره‌تانی ئه‌كتیڤ له‌ به‌رگری له‌ مافی ژنان، ئاماژه‌ به‌وه‌ ئه‌كه‌ن رژێمی عه‌ره‌بستانی سعودییه‌ دوواكه‌وتووه‌و، ئافره‌ت هیچ ئازادییه‌كی نییه‌و، ئه‌م وڵاته‌ یه‌كه‌مێن وڵاته‌ ئافره‌ت بۆی نییه‌ ئۆتۆمبێل واژو بكات.
له‌ناو بنه‌ماڵه‌ی شا سه‌لمان باڵ باڵێنه‌و زورانێك له‌ نێوانیاندا به‌رێوه‌ ئه‌چێت و، ئه‌مریكا چاودێری ئه‌و بارودۆخه‌ ئه‌كات و، وایداناوه‌ به‌م زووانه‌ شازاده‌ محه‌مه‌د سه‌لمان ئه‌بێته‌ شای عه‌ره‌بستانی سعودی چونكه‌ شا سه‌لمان و، جێگره‌كه‌ی شازاده‌ محه‌مه‌د نایف نه‌خۆشن و توانایان نه‌ماوه‌و، بۆیه‌ ئه‌مریكا بانگهێشتی محه‌مه‌د سه‌لمانیان كردو سه‌ردانی ئه‌مریكای كرد له‌ پێناو ناسینی له‌ نزیكه‌وه‌و، ورده‌كاری و زانیاری له‌ سه‌ر ژیانی.
له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا زۆرانی ئێران و شیعه‌كان و، عه‌ره‌بستانی سعودییه‌و سوننه‌كان ئه‌بێنێن و، هه‌ردوولا ئه‌یانه‌وێت له‌ كوردستان نزیك ببنه‌وه‌و، كوردستان راپێچی جه‌نگ بكه‌ن، بۆیه‌ پێویسته‌ ئێمه‌و، ئه‌و نووسه‌ره‌ به‌رێزانه‌ بانگه‌شه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ئه‌كه‌ن له‌ گه‌ڵ گه‌له ‌قاره‌مانه‌كه‌مان و پێشمه‌رگه‌ ئازاو خۆراگره‌كانی سه‌نگه‌ر دژ به‌ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ( داعش) ‌داوا بكه‌ین له‌ ئاگری ئێران و عه‌ره‌بستانی سعودییه‌ دوور بكه‌وینه‌وه‌و، قه‌ت دڵخۆش نه‌بێن وڵاتێكی كۆنه‌په‌رست و دوواكه‌وتوو سه‌ربه‌خۆیی بێنێته‌دی.‌

28/9/2016

Previous
Next

Leave a Reply